A+    A-
(590) جار خوێندراوەتەوە

دایالۆگى بادیۆ و ڕۆدینسکۆ لەمەڕ دەروونشیکاریی لاکان

      (ناڕێکیی بیرکردنەوە)

 

 

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

کریستن گۆیێمێ: سی ساڵ پاش مەرگی، لاکان هیچ کات هێندەی ئێستا زیندوو نەبووە. لە هەموو جیهاندا فیکرەکەی و ئەو زمانەشی کە هەڵگریەتی، بوونەتەهۆی پێشکەوتن لەو بوارانەدا کە لەدەرەوەی پڕاکتیکی دەروونشیکارییەوەن. کۆمەڵێک چەمکی خستە پێشدەم، کەوا شیکردنەوەی ئەو قەیران و ناکامییانەی جیهانی ڕۆژئاوایان تەنیوە، دەکاتە شتێکی مومکین. پێش خستنەڕووی ئەم دیوە مۆدێرنەی لاکان، ئایا هەریەک لە ئێوە، ئێلیزابێس ڕۆدیسنکۆ و ئالان بادیۆ، دەتوانن پۆرترەیتێکی شەخسیی لاکانمان بۆ بکێشن؟

 

ئـ . ب: هێنانە بەر باسی فیگەری لاکان تەنیا کێشانی پۆرترەیتی بیرمەندێکی گەورە نیە؛ بەڵکو گەڕانەوەشە بۆ ساتێکی ناوازە لە فیکر و کرداری سەدەی بیست. لە گۆشەڕوانینەوە، لاکان مامۆستایەکی ڕاستەقینەیە. دەربڕین و نوسینە تاقانەکانی جۆرێک لە لەرینەوە و زایەڵەیەکی بەرفراوانیان هەیە کە سنورەکانی دەروونشیکاری و ئەکتی دەروونشیکارانە تێدەپەڕێنن. لاکان بەو مانایەش مامۆستایە کە کارەکانی دەمودەست و بەخێرایی مشتومڕیان لەسەر دەکرا. گەر هێرشی کرابێتە سەر، ئەوا لەبەر ئەم شێوازە قەشەنگ و سەرنجڕاکێشەی بووە؛ هەروابێتەوە چونکە قووتابخانەی دامەزراند و خوێندکاری لەدەوری خۆی کۆکردەوە. وەک هەموان دەزانن، خوێندکار زۆرجار ئەو ئەنگێزەیەی تێدایە وا خیانەت لە مامۆستاکەی بکات. خوێندکار بڕوای وایە کە ئامڕازەکانی ئەم خیانەتەشی لە بەردەستدایە. لاکان زۆر بەباشی ئاگاداری ئەمە بوو: بە دیدی ئەو، بنەڕەتیترین هەوڵی ئیتیکیی کەسێک وا لە پێگەی مامۆستایەکدایە، ئەوەیە خیانەت قبووڵبکات. لە ڕاستیدا لاکان خۆی لەوانە بوو کە زۆرترین جار لەو ماوە مێژووییەدا و زیاد لە هەر کەسێکی تر پاشقوولی لێگیراوە و خیانەتی لێکراوە. هێشتاش ئێستا خیانەتی لێدەکرێت و لە داهاتووشدا هەر وا دەبێت. بەم شێوەیە، ئەو شوێنگرەوەیەکی ڕوونی فرۆیدە، چونکە ئەویش لە کات و سەردەمی خۆیدا هەم ڕەخنەکرا و هەم پاشقوولی لێگیرا.

  بۆ ئەوەی لەم هێرشانە بۆ سەر لاکان تێبگەین، دەبێ ئەو سیاقە ڕۆشنبیرییە درووستبکەینەوە وا فیکری وی تێدا درووستبووبوو. لە پەنجاکان و شەستەکاندا، فەزای فەلسەفی لەلایەن فینۆمینۆلۆژیایەکی لاواز(سارتەر و مێرلۆپۆنتی) و بونیادگەری(لیڤی شتراوس، ئاڵتۆسێر، فۆکۆ و ئەوانیتر)یەوە کۆنترۆڵکرابوو. لاکان لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستەدا، پێگەیەکی تیۆریی تاقانەی پەرەپێدا. بە سەرێک، زانیاری لە ئەزموونە کلینیکییەکانییەوە وەردەگرت و مۆدێلێک لە دڵنیایی زانستی پێشڕەوی دەکرد، هەروەها چەمکی نەستی وەک سیستەمێک کە خەسڵەت بە ئەزموونی سوبێکتیڤ دەدات، نوێکردەوە. بە سەرێکی تر، چەمکی سوبێکتی هەڵگرتەوە-هەرچەندە کاری لە سەرتاپای چەمکەکەدا کردەوە- کە چەمکێکی سەنتراڵی نێو فینۆمینۆلۆژیا بوو؛ بەتایبەت لە سارتەرەوە، کە چەمکەکەی بە تیۆریی ئاگایی و ئازادییەوە گرێدابوو. لاکان بە قەراغیکدا ڕۆشت، قەراغێکی تەواو تایبەت: بە سەرێک، میراتی بونیادگەری هەڵگرتەوە و بونیادینایەوە، ئەویش لەڕێی دەرخستنی ئەوەی "نەست وەک زمان ڕسکاوە" خەسڵەپێدەری درووستبوون و ڕسکانی سوبێکتە؛ بە سەرێکی تر، چەمکی سوبێکتی لەوپەڕی ڕادیکاڵیتەی خۆیدا داڕشتەوە، ئەویش لەڕێی قبووڵکردنی ئەو ئیمکانەی وا هەرکەسێک دەتوانێت ئازادانە ڕیسکێک لە سرووشتی ئیتیکیدا بنوێنێت. بێمەڵامەت نیە یەکێک لە سیمینارە سەرەکییەکانی لاکان ناوی "ئیتیکی دەروونشیکاری(١٩٥٩-٦٠)"یە. ڕەهەندی ئیتیکی تێهەڵکێشی دانپێدانان دەبێت، تێهەڵکێشی سوبێکتێک دەبێت کە بونیادێکی بۆ ئارەزووی خۆی دەستەبەرکردووە. با بیرماننەچێت. فۆرمولە بەناوبانگەکەی لاکان "دەست لە ئارەزووت هەڵمەگرە"، فۆرمولەیەکە کە بە قەولی لاکان واتە "ئەرکەکەت ڕاپەڕێنە"[1]. کەوابێ، پێم‌وایە لاکان مامۆستایە چونکە خۆی دەخاتە جێی خاڵی یەکتربڕینی دوو تەنگژە. یەکەم، وەک کەسێکی ڕۆشنگەر داوای ئەقڵانیەت و ئایدیاڵی زانستی دەکات، کە لە کارەکانی خۆیدا تا ئاستی بونیاد و فۆرماڵیزاسیۆنی ئەزموونی سوبێکتیڤ دەڕوات. دووەم، کورتنەکراوەیی سوبێکت، کە دەتوانێت چارەنوسی خۆی دیاریبکات، قبووڵدەکات. ئەمە دیدێکە کە لە هەمان کاتدا هەم یاخیگەرانەیە و هەم دراماتیکیش بەتوندی پشت بە شانۆ دەبستێت، بەتایبەت تراژیدیای یۆنانی، و لاکان هەمیشە ئاماژەی بە تراژیدیای یۆنانی دەدا. بە دیدی من، پۆرترەیتی لاکان ئەمەمان پێ دەڵێت: پیاوێکی ڕۆشنگەر کە ڕووبەڕووی هێزی شانۆ بوویەوە.

 

ئـ . ڕ: بێگومان لاکان مامۆستایە، چونکە فیکری فرۆیدی لە ئاستێکی زۆر فراواندا داڕشتەوە و کردییە خولیای کەلتورە گلۆباڵەکان، زۆر لەودیو دەروونشیکارییەوە[مەبەست لەوەیە لاکان هێند تیۆریی دەروونشیکاری فراوانکردەوە، وا بووە خولیای شارەزایانی سیاسەت و ئەدەب و سینەما و هتد]. بەڵام ئەو ڕاستییەی کە ئەو دەروونشیکار بوو، وەزعەکە بە جۆرێکی تایبەت ئاڵۆز دەکات. لەمڕۆدا، فیکری و چەمکی چارەسەری لاکان، لەلایەن کەسانێکی کلینیکییەوە هەڵگیراونەتەوە کە خودی لاکانیان نەناسیوە و خوێندکاری نەوەیەک لە دەروونشیکارن کە لاکان خۆی شیکاری بۆ کردوون؛ نەوەیەک کە لەدوای مەرگی وییە پەرشوبڵاوبوونەتەوە. هەروابێتەوە، هێندەی ڕق لەنێوان ڕاڤەکارانی لاکاندا هەیە، هێندە-بە شێوەیەکی گواستنەوەییانە- فیکری لاکانیان وەرنەگرتووە.

  ئەم دۆخەش لە ڕیسک و مەترسی بەدەر نیە. مەترسییەکە دابەشکردنەوەیەکی "مەزهەبگەرایانە"ی وانەکانییەتی. ئەمە ئەو مەترسییەیە وا لەمڕۆدا خۆی بۆ دەروونشیکاران مەڵاسداوە، بەتایبەت کاتێک نایانەوێت هیچ شتێک دەربارەی مێژووی دەروونشیکاری بزانن؛ ئاوهاش ئەو دەروونشیکارییەی وەریدەگرن، نوسخە عادییەکەی دەروونشیکارییە. ئەوە گومانی تێدا نیە لەناو فەیلەسوف و توێژەرانی زانستە مرۆییەکاندا، چەندین شارەزا بوونیان هەیە. بەڵام لە پانتایی دەروونشیکاریدا، پرسی هاوشوناسبوون و گواستنەوە لەنێوان خوێندکار و مامۆستادا، پرسێکی جەوهەرییە. لاکان شیکاری بۆ زۆر لەو دەروونشیکارانە کردووە وا پێیان‌وایە لاکان هی ئەوانە، ئێستا ئەوانیش بەسەر چەند گرووپێکدا دابەشبوون. ئا لەوێوە گواستنەوەی میراتی لاکان چیتر ئاڵۆز دەبێت، گەر بەلاڕێدانەبرێت. دەروونشیکاران، بە دانانی پێگەیەکی باڵا بۆ خۆیان، وا دەزانن ئەوان خاوەنی کاری دامەزرێنەرانی دەروونشیکاریین، وەکبڵێی بەتەنیا دەتوانن لە هەموو تێکستەکان تێبگەن و پڕاکتیزەیان بکەن.

  فرۆید بۆ ماوەیەکی زۆر ڕووبەڕووی ئەم چەشنە زەوتکردنانە بوویەوە. بڵاوکردنەوەی ئەرشیفەکانی بۆ خەڵک لەپاش مەرگی، سی ساڵی ویست. لە ئێستادا لاکانیش هەمان کێشەی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گەورەتر چونکە هیچ کۆمەڵەیەکی ڕاستەقینەی لاکانیمان نیە، ئەمە لە کاتێکدا شوێنکەوتەکانی فرۆید پاش نازیزم و لەڕێی یەکێتیی نێودەوڵەتیی دەروونشیکارییەوە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەرشیف(کتێبخانەی کۆنگرێس لە واشنتۆن) و یادەوەرییەکانی(مۆزەخانەی فرۆید لە لەندەن) بڵاوبکەنەوە. بەڵام بۆ لاکان بەم جۆرە نیە: هەموو شتێک پەرشوبڵاوبوویەوە. هەر لەبەر ئەمەیە پێم‌وایە گەرەکە وانەکانی لاکان بەجیهانی‌بکرێنەوە، واتە ببرێنە دەرەوەی بازنەی دەروونشیکارییەوە، هەروابێتەوە گەرەکە چیتر فرۆید لەدەرەوەی یەکێتییە دەروونشیکارییەکانەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت. بەکورتی، دەبێت چیتر لاکانییەکان بەتەنێ خاوەنداریی لاکان نەکەن.

  گەر بگەڕێینەوە بۆ وتەکەی بادیۆ، بەتەواوی لەوەدا هاوڕام کە فیکری ئەقڵانی و تێڕامان لە شانۆ تێهەڵکێشبکرێن. ئەوەشی بۆ زیاددەکەم کە وەرچەرخان بەرەو ڕووی تراژیدیا، فۆرمێکە لە گەڕانەوە بۆ فرۆید؛ ئەوەی لاکان داوایکرد و جێبەجێیکرد. لە فەلسەفەدا، گەڕانەوە بۆ یۆنانییەکان شتێکی سەنتراڵ و گرنگە، بەڵام دەروونشیکاری بە هیچ جۆرێک ناتوانێت خۆی لێ لابدات، و دەروونشیکاری لەچواردەوری تراژیدیادا درووستدەبێت. مەحاڵە ئیش لەسەر یان لەگەڵ دەروونشیکاریدا بکەیت و بەردەوام ڕووبەڕووی تراژیدیا نەبیتەوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە، ئەمە جۆرێک لە سایکۆلۆژیای عەوامپەسەند[2]ـانەی گرێی ئۆدیپ نیە، بەڵکو تێڕامانە لە پرسی تراژیدی. گەر فرۆید لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا، ئایدیا سەرنجڕاکێشەکەی نەبووبا و کارە هیچەکانی خێزانە بۆرژوازییە ڕۆژئاواییەکانی نەگەڕاندایەتەوە بۆ تراژیدیای یۆنانی(واتە چارەنوسی نەستەکی)، ئەوا ئەویش وەک پییەر ژانێ دەبووە سایکۆلۆژیستێکی ئاسایی عوساب. دەرەنجام، پێم‌وایە هەموو بیرمەندێکی ڕاستەقینەی دەروونشیکاری پێویستە ژێستی فەیلەسوفەکان دووبارەبکاتەوە: واتە، گەڕانەوە بۆ بنەڕەت لەپێناو بیرکردنەوە لە ئێستا.

  بەم شێوەیە، جیاوازییەکی گرنگ لەنێوان فرۆید و لاکاندا هەیە. لە جینالۆژیای لابداسیدسدا، تراژیدیترین خێزانی شاهانەی یۆنانی کە بوونەتە ئیلهام بۆ سۆفۆکڵ، فرۆید ئۆدیپ پاشا بە لەپێشتر دادەنێت؛ واتە حەکایەتی کەسێکی باڵا وا بڕوای بە ناوازەیی و سەلامەتیی خۆی هەیە، کەسێک کە دەگاتە ئەوجی سەربەرزی و دانایی پێش ئەوەی ببێتە قوربانیی هەڵەشەبوون و زێدەشانازیکردن. ئەی لاکان چی دەکات؟ ئەو لەجیاتیدا ئۆدیپ لە کۆڵۆن بە لەپێشتر دادەنێت. لاکان پتر مەیلی لە کۆتا ساتەکانی ئۆدیپ بوو؛ فیگەری پیاوێکی پیر کە سەربەرزییەکەی لەدەستداوە و سەبرسەبر لە مەرگ نزیکدەبێتەوە و نەفرەت لە نەوەکانی دەکات. کەوابێ مانای تراژیدیا بۆ هەریەک لە فۆرید و لاکان جیاوازە.   

  فرۆید کەوتن و نوشستی هەمەتوانایی دەسەڵاتی باوکانەی تیۆریزەکرد. کاتێ لە ساڵی ١٩٠٩دا سەرنجی چووە لای موسا، بەتایبەت پەیکەرە بەناوبانگەکەی مایکڵ ئەنجێلۆ کە بۆ گۆڕی یۆلیۆسی دووەمی درووستکردبوو لە سان پیەترۆ لە کڵێسەی ڤینکۆلی لە ڕۆما، ئەوە سەرنجیڕاکێشا کەوا چۆن ئەم پێغەمبەرە تووڕەییەکەی خۆی بڵندکردۆتەوە و لەوحەی یاساکانی فڕنەدایە ناو خەڵکەکەی، بەتایبەت ئەودەمەی لە غیابی وییدا گەڕابوونەوە بۆ بتپەرستی. دواتر ئەو ئایدیایەی تەرحکرد کەوا ئەوەی مەزنی بە یەکەمین یەکتاپەرستی-کە بە دیدی فرۆید ڕیشەی دەگڕێتەوە بۆ میسڕ- بەخشیوە، یەهودییەت[3](شوناس) نیە، بەڵکو یەهودی‌بوونە[4](شتێکی یونیڤێرساڵ)؛ واتە توانای بیرکردنەوە و یاخیبوون و ئەبستراکتکردنەوەی خود لە بەرامبەر نواندنەوە و کارتێکردن و خۆبەدەستەوەداندا: نە بت و نە وێنە، بەڵکو باڵادەستیی خود و ئەقڵانییەت. بە دیدی فرۆید، لە بەرامبەردا مەسیحییەت دێت کە ئایینی گەلان(masses) و عەتف و هەستوسۆزە.

  لە بەرامبەردا لاکان خولیای بۆ ئۆتۆریتەیەک هەبوو وا بێ هیچ گومانێک تووشی پەرشبوونەوە هاتبوو. ئەو ئایینی کاتۆلیکیی ڕۆمانی بە لاوە کەمەندکێش بوو، و دوو دیوی پڕناکۆکیی هەمیشەیی جیاکردەوە: لە لایەک هێزی سیاسی(کڵێسە و پاپا)، لە لایەکی تر مەعریفەی عاریفانە دەربارەی ئەویتر(باوەڕێکی پەتی و بێ‌ئۆبێكت کە ژن تا ئاستی خۆڕەتاندن و دونیایی‌کردنەوەی دوایدەکەوێت). ئۆدیپ لە کۆڵۆن، نە ئۆدیپ پاشایە و نە موسا، بەڵکو دوا نوسخەی دەسەڵاتێکی باڵای شکستخواردووە، وا هیچ شتێك لە پایەبەرزیی پێشوویەوە وەدەستناخات. هیچ شتێکی باڵا لە ئازارەکانی ویدا بوونی نەماوە: ئەو چیتر نابەزێنرێت، ئەو هیچ نیە، ئەو پێشوەخت مردووە. ئەمەیە پرسی تراژیدی بۆ لاکان.

  فرۆید تەنیا کاتێک باسی ئەنتیگۆنا دەکات کە ئاماژە بە ئانای کچی دەدات، چونکە ئەو قبووڵیکرد هاوسەرگیری نەکات تاکو ببێتە شوێنگرەوە و پاڵپشتی باوکی. بەڵام ئەنتیگۆنایەکی تەواو جیاواز بە شوێن فیکری لاکانەوەیە. لاکان بەرمەبنای خوێندنەوەکەی هیگڵ بۆ کارەکتەری سۆفۆکڵ دەڵێت دەست لە ئارەزووت هەڵمەگرە. بە دیدی لاکان، ئەنتیگۆنا عارف بوو: ئەو بەرجەستەکەری سەرسەختی و کەللەڕەقیی ئەو سوبێکتەیە وا ئامادەیە هەر شتێک بکات تاکو شوێن مەیل و ئارەزووی خۆی بکەوێت. بەرامبەرکێی نێوان یاسای دەوڵەت و یاسا نەنوسراوەکانی خێزان-کە ئەنتیگۆنا لەڕێیەوە بەرەنگاری فەرمانەکانی کریۆنی خاڵی دەبێتەوە تاکو گۆڕێک بۆ [ئۆدیپ]ـی برا[باوک]ـی دابینبکەن- ئەو تێما سەنتراڵە نیە کە لاکان جەختی لێ دەکاتەوە. لە دیدی لاکاندا، ئەنتیگۆنا نمونەی زەقی تراژیدیایە. وەک هاوەڵی پاشا تێكشکاوەکە، ئەنتیگۆنا نوسەرەوەی پاڵنەری سوبێکتە بەرەو مەرگ، واتە، ناوی ئارەزوویەکی جێگیر و نەگۆڕاوە. لەودیو هر گۆڕێکەوە، داوای نەریتەکانی ناشتن و پرسە[ی شایستە] دەکات. ئەو ژنێکە وا جەمسەرە ژنانەکەی لاکان دەردەخات، ئەمە لە کاتێکدا فەزای فرۆیدی پیاوانەیە.

  کۆتا وتە دەربارەی شانۆکە. لاکان ئەکتەر و پێرفۆرمەرێکی گەورە و ناوازە بوو. سیمینارەکانی شانۆ بوون؛ زیاد لەوانەی ئەودەم لەلایەن فۆکۆ و بارتەوە پێشکەشدەکران. ئەو هەمیشە خەریکی نواندن(performing) بوو. بە دیدی لاکان هەموو شت دەربڕینە، ئەو کاتی بۆ نوسین نەبوو، ئەمەش دواجار بووەهۆی "تیرۆرکردن"ـی وی. هەرکەسێک بەشداری لە یەکێک لە وانەکانیدا کردبێت، ئەزموونی شتێکی لەبیرنەکراوی کردووە. بەداخەوەین کە مومکین نەبوو هەموو شتەکان تۆماربکرێن تاکو نەوە تازەکان لە توانای نواندنی وی تێبگەن.

 

ک . گ: گاڵتەچییەکی عەجیب بوو...

 

ئـ . ڕ: بەڵێ، بەڵام پێم‌وایە نابێ ڕەهەندە تراژیدییەکە لەبیربکەین. کاتێ [لاکان] دەخوێنیتەوە، یان لەڕێی ئەو ڤیدیۆ دەگمەنانەوە کە هەمانن تەماشای دەکەیت، ئازارێکی زۆر دەبینیت. لاکان لە قورسی و ئەستەمیی گواستنەوەی فیکرەکەیدا تووشی ئازار دەهات. ئەم پیاوەی ڕۆشنگەری، هەمیشە لەوە دەترسا شتەکانی ڕوون نەبن و بەباشی لێی تێنەگەین. ئەوە ڕاستە کە ئەلهەقی کارەکانی ئاڵۆزن و تەنانەت هەندێک بە ناڕوون نێوی دەبەن.

  لە کۆتاییدا و دەربارەی ساتی لاکانی، من زۆر دوای بادیۆ دەستم بە وانەکانی لاکاندا گەیشت. وەک شەخسی خۆم، زیاتر حەزم بەو سەردەمەیە کە لاکان بونیادگەر بوو(١٩٥٠-٦٥): لاکانی گوتاری ڕۆما "بریکارێتیی نامە" و تیۆریی دالەکان و بانگخوازی زانستی‌بوون لەژێر سایەی کۆیرێدا. وەک وتوومە، هەمان خۆشەویستییم بۆ لاکان هەیە لەنێوان "جەنگـەکاندا"، بۆ ئەو فینۆمینۆلۆژیستە کە نزیکی جۆرج باتای و سوریالیستەکان بوو، و ئەوەشی دالی خێزانی ڕۆژئاوایی هەڵوەشاندەوە. لە نوێترین کتێبمدا "لاکان: وێڕای هەموو شتێک[5]"، باس لە کۆتا لاکانی حەفتاکان دەکەم، لاکانێک کە سەرکێشیی زمان تا ئەوپەڕی ڕادەکێشێت: لاکانێکی شەو-خواز[6] کە مەرگ و گەیاندنی کارەکانی ڕاویدەنێن، لاکانێک کە تۆپیکـی (ڕەمزی-خەیاڵی-ڕیاڵ) سەروخوار دەکاتەوە تاکو ڕیاڵ بهێنێتە پێشی‌پێشەوە، ئەویش تاکو ئەو شتەی شتێکی زۆر تاریکە و لە هەموو ڕەمزاندنێک هەڵدێت، ببیسرێت. زرینگانەوەیەکی ئەقڵ.

 

 

 


[1] Do your duty

[2] Pop psychology

[3] Judaism

[4] Jewishness

[5] Lacan: In spite of everything

[6] Nocturnal