A+    A-
(751) جار خوێندراوەتەوە

 

    فەیلەسوف و «پرۆفیسۆر»: وشەیەک و زیادەکەى

 

 

 

 

 

 

 

 

تێکەڵکردنى ناو و پێگەکان لە زەینى خەڵکدا, شتێکى لەخۆڕا نیە, بەڵکو دەشێت وەک یەکێک لە خەلەلە مانادارەکان وەریبگرین و بیخوێنینەوە- دەشێت خۆى بێبایەخ دەربکەوێت بەڵام ئاماژە بۆ کێشەیەکى بایەخدار بکات. لە ژیانى ڕۆژانەى خەڵکى کوردەوارییدا بەردەوام دەبیستین کە چۆن فەیلەسوف و پرۆفیسۆر بە یەکێک وەردەگیرێن, ئەو کەسەى دەیڵێت و ئەوەشى گوێگرە کێشەى نیە و لەبرى یەکدى دەیانخاتەڕێ و کێشەشى نیە. ئەوەى ئاشکراترە ئەوەیە کە فەیلەسوف لاى ئێمە پێناسەیەکى ڕوونى نەبووە, سەر بە مێژووە کۆمەڵایەتییەکەشمان نەبووە, بۆیە لەگەڵ پێگەیەکى وەک "پرۆفیسۆر"دا وەرگیراوە. هەر قسەیەکیش کە تووشى هەڵاوسانێکى دەلالى بێت و لە زمانى ڕۆژانە دوورکەوێتەوە, هەمیسان یەکێک لەم دوو ناوەى بەسەردا دەبڕدرێت. ئاخۆ ئەم تێکەڵکردنە دەلالەت لە چ پرسێکى ژێرەوانکێ دەکات؟

ئاشکرایە فەیلەسوف, ناوى پێگەیەکە لە مێژووى بیرکردنەوەدا, پرۆفیسۆریش پێگەیەکى ئەکادیمییە. مەرج نیە ئەکادیمى بیت بۆ ئەوەى بیربکەیتەوە, وەکچۆن مەرج نیە فەیلەسوف پرۆفیسۆر نەبێت. کێشەکەمان ئەمە نیە, بەڵکو سێ خاڵى ترە کە وایکردووە لە زەینى کوردزمانێکى ئاساییدا ئەم دوو پێگەیە تێکەڵبکرێت: ١) لێکچوونێکى ڕێژەیی فۆنەتیکى لە نێوان هەردوو وشەکەدا هەیە؛ ئەمە هەم بەراییبوونى زەینى ئێمە دەردەخات و هەم دوو دال پیشاندەدات کە قووڵایی دەلالییان وەرنەگرتووە ٢) هەردووکیشیان بۆ مرۆیەکى ئاسایی تەعبیرن لە پێگەیەکى بڵند, دوو ئەویترى دوورەدەست, دوو پۆزگۆى دزەتێنەکراو ٣) دوو مەجازیشن بۆ یەک ڕاستى لاى خەڵک کە ئەویش بریتییە لە وەکیلێک لە ساتى ئاوارتەدا لەجێى من دەدوێت و دەنوێنێت. واتە ئەم دوو ناوە دوو فۆرمى بەتاڵن و هەر هەڵوێستێکى کۆمەڵایەتیی تێدەئاخنرێت کە گوزارشت لە وتنى نامۆ و دەرەگوتار بکات. سەرەنجام کاتێک ئەرکى فەلسەفە و کایەى ڕۆشنبیرى خۆى زۆر ڕوون نەبێت, ئیدى ئەم تێکەڵکردنە وەک دەرکەوتەیەکى زمانەوانى و کۆمەڵایەتى شتێکى سەیر نیە. بە دەربڕینێکى تر, وشە و ناو و پێگە لە بنکە ماتریاڵییە کۆمەڵایەتییەکەیانەوە ڕۆشندەبنەوە کە چین و چى نین. کاتێک ئەمە نەبێت, وێنەکانیش ڕووننابنەوە. وشە کە بەر سەپاندنى مێژوویی نەکەوت, پۆڵێنى واقیعیی وەرنەگرت, ئەوا ئەگەرى زۆرە ببێتە مەجاز بۆ شتى سادەتر.

گەر فەیلەسووف مەجازێک بێت بۆ ئەو دۆخانەى سەرەوە, ئەوا "پرۆفیسۆر" بریتییە لە زیادەکەى(زياده بەو واتایەى کە بوونێکى سەربەخۆى نیە بەڵام بوونى شتێکى تریشى پێوە بەندە). لەزەینى قسەکەردا, وشەى فەیلەسووف و پرۆفیسۆر ئاسان جێى یەکتر دەگرنەوە, بەڵام لەپێشترێتییەکە بۆ وشەى "فەیلەسووف"ـە چونکە دەربڕینگەلى وەک "فەلسەفەلێدان, يان خۆ فەیلەسوف نیت" دەرهاویشتەى وشەکەن و پتر بەکاردێن. جاریش هەیە وشەى سێیەم لاى توێژێک دەبێتە زیادەى دووەم بۆ سەر وشەى فەیلەسوف کە "پسپۆڕ"ـە و بە هاومانا وەردەگیرێن و ئەمیش هەر یەکێک لەو کارکردانەى سەرەوەی هەیە. وەکبڵێى وشەى فەیلەسووف ماترێسێکە بۆ خستنەوەى دەرهاویشتەى هەڵە. دیارە پرسەکەمان لێرەدا پرسێکى قامووسى نیە, ئەوەى کە بەپێى فەرهەنگێکى زمان پێناسەیەک بۆ ئەم وشانە بکرێت, بەڵکو ئەو تەمومژ و تێکەڵکردنەیە کە لە زەینى زۆرێک لە خەڵکدا دەرهەق بەو وشانە هەیە- جۆرێک لە جێگۆڕکێى نادیالەکتیکى کە پەڕینەوە لەمیانەوە بۆ ئەویتریان کێشەیەک و گۆڕانێک درووستناکات. خاڵە سەیرکە ئەوەیە گەر وشەیەکى وەک پرۆفیسۆر و پسپۆڕ نەبوونایە, ئەوا پێدەچوو فەیلەسوف چارەنووسێکى ترى هەبایە. دیالەکتیکەکە لێرەدایە, ئەوەى کە هەبوونى زیادەیەک پرۆسەیەکى دیالەکتیکیی کوشتووە, چارەنووسى وشەیەکى تەڵخکردووە, دوو تا سێ وشە وەک مەسخێکى مەنگ بمێننەوە. هەبوونى ئەم وشانە تێکڕا, تەعبیر لە شتێکى دوورتر دەکەن کە نیە؛ پۆڵێنێک کە دەبوو هەبێت و ئەرکى مێژووییانەى خۆیشى ڕاپەڕێنێت. واتە دەبوو مێژوویەک لە بیرکردنەوە و فەلسەفاندن بنوێننەوە, بەڵام لە غیابى مێژوویەکى وەهادا وشەکان بە دەلالەتى زارەکى و سووکەڵە باردەکرێن. گەر تیۆرییتریش شوێنى ئەم وشانە بە مێژووەوە بپشکنین ئەوا پتر نێگەتیڤن نەک پۆزەتیڤ, بۆشاییەکى نائەزموونیین تا ئەزموونى, دالێکى سستن ولە هەناویانەوە مەدلولى نوێ و پۆزەتیڤ نایەتەدەر. لە زەینى ئێمەدا, هەردوو وشەى پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ خۆیشیان بەدوور نین لەم چارەنووسەى فەیلەسوف-پرۆفیسۆر؛ چونکە ئەوانیش تووشى کورتکردنەوە هاتوون و بە واتاى باش و خراپ(ئەرێنى ونەرێنى) وەرگیراون- لەکاتێکدا واتا فیکرییەکانیان دەکەونە ئەودیوى چاکە و خراپەوە, دوو وشەى پێش‌ئەخلاقیین. بەکورتییەکەى, وشەى پرۆفیسۆر نابێتە خەسڵەت بۆ وشەى فەیلەسوف و شتێکى نوێ ناخاتەوە, بەڵکو دوو مورادیفى پێکەوەبەستراون کە مەودا لەنێوانیاندا نیە. مورادیف دەبێت شتێک لە کەلێن و مەوداى بە وشەیەکى ترەوە هەبێت, بەڵام لەم دوو وشەیەدا ئەو جووڵە و مەودایە نیە و بۆ تەعبیرکردن لە هەڵوێستێکى ساکار بەکاردێن.

 لە پشت بەکارهێنانى زەینییانەى ئەم ناوانەوە, جۆرێک لە نکۆڵیى شاراوەش ئامادەیە: بۆنمونە, هەمووکات فەیلەسوف(و زیادەکەى), دەلالەتێکى باش ناگەیەنێت, بەڵکو هێماش بۆ گوتەگەلیکى بێ‌کەڵک و بێ‌کارکرد دەکات. نکۆڵى لەوەى کە قسەى فەیلەسوف(و زیادەکەى) زۆر ناکەونە ناو تخووبى کۆمەڵایەتییەوە. بۆیە ڕێژەى بەکارهێنانى ئەم ناوانەش, کەم و هەڵاوێردە, بەڵام لە ساتى خۆیشیدا حازرە. شوێنگەى ئەم ناوانە, لە شوێنگەى نهێنىی‌ش دەچێت, نهێنییەکى پێشوەخت‌نکۆڵی‌لێکراو: قسەى فەیلەسووفانە و پرۆفیسۆرمەئاب لەوێیە, جاروبار دەردەکەون, زۆڕ ڕوون نیە چییە بەڵام کەسانێک لێى نزیکدەبنەوە و ژێستەکەى دەنوێنن. ئەوەى دەێنوێنێتەوە مەرج نیە کەسێکى شوێنگەدار و بەناوەڕۆک مەعریفى بێت, بەڵکو زۆرجار هەر بکەرێکى ئاسایی ناو کۆمەڵگایە و زمانى باو تێدەپەڕێنێت. ئاخاوتنى بەناو فەیلەسووفانە گەر لە شوێنێکى دوور و بڵندیشەوە بکرێت, ئەوا وەک نهێنییەک کە پێویستناکات بەدوایدا بچین لە جێى خۆیدا کۆتاییدێت. شوێنى ئەم نهێنییە هەر ناو زەین و زمانە و شوێنێکى ڕەسمى و مێژوویی نیە و ڕەنگە هەڵەش نەبین گەر بڵێین لەسەر سنورى قبوڵکردن و قبوڵنەکردندایە. تا ئەو جێیە قبوڵدەکرێن گوزارشت لە قسەى نائاسایی و هەڵوێستى نامۆ بکەن, تا ئەو جێیەش قبوڵناکرێن کە فەلسەفە بێتە ناو پانتایی کۆمەڵایەتییەوە و گەر بۆ نوخبەیەک لە کتێباندا ئیشبکات ئەوا بۆ خەڵکەکە لە دەزگا و ڕەفتار و میدیادا کاربکات. نهێنییەکە پتر لە مەتەڵێکى بەتاڵ دەچێت. شوێنى ڕاستەقینەى ئەم جۆرە ئاخافتنە خۆى ونە, بۆش و نەفیکراوە بەر لەوەى لەش و پۆزەتیڤیتە و جێیەکى دەوڵەمەندى داگیرکردبێت لە ژیانماندا. هەر لە زەینى کوردەوارییانەى ئێمەدا و لە پەیوەند بە میدیاوە زۆرجار هەڵوێستێکى هاوشێوە دێتە پێشەوە کە نهێنى/نکۆڵییەک دەخاتەڕوو پێگەکەى لە مەتەڵێکى بەتاڵ زیاترە: مەتەڵێکە پرسیارکەر بەجۆرێک دەیخاتەڕوو کە پێشوەخت وەڵامەکەى بەگشتى دەزانێت و لە بەشدا ڕووبەڕووى میوانەکانى دەکاتەوە: مەبەستمان ئەو پرسیارە هەمیشەیی و چەندبارەیەیە کە دیمانەکار لە میوان دەپرسێت «ڕات لەسەر عەشق چیە و قەت عاشق بوویت؟», و ميوانيش خۆى لە مەتەڵە زانراوەکە لادەدات و یەکسەر باسى عەشقى نیشتمان و دایک و هاوسەر و لادێکەى خۆیان دێنێتەگۆڕێ. مەتەڵە کەلتورییەکەى دیمانەکارەکە عەشقى ژنە, عەشقێکى پاتۆلۆژیک, بەڵام میوان پێچێک لێدەدات. ئەم دیاردەیەش دیسان تەعبیر لە دەرکەوتەیەکى کەلتورى دەکات کە شتێک فڕێدەداتەدەر. بەڵام عەشق بەراورد بە فەلسەفە دیاردەیەکى جیاوازە, و پێگەیەکى گەردوونیی هەیە و لە مێژووى شەخسى و گشتییشدا ڕۆڵى خۆى گێڕاوە. بەڵام لە میدیاى ئێمەدا, ڕیشە کەلتورییەکەى هەر پاراستووە و لەژێر ناوى عەشقە "سارد"ـەکانى تردا دەشاردرێتەوە. مەتەڵ خۆى ناوکێکى پاتۆلۆژى و فریودەرى هەیە و هەردوولا پێشوەخت لەسەر ئەوە کۆکن گەمەکە لەسەر ناوکێکە. لەم تەنگپێهەڵچنینە میدیاییەدا, خۆدزینەوەیەک لە مەتەڵە کەلتورییەکە هەیە, چونکە عەشق خۆى لە نەخۆشانەترین دۆخدا هەیە بۆیە شاردنەوە و خۆدزینەوەى تێدەکەوێت. لەکاتێکدا پێگەى فەلسەفە و تیۆر هێند ونە کە بەئاسانى وشەگەلى وەک فەیلەسوف و پرۆفیسۆر و هتد لە خەیاڵدانى کوردزمانێکى ئاساییدا تێکەڵدەبن. خاڵێکى جێندەرى بەنیسبەت ئەم دوو حاڵەتەوە ئەوەیە کە لە عەشقدا ژن ئامادەیە و لە تێکەڵکردنى ئەو دوو ناوەدا دەنگى پیاو بە خۆى و جل و ئەدا سەمەرەکەیەوە حازرە و زارەکیبوونیش یەکەم وێنەیە بە زەیندا بێت(چونکە لەم تێکەڵکردنەدا بەدەگمەن تێکست وەک تێکست بیردەکەوێتەوە).  

پرسیارێک بشێت مرۆڤ بیکات ئەوەیە  کە جیاوازى و لێکچوون لەنێوان ئەم تێکەڵکردنە و "لەدەمدەرچوون یان چەوتکارى(پاراپراکسیس)"دا چیە؟ لەڕاستییدا ئەم تێکەڵکردنە جۆرێک نیە لە لەدەمدەرچوون, بەڵکو ڕیتمى ڕێسایەکە. لەدەمدەرچوون جۆرێکە لە پەککەوتنى ڕێسا, ڕێساى ئاخاوتنى ڕۆژانە, بەڵام ئەم تێکەڵکردنە ڕوودەدات و خۆى وەک ڕێسایەک ئیشدەکات. هەڵەیەک نیە تا قسەکەر لێى بگەڕێتەوە, بەڵکو دۆخێکى زەینى-کۆمەڵایەتییە و ڕیشەى درێژخایەنى هەیە و ڕەقهەڵاتووە. گەر لە دەمدەرچوون لە کەشێکى نەستەکییدا ڕووبدات و ئارەزوویەک لەڕێى زمانەوە تێربکات, ئەوا ئەم تیکەڵکردنە لەناو ئاگاییەکى کەلتورییدا ڕوودەدات کە کێشە بۆ هیچ شتێک درووستناکات. لەدەمدەرچوون ڕوودانى ئاوارتەیەکە لە ڕێسایەکدا, بەڵام ئەم تێکەڵکردنە خۆى سەرتاپا ڕێسایەکە و ئاماژەیە بۆ وەدەرنانى فەلسەفە. لێرەدا لەبرى چەوتکارییەک, ڕاستکارییمان هەیە, زەینێکى سەرڕاست کە بەبێ تووشبوونى بە خەلەل شتێک دەنوێنێت و گۆیدەکات و پێشیدا تێدەپەڕێت. لەلایەکى تریشەوە, لەبەردەم ڕێسایەکى کۆمەڵایەتییداین وەک لەوەى لەبەردەم کردەیەکى سوبێکتیڤ و شەخسییدا بین. بۆیە جیاوازییەکە بەسەر لێکچوونەکەدا سەردەکەوێت. لە تێکەڵکردنەکەدا کینەڤینێک دەرهەق بە ناوى فەیلەسوف هەیە, لەلایەکەوە کینە و لەولاشەوە ئەڤین- جووتهەستییەکى هاوکات. گەر بڕیارە شتێکى تیا چەپێنرابێت, ئەوا ئەو شتە هیچ جێیەکى لەم زەینە کەلتورییەدا نیە تا وەک چەپێنراوێک بگەڕێتەوە. بەکارهێنانەکەش سەنگێکى بەلاغى و کاربەڕێکەرى هەیە و هیچى تر. سەرەتاییترین بەڵگەکانیش بۆ ئەمە ڕامانە لە ژیانى کوردەوارى کە هیچ تۆپیک(شوێن)ێکى زەینیی قووڵى بۆ فەلسەفە نیە. کە ئەم تۆپیکە نەبوو, ئیدى وشەکە و زیادەکەشى کارێکى ترى جگە لە کارى خۆیان لەناو زماندا ئەنجامدەدەن و دیارنامێنن.

 

 

 

وەلید عومەر