A+    A-
(663) جار خوێندراوەتەوە

دایالۆگى بادیۆ و ڕۆدینسکۆ لەمەڕ دەروونشیکاریی لاکان

           (مامۆستایەک و دوو بەرکەوتە)

 

 

 

  بەشى دووەم

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

 

گۆڤاری فەلسەفە: وەک دەستپێک دەتوانن باس لە پەیوەندیی خۆتان بە لاکانەوە بکەن؟ لە چ هەلومەرجێکدا بەر بیر و هزری وی کەوتن؟

 

ئێلیزابێس ڕۆدینسکۆ: سەبارەت بە من، سەرکێشیی دەروونشیکاری لە ماڵەوەمان دەستیپێکرد. جێنیی ئۆبریی دایکم لە خەستەخانە پزیشک بوو، لەناو مناڵە بێ‌سەرپەرشتەکاندا کاریدەکرد. وی دەروونشیکاریش بوو، بەوە ناسراو بوو کە پرەنسیپە کلینیکییەکانی جۆن بۆلبی و ئانا فرۆیدی هێنابووە فەڕەنسا؛ پێشتریش لە لەندەن چاوی پێیان کەوتبوو. لە سەرەتاکانی ١٩٥٣دا، دایکم بووە هاوەڵێکی لاکان(نەک قووتابی) و لە کاتی دامەزراندنی کۆمەڵەی فەڕەنسیی دەروونشیکاریدا پشتگیری وی بوو. دوای ئەوەی دایک و باوکم جیابوونەوە، لاکان زووزوو سەردانی دایکم و باوەپیارەکەم(پییەر ئۆبری) دەکرد. جێنی هاوڕێیەکی نزیکی سیلڤیا باتای بوو، لاکانیش ئەودەم تازە هاوسەرگیری لەگەڵ سیلڤیادا کردبوو. ئەوکات من سەردانی لا پریڤۆتێم کرد لە گویتانکور، واتە ناوچەی ماڵباتی لاکان، بەڵام نەمدەزانی کە ئەم پیاوەی من دەیناسم بیریارێکی گەورەیە. لە هەرزەکاریمدا هیچ حەزێکم بۆ دەروونشیکاری نەبوو، ئەسڵەن هیچ زەوقم بە لای ئەو شتەدا نەدەچوو کە دایکم تێیدا قاڵببووەوە. لەجیاتیدا خەونم بە نوسینی ڕۆمان یان بەرهەمهێنانی فیلمەوە دەبینی. ئەدەبیاتم خوێند، دواتریش زمانناسی، خولیایەکی زۆرم بۆ Cahiers du cinéma و نۆڤڵ ڤەیگ و فیلمەکانی هۆڵیود هەبوو. لە ١٩٦٦دا چوومە بومێرداسی جەزائیر تا وانە بڵێمەوە. لە هەمان ئەو ساڵەدا نەزمی شتەکانی فۆکۆ و نوسراوەکانی لاکان بڵاوبوونەوە. چ ساتێکی قەشەنگ بوو! شەپۆلی بونیادگەری، کە کلۆد لیڤی شتراوس سەرپێیخست و لەمەڕ مارکس(١٩٦٥)ـی ئاڵتۆسێر درێژەپێدەری بوو، بووە سرووشێکی ڕاستەقینە بۆم. هەرچەندە ئەو وانە فەلسەفییانەی لە ئامادەییدا دەمخوێندن شتانی قەڵبوقۆڕ بوون، بەڵام دواجار ئەو بیریار و فەیلەسوفانەم دۆزییەوە کە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەیاننوسی: بیریارانی زمان. بەکەیفوشادییەوە سەرم کرد بە نوسراوەکانی لاکاندا، و مەعریفەیەکی پتەوم لەسەر ئەو زمانناسییە بونیادگەرییە هەبوو کە لاکان بەکاریدەهێنا(لە سۆسێرەوە دەستمپێکرد و لەڕێی یاکۆبسنەوە گەشەمکرد). دیمەنێکی ناوازە: بیرمە بە حەماسەوە بە دایکمم وت لاکانەکەی "ئەو" چەنێ ناوازەیە لای من. ئەویش لە وەڵامدا وتی: "هەمیشە هەر ئەوەم پێ وتوویت". ئیتر دوای ئەوە دەستمانکرد بە ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا سەبارەت بە تیۆریی دالەکان؛ هەریەکمان و بە شێوەیەکی جیاواز لێمان دەڕوانی. دوای ئایاری ١٩٦٨، وازم لە پڕۆژەی نوسینی ڕۆمان هێنا و ڕووەو زانستە مرۆییەکان و فەلسەفە وەرچەرخام؛ لەژێر سەرپەرشتیی زڤیتان تۆدۆرۆڤدا ماستەرم لە ئەدەبیاتدا وەرگرت، ئەویش لە زانکۆی پاریس‌ لە ڤینسین(سان دۆنیی ئێستا)، هەر لەوێش دکتۆرام خوێند. بەشداریم لە سیمیناری "ئەنتی ئۆدیپ"ـی دۆڵۆزدا کرد و کاتێ میشێل دو سارتوم ناسی ڕووەو مێژوو سووڕامەوە؛ سارتو لە بەشی دەروونشیکاری وانەی دەوتەوە، ئەو بەشە لە ١٩٦٩ لەسەر دەستی سێرژ لێکلێ دامەزرا. لە ١٩٧٢دا لویی ئاڵتۆسێرم ناسی. سەبارەت بە لاکانیش، لە ١٩٦٩وە لە کۆلێژی یاسا لە پانتیۆن بەشداریی سیمینارەکانیم دەکرد. هەر کە دایکم خولیای منی بۆ وانەکانی وی پێ ڕاگەیاندبوو، خێرا پەیوەندیی پێوە کردم. کە یەکترمان بینی وتی: "چ باسە؟ بۆ هێندەت پێچوو تا من ببینی؟" ئیتر منیش پێم وت خەریکی چی بووم: دەبوو لە ڕۆژنامەی "ئەکسیۆن پۆییتیک"، کە هێنری دیلوی بەڕێوەیدەبرد، کار لەسەر جۆرج پۆلیتزەر بکەم. لاکان پێداگریکرد لەوەی بچمە قووتابخانەی فرۆیدیی پاریس، ئەوەی خۆی لە ١٩٦٤دا دایمەزراندبوو. هەرچەند یەکلا نەبووم کە بچمەژێر شیکارییەوە، بەس قبووڵمکرد، خۆم دایە دەست قەدەر. ئیتر تا هەڵوەشاندنەوەی قووتابخانەکە لە ١٩٨٠دا لەلایەن لاکان خۆیەوە، کە ساڵێک پێش مەرگی دەکات، هەر لەوێندەر ئەندام بووم.

 

ئالان بادیۆ: ڕێی من جیاواز بوو. کاتی گەنجییم سارتەری بووم. لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨-١٩٦٢ قووتابیی فەلسەفە بووم لە École normale supérieure لە ڕیو دولم، لەوێ مامۆستای دووەمم ناسی، دوای سارتەر لە هەرزەکاریمدا: لویی ئاڵتۆسێر. چ بەرکەوتنێکی دژەکانە! ئاڵتۆسێر پێشنیاری دووبارە خوێندنەوەی مارکسی دەکرد لەڕێی سڕینەوەی هەموو جوانکارییە هیومانیستییەکانەوە، هەر لەو کاتەدا سارتەر نوسخەیەکی بوونگەرایانەی مارکسی تەرحکرد. بەسوتفە چاوم بە یەکەم بابەتی ڕۆژنامەی دەروونشیکاری کەوت، ئەو ڕۆژنامەیە گوتارە بەناوبانگەکەی ڕۆمای لاکانی تێدابوو(کارکرد و کایەی دەربڕین و زمان لە دەروونشیکاریدا-١٩٥٣). ئەم تێکستە عەجیب سەرنجمی ڕاکێشا؛ هێند ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش بوو کە هەموو پەیوەندیی تیۆریی من بە لاکانەوە هەمیشە بە نێوەندگیریی نوسینەکانی لاکان خۆی بووە. پاش ئەم دۆزینەوە سەرەتاییە، هەر بەردەوام بووم لە خوێندنەوەی ئەو ڕۆژنامەیە، دواتر وردەوردە سەرچاوە و ئاماژەکان بە لاکان ڕژانە نێو وتارەکانمەوە. هێند سەرجیان ڕاکێشابووم، ئیتر ئاڵتۆسێر بردمی بۆ سیمینارێکی لاکان لە خەستەخانەی سانت‌ئانی. ئەمە لە ساڵی ١٩٦٠-٦١دا بوو. لە هەمان کاتیشدا، من یەکەم قووتابی بووم لە École normale supérieure لەسەر داوای ئاڵتۆسێر دوو سیمینار لەسەر فیکری لاکان پێشکەشبکەم.

 

ئـ . ڕ: فرۆیدیشت دەخوێندەوە؟

 

ئـ . ب: بەڵێ! هەر لە یەکەم ساڵمەوە لەو قووتابخانەیە، بەردەوام و بە شێوەیەکی سیستەماتیک خەریکی خوێندنەوەی فرۆید بووم. پێمان وا بوو فرۆید یەکێکە لەو ڕووداوە گەورانەی سەردەکێشێت بۆ زانستە مرۆییەکان، زانستێکی مرۆیی کە جێ بە ئایدیالیزم چۆڵبکات بۆ ماتریاڵیزمێکی جددی. وێڕای بەردەوامییم، هەر زوو درکم بە جیاوازیی  کارەکانی ئەو کرد لەگەڵ لاکاندا، شتێکی سەیر بوو.

ئـ . ڕ: زۆر سەیرە خوێدنەوەی لاکان زۆر ڕۆشنبیر دەگەڕێنێتەوە بۆ فرۆید، بە خۆیشمەوە. من سەرەتا لاکانم خوێندەوە نەک فرۆید، و بۆیە خوێندنەوەی من بۆ فرۆید "لاکانی" بوو. لەوەش زیاتر، نابێ لەمەعبێن کارەکانی فرۆید و لاکاندا سەرمان لێ تێکچێت، ئەویش تا ئەو جێیەی باوەڕمان وا بێت فرۆید پێشوەختە لاکانی بوو.

 

ئـ . ب: ئیتر هەرچی بێت، لە چاوی مندا لاکان وەک فیگەرێکی گەورەی ڕۆشنبیری خۆی دەرخست، هەرچەندە بڕێک وتاری کەمیشی بڵاوکردبوویەوە کە تێگەیشتن لێیان ئاسان نەبوو.

 

ئـ . ڕ: لاکان هەردەم بەو جۆرە بووە: پێش ١٩٦٦ و کۆکردنەوەی "نوسراوەکانecrits-"، هیچ کتێبێک بەردەست نەبوو. هەموو شتێک پەرتوبڵاو بوو.

 

ئـ . ب: لە ڕاستیدا، ١٩٦٦ لە ڕیمس لە ئامادەییەک فەلسەفەم دەوتەوە. ئیتر لەڕێی دەستوەردانی فرانسوا ڕینۆوە، کە ئەویش هەر لە ڕیمس بوو، چوومەپاڵ سەرنوسەرانی Cahiers pour l’analyse، ڕۆژنامەیەکی لاکانی-مارکسیستی بوو کە لەلایەن هەندێکەوە کە سەر بە قووتابخانەی "نۆرمالێ" بوون و کەمێک لە من گەنجتر بوون، دامەزرێنرابوو. ئەوان جگە لە ڕینۆ، ژاک ئالان میلەر و ژان کلود میلنەر و یڤیس دورۆ و ئالان گرۆسڕیچاردیان تێدابوو...دوو وتاری سەرەتام کە لە ڕۆژنامەکە بڵاومکردەوە، سەبارەت بە لۆژیکی ماتماتیکی بوون-یەکێک لە خولیاکانی ئەوسا و ئێستاشم- و لەوێدا بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەم بە لاکان دابوو، بەڵام بە تۆنێکی ڕەخنەکارانەوە و بە مەودایەکی دیاریکراویشەوە. من پێداگریم دەکرد کە سوبێکتی زانستی بوونی هەیە: لەو خاڵەدا هەر ئاڵتۆسێری مامەوە. زانست بۆ من، ئاماژە بوو بۆ پرۆسەیەکی ناسوبێکتیڤ. بیریشتان بێت باسی ١٩٦٦ و ١٩٦٧ دەکەم...دواتر ڕووداوەکانی ئایاری ٦٨ سەریانهەڵدا، ڕووداوگەلێ کە ژیانمیان ئاوەژووکردەوە و لەدوای ئەوەوە ساڵانێکی زۆرم لە ئەکت و فیکری سیاسیدا خەرجکرد.

 

ئـ . ڕ: لە بنەڕەتدا بۆ تۆ، خوێندنەوەی لاکان هاوتای دابڕانە سیاسییەکان بوو، بەڵام بۆ من لەگەڵ "ئاواز"ی بونیادگەرەکاندا بوو.

 

ئـ . ب: لە دا١٩٦٩ بە شەخسی چاوم بە لاکان کەوت. پێم وا بێت هەموو شت بۆ لاکان جۆرێک لە خێرایی و پێویستی تێدابوو. بۆیە ویستی هەروا بەپەلەش من ببینێت. منیش ئەوکات زۆر سەرقاڵی کارگە و کاروباری کرێکارە بیانییەکان بووم، بۆیە بە ڕۆژدا نەمدەتوانی بیبینم، ئیتر ئەویش مەجالی نەبوو بە تەلەفۆن قسەبکەین. بەهەرحاڵ، کاتێکمان دۆزییەوە تا پێکەوە نانی بەیانی بخۆین. ڕێک وەک لەخشتەبەرێک(seducer)، ڕێک هەوڵیدا لەڕێی هەمان ئەو شتەوە سەرنجم ڕاکێشێت کە بە ئێلیزابێسی وتبوو: "ئەی بۆ زووتر نەهاتی بمبینیت؟" و هتد. هەرگیز نەچوومەپاڵ قووتابخانەی فرۆیدیی پاریس و نە بوومە دەروونشیکار نە دەروونشیکارکراو. هیچم دەربارەی قەنەفەکە[1] نەدەزانی. هەمیشە بۆ من و بە دەرەجە یەک، لاکان وەک بیریارێک مایەوە نەک مامۆستایەکی دەروونشیکاری. هەمیشە ئەولەویەتی نوسراو! هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لاکان لە کارە فەلسەفییەکانمدا جێیەکی دیاری هەبوو، بەتایبەت لە تیۆریی سوبێکتـەوە. ئەو هەمیشە بەشێکە لە ئاسۆی ڕۆشنبیریی من.

 

گ . ف: بەگشتی کۆمەکی لاکان بۆ فەلسەفە و بەتایبەتیش کۆمەکی وی بۆ فیکری خۆت چۆن دەبینیت؟

ئـ . ب: کارە تیۆرییەکانی لاکان لەگەڵ کارە فەلسەفییەکانی مندا یەکیان دەگرتەوە چونکە پێگەیەکی تەواو تاقانە سەبارەت بە پرسی سوبێکت دەخاتە بەردەست. لە سەرەتای شەستەکاندا، هەروەک زۆرێک لە فەیلەسوفە گەنجەکان خۆم لە بارودۆخێکی تایبەتدا بینییەوە. هەروەک وتم، من ئەوکات سارتەری بووم. بەڵام بە یارمەتیی ئاڵتۆسێر چیتر ئەو کاتە هات کە لە فینۆمینۆلۆژیا(دیاردەناسی) دابڕێم، سارتەریش یەکێک لە دیارترینەکانی ناو فینۆمینۆلۆژیا بوو. ئەم دابڕانە بۆ؟ فینۆمینۆلۆژیا هەر لە درووستبوونییەوە لەسەر دەستی هۆسەرڵ، پرسی سوبێکتی دەگەڕاندەوە بۆ فەلسەفەی ئاگایی. [بەپێی فینۆمینۆلۆژیا] ڕیشەی ئاگایی لەناو ئەزموونی ڕۆژانە و ڕاستەوخۆ و سەرەتاییدا بوو. سوبێکت لەناو ئاگایی و تێگەیشتنی ڕوونی ئەوەی "چییم بەسەر دێت"دا تیامابوو. بێ‌مەڵامەت نیە فینۆمینۆلۆژیستەکان(بۆنمونە مێرلۆپۆنتی) سەرنجێکی زۆریان خستۆتەسەر هەستکردن(perception): هەستکردن بنەڕەتیترین ئەزموونی ڕاستەوخۆ و نیەتمەندانەی ئاگاییە لەگەڵ جیهاندا. لەوەش زیاتر-و فینۆمینۆلۆژیا بە مانا فەڕەنساییەکەی هەڵگری نەریتی سایکۆلۆژییە- سوبێکت وەک شتێکی ناوەکی[و سایکۆلۆژی] وەردەگیرێت، لە گۆشەی هەست و عاتیفە و هتدەوە. دەرەنجامەکەش تیشک خستنەسەر ئیگۆی ڕەنگدەرەوە یان خود و بازنەی ناوەکێتییە.

  بۆ ئەوەی فیکرێکی شۆڕشگێڕانەی ڕزگارکەر بەکاربێنین وا زانست پاڵپشتێتی("پڕۆگرامی هاوبەش"ـی ئەودەم)، دەبوو خۆمان لە مۆدێلە فینۆمینۆلۆژییەکەی سوبێکت ڕزگارکەین کە هەم ڕەنگدەرەوە بوو و هەم بوونگەراش. لە بەجێهیشتنیدا، دەمانتوانی خۆمان بدەینەپاڵ زانستە مرۆییەکان، ئۆبێکتیڤیتەی زانستی و فۆرماڵیزمی لۆژیکی-ماتماتیکی. بەکورتی، بونیادگەری ببووە ڕزگارکەرێک دژ بە فینۆمینۆلۆژیا. ئەو فیکرە دژانەی لەم نوسینەدا کۆکراونەتەوە، لانیکەم خاڵێکی هاوبەشیان هەیە: هەموان شۆڕشێکیان دژ بە چەمکە کۆنەکەی سوبێکت خوڵقاندووە. جیهانی بونیادگەری لە "ئەنتی هیومانیزم"ـی ئاڵتۆسێر و "مەرگی مرۆڤ"ـی فۆکۆدا بە کەماڵ دەگات. لەم بزووتنەوە گشتییەدا، گۆڕان و نووشتانەوە مومکینن. هەنێ پێیان‌وایە سوبێکت ڕوونکردنەوەیەکە، دەرەنجامی ئاوێنەیی بونیادێکی جەوهەریی شاراوەیە کە دەشێت لەڕێی زانستەوە بیری لێ بکرێتەوە. هەنێکیش لەژێر سایەی هایدیگەردا گەرەکیانە بێژن سوبێکتە میتافیزیکییە کلاسیکەکە چەمکێکی ئایدیالیستیی کۆنباوە. پێیان‌وایە ئەوەی لە سوبێکتدا ڕاستەقینەیە فۆرمێکی تایبەتی ئۆبێکتە. هێشتا ئەوانیتر، واتە شوێنکەوتەکانی ئاڵتۆسێر، پێیان‌وایە سوبێکت کاتەگۆرییەکی هێمایی و سەنتراڵی سەردەمی بۆرژوازییە. لە کۆتاییدا، بە هەر نۆعێک لێی بڕوانیت، هەموو ڕێگە بونیادگەرەکان دەچنەوە سەر ڕەخنەی ڕادیکاڵ لە چەمکی سوبێکت.

  لاکان لەکوێی ئەم سیاقەدا جێی دەبێتەوە؟ بە سەرێک، ئەویش بەشێک بوو لە دابڕان لە فینۆمینۆلۆژیا، تەنانەت تا ئاستێکیش کە زۆرباش ئاگاداری فیکری مێرلۆپۆنتی و سارتەر بوو. ئەو لەبەر ئەوە ناگەڕێتەوە بۆ بونیادگەری چونکە زیاد لە هەرکەسێک پەنای بردۆتە بەر فۆرماڵیزمی لۆژیکی-ماتماتیکی، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەست لە "سوبێکتی ڕەنگدەرەوە وەک چەقی ئەزموون" هەڵدەگرێت. لە گۆشەنیگا دەروونشیکارانەکەیەوە، سوبێکت بەندە بە بونیادێکی ناڕەنگدەرەوە و سەرووتاکییەوە[2]: ئەویش نەستە، کە بۆ لاکان بەتەواوی بەندە بە زمانەوە. جا ئاوها، زانستی نەست جێی فەلسەفەی ئاگایی دەگرێتەوە. بە هەموو ئەمانەوە، لاکان-ئەمە دووەمین ڕەهەندی پێگە تاقانەکەیەتی- هێندەی بونیادگەرە "سەرسەخت"ـەکانی وەک فۆکۆ و هایدیگەرییەکانی وەک دێرێدا ناڕوات، کە پێیان‌وایە کاتەگۆریی سوبێکت ئەڤەتاری ڕووتی میتافیزیکی لەکارکەوتووە. لەجیاتیدا، لاکان دەست بەم کاتەگۆرییەوە دەگرێت تاکو سەرتاپای نوێبکاتەوە. چونکە بۆ لاکان سوبێکت لە هەناوی ئەزموونی کلینیکیدا دەمێنێتەوە. سوبێکتی لاکانی ملکەچی زنجیرەی دەلالەتە؛ دابەشبوو و درزبردووە و خۆی ناناسێت و بە ڕووی جیاوازییەکی ڕادیکاڵدا کراوەتەوە(ئەوەی لاکان پێی دەڵێت "گوتاری ئەویتر"). بەڵام هێشتاش گرنگە بۆ ئەوە کە تیۆرییەکی سوبێکت بخرێتەڕوو. دەرەنجام، لە شەستەکان و حەفتاکاندا، لاکان بووەهۆی ئەوەی خۆم بلکێنم بە ئەنتی هیومانیزمی تیۆرییەوە، ئەویش لە کاتێکدا دەرهەق بە سارتەری‌بوونم و چەمکی سوبێکت بەوەفا مامەوە. لەبەر ئەم هۆیە، لاکان بۆ من [بیرمەندێکی] گرنگی هاوچەرخ بوو. کەسێک کە دەیزانی چۆنچۆنی شتە جیاوازەکان بداتە دەم یەکترەوە تاکو شتەکەی خۆی درووستبکات.

 

گ . ف: ئێلیزابێس ڕۆدینسکۆ، ڕات چیە لەسەر ئەم شۆڕشەی لاکان کە هەردوو دەروونشیکاری و فەلسەفەی هەژاند؟

 

ئـ . ڕ: پێش هەموو شت، لاکان لە چوارڕیانی بەرکەوتنی پێشبینینەکراو و پڕناکۆکیی نێوان دوو نەزمدایە. لە لایەکەوە، ئەوە لاکان بوو فەیلەسوفانی تێگەیاند کە دەروونشیکاری شۆڕشێکی فەلسەفی هێناوەتەئاراوە. بەس لە لایەکی ترەوە، ئەوە هەر ئەو بوو کە دەروونشیکاری لە فەلسەفە هەڵگەڕاندەوە. جووڵەی دووەمی ئەم پەندۆڵە بۆ من گرنگترینە: لاکان فەلسەفەی بەکارهێنا، و چەندین فەیلەسوفی بۆ سیمینارەکانی بانگهێشتکرد تاکو چێوەی دەروونشیکاری فراوانبکاتەوە، چونکە کەسی بڕواپێکراوی کەمی تێدابوو.

  لەڕێی دەستوەردانەکانی لاکانەوە، دەروونشیکاری هەمدیس فەلسەفەی دۆزییەوە و ڕۆشنبیرانیش دەروونشیکاری، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە دەروونشیکاری لەنێوان سایکۆلۆژیا و پزیشیکیدا قەتیسمابوو. و لەڕێی بونیادگەرییەوە، بۆنمونە ئەوانەی وەک خۆم لە ئەدەبیاتدا کاریاندەکرد، توانییان درک بە گرنگیی فەلسەفە بکەنەوە؛ سوپاس بۆ نەوەیەک لەو فەیلەسوفانەی هەم ستایلیست بوون و هەم خولیای ئەدەبیاتیان هەبوو. ئەمەم لە کۆرسی فەلسەفەی خوێندنی ئامادەییدا نەبینی. دوای خوێندنەوەی ئاڵتۆسێر یان فۆکۆ و شوێنکەوتنی وانەکانی لاکان، تەنێ خەریکی سپینۆزا و هیگڵ بووم. لەڕێی ئەو دەرگایانەوە دەستمکرد بە فەلسەفە کە بونیادگەرەکان کردبوویانەوە، و دواتریش هەندێک کۆرسی وانەیی پییەر ماکێریم وەرگرت. زۆرزۆر قەرزاری ویم. لە ڕاستیدا پێشوەختە لە ١٩٦٦دا-ساڵە موعجیزەئاساکەی بونیادگەری- درزێک لەنێوان ئەوانەدا درووستبووبوو کە فەلسەفەیان بەکاردەهێنا و ئەوانەشی لێی دووردەکەوتنەوە و پێیان باشبوو دەروونشیکاری لە کێڵگەی سایکۆلۆژیادا بهێڵنەوە.

  پێم‌وایە تاقانەیی لاکان لە ڕچەوئسلوبە تایبەتەکەیدایە. نابێت بیرمانبچێت ئەو لە سەرەتادا دەروونپزیشک(psychiatrist) بوو. هەمیشە دەروونپزیشکی لە فەلسەفەوە نزیکبووە نەک سایکۆلۆژیا، سایکۆلۆژیاش هەردەم ویستوویەتی لە فەلسەفە دابڕێت و ببێتە شتێکی زانستی، کە هەرگیز شتی وا ڕوونادات. لاکان وەک جۆرج کانگویلهێم، هەرگیز نەوەستا لە ڕەخنەکردنی سایکۆلۆژیا وەک زانستێکی هەڵە، ئەویش بەو هیوایەوە دەروونشیکاری ببێتە نەزمێکی سەرجڕاکێش. ئەو دەمەی لاکان ڕووەو دەروونشیکاری ڕۆشت(نزیکی ١٩٣١)، دینامیکیترین دەروونپزیشکیی فەڕەنسا بەدەور فینۆمینۆلۆژیادا دەسووڕایەوە. لاکان لەو سەروەختەدا فینۆمینۆلۆژیست بوو، ئەویش پێش ئەوەی لەڕێی ئەلێکساندەر کۆژێڤەوە بەرەو فیکری هیگڵ وەرچەرخێت. پاش جەنگی جیهانیی دووەم، لاکان لەمە دوورکەوتەوە، بونیادگەری پێ باش بوو، و لەڕێی نزیکایەتیی لەگەڵ یاکۆبسن و لیڤی شتراوس و خوێندنەوەی کارەکانیانەوە گەڕایەوە بۆ سۆسێر؛ بە پێچەوانەی ئەو لاکانییانەی پێیان‌وایە لاکان سەربەخۆ دەستیکردووە بە بژارکردنی مێژوو تاکو کاریگەریی ئەمانە بسڕێتەوە و ببێتە قارەمانێک کە خۆی تاکە سەرچاوەی ئیلهامی خۆی بووبێت. بەم مانایە، دەروونشیکاری پڕیەتی لە ڕیڤیزیۆنیست.

  لاکان بۆ ماوەیەکیش شیفتەی فیکری هایدیگەر بوو، بەڵام لدوای ١٩٥٧ـەوە چیتر وا نەما، دەتوانین ئەمە لە "بریکارێتیی نامە لە نەستدا، یان ئەقڵ لە فرۆیدەوە"دا ببینین. بەڵام ئەمە وای نەکرد لاکان کات سەرفنەکات تاکو هایدیگەر نەیناسێت. ئەم دابوویەپاڵ زانست و ئۆبێکتیڤیتەی فۆرماڵ، هایدیگەریش سەر بە فینۆمینۆلۆژیا و ئۆنتۆلۆژیا بوو، پێی‌وابوو "زانست بیرناکاتەوە".

  ڕیشەکانی لاکان لەناو دەروونپزیشیکیدا زۆر گرنگن، و ئەمە جەختکردنەوەیە لەو شتەی بادیۆ وتی دەرهەق بە مانەوەی وی لەگەڵ کێشەی فەلسەفیی سوبێکتدا. دەروونپزیشکی تەنیا سەروکاری لە ناکامییەکانی دەرووندا نیە؛ ئەو مامەڵە لەگەڵ شێتیدا دەکات وەک تێکشکێنەری سوبێکت. ئایدیای نامۆیی و کەرتبوونی کەسایەتی هەر زوو لای لاکان دەرکەوت، سوریالییەکان و بەتایبەت سەلڤادۆر دالی هۆکاری ئەمە بوون. لە ١٩٣٢دا تێزە پزیشکییەکەی تەرخانکرد بۆ ژنێکی شێت-مارگریت ئانزو(دواتر بووە "دۆزەکەی ئەیمی")-، ئەویش پێش ئەوەی سەرنجی بۆ لای هەقایەتی "خوشکانی پاپین" بڕوات؛ دوو خانم کە سەرۆکەکانی خۆیانیان کوشتبوو لە لامان بەبێ هیچ هۆکارێک. لاکان هێند توانای هەبوو دەریخات کە پارانۆیا-بەتایبەت پارانۆیای ژنانە-لۆژیکێکی شێتانەیە حاڵەتی نۆرماڵی دەخاتەوە و هیچ هۆکارێکی ئۆرگانی یان بنچینەیی نیە. ڕەپتی بە پەیدابوونی دەروون[3]ـەوە هەیە. ئا لێرەوە لاکان سەرنجی چووە سەر ژنە عاریفەکان و ئەو ژویسانسە موتڵەقەی لەودیو سنورەکانی ئەقڵەوە بەدوایدا دەگەڕێن.

  ئەمە جیاوازییەکی گرنگە لەگەڵ فرۆیددا: لە کاتێکدا دامەزرێنەری دەروونشیکاری پتر سەروکاری لەگەڵ عوسابییەکاندا هەبوو-ئەگەرچی ئەمڕۆ دەزانین ئەو نەخۆشانەی ئەو خەریکیان بوو بەدەست پاتۆلۆژیی زۆروزەبەنەوە دەیانناڵاند-، کەچی لاکان زیاتر خەریکی دونیای "دەروونپەشێو(سایکۆتیک) و دەروونپەشێویی ژنانە و پارانۆیا وەک سیستەمی فیکری فۆرماڵ و لۆژیکی" بوو. با بڵێین ئەمە دەلالەتە لە ڕەهەندە فەلسەفییەکانی پڕۆژەکەی وی. بیریشمان نەچێت فرۆید سیقەی بە فەلسەفە نەبوو، پێی‌وابوو گوتارێکی پارانۆیاییە؛ واتە لۆژیکی شێتییە...

 

ئـ . ب: تەواو هاوڕام. هەر هاوشێوەی ئەوە بیڵێم، عوسابەکان کۆمەڵێک پرسی سایکۆلۆژیای کلینیکین. هەموو کەسێک حەکایەتەکانی شکستخواردن لە عەشق و وەسوەسەی تێکدەر و بێتوانایی ناوەکی و ئەمانەی بیستووە. ئەم حەکایەتانە زۆر هاوشێوە و وەڕزکەرن. هەمیشە ئەو ڕاستییەم بە لاوە سەرنجڕاکێش بووە وا دەروونشیکاران گشت ڕۆژێ ژیانیان بەوەوە سەرفکردووە گوێ لە دانپێدانانە سەمپتۆماتیکەکان بگرن. هەر لە ڕاستیدا ئەمە جۆرێک لە قارەمانێتییە. عوساب(نیرۆسیس) شتێکی زۆر وەڕزکەرە! بەس شێتی هەر لە بنجەوە فەلسەفە ڕاودەنێت: ئەرێ ئەم فۆرمە توندوتیژەی نقوومبوونی سوبێکت چیە؟ ئەرێ چۆن لەو دەرپەڕینە لەپڕتاوانەی جیاوازیی ڕادیکاڵ تێبگەین؟ گومانی تێدا نیە دەروونپەشێوی زۆر سەرنجڕاکێشترە بۆ فەلسەفە.

 

ئـ . ڕ: گەرەکە لێرەدا دان بە خۆپارێزییەکدا بنێم: لاکان زیاتر حەسرەتی بۆ پارانۆیا هەبوو، بەس من سەروکارم لەگەڵ "شێتیی فەلسەفی"-شێتییەکی دوودیو(شاگەشکەبوون و خەمۆکی)-دا هەبوو؛ ئەوەی کە وەک سەرنجڕاکێشترین و ئەدەبیترین و داهێنەرانەترین مالیخۆلیا دەمێنێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆیە بوو لێکۆڵینەوەم لەبارەی فیگەری "تیرۆین دو مێریکور" کرد؛ ژنێکی مالیخۆلی و ڕابەری فیمینیزم، زۆر بەباشی هەڵچوونە شۆڕشگێڕانەکەی ١٧٨٩ـی بەرجەستەکرد. ئەوە نەمانی ئایدیاڵە شۆڕشگێڕانەکە بوو لە ١٧٩٣دا وا ئەم ژنەی بەرەو شێتی برد. لە پەناگەی سالپێتریەر کۆتایی بە حەیاتی خۆی هێنا، ژان ئیتیەن دۆمینیک ئێسکویڕۆڵ-یش بە چاوەوە بووبوو. ئەرێ چۆن دەبێت بیر لە چارەنوس و قەدەری ئاڵتۆسێر نەکەینەوە؟[4]هەمیشە ئەوەم بەلاوە گران بووە بۆچی لاکان هێندە کەم بایەخی بەم فۆرمە لە شێتی داوە، شێتییەک کە لە هۆمیرۆس و ئەرستۆوە گرنگییەکی زۆری پێدراوە.

 

ئـ . ب: لاکان پارانۆیا بە لەپێشتر دادەنێت چونکە سیستەماتیک‌ترە. ئەمە لای فرۆیدیش هەر وا ڕوونە؛ دۆزەکەی شرێبەر تێکستێکی خرۆشێنەرە بە لۆژیکێکی کەللەڕەقانەوە. ئەو هەستەت لا درووستدەکات کە دەشێت ئەم تێکستە لە ماتریکسێکی خۆ-پەسەندانەتردا بخوڵقێنیتەوە. پارانۆیا زۆر بەباشی لەگەڵ شیکاریی بونیادگەرانەدا دەگونجێت، جا لەبەر ئەمەیە لاکان حەزی پێی بوو.

گ . ف: ئێستا ئێوە ئاماژەتان بە دابڕانی لاکان لە فرۆیدا دا، ئەویش سەبارەت بە خولیای وان دەرهەق بە عوساب و دەروونپەشیوی. ئایا لە پرسی چارەسەریشدا هەمان دابڕان و جیاوازی دەبیننەوە؟ ئایا جیاوازیی نێوان دەروونشیکاریی فرۆید و دەروونشیکاریی لاکان شتێکی ڕوونە؟-دەشزانین دیداری کورتی لاکان ئابڕووبەرانە بوو، تا ئاستێکیش ئەمە پاڵنەری دەرکردنی وی بوو لەیەکێتیی دەروونشیکاریی نێودەوڵەتی.

 

ئـ . ڕ: بەڵێ، لە سەرەتای شەستەکاندا و بەتایبەت لە پاریس، جیاوازییەکە هەر زۆر ڕوون بوو. دەروونشیکارە ئۆرتۆدۆکسییە فرۆیدییەکان پاڵپشتی ماتریاڵیزمێکی پەڕپوت و ڕووتەڵەیان دەکرد. وان پتر حەزیان بە یادگاری و عاتیفەکان و تێکچوونە خودئەڤینییەکان و ڕەفتارە ئاسایی و نائاساییەکانی ئیگۆ دەکرد، هەر بۆیە پێیان‌وابوو هەر شتێک لە چوارچێوەی کلینیک دەرچێت گریمانەییە و مەترسیدارە: هێندەیان لەگەڵ سایکۆلۆژیای ڕەفتارگەرادا فەرق نەبوو. بەڵام لاکان بە تیشک خستنەسەر زمان و ئەوەی وتراوە و ئەو دابڕانەی کە پێویستە لە هەناوی چارەسەری دەروونشیکارانەدا ڕووبدات، هەم لە ئاستی تیۆر و هەم پڕاکتیکیش، وای کرد دەروونشیکاری لەو جۆرە تێڕوانینە دوورکەوێتەوە. ئەو بیرتەسک نەبوو؛ ڕێزی لە پیشە و توانای نەخۆشەکانی دەگرت و زۆریش گوێی بە ئایدیاڵی چارەسەر یان "ئاسایی‌کردنەوە" نەدەدا.

  ئا لەو کاتەدا دەروونشیکارە ئۆرتۆدۆکسە فرۆیدییەکان بە قووتابییەکانی لاکانیان وت کەمپێک بۆ خۆتان هەڵبژێرن و دەروونشیکاری بکەنە ئایینێکی ڕاڤەکار. جا ڕێک پێچەوانەی ئەوان، لاکان بیر‌فراوانیی خۆی دەرخست: بۆنمونە ئەگەر قەشەیەک بهاتبا بۆ لای لاکان بۆ چارەسەر-کە زۆر جار شتی وا ڕوویداوە- ئامۆژگاری دەکرد تا وەک قەشەیەک بمێنێتەوە، گەر ئەوە ئارەزووی ڕاستەقینەیەتی. لاکان لە جەوهەری ڕۆحانییەت و فەلسەفە و هتد تێگەیشتبوو، هەر بۆیە ئایینزاکان لاکانیان بەدڵ بوو، جا ئەمە وێڕای ئەوەی لاکان ئاتایست بوو و بەتەوای ئیمانی بە گوتارێکی زانستی هەبوو. پارادیمە بایۆلۆژییەکەی فرۆید، کە لەڕێی هاوێنەی پۆزەتیڤیزمێکی مردەڵەوە خوێندنەوەی بۆ کرابوو، بووەهۆی سەرتێکدان لەو کەسە ئایینییانەی دەیانویست بچنەژێر چارەسەرەوە.

 

ئـ . ب: عادەتەن پۆزەتیڤیزم لە ئایینێکی لینگەوقووچ زیاتر نیە، دوورە لەو بانگەشەکەی خۆیەوە، واتە خزمەتکردنی زانست، پتر ملکەچی کۆمەڵێک ئۆبێکتیڤیتەی ئایدۆلۆژییە کە دوورن لە بوون بە زانستێکی گونجاو. جا لەبەر ئەمە، کەسێکی ئایینی هۆکاری زیاتری بەدەستەوەیە تا زانست، ئەویش تاکو لە پۆزەتیڤیزم بترسێت. هیچ شتێک نابێتە ڕێگر لەبەردەمماندا تاکو وا بیرکەینەوە خودا عاشقی زانستە، ئەگەرچی ئایدۆلۆژیای پۆزەتیڤیزمیشی خۆشنەوێت...

 

ئـ . ڕ: ڕێک بەو جۆرە! جا ئەوانە لەلایەن دیدە فرۆیدییەکەوە بۆ ئایین، خرابوونەنێو خانەی عوسابەوە. لە ڕاستیدا دەروونشیکارە فرۆیدییە فەڕەنسییەکان کۆمەڵێ پۆزەتیڤیستی دژەئایین بوو، زۆر کەیفیان بە پرسە ڕۆشبیری و ڕۆحانییەکان نەدەهات و زۆر بەکەمی لووتیان لە گوتاری فەلسەفی هەڵدەژەند. لەوێوەڕا زۆرێک لە ئایینزاکان ڕای خۆیان لەسەر فیکری لاکان گۆڕی. دەنوباس هەیە لاکان لە کۆتایی تەمەنیدا بیری بە لای فیکرەی دۆگماییانەی چارەسەری زۆرکورتدا چووبێت، کە ئەمە سەریدەکێشا بۆ ترس و گزی. فەندەمێنتالیستە لاکانییەکان، کە ئازای بەدەنیان گرێ و ماتێمەکان بوون، لەڕێی هێزی ڕەخنە لە گەڕانەوە بۆ عاتیفەوە، خەریک بوو ئازاری نەخۆشەکانیان بیردەچووەوە. هەتا تیۆرێک مەزنتر بێت-کە ئەوەی لاکان وا بوو، هەر زۆر وا بوو!-ئەگەری خزانی زۆرتر دەبێت بەرەو دۆگما. لاکانیزم ئاوارتەیەک نیە لەم ڕێسایەدا.

 

گ . ف: ئالان بادیۆ، ئایا چارەسەر بە مانا لاکانییەکەی هیچ ڕەهەندێکی فەلسەفی هەیە؟ وا هەستدەکەین بە جۆرێک نوێکردنەوەی ئەو سوبێکتە بێت کە باست لێوە کرد...

 

ئـ . ب: چارەسەر ئەکتێکە کە پێشگریمانەی فۆرمێک دەکات و تێشیدەپەڕێنێت. ئەو فۆرمانەی دەخرێنەژێر پرسیارەوە، لە ڕاستیدا بونیادە ئۆبێکتیڤەکانی نەستن. جا چارەسەر کە خودی خۆی ئاماژەیە بۆ بونیاد، بونیاد تێکدەشکێنێت، وردوخاشی دەکات. بۆ لاکان، کۆتا ئاماجی چارەسەر "چاکبوونەوە(recovery)" نیە؛ بەڵکو گەرەکە بگاتە خاڵێک کە سوبێکت بتوانێت هەستێتە سەر پێ و دووبارە بژی. چارەسەر ڕوونکردنەوەی ئەو شتەیە کە وا دەردەکەوێت ئەزموونکردنی چارەنوس بووبێت و توانستەکانی سوبێکتیش زیندوودەکاتەوە. هەمیشە پێناسەکەی لاکانم بەلاوە گرنگ بووە: ئامانجی چارەسەر "بەرزکردنەوەی بێتواناییە بۆ مەحاڵ"[5]. مەحاڵ بە واتا لاکانییەکەی ڕیاڵـە، واتە ئەو شتەی کە نایەڵێت بڕەمزێنرێت. کەوابێ، ئەرکی شیکاری، نەهێشتنی دۆخێکە کە نەخۆشەکە پێشتر وەک بێتوانایی ئەزموونیکردووە(واتە دوورکەوتنەوە لە ئارەزوو، و تیامان لە ڕەقی و وەستاویی بووندا)، ئەویش تاکو سەربکێشێت بۆ جێیەکی ڕاستەقینە کە سوبێکتی کە خەیاڵیدا چەقیو، دووبارە توانای ڕەمزاندنی بۆ بگەڕێتەوە. لە ئاستە فەلسەفییەکەیدا، ئەم کارە تەواو جێی سەرنجە. ئەکت(ئەوەی لە چارەسەردا ڕوودەدات) هەر لەناو فۆرمدا دەمێنێتەوە(بونیادەکانی نەست)، ئینجا ئەم بونیادانەش تێدەپەڕێنێت. لە شیکاریدا شتێک ڕوودەدات(سوبێکت ڕووبەڕووی خاڵێکی ڕاستەقینە دەبێتەوە)، بەس بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوە تیۆریزە بکەین، پێویستە بیبەستینەوە بە سیاقە فۆرماڵەکەیەوە. لاکان، بەتایبەت لە کۆتا ساڵەکانیدا، پاڵەوانێکی فەلسەفی بوو بۆ من، ئەویش چونکە خۆی لە دوو تەڵە پاراست: بە سەرێک، خۆی لە قەدەرگەراییەکی ڕووت لادا، چونکە لای وابوو دەشێت پچڕان یان شتێکی گومانلێنەکراو لە کاتی چارەسەردا سەرهەڵبدات. بە سەرێکی تر، مەودایەکی ڕوونی لەگەڵ ڕێبازە ئایینی و ڕۆحانییەکاندا هێشتەوە، ئەمەش بە مانایە دێت هیچ شتێکی موعجیزەئاسا لەو پچڕانەدا بوونی نیە-ڕاستەوخۆ بەندە بە فۆرمە ئەقڵانییەکانی نەستەوە.

 

ئـ . ڕ: لاکان پشتی لە هەردوو زانستگەرایی و ناڕوونیی بەئەنقەست پاراست.

 

ئـ . ب: دەقیقەن وابوو. لەمڕۆدا ئەو دوو تەڵەیە لە هەرکات زیاتر مایەی هەڕەشەن! وان قەیرانەکانی مە درووستدەکەن! هاوپەیمانێتیی ژێربەژێری ئەم بەڕواڵەت ناحەزانە-زانستگەرایی بەرتەسک و ناڕوونیی پڕوپوچ- دیاردەیەکی زۆر تازە نیە. هەر لەبەر ئەمەیە لاکانمان زۆر پێویستە. هێندەی من لە وەزعەدا بم و لە هەر حاڵەتێکدا پەیوەست بەم پرسەوە، من لاکانییەکی فەندەمێنتاڵم. بۆ ئەوەی بیر لە چیەتیی حەقیقەت بکەمەوە، گەرەکە گۆشەیەک بدۆزمەوە کە تێیدا چیەتیی فۆرم و تێکشکانی فۆرم بەیەکبگەن. ئیشی من گەڕانە بەدوای فۆرماڵیزمێکدا کە بەکەڵکی ئەوە بێت بتوانم بیر لە ئیمکانی دابڕانێکی کارامە بکەمەوە لەناو سیاقی فۆرمەکاندا. نە قەدەرگەرایی(ڕەفتارگەرایی ئەمڕۆ پاشماوەیەکی کلینیکییەتی) نە ئاسۆی نیۆ-ئایینی(فینۆمینۆلۆژیایەکی تایبەتی تێدایە)، بەڵکو ماتریاڵیزمێکی ڕادیکاڵ کە جێ بۆ ڕیاڵێکی پێشبینینەکراو بکاتەوە-ئەوەی من پێی دەڵێم ڕووداو(Event). بەم تەماحەوە، من بە شوێنپێکانی لاکاندا دەڕۆم.

 

گ . ف: ئالان بادیۆ، تۆ هەرگیز نەچوویتەتەژێر چارەسەرەوە، هەرچەندە یەکێکە لە خولیا فەلسەفییەکانیشت.

 

ئـ . ب: نەخێر، ئەم ئەزموونە بەتەواوی نامۆیە بە من، هەرچەندە لە گەنجیشمدا سەروکارێکی زۆرم لەگەڵیدا هەبوو. گەر وشەیەکی قەبە بەکاربێنم، ڕزگاریی من لەڕێی ئەکتیڤیزمی سیاسی و عەشقی دۆزینەوە و نوسینی شانۆیی و ڕۆمانئاسا و فۆرماڵیزمی ماتماتیکییەوە هات و سەریدەرهێنا؛ هەموو ئەمانە پێکەوە و لە کۆتاییشدا لەڕێی فەلسەفەوە. قەت هەستمنەکردووە پێویستە ئەم ئەزموونانە لەڕێی شیکاری(چارەسەر)یەوە دووبارەبکەمەوە. منیش وەک لاکان هەمیشە بڕوام وا بووە و وا هەستمکردووە، چارەسەری دەروونشیکارانە کاتێ زەروورە کە سەمپتۆمەکان دەرخەری بێتوانایی و ئازارێکی زۆری ژیان بن. گەر ئازارەکە تەحەمولکراو بێت، واتە نۆرماڵ و ئاسایی بێت، ئەوا تاکە هۆکار بۆ وەرگرتنی ئەو چارەسەرە ئەوەیە خۆت ببیت بە دەروونشیکار. لەم حاڵەتەی مندا، کە دەرگیرم لێل لۆژیکی سیاسی و خەریکم ڕەمزاندنی فەلسەفیی ئاڵۆز دەخەمەڕوو و تا ئاستێکی زۆر دڵم بە بوون خۆشە، هەمیشە وا هەستمکردووە دەتوانم بێ چارەسەریش باش بیگوزەرێنم.

 

ئـ . ڕ: دەرهەق بە من، پێش چوونەناو پرۆسەی بوون بە دەروونشیکار، هەمیشە دوودڵ بووم. دڵنیا نەبووم ئایا من دەمەوێت بەتەواوی ببمە دەروونشیکار. کەچی باشیش بووم، هیچ سەمپتۆمێکی پاتۆلۆژییم نەبوو! بەس بۆ کچی دەروونشیکارێک، ئیختیارەکەم ئیختیار نەبوو، بەڵکو پتر جەبر و ناچاری بوو. سەرەتا لەگەڵ ئۆکتاڤ مانۆنیدا چوومە پرۆسەکەوە، و دواتر ژان کلاڤرۆڵ سەرپەرشتی دەکرد. چارەسەرێکی کلاسیکیی فرۆیدی بوو، سێ‌چارەکی پێچوو؛ تەنانەت سەرپەرشتیکردنەکەش هەر کلاسیکی بوو. ئەوەی ن سەبارەت بەم لاکانییانە بەدڵم بوو، ئەوە بوو کە ئەوان هەر فرۆیدی مابوونەوە کاتێک داهێنانەکانی لاکانیان تێهەڵکێشی پڕاکتیک و کلینیکەکانیان دەکرد، خۆ دایکیشم هەر وای دەکرد. من هەرگیز عوسابییەکانم وەک شوێنکەوتە بەپەرۆشەکانی لاکان بەسایکۆتیک‌نەدەکرد[6]. زۆر کەسی تر وەک منیان کرد، دەتوانم بڵێم ئەزموونێکی سەرنجکێش بوو. بەداخەوە ئەمڕۆ دەروونشیکاری چیتر سەرکێشی و گەشت و پرسێکی ڕۆشبینرانە نیە. بە هەمان شێوە، هاوڕای ئالانم بە شێوەیەکی جیاواز، ئەویش لەوەدا کە هەر چارەسەرێکی نەخۆشی، هاوشێوەی شیکاریی "بێسود"ە.

  لەم ڕۆژانەدا تەنیا کاتێک شیکاری دەکەین کە پێویست بکات. بەڵام چارەسەر تێپەڕاندنی بەگوژمی خودە نەک خزمەتێکی قازانجخوازانە لە گۆشەی کارامەییەوە، هەرچەندە چەمکی چارەسەری سەرکەوتووش بوونی هەیە. گەر چارەسەر بە شێوەیەکی باش و لەلایەن کەسێکی کلینیکیی باشەوە بکرێت، ئەوا هۆشمەندیی زیاتر سەرهەڵدەدات لە پرس و دەرگیربوونەکانماندا؛ بەتایبەت پرسە سیاسییەکان.

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] مەبەست لەو قەنەفەیەیە کە لە کاتی شیکاریدا نەخۆش لەسەری پاڵدەکەوێت. فرۆید بۆ بەزەینداهێنانەوەی ئازاد ئەمەی بەکاردەهێنا و خۆی لەپشت نەخۆشەکەوە دادەنیشت. دواتر ئەمە بووە نەریتی دەروونشیکاری-و

[2] Trans individual

[3] Psychogenesis

[4] ئاڵتۆسێر لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا تووشی نەخۆشییەکی دەروونی هات. تا دواجار وای لێهات ژنەکەی خۆی بەم هۆیەوە کوشت-و

[5] Cf. Jacques Lacan, The Seminar of Jacques Lacan, Book XVII: The Other Side of Psychoanalysis, trans. Russell Grigg (New York: Norton), 164–79.

[6] Psychotization