A+    A-
(1,024) جار خوێندراوەتەوە

                                   کەلتورى «سکرینشۆت»

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

سکرین‌شۆت(screenshot) یەکێکە لە ئیمکانەکانى وێنەگرتنى دیجیتاڵى-تەکنۆلۆژى, ئیمکانێکى گشتى, بەڵام لێرەدا مەبەستى ئێمە تایبەتترە: سکرین وەک دیاردەیەکى کەلتورى کە وێنەى قسە و مەبەستێکى دیاریکراوى تیا دەگیرێت. پێموایە خوێنەر(یان ژن و پیاو)ـى کورد یەکسەر بزانێت مەبەست لە دیاردەکە چیە و ساڵانێکە هەیە و نامۆ نیە. لێرەدا تەکنۆلۆژیا و کەلتور یەکتر دەبڕن, بەڵام تەکنۆلۆژیا لەبنەڕەتدا ئامرازە و مەرامە کەلتورییەکەش ئامانجە. سکرین, هەڵکۆڵینى کەلتورە لەناو تەکنیکدا. پەککەوتنى تەکنۆلۆژیایە لەبەردەم یاسا کەلتورییە بنچینەییەکاندا. لێرەوە ئەو ڕایەش سستدەبێت کە گوایە تەکنۆلۆژیا هەموو شتێکى گۆڕیوە. سکرین, زاڵبوون و مانەوەى عەقڵى مرۆییە بەسەر عەقڵى ئامێری‌دا. دیارە تەکنۆلۆژیا وەک گشت و وەک بوونێکى سەربەخۆ کورتنابێتەوە بۆ ئامراز, بەڵام لە کۆمەڵێک حاڵەتدا لەلایەن کەلتورەوە پارچەپارچەدەکرێت و دەگۆڕدرێت بۆ ئامراز. سکرین‌شۆت, یەکێکە لەم حەکایەتە کەلتورییانەى ئێستاى لاى ئێمە.

دیاردەیەکى بەڕواڵەت کەمبایەخى وەک "سکرین‌شۆت" دەچێتەوە سەر پرسە بایەخدارە فەلسەفییەکانى وەک ئەویتر, ئاکار و بەرپرسیارێتى, دۆکیۆمێنت و شایەتى, هتد. بەڵام لەو ڕووەوە کە زاتى سکرین خۆى وەک نهێنى دەردەخات کەچى سکرین هیچ نهێنییەکى تیا نیە. چونکە کۆمەڵگا و کەلتور خۆى ژمارەیەک ڕەفتار و ڕستە و دەربڕینى هەزاربارەیە کە لە ژیانى ڕۆژانەدا دووبارەدەبنەوە و لە دۆخى جیاجیادا ئیشدەکەن. ئەوەى لە سکرینێکدا نهێنییە, پێشوەخت خۆى نهێنى نیە, چونکە لە یەکێک لە دۆخە مرۆییەکان تێناپەڕێت. تاکە نهێنییەکى ناو دیاردەیەکى وەک سکرین, ئەوەیە کە فڵان "قسە" پێش تەوقیت و شوێنکاتى خۆى کەوتووە. لەمە دەرچێت, هیچ نهێنییەکى زاتیی تیا نیە, شتانێک ڕوودەدەن کە بەئاسانى وێنادەکرێن و بە دۆخى مرۆیی نامۆ نین. پێش ماوەیەک کۆمپانیاى فەیسبوک ڕایگەیاند کە سکرین‌شۆت سانسۆردەکرێت و کەسى بەکارهێن بەئاگادێتەوە لەوەى نامەکەى سکرینکراوە. بە مانایەکى تیۆرى, ئەویترى گەورەى ئەنتەرنێتى, ڕێ لە سکرین و دزەکردنى ڕووبەرى تایبەتیی بەکارهێنان دەگرێت. بەڵام ئەویترى گەورەى ئەنتەرنێتى, هێشتاش ئەو "زیادە" کەلتورى و کۆمەڵایەتییەى پێ کۆنترۆڵناکرێت کە لەودیوى ئەنتەرنێتەوە دەگوزەرێت. ئەنتەرنێت یەکسان نیە بە کەلتور, بەڵام دەتوانێت سانسۆر و ڕێکخستن بۆ یاسا کەلتورییەکانى ناو خۆیشى بسازێنێت. ئەم سانسۆرە تەکنیکییە, یەکەم ڕستەى ئەم نوسینە پشتڕاستدەکاتەوە کە سکرین هیچ نهێنییەکى تیا نیە(لە ئاستى گشتدا نەک بەش و سیاق). سکرین مومکینە, بۆیە گەرەکە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە سانسۆربکرێت, بەکارهێنەران سەرەنجام مرۆڤن و هەڵگرى ڕووبەرى تایبەتن.

دەشێت سکرین هەر بۆ مەرامى نەرێنى نەبێت, بەڵکو تیلەیەک لە شانازییشى بۆ خاوەنەکەى هەڵگرتبێت: ئەوەتا بیبینە, لەم تۆمارەى ئەویترى گەورەوە, چیم لەگەڵ وتراوە و لەگەڵ کێ دواوم. سکرینەکە ئەو لەوحە ڕەمزییەیە کە شایەتییەک جێدێڵێت. سکرین گەرچى وێنەگرتنەوە و لەبەرگرتنەوەیە, بەڵام لە چەقى خۆیدا نوختەیەکى ڕەمزى-کەلتورى هەڵکۆڵراوە کە گۆکردنێکى زیاترى تیایە بەراورد بە فۆتۆیەکى ئاسایی. ئەمەش بەجۆرێک لە جۆرەکان پێچەوانەى ئەو دیدەیە کە پێى وایە فۆتۆ بەتەنیا زۆر شت دەڵێت: جیاوازییەکە لەوێشدایە کە سکرین تراوماییترە تا فۆتۆیەک کە لە کەشێکى هێمنتردا چاوەڕێى تەفسیرى بینەرەکانێتى. سکرین نەک هەر بوار بۆ تەفسیرى هێور ناهێڵێتەوە, بەڵکو خۆى وەک قەوارەیەکى دۆکیۆمێنتدار دژى تەفسیرکارییە و دەیەوێت بنبەستى تەفسیر دیاریبکات و حوکمێکى ئاکارى لەدواى خۆى جێبهێلێت. بەم پێیە, سکرین سەر بە نوسینە, هێشتاش جیایە لە گێڕانەوە و گواستنەوەى قسە. نوسین, ئەو گوژمە ئۆنتۆلۆژییەى هەیە کە پێگەى شایەتیدان قایمتربکات. لە سکریندا قسەکەرەکە خۆى نادوێت, دۆکیۆمنێتک دەدوێت, شتێک کە مەودایەک لەنێوان قسەکەر و دۆکیۆمێنتەکەدا دەهێڵێتەوە. ئەمە ئەو چێژە ناتەندرووستەش زیاتر دەکات کە بکەرەکە بەبێ دەمى خۆى دەیگەیەنێت و هێزى کەلتور ڕادەکێشێتەناوەوە.

گەر کۆنکرێتییتر قسەبکەین ئەوا پێش دەیەک و دووان لە کوردستان باسى ئازادیی ڕادەربڕین دەکرا, ئێستا تەکنۆلۆژیا ئەم ئازادییەى گۆڕیوە بۆ ئازادیی شکاندنەوەى ئەویتر. ئەویش لە کەلتورێکدا کە بێ ئەوەى ئازادیی جۆرى یەکەم کامڵبکات, تووشى چەمانەوەى کردووە و دەستکرانەوەیەکى ترى ڕەخساندووە کە ئازادیی بڵاوکردنەوەى تایبەتمەندییەکانى ئەویترە(ئەم ئەویترە هەرکێ بێت گرنگ نیە). کاتێک ئازادیی ڕادەبڕین گەشەى نۆرماڵى خۆى نابڕێت, ئەوا ئازادیی قسەکردن و جێندەرییش لەگەڵیدا ناچێتەپێشەوە. هەردووکیان, دوو جەمسەرى هاوکێشەیەکن. بە مانایەکى تر, ئەوەى لە ئازادیی ڕادەربڕیندا شکستیخواردووە بریتییە لە "ئاسایشى دەربڕین", ئەویش هى دەربڕینى تاکەکەس بۆ تاکەکەس. بە دەربڕینێکى تر بیڵێین, ئێمە ئازادیی ڕادەربڕینمان وەک پرۆسەیەکى تەندرووست نەبڕى, کێشەى ئاسایشى دەربڕینیشى هات بەسەردا. ئەمە جگە لەوەى لە ئاستى تاکەکەسییدا سکرین نیشانەى نەبوونى ئاسایشیشە بۆ کەسەکە خۆى. لێرەدا دوو بێ ئاسایشى, پێکەوە ئیشدەکەن.

هەر سەبارەت بە دیوى ناوەوەى دیاردەکە لاى ئێمە, سکرین جگە لەوەى سەر بە کەلتورى ئەتککردنە, لەڕیشەشدا و لە کەلتورى کوردییدا سەر بە زوهدى کەلتورییە. زوهدى کەلتورى بەسادەیی واتە خۆگرتنەوە لە ژیانى واقیعى, لە ئەزموون. سکرین جێى ئەزموونى واقیعى دەگرێتەوە. چێژە نەخۆشانەکەى, لە کەلتورێکى وادا, لەو چێژە زیاترە کە ئەزموونى کردەیەک بکرێت. تەکنۆلۆژیا شوێنى ئاسانى ئەم زوهد و خۆگرتنەوەیەیە. وێنەگرتن و کۆپیکردنى تایبەتمەندییەکان, جێى ئەزموونى واقیعى دەگرێتەوە. بەڵام هێشتا ئەزموونى واقیعیی مرۆڤەکان, ناتوانێت دیاردەکە بنەبڕ بکات چونکە دەستبردن بۆ خسووسیاتى ئەویتر, کەڵکەڵەى لەمێژینەى کۆمەڵگا بووە. جیاوازییەکە لێرەدا هێندەیە کە لە واقیع(ـى مەجازى) ئێمەدا بەرهەمهێنانەوەى زوهدە لەپێناوى زوهددا. دەربڕینى نەفرەتێکە لە خود کە ناتوانێت خۆى بە پرۆسەى ئەزموونکردن و خۆکردنەوەدا بڕوات. نەفرەتەکە وەک نامەیەکى ئاوەژوو ڕووبەڕووى ئەوانیتر دەکرێتەوە.

هەر لێرەوە دەتوانین دەمودەست چەند دەرکەوتەیەکى ڕوونترى دیاردەى سکرین لە دۆخى کۆمەڵایەتیی ئێمەدا بژمێرین:  

یەکەم: سکرین, بانگکردنى کەلتورە لە فۆرمى دەربڕینێکى ناڕاستەوخۆى لەم جۆرەدا «ئەى ئەویترى گەورە, سەیرکە فڵان کەس یاساکانت پێشێلدەکات». ئەو شانازییەى بۆ کەسى سکرینکار درووستدەبێت, شانازییەکى پاتۆلۆژییە, جۆرێک لە نۆکەرێتییە بۆ کەلتورى باوک.

دووەم: لەلاوە جۆرێک تێربوون(satisfaction) درووستدەکات  بەبێ ئەوەى تێربوونە نۆرماڵەکە درووستبکات. لێرەوەى کردەى سکرین, کردەیەکى نەخۆشانەیە. پێچلێدانە بە دەورى چێژە ڕاستەوخۆ و نۆرماڵەکەدا.

سێیەم: سکرین گەرچى بەڵگەنامەیەکى یاساییشە, بەڵام لێرەدا دیوە کەلتورییە پاتۆلۆژییەکەیمان مەبەستە- ئەو دیوەى کە پتر لە یاساى نەنوسراوەوە نزیکە تا یاساى نوسراو. باسەکە هەمووکات ئەوە نیە کەسى سکرینکار تاوانبار بێت, جار هەیە لە ئاستى بەش(جزء)دا هەقێک لەگۆڕێدایە بەڵام لە کۆ(کل)دا هێشتا دیاردەیەکى ناتەندرووستە. سکرین دابڕینى قسە لەگەڵ ئەویتر بۆ ئەوەى ئەوانیتر بێنەناوەوە و تیشکى نیگا کەلتورییەکە شوێنى کەسەکە لەقبکات و بیسڕێتەوە.  

 

چوارەم: سکرین جۆرێکە لە دزین و پچڕاندنى ژویسانس(پشکەچێژ) لە کەسێک کە دەشێت پێگەیەکى بەرزترى کۆمەڵایەتیی هەبێت. واتە ئیرەییەک بۆ جێگەى ئەو کەسە هەیە. بەڵام ئەمەش هێشتا لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکى تر گۆڕانى بەسەردا دێت. نمونەى ئەو ساڵانەى هاتنى تەکنۆلۆژیا پێماندەڵێت کە تێکڕا سکرین خۆدوورخستنەوە نیە لە بکەرى ناو سکرینەکە, بەڵکو نزیکبوونەوەیە لێى- ڕێکخستنى ئارەزووە ئیرەمەندانەکەیەتى بەوەوە. وەک نیازێک ئەوەى ئەم نیەتى, لەو ڕێگەیەوە تۆزێک قەرەبوودەکرێتەوە.

 

پێنجەم: سکرین, سڕینەوەى ڕووبەرى تایبەتە لەپێناو ڕووبەرى گشتی‌دا. کەسى سکرینکار لە یەک کاتدا, دوو ئیمکانیش لەدەستدەدات: بەرەنگاریی واقیع, لەگەڵ متمانەى فەردى. ئەم خاڵە لە هەناوى خاڵەکانى تریشدا دەستدەکەوێت, بەڵام لێرەدا پێچێک هەیە و گەرەکە وەک خۆى ببینرێت: سکرین گوزارشتە لە نمایشى ناو کەلتورێک کە جیایە لە کۆمةڵگاى نمایشیی خۆرئاوا, چونکە نمایشى حاڵەتگەلى نەخۆشانە و پاتۆلۆژییە نەک نمایشى ڕووى گشتیی مرۆڤ لە فەزاى گشتییدا.

شەشەم: هەتا ئەو کاتەشى کە سکرین بۆ نیازى مادى بەکاردەهێنرێت, هەڵژەنراوە لە کەلتور؛ چونکە کەلتور ئەو مامەڵە مادییە لەڕێگەى خۆیەوە دەڕەخسێنێت تا هەندێ تایبەتمەندى بفرۆشرێتەوە. لێرەدا فرۆشتنەوەى مادى, خاڵى کۆتایی فرۆشتنەوەیەکى ترە کە ئەبستراکتە و هەروا ئاسان نابینرێت: ئەویش ئەوەیە کە ئەخلاق لەم جۆرە کەلتورەدا پێویستى بە کڕینەوە-فرۆشتنەوەیە. ئەخلاق لە واتا دەمارگیرە سەرکوتکەرەکەیدا.

 

سکرین پەیوەندییەکى ئۆرگانییشى بە وەسواس(obsession)ـەوە هەیە, وەسواسێکى پتر لە وەسواسى دەروونى, دۆخێک کە کەلتور کۆتا خەسڵەتەکانى خۆى پێ بەخشیوە. سکرینپەرست, کەسێکى وەسواسە. دەیەوێت بە ئەویترى گەورە/کەلتور بڵێت من نوقسان نیم, حاشا لە نەقسى خۆم دەکەم, ئا ئەوەش بەڵگە و دۆکیۆمێنت. گەر سکرین وەک پارچە وەسیقەیەکى ڕاگوزەر و تڕۆهات وەربگرین, ئەوا چەشنى لەزگەیەکى ڕمزى ئیشدەکات بۆ داپۆشینى کەلێنى مرۆڤ خۆى, ئەو کەلێنەى کە خۆى هەیە بەڵام لاى ئەم جۆرە کەسە کەلێنێکى نائارامە و دەبزوێت, دەمدەکاتەوە و ئۆقرەناگرێت. بەر لەوەى کەلتور دەمبکاتەوە, سکرین و خاوەنەکەى دێتەدەم و وەسواسەکەى خۆى دادەشارێت. ئێمە بەدەر لەم حاڵەتە, لە ژیانى ڕۆژانەشماندا بەر ئەو کەسانە دەکەوین کە دایم خەریکى "هاتنەگۆرى پێشوەخت"ن, وەڵامى هەموو شت دەزانن, ڕایان لەسەر گشت شت هەیە: ئەمانیش هەمیسان بەدەست ئەو نوقسانییەوە دەناڵێنن کە لەژێرەوە بڕیاربوو بوونى مرۆییان ڕابگرێت بەس ڕاینەگرتووە. لەم ڕووەوە سکرین و کۆپییە مەجازییەکان, گوزارشتە لەوەى نوقسانى لە ڕادەى خۆى زیاتر, لە دۆخى نرۆماڵ زیاتر ڕوویداوە. لێرەدا ڕۆڵى کەلتور, ڕۆڵێکە تا سەر سنورى نوقسانییە ئۆنتۆلۆژییەکە دەڕوات. کەلتور ئەوە بیرى کەسەکە دەخاتەوە کە نوقسانى بنکى سوبێکتیڤیتە(Subjektivität)ـى هەموو کەسێکە بەڵام ئەوە کەلتورە بە شێوەى جۆراوجۆر فێرى مامەڵەمان دەکات بەم نوقسانییە بنەڕەتییەوە. کەسى وەسواس, ئەم نوقسانییە بۆ ئاستى حاشایەکى لەکۆڵنەبووەوە بەرزدەکاتەوە و هەرجارە و لەڕێى نۆرمێکى کۆمەڵایەتییەوە شەڕە ناچارییەکەى خۆى دەکات. بۆی پرسیارى ئەوەى "چیت دەوێت", کەسى وەسواس دەخاتە سەر وەڵامێکى نزیک لەم وەڵامە "هەموو شتێک بەڵام لەجیاتیی هیچ, چونکە هەموو کردەیەکى خێرام لەپێناوى شاردنەوەى هیچ/نوقسانى"دا دەوێت. سەیر نەبێت ئەم مامەڵەیە لە میدیاکانیشدا ڕووى ترى وەرگرتووە, بەڵام بە هەمان بونیادەوە:

کاتێک لە بەرنامە سەرگەرمییەکانى کەناڵەکاندا میوانەکە دەخەنە بەردەم دووڕیانێک, بەردەم بژاردەیەکى هەراسانکەر و ناچارى ئەوا هۆکارەکە شتێکى کەمتازۆر شاراوەیە: ئەوان میوانەکە ڕووبەڕووى ناوکى قێزەونى ئارەزوو دەکەنەوە, یان درووستتر ناوکى قێزەونى فەنتازیا. ئەوان دەست بۆ شیرازەى چنراوى فەنتازیاى کەسەکە دەبەن, چونکە فەنتازیاى وى ژیانى هەنوکەى ئەوى لەسەر بەندە. ئەم ناوکەش خۆى نوقسانییەک, بەڵام بە کۆمەڵێک چیرۆکى لار و دزێو(لە کرۆکدا نەک فۆرمى دەرەوەى چیرۆکەکە) داپۆشراوە. لە میدیادا دەیانەوێت ئەو ڕووپۆشە موجامیل و چەپێنراوە هەڵتەکێنن کە کەسەکە وەک هەر بکەرێکى ترى کۆمەڵایەتى, فەنتازیاى خۆى لەسەر ڕاگرتووە و ئارەزووى کایەکەى لەسەر هەڵچنیوە. ئاشکرایە وەڵامى میوانەکان بەزۆرى, جۆرێکە لە مانۆڕ و پێچلێدان, جۆرێک لە خۆدزینەوە و خۆلادان لەو ناوکە شەرمەزارکەرە. هەڵبژاردنەکە کە جۆرێکە لە هەڵبژاردنى زۆرەملێ, بەر لەوەى کێشەکە بژاردەیەکى دیاریکراو بێت, لێسەندنەوەى ئیمکانى هەڵبژاردنە. کاتێک پێشکەشکار پێداگرى دەکات و دەڵێت "نا نا, یەکیان هەڵبژێرە", مەبەستى لە یەکێک لە بژاردەکان نیە, بەڵکو لەڕێى خودى دەستنیشانکردنى یەکێکیانەوە دەیەوێت کۆى پرسى هەڵبژاردن پەکبخات نا نوقسانییە شڵژێنەرەکەى ژێر بژاردەکان خۆى دەربخات و سوبێکت شەرمەندەبکات. لۆژیکى هەڵبژاردن لە کۆمەڵگادا لەسەر جۆرێک خۆدزینەوە و ڕێکخستنى ناچارى بەندە, بۆیەم ئەم دۆخانەى دێنە پێشەوە پتر هەڵوەشاندنەوەى هەڵبژاردنن لە مانا باوەکەیدا. هەمان بونیاد لە سیاسەتى حیزبى کوردى و بەتایبەت یەکێتى و پارتییشدا زوو زوو سەرهەڵدەداتەوە: پارتى و یەکێتى ماوەماوە تەنگژەیەکى میدیایی دەخوڵقێنن تا بۆ چاوى ئەویترى گەورە/لایەنگرانیان دەریبخەن کەلێنێکى ڕیشەیی هەیە لەنێوانیاندا و ئۆقرەى نەگرتووە. لەڕواڵەتدا گرنگ نیە هەر فەترەیەک چ کەیسێک دژى یەکدى دەجووڵێنن, بژاردەکە هیچکام لەوانە نیە, بەڵکو ئەو کێماسییە بنکنشینەیە کە خۆى ڕۆڵى بنک دەگێڕێت لە پەیوەندییەکاندا. لەگەڵ گرژییەکاندا, حیزب خۆى لەگەڵ ئەو نوقسانییەدا هاوشوناسدەکات کە شوناسى خۆى و نەیارەکەشى پێکدێنێت- لەمە بترازێت باقییەکەى فریوێکى ژۆرنالیستییە.   

گەر لە لۆکاڵەوە بەرەو گڵۆباڵ بپەڕینەوە و کێشەکەش بەبێ سڕینەوە, بەشێوەیەکى دیالەکتیکى هەڵبگرینەوە ئەوا دەتوانین بڵێین: سکرین لەوێوە بیرخەرەوەى نیهیلیزمى سەردەمى ئەمڕۆمانە کە هەردووک تەعبیر لە بێ‌ڕیشەیی دەکەن. یەکیان جۆرە گەمەیەکە لەنێوان خەڵکى ناو ئەنتەرنێتدا کە سکرین لەسەر سکرین ئاڵوگۆڕدەکرێت, ئەویتریشیان لەڕیشەکەوتنى بەها دێرین و مرۆیی و تەنانەت نزیکەکانیشە. سکرین, ڕوویەکى چکۆلە و کەلتوریی ئەو نیهیلیزمەیە کە تا لاى قوڕگمانى تێ دەنیشێت و پرسێکى هەستیارى وەک ئاکاریش بەرەو جۆرێک لە گەمە و یارى دەبرێت. هەر ئەوەى کە سکرینێک لە دنیاى مەجازدا بیردەچێتەوە, لەڕواڵەتدا پۆزەتیڤ دیارە, بەڵام لەبنەڕەتدا گوزارشت لە کەلتورى پۆزەتیڤیتەى جیهانى دەکات نەک پۆزەتیڤە باوە ڕۆژانەییەکە. کەلتورى پۆزەتیڤیتە, بەسادەیی ماناى ئەوەیە هیچ نەفییەک و بۆشاییەکى ئەوتۆ نەماوەتەوە تا تراوماکان بەتەواوەتى بژین و ئەگەرى گۆڕانکارى بخەنەوە. ئەوەى هەیە قوڵپدانى شتى زیاتر و زیاترە, نیشانەى زیاتر و زیاترە بەبێ ئەوەى واقیعێکى تەواو ڕەق و وەفادار جێمابێت بۆى بگەڕێینەوە. لێرەوە کێشەکە ئاساییبوونەوەى سکرینە, گۆڕینێتى بۆ یارییەکى ڕۆژانەیی, ڕۆژانەبوونێک کە ڕاستەوخۆ لکاوە بە نیهیلیزمەوە و کەلتورە لۆکاڵەکانیش وێڕاى تایبەتمەندیی خۆیان ناچارن پێوەى بلکێن. وەکبڵێى موحافیزکارییەکى لۆکاڵى, دەلکێت بە نیهیلیزمێکى گڵۆباڵەوە و لەم نێوانەدا کاریکاتێرێکى تایبەت بەرهەمدێت کە بیردەچێتەوە و هەمیسان لە جێیەکى ترەوە دەستپێدەکاتەوە کە ڕوون نیە خاڵى دەسپێکەکەى کوێیە. لەم پۆزەتیڤیتەیەدا, لەم خنکانە ڕەمزى و ئاسۆکوێرییەدا, سیستەمە پۆزەتیڤ و کلاسیکەکان خۆشیان تەنیا لە شێوەى دەمارگیرییەکدا ماونەتەوە. بۆنمونە دین بووەتە دەمارگیرییەکى ناڕۆحى, و کەلتورە کۆنەپارێزەکانیش بوونەتە شوێنى سزایەکى ڕووت بەبێ پاراستنى فەزیلەتە کۆنەکانیان. لەم ڕووەوە سکرین, خاڵى یەکتربڕینى کەلتورى دینى و نادینییشە لە کۆمەڵگایەکى وەک ئێمەدا کە ژێستى دەمارگیرانەى خستووەتە جێى ژێستى گۆڕین و سەرەنجامیش لێبوردن. لە کۆى گشتییشدا و لە دۆخى ئەمڕۆى جیهاندا, ئەم دەمارگیرییانە تێکەڵ بە نیهیلیزمەکە دەبنەوە و هەرجارەشى کەسێک و زیاتر لەڕێى فرەوێژییە بەتاڵەکانیانەوە خۆیان دەکەنە پاڵەوانى ئارامکەرەوەى خەڵک. دەمارگیری کە زیاتر بە لاى پرسى نەفى و نێگەتیڤیتەدا دەشکێتەوە, هەر زوو پووچەڵدەبێتەوە و پتر ئەویتر و کۆى کێشەى ئەویترێتى تەڵختردەکات. گەر ئەم دەمارگیرییە چانسێکیشى هەبێت, تێکەڵ بە هەستى تیژى نیهیلیزم دەبێت و چەشنى "هاوارى ژێر ئاو" گوزارشت لە خنکان دەکات تا بانگهێشت و بەهاناوەچوون.