A+    A-
(1,174) جار خوێندراوەتەوە

چۆنچۆنى ئازارى ژیان کەمبکەینەوە؟

 

 

 

 

و. شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

لە سەدەی نۆزدەهەم، فەیلەسووفی ئەڵمانی ئارسەر شۆپنهاوەر سەرنجیدا هێزێکی زەبەلاح پاڵنەری پشت سرووشتە، ئەم هێزەی ناوبرد بە ویست[1]، دەقیقتر بڵێین ویستی ژیان[2]. ئەم هێزە نەستەکی و بێ‌ئامانج و کوێرە، دەبێتە سەرچاوەی سەرهەڵدانی تەقەلا و کۆششێکی تێرنەبوو لەنێو مرۆڤدا. ئێمە ژیانمان بەڕێ دەکەین لەڕێی خۆبەستنەوە بە شتە دەرەکییەکانەوە، زیندەوەرانی دیکە دەخۆین بۆ درێژەدان بە بوونی خۆمان. هەموو ئەمانەش پێکڕا مانیفێست و دەرکەوتەی ویست ـە. لێرەشەوە، ئەوە هەر ویستـە لە بنکی ئێش و ئازارەکانماندا وەستاوە. چونکە برسێتییە ناکۆتاکەمان (هەروەک نەتوانینی ئێمە بۆ تێرکردنی)، دەبێتە مایەی پەلەقاژەیەکی بەردەوام بەدوای چێژدا، ئەو چێژەی بۆ ئەبەد و لە درێژمەودادا هەرگیز تێرنابێت. هاوشان لەگەڵ دەرخستنی نەهامەتییەکانی ژیان، شۆپنهاوەر هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ بنیاتنانی فەلسەفەیەک تا یارمەتیمان بدات بۆ گەیشتن بە حاڵەتی بەختەوەری. ئەمەش سەیروسەمەرە دێتەبەرچاو، چون شۆپنهاوەر بیرمەندێکی ڕەشبینە. بەڵام هاوشێوەی فەیلەسووف و ڕابەری ڕۆحی «بودا»[3] کە نزیکەی ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا ژیاوە، شۆپنهاوەر ورد و درشت دەرد و نەخۆشییەکانی بوونی پشکنی پێش ئەوەی بگاتە چارەسەر. پاش مردنی، شۆپنهاوەر دەستنوسێکی نیوەناچڵی جێهێشت بەناونیشانی «die kunst, glucklich zu sein»، دەشێت وەربگێڕێت بە «هونەری ژیانکردنێکی بەختەوەر» یان «حیکمەتی ژیان»، ئەم بەرهەمە پەنجا یاسا بۆ ژیانکردن لەخۆدەگرێت. ئەم نوسینە دەڕوانێتە ئەم پەنجا یاسایەی شۆپنهاوەر، هاوکات پیشانی دەدات چۆن دەشێت ئازارەکانی ژیان کەم بکەینەوە.

ئارسەر شۆپنهاوەر بە فەیلەسووفێکی ڕەشبین دەژمێردرێت، چون لە گۆشەی ڕەشبینییەکی بێهودەوە دەیڕوانییە جیهان. لەمیانی خوێندنەوەی دەقەکانییدا، دەردەکەوێت ئەو هەرگیز بوونی ڕەنگڕێژ و ماکیاژنەکردووە، بەڵکو کۆشاوە وێنەیەکی فیتاوفیتی واقیع بۆ جیهان بکێشێت، جا ئیتر گرنگ نییە ئەم واقیع و حەقیقەتە چەندێک تاڵ و ڕەق و دزێوە. تەرکیزکردنی وی لەسەر نەهامەتییەکانی ژیان، لەڕاستییدا کلیلە بۆ هەڵهاتن لەم نەهامەتییانە. «یادی خوێنەرم خستەوە، هەر حاڵەتێکی خۆشگوزەرانی، هەر هەستێکی تێربوون، لەبنەڕەتدا حاڵەتێکی نێگەتیڤە[4]؛ چونکە بەرئەنجامی قوتاربوونە لە ئازار، چونکە [ئازار] ڕەگەزێکی پۆزەتیڤ[5]ـی نێو بوونە. لێرەوە، تێدەگەین بەختەوەریی هەر بوونەوەرێک، لەڕێی خۆشی و چێژەکانییەوە ناپێورێت، بەڵکو بە ڕادەی دوورکەوتنەوەی لە ئازار و خراپەی پۆزەتیڤ دەپێورێت»[6].

هەمان ئەم ئازارەی لێکەوتەی تێرنەبوونە، تایبەتمەندیی سەرەکیی ژیانە، هاوشێوەی خودی چێژ یان بەختەوەری، چونکە بەختەوەری هیچ نییە جگە لە ڕزگاربوونێکی کاتی لە ئازار. کەواتە، ئازار پۆزەتیڤە، چونکە شیاوی زیادکردن و لێدەرکردنە؛ کەچی بەختەوەری نێگەتیڤە، چونکە هەر غیابی ئازارە. ئەگەر ئەم ئایدیایە ناسراو دەردەکەوێت، هۆکارەکەی لێکچوون و نزیکایەتییەتی لەگەڵ بۆچوونەکانی بودا. سەیر نییە شۆپنهاوەر لە فێرکارییەکانی بودای کۆڵیوەتەوە، هاوشان لەگەڵ تێکستە هیندۆسییەکانی وەک ئوپنشاد[7]. بەگوێرەی میتافیزیکی شۆپنهاوەر، ئێمە بەشێوەیەکی ئۆبێکتیڤ جیهان نابینین، بەڵکو نواندنەوەکەی دەبینین، وەک چنراوێکی زەینی خۆمان. ئەمەش واتە، هیچ ئۆبێکتێک نییە بەبێ سوبێکت، هەموو ئەو شتەی دەیبینین زیاتر درکە نەوەک «شتەکان_لە_خۆیاندا[8]». ئەم واقیعە میتافیزیکییەی وا شۆپنهاوەر دەیکێشێت _بەرمەبنای بەرهەمەکانی ئیمانوێل کانت_ لەیەک کاتدا پەشۆکێنەر و ڕزگارکەرە. پەشۆکێنەرە، چونکە چیتر ئەزموونێکی ئۆبێکتیڤ بوونی نییە، حەقیقەتی ئەو شتانەی درکیان دەکەین چنراوی زەینی خۆمانە؛ واتە، هەموو ئەو شتانەی دەیبینین و سەرنجیان دەدەین لە واقیعدا بەو جۆرە نین. هاوزەمان ڕزگارکەرە، چونکە خودی خۆمان چۆنێتیی ڕوانینمان بۆ جیهان هەڵدەبژێرین. ئەگەر لە نزیکەوە بڕوانین، دەبینین ئەوەی کاردەکاتە سەرمان شتە دەرەکییەکان نین، بەڵکو چۆنێتیی درککردنمانە بەم شتانە؛ تێگەیشتن لەمە، واتە دەتوانین پەیوەندییمان لەگەڵ شتە دەرەکییەکان بگۆڕین و خۆمان قوتاربکەین لە کۆیلایەتیی ویست و جیهان. بەڵام چۆن؟ باشترین بژاردەیەک شۆپنهاوەر پێشکەشمان بکات بریتییە لە «زوهد»  [لەخۆگرتنەوە]، لەڕێگەی خۆجڵەوکردنەوە هەژموونی ویست نەمتر بکەینەوە لەڕێگەی لاوازکردنی ئارەزوومان بۆ شتە دەرەکییەکان. نکۆڵی لە ویست، پێویستی بە نکۆڵییە لەو شتانەی وا ویست بەشێوەی سروشتی تێماندا چاندووییەتی. بەم چەشنە، پشت دەکەینە چێژ و جیهانی دەرەکی پشتگوێ دەخەین، بەڵام ئەم زوهدە بۆ هەمووان دەستنادات. تەنها کەمینەیەک دەتوانن پیادەی زوهد بکەن و بەتەواوەتی خۆ لە ئازار قوتاربکەن، ئەو حاڵەتەی لە بودیزمدا ناودەبرێت بە «ڕووناکبوونەوە»[9]. بۆیە هەرچەند ڕزگاربوونی تەواوەتی لە ئازار بژاردە نییە، بەڵام ڕەنگە تەرکیزکردنە سەر ڕێگەکانی کەمکردنەوەی ئازار واقیعیتر بێت و ژیان بەرگەگیراوتر و چێژبەخشتر بکات.

 

 

 

وەهمی بەختەوەری

کەواتە، چۆن دەتوانین بەختەوەر بین، وەختێک ژیان ئەوەندە ئازاربەخشە؟ شۆپنهاوەر پەنجا یاساکەی داڕشتووە و کەسانی ئاسایی لە زاهیدەکان جیاکردۆتەوە. شۆپنهاوەر پێمان دەڵێت لە کۆششماندا بەدوی بەختەوەری، نابێت ڕەفتاری ستۆیست‌ـ[10]ی و ماکیاڤیلیانە پەیڕەوبکەین. سەبارەت بە ڕێگەی یەکەمیان [ستۆیسیزم]، بڕوای وایە ویستی ژیان بەهێزترە لەوەی مرۆڤی ئاسایی بتوانێت لەڕێی خۆدابڕین و لەخۆگرتنەوەوە بگاتە بەختەوەریی. سەبارەت بە ڕێگەی دووەمیان [ماکیاڤیلیزم]، بڕوای وایە نابێت هەوڵی گەیشتنمان بە بەختەوەری لەسەر حیسابی ئەوانیتر بێت. ڕوانگەی وی بۆ بەختەوەریی لەنێوان ئەم دوو ڕوانگە دژییەکەدایە، هەمان ئەو شتەی ناویدەبات بە یودایمۆنیا (Eudaimonia)، ئەم وشەیەش لە ستۆیسیزمدا ئاماژەیە بۆ حاڵەتی گەشانەوە و فەزیڵەت و ژیان بەگوێرەی سرووشت. بەنیسبەت شۆپنهاوەرەوە، یودایمۆنیا مانایەکی تەواو جیاوازی هەیە، بەبڕوای وی، ژیانی یودایمۆنی وەک بوون _پاش وردبوونەوە و پشکنین_ باشترە لە نەبوون. سادەتر بڵێین، «ژیانێکی بەختەوەرانە بەجێژترە لە مەرگ». ئەو دەڵێت، مرۆڤی ئاسایی و نازاهید، هەرگیز ناتوانێت بەختەوەریی تەواوەتی بباتەوە، لەبری ئەوە، دەبێت بەدوای حاڵەتی کەمترین ئازاردا بگەڕێت.

دەی چۆن ئەمە بکەین؟ کلیلەکە لە فەلسەفەی بەختەوەریی شۆپنهاوەردا، لە یەکەم وانەی نێو کتێبەکەیدا دەبینرێتەوە، لەوێدا دەڵێت: «دەبێت دەستبەرداری مافی خۆمان بین لە بەدەستهێنانی هەموو چێژ و بەختەوەرییەک، لەبری ئەوە سەرنج بدەینە کەمکردنەوەی ئازار». بێگومان، ئەم هەڵوێستە هیچ ڕۆمانتیکی نییە، بەڵکو ڕیاڵیستییە، گونجاوترە بۆ هەڵکردن لەگەڵ ئەم تراژیدیایەی ناوی ژیانە. شۆپنهاوەر دەنوسێت، گەنجان بەتایبەت، وا دەزانن ئەم جیهانە بۆ چێژبردن ئافرێنراوە، بەڵام وەها نییە. ئەمە بەدحاڵیبوونێکە و هێشتاش لەنێو نەوە گەنجەکاندا بەربڵاوە. ئەم بەدحاڵیبوونەی گەنجان، لە سەردەمی شۆپنهاوەر بەهۆی قەسیدە و ڕۆمانەکان، لەم سەردەمەش بەهۆی فیلم و زینجیرەکانەوە شکڵی گرتووە. ئەمە ئوستوورەی بەختەوەرییەکی پۆزەتیڤ و تێرکەرە، سەر بە پێوەری بازاڕە. بەڵام ڕاستییەکەی، شوێنکەوتنی وەهمی وەها، تەنها دەبێتە مایەی نائومێدییەکی پۆزەتیڤ کە تاکە شتی ڕاستەقینەیە. ئەگەر شوێن ئەم لۆژیکە بکەوین، یەکەمین هەنگاوێک ئەوەیە، چیتر عەوداڵی وەهم نەبین و بەدوای ئەوە بگەڕێین کە شیاوی دەسکەوتنە، ئەوەش کەمکردنەوەی ئازارەکانی ژیانە. وەک شۆپنهاوەر دەڵێت: «سەلامەتترین ڕێگە بۆ دوورکەوتنەوە لە نائومێدی ئەوەیە، چاوەڕوانی بەختەوەرییەکی بێ‌ئەندازە نەبین». ئەمە لە حاڵەتی پیربووندا جوانتر دەردەکەوێت: ئێستە [لە پیرێتییدا] ئەوەندە داناین، واز لەو هەوڵی بەختەوەرییە بهێنین وا گەنجێتیمانی ڕەشکردبوو. لەبەرئەوەی لەو ئازارە دەترسین کە پێشتر چەشتوومانە، بۆیە هەوڵی کەمکردنەوەی ئازار دەدەین. بەبڕوای شۆپنهاوەر، ژیانێکی بێ‌ئازار باشترە لە ژیانێکی پڕ چێژ. خۆ ئەوە ڕوونە، کەسانی بەناوبانگ دەتوانن بگەنە گەورەترین چێژەکان [ئەوەی بۆ جەماوەر بەردەست نییە]، کەچی شێواوتر و دڵتەنگترن. بەم پێیە، سەرەڕای خواردنی گرانبەهاترین خواردنەکان، نیشتەجێبوون لە ڤێلا زەبەلاحەکان و مەلەوانگەکانیان، هەبوونی ئەو هەموو جەماوەرەیان؛ کەچی ئەوپەڕی ئازار ئەزموون دەکەن، تا ئەو ڕادەیەی ڕوودەکەنە مادەی هۆشبەر و خەمۆکی و تەنانەت خۆکوژیی. بەداخەوە، کەلتوورەکەمان نەوەک هەر ئەم مۆدێلە ژیانە دەکاتە ئایدیاڵ، بەڵکو نەبوونی ئەم چێژ و لەزەتانە بە شکستخواردن دەزانێت، ئایدیای شکستخواردنیش بۆ هەموومان نائومێدکەرە. بەم پێیە، مرۆڤەکان نائومێدن چونکە ناتوانن ئەم «نائومێدی»ـیە [نائومیدی و نەهامەتی ژیانی کەسانی بەناوبانگ] بەدەستبهێنن. مەگەر ئەمە ئایرۆنی نییە. مرۆڤی دانا، بەگوێرەی شۆپنهاوەر، گوێ بەم شێوازی بوونە نادات؛ لەبری ئەوە، خۆ لە ئازارەکانی ژیان دەدزنەوە. هەرکات چێژ لەدەست بدەن، هیچ خەسارێکیان نەکردووە، چونکە بەهەرحاڵ چێژ وەهمێکە و بەس.

کەواتە چۆن ژیانمان بەجۆرێک ڕێکبخەین، تاوەکو ئازار تا دوا پلە کەم بکەینەوە؟ ئازار بەرئەنجامی چەندەها شتە. بەبڕوای شۆپنهاوەر، ئەم شتانە بەستراونەتەوە بە چۆنێتیی ڕوانینمان بۆ خۆمان، یان چۆنێتیی ڕوانینمان بۆ جیهان. بۆ نموونە، کاتێک ناواقیعییانە دەڕوانینە سیفەت و بەهرەکانمان، ئەوکات ڕەنگە بەدەست ژیانەوە بناڵێنین. بۆیە شۆپنهاوەر دەڵێت، دەبێت لە هەموو لایەکەوە خۆبناسین، تا خاڵی بەهێز و لاوازی خۆمان دەستنیشانبکەین. ئەگەر زیاتر تیشک بخەینە سەر پەرەپێدانی ئەو توانا و بەهرانەی بە سرووشتی خۆمان تێیدا بەتواناین، ئەوا بەدەگمەن ڕووبەڕووی ئازارێک دەبینەوە کە بەرئەنجامی بیرخستنەوەی لاوازییەکانمانە. بۆچوونێکی دی، مەسەلەکە پەیوەست نییە بەوەی ئێمە چیمان هەیە، بەڵکو گرێدراوە بەوەی ئێمە چیین. جەخت دەکاتەوە لەوەی «شێوازی هەست و درککردنمان» گرنگە و بەس؛ چونکە تەندرووستی و ئاسوودەیی گرنگترن لە ناوبانگ و سامان؛ «گەدایەکی تەندروست بەختەوەرترە لە پاشایەکی بیمار». کەواتە هەڵبژاردنی تەندرووستی لە هەموو شتێک حەکیمانەترە، هاوکات بەردەوام پێشوازی لە ئاسوودەیی بکەین چونکە ئەوە هەستە هەنوکەییەکانمان دەستنیشان دەکات. هەرچەند شۆپنهاوەر بانگەشە بۆ زوهدێکی تەقلیدیی ناکات، بەڵام فۆرمێک لە بێباکیی سودبەخش بەرامبەر کەسەکان و شتەکان و پێگەکان پێشنیاردەکات. زۆرجار قەرز لە فەیلەسووفی یۆنانی ئەپیکۆر و سیستەمی بەختەوەرییەکەی دەکات، چونکە دەسپێکێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی ئازار. بەکورتی، دەبێت بەدوای پێویستییە بنەڕەتییەکانمان بگەڕێین کە ئاسان شیاوی پڕکردنەوەن و بەسرووشتی شیاوی تێربوونن، وەک خواردن و خواردنەوە. دەبێت دووربکەوینەوە لە هەوڵی ناوبانگ و سامانی زۆروزەبەند کە بەدیهاتن و دەستخستنی سەخت و دژوارە، هاوکات لەدەستدانی ئاسانە، ئەم لەدەستچوونەش دەبێتە مایەی نەهامەتی و ئازار. دەتوانین بڵێین، شۆپنهاوەر ڕێچکەیەکی سەلامەت و زێڕینمان بۆ پێشنیاردەکات: نەکەوینە دوای «بەختەوەرییەکی وەهمی»، هاوکات نەکەوینە نێو داوی خۆنکۆڵیکردنیشەوە، ڕووبکەینە ئەو چێژانەی کەمترین یان هیچ ئازارێک لەخۆناگرن، دووربکەوینەوە لەو چێژانەی سەرمان لە ئازارەوە دەردەهێنن و لەدەستدانیان دەبێتە نەهامەتی. بەردەوام پێش هەموو شت، سەلامەتی دەروونی و جەستەییمان ڕەچاوبکەین؛ چونکە وەختێک لەناوەوە هەست بەباشی دەکەین، ئەوکات بەرگەگرتنی دەرەوە ئاسانتر دەبێت، جا ئیتر دەرەوە چەندێک تاریک و ترسناک بێت.

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Will.

[2] Will to live.

[3] Buddha.

[4] Negative.

[5] Positive.

[6] Arthur Schopenhauer, studies in pessimism.

[7] Upanishads.

[8] Things_in_themselfs.

[9] Enlightment.

[10] Stoicism.

 

سەرچاوە:

How to Reduce the Pain of Life | Arthur Schopenhauer: Einzelgänger