A+    A-
(570) جار خوێندراوەتەوە

 

دایالۆگى بادیۆ و ڕۆدینسکۆ لەمەڕ دەروونشیکاریی لاکان

 

 

 

 

 (بەشى سێیەم)

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

گ . ف: با قسە لەبارەی سیاسەتەوە بکەین. ئایا بە دیدی ئێوە فیکری لاکان ڕەهەندی سیاسی هەبوو؟ پرسیارەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە، چونکە ئەو فۆرمێکی ئایدۆلۆژی یان پارتیزانی لە وانەکانیدا قەدەغەکردبوو.

 

ئـ . ب: بە دیدی من، دەروونشیکاریی لاکان گرنگییەکی زۆری لە سیاقی سیاسیدا هەیە. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، مانای چارەسەر لەوەدایە دەرگایەکی نوێ بە ڕووی سوبێکتدا دەکاتەوە لە پەیوەست بە دۆخی بێدەسەڵاتیی بنەڕەتییەوە. ئێستا پرۆسەکە دەتوانێت ڕەهەندێکی دەستەجەمعی وەرگرێت. بە دیدی من، کایەی سیاسی هاوتای وەگەڕخستنی کۆمەڵێک ئیمکانی ژیانە کە پێشوەخت هەنێ دۆخ کردبوویانە شتێکی قەدەغە و مەحاڵ؛ هەمیشە چەوساندنەوە بە واتای نەهێشتنی تواناکانی تاک و کۆ دێت. ئا لەم گۆشەنیگایەوە، چارەسەری لاکانی، هەرچەندە خۆی لە خۆیدا پراکتیکێکی ناسیاسییە، ماتریکسێکی سیاسی بە فیکر دەبەخشێت. بڕوام وایە پەیوەندییەک لەنێوان فیکری لاکان و پرۆسەی شۆڕشگێڕانەدا هەیە، پەیوەندییەک کە توانای دەستەجەمعی دەگەڕێنێتەوە؛ توانایەک کە پێشتر لە دووبارەبوونەوەدا گیربووبوو یان سەرکوتکرابوو.

گ . ف: لەگەڵ ئەمەشدا لاکان خۆی وەک "لینینی دەروونشیکاری" دەناساند...

 

ئـ . ب: بەدڵنیاییەوە، و من خۆشحاڵانە ئەم فۆرمولەیە بۆ خۆم هەڵدەگرمەوە. لاکان خۆی بە لینین بەراورددەکرد و فرۆیدیش بە مارکس. لەڕێی ئەم میتافۆرانەوە، کەمتازۆر دەیویست جەخت لەوە بکاتەوە فرۆید هەر لەناو لۆژیکی پزیشکیی چارەسەردا مایەوە و مارکسیش ئەو کەسە بوو بەڵێنی دەدا. بەڵام لینین چیتر بەڵێنی کۆمۆنیزمی نەدەدا: بڕیاریدەدا، ئەکتی دەنواند، شتەکانی ڕێکدەخست. و لاکانیش چیتر بەدوای ئەو چارەسەرەوە نیە کە فرۆید دەیکرد. لاکان دژێکی بێڕەحمی دیدە باوەکانی دەروونشیکارییە، ئەوانەی کە حەیوانە مرۆییەکە بە جۆرێک لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتیدا ڕادێنن و دەیکەن بە حەیوانێک کە ملکەچی بەها زاڵەکان بێت، کە چیتر هیچ بەهانە و هۆکارێکی نەبێت تا ئازار بەدەست نەگونجان و زێدەئۆرگیناڵ‌بوونەوە بچەشێت. پرسەکە بۆ دەروونشیکاری زۆر ڕادیکاڵ ترە. پرسەکە پرسی ڕزگارییە، ئەگەرچی لەبن ماسکێکی ناسیاسیشدا شاردرابێتەوە. لاکان، بە تێڕوانینەکانی لەمەڕ چارەسەر، پاڵپشتی ئێمە بوو کاتێک گەنج بووین، یەکێک بوو لە بزوێنەرەکانی ئێمە لەنێوان ١٩٦٨ بۆ ١٩٨٠، هەرچەندە تێڕوانینی ئەو جیاوازیش بوو. شیکاریی من بۆ ئایاری ٦٨ ئەمە بوو: وەک ڕووداوێک دەمبینی، وەک ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ ڕیاڵ لە چارەسەردا، ڕووداوێک کە ئازادی دەخاتەوە سەر پێ؛ لەم حاڵەتەدا چەپێکی ڕادیکاڵمان مەبەستە کە کار بۆ ڕزگاریی ناوخۆیی دەکات دژ بە ماشێنە نایەکسانی‌خوازەکانی سەرمایەداری. وەک دەشزانین، لاکان هێندەی ئێمە دڵی بە وەزعەکە خۆش نەبوو...

 

ئـ . ڕ: تۆ هەر زۆر بەنەرمی باستکرد! بە دیدی لاکان، ئایاری ٦٨ بزووتنەوەیەکی وەهمزەدە بوو، پێی‌وابوو وان ئاواتی ئازادیی سەرتاسەری ناخوازن، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئارەزوویەکی نەستەکیی شۆڕشگێڕەکان بوو تاکو بێڕەحمانەتر بکرێنە کۆیلە.

 

ئـ . ب: "ئەو شۆڕشگێڕەی ئێوە هیوای لەسەر هەڵدەچنن، ئاغایەکە" (لاکان). کاتێک ئەم وتە بەناوبانگەی لە ڤانسێن دەربڕی، قبووڵکردنی ئاسان نەبوو. بەس پاش هەموو شتێک، هیگڵ بیری لە شۆڕشگێڕیی پڕۆلیتاریی مارکسی قووتابیی خۆی نەدەکردەوە! لە ڕاستیدا کاتێک لاکان مرد، من نوسیم ئەو هیگڵی ئێمە بوو. کاتێک مامۆستایەک دەبینێت خوێندکارەکانی فیکری وی بە ئاڕاستەیەکدا دەبەن کە ئاڕاستەکەی خۆی نیە، ئەوە دەلالەتە لەوەی فیکری وی زیندووە.

 

ئـ . ڕ: لە بنەڕەتدا لاکان پێی‌وابوو تاکە شۆڕشی ڕاستەقینە و ئارەزووکراو، دەروونشیکارییەکەی فرۆید بوو! شۆڕشی چەپەکان تەنێ سەریدەکێشا بۆ بەرهەمهێنانەوەی دیسپۆتیزم و ستەم. لەودیو ئایاری ٦٨ـەوە، پەیوەندیی لاکان بە سیاسەتەوە پێویستی بەوەیە هەندێ فاکت بیری خۆمان بهێنینەوە. ئەو لە خانەوادەیەکی ڕاستڕەوی کاتۆلیکییەوە هاتبوو: فەڕەنسا شۆڤێنی و بێڕەحمەکە لە خراپترین فۆرمی خۆیدا. ئەو هەوڵیدا تا دژ بەم جینالۆژیایە بۆستێتەوە، ئەمە وای کرد بچێتەپاڵ چەپە ناوەڕاستینەکانەوە و لەلایەن سیاسییەکانی وەک پییەر مێندێس فڕانسەوە[1] دەورەبدرێت؛ و دواتر میدیای L’Express ناساندی. ئەمە ڕقێکی زۆری لای ڕاستڕەوەکانی دەوروبەر درووستکرد. بەس لەبەردەم ڕای گشتیدا، لاکان هەر ناڕوون مایەوە. ئەو هەرگیز وەک سارتەر نەدەچووە پاڵ لایەنەکان. بە هەموو ژیانی تەنیا یەک جار سکاڵای تۆمارکردووە. هەمیشە بەئەنقەست مەودایەکی لەگەڵ باسە گەرمەکانی ڕۆژدا دەهێشتەوە، قەت بەشێک نەبووە لە بەرەنگاری، ئەمە وێڕای ئەو ڕقە زۆرەی لە فاشیزمی هەبوو؛ تەنانەت تێکۆشەرێکی دژەکۆلۆنیالیست بوو. لاکان پاڵپشتیی پرۆسەی نەهێشتنی کۆلۆنیاڵیزمی دەکرد، بەتایبەت پاڵپشتیی لۆرێنس باتای کچی سیلڤیا و جۆرج باتای دەکرد کاتێک لەگەڵ دیەگۆ ماسۆنی پورزایدا چوونەپاڵ هێزە پاڵپشتیکەرەکانی FLN [2]. لە ئایاری ١٩٦٠دا کاتێک گیرا و خرایە زیندانی ڕۆکێت، لاکان نوسراوی سیمینارەکەی خۆی "ئیتیکی دەروونشیکاری" بۆ برد، بەتایبەت ئەو بەشەی تایبەتە بە ئەنتیگۆنا. لەپاڵ ئەمانەشدا، هەرچەندە لاکان هیچ دەرگیربوونێکی سەربازی نەبوو، بەڵام ئەمە وای نەکرد ئاگاداری سیاسەتی ئەودەم نەبێت و لە بزووتنەوەکانی هەناوی ژیانی کەلتوریی فەڕەنسا تێنەگات. بۆنمونە، ئەو تێگەیشت کە کڵێسای کاتۆلیکی خاوەن هێزێکی سیاسیی گەورەن، هەر بۆیە لە ١٩٥٣دا ویستی پاپا ببینێت. هەر لە هەمان ساڵدا گوتاری ڕۆمای نارد بۆ مۆریس تۆرێز و سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستیی فەڕەنسا. خۆی کۆمۆنیست نەبوو، بەڵام چونکە من کۆمۆنیست بووم-لە ١٩٧١ بۆ ١٩٧٩- هەمیشە بانگیدەکردم سەبارەت بە پێشکەوتن و دیبەیتەکانی نێو حیزبەکە پرسیاری لێ دەکردم. لەو کاتەدا پرۆسەی لەستالین‌داماڵین دەستیپێکردبوو، و لاکان زۆر بەوردی چاودێریی بارودۆخەکەی دەکرد. لاکان کڵێسە و حیزبی کۆمۆنیستیی فەڕەنساشی وەک پۆتانشێڵیک(سەربازی ون) دەبینی بۆ بزووتنەوەکەی خۆی. وەک دەروونشیکارێک، ئەو کەسی ڕەتنەدەکردەوە. ئەو بەرگری لە کارەکتەرە "هەمەڕەنگ"ـەکان دەکرد، هەنێکیان گومانلێکراو و تەنانەت لەیاسادەرچوو بوون. بەس پێم‌وایە کە ئەم شێوە ڕەفتارکردنەی-خۆ من تاکە کەس نەبووم کە پرسیارم هەبوو دەربارەی ژێستە موجامەلەئامێزەکانی پاڵپشتی لەلایەن لاکانەوە- یارمەتی هەندێ لە نەخۆش و خوێندکارەکانی هاوتەمەنی منی دا تاکو نەبنە کەسانی توندڕەو. لاکان دیوارێکی قاییم بوو بە ڕووی تیرۆریزمدا، کە ئەوکات لە ئیتاڵیا و ئەڵمانیادا زۆر بوو. ئەو دەیزانی چۆنچۆنی لەڕێی متمانەکردن بە پڕاکتیکی دەروونشیکارانە و ڕەتکردنەوەی سیاسەتەوە وەزعەکە ئاسایی بکاتەوە. ئەو لەڕێی ئەم شتەوە ببووە بەربەستێک: "وەرە لەگەڵم، هەر لە چالاکی شۆڕشگێڕانە یان توندڕەوانە باشترە". بەڵێ، زۆرێک لە چەپە پەڕگیرەکان، بەتایبەت ماویستەکان، کەوتنە شوێن لاکان. هەرچەنێ ماو تستۆنگ لای لاکان فیگەرێکی مەزن و کاریگەری ئەو سەردەمە بوو، بەڵام ڕێک پێچەوانەی ئەمە هاوسۆزییەکی کەمی بۆی هەبوو. کاتێک لێرەولەوێ دەمخوێندەوە لاکان ماویستە، ئیتر وڕ دەبووم...ئەمە گرنگە، ماویستە لاکانییەکان لە کۆتاییدا دەبوونە لیبڕاڵێکی ڕاستڕەو.

 

گ . ف: ئالان بادیۆ، ئەرێ تۆ هێشتا بەم چەشنە[واتە ماویستێکی لاکانی] پێناسەی خۆت ناکەیت؟

 

ئـ . ب: لەمڕۆدا تەنێ دەتوانین بێژین ماو هەروەک ڕۆبسپێر، سان ژوست، ترۆتسکی، بلانکی، لینین و ئەوانیتر بەشێکی گەورەی مێژووی شۆڕشگێڕییە. گرنگە ڕوونیبکەینەوە بۆچی زۆربەی لاکانییە گەنجەکانی شەستەکان، لە حەفتاکاندا بوونە ماویست. ڕێکەوتێکی سەیرە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر! شتەکە لە چەمکی سوبێکتی لاکانییەوە هەڵدەقوڵێت، کە دەشێت-گەر پێویست نەبێت!- لەڕێی فەلسەفەوە ڕەهەندێکی لادەری سیاسی بدەینێ. ڕێچکەکە لە "دەست لە ئارەزووت هەڵمەگرە"ی لاکانەوە بۆ "لەسەر هەقیت یاخی ببیت"ـی ماو، بۆ ئێمە زۆر ڕوون بوو.

 

ئـ . ڕ: بەڵام لاکان ڕابەرێکی نە دەسەڵاتخواز بوو نە شۆڕشگێر؛ بەڵکو پتر پادشایەکی بەدەستوور بوو، نابێ بیریشمانبچێت کە زۆر لە مۆدێلە سیاسییە ئینگلیزییەکەوە نزیک بوو. قووتابخانەی فرۆیدیی پاریس شوێنگەی ئازادی بوو، نەک حیزب و مەزهەب. ئەوە گومانی تێدا نیە کە لاکان پەیوەندییەکی گواستنەوەیی لەگەڵ نەخۆش و خوێندکارەکانیدا هەبوو. خۆ ئەگەر ملکەچی بووبن، ئەوا بە دەستی خۆیان بووە. ئازادانە بوون بە خوێندکاری وی، کەواتە ئەوە ئارەزووی خۆیان بووە. دەرخستی لاکان وەک تۆتالیتار، شتێکی گاڵتەجاڕانەیە. وێڕای ئەوەی حەزی بەوە بوو گوێڕایەڵی بن، کەچی هەرگیز ڕێزی شوێنکەوتە سەرسەختەکانی نەدەگرت، بەڵکو ئەوانەی بەرز دەنرخاند کە دژی لەخشتەبردنەکەی دەوەستانەوە.

  لە پاش هەموو شت، هەمیشە خۆم لەوە پاراستووە دەلالەتی سیاسی بدەم بە ڕادیکاڵبوونی لاکان. ئەوەی لە لاکاندا ڕادیکاڵە، تێڕوانینی دڕ و تاریکی وییە بۆ پەیوەندیی نێوان ئادەمیان. بە دیدی وی، تاکە شوێن کە تێیدا نەفرەتی سەر مرۆڤایەتی هەڵبگیرێت، چارەسەرە. بۆم ڕوون نیە سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانە چۆناهی لەسەر بنەمای ئەمە درووستدەبێت.

  گەر پوختی بکەینەوە، لاکان بە مانا کلاسیکەکە پێشکەوتنخواز(بە پێشکەوتنی سیاسیشەوە) نەبوو. جا بیریارێکی بەکاردانەوەش نەبوو-وەک زۆرێکمان بڕوامان وایە. هەنێ لە دەروونشیکارەکان لاکان دەکەن بە سەرچاوە و دژی هۆمۆسێکسواڵەکان و هاوسەرگیریی وان دەوەستنەوە، چونکە پێیان‌وایە کارکردی ڕەمزیی باوک دەشێوێنێت. ئەمە هەڵەتێگەیشتنێکی مەترسیدارە. لە سەردەمی خۆیدا، لاکان تاکە دەروونشیکار بوو هۆمۆسێکسواڵ(هاوڕەگەزخواز)ـەکان بباتەژێر شیکارییەوە بەبێ ئەوەی بیەوێت مەیلیان بگۆڕێت، و ئەمەشی بەوە کرد کە ئەوانی وەک دەروونشیکار قبووڵکرد. لەوەش زیاتر، ئەو کارکردە ڕەمزییەی باوک کە باسکرا، دەشێت هێندەی پیاوێک بیدەینەپاڵ ژنێک، یان دوو کەپڵی هۆمۆسێکسواڵەوە. ڕێگە زۆرن بۆ پێکهێنانی خێزان، و هیچ ڕێگەیەکیش لەپێشتر ئەوانیترەوە نیە! کاتێ لە کلۆد لیڤی شتراوسیان پرسی دەربارەی هاوسەرگیریی هۆمۆسێکسواڵەکان، ئەویش بەم جۆرە وەڵامی دانەوە: ڕێگە زۆرن بۆ ڕێکخستنی خێزان لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتییدا، ئەمە شتێک نیە مایەی شۆک بێت.

  لاکان هەمیشە ڕەتیدەکردەوە جیاوازیی ڕەگەزەکان وەک قەدەرێکی بایۆلۆژی مەزەنەبکات. ئەو زۆر لەوەوپێشتر خەریکی پرسی خێزان بووبوو. لە تێکستی "گرێیەکانی خێزان(١٩٣٨)"دا، سەرهەڵدانی دەروونشیکاری دەبەستێتەوە بە کزبوونی دەسەڵاتی باوکەوە. ئەو دەیوت گەرەکە فیگەری کەوتووی باوک هەڵسێنرێتەوە. بەس ئەو داوای زیندووکردنەوەی هەمەتوانایی باوکی نەدەکرد. لەم بابەتە و زۆری تریشدا، بۆ من وا دەردەکەوێت لاکان بەئاشکرا موحافیزکارێکە لە پانتایی سیاسیدا، هەر وەکو فرۆید.

 

گ . ف: ئەی ئالان بادیۆ تۆ چی دەڵێیت؟ ئایا لاکان پێشکەوتنخواز بوو یان موحافیزکار؟

 

ئـ . ب: یەکێک لە دیوەکانی بلیمەتیی وی، ناڕوونیی بەردەوامی فیکریەتی. نکۆڵی لێ ناکرێت کە لاکان هەندێ دیوی موحافیزکارانەی لە بەرامبەر ڕادیکاڵبوونیدا هەیە. بە سەرێک، حەیوانی مرۆیی، ڕیشەی لەناو خاکێکی نەگۆڕدایە، لەڕێی زمانەوە ڕسکاوە، لەلایەن یاسایەکی زۆر کۆنەوە کۆنترۆڵکراوە کە دالی ڕێکخەر[ـی ئەم یاسایە] ناو-ی-باوکـە. بەڵام بە سەرێکی تر، لە هەندێ کاتدا ئەم حەیوانە مرۆییە دەتوانێت خۆی ئازادبکات و هەموو بارەکەی سەر شانی فڕدات و شتێکی نوێ دابهێنێت.

 

ئـ . ڕ: یاسا پشتگوێناخرێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت خۆی بۆشاییەک بۆ لەسنوردەرچوون دەهێڵێتەوە.

 

ئـ . ب: ئەوە ڕاستە. گەر پێت‌وابێت یاسا و ڕەمزی تەنیا نوسراوی باوکن، ئەوا لە ئەنجامدا لاکان دەکەیتە کەسێکی بەکاردانەوە، کە لە ڕاستیدا بەو چەشنە نیە. لە بەرامبەردا، گەر تیشک بخەیتەسەر ئەزموونی ئەو سوبێکتەی شت بەڕێوەدەبات-سەرەڕای ئەوەی نێچیری بونیادە نەستەکییەکانە- و دەست لە ئارەزووی هەڵناگرێت، ئەوا وا دەردەکەوێت کە لاکان بیرمەندی ڕزگاری بێت-منیش هەر ئەمە لە وانەکانییەوە بەکاردێنم. ڕزگاری چیە ئەگەر بادان و ئاوارتەی یاسا نەبێت؟ دەبێ تێبگەین لە هەناوی فیگەرێکی ناوەکی و ئاوارتەیەکەوە، لە هەناوی درزێکی نەبینراو لە نەزمی شتەکانەوە، ڕزگاری سەردەردێنێت. ئایدیای شۆڕشێکی دڵڕەقانە شتێکی بێمانایە. لەم گۆشەیەوە، لاکان هەقی خۆی بوو موحافیزکارێک بێت کە ئیمانی بە شۆڕشێکی گشتی("شەوی مەزن-grand soir[3]") نەبێت. بەڵام ئەو کەسێکیشە کە بەدڵنیاییەوە ڕەخنەی ڕەتکردنەوەی دۆگماییانەی ئازادبوونی کردارەکیی سوبێکت دەکات. ئێمە دەزانی کە ئەو ناو-ی-باوکی گۆڕی بۆ "فریونەخواردووەکان هەڵەدەکەن"[4]. فریونەخواردووەکان ئەوانەن کە باگەشەی ناسینی هەناوی نێگەتیڤی شتەکان دەکەن و سەگباوەڕانە ئیمکانی ڕزگاری ڕەتدەکەنەوە. لاکان فریوخواردووی ناو ئەم فریونەخۆرانە نیە[بە دەربڕینێکی تر، لاکان باش لەم فریونەخواردووانە تێگەیشتووە].

 

ئـ . ڕ: گەر باسی موحافیزکارییەتێکی شەفاف بکەم، ئەوە بۆ ئەوەیە لە هەموو کونجێکی کارەکانی لاکاندا ڕەهەندە ڕەخنەییەکان دەرکێشم. ئەو بیرمەندی ڕۆشنگەریی تاریکە، ئەو کەسەیە کە بێوەستان ژێروبنی ئەقڵ و مۆدێرنە کەشفدەکات. ئەو متمانەی بە ئایدۆلۆژیستەکانی "پێشکەوتنی بێسنور و خۆشبەختی بۆ هەموان" نیە. ئەو زۆر بەباشی ئاگاداری ئەو ڕاستییەیە کە جیهانی ڕۆژئاوا دەشێت لە هەر ساتێکدا بێت بخزێتەنێو نیهیلیزمێکی بەد و فەرامۆشکەرەوە. ئەو لە کۆتایی ژیانیدا بەئاشکرا باسی لە سەرهەڵدانی تاعوونەکانی ئەم سەردەمە کرد: ڕەگەزپەرستی، شکڵە جیاوازەکانی جڤاتگەرایی[5]، تاکگەرایی شێتانە، و لە سەروو هەمووشیانەوە گەمژەیی دیماگۆگییەتی جەماوەر؛ فرمان و دەسەڵاتی ڕای گشتی. ئەمە دیوە تۆکڤیلییەکەی وییە. بەکورتی، بە پێچەوانەی فرۆیدی جووی ڤییەنای ئەورووپای قەدیم، لاکان سەدەی هەژدە، کەلتوری بارۆکیی کاتۆلیکی، فەلسەفەی ئەڵمانی، مۆدێرنەی ئەدەبیی سەدەی بیست، لۆژیکی فۆرماڵ، بونیادگەری و شیعرەکانی مالارمێ وەک سەرچاوە بەکاردێنێت.

 

ئـ . ب: بەڵێ، ئەو کەسێکی نمونەیی بوو، کارەکتەرێک لەپێش تێکچوونی جیهانی ئێمەوە. هەمیشە مردنی ئەوم لە هەشتاکاندا پێ شتێکی ڕەمزی بووە، واتە ئەو کاتەی کە جیهانەی پڕوپوچەکەی ئێمە درووستبوو: جیهانی سەرمایەداریی مۆدێرن و جیهانگیریی دڕندە و بەدارایی‌کردنی بێسنور و نیۆموحافیزکاریی گشتی.

 

گ . ف: ئا لێرەدا دەگەین بە هاودەمێتی(contemporaneity)ـی لاکان. لەمڕۆدا فیکری ئەو لە چ بوار و بابەتێکدا زۆر پەیوەستدەبێتەوە؟ ئەگەر لەمڕۆدا لەگەڵمان بووبا، دژی کام دیاردانە دەوەستایەوە؟

 

ئـ . ڕ: سەدەی بیستویەک پێشوەختە لاکانییە. چونکە ئەو پێشبینی زیادەکانی کردبوو و فیکریش ڕێمان دەدات لە دژیان بجەنگین. هەرچەندە لاکان پیاوی چێژ بوو، بەڵام هەرگیز بانگەوازی بۆ چێژگەرایی کوێرانە نەدەکرد، ئەوەی کە لەمڕۆدا وەهمی خستۆتەجێی گەڕان بەدوای حەقیقەتی ئارەزوودا. ئەو بە گژ هەموو فۆرمەکانی شوناسگەراییدا دەچوو، ئەوەی کە هەمەچەشنیی بونیادیی ئێمەی ڕەتدەکردەوە؛ هەروابێتەوە بە گژ ڕەفتارگەرایی و درکگەرایی[6]دا دەوەستایەوە، ئەوەی کە مرۆڤ کورتدەکەنەوە بۆ هەبوویەکی سرووشتی و بایۆلۆژی و کورتیدەکەنەوە بۆ مێشک و جەستە.

  هەرچەندە حەیواناتی خۆشدەویست، بەڵام ئەو ئایدیایەی ڕەتدەکردەوە کەوا بەردەوامی و پەیوەستییەکی موتڵەق لەنێوان مرۆڤ و حەیواندا هەیە، ئەوەی کە شارەزایانی ئیکۆلۆژیا و ئیتۆلۆژیا(ڕەفتارناسیی حەیوان) جەختی لێ دەکەنەوە. لەڕێی تیۆریی سوبێکت و دالەوە(زمان، دەربڕین)، دابڕانێکی گەورەی لەنێوان مرۆڤ و نامرۆڤدا خستەڕوو، کەچی لە هەمان کاتیشدا داروینی بوو. جا ئەگەر پەیوەندیی زمان و سوبێکتیڤیتەی دەروونیی مرۆڤ پشتگوێبخەیت، ئەوا ڕێ بۆ زانستگەراییەکی فاشیستی خۆشدەکەیت: لافی ئەوە لێدەدەیت لەڕێی پشکنینی نیورۆنەکانەوە لە مرۆڤ تێدەگەیت، بەبێ ئەوەی گوێ بۆ قسەکانی بگریت مامەڵە بە ئازارەکانییەوە دەکەیت، و بە شێوەیەکی میکانیکیی پەتی بە حەبودەرمان بۆمبارانی دەکەیت. ئەی لێرەدا سوبێکت کوا؟ چی بەسەر تاقانەییدا دێت؟ ڕیسوا کراوە و سڕاوەتەوە.

 

ئـ . ب: بێگومان لاکان چارەسەرە درکی-ڕەفتارگەراییەکانی لەکەداردەکرد، ئەوانەی خۆیان بەشێکن لە نەخۆشییەکە. ئەو دژی ئەوەیە بە چەپوڕاستدا سەمپتۆمەکان بکرێنە شتانی پزیشکی و سایکۆلۆژیای بازاڕی ببووژێتەوە؛ ئەو سایکۆلۆژیایەی بەردەوام پێمان دەڵێن مەعریفەیەکی مۆدێرنی سوبێکتە. [گەر زیندووبا] ئەوا کۆمۆنیکاسیۆنی بەمیدیایی‌کراوی وەک ئازاردەری مەعریفە سوکدەکرد. درکی بە دابەزینی ئاستی ئەکادیمی دەکرد، کە ئەو لە ڕاستیدا ڕێزێکی زۆری لێ دەگرت. بەرزبوونەوەی ئاستی "مانا" و زیادبوونی لەڕادەبەدەری ڕوواڵەتی ساختە دەیانتۆقاند؛ هەروابێتەوە بەفیتیشکردنی زیادلەڕادەی ئەو ئاساییشەی کە دەسەڵاتی بەسەرمانەوە هەیە. وەک ئێلیزابێس وتی، لاکان دژەژەهری ئەو گەمژەییە ترسناکەیە وا ئەمڕۆ تاک‌بەتاکمانی گرتۆتەوە.

ئـ . ڕ: دەبووە هەڕەشەیەکی جددی لە بەرامبەر گەڕانەوەی پرۆگرامە ئایدۆلۆژییەکان: پۆپۆلیزم، سایکۆلۆژیزم، تاوانبارکردن لەسەر بنەمای قوربانی‌بوون، هەڵسەنگاندن و پێوانەکردنی گشتێنراو و هتد.

 

گ . ف: ئەی ئایا وەڵامێکی ئایرۆنییانە و گەپئامێزانەی بە ڕووی ئەو فەیلەسوفانەدا نەدەبوو کە باگەشەی زیدووکردنەوەی کۆمۆنیزم دەکەن، بە تۆیشەوە ئالان بادیۆ؟

 

ئـ . ب: ئایرۆنییەکی گومانلێکراوە! ئەوانەی کۆمۆنیزم ڕەتدەکەنەوە ئەو فریونەخواردووانەن کە لە خزمەتی دەسەڵاتدا هەڵەدەکەن. کۆمۆنیزم پێچەوانە دەقیقەکەی یۆتۆپیایە؛ کۆمۆنیزم ناوی ڕاستەقینەی ڕیاڵـە وەک مەحاڵ. دەستهەڵگرتن لە کۆمۆنیزم، یان هەر ئاوارتەیەکی تری ڕزگاریخواز، دەستهەڵگرتنە لە فۆرمی ڕاستەقینەی ئارەزووی سیاسی. بێگومان لاکان بەڕوونی موحافیزکار بوو، پێی‌وابوو دەستهەڵگریت باشترە تا ڕیسکی تیرۆر بکەیت. بەس هەر بە هەمان شێوەی ئێمە بەم جیهانەی ئێستای دەوت قێزەون، جیهانێک کە شایەنیەتی...

 

ئـ . ڕ: ...بە قامچی تێیکەویت.

 

 

 

ماویەتى...

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1]  ئەم کابرا لەنێوان ١٩٥٤-٥٥دا بۆ ماوەی هەشت مانگ سەرۆک‌وەزیرانی فەڕەنسا بوو-و

[2]  ڕیکخراوێک بوو دژ بە داگیرکاریی لە جەزائیر.

[3]  دەستەواژەیەکە پتر لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا لەنێو شۆڕشگێڕاندا بەکاردەهات، واتە ئاوەژووبوونەوەیەکی لەناکاوی کۆمەڵگە.

[4] “non-dupes err”

[5] Communitarianism

[6] Cognitivism