A+    A-
(593) جار خوێندراوەتەوە

دایالۆگى ڕۆدینسکۆ و بادیۆ لەمەڕ دەروونشیکاریی لاکان

                 (بەشى پێنجەم)

 

 

 

 

 

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

 

 

ک . گ: گەر نەخشەڕێژانە لە پرسەکە بڕوانین، دەتوانین بڵێین، لاکان بە پێچەوانەی فرۆیدەوە، باڵادەستیی زمان وەک هەلومەرج و پێکهاتەی نەست دەبینێت. لاکان خۆی وەک ئەو کەسە دەردەخات کە فرۆیدی خوێندۆتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ کارەکانی. ئەم پارادۆکسە جیاوازییەکی ڕوون دادەشارێت: لەنێوان دامەزرێنەری دەروونشیکاری، بۆرژوایەکی ڤیەننایی، و لاکاندا، کۆزمۆپۆلیتێکی پاریسی، ستایلێکی جیاوازیش بوونی هەیە. چۆن لەمە تێدەگەیت؟

 

ئـ . ب: لە ڕاستیدا پرسی ستایلە ئەدەبییەکەی لاکان زۆر گرنگە و بە جۆرێک بەشێک لە شوناسی وی پێكدێنێت. پەخشانەکەی فرۆید، کە بە زمانێکی کلاسیکیی قەشەنگ نوسراوە، هەم چڕە و هەم ڕوون، بەدوای نەزمێکی خستنەڕوودا دەگەڕێت کە لە بزووتنی ڕاستەقینەی فیکرەکەیەوە سەرهەڵدەدات. ستایلەکانی لاکان پتر لە شەپۆلەکانی نەستەوە نزیکن: خۆیان بە دەربڕینێکدا هەڵدەواسن کە لە هەر نەزمێکی ڕەنگدەرەوەی ئاگایانە هەڵدێت. نوسینەکانی لاکان سیحرێکیان تێدا بوو وا منیان شۆک‌کردبوو، وەک سەرنجڕاکێشیی هەندێک لە شاعیرە مۆدێرنەکان؛ بۆنمونە مالارمێ. زمانی لاکان فڕوفێڵێکی بەم چەشنەی تێدایە: نوسین هەمیشە شتێکی زیاترمان دەداتێ بۆ ئەوەی بیری لێبکەینەوە، زیاد لەوەی پێشتر لێی تێگەیشتبووین، وەکبڵێی هەر گوزارەیەک پاشماوەیەکی هەیە و لە هەموو تێگەیشتنێکی تاک‌‌مانایانە هەڵدێت. ئەوەی وتراوە، گرێدراوە بە ئەکتی وتنەوە، وتنێک کە لە بێ‌میدیۆمیی خۆی دەردەچێت و هەرگیز لە یەکەم نیگای تیۆریدا ناگیرێت. هەندێ جار لاکان بەوەش تۆمەتبار دەکرێت کە خەریکی ڕیتۆریک و ڕەوانبێژی بووە، ئەویش تاکو گوێگران و خوێنەرانی ڕاکێشێت و لەخشتەبەرێت. لە ڕاستیدا، ستایلی لاکان تێکەڵکردنی تەواوەتیی پێچەڵپێچی ڕستەسازیی زمانە لەگەڵ ڕەگەزە فەڕەنسییەکەی "حیکمەت-maxim"دا. لاکان کۆمەڵێ فۆرمولەی داهێنا کە دواجار بەناوبانگ‌بوون: "پەیوەندیی سێکسی بوونی نیە"، "ژن بوونی نیە"، "فریونەخواردووەکان هەڵەدەکەن"، "لەو جێیە بیرناکەمەوە کە هەم" و هتد. ئەم دەربڕینانە، کە دەربڕەکەیان دەخەنەپاڵ بیرمەندە مەزنە مۆراڵیستە فيرەنسییەکانەوە، لە پێچوپەنایەکدا بەرجەستەدەبن وا ئێمە بەرەو سوپڕایز و ئاڵۆزییە تیۆرییەکانی خەون ئاڕاستەدەکات. زمانی لاکان، شوێنگەی بەرکەوتنە لەگەڵ تێهەڵکێشکردنی ئاڵۆزی حیکایەتی خەون و پاراویی فۆرمولەکان(ئەویش تا ئەو ئاستەی زمانی فەڕەنسی لە توانایدایە). لاکان بە شێوەیەکی ناوازە ئەم دوو دیوەی قۆستەوە: لە لایەکەوە، ئەو ڕستە پاراوانە دەبینین وا جێی خۆیان دەگرن؛ لە لایەکی ترەوە، ئەو ڕێگە ئاڵۆزانەی زمان دەگرێتەبەر وا ناتوانین لێیان تێبگەین و خۆیان تا ناکۆتا پەرشدەکەنەوە. بەکورتی، ئەمە زمانی دەروونشیکارە، لەوەش زیاتر، زمانێکە تێهەڵکێشی بزووتنەوەی دەروونشیکارییە. لە کۆتاییدا، دوور لە هەر نیشتیمانپەروەری یان هەر نەتەوەپەرستییەک، پێم‌وایە ئەمە زمانێکی تەواو فەڕەنسییە. مەودای [نێوان لاکان] و فرۆید، کە فیکر و نوسینەکانی لەو سەرچاوانە دانابڕێن کە ئەڵمانیین، هەر لەوێدایە[بە دەربڕینێکی تر، مەودای نێوان فرۆید و لاکان، مەودایەکە بەهۆی زمانەوە].

 

ئـ . ڕ: هەندێ جار لاکان دەخرێتە بەرەی جەماعەتی سەدەی حەڤدەوە(فۆنتەین و ڕۆشفۆکۆ)، هەندێ جاریش سەدەی هەژدە و بارۆکەکان. نوسینە ڕۆمانتیکی و پۆزەتیڤیستییەکانی سەدەی نۆزدە، بەو نامۆن. لە ڕاستیدا، ئەو ئایدیای ڕۆحی ئەدەبی فەڕەنسی زیندوودەکاتەوە. لاکان نوقمی مێژووی زمانە ڕەسەنەکەی خۆیەتی: قسەی بە هیچ زمانێکی تر نەدەکرد. بەڵام گوێگرتن یان خوێندنەوەی لاکان-زیاد لە فرۆید-، هاوکات بیستنی نەستە لە کاتی کارکردندا. لاکان دەنگی ناخەکی نەستە. ئەمە لە کۆتا ساڵەکانیدا دەردەکەوێت کاتێک لەڕێی ئاماژەکردن بە (Finnegans Wake)ـی جەیمس جۆیسەوە تۆپیکی ڕەمزی-خەیاڵی-ڕیاڵ دەگۆڕێت بۆ ڕیاڵ-ڕەمزی-خەیاڵی.

  بەڵام فرۆید پتر ڕۆمانتیکێکی سەدەی نۆزدە بوو. چەشنی نوسینەکانی پتر لە ڕۆشنبیرانی سەردەمی خۆیەوە نزیک بوون. بێ گوێدان بە ئاڤان‌گاردەکان، ئیستاتیکای کارەکانی فرۆید پتر لە هی ڕۆمانەوە نزیک بوون، بەڵام حیکمەتی مۆراڵیستە فەڕەنسییەکان-کە لاکان زۆر پەسنی دەکردن-هیچ شتێکیان نەبوو ڕەپتی بە ڕۆمانەوە هەبێت. گەر بتەوێت ڕەهەندی ڕۆمان، بەو واتایەی لە سەدەی نۆزدەدا بەکاردەهات، لە لاکاندا بدۆزیتەوە، ئەوا بگەڕێرەوە بۆ ژیانی نەک نوسینەکانی؛ ژیانێک کە پڕیەتی لە ئاڕاستەگۆڕینی ناڕێک و شێواو. ئەمە جیاوازییەکە لە بوون و ژیانە ئاساییەکەی فرۆیددا! دەبێت بزانین وان ئاشنای ئەزموونی جەنگ بوون لە ئەورووپا: فرۆید جیهانی دێرینی ئیمپڕاتۆریەتەکانی بینی و لە وێرانەیەکەوە هات، بەڵام لاکان لە سەرکەوتنی نازیزم و داڕمانی ئەورووپادا ژیا. ئەم دوو بیرمەندە، دوو پەیوەندیی زۆر جیاوازیان بە نوسینەوە هەیە. فرۆید لە ڤیکتۆر هوگۆ دەچێت: گشت ڕۆژێک بە سادەییەکی تۆقێنەرەوە دەنوسێت. ئەو نامەنوسێکی ماندوونەناس بوو، زیاد لە بیست‌هەزار نامەی نوسیبوو، لەو بیست هەزارەش نیوەیان دۆزراونەتەوە. ناکرێت بێ ڕەچاوکردنی ئەو نوسینە زۆرانە لێکۆڵینەوە لەسەر کارکانی بکرێن. بەڵام لای لاکان ڕێک بە پێچەوانەوەیە، نوسین جۆرێکە لە ئازارچەشتن. نوسین بۆ لاکان، هەمیشە تاقیکردنەوەیەکی تراژیدی بووە.

  جا بۆیە دوو مرۆڤمان کە هەیە کە هیچیان لە یەک ناچێت. کەچی لە فەڕەنسا و لە سەرەتای پەنجاکاندا، ئەوە لاکان بوو کە بە شێوەیەکی بەرهەمدار گەڕایەوە بۆ کارەکانی فرۆید. پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێشە. لاکان لە دەروونپزیشکییەوە سەریدەرهێنا، ئەو خوێندکاری گایتەن گاتیەن دو کلۆرۆمبۆ بوو، خولیایەکی زۆری بۆ دەروونپەشێوی و ئەو شتانە هەبوو کە فرۆید خستبوونیەڕوو. بەڵام هەر ڕێک لەبەر ئەم مەودا زۆرەی لەگەڵ دامەزرێنەری دەروونشیکاریدا-و لە ئاستی ڕۆشنبیریدا تەواو بێوەفا بوو بەرامبەری- لاکان توانی بگەڕێتەوە بۆ پەیامی نوسینەکانی فرۆید، ئەمە لە کاتێکدا بینینی فرۆیدی ڕەتکردەوە، وێڕای ئەوەشی دەیتوانی بیبینێت.

  لاکان لە سیاقێکی مێژووییدا گەڕایەوە بۆ فرۆید کە لەگەڵ دەستپێشخەرییەکی وەهادا گونجاو نەبوو. لە پەنجاکاندا، کۆمەڵەی دەروونشیکاری دەیانویست بەسەر فرۆیددا زاڵببن و فرۆیدی ڤیەننایی جێبێڵن، چونکە پێیان‌وابوو بەسەرچووە. جا لەپاڵ ئەمەدا، بەشێک لەوانەی دەیانویست ئەم جێهێشتنە جێبەجێبکەن، فرۆیدیان دەناسی و ناچارکرابوون بەهۆی نازیزمەوە ئەورووپا جێبێڵن؛ هەموو ئەوانە جوو بوون و یادگاریی ئەو جیهانەیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتبوو وا وێران بووبوو و چیتر نەیاندەویست، ئەویش چونکە-بەزەحمەت- توانییان تێهەڵکێشی جیهانی ئەنگلۆ-ئەمریکی ببن.

  لاکان، ئەو کاتۆلیکەی ڕیشەی فەڕەنسی هەبوو، لە هەموو جۆرە باوەڕێکی شۆڤێنییانە دابڕابوو، هاتە سەر مەسرەح و داوای گەڕانەوەی بۆ ڤیەننا کرد. بەڵام کام ڤیەننا؟ ڤیەننای کۆچکردوان نا، بەڵکو ڤیەننایەکی خەیاڵی؛ ڤیەننایەک کە لەڕێی بونیادی دالەوە بونیادنراوەتەوە. و لە دەرسگوتارەکی ڤیەننادا(شت‌ـی فرۆیدی-١٩٥٥)، لاکان ئەوە دەڵێت کە دەروونشیکاری یەکسانە بە پەتا(تاعوون)، و دەتوانێت زەین ژەهراوی بکات. لاکان ئەورووپای سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتەکانی ناوەڕاستی نەبینیبوو: ئەو بە هەموو جۆرێ فەڕەنسی و پاریسی بوو. ئەمە پیشەگەرە ناوازەکەیە: ئەوەی بە شێوەیەکی بێ‌وێنە گەڕایەوە بۆ کارەکانی فرۆید، ئەو کەسەی بووەهۆی ئەو شتەی من پێی دەڵێم "بڵندکردنەوەی ئۆرتۆدۆکسانەی فرۆیدیزم"، ئەو نە بەشێک بوو لە بازنە فرۆیدییەکە، نە کۆچکردوویەکی ڤیەنناش. ئەو لەدەرەوەڕا هات، بەتەواوی کرابوویە دەرەوەی حەکایەتە فرۆیدییەکە. کەس پێشبینی لاکانی نەدەکرد؛ بێگومان فرۆید نا. لێرەوە دەتوانین بەئاسانی لەوە تێبگەین بۆچی لاکان هێند لە بریکارەکانی دەروونشیکاریی نێودەوڵەتی تووڕە بوو، بە ئاستێک تووڕە بوو وا لەلایەن ئەوانەوە ڕەتبکرێتەوە. ئەویان وەک نەناسراوێکی تۆقێنەر و گومڕایەکی "نوستوو" دەبینی. ئەو لە هیچ جێیەکی جینالۆژیای فەرمیی فرۆیدیزمدا بوونی نیە، نە لەناو ڤیەنناییەکاندا، نە لەناو ئەوانەی قاڕەی ئەمریکای باکووردا.

 

ک . گ: ئالان بادیۆ، لەگەڵ ئەوەدا هاوڕای ئێلیزابێس ڕۆدینسکۆ هەر ئێستا وتی؟ گەر لاکان بەوەفا بووبێت بەرامبەر فرۆید، ئایا لەبەر ئەوە بووە کە هیچی لەو نەچووە؟

 

ئـ . ب: بەڵێ، ئەوە نکۆڵيی لێ ناکرێت. بەڵام ئەم جۆرە بەوەفاییە لە مێژووی فیکردا شتێکی نامۆ نیە. زۆر جار ئەوە ڕوودەدات کە داهێنانی فیکری، لەڕێی دەستوەردانێکەوە درووستدەبێت و گەورە دەبێت وا لەدەرەوەڕا دێت. بەش بە حاڵی خۆم دەخوازم ئەوە بڵێم، لەناو ئەو ڕەگەزە "بیانی"یانەی کە لاکان بۆ بونیادنانەوەی دەروونشیکاری بەکاریهێنان، پشکی شێر بەر فەلسەفە کەوت- و ئەمە بەرەو ئەوەم کێشدەکات بڵێم...فەلسەفە یەکێک لە ئامڕازە گەورەکانی نوێکردنەوە لاکانییەکە بوو. ئەرێ لە کۆی سیمینارەکانیدا، هەر بەڕاست، ئێمە بەر کێ دەکەوین؟ ئەفڵاتوون، سپینۆزا، هیگڵ، کیرکەگارد، هایدیگەر، ڤیتگنشتاین و چەندانی تر. ئەم دەروونشیکارە هەمیشە پشتی بە فەلسەفە دەبەست، و تەنانەت دەتوانیت مێژووی فەلسەفە بەپێی لاکان بنوسیتەوە. گومانی تێدا نیە شتێکی نامۆ و دڵڕفێن دەبێت. لە هەر جارێکدا، فەیلەسوفان لەفلتەردەدرێن و پاچڤەدەکرێنەوە و دەخرێنەناو نەزمێکەوە کە هی خۆیان نیە. تەنانەت دەبنە کارەکتەری مومکینی ئەڵقەی دەروونشیکاری. ئەمە بەتایبەت سەبارەت بە سۆکرات ڕاست دەکەوێتەوە؛ یەکێک لە دوێنەرە گرنگەکانی لاکان.

 

ک . گ: ئەمە بۆ ئەفڵاتوونیش ڕاستە، چونکە لاکان دەیوت ئەفڵاتوون لاکانى بووە...

 

ئـ . ب: بێگومان! لاکان بە شێوەیەکی ڕیترۆئەکتیڤ و پاشەوپاش زۆر فەیلەسوفی تری کردە لاکانى! بەڵام ئەمەی لەڕێی بەهرەیەکی تایبەتەوە دەکرد. بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی باوەوە، لاکان زیاتر لەو تێکستانەوە نزیک بوو کە دەیتوانی بەناویاندا گوزەربکات. لێکدانەوەکانی، کە هەنێ جار بێشەرمانە یان ڕووتەڵە بوون، بە شێوەیەکی بێمانا و هەرلەخۆوە درووستنەبوون. ئەو ئازادانە بەناو هەیکەلی فەلسەفەدا دەسووڕێتەوە، لەنێوان وەرگرتن و دەرکردنی ڕادیکاڵانەدا دێتودەچێت. لاکان لە زۆر شوێنیشدا خۆی بە ئەنتی فەیلەسوف ناوزەدکردووە. با بە نمونە خوێندنەوەکانی وی بۆ ئەفڵاتوون وەرگرین: هەندێ جار لەپێناو مەبەستەکانی خۆیدا، دەست بەسەر کەرەستە ئەفڵاتوونییەکاندا دەگرێت. لە سیمیناری "...یان خراپتر[1]"دا، کۆی دیالۆگی پارمەنیدسـی ئەفڵاتوون بۆ مەبەستی خۆی باسدەکات. لە جێی تردا، بێڕەحمانە پلار لە ئەفڵاتوون دەدات، بۆنمونە کاتێک کۆی پرۆژە سیاسی و فەلسەفییەکەی ئەفڵاتوون "کۆمار" کورتدەکاتەوە بۆ بەخێوکردنی کۆمەڵێ ئەسپی گوێڕایەڵ...لاکان هەموو سانیەیەک لەگەڵ فەیلەسوفاندا نەرم نیە، و ئەو تۆمەتانەشی دەیداتەپاڵیان، زۆر جار توندوتیژانەن.

  بە خوێندنەوەی ئەم ئەنتی فەیلەسوفە نامۆیە کە شەیدای زۆرێک لە فەیلەسوفانیشە، گەیشتمە ئەو دەرەنجامەی فەیلەسوفانی هاوسەردەمی من، بێ ڕووبەڕوونەوەیەکی ڕاستەقینە لەگەڵ لاکاندا، هیچیان پێ ناکرێت. ئەمە تەنیا پەسن و هەڵسەنگاندنی دەرەکێتیی فەلسەفە نیە لە پەیوەند بە دەروونشیکارییەوە. ئەوەی لەوێدا ڕوودەدات، پرسێکە پتر ناوەکی و شاراوەیە: فەیلەسوفان چۆن دەتوانن و گەرەکە پەیوەستببنەوە بەم بەکارهێنانەی فەلسەفە لەلایەن لاکانەوە، یان پەیوەستببنەوە بە تێمای ئەنتی فەلسەفەوە؟ تا چ ئاستێک، چەمکی نەزمی فەلسەفی لە دیدی ئێمەدا، لەلایەن ئەم شێوازە جووتهەستییانەی لاکانەوە لەقیوە، یان کاریگەری کەوتۆتەسەر؟ لە کۆتاییدا و بە دیدی من، ناکرێت هیچ فەلسەفەیەکی هاوچەرخ بە گرنگ بزانین، ئەگەر لە بەرامبەر لێکدانەوە لاکانییەکەی فەلسەفەدا خۆی نەپێوابێت-ئیتر لە خاڵێکدا یان لە درێژەی ڕێگەکەیدا.

  ئەمە لە هەموو حاڵەتێکدا گرنگە، لاکان فەلسەفەی تا ئەم ئاستە هێنا تاکو مۆدێلە ڤیانناییە فرۆیدییەکەی دەروونشیکاری ڕێکبخاتەوە و تەنانەت هەڵیشیگێڕێتەوە. لە هەمان کاتدا، ئەمە جۆرێک لە ڕکابەریی بێ‌دەنگی لەنێوان دوو نەزمەکەدا درووستکردووە. لاکان هەنێ کات ئەم ناکۆکی و ڕکابەرییە دەشارێتەوە و هەنێ کاتیش دەریدەخات: هەندێ جار وای دەردەخات کارەکتەرێکە لەسەر ستەیجی فەلسەفەدا، هەندێ جاریش وای دەردەخات ئەوە وییە کە ئەم ستەیجە جێدێڵێت تاکو بەتەواوی فەلسەفە بخاتەنێو فەزایەکی ترەوە؛ واتە، بەو جۆرەی خۆی تێیدەگات، فەزای (دەروون)شیکاری. ئەو ساحیرێک بوو وای دەکرد فراگمێنتێک لە سەربەرزی لە مێژووی فەلسەفەدا دەرکەوێت، ئەویش تاکو سەرنوگمی بکاتەوە و بیخاتەوە بن هەنگڵی دەروونشیکاری.

 

ئـ . ڕ: لێرەدا پارادۆکسێکی نوێمان هەیە. لاکان ژێستێکی زۆر بەهێزی هێنانەوەی فەلسەفەی بۆ ناو دەروونشیکاری نواند. لەتەک ئەمەشدا، لە ڕاستیدا پەیوەندیی وی بە فەلسەفەوە، کێشمەکێشی ژیان-و-مەرگ بوو. لاکان فەلسەفەی بەکاردەهێنا تاوەکو بە شێوەیەکی باشتر دەرگیری کێشەیەک ببێت. لە هەموو ساتێکدا بە گژی [فەلسەفەدا] دەچوویەوە. فرۆید بە هیچ شێوەیەک تێڕوانینێکی بەم جۆرەی لەبارەی فەلسەفەوە نەبوو. ئەم خاڵەش گرنگە: لە فەڕەنسا، ئەوە شتێکی نامۆ نەبوو کە لە شەستەکاندا ڕۆشنبیران پاش خوێندەوەی لاکان، دەستیان بە خوێندنەوەی فرۆید دەکرد. فرۆیدیان لەبن چەترە لاکانییەکەدا دەخوێندەوە. کاتێک کارم لەسەر کتێبەکەم "مێژووی دەروونشیکاری لە فەڕەنسا" دەکرد، پێویست بوو خۆم لە لاکان داماڵم تاکو فرۆیدە ئۆرگیناڵەکە بدۆزمەوە. لەدەرەوەی فەڕەنسادا، زۆر دەروونشیکاری فرۆیدی و شیکەرەوەی کارەکانی فرۆید دەناسم وا کاتێکی زۆریان بۆ خوێندنەوەی لاکان تەرخانکردووە: بەتایبەت یوسف هەیم یەروشالمی و کارڵ سکۆرسکی. لە جیهانی ئەنگلۆسەکسۆنیدا، لاکان لە بەشەکانی ئەنترۆپۆلۆژیا و ئەدەبدا دەخوێنرێت(لێکۆڵینەوە جێندەری و کەلتورییەکانیش). کەواتە لەوێندەر، لاکان وەک فەیلەسوف، ئەنترۆپۆلۆژیستی کەلتوری و تەنانەت تیۆریستی ئەدەبی وەرگیراوە، زۆر بەکەمی حسابی دەروونشیکارێکی بۆ دەکرێت!

 

 


[1] Jacques Lacan, Le séminaire: Livre XIX, . . . ou pire (Paris: Seuil, 2011)