A+    A-
(878) جار خوێندراوەتەوە

نیچە و نیهیلیزمی ئەخلاقی

 

 

 

 

 

ویلیام لارج

و: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

 

 

لە کەلتوری عەوامدا، زۆرجار ناوی نیچەی فەیلەسووف دەبەسترێتەوە بە نیهیلیزمی ئەخلاقییەوە[1]. دەشێت نیهیلیزم وەک غیابی بەها باڵاکان پێناسەبکەین. هاوزەمان نیهیلیزمی ئەخلاقی گرێدراوە بە ڕێژەگەرایی ئەخلاقییەوە[2]. ڕێژەگەرایی ئەخلاقی، باوەڕبوونە بەوەی هەموو بەهاکان _ چونکە هیچ بەهایەکی باڵا بوونی نییە_ تەنها پێشخستنی شەخسیین. بەشێوەیەکی ئایرۆنی، ئەمە هەمان ئەو ڕوانگە ئەخلاقییەیە وا نیچە ڕەخنەی لێ دەگرێت. لەبری ئەوەی نیهیلیست بێت، دژی نیهیلیزمە. نیهیلیزم دەستنیشانکردنی شیبوونەوە و نەخۆشکەوتنی کەلتوری ڕۆژئاواییە، نە خواستی نیچەیە، نە دەیەوێت ڕووی لێ بکەین.

هۆکار و بنەچەی ئەم نیهیلیزمەی نێو کۆمەڵگەی هاوچەرخ چییە؟ خاپوورکردنی بەردەوامی هەموو مانا و دەلالەتەکانە. باوەڕهێنانە بەوەی چیتر هیچ شتێک گرنگ نییە، چونکە هیچ شتێک مانای نییە. هیچ سیستەمێکی ئیمانی یان بەهاییمان نییە تاوەکو ئاراستەمان بکات. سیستەمە دێرینەکانی وەک ئایین و ئەخلاق هێشتا ماون، بەڵام بە نیوەناچڵ شوێنیان دەکەوین، لەوەش خراپتر، پێمان وایە هیچ مانایەک هەڵناگرن. تەنها لە لێوارەکانی ژیان و ئاگاییماندا ماونەتەوە. بەڵام ئەوە تەنها جیهان نییە بێ‌مانا کەوتۆتەوە، تەنانەت خۆشمان هەڵگری هیچ مانایەک نین. بۆچی دەبێت کۆمەڵە کردەوەیەک هەڵبژێرین لەبری کۆمەڵێکی دی؟ ئەمە چ گرنگییەکی هەیە، وەختێک ژیانی تاکەکەسی هەمووان هیچ بەهایەکی نییە لەنێو نەخشەی گەورەی شتەکاندا؟ وەک ئەوەی میشێل هار دەڵێت:

«چیتر هیچ شتێک قیمەتێکی وەهای نەماوە، هەموو شتێک دەخزێت بەرەو هەمان شت، هەموو شتێک یەکسان دەبێتەوە بە یەک. هەموو شتێک هەمان شتە و هاوتای یەکە: ڕاست و هەڵە، باش و خراپ. هەموو شتێک بەسەرچووە، سواوە، کۆنە، لە گیانەڵادایە: ناسۆری مانایەکی پێناسەنەکراوە، زەردەپەڕێکی نەبڕاوەیە: نەک پووکانەوەی مەعلومی ماناکان بێت، بەڵکو داڕمانی نامەعلومیانە» (Alison, 1985. P. 13).

بۆیە بێ‌مانایە، ئەگەر بانگەشەی ئەوە بکەین، ئەمە ئارەزووی نیچە بێت. بەپێچەوانەوە، دەیەوێت ئەوە دەستنیشان بکات چۆن گەیشتین بە ئەوێ. کەلتورەکەمان هاوچەشنی کاراکتەری خودایە لە سیانەکەی فیلیپ پولمان ـدا «مادە تاریکەکان»[3]: پیر و دافەوتاو، نیوە زیندوو، شتێک نییە چیتر شیاوی باوەڕپێکردن بێت.

ترسناکترین ڕەهەندی نیهلیزم ئەوەیە، ئاخیرەکەی بەختەوەر و قایلە سەبارەت بە خۆی. عەیامێک تۆقاو و ترسابووین لەو ڕاستییەی کە ئایین و ئەخلاق و فەلسەفە چیتر مانایەکیان نییە، بەڵام ئێستاکە تەواو بەختەوەریین بە ژیانکردن لەنێو جیهانێکی خاڵی لە مانا. یەک لە نموونەکانی ئەم قایلبوونە، مەرگی خودایە. دووبارە دەبێت ئەو پاژەی «زانستی شاد» بەبیر خۆمان بخەینەوە، وەختێک نیچە دێتە سەر باسی ئەو دێوانەیەی وا بەپڕتاو خۆی دەکات بە بازاڕدا و جاڕی مەرگی خودا لێ دەدات. زۆرێک لەوانەی ئەم پاژەیان خوێندۆتەوە، وەک هەلهەلەی نیچە بۆ ئەتایزم [بێ‌باوەڕی] لێی تێدەگەن، کەچی ئەگەر وردتر سەرنج بدەین، دەبینین نیچە وەسفی ئەوە دەکات چۆن کەسانی ئاسایی باکیان نییە بەوەی خودا مردووە یان نا. هەر بەڕاست ئەمە تۆقێنەرە: نەک ئەوەی خودا مردووە، بەڵکو ئەوەی کەس سەرنجی مردنەکەی نادات:

«مەگەر باسی ئەو دێوانەیەتان نەبیستووە کە بە ڕۆژی ڕووناک چرای داگیرساند و بەپڕتاو خۆی کرد بە بازاڕدا، بێ‌وەستان هاواری دەکرد: «من بەدوای خودا دەگەڕێم! بەدوای خودا دەگەڕێم!»_ زۆرێک لەو کەسانەی باوەڕیان بە خودا نەبوو، چواردەوریان دابوو و پێدەکەنین. یەکێک دەیپرسی: ئەرێ بزربووە؟ یەکێکی دیکە دەیگوت: مەگەر وەک مناڵ ڕێی لێ ون بووە؟ یان خۆی دەشارێتەوە؟ تۆ بڵێی لێمان بترسێت؟ بۆ گەشتێک چووە؟ یان پەناهەندەیە؟_ وەها هاواریان دەکرد و پێدەکەنین» (Nietzche 1974, p. 181).

چۆن دەکرێت ئەم دیمەنە بەناوبانگە بانگەوازی ئەتایزم بێت، وەختێک ئەو خەڵکەی وا دێوانەکە جاڕی مەرگی خودا دەدات بەگوێیاندا پێشوەختە ئەتایستن؟ نەخێر، نیچە ئەمە بە گرنگ نازانێت بۆ تێگەیشتنمان. حەقیقەتی ئەم پاژە کەمێک دواتر دێتەدەست، ئەوکاتەی دێوانەکە پێیان دەڵێت، ئەوە ئێمەین خودامان کوشتووە: «ئێمە کوشتمان_ ئێوە و من» (Nietzche 1974, p. 181). لەگەڵ ئەوەشدا، هەرچەن ئێمە بکوژی خوداین، کەچی هیچ بیرۆکەیەکمان نییە سەبارەت بە جیهانێکی خاڵی لە خودا، خاڵی لە هەر بەهایەکی مانابەخش، بۆیە هەر دەستمانگرتووە بە جیهانێکی ئایدیاڵەوە، هەرچەند وەها جیهانێک لەئارا نییە. تەنها نەفیکردنی[4] بەهاکان بەس نییە، چونکە ئەوکات ئەوەی دەمێنێتەوە نێگەتیڤیتەیە[5]، هەروەک نەفی ڕێک بەندە بە هەمان شتی نەفیکراوەوە. دەڵێم باوەڕم بە خودا نییە، بەڵام بەشێوەکی پارادۆکسیکاڵ، ئەم بێ‌باوەڕییە هێندەی باوەڕبوون بە خودا بەندە بە ئایدیای خوداوە؛ ئاخر بەبێ ئایدیای خودا، چۆن دەکرێت باس لە ئەتایست‌بوون بکەین. دەبێتە بگەینە ئەودیوی هەردوو ئایدیای باوەڕ و بێ‌باوەڕی. یاخود، بە بەکارهێنانی ناونیشانی کتێبێکی نیچە، بگەینە ئەودیوی چاکە و خراپە.

سەرچاوەی سەرەکیی نیهیلیزم بریتییە لە نەفی، بۆیە بۆ تێگەیشتن لە نیهیلیزم ناچارین لە نەفی تێبگەین، یان ئەوەی نیچە بە ویستی هێزی نێگەتیڤ ناوی دەبات. لای نیچە، دوو سەرچاوەی بەها لە جیهاندا هەن: پەرچەکرداری[6] و کرداری[7]. نیهیلیزم لە هەموو فۆرمەکاندا پەرچەکردارانەیە، لێرەوە ناکرێت فەلسەفەی نیچە بە نیهیلیزم بناسرێتەوە، چونکە [فەلسەفەکەی] دژی ویستی هێزی پەرچەکردارانەیە.

ڕەخنەی نیچە لە ئەخلاق ئەوەیە، ئەخلاق حەقیقەتێکی لاوەکییە. ئەخلاق وەک هەڵسەنگاندێکی ئۆبێکتیڤ و بێ‌نیازی جیهان خۆی دەناسێنێت، کەچی لە بنکیدا فۆرمێکی دیکەی ویستی هێز حەشاردراوە: ئارەزووی خۆپاراستن، تەنانەت ئەگەر مانای زاڵبوون بێت بەسەر ئەوانیتردا لەڕێی فێڵ و کەڵەکبازییەوە. سەرتاپای ئەخلاق دووڕووانەیە، نەک لەبەرئەوەی ساختە و هەڵەیە، ئەمە سادەکردنەوەیە، چونکە هەموو مرۆڤەکان بەپێی بەهاکان دەژین، تەنانەت ئەگەر باڵاترین بەهای ئەم سەردەمەشمان بێ‌بەهاکردنی هەموو شتێک بێت؛ بەڵکو [دووڕووانەیە] چونکە خۆی وەک شتێکی دەرەوەی ئەم جیهانە دەناسێنێت، گوایە لەسەرووی خواست و تەقەلاکانەوەیە، تەواو ئۆبێکتیڤ و ڕاستە.

نیچە ڕەخنەی بەهاکان ناکات بەگشتی، بەڵکو تەنها بەها پەرچەکردارییەکان، ئەو بەهایانەی بوونەتە مایەی نیهیلیزمی ڕۆژئاوا. ئەوکاتەی جیهانی نەفیکردەوە، هیچ شتێکی پۆزەتیڤی تێدا نەدۆزییەوە، بە نەفیکردنی تەواوەتی و وێرانکردنی خۆی بەکۆتا هات. لەبەرامبەردا، ویستی هێزی کردارەکی، دەکرێت لەڕێی ویستێکی کردارەکی دیکەوە ببەزێنرێت، بەڵام بەدوای خۆوێرانکردندا ناگەڕێت.

بەها کردارەکی و پەرچەکردارییەکان وەسفی پەیوەندییەکانی زاڵی و ژێردەستەیی دەکەن. ئەوەی پەرچەکردارانەیە هەردەم کاردانەوەیە بەرامبەر ئەوەی کردارەکییە. خۆی دەکاتە ژێردەستەی هێزە زاڵەکان. بەڵام گرنگە درک بەوە بکەین، ژێردەستەیی مانای غیابی هێز نییە. بەبڕوای نیچە، گوزارشتە لە هێز، زاڵبوونە بەسەر خوددا وەک ژێردەستە. لە حاڵەتی دووەمدا، بەدەستهێنانی هێزە لەڕێی خۆگونجاندن و هەڵکردن لەگەڵ حاڵی حازردا. کۆمەڵگە مۆدێرنەکان هەر بەم چەشنە کاردەکەن. مەسەلەکە هێزی خۆگونجاندن و سودخوازییە، ئەوانەی باشتر خۆدەگونجێنن، هێزی زیاتریان هەیە، ئەوانەی خۆگونجاندن ڕەتدەکەنەوە، هێزەکەیان سنووردارە یان هیچ هێزیان نییە. «ببە هەر کەسێکی دی، یان ببە ئەویتر!» ئەمە دروشمی کۆمەڵگەکانمانە، هاوکات زانکۆ و قوتابخانەکان هیچ نین جگە لە ماشێنی بەرهەمهێنانی ئەم قبووڵکردنە.

لەبەرئەوەی کۆمەڵگەکانمان، یان هەر خودی کۆمەڵگە، بەبنەڕەت پەرچەکردارانەیە، بۆیە دەستنیشانکردنی هێزە کردارەکییەکان گەلێ زەحمەتە. تاکە شتێک بزانین ئەوەیە، دەبێت [هێزە کردارەکییەکان] لەپێشەوە بێن، چونکە بەبێ هێزە کردارەکییەکان، هیچ هێزێکی پەرچەکردار نابن، ئەوکات بەرپەرچی چی دەدەنەوە؟ ئەمە یەکەم هەنگاوی هەڵهاتنە لە نیهیلیزم. چونکە نیهیلیزم دەڵێت، نەفی سەرەتا و لەپێشینەیە. بەڵام هێزە پەرچەکردارییەکان وەها دەدوێن: نەفی بکەمەوە! ئەوەی کردارییە! بەپێچەوانەوە، ئەوەی داهێنەرانەیە، چونکە هەر ئەوەیە فۆرمەکان دەسەپێنێت و زاڵدەبێت. یەکەمین وشەی «نەخێر» نییە، بەڵکو «بەڵێ»ـیە، یەکەمین شتێک پێویستە مرۆڤ داهێنەری بێت خۆیەتی لەودیوی هێزە پەرچەکردارییەکانی کۆمەڵگەوە. دووبارە، نەفیکردنی کۆمەڵگە و بەهاکانی نێو کۆمەڵگە بەس نییە، ئەگەر پابەندبیت بە بەهاکانی کۆمەڵگە بێزراوەکەتەوە، یاخود پێکڕا هەموو بەهاکانی نەفی بکەیتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە کونێکی ڕەشە. بیرۆکەکە بریتییە لە داهێنانی بەهای نوێ لەودیو بەها نێگەتیڤەکانی کۆمەڵگەوە. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە وا نیچە ناوی دەبات و دۆڵۆز وەسفی دەکات بە «هێزی دیۆنیزوسی»[8] (Allison 1985, p. 83).

ڕەنگە باشترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لەم هێزە لەڕێگەی جیاکارییەکەی نیچەوە بێت لەنێوان دیۆنیزوس و مەسیحدا. ژیانی مەسیح، وەک ئەوەی لە فیلمەکەی میل گیبسۆن «the passion» دەیبینین، ژیانێکە بۆ پاساودان بە ئازارچەشتن، هەروەک خودی ژیان دەکاتە سەرچاوەی ئازارچەشتن، گوایە وەک ئازارچەشتن پاساو و ڕەوایەتیی پێ بدرێت. دەبێت ئەمە جیابکرێتەوە لە دیۆنیزوس، لانی کەم دیۆنیزوس لای نیچە. لێرەدا، ژیان پێویستی بە پاساودان نییە، تەنانەت ئەگەر ئازارێک لەئارادا بێت، ئەوکات وەک بەشێک لە ژیان پاساو دەدرێتەوە. ناکرێت لە جێگەیەکی دی باجەکەی بدرێتەوە، بۆ نموونە، وەک ئەوەی لە ئازارچەشتنەکەی مەسیحدا دەبینرێتەوە. ژیانی پێویستی بە ڕزگاربوون نییە، چونکە شتێک نییە لێی ڕزگاربین. بەڵکو ژیان دەبێت وەک ئەوەی هەیە دووپاتبکرێتەوە. ئەمە مەبەستی نیچەیە لە گەڕانەوەی ئەبەدی[9]، ڕەنگە دژوارترین ئایدیای وی بێت:

«چ دەبێت ئەگەر شەوێک ئەهریمەنێک خۆی بخزێنێتە نێو تەنهاترین ساتەکانتەوە و پێت بڵێت: «ئەم ژیانەی دەژیت و ژیاویت، دەبێت بۆ چەندەها جار دووبارە ئەزموونی بکەیتەوە»... چۆن خۆت لەپێش خۆت و ژیاندا حازردەکەیت تا بەتەمای هیچ نەبیت جگە لەم دووپاتکردنەوە و دانپایانانە بڵند و ئەبەدییە» (Nietzche 1974, p. 343).

کەوایە، بۆچی نیچە نیهیلیست نییە؟ چونکە نیهلیست ئەو کەسەیە کە ژیان بچوکدەکاتەوە بۆ هیچ. بەم مانایە، مەسیحی و ئەخلاقگەراکان نیهیلیستن. چونکە بەبێ مەسیح، یان ئەخلاق، ژیان دەبێتە هیچ. لەبەرئەوەی ژیان ئەزموون دەکەن وەک هیچ لە خۆیدا، بۆیە پێویستیان بە ئەخلاق یان نەزمێکی ئایینییە لەسەرووی ژیانەوە. نیهیلیستە مۆدێرنەکان تەنها باوەڕدارێکن بەبێ خودا، مەسیحییەک بەبێ مەسیح، ئەخلاقگەراییەک بەبێ ئەخلاق. تەنها نەفی جیهانیان بەدەستەوە ماوە، بەڵام هیچ سیستەمێکی باوەڕیان نییە بۆ جێگرتنەوەی ئایین و ئەخلاق و فەلسەفە. بەبێ خودا، ژیان بێ‌مانایە. بەڵام ئەمە واتە، مەسیحیەت دەبێت بیسلەمێنێت ژیان بەبێ خودا بێ‌مانایە. ئێستاکە خودا مردووە، ئەوەی ماوەتەوە بێ‌مانایی ژیانە. هەر شتێک لە ئایندە ڕوودەدات، دەسکەوتنی باوەڕی نوێیە (سەرمایەداری، ناسیۆنالیزم) بۆ داپۆشینی مەرگی خودا. نیهیلیزم دوایین سەمپتۆمی باوەڕە، ئاخیر قۆناغ و کۆتا گەشەکردنێتی. [نیهیلیزم] پێچەوانەی باوەڕ نییە، بەڵکو دوایین فۆرمێتی، وەک چۆن دۆڵۆز بەڕەوانی وەسفی دەکات:

«پێشتر ژیان بێ‌ڕێز دەکرا لە بەرزایی بەها باڵاکانەوە. ئێستاکە بەپێچەوانەوە، تەنها ژیان ماوەتەوە، بەڵام هێشتاش ژیانێکی بێ‌ڕێزکراوە کە لەنێو جیهانێکی خاڵی لە بەهادا بەردەوامە، داماڵراوە لە مانا و ئامانج، لە هەموو لایەکەوە ڕووی لە عەدەمە» (Deleuze 1983, p. 148).

مرۆڤ ناکرێت لەیەک کاتدا نیهیلیست و دووپاتکەرەوەی ژیان بێت، فەلسەفەی نیچە دووپاتکردنەوەی ژیانە وەک ئەوەی هەیە. هەر ئەمەش هۆکاری ڕەخنەکردنێتی بۆ ئایین و ئەخلاق و فەلسەفە؛ چونکە هەموویان لە هەمان پێش‌گریمانەوە دەستپێدەکەن، گوایە ژیان مانایەکی ئەوتۆی نییە، دەبێت بە ئایین یان ئەخلاق یان «جیهانێکی دیکە»ـی میتافیزیکی و بنەڕەتی پاڵپشت بکرێت. بەڵێ، نیهیلیست دەستبەرداری ئەم «جیهانێکی دیکە»ـیە دەبێت، بەڵام هێشتا ڕق‌لەدڵە بەرامبەر ئەو جیهانەی هەموو ئەم باوەڕانەی لێوە هاتووە وەک بزوێنەری بنەڕەتییان. بەمانایەک، نیهیلیزم خراپترە لە ئەخلاق و ئایین و فەلسەفە، چونکە نکۆڵی لە ژیان دەکات، بەڵام هیچ قەرەبوویەک شک نابات بۆ ئەو ژیانەی وێرانی کردووە. بۆیە ئەوەی پێویستمانە باوەڕێکی نوێیە، باوەڕێکی دیۆنیزوسی، باوەڕێکی دووپاتکەرەوەی ژیان، بەجۆرێک ئازاریش هاوشێوەی چێژ ببێتە بەشێک لە ژیان.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

پەراوێز:


[1] Moral nihilism.

[2] Moral relativism.

[3] Dark materials.

[4] Negation.

[5] Negativity.

[6] Reactive.

[7] Active.

[8] Dionysian power.

[9] Eternal return.

 

 

سەرچاوە:

https://drwilliamlarge.wordpress.com/ :Nietzsche and Moral Nihilism – Lecture 3