A+    A-
(832) جار خوێندراوەتەوە

ژن و پیاو لای لاکان: گوزەرێکی خێرا

 

 

 

 

بۆتان بەختیار

 

 

 

 

جیاوازیی ڕەگەزی یەكێکە لە مشتومڕسازترین باسەکانی نێو دەروونشیکاریی لاکان. فیمینیستەکان عادەتەن ڕەخنەی ئەوە لە تیۆریی جیاوازیی ڕەگەزی(sexual difference)ـی لاکانی دەگرن کە نوسخەیەکی نوێی باوک(پیاو-نێر)سالارییە؛ پێیان‌وایە کۆی زاراوەناسیی لاکانی هەر لەسەر ئەم بنەمایە ڕۆنراوە، واتە دەروونشیکاریی لاکان نەیتوانیوە پارادایمە پیاوسالارییەکان تێپەڕێنێت و هەر بەرمەبنای وان ڕسکاوە. ڕەنگە سەرەکیترین بڕوبیانووی فیمینیستەکان تێز و چەمکەیلی وەک "ژن بوونی نیە، ژن سەمپتۆمی پیاوە، فالوس و هتد" بن. بەڵام ئەوەی ئەوان لێی تێناگەن ئەوەیە کە لاکان حەکایەتی پیاوسالاری دەگێڕێتەوە و شیتەڵیدەکات، نەک تیۆرەکەی خۆی پیاوسالارانە بێت؛ بە دەربڕینێکی تر، تیۆری حەکایەتی پیاوسالاری، تیۆرێکی پیاوسالارانە نیە. ئێمەش لێرەدا هەوڵدەدەین شتێکی وەها ڕوونکەینەوە. پێش هەموو شت، پێویستە ئەوە لە مێشکی خۆماندا بچەسپێنین، کاتێک لاکان باس لە پیاوسالاری دەکات، بە هیچ جۆرێک بە شێوەیەکی زانستییانە باسی ناکات، بەڵکو باس لە بونیادە خێزانییەکان دەکات. واتە هەوڵێکی پاشەوپاش و ڕیترۆئەکتیڤە بۆ باسکردنی ڕابردوو، هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە چۆنێتیی بوونی ئەو پرسە تێبگەین. ئەمە بەو مانایە نایەت لاکان هەوڵبدات پێمان بڵێت پیاوسالاری چۆن سەریهەڵداوە یان چۆن بووەتە ئەمری واقیع. بەڵکو لە کۆدا باسەکە لەسەر بەرهەمهێنانەوە و ژیانەوەیە. بۆیە تیۆرییەکەی لاکان هەم یاریمەندی فیمینیستەکانە تاکو کەمێک لە ڕووی تیۆرییەوە بگۆڕێن، هەم حسابێکی ڕیترۆئەکتیڤیشە لەسەر سیستەمێک کە بەردەوام خۆی بەرهەمدێنێتەوە.

 

 

 

یەک: سێکسواڵیتە شتێکی دەستکردە

  ڕەنگە گرنگترین و سەرەکیترین کۆمەک و ئیزافەی لاکان بۆ دەروونشیکاریی فرۆید، خوێندنەوە و نوسینەوەی فرۆید بێت لەڕێی هیگڵ(فەلسەفە)ـەوە؛ ئەمەیش لە کۆدا واتە گواستنەوە لە ئاناتۆمی و بایۆلۆژیا و ئارکیۆلۆژیا و سرووشتەوە ڕووەو زمان و پانتایی دەلالەت و مانا. ئەوە بەبێ هۆ نیە "لە پێشەکیی "نوسراوەکان-ecrits"ـی لاکاندا، هێندەی ناوی هیگڵ هاتووە، هێندە ناوی فرۆید نەهاتووە. لاکان لە قۆناغە جیاوازەکانی وانە و سیمینارەکانیدا، لەگەڵ زۆرێک لە بیریارە گەورەکانی ئێستا و ڕابردووشدا کەوتۆتە دیالۆگەوە؛ هەر لە ئەفڵاتوون و ئەرستۆوە تا قەدیس ئۆگەستین و ئەکویناس، لە دیکارت و سپینۆزاوە تا کانت و هیگڵ، لە مارکسەوە بۆ نیچە، لە هایدیگەرەوە بۆ ڤیتگنشتاین"[1]. ئەمە بۆ خۆی دەلالەت لەوە دەکات لاکان لە گۆشەیەکی فەلسەفییەوە لە پرسەکان دەڕوانێت نەک بایۆلۆژی و زانستیی ڕووت. فرۆید لەنێوان دیوە سرووشتی و چیرۆکئاساکانی دەرووندا دەهات‌ودەچوو. بۆنمونە کاتێک فرۆید باس لە ئیرەیی‌بردن بە زەکەر دەکات لەلایەن کچانەوە، تەقریبەن باس لەوە دەکات کە زەکەر هێند سەرنجڕاکێشە لای کچان، وا وایان لێ دەکات حەزبکەن ئەوانیش دانەیەکیان هەبێت. لە بەرامبەریشدا، کاتێک کوڕان دەبینن کچان زەکەریان نیە، ترسی خەسانی فیزیکییان لێ دەنیشێت. واش دێتە بەرچاو کە کۆی پرسی گرێى ئۆدیپ لای فرۆید، لەسەر چێژێکی بایۆلۆژی و ئەزموونی درووستبووبێت. بەڵام کاتێک لاکان دێت و دەستدەکات بە نوسینەوەی فرۆید، پرسەکە ئاوەژوودەبێتەوە. سێکسواڵیتەی ئینسان دەهێنێتەوە نێو پانتایی مانا و دەلالەت. واتە هەم ئیرەیی‌بردن بە زەکەر لای کچان و هەم دڵەڕاوکێی خەسان(castration anxiety) لای کوڕان، لێکدانەوەی ڕیترۆئەکتیڤی خەیاڵیین لە داهاتوودا بۆ لەدەستچوونە سەرەتاییەکە. کاتێک لاکان باس لە ژن و پیاو دەکات، وەک نێرومێی ئاناتۆمی لێیان ناڕوانێت، بەڵکو ئاماژە بە پێگەی ژنانە[2] و پیاوانە[3] دەکات لەناو زماندا. ئەم دوو پێگەیە، واتە ژنێتی و پیاوێتی، تەنێ لە ئاستیکی گشتیدا ڕەپتیان بە بایۆلۆژیا و ئاناتۆمییەوە هەیە؛ واتە ژن و پیاو بۆ لاکان دوو دالن لە زماندا. لاکان دەیویست قەدەرگەرایی بایۆلۆژی لە تیۆرییەکانی فرۆیددا لابات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت بایۆلۆژیا هیچ گرنگییەکی نەبێت، بەڵکو لەوێدا گرنگە کە سوبێکت لە وەرگرتنی پێگەی پیاوانە/ژنانەدا هەوڵدەدات بە لای ڕەگەزە بایۆلۆژییەکەی خۆیدا بڕوات- بەڵام دەشێت بە ئاڕاستەیەکی تەواو جیاوازیشدا بڕوات. بەپوختی بیڵێین، سێکسواڵیتەی سوبێکتی قسەکەر، کورتناکرێتەوە بۆ بایۆلۆژیا و بەرکەوتن و پەیوەندییە فیزیکییەکان. سێکسواڵیتە شتێکی دەستکردە، دەستکردی دەستی پیاوە. کەواتە دەتوانین بڵێین "ئاناتۆمی قەدەر و چارەنووس نیە". بەس ئایا ئەگەر سێکسواڵیتە دەستکردی پیاوە، ئەی باڵادەستیی پیاو چۆناهییە؟ ئایا دەروونشیکاری پیاو زاڵدەکات بەسەر ژندا؟ یان ئایا پیاو لە ڕووی بایۆلۆژییەوە زاڵترە؟ هیچکامیان نیە، باڵادەستیی پیاو فەنتازیایەکە. بەڵام فەنتازیایەکە تێیدا دەژین. گەر ڕەگەزێتی شتێکی درووستکراو بێت، درۆینە بێت، بەڵام هێشتا درۆیەکە باوەڕمان پێیەتی و لەگەڵیدا دەژیین. گەر ئاگایی هەمیشە ئاگایی بێت دەرهەق بە شتێک، ئەوا ئەزموونی ئاگایی ئێمە هەرگیز بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ‌میدیۆم نیە؛ واتە هەرگیز بێ نێوەندگیرێک دەستمان ناگاتە شتەکەدا. لە پەیوەند بە جەستە(بایۆلۆژیا) و سێکسواڵیتەشەوە، ئێمە هەرگیز ڕاستەوخۆ دەستمان ناگات بە جەستەماندا، واتە سوبێکت، یان درووستر سوبێکتی قسەکەر، ڕاستەوخۆ دەستی ناگات بە سێکسواڵیتەی بایۆلۆژیدا. بەڵکو ئەزموونکردنی جەستە هەمیشە بە فلتەرێکدا دەڕوات: ڕەمزی، خەیاڵی، ڕیاڵ. واتە سوبێکت بەناو هەریەک لەو نەزمانەدا دەڕوات ئینجا دەستی دەگات(یان ناگات) بە جەستەیدا. لە دیدی لاکاندا، ئێمە لەم سێ نەزم و ئاستدا بوونمان هەیە. وی، لە کۆتا سیمینارەکانیدا، باسی میتافۆری گرێی بۆرۆمی(Borromean knot) هێنایە ئاراوە. گرێی بۆرۆمی پێکدێت لە سێ ئەڵقە، ئەم سێ ئەڵقەیە نەبەستراون بەیەکترەوە، بەڵام دەنیشنەمل یەکتر و بەسەر یەکتردا دەچەمێنەوە و یەکێکیشیان لابەیت، دووانەکەی تر تێکدەچن. مەبەست لەم سێ ئەڵقەیە، هەر سێ نەزمەکەن؛ ئەم سێ نەزمە درزێک لەنێوانیاندا هەیە، بەتەواوی نەلکاون بە یەکتردا، بەڵام کۆی دەزگای دەروونیی ئینسان لەسەر نێوپەیوەندیی ئەم سێ نەزمە وەستاوە؛ یەکیان بسڕەوە، ئەوانیتریش تێکدەشکێن. بەگشتی، ئەم میتافۆرە ئاماژەیە بە ئەزموونی مرۆیی، بە ژیانی سوبێکت. بە سەرێکیش ئاماژەیە بە ئۆبێکت‌هۆکاری ئارەزوو(ئۆبێکتی بچوکی a)، ئەم ئۆبێکتە بە "شێوە"ی جیاجیا لە هەر سێ پانتاییەکەدا و لە هەمان کاتدا سوڕدەخوات.

 

 

دوو: هەبوون و نەبوونی فالوس

پێگەی سێکسی و ڕەگەزیی سوبێکت، تەنیا لە ڕەمزیدا دیاریدەکرێت و ئێمە تەنیا لەم پانتاییەدا لە جیاوازیی ڕەگەزی تێدەگەین. بەڵام کێشەکە ئەوەیە هیچ دالێک بوونی نیە کە بەتەواوی جیاوازیی ڕەگەزی بڕەمزێنێت، لە نێوانەدا ڕیاڵ/مەحاڵێک دەمێنێتەوە و نایەڵێت پرۆسەکە بگاتە ئەوپەڕی خۆی. واتە ئەگەرچی لە ڕووی بایۆلۆژییەوە شتەکە ڕوونە ئایا ئەو کەسە پیاوە یان ژن(یان ئەوانیتر)، بەڵام وەک لاکان دەڵێت "لە دەرووندا هیچ شتێک بوونی نیە وا لە کەسێک بکات بڵێت پیاوم یان ژن". لە ڕەمزیدا تەنیا یەک دال هەیە سێکسی بێت، ئەویش فالوسە. فالوس خۆی لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بە زەکەر، بەڵام لای لاکان شتەکە دەگۆڕێت، فالوس ئاماژە نیە بە ئەندامێکی بایۆلۆژی، بەڵکو دالی نوقسانییە. فالوس ئۆبێکتێکی خەیاڵییە، ئۆبێکتێک کە پێمان وایە ئارەزووی دایک(ئەویتر) تێردەکات. بەڵام کە دێینەنێو پانتایی ڕەمزییەوە، تێدەگەین ئارەزوو تێرناکرێت و ئەو ئۆبێکتەی بەدوایەوەین پێی ناگەین. فالوس نوێنەرەوەی ساتی پچڕانی یەكێتیی خەیاڵیی دایک/مناڵە، واتە دەلالەتە لەو ساتەی سوبێکت درز دەخوات و دابەش دەبێت. کەواتە فالوس هەم بۆ کچ و هەم بۆ کوڕ نوقسانی دەنوێنێتەوە، نەک ئەوەی کوڕ خاوەن فالوس بێت، چونکە فالوس هەمیشە لە جێیەکی ترە. گۆڕانی دەلالەتی فالوس لای لاکان، گۆڕان بەسەر دەلالەتی خەسانیشدا دێنێت. خەسان لای لاکان ئاماژە نیە بە خەسانی فیزیکی و جەستەیی، بەڵکو ئاماژەیە بە خەسانی ڕەمزی. خەسان لای لاکان واتە دەستهەڵگرتن لە بڕێکی چێژ(ژویسانس) تاکو بچینەنێو پانتایی ڕەمزییەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە، گرێی خەسانی کچ و کوڕ، چۆنێتیی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو لەدەستچوونە سەرەتاییەدا. کوڕ مادەم لە گرێی ئۆدیپدا لەگەڵ باوک هاوشوناس دەبێت، ئەوا وای دادەنێت خاوەن فالوسە، بەڵام مادەم بۆ کچ بەم جۆرە نیە، گەرەکە خۆی ببێتە فالوس. واتە بوون بە فالوس و هەبوونی فالوس دوو ڕێگەن بۆ داپۆشینی نوقسانی.

 

 

 

سێ: ژن(بە پیتى کەپیتاڵ) بوونی نیە

  هاوشێوەی پرسی فالوس، ئەم تێزەش تووشی هەڵەخوێندنەوەی زۆر هاتووە. هەروەک چۆن فالوس ئاماژە نیە بە هیچ ئەندامێکی پڕ و پۆزەتیڤ، بەڵکو نوقسانی دەنوێنێتەوە و دالی نوقسانییە، ژنیش بە هەمان شێوە ئاماژە نیە بە هەبوویەکی پۆزەتیڤ. لە تێزەکەدا "بوونی نیە" هاتووە، ئەمەش بەو واتایە دێت لەناو زماندا بوونی نیە، چونکە لای لاکان کاتێک شتێک بوونی دەبێت کە بێتەنێو زمانەوە. مادەم پانتایی ڕەمزی خۆی لە خۆیدا فالوسییە(پیاوێتی تێدا باڵادەستە)، ئەوا ژنێتی دەکرێتە پاشکۆ و پلەدوو. کاتێک لاکان دەڵێت "ژن وا خۆی دەردەخات کە پیاوێکە وا خۆی دەردەخات ژنە" ڕێک پێناسەی ژنێتی دەکات. پێی‌وایە ژن دەستی بە دوو جۆر ژویسانسدا دەگات، کە یەکیان ژنانەیە و یەکیان فالوسی؛ یان با بڵێین هەم پێمان دەلێت ژن وەک ماسک بوونی هەیە و بوونیشی نیە. کەواتە هەر هەوڵێک بۆ پێناسەکردنی پۆزەتیڤانەی ژن، شکستخواردنە لە پێناسەی ژندا.

     

 

 


[1] Jacques Lacan: critical evaluations in cultural theory, edited by Slavoj Zizek, vol. II, p.1

[2] Feminine

[3] Masculine