A+    A-
(797) جار خوێندراوەتەوە

«نازانم کە دەزانم»

 

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

 

 

گوایە سوقرات لە زارى ئەفلاتوونەوە وتوویەتى: "دەزانم کە هیچ نازانم"(سەربارى ئەو مشتومڕانەى کە ئاخۆ سوقرات دەقاودەق شتێکى واى لە بەرهەمەکانى ئەفلاتووندا وتووەیان نا, چونکە قسەکە گوزارشت لە قەناعەتێکى درێژخایەنى ناو عەقڵى باویش دەکات). ئەم قسەیە چەندین سەدە وا لێکدەدرایەوە کە شتێک و شتانێک ماون سوقرات یان مرۆڤ بەگشتى بیزانێت. ڕووناکییەکە خرابووەسەر زانیارییە نەزانراوەکە, سەر مەجهولە نەگیراوەکە. بەشێوەیەکى شاراوەش مرۆڤ تاوانباردەکرا کە بەپێى پێویست نازانێت و فریاناکەوێت بزانێت. لەپاش هزرى هاوچەرخ و بەتایبەت دەروونشیکارییەوە تێدەگەین کێشەکە "نەزانراو"ێک نیە هێشتا پێى نەگەیشتبین بەڵکو لە خودى زانراوەکە و زانیارییەکەدایە کە بە ماهیەتى خۆى نوقسانە. هەموو زانیارییەک لە بەراورددا بە ئارەزووى مرۆڤ کەموکورتە. ئارەزوو هەمیشە لە زانیارى و زانراوەکان زۆرتر دەڕوات. هێند دەڕوات بگاتە سەر سنورەکانى مەرگ و پاڵنەرى مەرگ. پاڵنەرى مەرگیش لە نەست ئاڵاوە, کەوتۆتە پێش ئێمەوە, چالاکییەکانمان دەبزوێنێت و زۆرجاریش تێکیدەدات. وەکبڵێى, نەست یان پاڵنەرى مەرگ دوو ڕەهەندى دیارى ژیانمانن کە بەر لە ئێمە شت دەزانن, دەکەونە پێش ئاگایی و زانین و ویستى زانینمانەوە و ژێرخانى هەموو زانیارى و زانراوەکانمانن. بەم پێیە, قسەکەى سوقرات بەم جۆرەى لێدێت: من نازانم کە دەزانم. زانینێک هەیە دەیزانم بەڵام بەر ئاگایی من نەکەوتووە. وەک بنکى سوبێکتیڤیتەى منیش قەت بەتەواوى ئەزموونى‌نابێتەوە, نابێتە زانراوێکى بابەتى و بەردەست, بەڵام هەمیشەش بەر لە من وەک سوبێکت دەزانێت. لەڕواڵەتدا ئەم وتەیەى دووەم دژى یەکەمە, بەڵام لەقووڵاییدا جووڵاندن و دەستکارى و بگرە تەواوکردنێتى نەک سڕینەوەى. لە یەکەمیاندا مرۆڤ خۆى دەکاتە بکەرى ناسین, کۆمەڵێک نەزانراویش فڕێدەداتە دەرەوە و پێى وایە هێشتا نایانزانێت و پێیان نەگەیشتووە. بەڵام لە دووەمیاندا, قورساییەکە ناخەینە سەر زانراوەکانى دەرەوەمان, بەڵکو بەهۆى ڕەهەندى "نەست" یان پاڵنەرى مەرگەوە لەناو خۆماندا سنورێک بۆ نەزانراوەکان دادەنێین و لەوەى دادەماڵین پەیوەندیی بە بڕ و کاتەوە هەبێت. نەست نە بڕ دەناسێت و نە کات, چونکە هەرچى بزانیت و هەرچەندیش بزانیت ئەگەرى ئەوەى هەیە بەهۆى حزوورى پێشوەخت و بنەڕەتییەکەى خۆیەوە کاتمەندییەکە و بڕەکەش بشێوێنێت و هەرچى زانیارى و زانراوە بگۆڕێتە سەر تاریکى و نەزانین. هەموارکردنى حوکمى یەکەم بەهۆى دووەمەوە, ئاڵوگۆڕى جێى سوبێکتە بە نەست: لە دووەمدا نەست دەخەینە جێى ئەو سوبێکتەى کە دەزانێت هیچ نازانێت و ئەوە نەستە وادەکات بگوترێت نازانم کە دەزانم. نەست دەکەوێتە پێش سوبێکتەوە, بنکى وى ڕادەگرێت, دەبێتە مۆتیڤى چالاکییەکانى و زۆرجاریش لە چالاکییان دەخات. مەبەست لە نەستیش, ئەو بوونەوەرە غەریزییە تەواو حەیوانییە نیە لە عەقڵى باودا هەیە, بەڵکو ئەو ڕەهەندەى بوونمانە کە وەک زیادەیەک لە زانین و ڕێسا و ئاگامەندى دەمێنێتەوە و هەردەڵێى هى ئێمە نیە بەڵکو لە دەستى ئێمەش هەڵدێت- چونکە ئێمە بەتەواوى بەسەرخۆماندا دانەخراوین و لەگەڵ کۆمەڵێک ڕەهەندى دەرەکییشدا لە مامەڵەداین کە دەکرێت لەژێر ناونیشانى وشەیەکى وەک ئەویتردا پۆڵێنبکرێت(ئیدى لە ئەوانیترى مرۆڤەوە تا سرووشت و هتد). وتەکەى سوقرات هێشتاش بەدەست پۆزەتیڤیتەوە دەناڵێنێت, بەدەست ئەزموونگەرییەکى کەمتازۆر عامییانەوە: ئەو دەزانێت کە نازانێت. وێڕاى ئەوەى جۆرێک لە غروور لە وتەکەشدا نوستووە, بەڵام لە بەرگى خاکیبووندا. لەڕاستییدا خاکیبوونى ئۆنتۆلۆژیی تەواوەتى, لە کێشەى نەستدا نوستووە: نەست بەر لە ئێمە دەزانیت- یان وەک ئەوەى سلاڤۆى ژیژەک دەڵێت زانینێکە بەجیا لە ئێمەش بیردەکاتەوە و خۆى ڕێدەکات. ئەوە ئێمەین لە کۆمەڵێک باردا دەبینە خاوەن وهەڵگرى وى. لێرەوە پەڕینەوەیەکى ناڕاستەوخۆش ڕوودەدات: ئێمە بەتەواوى ئەزموونى و زیندوو نین وەک ئەوەى لە وتەکەى سوقراتدا هەیە, بەڵکو ناهاوکات و نائەزموونى و بەڕێژەیەک مردووشین. ئێمە هەڵسوڕاوى دەست کۆمەڵێک ڕێساى نەستەکیی دوورتریشین کە زمان و پانتایی ڕەمزى و کۆمەڵایەتى و ئەویتر تێکڕا دەیباتەڕێوە. خاوەندارێتیی ئێمە لە خۆمان, بەو ڕادەیەش ڕوون نیە کە لەو وتانەدا هەیە. کۆمەڵێک ڕێسا هەیە بەر لە ئێمە بەجۆرێک لە جۆرەکان نەست پێکدێنێت و کەمێک بەر لە ئێمە ڕوودەدات و ئەوە دواترە ئێمە لێى بەئاگادێینەوە- ئێمە نازانین کە پێشوەخت شتانێک دەزانین و ئەو شتانەش ئاراستەماندەکەن. گەر پارادۆکسێک لە وتەکەى سوکراتدا هەبێت, پارادۆکسى نێوان مرۆڤ و خۆیەتى. ڕاستە سوقرات بە جۆرێک لە خودئاگایی گەیشتووە لەمەڕ ئەوەى نایزانێت, بەڵام ئەوەى نایزانێت بریتى نیە لە زانیارى بەڵکو دەبێت بە فەنتازیایەک پڕیبکاتەوە(ئیدى چاکە بێت یان بەهایەک یان هتد). ئەوەى وەک نەزانراوێک ماوەتەوە لێرەدا, تاڕأدەیەک لەو ئاوازەى گۆرانیبێژێک دەچێت کە هێشتا نەیدۆزیوەتەوە و داینەناوە, چونکە ١) نەزانراوێک ئارەزوو دەجووڵێنێت ٢) شتێکە هەرچى بێت شتێک لەو پێشتر هەیە کە نەستە ٣) کۆتادۆزینەوە لەئارادا نیە, دۆزینەوەى ئۆبێکتێکى تر نەبێت بۆ ئارەزووکردن.  

 زانیارى ڕووناکیی تەواو نیە لەسەر ئۆبێکتێک, بەڵکو ڕاگرتنێکى کاتیی پاڵنەرى مەرگە تا تووشى نەزانینى تەواوەتییمان نەکات. ئەوەى دەیزانین, هەمیشە کەمترە بەراورد بەوەى نایزانین, بەڵام ئەوەى نایزانین شتانێکى پۆزەتیڤ لە جێیەک دانرابن و بەپێى کات پێى بگەین. بەڵکو کێشەکە ئاڵۆزترە: ئێمە هەموو شتەکانیش بزانین, زانیاریی تەواومان لەسەر جیهان هەبێت, ئەوا نازانین بۆچى دەبێت ئەم هەمووە شتە بزانین؟ ویستى زانین و خۆشویستنى زانین وەڵامێکى بەس نین, چونکە بوونى ئێمە وەک مرۆڤ لەسەر نەزانین و خۆبیربردنەوەى خۆمان ڕۆنراوە. ئێمە ناتوانین و نابێت بەڕەهایی لەسەر خۆمان بەئاگابێینەوە, چونکە بەر ڕیاڵى خۆمان دەکەوین, بەر بۆشاییە زاتییەکەمان, ئەو چەپێنراوە خۆنشینەى کە ئێمەى وەک سوبێکت ڕاگرتووە. نەزانین لێرەدا مەبەست لەوە نیە کە شت نەزانین, بەڵکو نەزانینێکى بنەڕەتییە و پەیوەندیی بە نەستەوە هەیە, نەزانینێک کە پتر لە خۆفەرامۆشکردنەوە نزیکە, لە خۆگێلکردنێکى وجودییەوە کە بەر لە ئێمە ڕوویداوە و ئێمەشى لەسەر بەندە. زۆر-زانین, هەرگیز نامانگەیەنێت بەوەى ئەم نەزانینە سەنتراڵەى خۆمان تێپەڕێنین. ئێمە تەنیا وەک بەش شت دەزانین, وەک گشت شکستدێنین چونکە بوونى ئێمە وەک سوبێکت خۆى هێڵێکە بەسەر ئەو گشتەدا دێت کە زانینى تەواوەتییە. واتە, بوونى ئێمە خۆى جۆرێک لە نەزانراوە لەناو هەموو زانین و زانراوەکانى جیهاندا. خۆمان ئەو خاڵە کوێرەین کە هیچزانینێکى دەرەکى, بەشەکى, ئۆبێکتیڤ ناتوانێت ڕوونیکاتەوە. پرسەکەش ئەوە نیە زانیاریی تەواومان لەسەر ڕەهەندەکانى بایۆلۆژیا, سایکۆلۆژیا, سۆسیۆلۆژیا و هتد نیە, بەڵکو ئۆنتۆلۆژیایە: بوونەکى و بوونناسانەیە. بوونى سوبێکت کورتنابێتەوە بۆ زانیارییە کەڵەکەکراوەکان و ئەو زانراوانەى کە وەریدەگرێت, بەڵکو هەموو زانراو و زانیارییەکانى دەرەوەى وى, بە فەلسەفە و زانستیشەوە, لەم خاڵە کوێر و نەزانراوەوە سەرچاوەدەگرن کە ناوى ئارەزوو(desire)ـە. ئارەزوو, داینەمۆى بەردەوامیدانى زانیارییەکان و خاڵى ڕاگرتنى هەموو زانیارییەکانیشە. ئێمە بۆیە دەزانین چونکە دەمانەوێت ئارەزووى زانین بکەین, ئارەزوو لە زانین خۆى ڕیشەییترە. گەر بێتو زانین و زانیارییەکان لەڕووى بونیادەوە شیتاڵبکەین, ئەوا تاریکییەک دەمێنێتەوە کە یەکسان نیە بە نەزانراو بە واتا باوەکەى(مەجهول). ئەو تاریکییەى لە هەناوى زانراوەکان و پاش وانیشدا دەمێنێتەوە, هەروا بەسادەیی بریتى نیە لە نەزانراوێک کە سبەى یان بانەڕۆژ پێى دەگەین, بەڵکو چاڵێکە هەرگیز ناگاتە زانینى تەواوەتى. ئەم چاڵە هەم کرۆکى سوبێکتمان بیردەخاتەوە و هەم خۆیشى چاڵى ئارەزوو دەنوێنێتەوە. تۆ زانیارییەک یان زانراوێکى فەلسەفى فێردەبیت, بەڵام لەژێر ئەم زانیارى و زانراوەوە سوبێکتێک هەیە کە ئارەزوودەکات و زانراوەکەشى سەر ئەو چاڵەى ئارەزووى ئەو دادەپۆشێت. گەر زانیارییەکە ئاگایانە بێت, ئەوا ڕیشەى لە نەست و نائاگاییدایە, ئارەزووش بە ماهیەتى خۆى نەستەکى و نائاگایانەیە. 

لەئاستێکى قووڵتردا, زانیارى خۆى ساتێکە سەر بە ئیرۆس, یەکێتییەکى خەیاڵى, ئەو ساتەى کە شتێک لە یەکێتى و یەکانگیریی خۆیدا دەردەکەوێت. بەمانایەکى تر, زانیاری شتێکە نراوە بە یەکەوە, وەک ماهیەت قابیلى پارچەکردن و هەڵوەشانەوەیە. بۆنمونە, زانیارى لەسەر دیاردەیەک, بەو واتایە دێت کۆیەتیی دیاردەکە دەکەوێتە بەر ئاگایی ئێمە, بەڵام ئەم کۆیەتییە کاتییە. دەتوانین زیاتر بچینە پێشەوە و بڵێین زانیارى خۆى ساتى یەکگرتن و ڕێکخستنى پشێوییەکە. بەر لە زانیارییەک, ئێمە جگە لە پشێوى هیچى ترمان نیە. پشێوییەک کە لە هەناوى خۆیدا پارچەبوون و نایەکانگیربوونە. زانیارییەکە ڕەوینەوەى ئەم پشێوییەیە. ژیانى مرۆڤ خۆیشى لەکۆدا زانیارییەکە بەسەر نەزانراوێکى ڕیشەییەوە کە هیچ نیە. ژێستێکە بۆ شاردنەوەى پشێوییەک, هیچییەک, ڕیاڵێک. ڕاوەشانێکى بچوک بەسەر هەرچى ڕایەڵەى ڕەمزى هەیە بکەوێت و دەرکەوێت جووڵەى مرۆڤەکان بڕێک ژێستى پووچ و ڕاگیراوەو سنورى بووکەڵە و بنیام ژێستێک زیاتر هیچى تر نیە. زمان ناوەندێکە بۆدوورینەوە و ڕاگرتنى ئەم ژێستە و بگرە خودى ژێستەکەشە. دەکرێت بۆ ساتەوەختێک خێچ لە کۆبوونەوەى کۆمەڵێک مرۆڤ بڕوانیت و بزانیت جووڵە و قسەکانیان لە مەودایەکەوە هیچ ناگەیەنێت و بەزۆر ڕەمزێنراوە. جڤاتى مرۆیی خۆى بە هەموو چالاکییەکانیەوە, بەر لە پۆڵێنکردن و جیاکردنەوەى کۆنکرێـتى, جۆرێکەلە غەڵبەغەڵب و ژێستى بێ‌واتا. بەم پێیە, زانیارى هەر لە کۆنەوە تا ئێستا, ساتى شاردنەوەى ئەم ژێستەیە بەرامبەر خۆمان و دونیا. زانیارى, لەبنەڕەتدا کارکردێکى داپۆشەرى هەیە بۆ شاردنەوەى ئەم نایەکانگیرییەى لە بووندا هەیە. جۆرێکە لە ڕەمزاندن(سیمبولیزە). گەر بەردەوام زانیارى دزەنەکاتە دەرەوە و یەکخستن نەڕەخسێت, ئەوا بوون هەڵدەوەشێتەوە بۆ ئێمە. شتەکە پەیوەندیی بەو زانیارییە پلەدووەوە نیە کە لە کتێبگەلى وەک بۆمبى زانیارىـى پۆل ڤیریلیۆدا هەیە, بەڵکو باسەکە لە کارکردى ڕیشەییترى زانیارییە بەر لە زانیاری‌بارانى ئەم سەردەمەکە کە تەنیا تایپێکى زانیارییە. با وێناکەمان هەستیارتر بکەینەوە: لەگەڵ زانین و زانیارییەکدا ئێمە کردەیەکى پۆزەتیڤ نانوێین بەڵکو نێگەتیڤیتە ڕوودەدات. هەر زانیارییەک خەسڵەتێک نیە هەروا ئاسان بچێتە سەر شتێک, بەڵکو گرێ بە بۆشایی و نێگەتیڤیتەک لێدەدات و لە کردەیەکى دووقاتدا شتەکە و خەسڵەتێکى بارکراویشمان پیشاندەدات. زانیارى, ڕێنوێنییەکى هەمیشە مسۆگەر نیە- چەنێک ئۆبێکتیڤ و دەرەکى و پۆزەتیڤ بێت ئەوا هێشتاش هەر قەرزێکە بەسەر بۆشاییەکى زەینییەوە و دەلکێنرێت بە دیاردەیەکەوە. زانیارى لە نەستى خۆیدا هەمووشتێک نازانێت.