A+    A-
(1,132) جار خوێندراوەتەوە

هەستکردن‌بە گونا‌هـ

 

 

 

 

شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

 

هەستکردن‌بە گونا‌ه[1] هەستێکی بەرگەنەگیراوە، مرۆڤ بەزەحمەت دەتوانێت لەژێر باری ئەم هەستەدا تامی ئاسوودەیی بکات. زۆرجار لە پێناسە باوەکەدا، هەستکردن‌بە گونا‌‌ه، ئەو هەستەیە لەپای ئەنجامدانی کارێکی خراپەوە تووشمان دێت، پەشیمانییە بەرامبەر کردار و گوفتارێک وا دەچێتە خانەی شتە نائەخلاقی، نایاسایی، نەشیاوەکانەوە [یاخود نەکردنی شتانێک: کەمتەرخەمی لە بەجێهێنانی ئەرک]. ئەم هەستە لە پێوەری گشتییدا، شیاوی ستایش و بەرزنرخاندنە، چونکە هۆکاری ئاکاربەرزیی و دڵسۆزیی مرۆڤە؛ گوایە ئەم هەستە دەبێتە هۆی هاوسۆزیی نێو مرۆڤەکان، بەبێ ئەم هەستە شەڕانگێزیی و خۆپەرستیی پەرەدەسێنێت. بێگومان سوپەرئیگۆ، سەرچاوەی ئەم هەستەیە. سوپەرئیگۆ ئەو دەنگەی ناو دەروونی مرۆڤە وا ڕێگرە لە کار و نیازە بەد و هەڵەکان. ئەم بریکارە سزایەکی ناوەکیی بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنێت، هەرکات کارێک ئەنجام بدات کە نەدەبوو بیکات، یاخود هەندێکجار بەبێ ئەوەی ئەنجامی بدات، سزای خۆی دەسەپێنێت. سوپەرئیگۆ لە زمان و تێگەیشتنی باودا، چەندین هاوتای هەیە، ڕەنگە ویژدان و ئازاری ویژدان دیارترین هاومانای ئەم چەمکە بێت. سەرباری ئەو لێکچوون و خاڵە هاوبەشەی لەنێوان سوپەرئیگۆ و ویژداندا هەیە، بەڵام تێگەی سوپەرئیگۆ لە دەروونشیکاریی فرۆیدیدا جیاوازیی ڕیشەیی هەیە لەگەڵ ویژدان. یەک لەو جیاوازییە ڕیشەییانە ئەوەیە، ئێمە دەزانین لەڕووی ویژدانەوە چ شتێک ڕێگەپێ‌نەدراوە، واتە ئاگاییمان هەیە بەرامبەر کردارە ناویژدانییەکان؛ بەڵام سەبارەت بە سوپەرئیگۆ، زۆرجار جیاوازییەکی ڕوون هەیە لەنێوان ئەوەی مرۆڤ پێی وایە ڕێگەپێدراوە، لەگەڵ ئەوەی سوپەرئیگۆ بە ڕێگەپێدراو یان ڕێگەپێ‌نەدراو دەیزانێت.

 سوپەرئیگۆ تەنها بریکارێکی دڵسۆز نییە لەنێو ئێمەدا بیەوێت لە هەڵە و فەوتان و سزا بمانپارێزێت؛ بەڵکو هاوکات بریکارێکی سادیست و خۆسەپێنیشە، جار دوای جار ئیگۆ دەچەوسێنێتەوە. سوپەرئیگۆ ناوهاوێژکردنی باوکە لە پرۆسەیەکی فەنتازییدا، ناوەکیکردنەوەی ئەمر و نەهییەکانی وییە. بۆیە داخوازییەکانی ئەوەندە توند و کەلەڕەقانەن، زاڵدەبن بەسەر  حەز و داخوازییە واقیعییەکانماندا، ئەو حەز و داخوازییانەی بەردەوام ژێردەستەن، ئاکامی ئەمەش ئێش و ئازارە. زۆرجار سوپەرئیگۆ بە دەنگێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵمان دەدوێت: «خۆت غافڵ مەکە! کارەکەت بکە»، «ئەوەندە شیرینی مەخۆ!». باشە، سوپەرئیگۆ ئەم وزەیە لەکوێوە وەردەگرێت؟ ئەوەی هەیە، سوپەرئیگۆ بەشێک لە وزە و ڕەگەزە شەڕانگێزییەکان لە ئیدـەوە وەردەگرێت و بەسەر ئیگۆدا خاڵی دەکاتەوە، بەمەشەوە زاڵبوونی بەسەر ئیگۆدا ساناتر دەبێت؛ ئاکامی ئەمەش هەستکردن‌بە گوناهە. ئەم هەستە وا دەکات، بەردەوام خۆ_لۆمەکردن و خۆ_سەرزەنشتکردن لە مرۆڤدا جۆش بسێنێت، زۆرجاریش بەبێ ئەوەی هۆکارێکی ڕوون هەبێت بۆ ئەم لۆمە و سەرزەنشتە.

هەمووان هەست‌بە گوناهباری دەکەن، ئەم هەستە لەوە ڕیشەیی‌تر و بونیادی‌ترە ببەسترێت بە تاوانێکی فیعلیی و ڕۆژانەییەوە. بەپێی فرۆید، کوشتنی باوکی بەرایی، هەستکردن‌بە گونا‌هێکی گەورەی لای کوڕە بکوژەکان خوڵقاندووە. بۆیە کوڕە بکوژەکان لەپای ئەم تاوانە، هاتوون داخوازییەکانی باوکیان جێبەجێ کردووە، بەو چەشنە هەرچەند باوک بە جەستە نەماوە، بەڵام فەرمانەکان و داخوازییەکانی ئێستاکە توندوتۆڵتر جێبەجێ دەکرێن، بەهۆی پێداگریی سوپەرئیگۆوە. لێرەوە، باوک لە وێنە [جەستە]ـەوە دەگۆڕێت بۆ ناو [ناو_ی_باوک][2]. دەتوانین گەڕانەوەی باوک لەنێو گەشەی باوەڕ و ئیمانی مرۆییدا بدۆزینەوە، ئەگەر بەڕیزبەندییەک لێیان بڕوانین گەڕانەوەی باوک لە چەند فۆرمێکدایە: تەوتەم _ پاڵەوان و خودایانی مرۆڤئاسا _ یەکتاپەرستنی ئاتوون لەلایەن ئەخناتونی فیرعەونەوە _ دواتریش خودای نێو ئایینە ئیبراهیمییەکان. لەگەڵ ئەوەی لە فرەییەوە بۆ یەک‌بوون دەچێت، دەبینین جار دوای جار، ئەم نواندنەوەیە دوورەدەستتر و پارێزراوتر دەبێت. ئەم هەستکردن‌بە گوناهە لەکۆڵی مرۆڤ نابێتەوە و لە نەستی هەموویدا پەنگی خواردووە، هەمووان بەجۆرێک خۆیان بە بەشدار لەم تاوانە بنەڕەتییەدا _کوشتنی باوک_ دەبیننەوە.هەستکردن‌بە گوناهـ هەم وەک ڕەگەزێکی سەرەکیی نێو ئایین کاردەکات، هەمیش لە سروت و ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا دەنوێنرێتەوە؛ ئەمە بێ لەوەی ئەم تاوانە بنەڕەتییە بەجۆرێک گواستراوەتەوە بۆ نێو ئایینەکان و لە گوناهی یەکەمدا نوێنراوەتەوە، هەمان ئەو تاوانەی ئادەم و حەوا کە هۆکارە بۆ دەرکردنی مرۆڤ لە بەهەشت، باری ئەم گوناهەش کەوتۆتە ئەستۆی هەمووان.

هەستکردن‌بە گوناهـ هەمیشە هاوشانە لەگەڵ پێویستی بە سزا، پێویستی بە سزا هەوڵێکە بۆ پاکبوونەوە و سوککردنی باری ئەم هەستە پڕوکێنەرە. فرۆید باس لە چەشنێک لە نەخۆش دەکات کە ڕەفتاری سەیر دەنوێنن. ئەم کەسانە، لەمیانی پرۆسەی شیکارییدا، ڕێگری گەورە دادەنێن لەبەردەم چارەسەردا. هەرکات کەسێک گەشبینانە لەگەڵیان بدوێت یان موژدەی چارەسەریان پێ بدرێت، حاڵ و باری نەخۆشییەکەیان خراپتر دەبێت. ئەم کەسانە خۆشیان بە پیاهەڵدان و موژدە نایەت، بەڵکو بەجۆرێک چێژێکی پاتۆلۆژیی لەم حاڵەیان دەبینن. بەجۆرێک زیاتر پێویستیان بە نەخۆشییەکەیە نەوەک چارەسەری نەخۆشییەکە. فرۆید پێی وایە، ئەمە تەنها سودوەرگرتنی مادیی نییە لە نەخۆشییەکە، هەروەک تەحەداکردنی پزیشک و دەروونشیکار نییە لەلایەن نەخۆشەوە، بەڵکو شتێکی لەوە ئاڵۆزترە. ئەوەی لەم کەسانەدا هەیە، هەستکردن‌بە گوناهێکی نەستەکییە، نەخۆشەکانیش پاکبوونەوە و سزای خۆیان لە ئازاری نەخۆشییەکەیاندا دەبیننەوە. لەبەرئەوەی ئەم هەستکردن‌بە گوناهە نەستەکییە، بۆیە نەخۆش هۆکارەکەی نازانێت، تەنانەت هەستناکات گوناهبارە بەڵکو هەستدەکات نەخۆشە، بەبێ ئەوەی بزانێت سەرچاوەی بەردەوامیی نەخۆشییەکەی هەر ئەم هەستکردن‌بە گوناهەیە. تەنانەت ئەگەر پێشی بگوترێت ئەم هەستکردن‌بەگوناهەی وەک بەرهەڵستی خۆی دەنوێنێت ڕێگرە لەبەردەم چارەسەربوونی، ئەو هەر بڕوا ناکات، هەر دەست بە قەناعەتە نەخۆشانەکەی خۆیەوە دەگرێت: ئەم شێوازی چارەسەرە بە دەردی ئەو ناخوات.

ئێمە هەست بە گوناهـ دەکەین بەبێ ئەوەی بزانین کامەیە گوناهـ و تاوانەکەمان، چونکە هەستەکە نەستەکییە نەوەک ئاگاییانە. لێرەدا جیاوازییەکە لەنێوان باوەڕ و زانین ـدایە، باوەڕێکی نەستەکییانەمان هەیە بە گوناهباریمان، بەڵام نازانین کامە گوناهـ و تاوان. ئیگۆ ـی ئاگامەند عیلم و خەبەری لەم گوناهە نییە، ئەوە سوپەرئیگۆیە پێی دەزانێت، ئەو ئاگاداری حەز و ئارەزوو چەپێنراوەکانمانە؛ واتە سوپەرئیگۆ زیاتر لە ئیگۆ ئاگادار و ئاشنای ئید و نەستە. بەبڕوای فرۆید، تاکە چارەسەرێک لەم نێوەندەدا، ئەوەیە ئەم هەستکردن‌بە گوناهە نەستەکییە بگۆڕێت بۆ هەستکردن‌بەگوناهی ئاگاییانە، بەجۆرێک بشێت ڕیشەی ئەم هەستە بدۆزرێتەوە، ئەگەر ڕیشەیەکی دیاریکراوی لە مێژووی نەخۆشەکەدا هەبێت. تەنانەت بەبۆچوونی فرۆید توندبوونەوەی ئەم هەستکردن‌بە گوناهە دەبێتە سەرچاوەی تاوان. پارادۆکسە سەیرەکە لێرەدایە: خۆی دەبێت هەستکردن‌بەگوناهـ لەپای ئەنجامدانێکی تاوانێکەوە سەرهەڵبدات، کەچی دەبێتە هۆکاری تاوان، واتە هەستەکە دەکەوێتە پێش تاوانەکەوە نەوەک پاشی تاوانەکە، ئەمە چۆن؟ ئەو کەسانەی هەست‌بە گوناهێکی نەستەکی دەکەن، هەست بە بارێکی قورسدەکەن بەسەر شانیانەوە بەبێ ئەوەی تاوانێکی ڕاستەقینە لە خۆیاندا شک ببەن؛ بۆیە لەڕێی ئەنجامدانی تاوانێکەوە، ئەم هەستە دەبەستنەوە بە شتێکی واقیعی و ڕاستەقینەوە؛ ئەگەر بەکوردی و سادەیی بڵێین، زوبانی حاڵی کەسەکە دەڵێت: خۆ من هەر گوناهبارم...گوناهبارم؛ ناعیلاج با تاوانێک ئەنجام بدەم تا هەر بزانم بۆچی گوناهبارم. ئەمە بێ لەوەی پێویستی و چاوەڕوانی سزا ئاسانتر پڕدەبێتەوە؛ بۆیە زۆرجار ئەو تاوانبارانە پاش تاوانەکە ئاسوودەتر دەبن. ئەگەر بیبەستین بە دیاردەیەکی واقیعی و سادەیی ڕۆژانەییەوە، نموونەی گەنجێک دەهێنینەوە بە دیار گۆرانییەکی غەمگینەوە ئەسرین دەڕێژێت، گۆرانییەک دەربارەی بێ‌وەفایی و دووریی مەعشوق؛ بەبێ ئەوەی ئەم گەنجە مەعشوقێکی بێ‌وەفای هەبووبێ یان لێی دوور بێت؛ بۆیە خۆزگە دەخوازێت بچێتە پەیوەندی لەگەڵ کچێک، دواتر ئەم کچە بێ‌وەفایی بنوێنێت یان لێی دوور بکەوێتەوە، تاوەکو ئەم گۆرانییە مانایەکی ڕاستەوخۆی پێ ببەخشێت و زیاتر گرێدراو بێت بە ژیانی تایبەتییەوە. ئەگەر هەستکردن‌بە گوناهـ نەبێت، ئەو مەیلە چییە لای کەسانێک بۆ خۆ_لۆمەکردن و سەرزەنشتی بەردەوامیی خود، هەندێکجار ئەم کەسانە بە ئەنقەست خۆیان تووشی شکست دەکەنەوە تاوەکو پاساو بە خۆ_لۆمەکردن بدەن؛ خۆیان دوا دەخەن لە کار، خوێندن پشتگوێ دەخەن، دواتریش لۆمەی خۆیان دەکەن لەپای شکستەکەیان. 

سوپەرئیگۆ میراتگری هەژموونی باوکە، بەرهەمی هاوشوناسییە لەگەڵ باوکدا، ئەم هاوشوناسییە جێگەیەکی نەگۆڕ و چەسپاو لە ئیگۆدا داگیر دەکات، بەڵام وەک بەشێکی سەربەخۆ و جودا لە ئیگۆ ڕەفتار دەکات. سوپەرئیگۆ خەسڵەتەکانی باوک وەردەگرێت، ئەگەر باوک و توندوتیژ و دڵڕەق بێت، سوپەرئیگۆ ئەم خەسڵەتانە دەگوازێتەوە بەسەر ئیگۆدا پیادەی دەکات. لێرەوە سوپەرئیگۆ دەگۆڕێت بۆ سادیست و ئیگۆ دەبێتە ماسۆشی واتە بەڕێگەیەکی مێینانە ناچالاکبووە. ئەمەش دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی پێویستی بە سزا لەنێو ئیگۆدا، لەلایەک بۆڵەی دێت و خۆی وەک قوربانی دەستی چارەنووس پیشاندەدات؛ لەلایەکی دی، بەهۆی هەستکردن‌بە گوناهەوە لە مامەڵەی خراپ و توندوتیژی سوپەرئیگۆوە تێربوونێک بەدی دەکات. تەنانەت، بەبڕوای فرۆید، چارەنووس هیچ نییە جگە لە دەرهاوێژکردنی باوک. بۆیە سەیر نییە هەڵوێستی مرۆڤ بەرامبەر باوک کە جووت‌هەستەکییە [کینەڤینە: کینە و ئەڤین پێکەوە]؛ ڕەنگیداوەتەوە لە ڕوانینماندا بۆ چارەنووس، جارێک وەک پەنایەک خۆمان دەدەینە دەستی چارەنووس، جارێک گلەیی لە چارەنووس دەکەین لەپای نەهامەتییەکانمان.

یەک لەو کەسێتییە بەناوبانگانەی فرۆید شیکاریی بۆ کردوون، فیۆدۆر دۆستۆیڤسکییە. ئەوەی زانراوە دەربارەی ژیانی دۆستۆیڤسکی، گوایە ئەو بەردەوام نۆبەتێکی پەرکەمی هەبووە. بەبڕوای فرۆید، سەرچاوەی ئەم نۆبەتی پەرکەمانە، دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردن‌بە گوناهـ. هەستەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئارەزووییەکی نەستەکییانەی دۆستۆیڤسکی بۆ کوشتنی باوکی. یەک لە ئەگەرەکان ئەوەیە یەکەمین حاڵەت و نۆبەتی پەرکەمی دۆستۆیڤسکی لە تەمەنی هەژدە ساڵییدا بێت، ئەوکاتەی باوکی کوژراوە. گوایە ئەم نۆبەتانە سزای سوپەرئیگۆیە، بەرامبەر ئەو نیازە نەستەکییەی هەیبووە بۆ کوشتنی باوکی. ڕاستە ئەو باوکی نەکوشتووە، بەڵام ئەگەر دەروونشیکارانە بڕوانین، مەسەلەکە تەنها بەوە ناوەستێت کێ تاوانەکەی ئەنجامداوە، بەڵکو ئەوەش گرنگە کێ نیازی کوشتنەکەی هەبووە یان پێی خۆشبووە. ئەم نۆبەت و سەمپتۆمە مەرگئاسایەی وی، دەشێت وەک هاوشوناسبوونی بەشێک لە ئیگۆی لەگەڵ باوکیدا لێک بدرێتەوە، ئەمەش سزایەک لەلای سوپەرئیگۆوە: «تۆ دەتویست باوکت بکوژیت تا ببیتە ئەو، ئێستا تۆ باوکتی، بەڵام باوکێکی مردوو». لە حاڵەتی پەرکەمدا سەرەتا توشبووەکە گەشکەیەک دەیگرێت وەک بڵێی ئەم گەشکەیە هێمای سەرکەوتن بێت بەهۆی کوشتنی باوکەوە، دواتر کرژبوون و حاڵەتە مەرگئاساکە دەستپێدەکات کە هێمای ماتەمە بەهۆی کوشتنی باوکەوە. ئەمەش تەواو هاوشێوەی حاڵەتی کوڕانی خێڵی سەرەتاییە، سەرەتا باوکیان کوشت دڵخۆشبوون، دواتر ماتەمیان گێڕا. لە ڕۆمانی «برایانی کارامازۆڤ»ـدا، دۆستۆیڤسکی ئەم ئارەزووە نەستەکییەی خۆی دەنوێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا هاوسۆزییەکی زۆر بەرامبەر بکوژی باوک پیشاندەدات، هەر بەوە ناوەستێت، بەڵکو نۆبەتی پەرکەمەکەی خۆی دەگوازێتەوە بۆ کاراکتەری نێو ڕۆمانەکەی. هەستکردن‌بە گوناهـ لای دۆستۆیڤسکی بەئاشکرا دەبینرێت، بەتایبەت پاش بڵابوونەوەی یاداشتەکانی هاوسەرەکەی. دۆستۆیڤسکی هەموو ڕێگەیەکی گرتۆتەبەر بۆ خۆ سزادان. یەک لەو ڕێگانە، قومارکردن بووە، قومارێک زۆربەی کاتەکان بە دۆڕان بەکۆتا هاتووە، بەڵکو خۆی دەستبەرداری گەمە نەدەبوو تا هەموو شتێکی نەدۆڕاندایە. بەم دۆڕاندنە و خەسارکردنی پارەکانی، پاساوێکی دەدۆزییەوە تا وەک جۆرێک لە سزا، لەپێشچاوی ژنەکەی لۆمە و سەرزەنشتی خۆی بکات، جنێو بەخۆی بدات، چەند کەسێکی بەدکارە و چۆنە ئەم ژنە ڕازییە لەگەڵی بمێنێتەوە؛ بەم کارەش تێربوونێکی پاتۆلۆژیی بەدەست دەخست و هەستکردن‌بە گوناهەکەی هێور دەکردەوە. دۆستۆیڤسکی ماوەیەک حوکم درا وەک زیندانی سیاسی دوورخرایەوە بۆ سیبریا، هەرچەند سزاکە نادادپەروەرانە بوو، بەڵام ئەو قبووڵیکرد، وەک سزایەک لە جێگرەوەی باوکەوە _قەیسەر_ بەرامبەر ئەو تاوانەی بەرامبەر باوکەی ڕاستەقینەکەی ئەنجامیداوە [ئارەزووییەکی نەستەکی بۆ کوشتنی]. فرۆید پێی وایە، ڕەنگە لەپاش نەفی‌کردن و دوورخستنەوەی بۆ سیبریا، دۆستۆیڤسکی لەدەست نۆبەتی پەرکەم قوتاری بووبێت، چونکە لەوێدا سزایەکی واقیعی چەشتووە و چیتر پێویستی نەکردووە خۆی سزایەک بەسەر خۆیدا بسەپێنێت [پەرکەم]. لەمەوە بەجۆرێک لە زەروورەتی زیندان و سزای دامودەزگایی تێدەگەین، وەک چەشنێک دەربازبوون سزا و ئەشکەنجەی ناوەکیی کە چەند قات ئازاربەخشتر و پڕوکێنەرترە. سزای دەوڵەت و پۆلیس، ئەهوەنترە لە سزای سوپەرئیگۆ یان بڵێین ئازاری ویژدان.

پرسیارێک ئەمڕۆ لە خۆمانى بکەین پەیوەست بەم چەمکەوە ئەوەیە کە: چۆن هەستەکانى گوناهـ لە خۆماندا بدۆزینەوە و دانى پیابنێین و سەرەنجامیش چۆن وەک ڕێچارێکى کۆمەڵایەتى لە گوژمەکەى کەمبکرێتەوە؟

 

 

 

پەراوێزەکان:

 


[1] Sense of guilt.

[2] Name_of_the_father.