A+    A-
(761) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى ژیژەک)

ئا. بۆتان بەختیار

 

 

 

فرۆید لە کارەکانى ژیژەکدا

 

تۆنی سوەیتس

 

 

 

لە دەقێکدا کە ڕەنگە ژیژەک ئاماژەی پێ نەدابێت، فرۆید فەلسەفە و نوکتە گرێدەداتەوە:

شازادە هاملێت بەڕیسواییەوە گوتی "لە ئەرز و ئاسماندا شتی زیاتر هەن تاکو ئەوەی لە فەلسەفەکەی تۆدا خەونی پێوە بینراوە'. لیشتنبێرگ دەیزانی ئەم تاوانبارکردنە هێندەش توند نیە، چونکە هەموو بەرهەڵستییەکانی فەلسەفە ناگرێتەوە. بۆیە ئیملای قسەکەی بەم جۆرە تەواوکرد 'زۆر شتیش هەن لە فەلسەفەدا کە لە ئەرز و ئاسماندا نادۆزرێنەوە". (فرۆید، نوکتەکان و پەیوەندییان بە نەستەوە)

 

نوکتەکە دەڵێت کەوا فەلسەفە ئامانجی خۆی ناپێکێت، یان کورتدێنێت یان زۆر دەڕوات. تاکە شتێک لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ ئەرز و ئاسماندا نەبێت ئەوەیە لەگەڵ هیچیاندا هاوجووت نیە. فرۆید بێ هیچ تەوسێک ئەو پارچەیەی سەرەوە لە سێ جێی تردا وەک حیکمەت بەکاردێنێت. لە دوو جێدا بۆ پرسی مومکینبوونی تەلەپاتی (دوورئاگایی)دا بەکارهێنراوە: نوسینەکەی ١٩٢١ی فرۆید دەربارەی "دەروونشیکاری و تەلەپاتی"، هەروابێتەوە دەرسگوتارەکانی وی دەربارەی "خەون و نهێنی‌گەرایی" لە دەرسگوتارە بەراییە نوێیەکانیدا لە ساڵی ١٩٣٣. تێچێنە بەراییەکانی بە مێژووی کەیسی گورگەپیاو (Wolf Man) کۆتایی پێ دێنێت، لەوێدا دەڵێت هەرچەندە کەیسەکە بۆ مەعریفەی ئەوکاتی دەروونشیکاری گرنگ و گونجاو بوو (دەشبوو وا بێت، ئەمە هەمان ئەو شتە بوو فرۆید دەیویست تاکو سنورێک لەبەر  قەدەمی ڕەوتە تازەکانی نێو دەروونشیکاریدا بکێشێت)، هێندێ لە وردەکارییەکانی کەیسەکە "هێند سەرنجڕاکێش و نائاسایی بوون، دوودڵ بووم لەوەی بەوانیتر بڵێم باوەڕی پێ بێنن. دواتر هیچم بۆ نەمایەوە بیرهاتنەوەی قسەی ئەو حەکیمە نەبێت کە دەیگووت ئەوەی لە ئەرز و ئاسماندا هەن زۆر لەوە زیاترن وا لە فەلسەفەدا خەونی پێوە دەبینرێت" (فرۆید). لەو سێ جێیەدا کە ئەم وتەیەی تێدا بەکارهێناوە، هیچی بۆ ئەوە نیە بڵێت دەروونشیکاری خاوەن مەعریفەیەکی باڵایە، بگرە بۆ ئەوەیە بڵێت دەروونشێکاریش نازانێت. دەروونشیکاری لەم زیادەیەدا دەگات بە فەلسەفە، ئەم پنتە هەم زۆر دەخاتە سەر مەعریفەکەی و هەم کەمیشی پێیە تاکو شەرحی بکات. دەروونشیکاری زۆر لە فەلسەفە دوورناکەوێتەوە، بەڵکو وەک سەمپتۆمی خۆی وەریدەگرێت. فرۆید زۆرجاران دەڵێت کە سەرناکات بە فەلسەفەدا، ئەمەش واتە "لە پێگەیەکدا نیم شتێکتان لەسەر پەیوەندیی جەستە و زەین پێ بڵێـم و خزمەتتان بکات، یان تێگەیشتنێکتان لەمەڕ پشێوییە مومکینەکانی کارکردی زەینی بۆ درووستکەم" (فرۆید). ئەوەی سەرنجی وی کێشدەکات، بەش‌ (particular)ە.  لەبەر ئەم هۆیەشە کتێبە "خەونییەکان"[1] ڕەتدەکاتەوە. دەروونشیکار لەجیاتیی کردنەوەی کۆدی خەون لەڕێی پێوەرە گشتییەکانەوە، گەرەکە بەدوای "نیشتووەکانی ئەو ڕۆژە"دا بگەڕێت، بەدوای ئەو پێشهاتە تایبەت و ئاڵۆزانەی ژیاندا بگەڕێت وا دەروونشیکاری دەکەنە زانستی بایۆلۆژیا. لە "سێ وتار (تێز) دەربارەی تیۆریی سێکسواڵیتە"دا، ئەم پرسە لە پێشهاتەوە دەپەڕێتەوە سەر پاڵنەر، ئامانج و ئۆبێکتی ئەم پاڵنەرانەش کتوپڕن و بەپڕتاو حیسابوکتابیان بۆ ناکرێت. وەک ژیژەکیش هەمیشە پێداگریی لەسەر دەکات، پاڵنەر ناوی ئەم پشێوییە ئەبەدییەیە. ژیژەک دەڵێت لەم گۆشەیەوەیە دەبێ لە پێشگریمانەی بنەڕەتیی تیۆریی کەلتوری فرۆیدی بڕوانین. دووبارە هەر لەم خاڵەدایە مە (دەروونشیکاری) دەکەینەوە بە فەلسەفە. بە دیدی ژیژەک، پاشماوەکانی ڕۆژ و پشێوییەکانی پاڵنەر کۆمەڵێ ڤێرژنی گوزارە هیگڵییەکەن: "ڕۆح، ئێسقانە"؛ ئەمانەش بە درێژایی کارەکانی ژیژەک دەبینین. بە شوێنکەوتنی لۆژیکی گشت (کل) لە بەش (جزء)دا و ڕەگەز (genus)لە جۆر (species)دا، دەکارین بڵێین (١) سوبێکت شتێکی کتوپڕە؛ (٢) بەڵام ئەمە بێمانایە، دژیەکییەکی ڕەها لەنێوان ئەو دوو زاراوەدا هەیە؛ و (٣) ئەو دژیەکییە بەدەقیقی سوبێکتە. دەتوانین شتێکی هاوشێوە دەربارەی پەیوەندیی دەرونشیکاری و فەلسەفە بڵێین: مەوزوع ئەوە نیە یەکیان ببێتە ڤێرژنێکی تری ئەوتریان، یان لە قووڵاییدا هەمان شت بڵێن، بەڵکو لە قووڵایی دژیەکییەکانیاندا شتێک هەیە لە خۆیان زیاترە و دەبێ بدۆزرێتەوە. فرۆید بیریاری ڕیاڵە، دژە-فەلسەفەیە هاوشێوەی لاکان: "نا، من فەیلەسوف نیم، بەڵکو نا-فەیلەسوفم" (لاکان)، واتە من بەتەنیشت ناوکە زیادەکەی خودی فەلسەفەوەم؛ ئەوەی کە لە فەلسەفەدایە و لە فەلسەفەش زیاترە. بە دیدی ژیژەک، هەروابێتەوە بادیۆش، بیرۆکەی دژە-فەلسەفە پێداگرتنە لەسەر ئامادەیی پەتی (ژینی ڕیاڵی کۆمەڵگا لای مارکس، بوون لای کیرکەگارد، ویست لای شۆپنهاوەر و نیچە و هتد)، [دژە-فەلسەفە] کورتناکرێتەوە و زیادەیەکە دەرهەق بە چەمک و نواندنەوە فەلسەفییەکان. ژیژەک پرسی درز و دابڕان و ڕووداو لە بنیامینەوە بۆ بادیۆ، لە فرۆیددا دەدۆزێتەوە. سوبێکتی فرۆیدی هەر ئەوەیە ناهاوکاتە بە خۆی، هەر تەنیا لەم پچڕان و نابەردەوامییەشدا بوونی هەیە؛ پڕیەتی لە پارچەی ئەو شتەی بنیامین پێی دەڵێت ساتی ڕزگاری. ئەم پرسە لە دەربڕینە مشتومڕسازەکەی "wo es war, soll ich werden" دەرسگوتارە بەراییەکاندا دەبینینەوە، ئەوەی ژیژەک بە کۆمەکی لاکان بە "لەکوێ بوو، منیش لەوێوە دێمەبوون" پاچڤەیدەکات. ژیژەک ئەم پاچڤەکردنە لە زنجیرەکتێبەکانی wo es warدا بەکاردێنێت (ئەوانەی خۆی ئیدیتی کردوون): بەشێکی ڕستەکە لە دەمی ڕابردوودایە و بەشەکەی تری داهاتوو، وەکبڵێی کە ئەو دووە لەیەکدەدرێن ("ئەو"ی بەشی یەکەمی ڕستەکە و "من"ی بەشی دووەمی ڕستەکە) لە دۆخی ئاسایی خۆیان دەردەچن. فرۆید لە هەمان ئەو دەرسگوتارانەدا، دەربڕینێکی بەناوبانگی هەیە: "جێی سەرسامییە وا لەڕووی دەروونییەوە عەشق لای ژن و عەشق لای پیاو جیاوازن". بەڵام فرۆید دژە-فەلسەفەیەکی ناکامڵە، چونکە نەیتوانیوە بیر لە دەرەکێتییە ڕادیکاڵەکەی تراوما بکاتەوە. ئاوها، [دژە-فەلسەفەبوون] ڕەهەندێکی سیاسیی پەتییە لەودا. ژیژەک ئەم ڕەهەندە لە لاکاندا دەدۆزێتەوە، ئەویش بەهۆی ئاڵوگۆڕکردنی وزەناسیی فرۆیدی بە ئابوریی سیاسی و پێداگریی لەسەر ڕیاڵ لەلایەن لاکانەوە. یەکێ لە ژێدەرە گرنگەکانی ژیژەک بۆ باسکردنی پچڕاوی و زیادەی سوبێکت و پانتایی ڕەمزی، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئوستورەی کەلتوریی باوکی سەرەتایی فرۆیدە لە تەوتەم و تابۆدا. ژیژەک پتر کات لەم ئوستورەیەدا سەرفدەکات تاکو ئوستورەکەی تری فرۆید، واتە ئۆدیپ، هەرچەند پێشی‌وایە هەردووک دوو ڕووی یەک دراون: "گەر ئۆدیپ دەربارەی مامەڵەکردن بێت لەگەڵ بریکاری قەدەغەکانی یاسادا، ئەوا کوشتنی باوکی سەرەتایی ئەوەیە کە یاساکە درووستدەکات" (ژیژەک). هاوشێوەی لۆژیکی "ڕۆح، ئێسقانە"ی هیگڵ، ئەم پرۆسەیە بە بەردەستخستنی ڕیوایەتێکی مەحاڵی گواستنەوە لە سرووشتەوە بۆ کەلتور (شارستانیەت) دەستپێناکات، بەڵکو بەوە دەستپێدەکات کە ئەوەی نەنوێنراوەیە لە ڕیوایەتێکی وەهادا تاکە مەرجی ئیمکانی هەبوونی هەردوو زاراوەکە و ئەو یاسایەشە کە شکڵ بە هەردووکیان دەبەخشێت. "ئەوە ڕەمزی و یاساکانی نین لەناو نهێنییەکی نەوتراودا نیشتەجێ بووبن، بەڵکو تراومای ڕیاڵی ئەکتی بونیادنەرە کەوا لەناو پانتایی ڕەمزیدا وەک ناو-ی-باوک نیشتەجێیە" (ژیژەک). لە ئوستورەی باوکی سەرەتاییدا، دەستپێکی شیکارییە جیاوازەکانی لاکانمان دەرهەق بەم بنبەستە هەیە. چوار گوتارەکەی سیمیناری حەڤدەیەم (دیوەکەی تری دەروونشیکاری)، کە بە دیدی وی کۆمەڵێ بونیادی کەلتوریین، و دەبنە ماترێکسی ئیمکانەکانی پەیامناردن[2]. ڕێکخستنەکانیان چواردەوری ناو-ی-باوک دەدەن، ململانێی کوڕ و باوک دەگۆڕن بە ململانێ لە گەڵ کچەکاندا: ئاغا ناو لە ڕووداو دەنێت، بەڵام کەسی هیستریایی کێبڕکێی ئاغا دەکات[3]. لە هاوکێشەکانی سێکسوالیتەدا، باوکی سەرەتاییمان وەک ئاوارتەی ئەو یاسایە هەیە کە لەلایەن ئاوارتەیی و زیادە و ژویسانسی نافالوسییەوە درووستبووە. بۆ ژیژەک، ئوستورەکە دەچەمێتەوە لەپێناو تیۆریزەکردنێکی بەپیتدا، ئەمە لە کتێبی "دەروونناسیی گرووپ و شیکاریی ئیگۆ"[ی فرۆیددا] ونە، ئەوەی کە تێیدا ڕەهەندی سیاسی کورتدەکرێتەوە بۆ فیگەری "جەماوەر (crowd)". بە دیدی ژیژەک، فرۆید ئەو دەمارگیرییە ڕووتە نادیدەدەگرێت کە لە ئەنجامی هەڵوەشانەوەی بۆندی کۆمەڵایەتییدا درووستدەبێت، ئەوەش نادیدەدەگرێت کەوا بچوکبوونەوەی ئۆدیپی دەسەڵاتی ڕەمزی-کە خەسڵەت بە لیبراڵ دیموکراسیی سەرمایەداریی دوایین دەدات- دیوێکی تری گەڕانەوەی باوکی سەرەتاییە وەک بریکاری چێژی قێزەون؛ لە ڕیبەرێکی تۆتالیتارەوە بۆ هانیباڵ لێکتەر. فرۆید لە فۆرمولە سەرەتاییەکانیدا دەرهەق بە سوپەرئیگۆ، ئاگاداری دژیەکییە ناوەکی و گرنگەکانییەتی، هەردوو فرمانی "دەبێ وا بیت" و "نابێ وا بیت" [بکە و مەکە]. ژیژەک ئەمە دەپەستێنێتە نێو تاقە دژیەکییەکەوە "چێژ وەرگرە!"؛ ئەم فەرمانەی سوپەرئیگۆی لیبراڵ دیموکراسیی سەرمایەداریی دوایین، دەبێتەهۆی تەفسیرکردنەوەیەکی ڕادیکاڵی تیۆرە بەناوبانگەکەی ئاڵتۆسێر: ئایدۆلۆژیا وەک بانگکردن.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

نەست

 

دانیاڵ بریستۆ

 

 

نەست چێوەیەکی فراوانتری هەیە: چەپێنراو، بەشێکە لە نەست. (فرۆید، سیمیناری چواردەیەم: ١٦٦)

چەپاندن لە گەڕانەوەی چەپێنراو جیاناکرێتەوە، بەم هۆیەشەوە سوبێكت بە قەبارەی هەموو بوونی دەناڵێت بەدەست ئەوەی کە ناتوانێت دەربارەیان بدوێت. (لاکان، نوسراوەکان: ٣٢٢)

 ئەوەڵین شت دەربارەی کارکردی نەست بیخەینە مێشکمانەوە، ئەوەیە کە: لە عەرەبانەکەدا نەشاردراوەتەوە، بەڵکو خودی عەرەبانەکەیە. (ژیژەک، چۆن لاکان بخوێنینەوە: ٢١)    

 

لە "کەمتر لە هیچ"دا ژیژەک پێمان دەڵێت: "لاکان باس لە نەست(ناخودئاگا)ـی هیگڵی دەکات، و دەیکاتەوە بە گژ نەستی فرۆیدیدا". لێرەدا هەوڵدەدەین ڕوونیکەینەوە نەست چیە بۆ ژیژەک، ئەویش لەڕێی چەمکاندنە هیگڵییەکە تاکو دەگەینە سەر ئەوەی فرۆید- بە نێوانگریی لاکان؛ ئەوەی ژیژەک لە کۆی کارەکانیدا هەوڵدەدات وەک ئامرازێکى ڕۆشنبیرانەی سەرکەوتوو بەکاریبێنێت تاکو ئایدیالیزمی ئەڵمانی پێ کردەکی بکاتەوە.

 

لاى هیگڵ   

 

  نەست(ناخودئاگا)ـی هیگڵی، نەستی خودی خودئاگاییە[4]، نا-شەفافییەتە زەروورەکەى خۆیەتی، پشتگوێخستنی گرنگی ئەو فۆرمەی خۆیەتی وا ڕووبەڕووی ناوەڕۆک دەبێتەوە. بە دیدی ژیژەک، لە دیقەتدانی خودئاگایی هیگڵی لە خودی خۆی-وەک ناوەڕۆکی بەشەکی- بونیادی گشتەکی، یان فۆرمی گشتەکی[5] کە ڕێ بە دیقەتدانێکی وەها دەدات، پشگوێدەخرێت یان تیشکی ناخرێتەسەر؛ ئەم فۆرمە خودی نەستە. کەواتە نەستی هیگڵی نەستێکی دووقاتە، "پشتگوێخستنی فۆرمی خۆیەتی". لەلایەن خودئاگاییەوە پشتی پێ دەبەسرێت، بەڵام پشت پێ بەستنێکی نائاگایانە. وەک ژیژەکیش دەیڵێت، نەستی هیگڵی "ئەو نەخشە گشتییەیە وا لەلایەن ئاگاییەوە، بەهۆی تیشک خستنەسەر بەش، پستگوێدەخرێت". کەواتە بۆ ژیژەک، "نەستی هیگڵی نەستێکی فۆرماڵە: فۆرمی دەربڕینە، کە لە ناوەڕۆکی دەربڕاودا دەرناکەوێت؛ کەواتە لە فۆرمە گشتییە ڕەمزییەکەدایە، ئەوەی کە سوبێکت بێ پێزانین پشتی پێ دەبەستێت". نەستی هیگڵی پتر لەسەر فۆرمی دەربڕینی دەربڕین[6] ڕۆنراوە، نەک ناوەڕۆکی دەربڕاو، ئەمەش وا دەکات شتی بینراو بکاتە بینراو[7]؛ [نەستی هیگڵی] پێچەوانەی ڕەمزیی نەبینراوی بینراوەکانە، واتە ئەو فۆرمەیە کە ناوەڕۆکیش هەڵدەگرێت یان دەیگوازێتەوە. ژیژەک لە نەستی هیگڵیدا ئەمە دەبینێتەوە: "نائەقڵ، لە ناوجەرگەی ئەقڵدا". لەڕاستییدا کارکردی خودئاگایی هەر هەمان ئەو نەستەیە کە جەخت لەو ناوکە پڕناکۆکییە دەکاتەوە وا زانینی موتڵەقی هیگڵی وەک "یەکێتیی سوبێکت و موتڵەق (the Absolute)" درێژە پێ دەدات. لە فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا، هیگڵ دەنوسێت: "ئەوپەڕینەیەک (ڕۆحی خودئاگای گشتەکی)، لەڕێی تاکێتیی مرۆڤەوە لەگەڵ ئەوپەڕینەکەی تر و هێز و ڕەگەزەکانی و ڕۆحە نائاگایەکەیدا دەبنە یەک" (هیگڵ ١٩٧٧: ٢٧٨). گەر ئەم ڕستەیە بەپێی تێزەکەی ژیژەک بخوێنینەوە، ئەوا گەرەکە بڵێین نەست وەک هێز و ڕەگەزی خودئاگایی (فۆرمە گشتییەکەی)، تەنیا لەڕێی سوبێكت (تاک)ەوە دەتوانێت لەگەڵ خودئاگایی یەکبگرێت. لەڕێی ئەم یەکگرتنەشەوەیە کەوا نەست ڕووننابێتەوە بۆ سوبێكت، هەر پشتگوێشدەخرێت. لە ئەنجامدا، دەبێتە ئەو ئەڵقە ونبووە یان ئەو درزە پڕناکۆکییە کەوا سوبێکت و موتڵەق یەکدەخات. ئەنتی‌تێزی ئەم ڕۆحە نەستەکییە خەرەندئاسایە کە لکاوە بە ڕۆحی خودئاگای گشتەکییەوە، دەبێتە ساغکردنەوەی یەکێک لەڕێی ئەویترەوە، کە ئەم دووە وەک دوو دژی ڕاستەقینە بەر یەکتر دەکەون؛ ڕەگەزی  هاوبەشی ئەم دووە پێکداچوونەکەیانە. کەواتە کۆیەتیی هیگڵی بۆشایی بەریەککەوتنی گشتی ئەبستراکت و ئەو وردەکارییانەن کە نایەڵن بگیرێت (وەک یەکگرتنە پڕناکۆکییەکەیان)، هەرچەندە هەردووک لەلایەن [ئەو ناکۆکییانەوە] دەبزوێن. بەم لۆژیکە و لە دیدی ژیژەکدا، مەوزووع ئەوە نیە هیگڵ نەیتوانیبێت بیر لەو ناکۆکی و زیادانە بکاتەوە کەوا لە نەستی فرۆیدی و لاکانیدا هەن (وەک سەمپتۆم، پاڵنەر، ئۆبێکتی بچوکی a و هتد)، بەڵکو وی هەمیشە لە کۆی سیستەمە فیکرییەکەیدا بۆشاییەکی بۆ ئەو تێکچوونانە و بڵندبوونەوەشیان هێشتۆتەوە. (تەنانەت بەپێی خوێندنەوە جیاوازەکانی ژیژەک دەتوانین بڵێین، هەر لەم بۆشاییەدایە کەوا "نەفیی نەفی" هیگڵی ڕوودەدات؛ نەفیکردنی ئەم بیرە بیرلێنەکراوانە).

 

 

لاى فرۆید

 

گەر هیگڵ نائەقڵ[8] (ناکۆکییەکان، سەمای شێتانەی دژەکان کە نەزمە ئەقڵانییەکان دەشێوێنێت)ی لەنێو ئەقڵدا دۆزیبێتەوە، ئەوا فرۆید ئەقڵ لە ناوجەرگەی نائەقڵدا دەدۆزێتەوە (هەڵخلیسکانی زمان، خەونەکان، شێتی). ژیژەک لە نەستی هیگڵییەوە بەرەو ئەو نەستەمان دەبات کەوا فرۆید کەشفیکرد، واتە ئەو نەستەی لە دەروونشیکاریدا ناسرا، ئەوەی خۆی لەڕێی فۆرماسیۆنە سوبێکتیڤە پاتۆلۆژییەکانەوە دەردەخات. نەستی فرۆیدی "نەستێکی بەشەکی (تاقانە)یە، دوورە لە فۆرمە ڕەمزییە یونیڤێرسالەکەی هیگڵەوە، سەمپتۆمەکانی تاک‌تاک دەردەکەون و هەموویان پەیوەستن بە ڕابردووی سوبێکتەکەوە" (ژیژەک). پێناسەی جێگیری نەست لای ژیژەک، لە کتێبی "ئۆرگانە بێ‌جەستەکان"دا هەیە، کە تێیدا چوارەم تێرم بۆ مۆدێلە مەعریفییەکەی دۆناڵد ڕامسفێڵد زیاددەکات. دوای ئەوەی " ئاماتۆرێکی چکۆلە دەربارەی پەیوەندیی زانراو و نەزانراو دەفەلسەفێنێت- وا دەیانکاتە نێو کۆمەڵێک کاتەگۆرییەوە "زانراوە زانراوەکان، ئەوانەی کە دەزانین دەیانزانین"، "نەزانراوە زانراوەکان، ئەوانەی دەزانین نایانزانین"، "نەزانراوە نەزانراوەکان، ئەوانەی نازانین نایانزانین"- ژیژەک درک بەوە دەکات کەوا ڕامسفێڵد تێرمی چوارەمی بیرچووە: "زانراوە نەزانراوەکان، ئەوانەی نازانین دەیانزانین"، ئەوەی کە ڕێک دەکاتە نەستی فرۆیدی؛ یان وەک لاکان دەیگوت "ئەو زانینەی کە خۆی ناناسێت". کەواتە، لای فرۆید و لاکان، نەست مەیدانێکی غەریزیی کوێر نیە وەک ئەوەی لای هیگڵ هەیە، لە بەرامبەر ناوکە پڕناکۆکییەکەیدا کوێر بێت یان لەلایەن ئەوەوە کوێر کرابێت- کە هەمیسان ئەم کوێرییە ڕێ بە ناوکەکە دەدات بڵندبوونەوە بخاتەوە کار-، بەڵکو جۆرە مەعریفەیەکە، مەعریفەیەکی نەستەکی، مەعریفەیەک کە خۆی ناناسێت (یان بە دەربڕینە مەعریفییەکەی ڕامسفێڵد، زانراوە نەزانراوەکان). نوکتە کۆنەکە دەربارەی عەرەبانەکە ئەم زانراوە نەزانراوانە بەباشی ڕووندەکاتەوە: سەرۆکی کرێکارێک دەزانێت کە شت دەدزرێت، بۆیە هەموو ڕۆژێک لە کاتی جێهیشتندا عەرەبانەی کرێکارەکەیان دەپشکنی، بەس هیچ ئەشیایەکی دزراویان نەدەدۆزییەوە؛ لە کۆتاییدا، شتەکە کەشفدەبێت و دەزانرێت کە کرێکارەکە خودی عەرەبانەکانی دەدزی. ڕۆژانە کرێکارەکە بە بەرچاوی پاسەوانەکانەوە عەرەبانەکانی دەدزی، لای فرۆیدیش، نەست ڕۆژانە بە بەرچاوی ئاگاییەوە کاردەکات، بەڵام بێ ئەوەی سوبێکت بەمە بزانێت- بە ئارەزووی خۆی کاردەکات، ناوەڕۆکی خۆی لەڕێی سەمپتۆمەکان و هەڵخلیسکانی زمان و کردارە چەوتەکان و خەونەکانەوە دەخاتەڕوو. وەک ژیژەک دەبێژێت، لای فرۆید "سوبێکت سەرگەورە و ئاغای نێو ماڵی خۆی نیە"، بەڵکو نەست پشێوی دەخاتە نێو ماڵی سوبێکتەوە، ئەویش لەڕێی خۆدەرخستنییەوە لە نەخۆشییەکاندا (بۆنمونە لە عوسابی هیستریایی و وەسواسییدا)، یان هەر لە ژیانی ڕۆژانەدا خۆی لەڕێی یاریی وشەکان و پێکنانی خەون و گرژبوونی دەمارییەوە دەردەخات. ئەوەی هیگڵ ناتوانێت بیریلێبکاتەوە، هەر ئەم فرەبەڵگانەی فرۆیدن کە لە کاتی شیکاریدا خۆیان دەدەن بە دەستەوە؛ هیگڵ دەکارێت بیر لە یاریی وشەکان بکاتەوە، بەڵام تەنیا لە سنوری ئەقڵدا: ئاوفهیبونگ (بڵندبوونەوە-sublation)-کە بەریەککەوتنی سێ مانا لەخۆدەگرێت و لە کۆتاییدا هەموویان یەک بیرۆکە درووستدەکەن- بەم چەشنە دەشێت لەنێو سیستەمەی هیگڵدا بیریلێبکرێتەوە، [بەڵام] لۆژیکی خەون، بە مانا زۆرەکانییەوە، وا نیە. کەواتە:

 

"فرۆیدیش وەک هیگڵ، بیرمەندی گرژی و دژیەکی و ئەنتاگۆنیزمە ناوەکی و خودییەکانە؛ بەڵام لە بەرامبەرکێیەکی ڕووندا، دژیەکی و ناکۆکی لای فرۆید بەوە کۆتایینایەت دژیەکیی خودی تا ئەوپەڕی خۆی ڕاکێشیت و بە بەتاڵکردنەوەی خۆی ڕەهەندێکی نوێ دەرکەوێت. بە پێچەوانەوە، دژیەکییەکە هەرگیز لاناچێت، ناگەیەنرێتە ئەوجی خۆی، بەڵکو جێگیردەکرێت و بۆ ماوەیەکی کاتی لە فۆرمی سازشێکدا دەمێنێتەوە" (ژیژەک، کەمتر لە هیچ: ٤٨٧).

 

ئەم سازشە دەشێت لە بڵندبوونەوە[9]دا ببینرێت؛ واتە لە گۆڕینی ئاماجێکی سێکسی ڕووەو دانەیەکی تر، ئەمەی تریان چیتر سێکسی نیە بەڵکو لە ئاستێکی فیزیکیدا پەیوەندە بە ئامانجی یەکەمەوە. لە بەرامبەر بڵندبوونەوەی هیگڵیدا، بڵندبوونەوە[ی دەروونشیکاری] ڕەهەندێکی نوێ لە لادان یان بەتاڵکردنەوەی ئاوفهیبونگەوە درووسناکات، بەڵکو هەوڵدەدات داوایەکی نەستەکی لە ڕێڕەوە سێکسییە ئۆرگیناڵەکەی لادات، ئەویش لەڕێی گۆڕانێکی فیزیکییەوە؛ هەرچەندە خەرجکردنێکی لەم جۆرە دەشێت سازشێکی کاتی و بێزارکەر درووستکات.

 

 

لاى لاکان

 

ئەم پەیوەندییە دەروونییانە لەڕێی ڕاستییەکەوە ڕوودەدەن "نەست وەک زمان ڕسکاوە"، ئەوەی کە مامۆستاکەی ژیژەک، واتە لاکان، دەیگوت؛ واتە دەگونجێ نەست وەک کۆلاژی کۆمەڵێک پێکبەستی زمانەوانیی کتوپڕ بخوێنینەوە. ژیژەک دەڵێت "گەڕانەوە بۆ فرۆید"ی لاکان ئەوە دەسەلمێنێت کەوا "نەستی فرۆیدی بووەتەهۆی سکانداڵ و ئابڕووچوونێک، نەک لەبەر ئەوەی خودێکی ئەقڵانی لەژێر سایەی مەودایەکی فراوانتر لە غەریزەی نائەقڵانیی کوێردایە-وەک ئەوەی لای هیگڵ هەیە- بەڵکو لەبەر ئەوەی دەریدەخات کەوا چۆن نەست شوێن ڕێزمان و لۆژیکی خۆی دەکەوێت: نەست دەدوێت و بیردەکاتەوە. وەک لاکان دەڵێت، ئەوەی نەست لە ناوەڕۆکدا دەیچەپێنێت، هاوکات گەڕانەوەی چەپێنراوەکەش وەل خۆیدا هەڵدەگرێت [واتە چەپاندن هاوتایە بە گەڕانەوەی چەپێنراو]؛ بونیادی ڕێزمانیی [نەست] لە دەربڕین و ڕەفتارەکانی سوبێکتدا دەردەکەوێت، لە گوفتارە نەستەکییەکاندا، هەرچەندە سوبێكت بێ‌ئاگایە لەم گوفتارانە [واتە بێ ئەوەی سوبێکت بزانێت، نەست دێتەقسە، خۆی کەشفدەکات]. لە خێچ‌ڕوانیندا، ژیژەک کورتەکەی لاکان دەرهەق بە دەربڕینە فرۆیدییەکە دێنێت- [ئەوەی فرۆید دەڵێت] نەست لە دەری کاتەوەیە، و لای لاکان کورتدەبێتەوە بۆ نەست لە دەرەوەیە- ئەم فۆرمولەیە تەنیا سرووشتی دەرەکێتیی نەستمان پێ پیشاننادات، یان ئەوەی "نەست گوتاری ئەویترە" (لەلایەن نەزمی ڕەمزییەوە بخرێتەکار)، بەڵکو ئەوەشمان پێ دەڵێت کەوا چۆن سوبێکت لە دەرەوەڕا نەست دەگرێت؛ لە فۆرماسیۆن و چەوتکارییەکاندا (هەڵخلیسکانی زمان، ڕەفتارەکان، نوکتەکان و هتد). لە کۆتاییدا، پێکەوەهەڵکردنی ئەم سێ نەستە کەوا باسکران، نەستێک بۆ ژیژەک پێکدێنن: لە هەر کەیسێکدا، ناوەوەی ئەوان، دەرەوەشیانە (نزیکبوونەوەیان هاوکات دوورکەوتنەشیانە). دەرەنجام. نەست لای هیگڵ فۆرمی بونیادنەری نەبینراوی خودئاگاییە؛ لای فرۆید، چەپێنراو تەنیا پێکهێنێکی نەست نیە، بەڵکو بەشێکی بونیادنەریشیەتی؛ لاکانیش دەڵێت، چەپاندن هاوتایە بە گەڕانەوەی چەپێنراو[10]. ئێستا دەتوانین ببینین کەوا چۆن نەست لە عەرەبانەکەدا نەشاردراوەتەوە، بەڵکو خودی عەرەبانەکەیە و ناوەوە و دەرەوەی ئەقڵ و نائەقڵ هەر نەستە.

 

 

 


[1] Dream books

[2] Address

[3] هەریەک لە ئاغا و هیسترایی کە بە فۆنتی تۆخ دیاریمان کردوون، مەبەست لە چوار گوتارەکەی لاکانە (ئاغا، زانکۆ، هیستریایی، دەروونشیکار)- و

[4] self-consciousness

[5] universal form

[6] enunciation’s enunciation

[7] the visible visible

[8] Unreason

[9] sublimation

[10] بۆ زانیاریی وردتر و دەقیقتر بگەڕێرەوە بۆ کتێبی کەمتر لە هیچ: "چەپاندنی سەرەتایی چاپاندنی ناوەڕۆکێک نیە بەرەو نەست، بەڵکو چەپاندنێکە وا نەست بونیاددەنێت، ئەو ژێستەیە کەوا فەزایەک بۆ نەست دەکاتەوە، درزی نێوان ئاگایی و پێش‌ئاگایی و نەستە- نوسەر