A+    A-
(557) جار خوێندراوەتەوە

دایالۆگى ڕۆدینسکۆ و بادیۆ لەمەڕ دەروونشیکاریی لاکان

            (بەشى حەوتەم و کۆتایی)

 

 

 

 

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

ئـ . ب: ڕاستە ئەم ژێستە سوریالییە، بەڵام کەمێک لە ڤیتگنشتاینیشەوە نزیکە-هەمیسان تێکەڵبوون بە فەلسەفە. هەموان دەربڕینە بەناوبانگەکەی نێو "Tractatus logico-philosophicus"یان بیستووە: "لەکوێدا نەتوانی قسەبکەیت، گەرەکە بێدەنگ بیت". گەر ڕیاڵ نەڕەمزێنرێت، ئەوا لە کۆتاییدا هەر ئەو شتەیە کە ناتوانین قسەی لەبارەوە بکەین، کەوایە گەرەکە بێدەنگ بین. بەڵام بێدەگبوونیش هەر شتێک دەردەخات و ئاماژە بە شتێک دەدات، مەبەستەکەی ڤیتگنشتاین هەر ئەمەیە. دەبێ ئەو شتە دەرخەیت کە گەرەکە لەبارەیەوە بێدەنگ بیت. لاکانی دوایین وا دەبینم کە بەردەوام پەنجە بۆ ڕیاڵـی نەوتراو ڕادەکێشێت. لە کۆتاییدا جگە لەوەی چیتر نازانین هەر بەڕاست ئەم ژێستە چ مانایەکی هەیە. هاوشێوەی مەرگ، وەک مەتەڵێک دەمێنێتەوە.

 

ک . گ: لە ئەیلوولی  ٢٠١١دا سیمیناری نۆزدەیەمی لاکان بەناوی "...یان خراپتر(١٩٧١-٢)" لەلایەن سیولە[1]وە بڵاوکرایەوە. لاکان بە باسکردنی ناونیشانی سیمینارەکە دەستپێدەکات، بە پێکەنینێکەوە کە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت، دەڵێت: "ڕەنگە هەندێکتان وەک "...یان خراپتر" بیستبێتتان، ئێ دەرەنجام منیش هەردەم هەر ئەوە دەکەم". لە کۆتایی ناساندنەکەیدا دەڵێت: "ناونیشانەکە گرنگیی ئەم فەزا بەتاڵە دەردەخات و پیشانیشماندەدات ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ وتنی شتێک بە کۆمەکی زمان". ئالان بادیۆ، هیچ سەرنجێکت لەسەر ئەم ناونیشانە و سیمینیارەکە بەتایبەتی هەیە؟

 

ئـ . ب: ئەم ناونیشانە سەیرە "...یان خراپتر" و جەختکردنەوە لێی، دەلالەتە لە دڵەڕاوکێیەک. بەڵام ئەم دڵەڕاوکێیە یەکسانە بەو شتەی لە داهاتوودا وەک ڕیاڵ خۆی دەردەخات. کۆی فۆرمولەکە بەم جۆرەیە: "پەیوەندیی سێکسی بوونی نیە...یان خراپتر". کەواتە ئەمە پرسێکە دەربارەی ئەو شتەی لە "نەخێر-no"ی پەیوەندیی سێکسی خراپترە.

ئەمە سەرنجڕاکێشە، چونکە هەر لە سەرەتاوە لاکان هەوڵیداوە دەرکەوتە خەیاڵییەکان یان فیگەرەکانی واقیع ڕوونبکاتەوە. بە مانایەکی تایبەت، خراپترین شت کاتێک ڕوودەدات  وا لەجیاتی درزێک، نا-بوونێک[2]ـی بنەڕەتی، وێنەیەکی بت‌شێوە بە زەبری هێز دەچەسپێنرێت. هەروابێتەوە سەرەتاییترین سیمینارەکانی لاکانم بەدڵە، چونکە هەم تیۆریین هەم ستایلیستیک: چونکە لەواندا جۆرێک لە ئارامی بوونی هەیە کە دواتر هەڵدەوەشێتەوە و نامێنێت. لە سیمیناری یەکەمیدا "وتارەکانی فرۆید لەمەڕ تەکنیک"، ئەمە شتە سەرنجڕاکێشە دەردەبڕێت: "ئەی نابێت چارەسەر بە دەرخستنی دادپەروەری و ئازایەتی کۆتایی پێ بێت، هەروەک ستایلە قەدیمەکە؟". ئەمە جۆرێکە لە دەستپێک و وەگەڕخستن، چڕکردنەوەی ئەو ئەرکەیە وا لاکان دەیدات بە دەروونشیکاری و دواجار هەر هەوڵێکی ڕۆشنبیرانە: درزە بنەڕەتییەکە نابێت لەڕێی ئایکۆنێکەوە پڕبکرێتەوە؛ ئەم خەرەندە سەرەتاییە نابێت لەڕێی درووستبوونی خەیاڵییەوە نەمێنێت. جارێک لاکان بە سرووشتە قسەڕەقییەکەی خۆیەوە وتوویەتی فەلسەفە هیچی نەکردووە جگە لە دوورینەوەی درزی سیاسەت[3]. ئەمە بەخشندەیی نیە بە ڕووی فەیلەسوفاندا! بەڵام من باش تێدەگەم مەبەستی چیە. بەگشتی، باشترە درز لە فیکردا درووستبکرێت تا درزێک بە شتێک پڕبکرێتەوە. لەمڕۆدا، بەناو مۆراڵیتەی مافەکانی مرۆڤ و گەڕانەوە بۆ کانت، جۆرێکن لە پڕکردنەوە. ئەگەر ئەوەی لەمڕۆدا پێی دەوترێت "فەلسەفەی نوێ"-با ڕوون بێژم من گومانم لێی هەیە- هەر بەڕاست فەلسەفە بێت، ئەوا قسەکەی لاکان بەتەواوی بەڕاستدەگەڕێت. جا ئا لەوێدا یەک قووتابخانە لە فەیلەسوفت هەیە کە وزەیەکی باش لە پڕکردنەوەی درزی سیاسەتدا خەرجدەکەن!

 

ئـ . ڕ: ئەم فۆرمولەیە دەلالەتە لەو توندوتیژییەشی کە دەشیا دژ بە فەلسەفە و سیاسەت بینوێنێت...لە ڕاستیدا "...یان خراپتر" سیمینارێکی سەیرە، چونکە لاکان لەوێدا باس لە ناپەسەندییەک دەکات، یەک(the One)، باس لە مەحاڵێتیی پەیوەندیی سێکسی دەکات و یاری بە زمان دەکات: "یان خراپتر(ou pire)"، دەشێت وەک ئاخهەڵکێشان(soupir)یش بنوسرێت. فەسڵێکی تێدایە تێیدا ئاماژە بە هاوکێشەی عەشق کراوە: "داوات لێدەکەم ئەوەی من پێتدەدەم ڕەتیبکەیتەوە، چونکە ئەوە ئەو شتە نیە[کە تۆ دەتەوێت]". ئەمە هاوشێوەی ئەم هاوکێشەیەیە: "عەشق پێدانی شتێکە بە ئەویتر کە نیتە، و ئەویتریش ئەو شتەی ناوێت"[4]. بە دەربڕینێکی تر، لاکان لێرەدا بونیادێکی تری لۆژیکی دادەمەزرێنێت، ئەویش لەڕێی هەڵگەڕاندنەوەی ڕەمزییەوە تاکو چیتر بەرەو ڕیاڵ هەنگاوبنێت. وەک ئالان وتی، بێگومان ئایدیایەکی زۆر بەهێزی درووستکردنی درزێکی پڕنەکراوە لە کارەکانیدا هەیە. ئەمە لەو کاتەدا ڕوویدا کاتێک خۆی ببووە بتێک لە دیدی خوێندکارەکانیدا. ئەو شتەی خۆی بونیادینا هەڵیوەشاندەوە، ئەویش تاکو ملی ڕێ بەرەو خراپترین بگرێتەبەر، تاکو پیشانی مرۆڤی مۆدێرن(زانستی)ـی بدات کە دەشێت بەرەو خراپترین بڕۆن چونکە پەیوەندیی نێوان دوو سوبێکت مەحاڵە. لاکان ڕیاڵ دژ بە ڕەمزی دەچەسپێنێت؛ ژویسانس-یش لە دژی ئارەزوو؛ و لە دژی هەموو پەیوەندییەک، مەحاڵێتیی پەیوەندی: ئەو شتە پێشکەشدەکەیت کە نیتە و ئەویتریش نایەوێت و هتد. کەواتە بوون لە خۆیدا تراژیدییە. لەم ڕەشبینییە توندەی لاکانی دواییندا، خراپترینی مێژووی سەدەی بیست ئامادەیە: ئە پچڕانەی ناوی ئاوشڤیتزە. لاکان قڕکردنی جووەکانی ئەورووپای بە "خراپترین" دەزانی. لە گۆشەنیگای بەرەڵابوونی پاڵنەری مەرگەوە لێکدانەوەی بۆ دەکرد. بەڵام ئیمانی بەو تێزە نەبوو کە پێی‌وایە ئەم ڕووداوە پچڕانێکی بەبیردانەهاتوو لە فەلسەفەدا درووستدەکات. تەنانەت نەیوت ئەمە خراپەیەکی نامرۆییە و کەس ناتوانێت ڕاڤەیبکات. بە پێچەوانەوە، پێی‌وابوو تەنێ دەروونشیکاری دەتوانێت کۆمەک بە بیرکردنەوە لەم ڕووداوە بکات، ئەویش لەڕێی دووبارە خوێندنەوەی فرۆیدی دوایینەوە[5]. لە دوو شوێندا، پێی‌وایە دالی "کوشتنی بەکۆمەڵ" ڕەگەزێکی بنچینەیی تێگەیشتنی نوێیە لە نەست. یەکەم جار و لە ١٩٦٤دا، ئەو کاتەی قووتابخانەی فرۆیدیی پاریسی دامەزراند، لە سیمیناری "چوار چەمکە بنەڕەتییەکەی دەروونشیکاری"دا باس لە هۆڵۆکۆست دەکات، لەپاڵیشیدا باس لەوە دەکات درووستکردنی ئەم قووتابخانەیە بۆ نوێکردنەوەی فیکری فرۆیدە لە بەرامبەر کۆمەڵە ڕەقهەڵاتووە دەروونشیکارییەکاندا. دووەم جار و لە ١٩٦٧دا، ئەو کاتەی پرۆسیجەری تێپەڕین(passe)ـی بە دەروونشیکارە پیادەکەرەکان ناساند. ئا لێرەدا، بەردەوام بوو لەوەی بڵێت یەکێتیی نێودەوڵەتیی دەروونشیکاری بووەتە پەناگەی ئەو دەروونشیکارانەی پێشتر ئازاردراون، بۆ ئەوە وای دەکرد تاکو هەر زوو بڵێت بوونەتە ئیمپڕاتۆریەتی جیاکار. لاکان پێی‌وایە لە بەرامبەر ئەم جیهانە نوێیە بەربەرییەدا-جیهانی زانستگەرایی و لەقاڵبدانی سوبێکت لەلایەن کۆمەڵگای جەماوەرییەوە- پێویستە بەهاکانی یونیڤێرساڵیزمی فرۆیدی زیندووبکەینەوە.

  ئەوەتان بیر بێت کە چەمکی "پاڵنەری مەرگ(death drive)"، بووەهۆی سەرهەڵدانی چەندین دیبەیتی چڕوپڕ لە مێژووی بزووتنەوەی دەروونشیکاریدا، ئەویش لەنێوان شێوێنەرانی(بە دەرەجە یەک ئەمریکییەکان) و پارتیزانەکانی(ئەورووپییەکان)دا. فرۆید چەمکی پاڵنەری مەرگی لە فۆرمی گریمانەیەکدا لە "لەودیو پرەنسیپی چێژەوە"دا ناساند، تێکستێکی تیۆریی سەرنجڕاکێش کە وای کرد فرۆید ببێتە ڕەشبین، ئەویش لەو کاتەدا وا ئەرووپا بە دەست تاعوونی قاوەییەوە[6] دەیناڵاند. جیهانە کۆنەکە، واتە ئەورووپای فرۆیدی سەرەتا، وردەوردە تاریک و ڕەش هەڵهات. لە "موسا و یەکتاپەرستی(١٩٣٩)"دا، کە بێگومان سپاردەیەکە بۆ نەوەکانی داهاتوو، فرۆید کنەی جەوهەری خراپە دەکات و لە گریمانەیەکی سڕکەردا دەڵێت یەهودی‌بوون چووەتە نەستەوە و ون‌نابێت، شتێکە لەودیو خودی یەهودییەتەوە. لە کۆتاییدا دەڵێت، ئێمە هەرگیز ناگەینە کۆتایی دژە-سامییەت(دژەجوو)، چونکە لە فۆرمی ڕق‌لەخۆبوونیشدا بێت هەر دەمێنێتەوە.

  چ چاوقاییمییەکە! وا دیارە هەندێک لە دەروونشیکاران وەزعیان بەم فرۆیدەی دوایین تێکچووە و پێیان باشتربووە بگەڕێنەوە بۆ کارە کلینیکییەکانی. بەڵام لەمڕۆدا ئەم فرۆیدەی دوایین، لەلایەن فەیلەسوف و مرۆڤناس و مێژووناسەکانەوە بەوردی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. هەر ئەم فرۆیدە مۆدێلە لۆژیکییەکەی لاکانە؛ ئەو لاکانەی لەڕێی (ڕیاڵ-ڕەمزی-خەیاڵی)یەوە ئاڵنگاریی تیۆری دەخاتەبەردەم جیهانی مۆدێرنەوە. لە لاکانی دواییندا، جەخت لە ڕیاڵ دەکرێتەوە: ڕیاڵ، شێتییەکی نەوتراو و ناونەنراوە. بەجددی‌وەرگرتنی ئەم ئاوەژووبوونەوەیە بۆ ئەوەیە پێشانیدەین چۆن لاکان بەرەو هەڵوەشاندنەوەی خۆی و قووتابخانەکەی ملدەنێت. ئەم لاکانەی دوایین ئیمانی بە پێشکەوتن و گۆڕان و شۆڕش نیە. ئەم پیاوەی زانست، ئەم ئەقڵگەرا نایابە، وردەوردە بەپێی تێپەڕینی ساڵ دەبێتە گومانگەرا. سوکوئاسان بڕیار لەسەر میراتەکەی نادرێت...

 

ئـ . ب: ڕەنگە جۆرێک لە ڕۆمانتیسیزمی بەلاڕێدابەر لە لاکاندا هەبێت، کە لە هەموو فیگەرێکی کلاسیکیی بەتەمەنیشدا هەیە.

 

ئـ . ر: بێگومان، هەر لەبەر ئەمەیە لاکانی دوایینم بە باڵتەزار کڵاس بەراوردکردووە؛ ئەو کارەکتەرە باڵزاکییەی لە کۆتایی ژیانیدا هەموو شتێک دەکاتە قوربانی بۆ خولیاکەی دەرهەق بە کیمیا و لە سەرەمەرگیشدا، سرووشێکی بۆ دێت کە ناتوانێت زانستەکەی بگوازێتەوە. و ئەم جیهانە بە جۆرێک جێدێڵێت کە نەیتوانی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئازاری دەدا: لاکان پاش ماوەیەک لە دیارنەمان دەڵێت "من کەللەڕەقم، دیارنامێنم"؛ تا کۆتایی ژیانی ڕوون و شەفاف بوو دەرهەق بە خۆی. بەڵام ئەمە ڕاسپاردەیەک نیە. لاکان، بە پێچەوانەی فرۆیدەوە، هیچ ڕاسپاردەیەک دوای خۆی جێناهێڵێت. ئەوەی لەڕێی پێکەوەنانی گرێ و دەزووەکانەوە درووستیکرد، بە دەستی خۆی هەڵیوەشاندەوە. هەر لەبەر ئەمەیە نەریتی لاکانی، زیاد لە هی فرۆید، لە مەترسیدایە: دەروونشیکارانی یەکەمین بازنەی لاکانی، هیچ میراتێکیان وەرنەگرت هەڵوەشانەوە نەبێت...لاکان هەرگیز نەوەستا لە باسکردنی "کاری هەڵوەشاندنەوە"؛ وەکبڵێی چەمکێکی مەزنە. ئەو وەسوەسەیە درووستدەبێت کە دەبێت بە ڕێگەیەکی نوێ لە لاکان تێبگەین، لەدەرەوەی کایەی دەروونشیکارییەوە. ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی زیندوو بمێنێتەوە.

 

ک . گ: سەرەنجام، حەزدەکەم بزانم بە دیدی ئێوە، لاکان وەک بیرمەندێک تا چ ئاستێک بەسودە بۆ تێگەیشتن لە سەردەمی خۆمان.

 

ئـ . ب: ئەو وەک مامۆستایەکی یەکلاکەرەوە دەمێنێتەوە، لەبەر ئەم هۆکارە-کە گرنگترینە: جیهانی هاوچەرخ بە نادڵنیایی و بەدئاڕاستەکردن و تارمایی قەیرانی هەمیشەیی دەورەدراوە؛ لاکانیش بیرمەندی مەزنی ناڕێکییە[بیرمەندی ڕیاڵـە!]. لە ئاستێکی گشتیتردا، دەکارین بڵێین دەروونشیکاری میتۆدێکی ڕێکی بیرکردنەوەیەلە لە ناڕێکیی سوبێکتیڤ. دەروونشیکاری لەم خاڵەدا تەریبی مارکسیزمە؛ مارکسیزم ئەرکێکی هەیە ئەویش ناساندنی بوونێکی دەستەجەمعییە وا لەسەر بنەمای ئانارشییەتێکی توندوتیژ و ناکۆکیی بێڕەحم و "تینوو" درووستبووە، ئەویش تاکو ببێتە کۆی ناڕێکیی سەرمایەداری. گەر بیرێک لە قەیرانەکانی ئێستا بکەینەوە، لاکان هەر بە گرنگی دەمێنێتەوە، چونکە لە هەناوی ناڕێکیدا، هەوڵدەدات ڕێکیی ناونشین یان چوارچێوەیەک بەدەستبێنێتەوە وا ئاماژەیە بە ئاسۆکانی ڕەمزی. گەر لە سەرەتا لە فیکری لاکانەوە قەبڵاندنێک بکەین، ئەوا دەتوانین بڵێین قەیرانە هاوچەرخەکان قەیرانی ڕەمزیین. جارێکی تر، دەتوانین کاتەگۆرییە لاکانییەکان بخەینەجووڵە تاکو لە زنجیرەیەک دیاردە تێبگەین: مەرگەئازاری هیراشییەتە بۆماوەییەکان، فرەئامادەیی پارە، سووڕی بەتاڵ و خێرای هەموو شتەکان و هتد.

  لە هەمان کاتدا، فرمانە ئیتیکییەکەی "دەست لە ئارەزووت هەڵمەگرە"، لەمڕۆشدا ئامادەییەکی کەمەندکێشی هەیە. لە ڕاستیدا، لە دیاریکردنی قەیرانەکاندا، هەستدەکەیت لەناو بێ‌میدیۆمی(بێ‌نێوەندگیری)دا گیربوویتە. گەر گەرەکت بێت بەرەنگاری وێڵبوون ببیتەوە، بە مانای بەهێزی وشەکە، ئەوا دەبێ ویستێکی هێند بەهێزت هەبێ کە نوقمنەبیت، کوێرانە ملی ڕێ نەگریتەبەر-یان بەدەقیقی بیڵێین، نابێ دەست لە ئارەزووت هەڵبگریت. کۆمەکی لاکان لەمڕۆدا لە دوو ئاستدایە: بە سەرێک، کۆمەکمان دەکات تاکو تێگەیشتنێکی ڕوونمان دەرهەق بە قەیرانەکان هەبێت، قەیران وەک قەیرانی ڕەمزی[7] یان قەیرانی پانتایی ڕەمزی[8]. بە سەرێکی تر، کورتنەکراوەیی سوبێکتی ئارەزووکەر دووپاتدەکاتەوە.

 

ئـ . ڕ: لەژێر چەتری ئەوەی ئالان وتی، پێم‌وایە لاکان چەکی هەڵگەڕانەوەی دژ بە سیستەمی ئێستای سەرمایەدارییە: سەرمایەداریی دارایی لەمرۆڤداماڵراو، واتە بێ هیچ کەس یان سوبێکتێک، بەرەو لەدەستدەرچوون ملدەنێت. گەر بمانوێت دژ بەم شێتییە ئیلهام لە لاکان وەرگرین، ئەوا دەبێ تۆوی ناڕێکی لەناو ڕێکیدا بچێنین. خوێندنەوەی "کانت لەگەڵ ساد(١٩٦٣)"، تێکستێکی پارادایمییە کە خاڵی وەرچەرخانی حیکایەتەکەشە، شایەتی ئەم قسەی ئێمەیە. بەیەکگەیاندنی فرمانی موتڵەق لەگەڵ فرمانی ژویسانسدا بۆ ئەوەیە ئەم پرسە پرسی دوو دیوی یەک کێشەیە: ئەمە ئەو شتەیە وا دەکات ڕۆشنبیرانە کینەوەر(ڕق‌لەدڵ) بین دژ بە هەردوو دیوی کۆمەڵگە و زانستگەرایی و ناڕوونگەرایی هاوچەرخ.

  لە جیهانی ئینگلیزی‌زماندا، فەیلەسوفانی وەک سلاڤۆی ژیژەک یان جودیت باتلەر پێیان‌وایە لاکان نیمچەفیمینیستە[9] یان دژەسەرمایەدارییە. لە فەڕەنسا، زۆربەی دەروونشیکاران-خۆشبەختانە هەموویان نا- لاکانیان لەناو گەمەی وشە و زمانێکی دژواری دووبارەوەبوودا هێشتۆتەوە، و لەسەر کورسی کلینیکەکەیانەوە جیهان دەبینن: زۆربەی کات کۆمەڵێک دۆزی لاکانی دەگێڕنەوە کە ئەمەش ڕووەو ئەدەبیاتی خراپ ملدەنێت. لەوەش زیاتر، ئەوان لاکانیان کردووە بە پەیامبەری بەها دواکەوتووەکان. جا ئەوان ناو-ی-باوک دەخەنەنێو درووشمێکی چەقیوەوە، "یاسای ڕەمزی" بە جۆرێک بەرجەستەدەکەن تا خزمەتی پاراستنی کۆمەڵگە بکات دژ بە "دایکە خراپەکان"، ئەو دایکانەی لێل مناڵەکانیاندا یەکدەگرن بێ ئەوەی ڕێز لە "گرێی ئۆدیپ" بگرن. کۆمەڵگای مۆدێرن دەشێوێنن، ئەمە لە کاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکەن لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنن؛ نە ڕاستن و نە چەپ و نە ناوەڕاست. 

  کەواتە ئەوان بانگەشەی زانستگەرایی ناکەن، بەڵکو بانگەشەی زانست دەکەن- واتە کۆمەڵێ بیرۆکە کە لەلایەن کایەی پزیشکییەوە کۆمەککراون؛ بۆنمونە پێیان‌وایە هۆمۆسێکسواڵەکان، دایکە سینگڵەکان و دایکی مناڵانی ئۆتیست زۆر [لەگەڵ ئەوانیتردا] "یەکدەگرن" و هتد. بۆچی وێنای داهاتووی نزیکی دەروونشیکاری نەکەین، دەروونشیکاریی ئەوکات ڕەخنەی جیابوونەوە و "داوێنپیسی" دەکات، ئەویش لەژێر ناونیشانی "لەبەر چاکەی مناڵان" و پەیوەندیی تەندروستی نێوان خوشکوبرادا. شتێکی نامۆیە، لە هەمان کاتیشدا هەوڵ بۆ گواستنەوەی لاکان، لە لاکانی بارۆک و لیبەرتین و موحافیزکارەوە بۆ لاکان وەک قەشەیەک، شتێکی زیانبەخشە و خۆراکی خۆی لە دەستەیەکی فالیکەوە وەردەگرێت. ئەمە لاکانەکەی من نیە. بڕوام وایە لە فەڕەنسادا شۆڕشێک پێویستە تاکو ئەم تێڕوانینە دەرهەق بە لاکان بگۆڕین. بەکورتی: نا بۆ لاکانە کۆنەپەرستەکە(reactionary)، بەڵێ بۆ لاکانە وێرانکەرەکە.

 

 

ک . گ: سوپاس بۆ ئەم تێڕوانین و شیکارییانە. ئایا کەس لە ئامادەبووان دەخوازێت بەشداربێت و سەرنجی خۆی بدات، یان هەر پرسیارێک لە بادیۆ و ڕۆدینسکۆ بکات؟

 

لە ئامادەبووانەوە: پێمخۆشە بزانم لە بە تێڕوانینی ئێوە لاکان چۆنچۆنی کۆمەک بە پرسی بوون دەکات. بە چ شێوەیەک دەتوانێت کۆمەکمانبکات تاکو لە بوونی کۆنکرێتییمان و بەگشتی لە مانای ژیان تێبگەین؟ گومانی تێدا نیە چەمکەکانی لاکان سەرەوژوورکەرەوەن. بەڵام بۆ ئەوەی بەپڕی لێیان تێبگەین، مەجبوور دەرگیری سیستەم و زمانەکەی ببین، کە لەناوەوەڕا تەواو پێکداچوون. دەشێت هەر لەبەر ئەم پێکداچوون[و داخراوییە] بێت وا وانەکانی وی هیچمان لەبارەی بوونەوە پێ ناڵێن.

 

ئـ . ب: بە دیدی من، ئەوەی لە پرسیارەکەی تۆدا کێشەدارە، ئەوەیە هەر بەدەقیقی مەبەستت لە بوون چیە. بەدرێژایی ئەم گفتوگۆیە باسمان لە گرژیی نێوان نەزمی ڕەمزی و کورتنەبوونەوەی سوبێکتیڤیتە بۆ ئەویتر لای لاکان کردووە. گەر باسمان لە گرژییەکی بەم جۆرە کردبێت، ئایا باسمان لە خودی بوون نەکردووە؟ لەوەش زیاتر، من هیچ لەگەڵتدا هاوڕا نیم: زمانی لاکان بە هیچ جۆرێک بەسەر خۆیدا دانەخراوە. ڕێک بە پێچەوانەوە، پڕە لە کونوکەلەبەر و خاڵی دەرچوون. زمانی وی وەک ڕێیەکی پێچەڵپێچ وایە کە لەناو خۆیدا دەرگای چوونەدەر و ئیمکانی هەڵهاتنی تێدایە. سەبارەت بە خۆم، هەرگیز لاکانم نەخوێندۆتەوە و هەستبکەم زیندانی‌دەکرێم. هێشتا لە سیستەمەکەیدا ئەمە زیاتر بەو جۆرەیە. فیکری وی چەندین چین و توێژی هەیە کە ڕێکخستنێکی سیستەماتیکیان نیە. لاکان زنجیرەیەک لە چەمک دەنێرێت و ئامادەدەکات-هەر لەبەر ئەمەیە کە لاکان گرنگە- کە لە هەمان کاتدا ئاڵۆزن و تاقانە، پەرشوبڵاو و پەیوەست. ئەوە دەکەوێتە سەر خوێنەر ئاخۆ تاک‌تاک وەریاندەگرێت یان تێکڕا بەیەکەوە. ڕەپتی بە خۆیەوە هەیە کە لە چینێکەوە بڕوات بۆ یەکی دی. لاکان ئازادییەکی تەواوی فەراهەمکردبوو دەرهەق بەو شتەی خۆی دایهێنابوو. من و ئێلیزابێسیش باسمان لەو ڕێگایانە کرد وا وانەکانی لاکان لێیانەوە خزمەتیان کردین. لاکان لەوەدا سودبەخشبوو کە تێگەیشتین لەوەی بوون و سوبێکت و هەبوون. ئێستا من هیچ جیاوازییەک لەو نێوانەدا نابینم. لە بنجدا، پرسیارەکەی تۆ بەرامبەرکێی نێوان فیکر(فیکری داخراوی لاکان، بە دیدی تۆ) و بوونی وەک باکگراوند هەڵگرتووە. ئەم بەرامبەرکێیە بۆ من شتێکی هەڵە و هەڵبەستراوە.

 

ئامادەبووان: لاکان پەرەسەندنی دەروونشیکاریی فرۆید دەنوێنێتەوە. ئایا پێت‌وایە دەروونشیکاریی فەڕەنسی لەپاش مەرگی لاکانەوە لە پەرەسەندن بەردەوام بووبێت؟ ئایا، بە مانای دەقیقی وشەکە، خۆی نوێکردۆتەوە؟

 

ئـ . ڕ: پێم‌وایە دۆخی ئێستای بزووتنەوەی دەروونشیکاری لە فەڕەنسا شایەتحاڵی کۆتایی‌هاتنی ئاوارتە فەڕەنسییەکەیە. لاکان بەرجەستەکەری ئەم ئاوارتەیە بوو، و لەمڕۆدا دەروونشیکاران(نەک تەنی لاکانییەکان) لە دۆخێکی دژواردان: ماتەمی فیگەری ئاغا(مامۆستا-master). پڕاکتیکی دەروونشیکاری وەک جاران نەماوەتەوە: بووەتە پیشەیەک کە لەڕێی ڕێکخستنی سنوردارکەر و مەنهەجەوە لەقاڵبدراوە. گەر بتەوێت لە دەزگاکاندا وەک دەروونشیکارێک کاربکەیت، گەرەکە دیپلۆمت لە سایکۆلۆژیادا هەبێت. دەروونپزیشکانیش چیتر مەیلیان بە لای دەروونشیکاریدا ناڕوات، چونکە دەروونپزیشکی تێکەڵی بایۆلۆژیا کراوە و چارەسەری کیمیایی تێیدا باڵادەستە. قووتابخانەی فەڕەنسیی دەروونشیکاریش، ئیتر لە هەر بارودۆخێکی جیاوازدا بێت، وەک ئەوانی تری لێ کراوە و لە ئاستی گلۆباڵدا هیچی تایبەتی نیە پێشکەشیبکات. لەناوەوەڕا کۆڵێک ناکۆکی هەیە، بەڵام ئەمە شتێکی سەیر نیە. بەڵام لە مۆسکۆ[ڕوسیا] بە پێچەوانەوەیە، دەروونشیکاری لەڕێی چەندین گرووپی دەروونشیکارییەوە فراوان دەبێت. لە بۆینس‌ئایرس[ئەرجەنتین] بە هەمان شێوە چەندین گرووپ هەن[10]. لە زانکۆکانی بەڕازیل لەبری سایکۆلۆژیا(دەروونناسی) دەخوێنرێت. هەروابێتەوە، چوار یەکێتیی گەورە هەن کە چەندین یەکێتیی بچوک بەڕێوەدەبەن. بەڵام ئەوەی لەم یەکێتییە بەهێزانەدا نوقسانە ڕۆح و خواستی دەرگیربوونی ڕۆشنبیری و سیاسییە. بەکورتی، ئەوان داهێنەریان نیە، ڕۆحێکی سەرکێشیان نیە، فیکریان نیە.

  دەروونشیکاران بە کارکردن لەگەڵ دەرووندا، نەبوونەتە ڕۆشنبیر: بوونەتە تێراپیستی دەروون و دکتۆری ئازارە دەروونییەکان. تراژیدیاکە ئەوەیە لە هیچ شوێنێک دەروونشیکاری وەک ئەنترۆپۆلۆژیا و مێژوو و ئەدەب یان فەلسەفە حسابی نەزمێکی سەربەخۆی بۆ ناکرێت. و مادەم زانست نیە-زانستی وەک بایۆلۆژیا و فیزیا-، بە جۆرێک لە جۆرەکان بووەتە لقێک لە دەروونناسی. هەموو شتێک ڕوودەدات، وەکبڵێی ئەم نەزمە هی هەڵگرەوەکانە نەک دامەزرێنەرەکان: فرۆیدییەکان پێیان‌وایە کارەکانی فرۆید هی وانە؛ کڵاینییەکان پێیان‌وایە میلانی کڵاین هی وانە؛ لاکانییەکان پێیان‌وایە هەڵگری حەقیقەت و وشەی مامۆستاکەیانن. بە دەربڕینێکی تر، دەروونشیکاریی پێگەی خۆی لە فەزای گشتی یان زانکۆکاندا وەرنەگرتووە. ئەمە بۆ کایەکانی تر، کە چیتر ڕەپتیان بە دامەزرێنەرانییانەوە نەماوە، وا نیە. کۆمەڵناسی هێندەی ڕەپتە بە هەڵگرەوەکانییەوە، هێندە بە ئێمیل دۆرکهایمەوە ڕەپتنابێتەوە؛ بەجیهانی‌کراوەتەوە.

  ئایا دەروونشیکاران مەحکومن بەوەی ببن بە دەروونناس، تەکنیککاری ڕۆح یان تێراپیستی دەروون؛ واتە، ئایا ئەوان تەنیا بەرهەمی توێژینەوەیەکی زانستیین؟ ئایا مەحکومن بەوەی جێی دەروونپزیشکان بگرنەوە، کە لە ئێستادا دەروونپزیشکی خەریکە دەکرێتە بەشێک لە دەمارناسی؟

  ڕوونە دەشێت ئامڕازەکانی ڕەخنەکردنی پەرەسەندنی بزووتنەوەی دەروونشیکاری و "پیشە"ی دەروونشیکاران لای لاکان-بیرمەندی ناڕێکی- بدۆزینەوە. زیندووکردنەوەی دەروونشیکاری تەنێ لە کلینیکەکانەوە ناکرێت، بەڵکو گەرەکە لەدەرەوەی کلینیکەکانیشەوە کاری لەسەر بکرێت. گەرەکە چۆنچۆنی ڕاهێنان بە کەسانی کلینیکی بکرێت تاکو لە ئاستێکی باڵادا و لە کاتی پێویستدا توێژینەوەی داهێنەرانەیان هەبێت، ئەویش تاکو لە دەزگا پزیشکییەکاندا پڕاکتیزەی پیشەکەیان بکەن، تاکو دیپلۆم لە دەروونناسیدا بەدەستبهێنن، ئەویش ڕێک لەو کاتەدا کە لە قووتابخانەیەکی دەروونشیکاریدا ڕاهێنایان پێ دەکرێت؟

 

ئـ . ب: بەدوای ئەوەدا ئێلیزابێس وتی، دەمەوێت "گلەیی"ـەک بکەم-جا دوای ئەو هەموو شتە بۆ نا؟ بەم دواییانە لە فەڕەنسادا، دەبینین هێرشی توندوتیژانە و هەڵەشانە دەکرێتەسەر دەروونشیکاری. ئەم هێرشانە دەلالەتن لە هەڕەشەیەکی گشتی بۆ سەر کایەی ڕۆشنبیری. وەک دەزانین دەروونشیکاری تاکە ئامانجیان نیە. مارکس کراوەتە بابەتی هێرشی توند، لە چاوی مۆراڵیستەکانمانەوە وەک بەرجەستەکەری نامرۆڤانەبوونی تۆتالیتاریزم  دەبینرێت. داروین لەلایەن ئەمریکییە کۆنەپەرستەکانەوە "ئەشکەنجەدراوە". هەوڵێکی شاراوەش هەیە بۆ ئەوەی کەشفەکانی ئەنیشتاین بخرێنەژێر پرسیارەوە. هەموو ئەم هێرشانە مەرامیان ئەوەیە-ئیتر ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ-فیگەرە مۆدێرنەکانی کایەی ڕۆشنبیری وێرانبکەن تاکو لەڕێی کۆمەڵێک لەتەبەرهەمی تەکنیکییەوە، کە خۆشوئاسان بەکاردەهێنرێن و "سۆس"ێکی مۆراڵییان کراوە بەسەردا تاکو لە هەموو جێیەکدا بەکاربهێنرێن، جێیان بگیرێتەوە. پێم‌وایە زەروورە لە دژی ئەم بێنرخکردن و سوککردنەی دەروونشیکاری و سیاسەت و زانست بووەستینەوە. هەڕەشەکە زۆر جددییە و ڕاستەقینەیە. گەر هاوکێشە بەناوبانگەکەی کلێمێنسوو بەکاربێنین، ئەوا ناکرێت سەنگەری دەروونشیکاری بەتەنیا بۆ دەروونشیکاران چۆڵبکەین. گەرەکە بەرەنگارییەکە فراوان بکرێت.

  بێگومان، دەروونشیکاران لە بەرەکانی پێشەوەی ئەم جەنگەدان، تاکو نەزم و پراکتیزەیان بناسرێتەوە. لەپاڵیدا، ئەو بەپیشەیی‌کردنەوەی ڕۆدینسکۆ باسیکرد، هەڕەشەی خۆگونجاندن دەڕسکێنێت. نابێ دەروونشیکاری بدەینەدەست ئەم قەدەرە و خۆمانی لێ لادەین؛ یاریمەندی لەدەرەوەڕا پێویستە. لە ڕاستیدا، پێم‌وایە ئەو تۆمەتانەی دەدرێنەپاڵ دەروونشیکاری، زۆر لەوانەی مارکسیزم ترسناکترن. مارکسیزم پێشگریمانە و پێشنیاری شەڕێک دەکات! ئەوەی لەمڕۆدا بەسەر دەروونشیکاری دێت، زۆر مەترسیدارترە-دەبێت زۆرباش ئاگادار بین. چونکە هەوڵ بۆ لەناوبردنی لاکان یان فرۆید، هەوڵە بۆ تێپەڕاندنی چەمکی سوبێکتی مۆدێرن. گەر ئەمە ڕووبدات، دەرگا بۆ خراپترین ئایدۆلۆژیا کۆنەپەرستییەکان واڵادەبێت. هەر لەبەر ئەمەیە شکۆدارانە ئەم گلەییە دەکەم: هەستن و بەرگری لە دەروونشیکاری بکەن...ئیتر بە هەر جۆرێک بێت.

 

ئـ . ڕ: ئەرێ چۆن دەکرێت هاوبەشی ئەم گازندەیە نەکەین؟ من ئەمە بە هەموو ویست و توانامەوە دەکەم؛ و ئەوەی من لە چەندین بۆنەدا تێبینمکردووە ئەوەیە، دەروونشیکاران زۆر داماوانە ئەمە دەکەن. ئەمە لێدوانێکی زبر دژ بەوان، بەڵکو تەنێ تێبینیکردنێکە. وان تووشی دژوارییەکی زۆر دێن لە شیکارکردن و شەڕکردن دژی ئەم ئەنتی فرۆیدیزمە تەقەتەق‌کەرە، و زۆر جار کاتێک تووشی ڕاجیاییەک دێن بێلایەن دەمێننەوە، یا ئاوات بە ڕۆژانی باشتر دەخوازن ، یا بە گەڕانەوەیەکی نۆستالژی بۆ ڕابردوو: "سەردەمی من، شتەکان باشتر بوون". لەمڕۆدا و هەروەک پێشتر، هێرشەکان بۆ سەر فرۆید ناڕاستگۆیانەن، بەڵام بە لوتفى ئەنتەرنێت زیاتر بڵاودەبنەوە. هێرشێکی هەڵگەڕاوە پێویست و لازمە. بەڵێ، دەبێ بچینە بەرەی بەرگریکردن لە دەروونشیکاری. و گەرەکە ئەمە لەڕێی یەکخستنی هێزەکانمانەوە بکەین لەدەرەوەی بازنەی دەروونشیکارییەوە. گەرەکە هەموان خۆ بە بەرپرسیار بزانن: ئەمە کێشەی شارستانییەتە.

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] دەزگایەکی چاپکردنە.

[2] Not-being

[3] Cf. Lacan’s “Introduction” to the German edition of his Écrits, from 1973, and published in Scilicet 5 (1975): 11–17.

لاکان لێرەدا زیاتر مەبەستی لە میتافیزیکە نەک فەلسەفە.

[4] Cf. Lacan, Écrits, 516.

[5] مەبەست لە فرۆیدی دوایین، فرۆیدی پاش "لەودیو پرەنسیپی چێژەوە"یە-و

[6] Brown plague

[7] Symbolic crisis

[8] Crisis of the Symbolic

[9] Quasi-feminist

[10] ژاک ئالان میلەری زاوای لاکان و مێردی جودیت لاکان، لە چاوپێکەتنێکدا شایەتییەکی هاوشێوە دەدات. کاتێک پێکەوە لەگەڵ جودیتدا سەردانی ئەرجەنتینیان کردبوو و کابرای پشکنەر ناسنامەکەی جودیتی بینیبوو و ناوی لاکانی بەسەرییەوە بینیبوو، لێی پرسیبوو: "کچی دەروونشیکارە بەناوبانگەکەی؟"-و