A+    A-
(650) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى ژیژەک):

ئا. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

دیموکراسی

ماتیو شارپ

 

 

 

   بیری ژیژەک دەرهەق بە دیموکراسیی سیاسی جووتهەستییانە(یان کینەڤینانە: کینە+ئەڤین)یە[1]، یان لە زۆر ڕووەوە جیاوازە. بە دوو دۆخی مەودافراواندا ڕۆیشتووە. لە کارە سەرەتاییەکانیدا کە بە ئینگلیزی بڵاوبوونەوە، بەتایبەت ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا، ژیژەک داکۆکی لە فۆرمێکی ڕادیکاڵی دیموکراسی دەکات، نزیک لە تێڕوانینەکانی ئیرنێستۆ لاکلاو و شانتاڵ مۆفە و یانیس ستاڤراکاکیس. لە ناوەڕاستی نەوەدەکانیشەوە، ژیژەک پتر ڕەخنەی دیموکراسی دەکات وەک ڕژێمێکی سیاسی و وەک دالێک کە دەشێت لە چواردەوریدا هەر سیاسەتێکی ڕادیکاڵ ڕێکخرێت. داکۆکییە سەرەتاییەکانی ژیژەک لە دیموکراسی، ڕیشەیان لەناو پێشگریمانە لاکانییەکان و تیۆریی هێزی سیاسیدایە. بەپێی ئەمە، بەشداریی سوبێکت لە ڕژێمە سیاسییەکاندا بەتەواوی ڕەمزی نیە، یان بەتەواوی لەگەڵ ئایدیاڵە ڕەمزییەکانی ڕژێمەکەدا (ئازادی، حیزب، نەتەوە...) هاوشووناس بێت. ئەم هاوشووناسبوونە ڕیشەی لەنێو "هاوشووناس-نەبووندایە[2]"، سوبێکت تێیدا لەلایەن ڕژێمە ڕەمزییەکەوە نیشتەجێدەکرێت، ئەویش لەڕێی قبووڵکردنی کەمتازۆر کۆمەڵێ فەنتازیای نەستەکی دەرهەق بە چێژی سیاسی. لە بنچینەدا، ئەم فەنتازیایانە ئەویترێک درووستدەکەن کە وای دادەنێین چێژ وەردەگرێت، یان هەڕەشەی دزینی ژویسانس و شێوەژیانمان لێ دەکات- وەک ئەو موسڵمانانەی جۆرج بۆش لە سێپتەمبەری ٢٠٠١دا دڵنیایکردینەوە کە ڕقی لە ئازادیی وانە؛ دەکارین بیر لە دایکە سینگڵەکان و کۆچبەرە نوێیەکان و هتدیش بکەینەوە. بە دیدی ژیژەک، ئەم فەنتازیایانە هەمیشە لە ناوەوەڕا پچڕاون و زۆربەی جاریش هەر هەڵەن، چونکە لەڕاستییدا نوقسانیی ئەویتری گەورە یان نەزمی ڕەمزی دادەپۆشن: ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕژێم، نەتەوە یان جڤاتەکەمان وەک یەکەیەکی پڕ و یەکگرتوو بوونی نیە. لێرەوە ئەرکی ڕەخنەی لاکانی دەرخستنی ئەوەیە چۆن ئەم فەنتازیایانە پچڕاو و ناتەواون، ئەویش لەپێناو هێرشکردنە سەر ئەو پاڵنەرانەی کە وا دەکەن سوبێکت هاوشووناس بێت لەگەڵیان، نەک تەنیا دەرخستنی ئایدیاڵە ڕەمزییەکانیان. لەژێر ڕۆشنایی ئەمەدا، ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا بەرگری لە دیموکراسییەکی سیاسیی ڕادیکاڵ دەکات وەک- بە شێوەیەکی پارادۆکسانە- تاکە ڕژێمێکی سیاسی کە دەتوانێت نوقسانییەکەی خۆی بەدەزگایی‌بکاتەوە. بە پەیڕەوی لە کلۆد لیفۆرت، ژیژەک ئەمە لەو ڕووەوە باسدەکات کە دیموکراسی شوێنی دەسەڵات بە بۆشی دەهێڵێتەوە، ئەوەی پێشتر لەلایەن ئایینزاکان یان پاشاکانەوە داگیرکرابوو. لێرەوە ژیژەک دەنوسێت:

 "دژ بەم چۆڵکردنی شوێنی دەسەڵاتەیە کە دەتوانین ئەو درزە پێوانە بکەین وا "داهێنانی دیموکراسییانە" لە مێژووی دەزگا سیاسییەکاندا خستیەڕوو: دەشێت کۆمەڵگای دیموکراسی وەک کۆمەڵگایەک لەقەڵەمبدرێت وا بونیادەکەی پێکهاتووە لە- لە ئاستی سادە و نۆرماڵی بەرهەمهێنانەوەدا- ساتی نەمانی پێکبەستی کۆمەڵایەتی‌ڕەمزی، یان ساتی تەقینەوەی ڕیاڵ: هەڵبژاردنەکان. لیفۆرت، هەڵبژاردن وەک ئەکتی هەڵوەشانەوەی ڕەمزیی هەیکەلی کۆمەڵایەتی تەفسیردەکات".

هێشتاش بەرگرییەکانی ژیژەک لە دیموکراسییەکی ڕادیکاڵ لە کارە سەرەتاییەکانیدا، پڕ بوون لە ڕەخنە لە لیبراڵ‌دیموکراسیی ڕۆژئاوا. ژیژەک بەتایبەت لە کارە بنەڕەتییەکانی وەک ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا، خێچ‌ڕوانین و هەڵکردن لەگەڵ نێگەتیڤدا، ئارگۆمێنتی ئەوە دێنێتەوە کەوا بەرخۆریی تەشەنەکردووی لیبراڵ‌دیموکراسیی ڕۆژئاوا لەپاش جەنگی جیهانیی دووەمەوە- دژ بە دەزگا سیاسییەکانی خۆی- نوێنەرەوەی فۆرمێکی بەهێز و پەتیی ئایدۆلۆژیایە. بەرخۆری، دوور لەوەی ڕێمان بدات ئازادییمان دەربڕین، بێ‌وەستان فەرمانی سوپەرئیگۆیی "چێژ وەرگرە" دەردەکات، کە هەرکات نەگەینە داوکانی ئیدی سزاماندەدات. لەم کارانەی دوایینیشیدا، ڕەخنەکانی مەودایەکی فراوانیان وەرگرتووە و بوونەتە ڕەخنەکردنی سەرمایەداریی بەرخۆر وەک ڕژێمێکی "پۆست‌ئۆدیپی"؛ کە تێیدا باوەڕی سوبێکت بە خەڵک (جەماوەر) کەمدەکات، دەسەڵاتی ڕەمزی دەبێتە بەرجەستەکەری مۆدێکی لادەر و سەگباوەڕانەی سوبێکتیڤیتە. ژیژەک پێی‌وایە دیوی دووەمی بەشداریی درووستیی سیاسی لە فرەکەلتوریزم و پلوڕالیزمی بەهادا، دڵەڕاوکێن دەرهەق بە نزیکییەکی زیادلەڕادە لە ئەویتر کە پێشتر لەلایەن پەیمانە ڕەمزییە هاوبەشەکانەوە بڕێک دوورخرابووەوە. لەمڕۆدا و لە هەرکاتێک زیاتر تووشی قەدەغە دایکانە بێزارکەرەکان دێین- دەشێت قاوە بخۆینەوە، بەڵام قاوەی بێ‌کافایین؛ دەشێت پەیوەندییەکی کراوەی سێکسیمان هەبێت، بەڵام بە مەنعی سێکسییەوە؛ جگەرەبکێشین تەنیا لەو شوێنانەدا کە دیاریکراون و هتد. ژیژەک پێی‌وایە بێهیوابوون لە درووستیی سیاسی و چەپاندنی ئەنتاگۆنیزمە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن وییەوە، دەچیتەوە سەر هەستانەوەی "پاراسیاسەت"ی ڕاستڕەوەکانی ئەم چەن دەیەی دوایی، کە هەوڵدەدات سنورە ڕەمزی و کەلتورییەکان لەڕێی کۆمەڵێ ئامرازی زۆردارانەوە دامەزرێنێتەوە. پێچە پارامارکسییەکەی ژیژەک لەنێوان ساڵانی ١٩٩٧-١٩٩٩دا گۆڕانێکی بەرچاوی لە ڕەوشی ویدا درووستکردووە، هەم لە بەرامبەر لیبراڵ دیموکراسی‌دا و هەم لە بەرامبەر سیاسەتە دیموکراسییە ڕادیکاڵەکان وەک بەدیلێکی گرنگ. گەر لە ئاستێکی فراواندا بدوێین، ژیژەک پتر بەرگی مارکسییە کۆنەکانی کردووەتەبەر لە ڕەخنەکردنی لیبراڵ دیموکراسیدا، پێی‌وایە سەرخانی ئازادییە لیبراڵییەکان (هی ڕۆژنامەوانی، ویژدان، کۆبوونەوە، گرتنی هەڕەمەکی) پەچەیەکی ئایدۆلۆژیین. ئەوەی دەیشارنەوە چۆنیەتیی شکڵپێدانی ژیانی گشتییە لەلایەن ئازادیی ئابوری، ئازادیی بازرگانی لە بازاڕدا و هێزی پارە و بازاڕیش؛ و لاوازکردنی ئازادییە لیبراڵییەکانی تر، یان بەتاڵیان دەکاتەوە یان فۆرماڵ. لە کاتێکدا خۆی لەودیو ئیمکانی پێشبڕکێی سیاسییەوەیە- ئەویش ئەگەر خۆی ئەڤەتاری ڕیاڵی لاکانی نەبێت وا هەمیشە دەگەڕێتەوە جێی خۆی. ڕەخنەکردنی دیموکراسیی کەپیتالیستی سەروکاری لەگەڵ ئەوەدا هەیە کەوا چۆن ژیژەک گەیشتۆتە ئەو تێگەیشتنەی وا چ شتێک لەڕاستییدا دژ بە هەژموونی ڕژێمی نیۆلیبراڵییە. پێشی‌وایە هێشتا بانگەوازکردن بۆ دیموکراسیی ڕادیکاڵ هیچ کاریگەرییەکی نەبووە- لەڕاستییدا، تەنیا لاسایی تێکدانە ئایدۆلۆژییەکانی لیبراڵیزم دەکاتەوە لە دیاریکردنی ڕۆڵی ئابوریدا- تەنیا [کاتێک کاریگەر دەبێت کە] ئابوری بەسیاسی‌بکاتەوە. ژیژەک دەنوسێت:

"ئێمە دەنگنادەین تا بزانین کێ چیی هەیە، یان پەیوەندیی نێوان کرێکارەکان لە کارگەدا چۆنە. ئەم شتانە جێهێڵراون بۆ ئەو پرۆسانەی لەدەرەوەی بازنەی سیاسییەوەن، وەهمیشە وا بزانین یەکێک بە درێژکردنەوەی دیموکراسی دەکارێت [ئەو پرۆسانە] بگۆڕێت: ئەویش بە گەڕاندنەوەی بانکە دیموکراسییەکان بۆ ژێر کۆنترۆڵی خەڵک". (ژیژەک، دیموکراسی دوژمنەکەیە).

  هێشتاش وی پێی‌وایە پێچی کەلتوری لە تیۆری پۆستمۆدێرنی ڕۆژئاوادا ئابوری لە پرسی ڕەخنەیی و سیاسی بە هەموو جۆرێک دابڕیوە، هەروەک خودی لیبراڵیزم: "ئابوریی لەسیاسەت‌داماڵراو، فەنتازیای بنەڕەتیی نکۆڵی‌لێکراوی سیاسەتی پۆستمۆدێرنە- سەرەڕای ئەوەش ئەکتێکی سیاسیی گونجاو ئابوری بەسیاسی‌دەکاتەوە"(ژیژەک). هەر ئەم هۆکارەیە دەبێتەهۆی جیابوونەوە مشتومڕسازەکەی ژیژەک لە بەرگریکارانی تری دیموکراسیی ڕادیکاڵ: لاکلاو، سایمۆن کریچلی و ستاڤراکاکیس. لە ڕاستیدا و لە لە نزیکی ٢٠٠٦دا، لە دەوروبەری قەیرانە داراییە جیهانییەکەدا، ژیژەک زیاتر و زیاتر دەچێتەوە سەر دیدە پۆست-ماویستییە نەیارەکەی ئالان بادیۆ دژ بە سیاسەتی ڕادیکاڵی "دیموکراسی"؛ لەجیاتی ئەوەشی بانگەشە بۆ ئایدیای کۆمۆنیزم یا دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا بکات یان بانگەشەی ئەوە بکات کە ناوی کۆتا دوژمن سەرمایەداری، دەوڵەت، چەوسانەوە یان هەر شتێکی تر بێت، دەڵێت [دوژمنەکە] دیموکراسییە.

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

نێگەتیڤیتە (نەفێتی)

جۆرج گارسیا کویسادا

 

 

 

وەک گشت (کل)، دەشێت بڵێین فەلسەفەی ژیژەک هەوڵە بۆ بیرکردنەوە لە گۆشەی نێگەتیڤیتەی ڕادیکاڵەوە، ئاوهاش لەجەوهەرداماڵینی[3] خودی فیکری چەمکییانەیە (کۆنسێپچواڵ). گەڕانەوە و دووبارەبوونەوەی کۆمەڵێک چەمکی وەک ناتەواوی، بۆشایی، پارالاکس، درز، برین، خەسان و لەسەنتەرداماڵین و هتد لە تێکستەکانی ویدا، نیشانەی سەنتراڵبوونی نێگەتیڤیتەن لە فەلسەفەکەیدا. جا بەم مانایە، "گەڕانەوە" بۆ هیگڵ لەڕێی لاکانەوە، کە لە کۆی بەرهەمە تیۆرییەکانی ئەم سلۆڤینییەدا بوونی هەیە، دەلالەتە لە خوێندنەوەی هەردوو نوسەر (هیگڵ و لاکان) لە چاوی نێگەتیڤیتەوە. لە لایەکەوە، ژیژەک بە گژ ئەو تەفسیرانەدا دەچێتەوە وا هیگڵ وەک نوسەرێک دەردەخەن کە بیەوێت پرۆسەی دیالەکتیکی لە سەنتێزێکی پۆزەتیڤدا حەلبکات- هەر بۆنمونە بەو چەشنەی ئادۆرنۆ لە کتێبی "دیالەکتیکی نێگەتیڤ"دا مامەڵە لەگەڵ هیگڵدا دەکات. لە لایەکی تریشەوە، ژیژەک جەخت  لە ڕەگەزە دیالەکتیکییەکانی لاکان دەکاتەوە دژ بە لێکدانەوە پۆست‌بونیادگەرەکان کە لە ساڵانی ٧٠ و ٨٠دا لەم دەروونشیکارە نزیکبووبوونەوە. بە دیدی ژیژەک، پێشوەخت لای کانت، بۆشایی نێوان فینۆمیناڵ و نۆمیناڵ جێگەی نێگەتیڤیتە لە ئایدیالیزمی ئەڵمانیی ئەم دواییانەدا دیاریدەکات. و هەرچەندە کانت هێشتا بڕوای وابوو کە شت-لە-خۆیدا شتێکی پۆزەتیڤە لەودیو نواندنەوەوە، کەچی ڕێ بۆ هیگڵیش خۆشدەکات ئەوە ڕوونکاتەوە کە لەودیو فینۆمیناڵ (دیاردە)ەوە هیچ شتێک بوونی نیە- واتە شت-لە-خۆیدا تەنیا وەک نێگەتیڤیتەیەکی ڕادیکاڵ بوونی هەیە. ئەم نێگەتیڤیتە هیگڵییە دەبێتە بناغە بۆ ژیژەک. دیالەکتیک لە تێزێکی پڕ و پۆزەتیڤەوە درووستنابێت و دواتر نەفی‌بکرێت: شەرحێکی بەم جۆرەی تێز، تەنیا بەرەنجامی کردەیەکی پاشەوپاشە، کە بەدەگمەن لە درەنگانێکدا پۆزەتیڤیتەیەکی وەها بەرهەمدێنێت. لەم خاڵەدا، ژیژەک جیاکارییەکی گرنگ دەرهەق بە نێگەتیڤیتە دەخاتەڕوو: لەنێوان نێگەتیڤیتەی دەرەکی و نێگەتیڤیتەی موتڵەقدا. لە کاتێکدا نەفیی یەکەم لە هەمان ئاستی لۆژیکیی تێزدایە-وەک نێگەتیڤیتەیەکی دەرەکی- نەفیی دووەم، کە دەکاتەوە نەفیکردنەوەی نەفیی یەکەم، سەردەکێشێت بۆ نادڵنیایی[4]ەکی تەواو- نێگەتیڤیتەی موتڵەق. بڕیارێکی بێ‌کۆتایە کە هەر دانەپاڵێک و هەر ناوەڕۆکێکی پێشوەخت پێدراویش ڕەتدەکاتەوە. سەنتێز- نەفیی نەفی یان زاڵبوونی دیالەکتیکی- پەیوەندییەکی خەیاڵیی دوورینەوەیە، کە تێیدا پەیوەندیی نێوان تێز و ئەنتیتێز لە ئاستێکی وەهمیدا وادادەنرێت گشتێکی هارمۆنی بێت و نوقسانی و درزی نێوان دژەکان پڕکاتەوە. لەڕاستییدا [سەنتێز] شووناسی دوو دیو یان دوو لا ناچەسپێنێت، بەڵکو جیاوازییەکەیان دەخاتەڕوو. لەبەر ئەم هۆکارە، دژ بەو جێگە سادەیەی لە مێژووی فەلسەفەدا هەیەتی، "زانینی موتڵەق"ی هیگڵی ساتی هیچێتیی پەتییە، کە تێیدا سوبێکت پێشگریمانەکانی هەر بوونێکی پۆزەتیڤ وێڵدەکات. لای هیگڵ، "گەڕانەوە-بۆ-خۆ"ی ڕۆح گەڕانەوە نیە بەرەو جەوهەری پێشووتر، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ خۆیەک یان من‌ێک کە هەمان ئەو من‌ە نیە کە پێشتر لەدەستچووە. کەواتە موتڵەق[5] دەبێتە کۆتایی‌هاتنی لۆژیکیی هەوڵە شکستخواردووەکانی پێشتر بۆ تێگەیشتن لە موتڵەق؛ و زانینی موتڵەقیش دەبێتە ناوێک بۆ ناسینەوەی ئەم لەدەستچوونە ڕادیکاڵە. لێکدانەوە ژیژەکییەکانی دیالەکتیک، وا لەسەر بنەمای نێگەتیڤیتەی ڕادیکاڵ بونیادنراون، لە تیلۆلۆژیا(غایەتگەرایی) یان پێەرەسەندنگەرایی[6] جیادەبنەوە، کە پێویستی وەک وەهمێکی پاشەوپاش دەبینن، یان هەوڵێک بۆ دوورینەوەی نێگەتیڤیتە. کتوپڕێتی، بناغەی هەوەڵینی هەر شووناسێکە، تاکە شووناسی هەر ئۆبێکتێک هەر ئەوەیە دال پێی بەخشیوە[7]؛ ئەم پێ بەخشینی مانایەش لەناو گەمەی هەژمووندایە. کەوابێ، کارکردی دیالەکتیک دەرخستنی خەسڵەتی نێگەتیڤی هەر پنتێکی "واقیعە" و لەکۆتاییشدا دەرخستنی واقیع خۆیشی لەنێو گشتێتییە ساختەکەیدا. لە تیۆرەکانی ئەم سلۆڤینییەدا (واتە ژیژەک)، گشتێتی لە بەرەنجامی نێگەتیڤیتەدا دێتەوەبەرهەم: گەر گشتێتی مانایەکی هەیە، ئەوا بەهۆی ئەو درزەوەیە وا بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی[بە دەربڕینێکی تر، نێگەتیڤیتە مەرجی "پۆزەتیڤ"ی هەموو گشتێکە]. بۆنمونە سەرمایەداری کاتێک مومکینە کە بەرەنجامی درزێکی وەک ململانێی چیانیەتی بێت، جیاوازیی ڕەگەزی تەنیا لەگەڵ شکستی ڕەمزیدا بوونی هەیە: ماسکولین (پیاوانە-نێر) و فێمینین (ژنانە-مێ) دوو بەشی تەواوکەری گشتێک نین، بەڵکو دوو هەوڵی ناکامن بۆ ڕەمزاندنی ئەم گشتە. ئەم دوو نمونەیە ڕوونیدەکەنەوە کەوا بۆچی گشتێتی تەنیا لە گۆشەنیگای نێگەتیڤیتەوە دەشێت ڕوونبکرێتەوە. گشتێتی ئەنجام(effect)ی دژیەکییەکە. دەروونشیکاری نێگەتیڤیتەی ناو ئایدیالیزمی ئەڵمانی وەردەگرێت و نوێشێ دەکاتەوە، لە پێناسەکردنی سوبێکتی درزبردوو[8]ەوە وەک بۆشایی یان درزێکەوە دەست پێ دەکات. لە سەروەختی فرۆیدەوە، نێگەتیڤیتەی موتڵەق هاوتا بووە لەگەڵ پاڵنەری مەرگدا، واتە لەگەڵ دووبارەکردنەوەی ناچاریدا. ئەم نێگەتیڤیتە باڵادەستە لە تیۆرەکانی لاکاندا پەرەی پێ درا، کە تێیاندا- بە دیدی ژیژەک- سوبێکت وەک درزێک دەردەکەوێت کە دەبێ لەلایەن ئایدۆلۆژیاوە بدوورێتەوە. لە دەروونشیکاریی لاکاندا، تەنانەت فالوسیش جۆرێکە لە نکۆڵی کەوا خاڵییە لە هەر جەوهەرێک. خەسڵەتی درزبردوویی سوبێکت، دەشێت وەک نێگەتیڤیتەی تۆماری دەروونشیکاری بێت کە لەسەری بنیاتنراوە: ڕیاڵ ناوی زەقترین نێگەتیڤیتەیە، ئەویش چونکە دژ بە ڕەمزاندن (بەڕەمزیکردن) دەوەستێتەوە. لەڕێی هەمان شتەوە، ژیژەک ڕوونیدەکاتەوە کەوا تێپەڕاندنی فەنتازیا نەک تەنیا قبووڵکردنی نوقسانیی خەیاڵییە، بەڵکو قبوڵکردنی نوقسانیی ڕەمزیشە (ئەویتری گەورە).  هەژاریی سوبێکتیڤ-پرۆسەی لەنهێنی‌داماڵین- کاتێ ڕوودەدات سوبێکت درک بە ناتەواوی و نوقسانیی ئەویتری گەورە بکات. هەر بە وێنەی دەروونشیکاری، لە مارکسیزمیشدا دۆخی ئیپیستمیی نێگەتیڤیتە زاڵە، ئەویش لەو کاتەوە کە حەقیقەت لە هەردووکیاندا لە خەلەلێکەوە درووستدەبێت؛ لەم دوو تیۆرەدا [مارکسیزم و دەروونشیکاری]، خەبات دژی ڕیڤیزیۆنیزم بوونی هەیە. پرسیار دەرهەق بەو جێیەی قسەی لێوە دەکەن، پشگیریی درووستیی ناوەڕۆکی دەربڕاوەکانیان دەکات. ڕەخنەکردنی ئایدۆلۆژیا پێویستە ئەو درزە هەڵداتەوە کە ئایدۆلۆژیا دەخوازێت بیدوورێتەوە، ئەو نێگەتیڤیتە دەرخات کە لەبن بەرهەمهێنانی مانایی ئایدۆلۆژیاوەیە. کەواتە ڕەخنەکردنی ئایدۆلۆژیا گەرەکە لە بۆشاییەوە بێت، نەک پێناسەیەکی پۆزەتیڤ؛ پۆزەتیڤکردنەوەی ڕەخنە واتە کەوتنەوە نێو ئایدۆلۆژیا. بە دیدی ژیژەک، تاکە ڕیگەیەک بۆ ئەوەی نەکەوینەوە نێو ئایدۆلۆژیا ئەوەیە گرژییەک لەنێوان ئایدۆلۆژیا و واقیعدا بهێڵرێتەوە، هەرچەندە ئەم دووانەش وا بەئاسانی جیاناکرێنەوە. ئەم نوسەرە ئەو دۆخە ناودەنێت "ناکۆکیی عەقڵی ئایدۆلۆژی-ڕەخنەیی". بەم مانایە، تیۆریی مارکسی گونجاوترینە بۆ بیرکردنەوە لە پرسی کۆمەڵایەتی، چونکەململانێی چینایەتی کۆتا دال نیە مانا بە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بدات، بەڵکو ئیمکانی کۆمەڵگایە. ململانێی چینایەتی سنورێکی دیاریکراوە، نێگەتیڤیتەیەکی ڕووتە، سنورێکی تراوماییە وا ڕێ لە کۆتا یەکبوونی پانتایی کۆمەڵایەتیی ئایدۆلۆژی دەگرێت. نوێنەرەوەی "نە-هەموو"ە کە تێیناگەین ئیللا لەڕێی ئەنجامەکانییەوە نەبێت، وەک هۆکارێکی لەدەستچوو نەبێت. لە بەرامبەردا، لە فەنتازیای ئایدۆلۆژی‌دا مەحاڵێتیی کۆمەڵگا وەک بەربەستێکی دەرەکی وەردەگیرێت: جووەکان لە ئەورووپا، ڕەسەنەکان و کۆمۆنیستەکان لە فەنتازیای ڕاستڕەوەکانی ئەمریکای لاتیندا. ژیژەک سەرنجێکی ورد دەخاتە سەر ئەوانەی ڕەخنەی نێگەتیڤیتە دەکەن لەپێناو جیاوازیدا-پرسێک کە لە فەلسەفەی قاڕەیی ئەم دواییانەدا هەبووە- بەتایبەت لە کارەکانی ئیرنێستۆ لاکلاو و ژیل دۆڵۆزدا. یەکەمیان لۆژیکی جیاوازی دژ بە لۆژیکی هاوتایی دەخاتەڕوو(کە بە دیدی وی نێگەتیڤیتەی هیگڵیش لەخۆدەگرێت)، پێی وایە کە تەنیا لە یەکەم حاڵەتدا-کاتێ ڕووبەڕووی دووەم دەکرێتەوە- ئەنتاگۆنیزم لە نێوانگرییەکی باڵای ئێکخەردا ڕەتناکەنەوە. سەبارەت بە دۆڵۆزیش، ڕەخنەکانی وی لە نێگەتیڤیتە، لە پێگەیەکی پۆزەتیڤی ڕەهاوە دێن: هاونوسەری وی [فیلیکس گواتاری] لە ئەنتی ئۆدیپدا دەڵێت دیالەکتیک جیاوازی دەخاتەژێر هەیمەنەی شوناسەوە، پێشێلیدەکات بە کورتکردنەوەی بۆ هاوچەشنی. دژ بەم تێڕوانینانە، فەیلەسوفە سلۆڤینییەکە جیاکارییەکانی خۆی لەنێوان نێگەتیڤیتەی دەرەکی و نێگەتیڤیتەی موتڵەقدا دەخاتەڕوو: لە کاتێکدا یەکەمیان پێی‌وایە ئەم زاراوانە بناغەیەکی هاوبەشیان هەیە، کەواتە دژبەرییەکی وەها لە نێگەتیڤیتەی موتڵەقەوە دێت. دژبەریی نێوان دوو لۆژیکەکە هەبوونی پێشوەختەی لۆژیکیی ئەو زاراوەمان بۆ دەردەخات کە ئاماژە بە ناچونیەکیی یەک(the One) دەکات لەگەڵ خۆیدا. کەواتە، لە کۆتاییدا بەرامبەرکێی لاکلاویی نێوان لۆژیکی ئەنتاگۆنیزم و لۆژیکی جیاوازی هەڵەیە: "هاوتایی لە بنەڕەتدا دژی جیاوازی نیە، هاوتایی بۆیە پەیدادەبێت لەبەر ئەوەی هیچ سیستەمێکی جیاوازی ناتوانێت خۆی تەواو و کامڵ بکات، و [هاوتایی] ئانجامی بونیادیی ئەم ناتەواوییەیە". و دژ بە ڕەخنەکانی دۆڵۆز، ژیژەک ئەوە دەخاتەڕوو کەوا نوقسانیی نێگەتیڤیتەی موتڵەق بە شێوەیەکی ڕیترۆئەکتیڤ لە تێزدا بەپۆزەتیڤ‌دەکرێت. بە پەیڕەوی لەم تێزە ژیژەکییە، نێگەتڤیتە بناغەی سیاسەتە. بە نوقسانیی ئەویتری گەورە، سیاسەت لە ئەکتی خەرەندئاساوە سەرهەڵدەدات، بەبێ هیچ گەرەنتییەکی دەرەکیش؛ کەوابێ سیاسەت لەڕێی دانانی شادالێکەوە مانا بەرهەمدێنێت و خۆی لەڕێی نێگەتیڤیتەیەکی ڕادیکاڵەوە پۆزەتیڤ دەکاتەوە. لەم پنتەوە، ئیتیک دەچێتە ژێر باری سیاسەتەوە؛ تەنیا لەم ئەکتەوەیە مۆراڵی پۆزەتیڤی سیستەمێک دەشێت درووستببێت.

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Ambivalent

[2] Dis-identification

[3] Desubstantialize

[4] Uncertainty

[5] The Absolute

[6] Evolutionism

[7]  واتە هەر ئۆبێکتێک کاتێ شووناس وەردەگرێت کە خۆی بداتە پاڵ دال‌ێک. بۆنمونە، دیوە فیزیکی و ڕەقوتەقەکەی جگەرە کاتێک شوناسێکی دەبێت کە خۆی بداتە پاڵ دالی "ج گ ە ر ە"- و

[8] Barred subject