A+    A-
(976) جار خوێندراوەتەوە

                 «ئەزموون» و هەژارییەکەى لە دونیاى ئێمەدا

 

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

 

ئەزموون (experence), لە یەک کاتدا هەم زاراوەیەکى هزری و نوخبەوییە, هەم زاراوەیەکى ڕۆژانەیی و فرەبەکارهاتوو و گشتینەش. لەم کورتە یاداشتەدا, پتر لەسەر ئەو ڕەهەندەى چەمکى "ئەزموون" دەوەستین کە کۆی دیاردەیەک یان بکەرێک بەر جووڵەیەکى ناوەکى دەکەوێت, دەزوویەکى مێژوویی و دینامیکى ئەم ئەزموون بەویترەوە دەبەستێت و سەرەنجامیش بەسنەبوونى ئەزموون سەربکێشێت بۆ ئەزموونێکى نوێى تر لەبرى ئەوەشى پاشگەزبوونەوەیەکى سوبێکتیڤ جێبهێڵێت. دونیاى ئێمە کە هێشتاش لەژێر بارى چەمکە میتافیزیکییەکاندا دەبزوێت, نەیتوانیوە ئەزموون بە واتا مۆدێرنەکەى بچێژێت. میتافیزیک خۆى لەم تایپە غەیبییە دینییەدا, ڕێگرێکى گەورەیە لەبەردەم پرسى ئەزموونکردندا. چونکە هەر ڕەهەندێکى ژیان, لەژێر سێبەرى پرسێکى میتافیزیکییدا هەڵپەسێراوە و خۆنشین و خۆژێن نیە. واتە میتافیزیکى غەیبانیی ئێمە ئەزمووننەکراوە, بۆ ئەبەد لەوێیە, لە دەرەوەى کات. ڕەنگە میتافیزیک لە کەلتورە بیرکەرەوەکاندا میتافیزیکێکى فەلسەفى بێت, و فەیلەسوفێک یان سیستەمێکى فەلسەفى بووبێتە لەمپەر, بەڵام میتافیزیکەکەى ئێمە هێشتا میتافیزێکێکى قایمى دینى-غەیبییە و نایەوێت دونیا وەک دونیا ئەزموونبکات.

لە فیکرى فەلسەفیی مۆدێرنى خۆرئاوادا, و لاى فەیلەسوفێکى وەک هیگڵ, جارێکى تر سیستەمى ژیان تیۆریزەدەکرێتەوە و پرسى ئەزموونیش دەخرێتەوە بەر بیرکردنەوە. بۆنمونە ئەو لە گەشتى ڕۆحدا, یەکەم قۆناغ کە قۆناغى "یەقینى هەستەکى"یە, دەبێت پەیوەندیی مرۆڤ و جیهان بە جۆرێک لە ئەزموونى سادە دەستپێبکات کە یەقینێکى تیایە و ئەم یەقینەش تەواو هەستەکى و ئەزموونییە. سرووشتى ئەم ئەزموونە, لە هەردوو ڕەهەندى ئێرە-ئێستاوە دەستپێدەکات, واتە ئەم ئۆبێکتەى بەردەستى من هەم لێرەدایە و هەم ئێستاش خەریکم ئەزموونیدەکەم. شتێکە هێشتا ساکارە, نێوانگرییەکى ئاڵۆزیی چەمکایەتیی وەرنەگرتووە و نەکەوتووەتە جووڵە. بەڵام گەشتى ڕۆح, لێرەدا قەتیسنابێت و بەناو چەندین قۆناغى خۆناسیندا دەڕوات و دەگاتە خودئاگایی. بە مانایەکى تر, ئەزموون بۆ فیکرى مۆدێرنى خۆرئاوایی دەخرێتە ناو جووڵەیەکى فەلسەفی و شارستانییەوە و لە بڕگەیەکى خۆهاوشوناس و سادەدا گیرناخوات. ژاک دێرێدا وەک فەیلەسوفێک کە دژى میتافیزیکى حزوور دەوەستێتەوە, دژى هەموو ئەو تایپانەى ئەزموونیش دەوەستێتەوە کە لێرە و ئێستادان, هەر ئەزموونێک لێرە و ئێستادا چەقى, جگە لەوەى ئەزموونێکى هەژارە, دەشبێتە بەشێک لە میتافیزیکى حزوور کە هیچ غیابێکى دینامیکیی تیا نیە(بەشێک لە عەقڵیەتى زانستى لەمڕۆدا سەر بە میتافیزیکى حزوورە و کۆى ئەزموونەکان و دیاردەکان لە پەیوەندییدا بە ئێرە و ئێستاوە وەردەگرێت).

هەر لە فیکرى هاوچەرخى ئەورووپییدا(بەتایبەت لاى فیکر و فەلسەفەى قاڕەیی), ئەزموون تا دواسنورى خۆى ڕادەکێشرێت و دەردەکەوێت چیدى چالاکییەکى ئاسایی نیە. واتە نەک هەر لێرە و ئێستادا نیە, بەڵکو ئەزموون خۆى هیچ گەرەنتییەکى نیە و بەستراوە بە جۆرێک لە نێگەتیڤیتە(نەفێتى-مەرگ)ـەوە. ئەزموون, چالاکییەکى ئۆبێکتیڤ و دەرەکى نیە لە دەرێ ڕا ئەنجامیدەم و خۆیشم نەگۆڕێت. بەڵکو چالاکییەکى سوبێکتیڤ-ئۆبێکتیڤە کە هاوکات دەزووەجووڵەیەک لەنێوان خۆم و ئەزموونەکەشمدا درووستدەکات, لەنێوان خۆم و ئۆبێکتەکەمدا. وەکبڵێى ئۆبێکتەکە پێشوەخت لە هەناوى خۆیشمدایە, جووڵەیەکى دووسەرەى هەیە و مادەیەکى مردوو نیە بە دەستى منەوە. بۆنمونە, ئەزموون بەپێى چەمکى کردە(ئەکت)ـى لاکانی ئەگەرى هەیە سەرى ئەزموونکارەکەش بخوات, لەگەڵ کردەدا کە بنکى دەچێتەوە سەر پاڵنەرى مەرگ, سوبێکتى کردەکەش هەڵلوشێت. یان وەک دەوترێت کردە(ئەزموون) خۆى گەرەنتییەکى ئۆنتۆلۆژیی نیە. هیچ شتێک لەپشتەوە کردە ڕاناگرێت, بۆیە دوور نیە بکەرەکەش هەڵوەشێنێتەوە و نەفیی بکاتەوە. بەڵام بیرماننەچێت ئەم کردە و ئەزموونە, هێشتا لەناو باگراوەندى ژیانى دونیاییدا ڕوودەدات. شتێک نیە لەو چەشنە خۆکوژییەى لە کەلتورى ئیسلامییدا هەیە کە بکەرەکە پاش ئەزموونێک لەناودەچێت, بەڵام ئەزموونەکەى بریتییە لە بانگهێشتێکى دینى و میتافیزیکى و لەپێناوى گەرەنتییەکى ئۆنتۆلۆژییدایە کە دین پێشوەخت دیاریکردووە. لە فیکرى مۆدێرنى خۆرئاوادا, بەگشتى ئەزموون و کردە ناگەڕێنەوە بۆ هیچ باگراوەندێکى ئۆنتۆلۆژیی گەرەنتیکار, بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرەیەک ئەزموونى تر لەناو مێژوو و دونیادا. کاتێکیش دەڵێین ئەزموون بە نەفى و پاڵنەرى مەرگەوە بەستراوە, باسەکە جیایە لە مەرگدۆستى, بەڵکو تەعبیر لە سرووشتى کردە و ئەزموون خۆى دەکات کە بێ‌پەنایە و بزوێنەرى ئەزموونگەلى دواتریشە. مێژووى نوێ, مێژوویەکە خۆى وەک ئایدیایەک هەیە بەڵام ناچارە ناوەڕۆکێکى مێژوویی و ماتریاڵیی هەبێت. ئیدى ئەم ئایدیایە بەرەو پێشەوە بچێت(لە تایپى هیگڵى-مارکسى)دا, و چ بانگەشەى کۆتاییهاتنیشى کرابێت(وەک لاى فۆکۆیاما و هتد). لە هەردوو حاڵەتەکەدا, ئەو نوختە تیۆرییە هەیە کە مێژوو خۆیشى جۆرێک لە ڕێکەوتبوون و خۆبەسبوونى تیایە و پێوستناکات بگەڕێتەوە بۆ پرەنسیپێکى دەرەکى و دەرەمێژوویی. مێژوو هەتا لە دیدە ئایدیالیستییەکەیدا, هەر ماتریالیستییە و خۆى بۆ ئەزموونکردن دەکاتەوە. بەم پێیە, ئەزموونیش, یەکێکە لە دەرکەوتەکانى پرسى ماتریاڵیزم. ماتریاڵیزم هەمیشە لینکێکى بە واقیع و تەجروبەکردنەوە هەیە(هەتا گەر بێتو ڕەهەندێک لە بەرزاییدا هەڵواسێت و بۆ ئەزمووننەکردنیش بێت).  

ئەزموون خۆى چەمکێکى ئەبستراکتە, بەڵام لە واقیعدا ناوەڕۆکى کۆنکرێتى وەردەگرێت. دیارە تاکەکان و کۆمەڵگاکانیش بەپێى لۆژیکى خۆیان بەناو ئەزمووندا دەڕۆن. ڕەنگە سنورى نێوان ئەزموونى شەخسى و بەکۆمەڵیش, لە سنورێکدا بگەنەوە بەیەکتر و دوو بوونى جودایان نەبێت. بەڵام دیاریکردنى ئەم سنورە, پێویستى بە شیتەڵى ئاڵۆزە. هێند هەیە, بزانین هیچ سیاقێک نیە دیدى خۆى بۆ ئەزموون و ئەزموونکردن نەبێت, بەڵام مەرج نیە هەموو ئەزموونێکیش ئەزموونێکى ماتریاڵى و مۆدێرن بێت. ئەزموون لە دیدە تازەکەدا, هەمیشە جۆرێک لە خۆتێپەڕاندنى تیایە, نەک ئەوەى پلەى چەقین و هەستى ژێوانبوونى تیا بێت. زۆر ناڕوون نیە کە زۆرێک لە ئەزموونەکانى ناو ژیانى مرۆى خۆرهەڵاتى, لکاوە بە پەشیمانییەوە. پەشیمانى وەک جۆرێک لە هەستى گوناهـ, بەشێکە لە کردە و ئەزموونى خۆرهەڵاتى. هەتا شۆڕشەکان کە ڕوودەدەن, زۆرجار شتێک نابەنە پێشەوە بەڵکو نەدامەت و پەژیوانییەک لەپاشە خۆیان جێدێڵن. ئەزموون بەدەست نەکرانەوەیەکى ناوەکییەوە دەناڵێنێت کە ڕەنگە بتوانین ناوى بنێین بەردى ڕەقى ئەزمووننەبووى ناو ئەزموون. بەرد, زۆرجار لە مێژووى بیرکردنەوەدا هەم بۆ کرۆکێکى ڕەق بەکاردێت, هەم لەوەش گرنگتر بۆ ئاماژەکردن بەو دۆخەى کە ڕەقێتى هیچى ترى لەخۆیدا هەڵنەگرتووە ڕەقییەکى دڕ و مەنگ و پووچ نەبێت(بۆنمونە, تاشەبەردى دزەتێنەکراو لە بیرى هاوچەرخدا).

وەک ئاماژەمان پێکرد, پێویستە ئەزموون بخرێتە ناو زنجیرەیەک ئەزموونەوە یان بچێتە ناو زنجیرەیەک ئەزموونى ترەوە تاکو لە ڕاستەوخۆبوون و بێمیدیۆمى ڕزگارىببێت. ئەزموون خۆى لەخۆیدا ڕاستەوخۆ و بێ‌میدیۆمە, گەر بێتو نەلکێت بە ڕستێک ئەزموونى مێژووییەوە. ئەم زنجیرەیە وادەکات, ڕۆحى مێژوو بە بەر هەر ئەزموونێکدا بچێت و جۆرێک لە زیندەڵیی تێگەڕێت. لە دیدى خەڵکدا بەگشتى ئەزموون بەستراوەتەوە بە کارکرد و کەڵکەوە, واتە دەپرسن ئاخۆ فڵان ئەزموون چیی جێهێشتووە و سودى بۆ خاوەنەکەى چیە؟ ئاخۆ بووەتە مایەى عیبرەت؟ بەڵام بیرکردنەوە لە ئەزموون لەمە ئاڵۆزترە, لانیکەم لەبەر ئەو هۆیەى کە مێژوو وەک ڕاستەهێڵێکى ڕێک و پۆزەتیڤ دەبینێت کە دەبێت ژمارە چوار گەشەیەکى بێ‌غەلوغەشى ژمارە دوو و سێ بێت: بەڵام دەزانین کە مێژووش هەڵگرى ڕەهەندێکى نامێژووییە و هەموو ڕاستەهێڵێک تێکدەداتەوە و لە هەندێ ئاستیشدا دەمانباتەوە سەرەتاى سەرەتاکان, سەر ئاستى سفر. ئێمە ڕاستەهێڵییانە سودى ئەزموون بخوێنینەوە یان ناڕاستەهێڵئاسا, ئەوا ئەزموون بەدەست نوقسانییەکى ناوەکییەوە دەناڵێنێت کە ئەم نوقسانییە وادەکات بپەڕێتەوە بۆ ئەزموونى دواتر و دەیەم و هتد. ئەم پەڕینەوەیەش لەخۆڕا ناڕەخسێت, بەڵکو پێویستى بە پاکێجێکى گریمانەییە بیانلکێنێت بەیەکترەوە و پێکڕا وەریانبگرێت و بیانخوێنێتەوە و مەرجیش نیە خوێندنەوەکە بەرمەبناى ڕووتى سود و کەڵک بێت. بەڵکو دەشێت هەر قسەکردن بێت لەسەر سرووشتى ئەزموون خۆى: ئاخۆ ئەزموون چیە؟ دەبێت چى بگۆڕێت و چى نەگۆڕێت؟ بکەرى ئەزموون کێیە؟ ئەزموون و ساختەئەزموون چۆن لێکجیادەبنەوە؟ لە هەندێ کۆمەڵگادا نوقسانییەکەى ناو ئەزموون ناپەڕێتەوە بۆ ئەزموونێکى تر, بەڵکو نوقسانییەکە لەشێوەى بەردێکى پڕ و پۆزەتیڤ و مەنگدا خۆى چەندبارەدەکاتەوە.

زۆرجار کڵێشەکانى دونیاى ئێمە, لە سیاسەتەوە بۆ کەلتور, لەوێدا دەسوڕێنەوە کە ئەزموون واناکات خودئاگایی درووست ببێت, بەڵکو پێشوەخت ئاگاییەکى سەپێنراو بەسەر ئەزمووندا هەیە کە وادەکات پاش ئەزموونیش هەستبکەین شتێکى ئەوتۆ ڕووینەداوە. گەر ئەزموون ناواخنێکى بزۆک و دینامیکیی هەبێت, ئەوا گۆڕان بەسەر بکەرى ئەزموونەکەشدا دێنێت. بەڵام گەر نەیبوو, ئەوا ئاگاییەکى کڵێشەیی و ڕەقهەڵاتوو دەمێنێتەوە کە پێشتریش هەر ئەوە بووە. هەتا لە دونیاى مۆدێرندا کە بوار بۆ ئەزموونى جۆراوجۆر و جووڵەى جۆراوجۆر دەکاتەوە, دونیاى ئێمە ئەزموون لە ئاستێکى فۆرماڵ/ ڕاستەوخۆ/نیوەناچڵدا دەمێنێتەوە. هەم پاکێجێکى دینامیکیی مێژوویی لەئارادا نیە گەشە بە ئەزموونەکان بدات, هەم بکەرێکیش لەدایکنابێت هاوکات بە ئەزموونەکە گۆڕانى ڕیشەیی بەسەردا هاتبێت. واتە ئەزموون پتر سرووشتێکى مردەڵە و فۆرمەکى وەردەگرێت: جۆرێک لە ماتماتیک کە یاساکانى پێشوەخت هەن و دواییش گۆڕانیان بەسەردا نایەت. ئەم ڕێکییە ماتماتیکییە, پێویستى بە ناڕێکییەکى ئەفرێنەر هەیە نەک ناڕێکیی ڕووت. بۆیەشە وتمان سرووشتێکى ڕێکى ماتماتیکیی هەیە, چونکە ماتماتیک خۆى کایەیەکى فۆرماڵە, ڕاستەوخۆ و بێ نێوانگرە, دواییش هەر ئەوە دەستدەکەوێتەوە کە پێشوەخت هەبووە, خودئاگایی درووستناکات و بکەرێکى خودئاگا و بزواویش ناخاتەوە, لەسەر بڕ و کوانتێتیی دابڕاو بەندە, کاتمەند نیە و کات سەرناکێشێت بۆ مێژوو(وەک ئەوەى لە فەلسەفەى هیگڵدا هەیە), هەڵە تێیدا هەروا بەئاسانى نابێتەوە بە بەشێک لە پرۆسەى حەقیقەت و ئەزموونى حەقیقەت, و هتد. هەر کەلتورێک کە ڕۆحێکى مێژوویی بزۆکى هەبوو, ئەوا نوقسانییە ناوەکییەکەى ئەزموون دەگۆڕێت بۆ جووڵە و گەشە. لەوەش زیاتر, دایم نوقسانى و نێگەتیڤیتە وەک دەسپێک و پێشمەرجى هەر گەشە و ئەزموونێکى گەشە وەردەگرێت. بەڵام گەر ئەو ڕۆحە مێژووییە لەئارادا نەبوو, ئەوا نوقسانییەکە وەک نوقسانییەکى ڕەقهەڵاتووى میکانیکى لەجێى خۆى دەمێنێتەوە و کۆمەڵێک دەرکەوتە جێدێڵێت لە چەشنى ئەزموون و پاشگەزبوونەوە, ئەزموون و بیرچوونەوە, ئەزموون و نەبوونى پێناسەیەکى ڕوونیش لەسەر ئەزموون خۆى- ماهیەتى ئەزموون. ئەمانەش بەسەریەکەوە سەردەکێشن بۆ هەژاریی ئەزموون.

بۆ ئەوەى لە هەژاریی ئەزمون قوتاربین, گەرەکە ئەم هەژارییە لە هەناوى مێژووەکە خۆیدا تێپەڕێنین نەک ئەوەى لەڕێى هاوشوناسبوونەوە لەگەڵ مێژوویەکى تردا ئەم هەوڵە بدەین. ئاشکرایە هاوشوناسبوون(التماهى-identification), بۆ شاردنەوە و نەبینینى سوبێکت خۆیەتى و گەر هەندێ سودى سەرەتایی هەبێت ئەوا لە دوورمەودادا بە زیان دەشکێتەوە و ڕێ لە ئەزموونکردن بە ماناى تەواوى وشەکە دەگرێت. کۆمەڵگاى ئێمە و هەر کۆمەڵگایەکى تریش تا ئەو جێیە پێویستى بە هاوشوناسبوونە تاکو بتوانێت لە جێیەکەوە دەست بە ئەزموون بکات و بگاتە خودئاگایی, نەک ئەوەى ئەزموون بکوژێت و سەرەنجامیش بگاتە لەخۆنامۆبوون. زیادەڕەوى لە هاوشوناسبووندا, نامۆبوونى لێ دەکەوێتەوە. ئەزموون بەپێى پێناسەکەى خۆى, گەر لە خۆیشى نامۆببێت, بۆ ئەوەیە بگاتەوە بە خۆى- بە خودئاگایی, خودئاگایی بکەرەکەى. نمونەیەکى ڕۆژانەیی, «ئەزموون»ـى مرۆى کوردە لە جیهاندا کە لەڕێى هاوشوناسییەکى مت و میکانیکییەوە, وادەزانێت ئەزموونێکى تەواوى جیهانى کردووە؛ ئیدى لە سەفەرەوە تا سیاسەت و ئیدارە. بۆنمونە, ئەو لە جیهاندا بەر شوێن دەکەوێت لە مانا ماتماتیکییەکەیدا کە زات و کرۆک نابڕێت, نەک شوێن لە مانا مێژووییە دینامیکییەکەیدا کە زات(سوبێکت و کرۆکى ئەزموون خۆیشى) مێژووییدەکاتەوە. لێرەدا لەسەر نمونەیەکى ڕۆژانەیی دەوەستین کە چۆن ئەزموون و خودئاگایی, یان بەشێکى مەنگ لە بەشە دینامیکییەکەى ئەزموون جیادەبێتەوە و بەرچاوى کەسى تەفسیرکار لێڵدەکات کاتێک دەیەوێت زەینێکى کەلتورى بخوێنێتەوە. لە کەلتورى ئێمەدا, فشارى دونیاى مۆدێرن وادەکات بەشێک لە خەڵک هەندێ ڕووکارى مۆدێرنە وەربگرن بەڵام لە زات و کرۆکدا زەینەکە نەشڵەژێت. دەشێت دیاردەیەک خۆى بەسەر ژیانى خەڵکدا بسەپێنێت, بەڵام کۆى شێوازى ئەزموونکردنیان بە ژیانەوە نەگۆڕێت, زەینیان لەڕیشەوە نەگۆڕێت, لەتێکى ئەزموون وەربگرن کە تەعبیر لە کۆى ئەزموون نەکات بە ماناى پڕاوپرى وشەکە. پەیوەندیی ئێمە بە کحولەوە, یەک لەو دیاردە سەرنجڕاکێشانەیە کە دەتوانین لەتە جیابووەوەکەى ئەزموون بە ئەزموون خۆیەوە ببینین: خواردنەوەى کحولى, گەرچى لە دونیاى پێشمۆدێرنیشدا هەیە, بەڵام لە مۆدێرنەدا کەشێکى تایبەت دەگرێتەخۆى. مرۆى ئێمەش, بەبێ ئەوەى حاشا لە ئیمانداربوون یان مسوڵمانبوونى خۆى بکات, دەتوانێت خۆى بلکێنێت بەم کەشەوە و کحول بەکاربێنێت. کحول کە سەوابتێکى یاساغکراوى دینییە, زۆرجار دەشکێنرێت, بێ ئەوەى كێشە بۆ زەینییەت و عەقڵییەتى کەسەکە درووستبکات. لێرەدا مەسەلەکە هەر ئەوە نیە کە لەزەتێکى دنیایی(کحول), بەسەر لەزەتى ئیمانى دینییدا زاڵ دەبێت؛ بەڵکو ئیمانى دینى وەک لەزەتێکى شاراوەى بنەڕەتى/وەک فەنتازیایەکى بنەڕەتى کە ژیانى کەسەکە ڕادەگرێت هەر دەمێنێتەوە. کێشەکە لەوەش زیاتر دەڕوات, چونکە پرسى ئەزموون لەنێوان دین و دونیادا لەتبووە. بەشێکى دینى ماوەتەوە کە لەژێرەوە کاردەکات, بەڵام لەتێکى مەنگى دنیاییشى لێ جیابووەتەوە و ئەزموونى لە ژیانى کەسەکەدا کردووە بە دوو بەشەوە. سادەترین ئەرگۆمێنت بۆ ئەمەش هەر ئەوەیە کە کحول, زەینى کەسەکەى بۆ پرسە دنیاییەکان نەگۆڕیوە. واتە ئەزموون بە واتا پڕاوپڕە مۆدێرنەکەى لەدایکنەبووە, ئەوەى هەیە لەتێکى مۆدێرنە کە جووڵەى تیا نیە و چەشنى پارچەیەکى هەڵپەسێراو و کاتى ئیشدەکات, بەشە سەرەکییەکەشى خۆراکى خۆى لە جیهانبینیی دینییەوە وەردەگرێت. بۆ ئەوەى زەینێکى کەلتورى, خۆى مۆدێرنیزەبکات, پێویستى بە جۆرێک لە هارمۆنییەت و یەکانگیرییە لە ئەزمووندا کە هەموو لەتەکانى خۆى نوێبکاتەوە. گەر ڕیشەییش دەرەنجامەکە وەربگرینەوە, ئەوا ئەمە پرسێکى کۆمەڵایەتى و مێژوویییە. ئەزموون لەناو زنجیرەیەک ئەزموونى گەورەتردا ناواخنى خۆى نوێدەکاتەوە کە مێژوو تۆماریدەکات. مسوڵمانێک کە لە قۆناغێکدا کحول بەکاردێنێت, لەتێکى ئەزموون وەردەگرێت کە نوێنەرى کۆى پرسى ئەزموون نیە و ئەگەرى پاشگەزبوونەوە(تۆبەیەکى دینى و کەلتورى)یشى لەخۆیدا هەڵگرتووە. گەر کەمێک بچینەپێش, دەتوانین بڵێین کحول تەنیا سڕبوونى ئاگایی نیە, بەڵکو سڕبوونى پرسى ئەزموون خۆیەتى لە هەندێک کەلتوردا. کحول ئەو "بەش"ـەى ناو "گشت"ـى ئەزموونە کە نوێنەرى گشتەکە نیە. کحول جووڵەى دیالەکتیکى لە پرسى ئەزمووندا درووستناکات, بەڵکو ئەزموون وەک پرسێکى فۆرماڵ(ناوپووک)/وەستاو دەهێڵێتەوە و گەرەنتیی هێشتنەوەکەشى دەکات. کحول, هەم دەسپێک و ڕێگرى بەردەم گوتارێکى نوێى ئەزموونکردنیشە جیا بێت لە ئەزموون بە واتا مۆدێرنەکەى. کحول تێکڕا داپۆشەرى ئەو نایەکانگیرییە کە لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆکى ژیانى کۆمەڵگاکەدا هەیە. سەرەنجامیش, کحول ئەو دیوەى ئەزموونە کە غیابى ئەزموون لە مانا ڕیشەییە مۆدێرنەکەیدا دەشارێتەوە(وەک شوێنناسییش, شوێنى کحولفرۆشى لە زۆرینەى ناوچەکانى ئێمەدا وەدەرنراون بۆ دەرەوە و پەراوێزى شار- ڕێگرتن لەوەى شار خۆیشى بگاتە ئەزموونکردنى خودئاگایی). ئەزموون خۆى لە کۆتاسنوردا ئەزموونکردنێکى زەینییە, گواستنەوەى ئەزموونە ڕۆژانەیی و فیزیکییەکانیشە بۆ ناو پرۆسەیەکى زەینى کە چەمک و تێگە جێگیرەکان درزببەن و ڕێ بۆ گەشەى دواترى خۆیان بکەنەوە. بۆ ئەمەش تەنیا زەینى یەک کەس بەس نیە, بەڵکو دەبێت جۆرێک لە کۆمەڵایەتیبوونەوە هەبێت.