A+    A-
(710) جار خوێندراوەتەوە

              

                                          نێگەتیڤیتەى بێکارى

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

 

نێگەتیڤیتەى بێکارى, بەسادەیی واتە بێکارى چەشنى نەفییەکى چەمکایەتى و زەینى قابیلى بیرلێکردنەوەیە. بێکارى, تەنیا دیاردەیەکى ئابورى نیە, بەڵکو شتەکان و دیاردەکانیش ئەگەرى بێکارى و پەککەوتن و ونبوونیان لەخۆیاندا هەڵگرتووە. بێکارى, دەشێت غیابى شتێکى تایبەت بگەیەنێت, چ غیابى کارێکى فیزیکى و ئابورى, چ غیابى ئامادەگییەکى تایبەت و چ غیابى ڕۆڵێکى مێژوویییش.

 

یەک:

یەکێک لە دەرکەوتەکانى چەمکى نێگەتیڤیتە(negativity), پرسێکى وەک ونبوونە. دەکرێت لە سەرەتاییترین ئاستەکانەوە, بیر لە ونبوونى شتێکى فیزیکى بکەینەوە لە جیهاندا. مناڵێک و بگرە پێگەیشتوویەکیش کە شتێک وندەکەن, ئەوا دەرگیرى هەندێک لە ڕووەکانى پرسى نێگەتیڤیتە دەبن: من کە شتێک وندەکەم, چى وندەکەم و لە دوائەگەردا دەچێت بۆ کوێ؟ ونکردنى شتێک لە جیهاندا, جێگاکەى بریتییە لە هەموو جێیەک, هەستدەکەین لە هەموو جێیەک ئەگەرى هەیە دەرکەوێت, بەڵام هاوکات لە هیچ جێیەکى ئەزموونى(واقیعى)یش بەردەست نیە و نایدۆزینەوە. هەستێکى تینوێتییمان دەداتێ کە گەرەکە بەپێى هەرسێ زاراوەى ڕەمزى, خەیاڵى, ڕیاڵ دایڕێژینەوە: لە پانتایی ڕەمزى(واقیع)دا شتەکە بەردەست نیە, بەڵام لە پانتایی خەیاڵییدا بەتەواوى نەسڕاوەتەوە و هەستدەکەین حزوورێکى هەمەگیرى هەیە و لە هەموو جێیەکە, شتەکە ونبووەکەش کە هەستى تینوێتى درووستدەکات بریتییە لە ڕیاڵ, ڕیاڵ بریتى نیە لە واقیع بەڵکو ئەو بەشەى واقیعە کە هێند واقیعییە بەرگەى واقیعیبوونەکەى ناگرین و لێرەشەوە سرووشتێکى شۆکهێنەرى هەیە. شتى ونبوو, تا ئەو جێیەى کە نەدۆزراوەتەوە, پارچەڕیاڵێکە, ئەویش لەو ڕووەوە کە نەدۆزراوەتەوە و نەڕەمزێنراوە, هەر ڕیاڵێک کە ڕەمزێنرا و شوێنى بۆ دانرا و خرایەوە نێو پۆڵێنى شتەکانەوە ئیدى دەبێتەوە بە بەشێک لە پانتایی ڕەمزى(و واقیعى ئاسایی). بە تێپەڕینى کات, گەر ئەم شتە نەدۆزرایەوە ئەوا هەستى تینوێتییەکە کەمدەبێتەوە و پێدەچێت ونبوویەکى تر ڕۆڵى ونبووى پێشوو بگرێتەوە. ونبوون خۆى وەک بونیادێک بۆ شتانى ونبوو دەمێنێتەوە و ئەم جێیە بۆ هەمیشە کوێرنابێتەوە. واتە هەمیشە شتانێک هەن وندەبن(بۆنمونە شتى فیزیکى و گرانبایی), لە ئاستێکى ڕیشەییتریشدا شتانى مەعنەوى(چەشنى لەدەستدانى ماشووقە و دۆست و هتد). ونبوون خۆى شوێنێکى نێگەتیڤە, بۆشییەکى زەینییە و خەسڵەتى وەرنەگرتووە, ئەوە شمەک و ئۆبێکتە پۆزەتیڤەکانە بە نۆرە دێنە ئەم جێیە و سیفەتى "ونبوو" وەردەگرن و جێ بۆ یەکدى چۆڵدەکەن. بە زمانێکى تریش دەتوانین بڵێین, ونبوون ئاسۆیەکە: هێڵەڕووبەرێک هەیە بەناوى ونبوون کە شتەکان دەکەونە کێبڕکێوە تا ون ببن/نەبن و پاشان بدۆزرێنەوە. لە ساتى ونبووندا کۆمەڵێک تایبەتمەندییان هەیە و لە کاتى ئامادەگى و دۆزرانەوەشدا هەمیسان تایبەتمەندییان هەیە. ونبوون کورتنابێتەوە بۆ ئەم شتى ونبوو یان ئەو شتى ترى ونبوو, بەڵکو خۆى وەک ئاسۆیەک دەمێنێتەوە و شتەکان بە مادى و مەعنەوییەوە لە جۆرێک ونبووندا دەژین, جۆرێک لە غیاب کە جار هەیە ڕێژەییە و جاریش هەیە هێند تونددەبێتەوە شتەکە وندەبێت و لە ئاسۆدا هیچى لێ نامێنێتەوە. ئەوەى دەمێنێتەوە پشکێکە لە ڕیاڵ-خەیاڵ کە هەستدەکەین لە هەموو جێیەک هەیە بەڵام هەرگیز ڕەمزی و واقیعى نابێتەوە و بەروارێکى تازەى ژیانکردنى لەگەڵدا دانامەزرێنین. منداڵێک کە تۆپێک وندەکات, بە پلەى یەکەم لە پانتایی ڕەمزى(ئەزموون و واقیع)دا ونیدەکات و لە خەیاڵدا جێیەکى عاسى و بیرەوەریئاساى بۆ دەهێڵێتەوە. ئەو شتەکەى هەیە, بەڵام لە پانتایی خەیاڵییدا, بەجۆرێک کە کورتانبێتەوە بۆ داراییەکى بەردەست و پۆزەتیڤ و بەکەڵک. لەڕاستییدا پانتایی خەیاڵى, شوێنە, جێیەکە و شتى تیا هەڵدەگیرێت, بەڵام یەکسان نیە بە شوێنێکى فیزیکیی ڕووت. ئەم خاڵەش وادەکات شتى ونبوو لە هیچکوێ نەبێت لەسەر ئەرزى واقیع, لەناو خەیاڵیشدا هەر جێیەکى دیاریکراوى نەبێت, بەڵکو شوێنێکى گریمانەیی هەیە کە هەر ئاسەوارى ڕیترۆئەکتیڤانەى شوێنەکەى پێشووى خۆیەتى. ماقڵەیەک کە ونبووە, گەر پیشتر بوونى نەبایە, ئەوا لە پانتایی خەیاڵیشدا جێى نەدەبووەوە. شتە ونبووەکە, قەرزارى ئەو شوێنە ڕەمزى و واقیعییەى پێشووى خۆیەتى کە چیدى نەیماوە. ونبووە خەیاڵییەکە, وەک مشەخۆرێک لە پێشینە واقیعییەکەى خۆى دەخوات تا بمێنێتەوە, مانەوەیەکى گریمانەیی. لەم حاڵەتەدا, پەیوەندیی دیالەکتیکی لەنێوان ونبوون و دۆزینەوەدا تەواو لاوازدەبێت و وەک دوو جەمسەرى دوور لە یەکتر دەمێننەوە. ڕەنگە یادگارى و بیرەوەرییەکانى ئینسانیش هەمان بونیادیان هەبێت, ئەوەى ماوەتەوە خەیاڵێکە بە قەرز لەسەر واقیعێکى بەسەرچوو دەژى. تۆپیک و شوێنناسى شتى ونبوو, ڕەنگە تەنیا لەڕێى میتافۆرەوە بکێشرێت. هەتا ئەو ساتەى شتێکى تیا ونبووە, شوێنە گریمانەیی و خەیالییەکەى ى دیاریناکات؛ بۆنمونە پارەیەک کە مناڵێک ونیدەکات کورتنابێتەوە بۆ ئەو ڕووبەرە بچوکەى پارەکەى تیا ونکردووە. ئەم ڕووبەرە, تووشى هەڵاوسانێکى چەندقات دەبێت و یادەوەریی مناڵەکە داگیردەکات. لێرەوە مناڵى, وەک سەرەتاى زۆر ئەزموونى شاعیران بنکى خۆى دادەڕێژێت. مناڵ و دۆخى شاعیربوون, لەوێدا یەکدەگرنەوە کە لەڕێى میتافۆرەوە شوێنى شتانى ونبوو دیاریبکەن. کە شاعیر[1] دەڵێت «بەبێ ڕەحمانە غەرقی کا، لە بەحری قووڵی ونبوونا», ئەوا بەحری قووڵی ونبوون ئاماژە نیە بۆ بەحرێکى ئەزموونى, بەڵکو بەحرێکى خەیاڵییە کە خودى ونبوون خۆیەتى. ئەم بەحرە لە هیچکوێ نیە, لە خەیاڵدا نەبێت. شاعیر بەردەوام میتافۆر درووستدەکات تاکو شوێنێک بۆ شتە ونبووەکان بکاتەوە و لە عەدەم و بیرچوونەوەى یەکجارەکى بیانپارێزێت. دەربڕینێکى باوى شاعیرانەى وەک ئەمەش «لەبیردەچیتەوە وەک ئەوەى هەرگیز نەبووبیت», دەلالەت لە ونبوونى تەواوەتى ناکات, بەڵکو ئاماژەیەکى ژێرەوانکێ بە دۆخێک دەکات پێشتر لە واقیعدا هەبووە. بۆ ئەمەش ئامرازێکى ئاوا «وەک ئەوەى...» بەکارهێنراوە کە ڕایەڵەیەک لەنێوان دۆخى پێشووى کەسەکە و دۆخى دواتریدا کە وندەبێت, درووستدەکات. وندەبیت «وەک ئەوەى...هەرگیز نەبووبیت», واتە لێکچوونێک لەئارادایە کە یەکسان نیە بە سڕانەوە و توانەوە. بۆیە دۆخى ئەو کەسەى شتێکى ونکردووە, بەم جۆرەى لێدێت: ونتکردووە وەک ئەوەى هەرگیز نەتبووبێت. بەڵام کاتێک دەلالەتى ونکردن هەیە, ئەزموونى ونبوون هەیە, ئیدى ناتوانین بڵێین شتێک لەئارادانەبووە. ئامرازى «وەک ئەوەى...», پتر لە حەسرەتەوە نزیکە تا نکۆڵى. بەم مانایە, هەر شتێکى ونبوو, ونکردنى یەکێکیشە لە ئۆبێکتەکانى ئارەزوو, بابەتێک کە ئارەزوومان پێوە دەکرد. دیارە لە سەردەمى زۆربوونى شمەکدا, شۆکى ونبوون بەراورد بە دونیاى کلاسیک کەمدەبێتەوە, بەڵام سنورى نێوان ونبوون-دۆزینەوە, هەبوون-نەبوون, غیاب-حزوور بەتەواوى لەناوناچێت. ئەم سنورە, خۆى سنورێکى بونیادییە. لەڕووى دەروونییەوە ئێمە یان تووشى مالیخۆلیا دەبین دەرهەق بە شتە ونبووەکە, یاخود ماتەم و خەمینى. پێدەچێت ئەم دوو ناوە, دوو ناو بن بۆ ناونان لە گوژمى ونبوونەکە کە ئاخۆ قووڵ بە نەستماندا ڕۆچووە یان نا, ئاخۆ یەکجارى ونبوون یان کاتى, و هتد. ونبوونى کاتی(بۆنمونە بیرکردن لە ئەڤیندارییدا کە جۆرێکە لە ونبوونى کاتیی ئۆبێکتى ئەڤین), هیشتا گەمەى حزوور و غیابە لەناو ئاسۆى ونبووندا و ئۆبێکتەکە بەتەواوى لەدەستنەچووە و ئامادەیی پەیدادەکاتەوە. لە حاڵەتە بنەڕەتییەکانى وەک لەدەستدانى هەمیشەییشدا, ئێمەش ۆکى خاڵیبوونەوە ئەزمووندەکەین و دوور نیە سوبێکت خۆیشى ون ببێت. بەکورتییەکەى, گوژمى ونبوون جۆرى ونبوون دیاریدەکات.

 

 

  

دوو:

بێکارى(unemployment), هەنێجار سەر بە ماتەمە و هەنێجاریش مالیخۆلیا, واتە لە یەک کاتدا دوو جۆر لەدەستدان دەگرێتەوە: یەکیان ئاگایانە کە کارێکت هەیە و لەدەستیدەدەیت و خەمین دەبیت, ئەویتریشیان نائاگایانەیە کە هیچ کارێکت نەبووە لەدەستیبدەیت بەڵام شوێنەوارى لەدەستدانەکە فراوانترە و شاراوەترە و کێشەى زیاترى لیبیدۆیی دەخوڵقێنێت. دۆخى یەکەمیان سەر بە پۆزەتیڤیتەیە, واتە شتێکت هەبووە جێیەکى لە ژیانتدا داگیرکردووە و ئێستا نەماوە, بەڵام دووەمیان سەر بە نێگەتیڤیتەیە واتە ئەو شتەت نەبووە کە ئێستاش نیتە- بەڵام لەژێر فشارى نەبوونەکەیدا تۆمەتباردەکرێیت(بەتایبەت ئێستا لە کوردستان بێکاریی گەنج و خوێندکار, وەک جۆرێک لە بونیادى لێهاتووە). لێرەدا جۆریک لە وێناکردنى تر بۆ کەسى بێکار دەکەین کە پتر سوبێکتیڤ(زاتى)یە و کەمتر خۆى لە ڕووە بابەتییەکانى دەدات لە چەشنى سیاسەت و ئابورى و هتد.

ئەمڕۆ خوێندکارێکى بێکار لە ماڵدا ناچارە لە بەرداشى دوو باوکدا هاڕین ئەزموونبکات: باوکێکى حەرفى لەناو خێزاندا, حکومەتیش وەک باوک کە دەرفەتى کارى نەڕەخساندووە و ڕۆڵى بابێکى ئایدیاڵى بۆ ناگێڕدرێت(گرێى ئەوەشى بۆ درووستبووە نەیتوانیوە باوکێکى تەواو بێت). بەڵام بێکارى هەر لە هەندێ ڕووەوە سیفەتى گوناهێکى دینى یان کۆمەڵایەتى و دەروونیی هەیە. بەڵام لەبەر شتێک کە نەتکردووە وەک لەوەى کردبێتت.  بەردەوام لەلایەن ئەوانیترەوە دەخرێیتە بەردەم گوناهێک, بانگهێشتێک, پرسیارێکى سەرزەنشتئامێز؛ (بۆچى کارت نیە؟). نەک هەر خێزان, بەڵکو کۆى کۆمەڵگا ئەم مافە دەدەن بە خۆیان ڕووبەڕووى هەمان گوناهت بکەنەوە, چونکە کار خۆى دیاردەیەکى کۆمەڵایەتییشە, میراتگرى باوککوژییەکى بەکۆمەڵ, جۆرێک لە جووڵە بۆ لەبیربردنەوەى گوناهى یەکەمین کە کوشتنى باوکە, بۆیە هەرکەس ئەم جووڵەیەى نەبێت ئاسان کوشتنەکە بیردێنێتەوە و گوناهبار دەردەکەوێت. یەک لە چیرۆکە تەفسیرییە بنەڕەتییەکان بۆ درووستبوونى جڤاتێکى مرۆیی, بریتییە لە کوشتنى باوک لەلایەن کوڕانەوە. باوک خاوەنىا هەموو شت بوو(ژویسانسى کامڵ), بەڵام کوڕان لە ئیرەییدا دەستیان لە باوک بەرزکردەوە و کوشتیان, پاشان کوڕان بۆیان نەبوو هەمووشت وەک باوکەکە ئەجامبدەن بۆیە یاسا درووستبوو. یاسا پوختەى خوێنى باوکە لە پانتایی کۆمەڵایەتییدا کە بۆمان نیە دەست بۆ هەموو چێژێک ببەین, هەمیشە بڕێک چێژمان بۆ بەردەستە کە پێویستى بە کار و هەڵپە و گەڕانە. بۆیە یەکێک لە هۆکارە وجودییەکانى پشت کارکردن لە هەموو سەردەمەکاندا بریتییە لە بەدەستهێنانى چێژ لەپاش کوشتنى باوکەوە. لە كاردا بەشێک لەو لیبیدۆیە خەنرجدەکەینەوە کە لە خوێنى باوکەوە دەستمانکەوتووە. عارەقیک کە بۆ کار دەڕێژرێت لە دونیاى کلاسیک و نوێشدا, خوێنى باوک, یان لیبیدۆیەکە لەگەڵ جیهاندا سەرفیدەکەینەوە. بەم پییە, وێنەى کەسى بێکار لە هەموو سەردەم و کەلتورەکاندا هەر بیرخەرەوەى چیرۆکى باوکە. سەبارەت بە کەلتورە دواکەوتووەکانى وەک ئێمەش, کە لیبیدۆکەى ڕاستەوخۆ جێگرەوەى خوێنى باوکە, و کەمتر لیبیدۆیەکى سێکسییە بۆیە کەلتورێکى توندوتیژ و هاوکات مردەڵەشە. بێکارییش ڕاستەوخۆ وەک تاوانێک و دیاردەیەکى گوناهبارانە لە زەیندا نەخشیبەستووە. لەو کەلتورانەى کە لیبیدۆ(وزەى سێکسى), لە کاردا ڕێکخراوەتەوە و کار ڕوویەکى سێکسیی هەیە, ئیدى بێکارییش نەفرەتى ڕووت نیە لە چەشنى یەکێک لە شوێنەوارە ڕاستەوخۆکانى کوشتنى باوکى سەرەتایی. کەسێک لاى ئێمە کارنەکات, ئەم قێزە لەخۆیدا دەنوێنێتەوە دەرهەق بە باوکە میراتى و بایۆلۆژییەکەش: وەکبڵێى وەجاخى کوێرە, کۆپییەکى کتومتى باوک نیە, هەر پارووە نانێکیش کە دەیخوات دەبێت هەست بە گوناهـ(و سەرشۆڕى) بکات. سەرەنجام, کارکردن بۆ خۆدوورگرتنە لە یادەوەریی کوشتنى باوک و بێکارییش بیرخەرەوەى کوستنەکەیە, هێشتنەوەى فەزایەکى ساردە کە خوێن/لیبیدۆى بەجێماوى باوک تێیدا بەجۆرێک پەکیاندەکەوێت و مەرگ زاڵدەبێتەوە. لە زەیندا, بێکارى لە بێ‌باوکى نزیکدەبێتەوە و کەسى بێکار وەک هەتیوێکى خەسیو دەردەکەوێت کە جێگرەوەى بۆ باوکى سەرەتایی و باوکى شەخسییش درووستنەکردووە. لێرەدا لەگەڵ ونبوونى چانسى کاردا, باوک و کوڕیش وندەبێت و دۆخى قێز زاڵدەبێت- هەڵبەت بەپێى زەینێکى کەلتوریی تایبەت. سەرەنجامیش, دەریدەخات ونبوونى خوێنى باوک گەشەى سرووشتیی خۆى نەبڕیوە. باوک لە چرکەیەکدا بەجۆرێک حزوور پەیدادەکاتەوە کە زۆر چالاکیی ڕۆژانەمان دەوەستێنێت.

 

سێ:

مەلایەک یان بانگخوازێکى نوێ شتێکى ئەوتۆ بۆ سەر وشیاریی مسوڵمان زیادناکات, بەڵام هەمیشەش پێشوازیی لێ دەکرێتەوە. ئەوان چێژ لە هەژموونى چەندبارەى خۆیان دەبیننەوە, بۆ زانینى نوێ ناگەڕێن, بەڵکو بۆ کارکردێکى چەسپاوترى هەستە دینییەکە دەگەڕێن: جارێکى تر هەژموونى داکوتراوى دێرین لەزەتى کوێرانەى خۆى لە دەروونى مسوڵماندا نوێدەکاتەوە. ئەوەى نوێیە قسەى قسەکەرەکە نیە, بەڵکو ڕوویەکى ترى ئەو هەژموونەیە کە ئایدۆلۆژیاى دینى دەیسەپێنێتەوە. دەتوانین ئەمە ناوبنێین بێکاریی ئایدۆلۆژى وەک کار. هەر فیگەرێک کارێکى ئەوتۆ ئەنجامناداتەوە, وەک جووڵە و گۆڕانى بێکارەکە, بەڵام کارکردى دین تازەدەکاتەوە و هەستى ئاسایش لاى دینداران جێدەهێڵێت. بەڵام ئەم بێکارییە, بێکارییەکى دووقات دەنوێنێتەوە لاى عەلمانى و هەژموونى عەلمانى. واتە هەم بێکاریی دینى وەک خۆى دەهێڵێتەوە کە نەیارێتییەکى ئەوتۆى ناکات, هەم خۆیشى ڕۆڵێکى یەکلاکەرەوەى نیە. عەلمانییەت لاى ئێمە, نەچووەتە ناو ئاگایی کۆمەڵایەتییەوە و بونیادى خۆى دانەڕشتووە. عەلمانییەت خۆى هیچ کارێکى مێژوویی ئەوتۆى دەستنەکەوتووە لە مێژووى کۆمەڵگاکەدا بیگێڕێت. عەلمانییەت ئەو هێزە بەهێزە دژە نیە تا ململانێى ڕاستەقینەى دین بکات, بۆیە فیگەرى دینى زۆر پێویستى بە وتنى شتى نوێ و ڕاچڵەکێنەر نیە پێشکەشى خەڵکى بکات. ئەم بێکارییەى عەلمانییەت لاى ئێمە, ئەم بێکاریگەرییەى بیرى لائیک, ئەم غیابە ئاشکرایە خۆى دەرخەرى ئەوەیە مێژووش بێکارە بۆ ئێمە. کاتێک ململانێى توندى کۆمەڵایەتى و جەمسەربەندیی ڕوونى کۆمەڵایەتى لە مێژوودا ئیشنەکات ئیتر مێژووش ناجووڵێت و شتێک نیە بەو ناوەوە. لێرەدا هاوکێشەى ونبوون/دۆزینەوە, یان حزوور/غیاب بەتەواوى نەکەوتووەتە کار. واتە مێژوویەکى بزۆک لەئارادا نیە کە هەم دین بخاتە ململانێى زۆر جدییەوە و هەم عەلمانییەتیش وەک بزاڤێکى حازر بنوێنێتەوە. بیرى عەلمانى وەک بارستەیەکى ئایدۆلۆژیی بەهێز و واقیعى بوونى نەبووە, تا باس لە ونبوون و بێکارییە مێژووییەکەى بکرێت. ئەوەى باسکراوە پتر خەیاڵى پێش واقیعە, نەک خەیاڵى پاش واقیع(وەک لە تەوەرى یەکى ونبوونەکەدا باسمانکرد). هەتا دینیش وەک دیاردەیەک وننەبووە, تا باس لە هێنانەوەى بکرێت و کۆمەڵگا لەناوەوە بجووڵێنێت و ڕووبکەنە قسە و ڕاڤەى نوێ. چونکە هەر مێژوویەک پێویستى بە دوو ڕەهەندە لە ناوەوە کارى تیا بکات, هەردوو ڕەهەندى وەک ونبوون-دۆزینەوە, یان نەگۆڕان-جووڵە. هەرکات مێژوو بوو بە دووکەرتەوە و دوو جۆر ئەویترى درووستکرد, ئەویترى دینى/نادینى, ئەوا دەکرێت هاوکێشەى ونبوون-دۆزینەوەش بەشێوەیەکى دینامیکى بکەوێتەگەڕ و شتى نوێى لێ بەرهەم بێت.  

 

 

 

 


[1] . ئەحمەد هەردى