A+    A-
(2,705) جار خوێندراوەتەوە

 

مارکس: تانه و ئوستورە

 

ئه‌لێکس کالینیکۆس                                 به‌ فايلى pdf بيخوێنه‌وه‌ 

و: کەیوان نورى

 

 

 

کارل مارکس، کە لە بەشێکى زۆرى دەیەى 1990دا وەکو سه‌گێكى تۆپيو[1] مامەڵەى لەگەڵدا دەکرا، له‌ شێوه‌ى مۆده‌دا گەڕاوەتەوە. بەدرێژایى ساڵى ڕابردوو و لەو دەوروبەرەدا، ڕاپۆرتكارانى بڵاوكراوه‌ نزیکەکانى وه‌ك فاینشاڵ‌تایمز و نیویۆرکه‌ر، هەندێک وتاریان بڵاوکردەوە کە پەیوەندیى فیکرى مارکس بە دونياى هاوچه‌رخه‌وه‌ پشتڕاستدەکاتەوە. کەم هەفتە هەیە لاپەڕەى ئابووریى گاردیان، لانيکەم گەڕانەوەیەکى بۆ ڕەخنەى سەرمایەداریى مارکسى تيا نەبێت.

لەڕاستیدا هەر بەو شێوەیەى کە بیل کلینتۆن بەباشى دەریدەبڕێت "ئەوە ئابوورییە، گه‌مژه‌!)"، ژیانەوە و گه‌ڕانه‌وه‌ى حه‌يا و حورمه‌تى مارکس ده‌رده‌خات. لەکاتێکدا وا دەردەکەوێت سەرمایەداريى جیهانى لە نیوەى یەکەمى دەیەى 1990 دا سەرکەوتوو بووە و مارکس بە فەرامۆشى سپێردراوە. بەڵام ئەمڕۆ کە ئابوريى جیهان کەوتۆتە گێژاوێکى قووڵەوە، دووبارە ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كن بەرهەمەکانى مارکس.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم گەڕانەوەیە بۆ مارکس بە ڕێگاى جۆراوجۆر کەمتر لەوەى دێتە پێشچاو مایەى گرنگيپێدانە. لەگەڵ ئەوەى ئێستا ڕێز و گرنگیيەکى زیاد بە مارکس دەدرێت، هەروەها جەوهەرى فیکرى ئەو تاڕادەیەکى زۆر زێدەڕەوانە دەردەکەوێت. لەم ڕوەوە، ڤیکتۆر کیگان، لە سەرەتاى جێنيوه‌ريدا لە گاردیان نوسيى کە دەیەوێت یەکێک لەو گفتوگۆ ڕووبەڕووانەى لەگەڵ مارکس هەبێت، بەڵام بابەتەکە بە شێوەیەک درێژە پێ بدات کە «ئەوەى لەڕاستیدا مارکسى سەرسامکردووە، كێشهاتنه‌وه‌ و خۆگونجاندنى[2] سیستەمى بازاڕە، کە وا دەردەکەوێت بە سەلامەتى لە قەیرانێکى دیکه‌ ڕزگارى بووه‌».

لە واقیعدا، لە دەرەوەى ئەم جۆرە گەڕانەوە ناشيرینەوه‌ بۆ مارکس، کۆمەڵێک ئوستورەى هەمیشەيى لە بارەى ماهيه‌تى فيكرى ئەوه‌وه‌ بوونى هەیە. هیچکام لەم ئوستورانە تازە نین و زۆرترینیان سەدەیەک لەمەوپێش لەلایەن یەکەمین ڕەخنەگرانى مارکسەوە فۆرموله‌كراون و داڕێژراون. بەڵام ئەم ئوستورانە لە ڕێگەى سیستەمى پەروەردە و ماسميديا يان میدیا گشتیيەکانەوە، بەتایبەت لە پانتاييه‌ گەورەکان و بەڕواڵەت ئاڵۆزترینیاندا بەردەوامیيان هەبووە. بە بڕواى من ئەم ئوستورانە ناوه‌ڕۆكى ڕاسته‌قينه‌ى فيكرى مارکس بە ناڕاست پيشانده‌ده‌ن. لە خوارەوە بە پێنج خاڵ ئاماژه‌ بەو ئوستورانە ده‌كه‌ين کە بەقووڵى لەبیرکراون.

 

 

 

 

 

 

ئوستورەى یەکەم:

تێگەیشتنى ڤیکتۆریایى لە چینەکان

 

لەدواى "مانیفێستى کۆمۆنیست"ـه‌وه‌، مارکس کۆمەڵگاى سەرمایەدارى وه‌ك درزى نێوان کەمینەیەکى بچوکى سەرمایەداران کە تێکڕاى هێزى ئابوورى لە دەستى ئەواندا کۆبۆتەوە و، زۆرینەیەکى بێشومارى کرێکاران کە سیستەمى سەرمایەدارى لەسەر کارى ئەوان وەستاوە، نیشاندەدات. بەڵام زۆرێک لە کۆمەڵناسەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کۆمەڵگاى هاوچەرخ لەگەڵ ئەم فۆرمەدا یەکناگرێتەوە. زۆرینەى هاوڵاتیان، لانيکەم لە وڵاتانى هاوشێوەى بەریتانیا، چینى مامناوەندن و کارى یەخەسپى لە پیشەسازيیە خزمەتگوزاریەکاندا ئەنجامدەدەن، پێش ئەوەى لە کارگه‌ ڤیکتۆریایيه‌كاندا چه‌رمه‌سه‌رى بكێشن .

ئەم ڕەخنەیە لەسەر هەڵەتەفسیرکردنێکى تەواوى مارکس به‌نده‌ له‌ تێگه‌يشتيندا بۆ چینەکان.  بە باوەڕى مارکس، چین(class) بەهۆى ستايلى ژیان یا پيشه‌ تاکەکان یاخود ناوەوەى سنورەکان و داهاتيانه‌وه‌ ناناسرێت. پێگه‌ى چینایەتيى تاکێک بەستراوەتەوە بە پەیوەنديى ئەوه‌وه‌ لەگەڵ ئامێرەکانى بەرهەمهێناندا. ئەوانیش_ زەوى، بیناکان و ئامێرەکان _ سەرچاوەکانى بەرهەمهێنانە کە بەبێ ئەوانە هیچ چالاکیيەکى ئابورى ڕوونادات.

کرێکاران دەستیان بە سەرچاوه‌ بەرهەمهێنه‌ره‌كاندا[3] ناگات_ هەڵبەت بەبێ هێزى کار و توانستیان بۆ کارکردن کە زۆر گرنگە. ئەوان بۆ ئەوەى بەزیندوويى بمێننەوە دەبێت هێزى کارى خۆیان بە سەرمایەدارگه‌لێك بفرۆشن کە سامانەکەیان ڕێگەیان پێدەدات کۆنترۆڵى ئامێرەکانى بەرهەمهێنان بکەن. هەلومەرجى چه‌نه‌بازى و مساوه‌مه‌ى لاوازى کرێکاران لەگەڵ خاوەنکارەکان بەمانای ئەوەیە هێزى کارى خۆیان لە هه‌لومه‌رجێكى ناله‌باردا دەفرۆشن. کرێکاران لەژێر کۆنترۆڵى توندى بەڕێوەبەران و خاوەنکارەکان[4] لەبەرامبەر هەقدەستێکدا کاردەکەن کە ئەو مافە بە خاوەنکارەکان دەدات سود لەکارى کرێکاران وەرگرن.

لەم ڕووەوە، چین لاى مارکس پەیوەنديیەکى کۆمەڵایەتيیە. بۆ ئەوەى بەپێى پێناسەکەى مارکس كرێكار بيت، دەتوانیت لە ئۆفيسێك،  سۆپەرمارکێتێک یان نەخۆشخانەیەک ياخود كارگه‌يه‌ك کاربکەیت. دەتوانیت جۆرەها کرێكارى یەخەسپى[5] هەڵبژێریت یان هاوکاريى بەرهەمهێنانە خزمەتگوزاريیەکان بکەیت- بۆ نمونە لە ڕێگەى وانەوتنەوە بە منداڵان و سێرڤيسى هه‌مبه‌رگره‌وه‌-  تا ئەوەى دەست بۆ بەرهەمهێنانى کاڵا ببەیت. لەسەر بنەماى ئەم پێناسەیە بەشێکى گەورەى هێزى کار لە وڵاتانى وەک بەریتانیا بە کرێکار هەژماردەکرێن. له‌ڕاستيدا ڕاپرسييه‌كان و سه‌ربارى دڵسارديى کۆمەڵناسان، نیشانيدەدات کە زۆرترینى تاکەکان خۆیان به‌ چینى کرێکار هەژمار دەکەن.

 

 

ئوستورەى دووەم: یاساى ئاسنینى کرێ

 

مارکس زیاتر بەهۆى ئەو باوەڕەوه‌ تاوانباردەکرێت کە چینى کرێکار بە فراوانبوونى سیستەمى سەرمایەدارى زیاتر و زیاتر بێچارە و هەژار دەبێت. ئەمە هەر ئەو شتەیە کە هەندێ کات بە ناونیشانى پێشبینيى مارکس لەبارەى (هەژارکردنى پەرەسەندوو)[6]ـى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك ناودەبرێت. بەڵام بەو هۆیەوە کە لە وڵاتانى سەرمایەداريى پێشکەوتوودا، هەقدەست لە ماوەى سەد ساڵى ڕابردوو یان زیاتردا زیاديکردووە، نادرووستيى فیکرى مارکس ده‌ركه‌وتووه‌. ئەمە پێچەوانەکردنەوەیەکى سه‌يرى فيكرى مارکسە. (یاساى ئاسنینى کرێ)[7] کە لەسەر بنەماى ئەم یاسایە، هەقدەستى ڕاستەقینە ناتوانێت لە ژیانێکى بژى و مەمرە زیاتر بێت، ئەم یاسایە یەکێک بوو لە بنەما نەگۆڕەکانى ئابوريى ئەرسۆدۆکسى لایەنگرى سەرمایەدارى لە ماوەى سەدەى نۆزدەیەمدا، کە پشتى بەستبوو بە تیۆرى "دانيشتوان"ـى تۆماس ماڵتۆس، کە لەسەر بنەماى ئەو تیۆرە: دانيشتوان دەخوازێت بە خێراییەکى زۆر زیاتر لە بەرهەمهێنانى خۆراک گەشەبکات. بە پێى تێڕوانینى ئەم تیۆرە، هەرجۆرە زیادبوونێکى هەقدەست لە دەرەوەى ژیانێکى بژى و مەمرەوە دەبێتە هۆى گەشەى دانيشتوان و لە بەرامبەریشدا هەژاريى کۆمەڵگاى بە دوادا دێت.

لەبرى تەسلیمبوون بەم تیۆرە، مارکس بە هەموو توانایەوە بەرامبەری دەوەستێتەوە و هەوڵدەدات سۆسیالیستەکان هانبدات ئەم تیۆرە قبوڵنەکەن. مارکس لە کارى کرێدا،  به‌ها و سود و بەڵگەى لایەنگرانى ڕۆبێرت ئۆين ، سۆسیالیستە خەیاڵیيەکان لەسەر بنەماى ئەوەى کە (یاساى ئاسنینى کرێ) واته‌ یەکێتیيە کرێکاریيەکان هەرگیز ناتوانن بارودۆخى کرێکاران چاک بکەن، جەنگى دژیان ڕاگەیاند، مارکس نیشانیدا کە دابەشکردنى بەرهەم لەنێوان کار و سەرمایەدا لەسەر هاوسەنگيى هێز لە نێوان هەردوو لادا وەستاوە، لەو ڕووەشەوە وابەستەیە بە خەباتى چینایەتييه‌وه‌.

حەقیقەتەكه‌ ئەوەیە مارکس جياوازى ده‌خاته‌ نێوان هەژارخستنى ڕه‌ها و ڕێژەيیه‌وه‌. هەقدەستى ڕاستەقینە زیاد دەکات، بەڵام ئەو بەشەى بەرهەمى کار کە بە کرێکاران دەگات بەراورد بەو بەشەى کە خاوەنکارەکان لە چوارچێوەى سود دا دەیبەن، لە هەمان کاتدا کەم دەکات، ئەگەر کارى کرێکاران بەبەرهەمتر بێت ئاستى ژیانیشیان دەتوانرێت باشتربێت، بەڵام ئەوان بەردەوام زیاتر دەچەوسێنرێنەوە، هەروەها خاوەنکارەکان سودێکى زیاتر لەوان دەردەکێشن.

هەروەها مارکس بەڵگەى هێنایەوە بەوەى سنوورێک هەیە بۆ ئەو چاکسازیيانەى کە یەکێتیيە کرێکارييه‌كان دەتوانن بەدەستى بهێنن. دەستبەسەرداگرتنى بەرهەمهێنان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە بەو مانایەیە کە دەتوانن هێزى ناڕەزایى کرێکاران لاواز بکەن بە دەرکردنیان لە کارەکانیان. ئەمە ڕووداوێکە کە لە کاتى قەیرانى ئابووريدا ڕوودەدات. بێکاريى زۆر، کرێکارانێک کە هێشتا خاوەنى کارێکن ناچارده‌بن بە ڕازیبوون بە زیادکردنى خێراى لە کاردا و هەقدەستى کەمتر و بارودۆخى کارى نالەبار. دواى تێپەڕینى 25 ساڵ بەسەر قەیرانى ئابوريیدا، هەقدەستى ڕاستەقینە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کە دەوڵەمەندترین وڵاتى جیهانە، بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزیوە. شتێکى لەم شێوەیە بە دژوارى دەیسەلمێنێت کە مارکس بەهەڵەدا چووبێت.

 

 

ئوستورەى سێیەم: شكستى حه‌تميى ئابورى

 

ڕەخنەگران دەڵێن ئایا مارکس بانگەشەى ئەوەى نەدەکرد کە سەرمایەدارى بە شێوەیەکى حەتمى لە ئەنجامى ناکۆکيیە ئابوريیەکانى خۆیەوە دەڕووخێت؟ لەبەر ئەوەى کە داڕمانى سەرمایەدارى بەوشێوەیە ڕووینەدا، ئایا بەهەڵەداچوونى مارکس جارێکى ديکەش نەسەلماوە.

لەڕاستيدا مارکس تیۆرى قەیرانى ئابوورى  زۆر لە پێش (مینارد کینز)ـى ئابوریناسدا و لە کتێبى بەناوبانگى "سەرمایە"دا په‌ره‌پێداوە. مارکس ئەو ئایدیایەى کە ئابوريیەکى  بازاڕى بەدرووستى ڕێکخراو دەبێتە هۆى بازرگانيى هاوسەنگ داده‌كوتێت، کە تیایدا تێکڕاى سەرچاوەکان بەشێوەیەکى تەواو سودیان لێ وەردەگیرێت، ئایدیایەک کە هەمیشە شوێنێکى سەنتراڵى لە زانستى ئابوريی ڕۆژدا هەیە و (گۆردۆن براون) ئەمڕۆ فووى پياكردووه‌. لەگەڵ ئەوەشدا مارکس نیشانيدەدات کە هێزێکى بنچینەيى هەیە کە سەرمایەدارى بەرەو قەیران پاڵدەنێت.

گرنگترین ئەو هێزانە شكانه‌وه‌يه‌ به‌لاى دابەزینى "به‌هاى سود"[8]دا. به‌هاى سود،  سودێک کە سەرمایەداران لەسەر بنەماى سەرمایەگوزارى بەدەستى دەهێنن پێوەرى بنەڕەتيی سەرکەوتنە لە ئابوريى سەرمایەداريیدا. بەڵام خاوەنکارەکان چینێکن کە لەناو خۆیاندا لێکترازاون و لەگەڵ یەکترى لە کێبڕکێدان. هەریەک لەوان لە هەوڵى ئەوەدان پشكێكى زیاتر لەو سودانە ببه‌ن کە بەزۆر لە کرێکارانى دەرده‌کێشن.

سەرمایەداران لە هەوڵى ئەوەدان بەتەنيا لە ڕێگه‌ باشتره‌كانى به‌رهه‌مهێناندا سەرمایەگوزارى بکەن تا پشكێكى زیاتر لە بازاڕ مسۆگەر بکەن، ڕكابه‌ره‌كانيان ناچار دەبن لاسايى ئەوان بکەنەوە تا بتوانن بمێننەوە، سه‌رەنجام، سەرمایەگوزارى بەتایبەت لە ئامێردا بە خێراییەکى زیاتر گەشەدەکات وەک لە سەرمایەگوزارى لە هێزى کاردا. بەم دۆخەشەوە، کارى ئەم کرێکارانە سەرچاوەى سودەکانە، لەم بارەیەوە، بەشێکى گەورەى سودەکان بە خێراییەکى کەمتر لە چاو بەشێکى گەورەترى سەرمایەگوزاریدا گەشه‌دەکات، لە بەرامبەریشدا، به‌هاى سود دادەبەزێت. کاتێک کە به‌هاى گشتيى سود کەمتر لە خاڵێکى دیاریکراو دادەبەزێت، سەرمایەگوزاريى نوێ ڕادەوەستێت و ئابوورى بەرەو ڕووى قەیران دەبێتەوە.

بەو هۆیەوە، تەنيا بەردەواميى دابەزینى به‌هاى سود هەیە. مارکس "ڕه‌وته‌ خه‌سێنه‌ره‌كان"[9] ڕیز دەکات، کە لە خزمەتى گەڕانەوە و هەڵکشانى به‌هاى سوددایە. مارکس بەدرووستى دەریدەخات کە ((ئەو کاریگەريیە هاوشێوانەى زەمینەى دابەزینى به‌هاى گشتى سود درووستدەکه‌ن، دەشبێتە هۆى درووستبونى کاریگەريى خه‌سێنه‌ر کە ڕێگرى لە دابەزینى دەکات، و ئەوەندە دوایاندەخات تا ئيفليجيان ده‌كات))، گرنگترین بەشى ئەم کاریگەريیانە خودى قەیرانەکانن.

لەکاتى قەیرانە ئابوريیەکاندا، فرۆشیاران مايه‌پووچ دەبن و شمەکەکانیان بە نرخێکى هەرزان دەفرۆشن. ئەم کارە ئاستى گشتيى سەرمایە لە ئابوريیدا دێنێتە خوارەوە. لەهەمان کاتدا، هەروەک ئەوەى کە بینیمان، کرێکاران لە ژێر فشارى قامچيى بێکاریدا ناچار بە قبوڵکردنى چەوسانەوەیەکى زۆر زیاتر دەبن. ئەم هێزانە هاوکارن بۆ دووبارە باشبوونى به‌هاى سود تا ئاستێک کە سەرمایەگوزارى و لەگەڵیشیدا گەشەى ئابوريیدا دەست پێ‌بکاتەوە.

بەم شێوەیە، وەک ئەوەى کە مارکس ئاماژه‌ى بۆ دەکات،( قەیرانه‌كان بەردەوام بوونيان نیە.)، کەموکوڕى لە به‌هاى سوددا، سەرمایەدارى ناچار بە تێپەڕین بە بڕینى قۆناغى گەشە و چەقبەستنى ئابوورى دەکات، کە مارکس لەو یەکەمین کەسانە بوو ئەمەى شیکردەوە. هەنگاوى ڕوو لە دابەزین لەم (بازنه‌ى بازرگانى)ـەدا بە ئازارێکى گەورەترى کرێکاران کۆتايى دێت. کاتێک کە سیستەمى ئابوورى لە قەیراندا دەبێت، خەباتى چینایەتى سەختتر و توندوتیژتر دەبێت، چینى کرێکار کە لە ڕووى سیاسیيەوە دەستنیشان کراوە تا سەرمایەدارى لەناوبەرێت، دەتوانێت لە دەرەوەى ئەم جەمسەربەنديیەوە دەرکەوێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە سەرمایەدارى تەنها لە ڕووى ئابووريیەوە دەڕووخێت.

 

 

 

ئوستورەى چوارەم: جەبرگەرايى[10] ئابوورى

 

ئەم شێواندنه‌ لە تیۆرى ئابوريى مارکسدا بەشێکە لە هەڵەخوێندنەوەیەکى گەورەى هزرى ئەو. لە زۆر بواردا مارکس وەک جەبرگەرایەکى ئابورى ناسێنراوە، کە باوەڕى بەوەیە گۆڕانکاريیە مێژووییەکان ئەنجامێکى ناچارى فراوانبوونى هێزەکانى بەرهەمهێنانە. بە دەربڕینێکى ڕوونتر، مارکس بە هۆکارى ئەو باوەڕەى کە سۆسیالیزم شتێکى حەتمیيە تۆمه‌تبار دەکرێت.

بە دڵنیاییەوە ئاڵۆزیيەک لە نەریتى مارکسیزمدا هەیە، بەتایبەت لە کاتى گفتوگۆکان لە نێوان ئەو پارتە سۆسیالیستیانەى کە چوونە پەناى ئينته‌رناسیۆنالى دووەم، کە لە دواى مەرگى مارکس پێکهات، ئەمەش بەڵگەى ئەوەیە مێژوو لەسەر بنەماى یاساى ئابوريى حەتمى گۆڕانکارى تیایدا ڕوویداوە. لەگەڵ ئەوەى کە فۆرموله‌بەندى و پێگه‌ى مارکس بەرگرى لەم تێڕوانينە دەکات، خواستى بنەڕەتيى فيكرى ئەو زۆر جیاوازترە.

مارکس بەدرووستى نوسيى: (مرۆڤەکان مێژووى خۆیان دەخوڵقێنن، بەڵام نەک بەو جۆرەى کە خۆیان دەیانەوێت)، (ئەوان مێژووى خۆیان لەژێر هەلومەرجێکدا درووستناکەن کە خۆیان بنیاتیان ناوە. بەڵکو لە هەلومەرجێکدا ئەوکارە دەکەن کە لە ڕابردوەوە بۆیان گوازراوەتەوە)، ئەم دێڕە دەريدەخات کە مرۆڤه‌كان تێکڕا بە هۆکارى هەلومەرجە مادیيەکانەوە سنوردار دەبن، بەڵام ئەم سنووردارێتیە مرۆڤەکان لە کۆنترۆڵکردن و هەوڵدان لەو پێناوەدا ناوەستێنێت.

جارێکى تریش مارکس لە "مانیفێستى کۆمۆنیست"دا دەڵێت: تێکڕاى قەیرانە گەورەکانى کۆمەڵگاى چینایەتى یان کۆتاییان بە ((بنیاتنانەوەى شۆڕشگێڕانەى تێکڕاى کۆمەڵگا یان کۆتاییان بە داڕمانى هاوبەشى چینە ناکۆکەکان بووە)). بە دەربڕینێکى تر، قەیرانەکان بەرلەوەى پێشوه‌خت ئەنجامەکان دیاريبکەن، ئەلتەرناتیڤ دێننە ئاراوە. شێوازى کاردانەوەى کرێکاران بە چەقبەستنێکى گەورەى ئابورى نەک تەنيا لەسەر هەلومەرجى مادى نەوەستاوە، بەڵکو بەندە بە توانایى ئەوانه‌وه‌ بۆ بە ڕێکخراوبوونى بەکۆمەڵ و ئایدۆلۆژیاى جۆراوجۆر کە کاریگەريى لەسەریان هەیە و ئەو پارتە سیاسیيانەى کە کێبڕکێ دەکەن تا ڕێبەرایه‌تييان بکەن.

مارکس جیاوازى دادەنێت لەنێوان بنەماى ئابوريى کۆمەڵگە و سەرخانى سیاسى، یاسایى و ئایدۆلۆژيدا. ئەو بنەڕەتى ئابوريى کۆمەڵگا وەک (پایەى ڕاستەقینە)ـى ژیانى کۆمەڵایەتى وەسفدەکات، بەڵام ئەمە بەو شێوازەى ڕەخنەگرانى مارکس دەڵێن بەو مانایە نیە کە مارکس سەرخان وەکو شتیکى بێکەڵک دەبینێت، لە بەرامبەردا، لە ماوەى قەیرانەکاندا، ئەوەى کە لە سەرخاندا ڕوودەدات– شوێنێک کە هەر بەو جۆرەى مارکس دەستنیشانى دەکات،( مرۆڤەکان لەو ململانێیە بەئاگا دێنەوەوه‌ لەگەڵیدا دەکەونە دەرگيربوونه‌وە)- گرنگیيەکى چارەنوسسازى لە دیاریکردنى ئەنجامدا دەبێت.

 

ئوستورەى پێنجەم: سۆسیالیزمى دەوڵەتى

 

لەکۆتايیدا پێمان دەڵێن کە تێڕوانینى مارکس لە بارەى سۆسیالیزمەوە تێڕوانینێکى تۆتالیتاريیە، کە تیایدا دەوڵەت کۆنترۆڵى ئابورى دەخاتە ژێردەستى خۆى و ژیانى هەموان هەتا وردترین بەشەکان دابەشدەکات. لەم ڕووەوە، داڕمانى کۆمەڵگا ستالینیستیەکان لە کۆتایى دەیەى 1980 دا دەرەنجامى ڕاستەوخۆى کەموکورتى كه‌موكورتييه‌كانى مارکس بوو بۆ ئایندە.

جارێکى تر دەبێت بڵێم کە لێرەدا لەگەڵ ئاوەژووبونەوەى تێکڕاى تێڕوانینە واقیعیيەکانى مارکسدا بەرەوڕووین. مارکس ئایدیاى سۆسیالیزمى دەوڵەتى بە پارادۆکسێکى زمانەوانى دەزانى. مارکس بەم شێوەیە دەنوسێت: ( ئازادى بريتييه‌ لە گۆڕینى دەوڵەت لە دەزگایەکى سەپێنراوەوە بەسەر کۆمەڵگادا بۆ دەزگایەک کە بەتەواوەتى لە خزمەتى کۆمەڵگادا بێت).

مارکس لە نوسینەکانیدا دەربارەى فەلسەفە، گەشەکردنى دەوڵەتى بۆرۆکراتیکى سەنتراڵ کە سامانى کۆمەڵگا بە قازانجى سەرمایە دەبات، دەداتە بەر ڕەخنە. هەر بۆیە پێشوازيى لە کۆمۆنەى 1871ى پاریس کرد، بە دیاریکراوى وەک (شۆڕش دژى خودى دەوڵەت). مارکس ستایشى کرێکارانى پاریسى کرد بەهۆى لەکارخستنى دامودەزگاى بۆرۆکراتى دەوڵەتى و پڕکردنەوەى شوێنەکانیان بە دامودەزگاى گشتى لەژێر کۆنترۆڵى ڕاستەوخۆ و دیموکراتى خودى کرێکاراندا.

مارکس باوەڕى وابوو کە سۆسیالیزم ناتوانێت لەڕێگەى ژمارەیەک نوخبەى ڕۆشنبیرەوە بگوازرێتەوە بۆ جەماوەر. سۆسیالیزم( خۆئازادکردنى چینى کرێکارە) چەند هەنگاویکە کە لە ڕێگەى ئەمەوە، خەڵکى سادە بەهۆى ڕیکخراوى دیموکراتیانەوە خۆیان ئازاد دەکەن تا دەسەڵات لە دەستى کەمینەیەکى چەوسێنەرى سەرمایەدار دەربهێنن. بەم شێوەیە، کۆمەڵگاى ستالینیستى بە کۆبوونەوەى توندى دەسەڵات لە سەنتەردا، پێچەوانە بوو لەگەڵ تێڕوانینى مارکس بۆ سۆسیالیزم.

هەر لەبەر ئەم فاکتەرانەیە کە داڕمانى ئەو کۆمەڵگایە، هزرى مارکسى بێ‌ئیعتیبار نەکرد. هەر بەو شێوەیەى کە نایەکسانیەکان و ناعەقڵانیەتە تایبەتیەکان لە کۆمەڵگاى سەرمایەدارى لیبراڵدا کە بەسەر جیهانى ئەمڕۆدا باڵادەستە، زیاتر و زیاتر بەدیاردەکەوێت، زەروورەتى گەڕانەوە بۆ مارکس زیاتر هەستى پێدەکرێت. ئەڵبەتە نەک ئەو مارکسە ئوستورەییەى کە لێرەدا ڕەتمانکردەوە، بەڵکو مارکسى ڕاسته‌قينه‌، بە ڕەخنە کاریگەرەکانى لەو سیستەمەى کە بوونى هەیە و تێڕوانینى بۆ ئەلتەرناتیڤ یاخود هەمان ئازاديى مرۆڤ.

 

 

 

 

 

 


[1]. dead dog

[2]. resilience

[3]. productive resources

[4]. boss

[5]. white collar

[6]. “progressive immiseration”

[7]. “The iron law of wages”

[8]. rate of profit

[9]. “counteracting influences”

[10]. determinism

 

سه‌رچاوه‌كان(ئيديت و پياچوونه‌وه‌: نێگه‌تيڤ):

  1. http://www.nashrebidar.com/gunagun/ketabha/soghye%201/marks,piruozi.htm
  2. http://www.marxists.de/theory/callinicos/marxmyth.htm