A+    A-
(693) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى ژیژەک):

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

زێدەچێژ(ژویسانس)[1]

گلین دالی

 

 

 

 

  ژویسانس، یان زێدەچێژ(enjoyment)، هەروا بەسادەیی یەکسان نیە بە چێژ(pleasure). زێدەچێژ، بە مانا فرۆیدییەکەی، دەکەوێتە ئەودیو پرەنسیپی چێژەوە. فرۆید، لە پڕاکتیکە کلینیکییەکانیدا، درکی بەوە کردبوو هەندێک لە نەخۆشەکان ئازاری خۆیان دەدەن و ناچارانە ئەزموونە تراومایی و ناخۆشەکانیان دووبارەدەکەنەوە. ئەم دیاردە پارادۆکسیکاڵەی بەدەستهێنانی جۆرێک لە تێربوون، یان چێژ لە ئازارەوە، هەمان ئەو شتەیە لاکان پێی‌دەڵێت ژویسانس. گەر چێژ بەدەستهێنانی باڵانس و هاوسەنگی بێت، و لێیەوە بە هەندێک ئامانج بگەیت، ئەوا زێدەچێژ(ژویسانس) جۆرێک لە هەڵوەشاندنەوەی تێدایە و ڕووەو زیادەیەک ملدەنێت. دەشێت بڵێین زێدەچێژ وزەیەکی ئەلەکتریکییە، کە نەک تەنیا سوبێکت دەبزوێنێت، بەڵکو هەڕەشەی وێرانکردنیشی لێ دەکات. بەم مانایە، دەکارین بێژین زێدەچێژ هەم لەپێش پانتایی ڕەمزییەوەیە و هەم لەودیویەوەیەتی؛ پاڵ بە ڕەمزییەوە دەنێت، بەڵام قەت بەتەواوی ناگیرێت. گەر جەستەی دڕندەکەی فرانکشتاین بونیادێکی ڕەمزیی ئاشکرا بێت، ئەوا هەورەبرووسکەکە جەوهەری جاوی زێدەچێژە، کە ڕەنگدەرەوەی خەسڵەتی سەرەتایی وەسوەسە و پاڵنەرە مرۆییەکانە.

  بە دیدی لاکان، ژویسانس لە دۆخی ڕیاڵدایە و تاکە "جەوهەر"ە دەروونشیکاری ناسیبێتییەوە. بێگومان، ئامانجی سەرەکیی دەروونشیکاری دەرخستنی هەستی "گوناهـ"ـی نەخۆشەکان نیە، بەڵکو درککردنە بە زێدەچێژە لادەرەکەیان: فۆرمە زیاڕەوەکانی هەستی گوناهـ، کە مۆدێکی تایبەت و سەمپتۆماتیکی ژویسانسن، ڕیشەیان لە ڕیاڵدایە. هەر لەبەر ئەمەیە لاکان سوپەرئیگۆ-بریکاری ناوەکیی هەستی گوناهـ، کە بەردەوام هەستی نوقسانی درووستدەکات و داوای مەحاڵ لە سوبێکت دەکات- وەک فەرمانێکی بنەڕەتی دەبینێت: "چێژ وەرگرە!"(لاکان، سیمیناری بیستەم: ٣).

  هەرچەندە ژویسانس "جەوهەر"ێکی ناگوتارمەندە(non-discursive)، بەڵام سەربەخۆیی، یان پۆزەتیڤیتەیەک وەرناگرێت. "ژویسانس شتێکە تەنیا ئەو سنورە ئاڕاستەی دەکات، کە پرەنسیپی چێژ سەپاندوویەتی"(سیمیناری حەڤدەیەم: ٤٦). ژویسانس لەودیو ئەم سنورەوە ئیشدەکات- واتە ئەو شتەیە پانتایی قەدەغە و/یان زیادە قێزەونەکان دیاریدەکات. گەر لە گۆشەیەکی ترەوە لێی نزیکبینەوە، ئەوا ژویسانس زیادەی چەپاندنە؛ بەبێ ئەم چەپاندنە، ژویسانسێک بوونی نابێت(کەمتر لە هیچ: ٣٠٨). هەر لەبەر ئەمەیە ژویسانس ڕاستەوخۆ ناکرێتەئامانج، یان ناگیرێت(وێڕای تەماحی ژویسانسی سیاسی و بەرجەستبوونە هەمەڕەنگەکانی). لە هەمان کاتدا، ژویسانس ڕاستەوخۆ وەدەرنانرێت. ژویسانس شتێکە مستەمڕ بە سوبێکتەوە نووساوە.

  فیلمی "حەوت"ـی دەیڤد فینچەر، ڕوونکەرەوەی دینامیکییەتی ژویسانسە. دوو لێکۆڵەر، میڵز و سەمەرسێت، دەستدەکەن بە لێکۆڵینەوە لە زنجیرەیەک تاوانی کوشتنی دڕندانە، کە جۆن دۆو وەک "وتار"ی حەوت گوناهـ(تاوان)ـە کوشندەکە ئەنجامیداون. قوربانییەکانی دەستی دۆو، بەرمەبنای بەرجەستەکردنی زیادەیەکی گوناهبارانە هەڵبژێراون، و بە شێوەیەکی سادیستانە کوژراون. ئەو لەبەر ئەوە قوربانییەکان ناکوژێت، کە لە یاسا لایداوە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ناتوانن یەکێتییەکی خەیاڵی، ئیگۆ-ئایدیاڵێکی جێگیر و کۆمەڵگەیەکی لەخواترس پێکبێنن. لێرەدا دەتوانین بڵێین دۆو مانیفێستبوونی سوپەرئیگۆیە، کە لەودیو یاساوە بەناوی یاساوە ئەکت دەنوێنێت و شکستەکانی خۆی پڕدەکاتەوە(دەتوانین شتێکی هاوشێوە دەربارەی باتمان و سوپەر(ئیگۆ)هیرۆکانی تریش بڵێین).

  لانیکەم لەم فیلمەدا دوو دیدی دووربینانە هەن. یەکەمیان خەسڵەتی ناوەکیی ژویسانسە: هەتا دۆو لەپێناو ئامانجەکەیدا پتر دەست لە چێژە دنیاییەکان هەڵگرێت، ئەوا پتر ژویسانس-لە-دەستهەڵگرتندا دەبینین. ئەوەی دۆو هەوڵدەدات بیشارێتەوە، ئەو زێدەچێژ(ژویسانس)ـەیە کە لە خۆبەقوربانیکردن و بەجێگەیاندنی ستۆییکانەی ئەرکەکەیدا وەریدەگرێت. زێدەچێژی وی، تەنێ چێژ و تێربوونێکی ڕاستەوخۆ نیە لە توندوتیژی، بەڵکو تێربوون و چێژێکی قێزەونە لە کوشتن/ئەشکەنجەی ئاڵۆز و ڕێکخراوەوە، وەک بەشێک لە کارێکی پیرۆز، کە خودا فەرمانی پێ کردووە. لەڕاستییدا دۆو لادەرێکی کلاسیکە، وا دەکۆشێت زێدەچێژەکەی لەپشت ئەو ئەرکە ناچارییەوە داشارێت، کە هەستیپێدەکات. بە دەربڕینێکی تر، دۆو بیانووە کلاسیکەکە دەهێنێتەوە: "من بۆ چێژ لەوێ نەبووم، بەڵکو ئەرکەکەم ڕادەپەڕاند". ئەمە هەمان ئەو پنتەشە تێیدا ژیژەک لە دژی هانا ئارێنت و ئەنجامگیرییەکەی وێ دەرهەق بە سرووشتی ڕۆتینیی قڕکردنی جووەکان وەک "پووچێتیی خراپە"، دەوەستێتەوە. واتە، ئەوەی ئارێنت لەکیسیدەچێت، ئەو شێوەیەیە، کە تێیدا خودی بەبیرۆکراتکردن دەبێتە "سەرچاوەی ژویسانسێکی زیادە[2]"(تاعوونی فەنتازیاکان: ٥٥)؛ تێربوونێکی زیادە لە ئەنجامدانی ئەشکەنجە و سووککردنی ڕۆژانەوە بەدەستدێت، ئەویش لە بەرگی "ئەرکی ناشەخسی"ـی کانتیدا، و وەک ئامڕازێکی ویست و ئارەزووی ئەویتر(یاسا/دەوڵەت/ئەرکی گشتی-یونیڤێرساڵ و هتد). جەوهەری ئەم پرسە پووچێتیی خراپە نیە، بەڵکو ئەو خراپە/زیادە/ژویسانسەیە، کە لە خودی پووچیتییەکەدایە و هەر لەوێدا پەرەی پێ دەدرێت.

  دووەمیان، ئەو شێوەیەیە کە دۆو خۆی دەئاخنێتە ناو وتارەکەوە. لە کۆتایی فیلمەکەدا، میڵز دەزانێت کێ ژنەکەی کووشتووە(سەرە لێکراوەکەی، کە لە بۆکسێکدا بۆیان ناردبوو)، و دەرەنجام هەست بە تووڕەییەکی زۆر دەکات: دواتر و بەهۆی تووڕەییەکەیەوە، دۆو دەکووژێت. پێش ئەو ڕووداوە، دۆو دان بەوەدا دەنێت، کە ئیرەیی بە میڵز و ژیانی هاوسەرگیریی وی بردووە. بە دەرخستن و نیشاندانی ئەم زیادەیە، دۆو خۆی دەخاتەبەر مردن و چێژ لە مەرگ دەبینێت- ئاوهاش بازنەکە تەواودەکات.

  لە گۆشەیەکی لاکانییەوە، ئەمە ناودەرەکێتیی ژویسانس دەردەخات. ناودەرەکێتی(extimacy)، وشەیەکی دووڕەگە، کە هەردوو وشەی دەرەکێتی و ناوەکێتی پێکدەگەیەنێت. ئەمە بۆ لاکان ئاماژەیە بە "شتێک کە نامۆیە پێم، هەرچەندە لە هەناویشمدایە"(سیمیناری حەوتەم: ٧١). هەر لە دێڕانەوە ژاک ئالان میلەر دەڵێت "ڕق لە ژویسانسی ئەویتر، ڕقە لە ژویسانسی خۆم"(میلەر: ٢٠٠٨). وێنەی ژویسانسی ئەویتر زۆر ناچارکەرە، چونکە دەلالەتە لە "ئەو شتەی لە ئێمەدایە و لە ئێمەش زیاترە"ـی لاکان. بەم مانایە، ئەویتر ئەو کەسەیە کە بەرجەستەبوون بە زیادەی چێژ دەبەخشێت، کە لە هەناوماندایە و نایەڵێت جێگیر ببین. ئەوەی ژویسانس دەلالەتی لێ دەکات جیاوازیی تەحەمولنەکراوی ئەویتر نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هاوشێوەیی تەحەمولنەکراوی ئەویترە- واتە، (مانای دەرهاوێژراوی) ژویسانسی ئەویتر، وا دەکات سوبێکت زیادلەڕادە لە زیادە شێوێنەرەکانی خۆی نزیکببێتەوە.

  لەم سیاقەدا، گەرەکە دانپێدانانەکەی دۆو، وەک شتێکی ساختە بخوێنینەوە. تاوانە ڕاستەقینەکەی ئەو ئیرەیی نیە، بەڵکو نکۆڵییە. ئەوەی ئەو نکۆڵیی لێ دەکات ئەوەیە، کە ئابوریی ڕاستیی سزاکانی، لە ژویسانسەوە داڕێژراون. دانپێدانانەکەی وەک جۆرێک لە بەردەوامیدان بەم ئابورییە کاردەکات، ئەویش لە مەودایەکی دوورەوە، تاکو خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زیادەی تراوماییدا بپارێزێت. بەهۆى بەقوریانیکردنی خۆیەوە، دەتوانێت خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم جۆرە ژویسانسەدا لابدات- ئەمە پێچەوانەی ئەو شتەیە لاکان پێی‌دەڵێت ئەکت. هەمان لۆژیک لە دیاردەی دزەنیگا(چاوباشقاڵی-stalking)دا دەبینینەوە. ئەو کەسەی دزەنیگا دەکات، زێدەهاوشوناسییەکی لەگەڵ ئۆبێکتی ئارەزوویدا(عادەتەن کەسە ناسراوەکان-سێلیبریتی) بۆ درووستدەبێت، و بەم شێوەیە نزیکایەتییەکی تەحەمولنەکراوی لەگەڵ زیادەدا بۆ درووستدەبێت(دڵەڕاوکێیەک، کە ئابوریی وەسواس دەیخوڵقێنێت)، دواتر هەوڵدەدات ئەمە لەڕێی پچڕاندن[ـی هاوشوناسییەکەوە] چارەسەربکات- ئیتر یان خۆی دەکووژێت، یان هێرشدەکاتە سەر ئۆبێکتە وەسوەسەخوڵقێنەکەی و هتد.

  ئایدۆلۆژیا توانستی خۆی لە توانستی قۆستنەوەی ئابوریی ژویسانسەوە وەردەگرێت. نەزمی کۆمەڵایەتی لەڕێی میکانیزمی چەپاندنەوە، پشتی خۆی بە دەستهەڵگرتن، یان لەدەستچوونی ژویسانس قایم‌دەکات. بەڵام وەک لاکانیش ئاماژەی پێ دەدات، ئەم ژویسانسە شتێک نیە پێشتر خاوەنی بووبین؛ زیادەیەکی پلەدووی خودی چەپاندنی کۆمەڵایەتییە. "ئەوەی ئایدۆلۆژیا تێیدا سەرکەوتووە، ئەوەیە کە، ئەم هەستی لەدەستچوونی ژویسانسە وەردەگێڕێتە سەر دزینی ژویسانس"(میلەر: ٢٠٠٨). لە گۆشەنیگایەکی ڕەگەزپەرستانەوە، کۆچبەر ئەو کەسەیە، کە کۆمەڵێک فۆرمی لادەری ژویسانسی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە(ئەوان کۆمەڵێک تەمەڵ و پاتاڵن، کە لەسەر حسێبی قازانجی دەوڵەتی "مە" دەژیین و زۆر بەجددی کاردەکەن، تاکو کار و پیشەکانی "مە" بدزن و هتد)، و ئا بەو جۆرە ژویسانسی مە("شێوەژیانمان") دەدزن و تێکیدەدەن. جا کەواتە، "ئەوەی ئێمە لەڕێی تۆمەتبارکردنی ئەویتر بە دزینی ژویسانسەکەمان دەیشارینەوە، ئەوەیە کە، ئێمە هەرگیز خاوەنی ئەو شتە نەبووین گوایە لێمان دزراوە"(هەڵکردن لەگەڵ نێگەتیڤدا: ٢٠٣).

  لە هەمان کاتدا، ئایدۆلۆژیا "بەرتیل" بە سوبێکت دەدات، تاکو چەپاندن/دەستهەڵگرتنەکە قبووڵبکات، ئەویش لەڕێی دەستپیاگەیشتنێکی بڵندکراوەی ژویسانسەوە- واتە، چێژێکی تر، کە لەڕێی دەستهەڵگرتن لە خودی ژویسانسەوە دەستماندەکەوێت(ه.س.پ: ٣٠٨-٩). بۆنمونە، ئەوەی لە فاشیزمدا ڕوونە و مانیفێست بووە، ئەو ڕێگەیەیە سوبێکت لێیەوە ژویسانسێک لەڕێی ئەکتی خۆبەقوربانیکردنەوە وەردەگرێت(دەستهەڵگرتن لە چێژی شەخسی)، بێگومان لەژێر ناوی ڕاپەڕاندنی ئەرک لەپیناو نیشتیماندا. لەمڕۆدا و لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ڕۆژئاوادا-چارەنوسگەرایی سەرمایەداری("ئابوری ئەوەیە کە هەیە") لەپاڵ چێژی تایبەتیدا- سوبێکت بە شێوەیەکی جیاوازتر بەرتیلی پێ دەدرێت. ئایدۆلۆژیا چیتر دیدێکی یۆتۆپی و کۆمەڵێک ئەرکی دیاریکراوی نیە. ئایدۆلۆژیای هاوچەرخ پێکدێت لە، داواکردن بۆ گۆڕان بەرەو مەحاڵێتی("فەنتازیای ئایدۆلۆژی"). ئەوەی ئایدۆلۆژیا بە سوبێکتی دەبەخشێت، فەنتازیای گۆڕانە(ئازادیی هەڵبژاردن، هەل و هتد)، ئەویش ڕێک لەبەر ئەوەی هیچ گۆڕانێکی ڕاستەقینە(ڕیاڵئاسا) ڕوونەدات. گۆڕان وەک بەئەبستراکتکردنێکی فەنتازی درێژەی پێ دەدرێت، ئەویش تاکو ڕووبەڕووی ترسی لەدەستچوونی تراومایی چێژ نەبینەوە. ئەم جۆرە لە کارکردی ئایدۆلۆژی، لە کۆمەڵێک فیلمی وەک (Bruce Almighty)دا دەبینینەوە، لەوێدا پاڵەوانەکە هەر بەڕاستی دەبێتە خودا، دەتوانێت هەموو شتێک بكات، بەڵام لە دەرەنجامی ئەمەدا جیهانەکەی وێراندەبێت- جا بۆیە دەگەڕێتەوە بۆ فۆرمێک لە بوونی سادەتر و "کامڵتر".

  یەکێک لە وانە گەورەکانی دەروونشیکاری ئەوەیە، لە کاتێکدا ژویسانس وەک ڕیاڵ ئەزمووندەکرێت، کەچی لە کۆتاییدا هەر ترسێکی بەتاڵە، دەرەنجامێکی ئانامۆرفیکی دەورەدانی ڕەمزییە. دژ بە قۆستنەوە ئایدۆلۆژییەکان، گەرەکە ڕچەیەک بدۆزینەوە، تاکو مەعریفەی تراومایی قبووڵبکەین و لەگەڵیدا بژیین. بە دووبارەکردنەوەی دەربڕینە مارکسییە دێرینەکە، کاتێک پرسەکە دێتەسەر ژویسانس، ئەوا هیچمان نیە لەدەستیبدەین وەهمی لەدەستچوون نەبێت.

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

 

ئیتیک

جەیمس پێنی

 

 

 

 

 

کووشتن لەپێناو ڕەحم و بەزەییدا: ئیتیکی ژیژەکی و دۆزەکەی لاتیمەر

 ڕۆبەرت لاتیمەر جووتیارێکی کەنەدییە، کە تۆمەتبارکراوە بە کووشتنی پلەدووی[3] کچە پەککەوەتەکەی. دۆزەکەی وی، دەبێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ ئەوەی ئیتیکی لاکانیی ژیژەک کنەبکەین. ترەیسیی کچی لاتیمەر، لە کاتی لەدایکبوونیدا، وای لێهات ئۆکسجینی بۆ نەدەچوو، ئیتر تووشی ئیفلیجیی مێشکی کرد. پزیشکەکان وایان دانابوو، کە بتوانێت بۆ ماوەی چوار تا پێنج مانگ بژیێت؛ و لە ماوەی مناڵیدا، نە دەیتوانی بجووڵێت، نە قسەبکات و بە دەستی خۆی نان بخوات. وێڕای ئەم بێتواناییەی، ترەیسی خرۆشان و زەردەخەنە بە دەموچاوییەوە دەردەکەوتن. پرسیارێکی چکۆلە هەیە وا بکات ئازارەکەی ترەیسی ڕەچاوبکەین؛ لە دانیشتنی دووەمی دادگاییەکەی لاتیمەردا، دادوەر وتی بارودۆخەکە هەروا بەردەوام نەدەبوو، و ژیانی تریسیش بەها و کواڵیتیی خۆی هەبووە. بەڵام پزیشکی ئێسکیی ترەیسی بۆچوونێکی جیاوازتری خستەڕوو. ئەوەی بەبیرهێنانەوە لە کاتی ڕاوێژکردندا، دایکی ترەیسی چلۆن ناچاربووە کچەکەی بە شێوەیەکی شەرمەزارکەرانە بگرێتەباوەش، تاکو کچەکەی ئازارنەچێژێت. ئازارەکە بەهۆی ئێسکی سێبەندەیەوە درووستدەبوو، چونکە ئەم ئێسکەی بەهۆی چەماوەیی پشتییەوە، بەیەکجاری لە جێی خۆی دەرچووبوو.

  بڕیاری یەکەمی دادگای باڵا لە ساڵی ١٩٩٧دا ئەوە بوو، کە ئازارچەشتنی ناڕەحەتی ترەیسی شتێکی نکۆڵی‌لێنەکراوە. پزیشکەکەی تریسی وتی، بەبۆنەی چارەسەری دژەشەلەلەوە، پەرستارەکان نەیانتوانیوە جگە لە ئەسیتۆمینۆفین(پاراستۆڵ) هیچ ئازارشکێنێکی تری پێ بدەن. لەپاڵ ئەمەشدا، پزیشکەکان واقیان وڕمابوو و تێنەدەگەیشتن، چونکە هەر دەرمانێکی تریان پێ بدابا، ئەوا زیانی لاوەکی دەبوو؛ بۆنمونە خوێنبەربوونی گەدە، قەبزی و هەوکردنی سییەکان. بڕیاری دووەمی دادگای باڵا لە ٢٠٠١دا، بەتاوانبار‌ناساندنی لاتیمەر بوو؛ لاتیمەر نکۆڵی لەوە دەکرد، کە چارەسەری پزیشکەکانی-کە لە ڕاستیدا نەدەبوونەهۆی درێژکردنەوەی ژیانی- پشتگوێخستبێت. دوای دادگاییەکە، هەردوو لاتیمەر و لاورای خێزانی، جەختیان لەوە دەکردەوە پێدانی دەرمان لەڕێی بۆریی خۆراکەوە و هەر نەشتەرگەرییەکی تر، چارەسەری نامرۆییانەی کچەکەیانن.

  دیارە لاتیمەر لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣دا ئیتر سەبر و ئارامی لێ بڕاوە، واتە ئەودەمەی کچەکەی سێزدەساڵان بوو. پزیشکەکان پێشنیاری چوارەم نەشتەرگەریی گەورەیان کردبوو، کە هەر بە قسەی پزیشکەکان، نە ئازارەکەی ترەیسی کەمدەکردەوە، نە کێشە جەستەییەکانیشی چارەسەردەکرد. لە کاتێکدا هەموو خێزانەکەی لە کڵێسە بوون، لاتیمەر کچەکەی خستەناو بارهەڵگرەکەی و سۆندەیەکی لە بۆری ئەکسۆزەکە بەست، تاکو ناو بەرهەڵگرەکە پڕبکات لە گازی کوشندە. لە سەرەتادا دەیوت ترەیسی بەئارامی لە خەودا مردووە، بەڵام ئەو کاتەی پۆلیسەکان بەڵگەی ئەوەیان خستەبەردەم، کە خوێنی کچەکە پڕیەتی لە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئیتر دانی بەوەدا نا کە کووشتوویەتی. ئێ دیارە لاتیمەر بەئەنقەست کچەکەی کووشتووە. بە درێژایی دادگاییەکە، جەختی لەوە دەکردەوە بۆیە ئەمەی کردووە، چونکە ئەوی خۆشویستووە و ویستوویەتی کۆتایی بە ئازارەکانی بێنێت.

  دادگای باڵای کەنەدا لە کانونی دووەمی ٢٠٠١دا، دادگای پیاچوونەوەی ڕاسپارد، کە لاتیمەر لانیکەم دەساڵ بێ‌کەفارەت زیندانیبکرێت. وێڕای سزاکەی، کەچی لاتیمەر هیچ پەشیمان نەبوو، بەردەوام پێداگریدەکرد، کە کارە ڕاستەکەی ئەنجامداوە. چەند ساڵێک دواتر و دوای ئەوەی لاتیمەر ڕەتیکردەوە پەشیمانی دەربڕێت، دادگاییەکەی ساڵی ٢٠٠٧ـی دواخرا، چونکە دادگا پێیان‌وابوو تاوانبار زۆر کەمتەرخەمە لە بەرامبەر ئەو تاوانەدا، کە کردوویەتی. دوای ئەوەی دەڕۆژ زیندانییەکەی درێژکرایەوە، لە ساڵی ٢٠٠٨دا چوونەوەسەری. لاتیمەر لەو کاتەوە هەر پێداگربووە لەوەی شتە ڕاستەکەی کردووە، بۆ یەک چرکەیش گومانی لە میهرەبانی و دڵسۆزیی خۆی نەکردووە. هەروابێتەوە، لە کەمپەینی نوسینی نامەیەکی بەحەسرەت(نادیپلۆماسی!)دا بۆ دادگا، بەشداربوو. بۆنمونە لەو نامەیەدا بە دادوەران دەڵێت "پیرە قۆڵبڕە سادیستەکان"، کە لە شکستیاندا لە تێگەیشتن لە دۆخی تەندرووستیی کچەکەی، ئیهمال و لووتبەرز و فێڵباز و گەمژە بوون.

  با بگەڕێینەوە بۆ ئیتیک؛ یەکێک لەو شتانەی بە درێژایی کارەکانی ژیژەک لەمەڕ گوتاری لاکان، بە پەرشوبڵاوی ماوەتەوە- واتە وتاری "کانت لەگەڵ ساد"ی لاکان و سەرنجەکانی وی لەمەڕ ئەنتیگۆنای سۆفۆکڵ و تراژیدیای مۆدێرن(واتە، سیانەی کوفۆنتەینی پۆل کلۆدڵ)، و "لەودیو پرەنسیپی چێژەوە"ی فرۆید و فەرمانی "دراوسێکەتت خۆشبوێت"ـی مەسیحییەت. ئەم باسەی ژیژەک، پانتایی ئیتیکی لە شتی "نامرۆڤانە" دانابڕێت. بێگومان، ژیژەک جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هاوکێشە باڵاکەی لاکان "دەست لە ئارەزووت هەڵمەگرە"، گەرەکە لەگەڵ پێناسەیەکی تایبەتی ئارەزوودا بخوێنرێتەوە. سەرەنجام ئارەزووی مرۆیی لەڕێی زیادەیەکی ناوەکییەوە جیادەکرێتەوە، ئەم زیادەیە، نەک تەنیا زیادەی پێویستییە غەریزییەکان و داوای زایەندیی چەشنەکانە، بەڵکو زیادەی هەموو چاکەیەکی ئیتیکی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، دەروونی و ئابورییشە. کەوابێ، پرسی ئیتیکی، سەربەرامبەری زیادەی ناوەکیی مرۆڤایەتییە؛ بە جۆرێک، کە بە هیچ مەرام و مەبەستێکی دیاریکراو لێنابێتەوە.

  هەر بەم مانایە، دەتوانین بە بەکارهێنانی چەمکە گرنگە بادیۆییەکە بڵێین ئارەزوو نەمرە. بە دەربڕینێکی تر، ئارەزوو لەناوەوەڕا سنورەکانی ژیان و پرسی کۆمەڵایەتی دەبەزێنێت. بەڵام ناڕوونییەک لە تێگەیشتن لەوەدا هەیە، کە چۆنچۆنی مرۆڤایەتی لە کارکردە کۆمەڵایەتی و بایۆلۆژییەکانی دەردەچێت. بە دیدی بادیۆ، نەمریی مرۆڤ ئەو قودرەتەیە، کە وا دەکات سوبێکت باوەڕی بە حەقیقەتی ڕووداوە تێپەڕەکان بمێنێت: "ساتە تێپەڕەکانی مێژووی مرۆڤ؛ واتە، ئەو کاتەی مەحاڵێتیی بەرجەستەبوونی ئایدیای ئەبەدی، دەبێتە مومکین"(بادیۆ ٢٠٠١: ١٢). لە بەرامبەردا، تۆنی گوتارە لاکانییەکەی ژیژەک لەمەڕ نامرۆڤانەبوونی ئیتیکیی ئارەزوو، هێندە باڵا(sublime) نیە. لەبەر ڕۆشنایی بیرخستنەوەکانی لاکاندا، لە خۆکووشتنی سین دو کوفۆنتەین لەپێناو ئایدیاڵێکی ئەرستۆکراتیدا، کە مۆدێرنە کورتیکردۆتەوە بۆ بێمانایی، تا چارەنوسی بەدی پاڵەوانە ڤاگنەرییەکە، کە لە بازنەیەکی بێ‌کۆتای خولانەوە لەنێوان گونا‌هـ و ئازاردا گیریخواردبوو، نامرۆڤانەبوون(دڕندەیی-inhumanity) بۆ ژیژەک، چۆنێتییەکی ناڕوونی هەیە. ئەم ناڕوونییە، بەهۆی ئەو شتە ترسناکەوە درووستدەبێت، کە لە بنکڵیشەی بوونی مرۆییدایە. هەموو سوبێکتێک ناچارە بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی لەم شتە بپارێزێت. تا ئێرە، سوبێکت نەستەکییانە دەرگیری کردارێک دەبێت، کە دەیخاتەبن(گەر فەلسەفییانە بیڵێین) کاتەگۆریی ئیستاتیکاوە. لە گۆشەنیگای دەروونشیکاریشەوە، ئەم چالاکییانە، چالاکیی بڵندکردنەوەن.

  ئێستا، کە دۆزەکەی لاتیمەر دەخەینەبەر ڕۆشنایی کایەی ئیتیکیی نامرۆڤانەبوون و نەمری، دۆزەکە گرنگیی خۆی وەردەگرێت. عەشقی ئاشکرای لاتیمەر بۆ کچەکەی، نامرۆڤانەبوونی ئازارەکەی ڕووندەکاتەوە. مەبەستمە بڵێم بارودۆخی ترەیسی، دەلالەتە لەو زیادەیەی بەسەر خودی ژیاندا دەشکێتەوە؛ واتە ئەو توانستەی، کە دەتوانێت هەر سنور یان مانایەکی مرۆیی، مۆراڵی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و سیاسی تێپەڕێنێت و بەردەوامی بە خۆی بدات. لەوەش زیاتر، ئەم کووشتنە لەلایەن لاتیمەرەوە، سرووشتی مەحاڵ و "تاوانبارانە"ی ئەکتی ئیتیکی ڕووندەکاتەوە. بە دەربڕینێکی تر، ئەکتی ئیتیکی هەمیشە ئابڕووبەرانەیە و "هەرگیز" بە ئەنجام ناگات، واتە ئەو شتەیە لە هەر گوتارێکدا وەک شتێکی بیرلێنەکراوە حسێبی بۆ کراوە، یان وەلانراوە.

  با پێداگریی دادگا بەبیر خۆمان بهێنینەوە، ئەوەی دەیانوت ئیللا دەبێت ڕێگەیەکی مرۆڤانە هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئازارەکانی ترەیسیدا. لە گۆشەنیگا لاکانی-ژیژەکییەکەوە، گەرەکە ئەم ئارگۆمێنتە وەک نکۆڵییەک بخوێنینەوە، چونکە ئازارەکانی ترەیسی لەگەڵ ئەو حەقیقەتەدا ڕووبەڕووماندەکاتەوە، کە ژیان پڕیەتی لە ئازار و میحنەتی بەرگەنەگیراو. بێگومان، ژیانی مرۆڤ خاڵییە لە هەر شتێک، کە دەشێت پێی بڵێین شکۆداریی ناوەکی؛ شکۆدارییەک، کە جیادەکرێتەوە لە نەزمی ناسرووشتیی دالەکان. گەرەکە شکۆداری لەڕێی ئەکتی ئیتیکیی دەلالەتکارەوە درووستبکرێت، وەک ئەوەی ئەنتیگۆنا لە ناشتنی براکەیدا کردی. لە ساتی کووشتنەکەدا، پشکنینەکانی ترەیسی پێشنیاری زنجیرەیەک لە نەشتەرگەری و چارەسەریان دەکرد لە داهاتوودا، کە کۆڵێک زیان و ئازاری تریان دەڕسکاند، لە ڕاستیدا لە ئازارە بنەڕەتییەکە ناڕەحەتتر بوون. بەم مانایە، مەعریفەی یاسایی و پزیشکیی هاوچەرخ، لەناو فەنتازیایەکی سادیستیدا گیربوون: درێژکردنەوەی ژیانی ئەویتر تا ئاستێک، کە بەرگەی بوونێکی بۆگەنی پڕ لە ئازار بگرێت. پێداگریی دادگا، لەوەی دەشیا ئازارەکانی ترەیسی لەڕێی پێدانی بەردەوامی سڕکەر لەڕێگەی بۆریی خواردنەوە کەمبکرێنەوە، دەرخەری بێتوانایی گوتاری ئیتیکیی هاوچەرخە لە ناسینەوەی ناوکی تراومایی و نامرۆییمان و مرۆڤایەتی بێ‌پەیوەندیدا.

  وردەوردە تێدەگەین بۆچی ژیژەک پانتایی ئیتیک بە ڕیاڵـی لاکانییەوە پەیوەستدەکاتەوە. گەر ئیتیک لە سرووشتی خۆیدا ڕەمزی بێت، ئەوا ئەو ئەکتەی لێوەی دەڕسکێت، دەشێت بڵێین دەکرێت ببێتە بەرەنجامی بیرکردنەوەی ڕێکوپێکی یونیڤێرساڵی کانتی. بە دیدی کانت، دەبێت ئەکتی ئیتیکی لەگەڵ بنچینەکەیدا یەکبگرێتەوە، واتە دەبێت لە فۆرمێکدا بخرێتەڕوو، کە لە هەموو هەلومەرج و بارودۆخێکدا پیادەبکرێت. گەر تێستێکی زەینی بکەین و بڵێین، ئەگەر دۆزەکەی لاتیمەر بەسەر ستانداردە کانتییەکەدا پیادەبکەین، ئەوا بە چ حیکمەتێک دەگەین؟ تاکەبژاردە ئەمەیە: هەرکات ئازاری کچەکە گەیشتە ئاستێکی تەحەمولنەکراوە، ئەوا گەرەکە باوکەکە بیکووژێت.

  ئا لەم جێیەدا، پێویستە ئاماژە بە دەنگی ناڕەزایەتیی پارێزەرانی مافی پەککەوتەکە بدەین، گرووپێک کە بەڵگە و گەواهییەکانیان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کۆتا بڕیاری دادگای باڵا هەبوو. لە کاتێکدا قوربانییەکە ناتوانێت لەپێناو خۆیدا بێتەدەنگ، ئەی بە چ پێوەرێک ئازارەکانی بپێوین؟ چۆن دڵنیابینەوە لەوەی لاتیمەر بە کووشتنی ئەو مناڵە، خۆپەرستانە ئازارەکانی خۆی سارێژنەکردووە، نەک ئازارە جەستەییەکانی کچەکەی؟ ئایا ئەم ئەکتەی لاتیمەر بە دادوەران ناڵێت ژیانی کەسێک، کە ناتوانێت لەپێناو خۆیدا قسەبکات و بەتەواوی پەکیکەوتووە، بەهایەکی کەمتری هەیە؟ وێناکردنی ئەوەی پانێڵ و بەڕێوبەرە ئیتیکییەکانی ئەمڕۆ تووشی زۆر شتی وا دێن، شتێکی هێندەش قورس نیە. دادگا بڕیارەکەی خۆی بەوە کردە بڕیارێکی ئەقڵانی، کە وتیان لاتیمەر لەوەدا شتکستیهێناوە بەرگری لە بێتاوانی خۆی بکات. هەروابێتەوە وتیشیان شکستیهێناوە لەوەی بتوانێت بیسەلمێنێت کووشتنەکە کووشتنێکی ئاوارتەییە بەپێی یاسای مرۆڤکووشتن، و وا بکات ئاوارتەکە بخرێتەنێو بنەما یاساییەکانەوە.

  دژ بە دادگا، بە ڕۆحی ئیتیکی دەروونشیکارانەی ژیژەکەوە، دەبێت ڕێک پێچەوانەکەی بە درووست بزانین. لە بنەڕەتدا، ئەکتی ئیتیکی ناپێویستە، چونکە هیچ ڕەهەندێکی ئەو دۆخەی ئەکتەکە تێیدا ڕوودەدات، خەسڵەت و هۆکاری ئەکتەکە ڕوونناکاتەوە. ئەکتەکە ڕیترۆئەکتیڤانە هۆکار بۆ خۆی درووستدەکات، جا بۆیە ئەو زاراوانەش دەگرێتەوە خۆی، کە دۆخەکە ڕێکدەخەن، واتە، ئەو چوارچێوەیەی دەشێت لێیەوە لێکیبدەینەوە، یان خوێندنەوەی بۆ بکەین. لەوەش زیاتر، ئەکتەکە هەرگیز ناخرێتەناو چوارچێوەی هاوکێشەیەکی یونیڤێرساڵەوە. ئەکت هەر لە بنەڕەتدا لەناو زاراوە کۆمەڵایەتی-ڕەمزییەکاندا یونیڤێرساڵیزە ناکرێت، هەر خودی ئەکتەکە بەردەوامیی ئەمانە ناهێڵێت و دەپسێنێت. بەم مانایە، لە گۆشەنیگا لاکانییەکەی ژیژەکەوە، مادەم ئەکتەکەی لاتیمەر بە هیچ جۆرێک ناخرێتەناو پرەنسیپێکی یاسایی، یان ئیتیکیی یونیڤێرساڵەوە، ئەوا ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئەکتەکە لە بنەڕەتدا ئیتیکییە.

   

  

 

 

 

 

 


[1] Enjoyment(jouissance)

[2] Additional

[3] Second-degree murder