A+    A-
(1,097) جار خوێندراوەتەوە

بەرگری لە ڕۆشنبیر

 

 

 

 

بڵند ئیزەدى

 

 

 

 

   چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، لە شاری سلێمانی فێستیڤاڵێک بە درووشمی (لەدوای ڕەمەزانیش لەچکەکانمان لانابەین) ڕێکخرا، مەرامەکانی مەڕاسیمەکە ڕوونە کە چۆنە، بێگومان دژی مرۆڤ و دژی فرەڕەنگیی کۆمەڵگە و ڕۆشنگەری بوو، بەیەکڕەنگکردنێکی بێمانای مرۆڤی کورد بوو. پاش ئەم ڕووداوە چەند ڕۆشنبیرێک پاش ئەوەی باسیان لە مەترسی ئەم مەڕاسیمە کرد، هێرشیان کرایە سەر. تا ئێرە دۆخەکە ئاساییە و هیچ شتێکی نوێ نییە، چونکە بیرکردنەوەی ڕۆشنگەرانە، هەمیشە لەلای ئینسانی کوردییەوە ڕەتکراوەتەوە؛ بەڵام پەلاماردانی ڕۆشنبیران، لەلایەن کۆمەڵە کەسانێک وەک ئەوەی سەروو ڕۆشنبیر بن، ئەوەی بەختیار عەلی بەنزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر ناوینابوون دژبەرانی مۆدێرنیزم، بەڕادەیەکی ئێجگار گەورە و ترسناکە، ئەو لە کتێبى "ئیمان و جەنگاوەرانی"دا دەنووسێت: «سەرەتای گەورە بۆ ئەو جیاوازییە لەوەوە دەستپێدەکات کە ڕەخنەگر خۆی وەک کەسێکی دی، وەک هەڵگری شوناسێکی دی جیاواز لە شوناسی ڕۆشنبیر نابینێتەوە».

گومان لەوەدا نییە کە ڕۆشنبیریی کوردی، ڕەنگە لە هەر ڕۆشنبیرییەک زێدەتر پێویستی بە ڕەخنەکاری بێت، بەڵام تەنها خودی ڕۆشنبیر خۆی دەتوانێت ڕەخنەکاریی خۆی بکات؛ نە لە دەرەوەی ڕۆشنبیر، نە لەلایەن ڕابەرانی فیکری ئەریستۆکراتی دژ بە ئینتەلێکچواڵیزم. یەکێک لە ڕەخنەکارەکانی ڕۆشنبیری، ئەنتۆنیۆ گرامشییە کە لە نامەکانی زیندانەوە ڕەخنەی ڕۆشنبیریی سەر بە چینی دەسەڵاتی دەکرد. ڕەنگە لەم کۆنتێکستەی ئێمەدا، ڕەخنەی گرامشی ڕاستەوخۆ میدیاکاران بکرێتەوە، چونکە ئەو لای وابوو فۆڕمێک لە ڕۆشنبیر هەیە، کە خەریکی بەرهەمهێنانی مەعریفە نییە؛ بەڵکوو خەریکە زانیاریی بڵاو دەکاتەوە و ڕۆژانەییە، ئەو کە گرامشی بە (ڕۆشنبیری نێوەند) ناوگیری دەکات، چونکە ئەو ڕۆشنبیرە، لە نێوانی بەرەی ستەمکار و دەسەڵاتدار زەق وەستاوە و تەمآشادەکات و لەژێر هەیمەنە و دیسپلینی دەسەڵاتدایە، بەبڕوای گرامشی ئەرکی ڕۆشنبیر گواستنەوەی زانیاری نییە؛ بەڵکو بەشداریکردنە لە بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆی مەعریفە و بەگژداچوونەوەی ستەم. واتە گرامشی بەدوای جۆرێک لە ڕۆشنبیردا دەگەڕێت، کە خودی خۆی خەریکی چالاکیی مۆدێرنانەیە و بەرهەمهێنەری نوێی بیرکردنەوە بێت. ئاماژەکردنمان بۆ گرامشی، تەنها بۆ بیرخستنەوەی ئەو نەریتەیە کە کایەی ڕۆشنبیریی ڕاستەقینە، کایەیەکە هەمیشە خەریکی ڕوونکردنەوەی دونیا و کۆمەڵگەیە، خەریکی چالاکییەکانی لەبارەی بڕوا پتەوەکانی بە ئازادی، دیموکراسی و یەکسانی و کار کردن؛ لێ لەپاڵ ئەم ئەرکانەیشدا، خەریکە ڕەخنەکاریی خودی کایەی ڕۆشنبیریی سەردەمەکەی خۆیەتی.

   بەبڕوای بەختیار عەلی سوبێکتی ڕۆشنبیر لەناو دونیای کوردیدا، لەسەرەتادا دەنێو چیرۆکی (لە خەوما)ی جەمیل سائیبەوە دەست پێدەکات، ئەو لە لاپەڕە ٤٣٠ ئیمان و جەنگاوەرانیدا دەنووسێت: "ئەو دەلاقەیەی پاڵەوانەکەی جەمیل سائیب لێوەی تەماشا دەکات، دەروازەی سەرهەڵدانی مەخلوقێکی تازەیە، کە مەرجەعییەتی لەناو ویژدان و ئەخلاقییاتی خۆیدایە، نەوەکو لەناو ئەخلاقیات و باوەڕی خێڵدا بێت." واتە لە سەرەتادا ڕۆشنبیری کورد، ڕۆشنبیرێک بووە کە بیری لە ڕەخنەکاریی ستەم کردووەتەوە، بەڵام لە دەرەوەی عەقڵی دینیی-خێڵەکییانە. هەرچەندە بەختیار عەلی ئاماژە بەوە دەکات ئەم عەقڵە ڕۆشنبیرییە، زۆر ناخایەنێت لەگەڵ حیزبدا دەشکێت و دەبێتە هۆی تێکەڵاوبوونی کارەکتەری سیاسی و ڕۆشنبیر؛ ئەمیش بە هۆکاری ئەوەی کە وەک بەختیار عەلی لێوەی دەدوێت، "ئەو هێڵەی لە جەمیل سائیبەوە دێت، هێڵێکی بەردەوام نییە، بەڵکو بەقسەی دۆلوز وەک ڕیزۆمێک وایە کە لە ئاستی زەمەنی جیاوازدا، لەگەڵ پنتی جیاوازدا پێوەندیی دەبەستێت". بەڵام ئەمە بەمانای لەدەستدانی ڕۆشنبیر و کایەی ڕۆشنبیریی نییە، بەڵکە مرۆڤی کورد لەگەڵ ڕۆشنبیربوونیدا دەست بۆ عەقڵ و ویژدانی خۆی دەبات، لە دەرەوەی دین و خێڵ. واتە یەکەم ڕووداوی ڕۆشنبیری، بریتی بوو لە یەکەم ساتی دەرچوون لە مەرجەعیەتی دین و خێڵ. لەدایکبوونی ڕۆشنبیر لە دونیای ئێمەدا، هاوکاتە لەگەڵ بیرکردنەوە لەگەڵ چەمکی ئازادیدا. بەڵکە بگرە هاوکاتە لەگەڵ خودی بیرکردنەوە خۆیدا، بیرکردنەوە بەمانا هەرە مۆدێرنەکەی. وەزیفەی ڕۆشنبیر، وەک بەختیار عەلی ئاماژەی پێ دەکات، "١- وەک بکەرێک ئیشی بەرهەمهێنانی فیکر و تەقاندنەوەی تواناکانی بیرکردنەوەیە لە کۆمەڵگادا. ٢- هێزێکی چاودێرکردنی کۆمەڵایەتییە. ٣-کەسێکە مانای کۆن و تازە دەستنیشان دەکات. ٤- لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا دەست لەو شتانە وەردەدات کە (وەک سارتەر دەڵێت) بواری ئەو نین و پسپۆڕ نین تێیاندا. ٥- توانای پچڕانی لەگەڵ مەرجەعەکاندا هەیە و دەتوانێت هەڵبژاردنی سەربەخۆی هەبێت. ٦- ڕۆڵی گرنگی لە گواستنەوەی فیکردا لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ ئەوی دی هەیە.

   خاڵێکی تر کە جێگەی ئاماژەیە، بریتییە لەوەی بەختیار عەلی لە هەمان کتێبدا، باس لەو مەترسییە دەکات کە هەرزوو پاش لە خەومای جەمیل سائیب، دەست پێدەکات؛ مەترسی تێکەڵاوبوونی کارەکتەری سیاسی و ڕۆشنبیر، سەرەتاکانی ئەم مەترسییەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی درووستبوونی حیزب لە باشووری کوردستان. بەختیار عەلی دەڵێت: "سەرەتا ڕۆشنبیران وەک وەزیفەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی دەچنە حیزبەوە، بەڵام هەرزوو ڕۆشنبیریی لە نێویاندا دەمرێت و سیاسیی لەدایک دەبێت." ئا لێرەدایە بەختیار عەلی نمونەی هەریەک لە ئیبراهیم ئەحمەد و ئەحمەد هەردی دەهێنێتەوە، کە هەردوویان دەبن بە تەڵەی بەسیاسیبوونەوە و "وەک داهێنەر دەمرن و وەک سیاسیی لەدایک دەبنەوە." ڕوونە لامان کە پاش ئەم ڕووداوە، حیزب دەستی هەبووە لە کوشتنی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیرییدا، ئیدی چ ڕاستەوخۆ بووبێت، یاخود بەمانایەکی ڕەمزی. بەختیار ئاماژە بەوە دەکات کە "حیزبی کوردی هەمیشە بە گومانەوە سەیری ڕۆشنبیری کردووە و وەزیفەی حیزب ئەوە بووە ڕۆشنبیر بکوژێت و بیکات بە کادری حیزب، لە بیرکردنەوەی بخات و بیکاتە توتییەکی ئیعلام". بێگومان لێرەدا ڕەنگە ئەم فۆڕمە لە ڕۆشنبیر کە ئەوە تەنها ڕۆشنبیر خۆیەتی دەتوانێت ڕەخنەی بکات بەردەوامە، ئێستاش دونیایەک ڕۆشنبیر لەژێر هەیمەنە و حیزبدا دەردەکەون و دەبن بەو توتییەی بەختیار عەلی باسی لێ دەکات؛ بەڵام پاش ٢٠ ساڵ لە کتێبەکەی بەختیار عەلی، لە کۆنتێکستێکی جیاوازدا فۆڕمێکی دیکە لە ڕۆشنبیر لەدایک دەبیت کە لەجێگەی حیزب، دەکەوێتە نێو تەڵەی پۆپۆلیزمەوە. کێشە لەو پۆپۆلیزمەش، بەرهەمهێنانی فاشیزمە بەمانا هەرە ترسناکەکەی. کاتێک ئەم فۆڕمە لە ڕۆشنبیر پەلاماری ڕۆشنبیرانی دیکە دەدەن کە بەگژ فاشیزم و بیری خێڵەکییدا دەچنەوە، ئەوا دەچنەوە نێو باوەشی بیرکردنەوەی باو و خێڵەکییانەی کۆمەڵگە. گەر لە ڕابردوودا بەشێکی لە ڕۆشنبیران وەک بەختیار ناویان دەبات، چووبێتنە ژێر سایەی حیزبەوە و ڕۆشنبیریی تێیاندا مردبێت؛ ئەوا ئێستا فۆڕمێکی دیکە لە ڕۆشنبیر لەدایک بووە، کە دەچێتەوە باوەشی عەقڵی خێڵەوە و بەرگریی لێ دەکات. بەژداچوونەوەی ئەم مەڕاسیمە دینی-خێڵەکی-فاشیستییە بێگومان لە ئێستادا دەکەوێتە بەر ئەرکی ڕۆشنبیر. ڕۆشنبیر لەم کۆنتێکستەی ئێمەدا پێش هەموو کارێکی دیکە، بەژداچوونەوەیەتی بەرامبەر فاشیزم بەڕاستەوخۆیی، بەڵام پێویستە بیرمان نەچێت، ڕۆشنبیر وەک مرۆڤێکی بیرکەرەوە ئەرکێکی دیکەیشی هەیە؛ ئەوەی بەدژی ئەو ئەکتانەدا بچێتەوە، کە فاشیزم بەرهەم دەهێنن. لە نموونەی ئەم چالاکییانە کە ڕۆشنبیران پێویستە دژی بووەستنەوە، چونکە لەکەدار کردنی مرۆڤە بەمانا هەرە ترسناکەکەی، یەکڕەنگکردنی سەدان مرۆڤە بەبێ ئەوەی هێشتا لە تەمەنێکدا بن بتوانن بیر لە ئازادی، جەستە و هەڵبژاردنەکانی خۆیان بکەنەوە. هیچ مرۆڤێک بە ئازادی لەچک ناکات، بێگومان هیچ مرۆڤێک بەناوی ئازادییەوە، پێویست ناکات بەرگریی لە بەیەکڕەنگکردنی کۆمەڵگە بکات و وەک چالاکییەکی ئازادانە لێی بڕوانێت. ڕەنگە چەمکی ئازادی بەدەست ئەم فۆڕمە نوێیەی ڕۆشنبیرەوە، بە ئەندازەی بۆمبێکی مەترسیدار، کە ڕێگەکانی داهاتوو، ئەو ڕێگەیانەی پێویستی ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمەی پێدا تێبپەڕێت، ئەویش ڕێگەی ئازادی و مۆدێرنیزەیشن و بیرکردنەوەیە، بتەقێنێتەوە. ئەم فۆڕمە لە ڕۆشنبیرە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ فاشیزم و نەریتگەرایی؛ گەر لەو ڕوانگەیەوە لێی بڕوانین، پیرۆزبایی کردنی جەژنی ئیسلامییەکانیش لەلایەن ئەم ڕۆشنبیرانە، چونە ناو هەمان بیرکردنەوەی نەریتییە کە عەقڵی مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بەڕێوە دەبات؛ چوونەوە ناو هەمان ئەبستیمەی نەریتگەرایە کە بەرپرسیارە لە کوشتنی بیرکردنەوە، بەرپرسیارە لە تۆقین لە ئازادی سێکسی و هەموو ئازادییەکانی دیکەی مرۆڤ، بەرپرسیارە لە هەمبەر کوشتنی ژن لە کۆمەڵگەیەدا، بەرپرسیارە بەرامبەر سەیری کردنی جەستە وەک گوناحێک.  

   ڕووخسارە کۆنەکانی دونیای کوردی کە لە هەر چرکەساتێکدا گەر بۆیان بڕەخسێت بەرگرییەکی پۆپۆلیستانە لە کۆمەڵگە دەکەن و هاوشانیش دژایەتيی ڕۆشنبیران دەکەن، لە کۆنتێکستێکی جیاوازی وەک باشووری کوردستان، بەناوی ڕەخنەگرتن لە مۆدێرنیزم -کە نەک تەنانەت لە فۆڕمی نووسیندا هاوشێوەی فاشیستەکانی سەدەی بیستی ڕۆژئاوایە، بەڵکو لە ناوەڕۆکیشدا تا پلەی ئاسمان بەرهەمهێنەری فاشیزمە- دەکەونە جوێندان و سوکایەتی بە ڕۆشنبیر. ئێمە ئەو ڕووخسارانە دەناسینەوە کە چارەکەسەدەیەکە لە دونیای ئێمەدا لەپاڵ سەلەفیەتی ڕاستەوە، خەریکی بەرهەمهێنانی فاشیزمن، بەڵام پاش نزیکەی ٢٠ ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی ئیمان و جەنگاوەرانیی بەختیار عەلیدا، نەک تەنها مەترسییەکانی ئەم نووسەرانە کە ڕێگەن بەرەو فاشیزم کەمی نەکردووە؛ بگرە زیادیش بووە. گەر ئەو ڕووخسارە مەترسیدارانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ساڵانێک بەر لە ئێستادا چالاک بووبن، ئیتر لە دەموچاوی سیاسییەوە تاوەکو دەگات بە ڕۆژنامەڤان، ئەکتیڤیست و ئەدیب و نووسەران، لە ئێستادا نەریتێکی دیکە لە هەناوی ڕۆشنبیرانەوە درووست بووە؛ گەر ئەوسا بەختیار عەلی مەترسی نووسەران و ئەدیبانی ئاشکرا کردبێت کە بەڕاستەوخۆ دژی ڕۆشنبیر و چالاکی ڕۆشنبیریی و مۆدێرنیزمن، ئەوانەی بەرگریکارن لە موقەدەس و ترادیشن، لە ئێستادا ئەکتی دژەڕۆشنبیرانە و دژ بە پڕۆسەی مۆدێرنیزەکردنی کۆمەڵگە، لە هەناوی ڕۆشنبیرانەوە وەک ماشێنێک کار دەکات. ئێمە لە ئێستادا ڕووخسارێکی نوێی فاشیزممان هەیە کە تەنانەت لە تیۆرییە فاشیستییەکان و کارەساتەکانی فاشیزم لە سەدەی بیستدا ئاگادار نییە؛ گەر ڕۆژانێک نووسەرانی دونیای ئێمە بەڕاستەوخۆ بەرگرییان لە باوکەکانی فکری فاشیزم کردبێت، ئەوا ئێستا بەبێ ئاگاداربوون لە باوکانی فکری فاشیزم کە لە سەرەتادا، وەک بەختیار عەلی ئاماژەی پێدابوو، ترادیشینیستەکان بوون، واتە فاشیزم، سەرەتا لە سەردەمی مۆدێرنیزمی ئەوروپادا، لە منداڵدانی ترادیشینیستەکانەوە لەدایک بوو، جۆزێف دی مایستەر کە لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسییدا نووسینەکانی بڵاو دەکردەوە هەر لە سەرەتاوە مۆدێرنیزم و ئازادیی ڕەت دەکردەوە، هەروەها بەرگریی لە موقەدەس دەکرد، لەڕێگەی بڕوابوونەوە بە مەعریفەیەکی موقەدەس (کە نابێت دەست هەموو کەس بکەوێت) مۆدێرنیزم و، دیموکراسی و ئازادیی ڕەت دەکردەوە. بەبڕوای ئیزایا بەرلین، دی مایستەر زوو هاتۆتە دونیاوە و پێویستە بە زەمینەیەک هەبووە تا فاشیزم وەک سەرچاوەیەک بۆ فکری خۆی بەکاری بهێنێت. پاشتریش لە سەدەی بیستەمدا، گیونەن و یۆلیۆس ئیڤۆلا، لەو ڕووخسارانەی سەدەی بیستەمن کە ڕەنگە ئەگەر ئەم ڕۆشنبیرییە نوێیە دەقەکانیان بخوێنێننەوە، تێدەگەن کە سەرچاوەی فکری خۆیان چۆن و لەکوێوە درێژ دەبێتەوە. گەر ڕۆژانێک نووسەران و خەڵکی فاشیستی ئێمە، بەڕاستەوخۆ باسیان لە نووسەرانی فاشیزم کردبێت، لە ئێستادا ئەم ڕووخسارە ڕۆشنبیرەی دونیای ئێمە، تەنانەت ناوەکانیشیانیان نەبیستووە؛ گەر نووسەرانی ڕابردووی ئێمە بەرگرییان لە موقەدەس کردبێت و بە ڕۆشنبیر بڵێن «زۆڵ»، ئەوا ئەم ڕووخسارە نوێیەی ڕۆشنبیر، بەناوی بەرگرییکردن لە ئازادی، یاخوود ئازادی ڕادەڕبڕینەوە، بەرگری لە فاشیزم و ئەکتی فاشیستانە دەکەن و سوکایەتی بە ڕۆشنبیران دەکەن. گەر ڕۆژانێک لەجێگەی چەمکی کۆمەڵگە، چەمکی جڤات و کۆمەڵە بۆ دونیای کوردی بەکارهاتبا، کە ڕەگەکەی بەکارهێنانێکی فاشیستییانەیە و کوشتنی جیاوازییەکانە –چونکە کۆمەڵگە لە سادەترین مانایدا فرەڕەنگییە، بەڵام جڤات بەکارهێنانێکی کوشندەیە و نەهێشتنی جیاوازییەکانە-، ئەوا لە ئێستادا ئەم ڕووخسارە نوێیە پانتایی گشتیی دەخەنە بەردەم هێزێکی ترسناکی موقەدەسی فاشییەت، کە نە لە مانای ئازادی تێگەیشتوون، نە دەزانن فاشیزم چییە، نە دەشزانن بۆچوونی جیاواز چییە؛ بەکارهێنانی چەمکی ئازادی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، تەواو دیاردەیەکی لیبراڵانەیە و بە هەموو کلۆجێک ڕێگەخۆشکەرە بۆ لەدایکبوونی فاشیزم. ئێمە لە ئێستادا بەتەنها شەڕێکمان نییە بەرامبەر موقەدەس و فاشیزم و ئەو نووسەرانەی شوناسێکی جیاواز لە ڕۆشنبیر دەدەن بە خۆیان –وەک ئەوەی لەسەر کێوێکی بەرزتری مەعریفەدا گیرسابنەوە- بەڵکو شەڕێکمان هەیە لەگەڵ خودی ڕۆشنبیران کە دژایەتی، سوکایەتی و بێحورمەتی بەرامبەر بە ڕۆشنبیری ئازادیخواز و مۆدێرنیست دەکات.

   ئێمە دەزانین کە لۆژیکی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان چۆن کاردەکات بەرامبەر پرسی ڕۆشنبیر، یاخوود ڕۆشنبیران، هەروەها دەرکەوتەکانی ئەو دوواییانەی فاشیزمێکی نوێ لە باشووری کوردستانیشدا -پێشووتر دیاردەکانی بە زەقی دەرکەوتوون و هەر لە بەیەکڕەنگکردنی کۆمەڵگە، چوونە ناو هۆڵەکانی خوێندن و سیستەماتیزەکردنی پەروەردە، پێشکەشکردنی پانتایی گشتی بە پیاوانی موقەدەس، یاخود پیاوانی ئایینی، ئامادەکردنی مەڕاسیم بۆ هێزی توندڕەوی ئایینی و بەزۆر داپۆشینی (قژی!) منداڵانی ڕەگەزی مێ لە باشووردا_ ڕوونە هەمیشە کاری ڕۆشنبیر پێچەوانەی ویستی کۆمەڵگەیە، گۆمەڵگەش بەمانای ئەو هێزە ترسناکەی لە ئێستادا لەناو هەناوی ئەم کۆمەڵگەدا کار دەکات بۆ لەناوبردنی ئازادی و مۆدێرنیزەیشنی کۆمەڵگە. ڕەنگە گۆستاڤ لۆبۆن –کە زۆرجار بە کلاسیک ناودەبرێت لەلایەن ئەکادیمیای ئێمەوە- لێرەدا بڕێکی زۆر سوودبەخش بێت بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی ئێمە کە چۆن ئیش دەکات، بەتایبەت کتێبی سایکۆلۆژیای جەماوەر. لە کۆمەڵگەی خێڵەکی-نەریتیدا، هەمیشە مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ ناو جەماوەر، بۆ پتر هەستکردن بە ئارامیی سایکۆلۆژی و بەهێزکردنی وزەی جەماوەر، ئەو شوێنەی کە لۆبۆن ناوی لێدەنێت (ئاسوودەیی بۆ تاکەکان) ئا لێرەدایە کە ڕۆشنبیر دەبێت بەئاگا بێت، دەبێت فریوی دۆخێکی سایکۆلۆژییانە نەبێت، نەکەوێتە ناو مەعمەمەی پۆپۆلیسیتییەوە. لێرەدا گرنگە ڕووخسارەکانی نوێی ڕۆشنبیریی کوردی کە بەرگریی لە فاشیزم دەکەن، ناوبنێین «فاشیستی نەزان»، چونکە خودی ئەم کارەکتەرانە، لە بەکارهێنانێکی گەمژانەی چەمکی ئازادییەوە بەمانا لیبراڵەکەی، پانتایی گشتی، ئامادە دەکەن بۆ ئایدۆلۆژیای ئیسلامی توندڕەو. درووستبوونی ئەم ڕووخسارە نوێیە، پێدەچێت بەشێکی زۆری نائامادەیی تیۆریی بێت لەناو کۆمەڵگەی کوردییدا؛ ڕەنگە پشکێکیشی بەر بەشێک لە نووسەرانی ڕابردوومان بکەوێت. چونکە گەشەی ڕۆشنبیریی کولتورێک، نەوە لە دوای نەوە پەیوەستە بەیەکەوە. بێگومان دابڕان لەو ڕوانگانە درووست دەبێت، بەڵام لە کۆمەڵگەیەکدا کە کایەی ڕۆشنبیریی هێندە بەرفراوان نییە، مرۆڤەکانی نێوی ئاسان دەبن بە تەڵەی فاشیزمەوە.

   فاشیزم کە لە سەرەتادا وەک چەمک لە ئیتاڵیا و لای مۆسۆلینییەوە بەکاربرا، بریتییە لە سڕینەوەی شوناسی ئەوی دیکە؛ لێرەدا پەیوەست بەم فێستیڤاڵەوە، با نموونەی یەکێک لە ڕێکخەرانی بێنینەوە، وەختێک میدیا وەک پانتاییەکی گشتیی دەخرێتە بەردەم ئەم مرۆڤانە تا ئەکتی فاشیستانەی خۆیان تەواو بکەن، گوتەی ڕێکخەرەکە بەمشێوەیەیە: "کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بەم مەڕاسیمانەیە، بۆ ئەوەی گەنجانمان بەلاڕێدا نەبرێت"، لێرەدا لادان (perversion) لە کۆمەڵگە، بەواتای لادان لە عەقڵی نەریتی و عەقڵی خێڵ، کە لە هەناوی کایەی سیاسی، تا دەگاتە کایەکانی دیکە شۆڕ بووەتە نێو سایکۆلۆجیای ئینسانی کوردەوە؛ ترس لە مۆدێرنیزەیشن ترسێکی بەردەوامى ئینسانی کوردی بووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مۆدێرنیزمیش، هیچ شتێک لە فاشیزم کاریگەرتر نییە. یەکێکی دیکە لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، بەمشێوەیە دەدوێت: "کەسانێک هەیە شانازی بەخۆڕووتکردنەوە دەکەن، وە ئێمە دەبیت بەرامبەریان بووەستین و خۆمان داپۆشین، چونکە ئەرکێکی ئەخلاقییە". لێرەدا بەرگریکردن لەم هێزە فاشیستییە، بەرگرییکردن نییە لە ئازادی، بەڵکو ڕەوایەتیدانە بەو هێزە ترسناکە گەمژە دینییەی ئەم کۆمەڵگەیەی تەنیوە. بێگومان هیچ کاتێک و هیچ سەردەمێک، فاشیزمی دەسەڵاتخواز هەرگیز باسی لە ئازادی نەکردووە، وەک چۆن ڕێکخەرانی ئەم فێستیڤاڵە لە چرکەیەکی مەڕاسیمەکەشدا باسیان لەوە نەکردووە ئێمە یاخوود ئەوان ئازاد بن، بەڵکو ئەم مرۆڤانە دەیانەوێ ئەم گوناحەی ئێمە کردوومانە، ئەوان بە هێنانەوەی ئێمە بۆ سەر ڕێگەی (حەقیقەت)، خۆیان لە گوناحەکانی ئێمەش پاک بکەنەوە و ڕێگر بن لە کایەی ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەری. بەرگری کردن لە ئازادی، بەرگری نییە لە فاشیزم، فاشیزم لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەوی دیکەیە و پێشێلکردنی هەموو مافێکی مرۆییە.

  کۆتاخاڵ کە گرنگە جەختی لێ بکرێتەوە، درووستبوونی ئەو ڕووخسارە نوێیەی نێو کایەی ڕۆشنبیرییە، کە تێیدا خودی ڕۆشنبیر، وەک فاشیستێک پەلاماری ڕۆشنبیری ڕۆشنگەرا دەدات. ئا لێرەدایە شەڕی ئێمە دەکەوێتە بەرامبەر گەلێک ڕۆشنبیرێک، کە بەناوی ئازادییەوە، بەرگریی لە فاشیزم و ئیسلامیی توندڕەو دەکەن. سوکایەتیی کردن بە ڕۆشنبیر لە ئەوروپادا ڕیشەیەکی کۆنی هەیە، لە سەرەتادا هێرشەکان بۆ سەر کۆپەرنیکۆس و پاشانیش بۆ سەر فەیلەسووفان و لێپرسینەوە لێیان، ڕیشەیەکی تەواو توندەڕەوی ئایینی هەیە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەدەر نییە لەم مێژووە ترسناکەی هێزی توندەڕەوی دژە ڕۆشنبیر و ڕۆشنگەری، ئەوە ئیسلامییەکان بوون کە کتێبەکانی ئیبن ڕووشدیان سوتاند و چەندان نمونەی دیکەیش. لە دونیای کوردییشدا ئەم سوکایەتی کردنە بە ڕۆشنبیر و چەمکی ڕۆشنبیر و ڕۆشنگەری، مێژوویەکی تا ڕادەیەک خوێناوی هەیە؛ لێرەدا ئاماژەن بە کوشتنی ڕۆشنبیری گەورەی کورد، عەبدولخالق مەعروف زۆر گرنگە، یەکێک لەو ئینسانانەی کۆمەڵگەی ئێمە، کە بەدەستی خوێناویی ئیسلامییەکان کوژرا، ئەو بوو؛ ئەوەی پاش بڵاوبوونەوەی کتێبی (ئادەمیزاد لە کۆمەڵگەی کوردەوارییدا) کوژرا. عەبدولخالق مەعروف، لە ڕۆشنبیرە سەرەتاییەکانی سەدەی بیستەمی باشووری کوردستان بوو، ئەو بە بۆچوونە جیاوازەکانی لەبارەی ئایین، ژن و کۆمەڵگەوە لە سەردەمی خۆیدا ناسرا بوو. هەمیشە سوکایەتی پێکراوە و هەمیشە ئەزیەت کراوە لەپای بیرکردنەوەی ڕۆشنگەرانەوە، دواجار لە ساڵی ١٩٨٥ دەستڕێژی گوللە کرا؛ بەتۆمەتی دژایەتی کردنی ئیسلام و نەریتی کۆمەڵگەوە. هەرچەندە تا ئێستاش کوژرای شەهید ئارام ڕوونە، بەڵام ئەویش یەکێکی دیکەیە لەو کارەکتەرە ڕۆشنبیرانەی، هەمیشە سوکایەتی پێکراوە و وەک ڕۆشنبیرێک، تووشی توندڕەویی بووەتەوە. ئێستاش لەلایەن ئیسلامییەکانەوە، بە مرۆڤێکی (بێئەخلاق) ناودەبرێت. چەندەها نموونەی هاوشێوە. بۆیە جوێندان و سوکایەتی بە ڕۆشنبیر، مێژوویەکی خوێناوی هەیە. ڕۆشنبیریش بە جوێدان بە ڕۆشنبیرێکی دیکە، خەریکی درێژەدانە بەم ئەکتە فاشیستییە.

   لێدان لە ڕۆشنبیر و سوکایەتی پێکردنی، بەشێوەیەکى پاشەوپاش(ڕیترۆئەکتیڤانە) گەڕاندنەوەی زانینە بۆ قوڵترین شوێنی شاراوە کە موڵکێکی دەستلێنەدراوە، ڕەنگە ئەو شوێنە دۆزەخ بێت؛ ڕەنگە نمونەی پڕۆمیسیۆس لێرەدا کۆمەکی بیرکردنەوەمان بکات سەبارەت بەم پرسە. لە کۆنەستی کۆمەڵگەی کوردیشدا، ماناکانی دۆزەخییەک، بەباشی دەسەپێن بەسەر مرۆڤی ڕۆشنبیردا، بۆیە سوکایەتی کردن بە ڕۆشنبیر، بریتیی لە کوشتنێکی ڕەمزییانەی هەم خودی ڕۆشنبیر و هەمیش ویستێک بەرەو زانین. بەهەرحاڵ، ئەم خاڵەی دوایی دەکرێت بیری لێ بکرێتەوە و لە جێگەی دیکەدا قسەی لەسەر بکرێت؛ بەڵام جێی خۆیەتی لێرەدا بپرسین: ئایا ئەرکی ڕۆشنبیرە، بەناوی ئازادییەوە، بەرگری لە فاشیزم بکات؟ بیریشمان نەچێت، لە مێژوودا هیچ فاشیستێک نەبووە کە بەتوندی بڕوای بەئازادی خۆی نەبێت لە چوارچێوەی ئەو ئەکتانەی دەینوێنێت.