A+    A-
(818) جار خوێندراوەتەوە

دایالۆگى بادیۆ و ڕۆدینسکۆ لەمەڕ دەروونشیکاریی لاکان

 

 

 

 پێشەکى: جەیسن ئی. سمیت

(بەشى یەکەم)

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

"پشت بە تۆربیلۆن(ئاشی با) دەبەستم"

 

 

 

  ئەم کتێبە قەبارە مامناوەندەی لە بەردەستاندایە، دوو کەس کۆدەکاتەوە کە هاوڕێیەتییەکی لەمێژینەیان هەیە و هەریەکەیان بەیەکسانی پشکوپیتاکی خۆیان لە فیکر و "میرات"ـی ژاک لاکانی دەروونشیکاری فەڕەنسی وەرگرتووە. هەردووک لەوەدا هاوبەشن کە بڕوایان بەو شتەیە فەڕەنسییەکان لاکانیان پێ بانگدەکرد: maître(وەرگێڕانی کەمێک ئەستەمە). لاکان لە یەک کاتدا مامۆستا و ماستەر و بیریارێکی گەورەش بوو، کۆڵێک لە قووتابی و دەزگا و دوژمن و هەڵگەڕاوە لەدەورویدا کۆبووبوونەوە. لەم دیالۆگەشدا دوو کەسمان هێناوەتە پەنا یەکتر کە پەیوەندییەکی زۆر جیاوازییان بە لاکانەوە هەبووە.

  ئێلیزابێس ڕۆدینسکۆ مێژووناس و دەروونشیکارە و کچی دەروونشیکارێکە کە بڕێک نزیکایەتی لەگەڵ لاکاندا هەبوو. ڕۆدینسکۆ زیاتر بە دوو کتێبەکەی لەمەڕ مێژووی دەروونشیکاری ناسراوە- دوو بەرگییەکی ئەستور لەمەڕ ژیاننامەی ژاک لاکان و مێژووی دەروونشیکاری لە فەڕەنسا-، ئەم کتێبە دوو بەرگییە لەم چەند دەیەی داهاتوودا وەک سەرچاوە و ژێدەری زۆر بابەت دەمێنێتەوە. ڕۆدینسکۆ عادەتەن دەمبازانە دەستوەردەداتە دیبەیتە گشتییەکان لەمەڕ دۆخی دەروونشیکاری و پەیوەندیی دەروونشیکاری بە خێزان و دەوڵەت و زانستی درکی و فۆرمە هاوچەرخەکانی ڕەفتارگەرایی و سایکۆتێراپییەوە. وێڕای بەرگرییەکی کەللەڕەقانە لە دەروونشیکاری لە بەرامبەر کۆمەڵێک دوژمن و هەڕەشەدا، ڕۆدینسکۆ بەعەجەلە بووە لە ناساندنی ئەو دەروونشیکارە لاکانییانەی نەیانتوانیوە ئەم میراتە بپارێزن و نوێی بکەنەوە- بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بۆ لاکانی ئەم دواییە و فۆرمولە ماتماتیکییەکان و "دیداری کورت[1]"ـی "نەناسراو" تەرخانکردووە. لەم دیالۆگەدا و زۆر جاریش، ڕۆدینسکۆ هەوڵیداوە بڵێت گەرەکە تا ڕادەیەک میراتی دەروونشیکاری لەلایەن نادەروونشیکارەکانەوە لێی بڕوانرێت و پڕاکتیکی کلینیکی و فیکری دەروونشیکاری لە پەیوەند بە فەلسەفەی هاوچەرخەوە نوێبکرێتەوە. دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک قووتابی ژیل دۆڵۆز و میشێل دو سارتو بوو(ئەمە یەکێک بوو لە هۆکارەکان تاکو ڕۆدینسکۆ بگەڕێتەوە بۆ مێژوو و بەتایبەت شۆڕشی فەڕەنسی)، ڕۆدینسکۆ لە ١٩٧١-١٩٧٩ بووە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسا(هەر لەم ماوەدا لە لویی ئاڵتۆسێری فەیلەسوفی مارکسیست نزیکبووەوە). ئێستا کە خۆی بە سۆسیال‌دیموکرات ناوزەددەکات، ڕۆدینسکۆ پێی‌وایە وانەکان و فیکری لاکان-تێڕوانینە سیاسییەکانی لاکان تەواو کاتۆلیکی و موحافیزکارانە بوون، بەڵام تێڕوانینەکانی لەمەڕ ئیتیک زۆر ڕادیکاڵ بوون-بێهاوتان لە دەستنیشانکردنی سەمپتۆمی قەیرانە قووڵە بونیادییەکانی کەلتور و کۆمەڵگا و سیاسەتی ڕۆژئاوا.

  ئالان بادیۆ فەیلەسوفێکە هەرگیز نەچۆتەژێر چارەسەری دەروونشیکارانە و خەباتی چەکداریی کۆمۆنیستانەوە، و لە سەرەتای شەستەکانیشەوە وانەکانی لاکان بوونەتە "خۆراک" و شکڵپێدەری فیکری وی. هەرچەندە سەرەتاییترین بەرکەوتنەکانی وی لەگەڵ لاکاندا دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای شەستەکان لەژێر کاریگەریی لویی ئاڵتۆسێر لە ecole normale sperieure، بەڵام ڕەنگە گرنگترین بەرکەوتن لەگەڵ فیکری لاکاندا بگەڕێتەوە بۆ کارەکانی لەگەڵ cahiers pour l’analyseـدا کە لە ١٩٦٦ لەلایەن گروپێک لە قووتابییەکانی ئاڵتۆسێرەوە دامەزرێنرابوو، تا ڕادەیەک تەرخانکرابوو بۆ سەنتێزی ماتریاڵیزمی دیالەکتیکیی ئاڵتۆسێر و تیۆرەکانی لاکان لەمەڕ زانست و پەیوەندیی وان بە کاتەگۆریی سوبێکتەوە. ئەم پڕۆژەیە لە بزووتنەوەی ئایاری ٦٨ـی خوێندکاران و کرێکاراندا کورتیهێنا، ئەمە بووە هۆی دابڕان لەنێوان حیزبی کۆمۆنیستیی ئاڵتۆسێر و خوێندکاراندا، چونکە خوێندکاران ڕۆڵی ئەم حیزبەیان بە ڕۆڵێکی دژەشۆڕشگێڕانە دەبینی. زۆرێک پێیان‌وایە ئەو کاتەی ڕۆدینسکۆ ڕووی لەم حیزبە کرد پڕکێشەترین کات بوو، لە ١٩٦٨دا [ئەم حیزبە] شکستی خوارد و بە درووستکردنی "پڕۆگرامی هاوبەش" و ڕێکەوتنی لە هەڵبژاردندا لەگەڵ حیزبی سۆسیالیستیی دانیاڵ میتران، ئەوانەی لە cahiers pour l’analyseـدا بوون چوونەپاڵ گرووپە ماویستییەکانەوە، زۆربەیان چوونەپاڵ "چەپی پڕۆلیتار"ەوە [کە ئەودەم گەورەترین گرووپی ماویستی بوو لە فەڕەنسا]، بادیۆی لێ دەرچێت کە دواتر گرووپێکی ماویستیی بچوکتری درووستکرد. ئەوانەی بوونە ماویست، زۆربەیان لە ١٩٧٣دا لە ئەزموونەکانی خۆیان پاشگەزبوونەوە-هەندێکیان چوونەپاڵ کۆمەڵەی بۆرژوای فەڕەنسییەوە، هەندێکیان بەرەیەکی ڕاستڕەوی دژەمارکسییان لە ژیانی ڕۆشنبیریی فەڕەنسادا دامەزراند و بەینیان لەگەڵ میدیادا خۆش بوو و کاریگەریش بوون؛ بەڵام بادیۆ هەر لەسەر باوەڕی خۆی مابوویەوە، ئەوەی لە حەفتاکاندا پێی‌وابوو نوێکردنەوەی ماویستانەی سیاسەتی کۆمۆنیستییە. هەرچەندە بادیۆ لە چالاکیی سیاسی و تیۆریی سەربازیدا قاڵببووەوە، بەڵام کارە فەلسەفییەکانی، بەتایبەت لە حەفتاکاندا، هەر کاریگەریی ئەم لاکانەی دوایینیان لەسەر بوو، بەتایبەت بەکارهێنانی فۆرمولە ماتماتیکییەکان و گەڕانەوەی بۆ تۆپۆلۆژیا و گرێی بۆرۆمی(ئا لێرەدا ڕۆدینسکۆ پێی‌وایە بادیۆ لە نەریتی لاکانی لایداوە و میراتەکەی داڕماندووە). ئەوەڵین گەورە کاری فەلسەفیی بادیۆ، واتە تیۆریی سوبێکت، لە ١٩٨٢دا بڵاوبوویەوە و پێکدێت لە ڕوونکردنەوەیەکی سیستەماتیکی فیکری سیاسیی ماو تسیتۆنگ و تیۆریی سوبێکتی لاکان، لەوێدا ئەو بانگەوازەی ماو لە سەروەختی شۆڕشی کەلتوریدا کردی بۆ شۆڕش، "لەسەر هەقیت یاخی ببیت"، لەگەڵ بانگەوازە ئیتیکییەکەی لاکان لە سیمیناری حەوتەمیدا، "هەرگیز دەست لە ئارەزووت هەڵمەگرە"، تێهەڵکێشدەکات.

  ژاک لاکان: ئێستا و ڕابردوو، کێشانی پۆرترەیتی maîtreیەکە بە دوو دەست و لە دوو گۆشەنیگاوە. ڕۆدینسکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە "ئاغایەتی(mastery)" چەمک و تێمایەکی گرنگی هەم وانەکان و هەم ئەزموونە کلینیکییەکانی لاکانە بەگشتی. ڕۆدینسکۆ پێی‌وایە لە پانتایی پڕاکتیسی لاکانیدا، "کێشەی هاوشوناسبوون و گواستنەوە بۆ سەر ئاغا خاڵێکی جەوهەرییە". هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ڕەهەندەکانی ئەم دیالۆگەی لە چەند پەڕەی دواتردا دەیخوێننەوە پۆرترەیتی ئەوانە بۆ ئەو شتەی پێی دەوترێت لاکانی دوایین[2] و "هەڵوەشاندنەوە" یان ڕوونکردنەوەی ئەو شتەیە پێی دەوترێت ئاغایەتی.

  وا دیارە ئەم قۆناغەی وانەوتنەوەی لاکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سیمیناری encore لە ١٩٧٢-٧٣ـەوە دەستیپێکردبێت و بە هەڵوەشانەوەی قووتابخانەی فرۆیدیی پاریس لە ١٩٨٠دا کۆتایی پێ هاتبێت، هەر ساڵێک دوای ئەمەش لاکان کۆچی دوایی کرد. ئەم ماوەیە بە ماوەی گواستنەوەی پڕبایەخی چوارچێوەی تیۆرەکانی لاکان ناسراوە، لەم ماوەیەدا بە جۆرێک هەم جەخت لە ڕیاڵ دەکرێتەوە و هەم ڕیاڵ دەخرێتە پێش هەریەک لە ڕەمزی و خەیاڵی، و پەیوەندیی نێوان ئەم سێ پانتاییە بە جۆرێکی تر لەڕێی تۆپۆلۆژیای ماتماتیکی و تیۆریی گرێکانەوە دادەڕێژرێتەوە. ئەم گەڕانەوەیە بۆ تۆپۆلۆژیا بەدوای ناساندنی چەمکی "ماتێم(matheme)[3]" لەلایەن لاکانەوە لە سیمیناری بیستەمدا و تێکستی "L’Étourdit"ـەوە دێت. بە زۆر شێوە، پرسی ماتێم، بەو بانگەوازەیەوە کە پەنابردن بۆ فۆرمولە ماتماتیکییەکان گواستنەوەی تەواوەتیی مەعریفەی کایەی دەروونشیکاری دڵنیادەکاتەوە، نوێنەرەوەی ساتێکی سەربەرزانەی گەشەسەندنی فیکری لاکانە: ئەم چەمکە، گواستنەوەی ناکۆتای میراتی لاکانی لەدوای مەرگی لاکان و دەرەنجامی وانەکانییەوە، دڵنیادەکاتەوە[بە دەربڕینێکی تر، ئەم چەمکە دەلالەتە لە نەمریی ئایدیاکانی لاکان، ئەویش وێڕای مەرگی خۆی و نەمانی وانەکانی]. بەم مانایە، دەشێت بڵێین چەسپینی فیکری لاکان لەڕێی ماتێمەوە، جۆرێک لە زێدەئاغایی[4] بەرهەمدێنێت، یان گەرەنتیی بێ‌کەڵک‌نەبوونی فیکری وی لەودیو ئەو ئاغا[دەروونشیکار]ـەوە کە ئامادەیی ڕاستەوخۆی هەیە لە سیمینار و دینامیکە گواستنەوەییەکانی کلینیکدا[یان با بڵێین ئەو دەمەی لاکان باس لەم چەمکە دەکات، خودی ئەم چەمکە لەودیو لاکانەوە جۆرێک لە نەمری وەردەگرێت]. بادیۆ ڕۆدینسکۆ پێیان‌وایە گەڕانەوەی ئەم دواییانەی لاکان بۆ تۆپۆلۆژیا، دەلالەتە لە دەسهەڵگرتن لەو ئاغایەتی-یان زێدەئاغایەتی-یەی لە ماتێم‌دا بەرقەراربووبوو، یان گەر بەو زمانە بدوێین کە لاکان بۆ هەڵوەشانەوەی قووتابخانەکەی خۆی لە "ئێوارە"ی مەرگی خۆیدا بەکاریدێنێت، ئەمە "هەڵوەشانەوە(dissolution)"ی [ئاغایەتییە].

  لە کێشانی پۆرترەیتی لاکاندا، بەتایبەت ئەم لاکانەی دوایی، بادیۆ و ڕۆدینسکۆ پێیان‌وایە ناکرێت وێنەی مەرگی ئۆدیپ لە شانۆنامەی "ئۆدیپ لە کۆڵۆن"دا وەلابنرێت. گەر سیمیناری حەوتەمی لاکان ١٩٥٩-٦٠ ڕوونکردنەوەی ئیتیکی دەروونشیکاریی بێت لەڕێی کەللەڕەقی و دەسهەڵنەگرتنی ئەنتیگۆنا لە ئارەزووەکەی، ئەوا بادیۆ و ڕۆدینسکۆ لەجیاتیدا جەخت لە ڕەهەندە ئیتیکی و تراژیدییەکانی ستایلی ئەم دواییانەی لاکان دەکەنەوە. گەڕانەوە بۆ تۆپۆلۆژیا، نیشانەی ویستی ڕاکێشانی فۆرمولەکانە تا ئاستی هەڵوەشانەوەی گلۆباڵی فیکر و قووتابخانەکەی و تەنانەت خۆیشی. ڕۆدینسکۆ دەڵێت "تەنانەت لە ڕێ‌وڕۆشتن و ژێستە جەستەییەکانیشیدا، هەر ئۆدیپی کوێری بیردەهاتەوە کە لە خاکی غەریبادا بەدوای گۆڕە بێ‌ناونیشانەکەیدا دەگەڕا و چارەنووسی وا بوو هیچ میراتێک لەدوای خۆی جێنەهێڵێت". بادیۆ پێی‌وایە کۆتا دیمەنی ژیانی لاکان ئەوەمان پێ دەڵێت کە "مرۆڤێک بە دەستی گرێی بوونی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە"؛ ڕۆدینسکۆش هاوشێوەی ئەمە دەڵێت "لاکان کە دەلەرزی و هەندێ کات نەیدەتوانی قسەبکات، فیکری خۆی لە فەزای گشتی و لەڕێی ژێستێکی تەواو وێرانکەرەوە هەڵدەوەشاندەوە، وەکبڵیی فیکەی کۆتایی بوو بە ڕووی توانا تیۆرییەکانیدا". لەژێر نیشانەی هەڵوەشانەوەدا ڕۆدینسکۆ ئەم سەرنج و ڕوونکردنەوانە گرێدەدات: "لاکان دەرگیری پرۆسەیەکی گەورەی هەڵوەشاندنەوە بووبوو: هەڵوەشاندنەوەی توانا فیزیکی و فیکرییەکان و هەروابێتەوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو قووتابخانەی خۆی دایمەزراند و چاودێریدەکرد".

  بۆ ئەوەی قسە لەبارەی کۆتا قۆناغی وانەوتنەوەی لاکان بکەین وەک هەڵوەشانەوەی ئاغایەتییەکەی، گەرەکە حسابێک بۆ ڕۆڵ و فیگەرە جیاوازەکانی چەمکی ئاغا(master) بکەین لە فیکری ویدا. هێندەی بەهێزیی ئەم پۆرترەیتە، بەتایبەت لەوەدا کە لاکانێکمان پێ پیشاندەدات غیرەتی ئەوەی هەیە دەرەنجامەکانی فیکری خۆی تا ئاستی هەڵوەشانەوە ڕاکێشێت، گرنگە ئەوەش بزانین کە لاکان جیا لەوەشی maîtreیەکە بەو مانایەی ڕۆدینسکۆ و بادیۆ بەکاریدێنن، چەمکی ئاغا لە چەقی فیکری خۆیدا دادەنێت. بۆنمونە لە سیمینارەکەیدا دەربارەی ئیتیک، ئاغا لە ئیتیکی ئەرستۆییەوە تا دیالەکتیکی مۆدێرنی ئاغا/کۆیلەی هیگڵ گرنگیی خۆی هەیە. دە ساڵ دوای ئەم سیمینارە، لە سیمیناری دیوەکەی تری دەروونشیکاری(١٩٦٩-٧٠)دا ئاغا دەبێتە یەکێك لە چوار گوتارەکە(یان گرێ کۆمەڵایەتییەکان)؛ چوار گوتار کە لەڕێی چوار ڕەگەزی جیاوازەوە ڕووندەکرێنەوە و لە کۆتاییدا لە گوتاری دەروونشیکار جیادەکرێنەوە. من لێرەدا دەمەوێت پێداگری لەسەر فیگەری هەڵوەشانەوە بکەم، ئەوەی ڕۆدینسکۆ بۆ ژێستە وێرانکەرەکەی هەڵوەشاندنەوەی ئاغایەتیی لاکان بەکاریدێنێت، ئەویش تاکو پێمان بڵێن ئەم کۆتا ژێستەی لاکان چ ڕەپتێکی بە چەمکاندنی پێچەڵپێچی فەلسەفەوە هەیە. بەتایبەت‌تر، دەمەوێت دەرکەوتەیەکی پێشینینەکراو بدوێنم، ئەویش لە تێکستێکی بچوکدا وا بەشێکی بۆ ئەو شتە تەرخانکردووە کە دەشێت پێی بڵێین کۆتا سپاردەی لاکان، دەمەوێت ناوی پێشبینینەکراوی فەیلەسوفێک بدوێنم کە بە مانایەکی تایبەت وازی لە فەلسەفە هێنا: مارکس.

لاوازیی لاکان لە ١٩٨٠دا، مانای ئەوە بوو ناتوانێت کۆتا سیمینار پێشکەشبکات. بەس ئەم سیمینارە بەش‌بەش لەلایەن ژاک ئالان میلەری زاوایەوە لە گۆڤاری ئۆرنیکاردا بڵاوکرایەوە؛ میلەر هەم دامەزرێنەری گۆڤارەکە بوو و هەم تاکە کەس بوو مافی بڵاوکردنەوەی میراتەکەی لاکانی هەبوو. سیمینارەکە لە کۆتاییدا ناونرا هەڵوەشانەوە، پێکهاتووە لە کۆمەڵێک وتە و ڕوونکردنەوە سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی قووتابخانەی فرۆیدیی پاریس، هەروابێتەوە "نامەی هەڵوەشانەوە"شی تێدایە کە بەرواری ٥/١/١٩٨٠ـی بەسەرەوەیە. وەک هەمیشە ئەم وتانەی ناو سیمینارەکە ئاڵۆز و مەتەڵئاسان (بۆنمونە: لافوگەزافی مانا لێنادەم. پێچەوانەکەشی هەر هەڵەیە[5])، ئەم وتانە لە چێوەی پرسیارە کۆنکرێتییەکەی پێویستیی ڕیکخستنەوەی کایەی دەروونشیکارییدان لەپاش هەڵوەشانەوەی قووتابخانەکە و کارە ڕێکخراوەییەکانی، ئەوەی لاکان لە کۆتاییدا هەستی دەکرد سەرکەوتوو نەبووە(بەتایبەتی پرۆسیجەری ڕێگەدان-[6]the pass). لاکان کێشەکە بەم جۆرە دەخاتەڕوو: ئەوەی پێویستە ڕێگەیەکە بۆ گواستنەوەی ئەو مەعریفەیەیە لە کایەی دەروونشیکاریدا بەرهەمهاتووە، و بە مەرجێک خۆی لە effet de colle لابدات؛ ئەمە فۆرمولەیەکە تێیدا یاری بە وشەکانی ecole(قووتابخانە) و colle(سیکۆتین) کراوە و دەرەنجامی قووتابخانەکەش بە لینجی و چەقین باسدەکات(ئەو دەرەنجامانەی دەمێک بوو لاکان لەگەڵ خەیاڵیدا یەکسانیکردبوونەوە). چارەسەرەکەی لاکان ئەوە بوو قووتابخانەکەی خۆی هەڵوەشێنێتەوە تاکو ڕێ بۆ گروپی تر خۆشکات کاربکەن؛ گروپێک کە لە چوار دەروونشیکار و ڕابەرێک، تاکو سەرپەرشتی شتەکان بکات، پێکهاتبێت. ئەم گروپانە کاتی دەبن و بەردەوام توشی گۆڕانی بونیادی دێن، پێگەی ئەندامەکان وەک مەشکە ئەمسەروئەوسەر دەکەن. لاکان پێی‌وابوو ئەم بونیاد و جووڵەیە مەعریفەی دەروونشیکاری دەگوێزێتەوە بێ ئەوەی هیچ هیرارشییەتێک درووستبێت-لاکان ناڕاستەوخۆ ئەم جۆرە هیرارشییەتە بە هی کڵێسە و قەشە دەچوێنێت. لاکان دەڵێت "هیچ کەسم نەکردۆتە بەرپرسی ئایدیالە فرۆیدییەکە". ئەو ڕێکخستنەوەی لاکان پێشنیاریدەکات جووڵە و گۆڕانی بەردەوامە نەک بیرۆکراسییەتی باڵا-نزم؛ واتە جووڵەیەکی پڕگێژاو و بازنەیی: "پشت بە تۆربیلۆن(ئاشی با) دەبەستم" (لاکان).

  زۆربەی تێکستەکانی نێو زنجیرەی "هەڵوەشانەوە" هەوڵن بۆ خستنەگەڕی ئەم تۆربیلۆنە، تاکو نیشتە و گەردەکانی مانا کە لە پرۆسەی گواستنەوەی مەعریفەدا بەرهەمهێنراون بگوازرێنەوە- مانا یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی لاکان، چەمکێکە دەیبەستێتەوە بە ئایین و فەلسەفە و ڕێکخراوە هیرارشییەکانی وەک کڵێسە یان قووتابخانە. مەوزووعەکە لێرەدا درووستکردنی سەنگەرە دژ بە گواستنەوەی میراتی لاکان بۆ ناو بونیادی بیرۆکراسییەت کە ئەرکەکەی بەڕێوەبردنی ئەم میراتەیە.

  لە ناوەڕاستی پاڵفتەکردنی بونیادی ئەم گروپانەدا، لاکان شتێک ڕادەگەیەنێت کە وا دیارە هیچ ڕەپتێکی بەم پرسە پڕگماتی و تەکنیکییانەوە نەبێت: "گەر یاخی‌ببم، ئەوا دژی فەلسەفە یاخی‌دەبم". ئەم وتەیە لە دەستوەردانەکەی لاکانەوە سەرهەڵدەدات، لاکان پێشوەختە لە ناونیشانی تێکستەکەدا بەر شتێکی وەک "بەڕێز ئـ"(monsieur A) کەوتبوو، ئەم شتەش ئاماژە بوو بۆ فەیلەسوفێک. ئەو "ئـ"ـە لای ئەوانەی لە بازنە لاکانییەکەدا بوون تەنێ ئاماژە نەبوو بۆ فەیلەسوفێک، بەڵکو ئاماژە بوو بۆ ناسراوترین و گرنگترین فەیلەسوفی مارکسیست لە فەڕەنسا: لویی ئاڵتۆسێر. ئەم بەڕێز ئـ‌ ـە هەمان ئەو کەسە بوو لە ساڵی ١٩٦٤دا لاکانی داوەت کردبوو تاکو لە قووتابخانەیەکی تردا بە ناوی École normale supérieure وانە بڵێتەوە. ئەم ئۆفەرە لاکانی بە دەستەیەک لە فەیلەسوفی گەنج ناساند، کە دواجار کاریگەرییان لەسەر وانە و میراتەکەی لاکان دانا. ئەم بەڕێز ئـ‌ ـە چەند ساڵێک پێشتر وتارێکی بە ناوی "ئایا مارکسیست‌بوون لە فەلسەفەدا شتێکی سانایە؟" نوسیبوو؛ دواتر و بە ماوەیەکی کەم پاش بەرکەوتن لەگەڵ لاکاندا، ژیانی ئاڵتۆسێر پێچێکی تراژیدی بە خۆوە بینی و کۆی ژیانی خۆی لەناو دەزگایەکدا بینییەوە کە ستایلی ئەو دواییانەی ژیانی خۆی تێدا کێشا؛ واتە فەلسەفەی ماتریاڵیزمی پێشهات. بەرکەوتنە لەناکاوەکەی لاکان لەگەڵ بەڕێز ئـ‌، فەیلەسوفی مارکسیست، ئەو تێکستەی تریستان تزارا بیرکەوتەوە کە لە نۆزدەساڵیدا خوێندبوویە: "بەڕێز ئـ ـی دژەفەیلەسوف". گەر بەڕێز ئـ فەیلەسوفێکی مارکسیست بێت، ئەوا "بەڕێز ئـ وەک خۆم دژەفەیلەسوفە". ناساندنی بەڕێز ئـ وەک وەک فەیلەسوفێکی مارکسیست، ڕەنگە هاوکارمان لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی بەدوای بەڕێز ئـ دا دێت. تێکستەکە زنجیرەیەک لە تیۆریی ڕووننەکراوەی تێدایە دەربارەی دەزگا و هیرارشییەت، ئایین و دەروونشیکاری، مارکس و سەمپتۆم. لێکۆڵینەوەیەکی ورد، ئەو دەزووە دەردەخات وا ئەمانە پێکەوە گرێدەدات. لاکاندا بەدرێژایی حەفتاکان پێشبینی ئەوەی دەکرد لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڵکشانی ئایینی[7] دەبینین؛ ئەمە ئاگادارییەک بە ڕووی ئەوانەدا کە دەیانویست دەروونشیکاری بکەن بە ئایین یان فەلسەفەیەک. لاکان پێی‌وایە ئەوەی ئایین و فەلسەفە تێیدا هاوبەشن، لێکدانەوەیە. لە کاتێکدا دەروونشیکاری کار لەسەر "دالی ڕووت" دەکات، لێکدانەوە لەوپەڕی ماتریاڵیتەی خۆیدا ڕەگەزەکانی مانا دەگوازێتەوە. هەر بەرمەبنای ئەم پێناسە ڕوونەی فەلسەفە و ئایین-کە تێیدا جووڵەی ڕاستەقینەی دال لە مانادا گیردەبێت- لاکان لە جووڵەی دووەمیدا لەڕێی سەرچاوەیەکی پێشبینینیکراوەوە باس لە پێچەڵپێچی فیکری مارکس دەکات. بە سەرێک، لاکان دەڵێت "هێندەم ڕێز لە مارکس ناوە کە بە داهێنەری سەمپتۆمی دەزانم". بە سەرێکی تر، "مارکس بونیادنەرەوەی نەزمە، هەر بەسادەیی چونکە دیت‌مێنشنی مانا دەگەڕێنێتەوە بۆ پڕۆلیتاریا"[8].

  تیۆرەکەی لاکان لێرەدا ئەوەیە کە فەلسەفە فۆرمێکی تیۆلۆژیایە چونکە لەسەر ئەکتی لێکدانەوە(تەفسیر)یەک ڕۆنراوە کە گۆڕی مانایەکی شاراوە و نەزانراو هەڵدەداتەوە، ئەم ئەکتەش ئەکتێکی مارکسیستانەیە- لاکان بەوریاییەوە مامەڵە بەم پرسەوە دەکات. پاش هەموو شتێک، مارکس بە دەرەنجامگیرییەک لە تێزەکەی فۆیەرباخەوە دەڵێت فەیلەسوفان تا ئێستا جیهانیان تەفسیرکردووە نەک گۆڕیبێتیان. شیکردنەوەی ئەو دەربڕینەی دووەمی لاکان لەسەر ناڕوونیی فیکری مارکس شتێکی ئاڵۆزە. لە سیمیناری (ڕیاڵ-ڕەمزی-خەیاڵی ١٩٧٤-٧٥)دا لاکان دەڵێت "مارکس پێش فرۆید چەمکی سەمپتۆمی ناساند، ئەویش وەک نیشانەی ئەو شتەی لە ڕیاڵدا کارناکات یان هەڵەیە". لەم گۆشەڕوانینەوە، لاکان مارکس بە "داهێنەر"ی سەمپتۆم دەزانێت چونکە پڕۆلیتاریا وەک دالێکی ڕووتی بێ‌مانا دەناسێنێت: پڕۆلیتاریا هیچ نیە جگە لە ڕیاڵی مەحاڵی نەزمی سەرمایەداری، ئەو شتەیە کە لە کاتی خۆیدا نەزمەکە تێکوپێک دەدات. بەپێی لاکان، مارکس ئەم سەرهەڵدانە سەمپتۆمییەی پڕۆلیتاریا وەک پنتی تێکدەری لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایەداری نابینێت، بەڵکو وەک مانایەکی شاراوەی نەزمەکە دەبینێت. وتنی ئەوەی مارکس پڕۆلیتاریا پڕدەکات لە مانا، واتە مارکس پڕۆلیتاریا وەک تێکدەری سەمپتۆمیی جیهانی بۆرژوازی نابینێت، بەڵکو وەک هەڵگری شاراوەی مانای خودی مێژوو دەیبینێت؛ وەک گەرەنتیکەری بەردەوامیی خەیاڵی. مارکسی دژەفەیلەسوف: پڕۆلیتاریا ڕیاڵی بێنەزمییە. مارکسی فەیلەسوف: پڕۆلیتاریا مانای شاراوەی نەزمـەکەیە.

  لە پێشەکیی چاپی ئەڵمانیی "نوسراوەکان- Écrits"دا، کە ١٩٧٣ بڵاوکرایەوە، لاکان باس لە پەیوەندیی میتافیزیک و سیاسەت دەکات-میتافیزیک لێرەدا ناوێکی ترە بۆ فەلسەفە [و مەبەست لە میتافیزیکی فەلسەفییە نەک دینی]. ئەو فەیلەسوفەی لێرەدا ئاماژەی پێکراوە ئاڵتۆسێر نیە، بەڵکو بەو جۆرەی لاکان دەڵێت هایدیگەری هاوڕێیەتی. بێگومان هایدیگەر لە سییەکاندا فیکری خۆی خستە خزمەت نازیزمەوە(و دواتر لە ١٩٦٦دا باس لە "مەزنیی ناوەکیی نازیزم" دەکات)، لاکانیش دەڵێت "میتافیزیک بۆیە هەبووە و بەردەوامە چونکە سەرقاڵە بە دوورینەوەی درزی سیاسییەوە"[9]. فەلسەفە، بۆ لاکانی دژەفەیلەسوف، گوتارێکە ئەرکی ئەوەیە لەڕێی مانایەکەوە کە حەقیقەت بەرهەمیهێناوە درزی نەزمێك بدوورێتەوە. ئەم فۆرمولانە لە تێڕامانەکانی لاکاندا دەرهەق بە ناڕوونیی فیکری مارکس، دەنگدەدەنەوە. گەر لەڕێی زاراوەکانی لاکانەوە بە چەشنێکی تر بیڵێین، مارکسی دژەفەیلەسوفی ماتریاڵیست، پڕۆلیتاریا(پرسی سیاسی) وەک سەمپتۆم پێناسەدەکات، واتە درزێکی سادە و ڕووت لە نەزمی سەرمایەداریدا. مارکسی فەیلەسوف هەوڵدەدات ئەرکێکی مێژوویی بدات بە پڕۆلیتاریا تاکو درزەکە پڕکاتەوە و ئاڕاستە و سووڕ و مانایەکی تر بە جیهان بدات.

  یەکێک لە پرسە بنەڕەتییەکان کە لە ژاک لاکان: ئێستا و ڕابردوودا خراوەتەڕوو و دیبەیتی لەسەر کراوە، ئەوەیە فیکری لاکان تەنیا سەرچاوەیەکمان ناداتێ تاکو وەک درز و سەمپتۆمێکی هیستریایی لە پڕۆلیتاریا و سیاسەت بڕوانین، بەڵکو وەک سوبێکتێکیش. سوبێکتێکی بەم چەشنە هێزێکی مێژووییە کە تەنیا شکڵ بە درزەکە نابەخشێت، بەڵکو لە قەراغی درزەکەدا دەڕسکێت و بەردەوامی بە سووڕی تۆربیلۆنەکە.

                                                                    

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Short session

[2] Late-Lacan

[3]  ئەم چەمکە لە حەفتاکاندا سەرهەڵدەدات، ئەم چەمکە  تێکەڵەیەکە لە ماتماتیک و ئەو شتەی کلۆد لیڤی شتراوس پێی دەوت mytheme.

[4] Hypermastery

[5] Jacques Lacan, “Monsieur A,” Ornicar? 21–22 (Summer 1980).

[6] ئەمە پرۆسیجەرێکە لاکان دایهێنا. تێیدا ڕێ بە نەخۆش دەدرا تا کۆتایی قسەبکات، ئایدیای پشت ئەمەش ئەوە بوو کۆتایی شیکاری لەڕێی زمانەوە دەردەبڕێت نەک شتی تر.

[7] Religious boom

[8] لاکان لە ١٠/١٢/١٩٧٤ و لە سیمیناری دوانزەدا مارکس بە داهێنەری سەمپتۆم ناوزەددەکات نەک فرۆید. "مارکس پێش فرۆید چەمکی سەمپتۆمی ناساند، ئەویش وەک نیشانەی ئەو شتەی لە ڕیاڵدا کارناکات یان هەڵەیە". دیت‌مێنشن(dit-mension) لێرەدا پێکەوەنانی دەربڕین و چین و خانووی گەورە و هتدە. لە dimensionـی ئینگلیزییەوە داڕێژراوە.

[9] Lacan, “Introduction à l’édition allemande d’un premier volume des Écrits,” Autres écrits (Paris: Seuil, 2001), pp. 553–59. The passage cited is found on p. 555.