A+    A-
(870) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى ژیژەک):

ئا. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

فەنتازیا

ئادەم کۆترێڵ

 

 

 

 

  هەروەک زۆرێک لە تیۆرە بنەڕەتییەکانی ژیژەک، فەنتازیاش لە کار/چەمکە دەروونشیکارییەکانی فرۆید و لاکانەوە دێن. فەنتازیا لای فرۆید، لە ساڵی ١٨٩٧ و لە دۆزینەوەی یادەوەریی لەخشتەبردنەوە دەردەکەوێت، کە دەشێت بەرەنجامی فەنتازیای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینەی توندوتیژیی سێکسی بێت. لە عەقڵی باودا، فەنتازیا ئاماژەیە بە جیابوونەوە لە واقیع، بونیادێکی چیرۆکئاسایە و ئا بەم چەشنەش لە بەرامبەر واقیعدایە. کەشفەکەی فرۆید لە بەرامبەر ئەم تێگەیشتنەدا دەوەستێتەوە. لە دیدی دەروونشیکارییەوە، پرسی واقیع کێشەدارە کاتێک وەک ئەزموونێکی ڕەسەن یان بێ‌نێوانگر بۆ سوبێکت باسدەکرێت. تێگەیشتنێکی درووستتر بۆ واقیع ئەوەیە وا واقیع پێشوەختە لە ئارەزوو هەڵژەنراوە. کەوابێ، واقیع پێشوەخت پرۆسەیەکی سوبێکتیڤە لەلایەن ئارەزووەوە نێوانگیرکراوە و لەڕێی گوتارەوە درووستکراوە. فەنتازیا وەک ئەو سەحنەیەیە کە ئارەزوو لە خەیاڵی سوبێکتدا دەچەقێنێت. لەبەر ئەم هۆکارە، لاکان لە سیمیناری چواردەیەمینیدا (لۆژیکی فەنتازیا) دەڵێت: "ئارەزوو جەوهەری واقیعە". خاڵە بنەڕەتییەکەی لاکان ئەوەیە کە فەنتازیا چوارچێوەیەکە بۆ ئارەزوو، هاوکاتیش ماترێکسێکە سوبێکت لێیەوە دەست بە ئارەزووکردن دەکات. بە دیدی ژیژەک، فەنتازیا پرۆسەی جێبەجێکردن و تێرکردن نیە، بەڵکو سەحنەیەکە بۆ ئۆبێکتێکی هەڕەمەکی وا نوێنەرەوەی هێزی ئارەزووە. پێشگریمانە بنەڕەتییەکەی ئەم تێزە ئەوەیە ئارەزوو شتێک نیە پێشوەخت درابێت؛ بەڵکو، پێکەوەنراوە[1]. ئاوها، فەنتازیا ئەو بونیادەیە کە چوارچێوەکانی ئارەزووی سوبێکت ڕێکدەخات. واتە، فەنتازیا ئۆبێکتێکی ون و شاراوە دێنێتە بەردەست ئارەزووەوە تاکو بچەقێت لەسەری و پێگەی سوبێکتیش لە پەیوەند بە ئارەزووەوە دیاریکات. ئەم ئۆبێکتە وەک ئۆبێکتی a کاردەکات یان ئۆبێکت-هۆکاری ئارەزوو. ئەم ئۆبێکتە بونیادی ئەزموونەکانی سوبێکت لە جیهاندا دادەڕێژێت، ئەویش کاتێک ئێمە ئەم ئۆبێکتە وەک شتێکی زیاد لە خەسڵەتە مادییەکانی تەماشابکەین. ئەو ئۆبێکتەی کە سوبێکت ئارەزووی دەکات و دواجاریش فەنتازیاکانی داگیردەکات، دەبێ بکەوێتە ئەو وەهمەی گوایە لە ماتریاڵێکی پڕاگماتی زیاترە. لەڕێی ئەم بونیادەوەیە دیاریدەکرێت کە ئەم ئۆبێکتە شتێکە زیاد لە ماتریاڵیتە، ئەویش کاتێک وا بڕیارە ئەو ئارەزووە تێرکات کە پێویستییەتی. ڕۆڵی فەنتازیا دووقاتە: گشتەکی (کلی) و بەشەکی (جزئی). فەنتازیا گشتەکییە بەو مانایەی ئارەزوو ئاڕاستەی دەرکەوتەیەکی فیزیکیی ئارەزووهەڵگر دەکات. ئەوەشی بۆ هەر سوبێکتێک بەشەکییە ئەو شێوە پەیوەندییەیە فەنتازیا لەگەڵ تراومای نوقسانیی لکێنراو بە ئارەزووەوە دەیڕسکێنێت. ئەو نوقسانییە بونیادنەرەی وا بڕیارە ئۆبێکتێک پڕیکاتەوە، وەک سەحنەیەک کاردەکات کە ئاڕاستەی فەنتازیا دەکات، ئەمەش وا لە ئارەزوو دەکات ببێتە قەڵغانێک تاکو سوبێکت لە تراومای خودی نوقسانییەکە بپارێزێت. بەم چەشنە، فەنتازیا لکاندن و بەردەوامییەکی خەیاڵی بە واقیع دەبەخشێت تاکو ئەو نوقسانییە پڕکاتەوە وا واقیعی کۆمەڵایەتی دەڕسکێنێت[2]. لەپاڵ ئەمانەشدا، گرنگترین کۆمەکی ژیژەک بەم ئایدیا فرەتیۆریزەکراوە دەرخستنی ئەوەیە کە فەنتازیا وەک بونیادێکی سیاسی کاردەکات. دەریدەخات کە چۆنچۆنی فەنتازیا درزە ئایدۆلۆژییەکان دادەپۆشێت و ڕێ بۆ چوونەناو ژویسانسی قێزەون خۆشدەکات؛ دەشڵێت شکست لە ڕوونکردنەوەی جەوهەری باوەڕی سیاسی هاوتای شکستی باوەڕ نیە لەسەر ئێمە. لەجیاتیدا، ئایدۆلۆژیا سیاسییەکان ئامڕازێک دەدەنە سوبێکت تاکو جیهان بە شێوەیەک ببینن تێیدا خودی شکستەکە ببێبتە بەڵگەی ئەوەی وا ئایدۆلۆژیاکەیان چەنێ بڵندە. فەنتازیا بە دەقیقی لەو جێیەدا خزمەتی سیاسەت دەکات کە هەر گروپێکی سیاسی، دیدگای خۆی وەک ئۆبێکتی فەنتازیی زێدەسیاسی[3] لەناو نەتەوە، کەلتور یان ئاییندا بخاتەڕوو. گەر وا نەبێت، گەرەکە ئۆبێکتی فەنتازیی ئایدۆلۆژیاکان لەگەڵ هی تردا ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت. سەرەنجام، بە دیدی ژیژەک فەنتازیا دەڕواتە ئەدیو نەزمە ڕەمزییە ئاساییەکانەوە، کەواتە تێپەڕاندنی فەنتازیا بە مانای ڕزگاربوون نایەت لێی، بەڵکو زیاتر چوونەناویەتی. کەواتە، فەنتازیا کۆمەکی سوبێکت دەکات لە داهێنانی ڕێگەیەکدا تاکو لەو تێرنەبوونانە هەڵبێت وا داواکانی واقیعی کۆمەڵایەتی لەڕێی کۆمەڵێ ئۆبێکت یان ئایدیا (ئازادی، برایەتی، کڵێسا)ەوە دەبنە سەبەبی.  بەم مانایە، فەنتازیا بونیادێکی دەروونناسییانەیە کە خۆی لە فۆرمێکی فینۆمینۆلۆژییانەدا دەخاتەڕوو. لە کاتێکدا فەنتازیا خودی ئۆبێکتەکەمان ناداتێ، بەڵام دەمانگەیەنێتە دەرەنجامێکی نزیک[4]: وێنای بەدەستهێنانی ئۆبێکت، بەدەستهێنان دەکاتە ئیماکانێک. فەنتازیا ژویسانس ڕیکدەخات و خۆماڵیشیدەکاتەوە؛ ئەو ژویسانسەی چوارچێوەی ئەزموونی واقیعیی ئێمە دیاریدەکات. کەواتە ئەم بونیادە –ئەو ئۆبێکتە هەڕەمەکییەشی دەیبزوێنێت- وەک بەرگرییەک کاردەکات دژ بە لەدەستچوونە تراوماییەکەی ژویسانس لە سەروەختی چوونەناو نەزمی ڕەمزیدا[5]. لە بەرامبەردا، فەنتازیا ڕووپۆشێکی ڕوونترە بەسەر واقیعی کۆمەڵایەتییەوە، بەم چەشنەش لەڕێی لەسیاسەت‌داماڵینی جەستەی کۆمەڵایەتی بە ئامانجی قبووڵکردنی ئایدۆلۆژیای حاکم، بارگرژی کەمدەکاتەوە. کەواتە فەنتازیا جەستەی کۆمەڵایەتی لەوە لادەدات ڕاستەوخۆ بە ناکامییەکانی نوقسانی بکەوێت. هەرچەندە نوقسانی ڕۆڵێکی بونیادنەر دەگێڕێت بۆ هەر سوبێکتێک، لەپاڵ ئەوەشدا لایەنگریی جەستەی کۆمەڵایەتی دەتوانێت هاوکار بێت لە ڕسکاندنی کۆمەڵگایەکدا وا وەک بەرهەمێکی زیادە مامەڵە لەگەڵ ناکامی و تێرنەبوونی داواکانی واقیعی کۆمەڵایەتیدا بکات. کەواتە فەنتازیا ڕێگایەکە تاکو درزبخرێتە یەکێتیی سیاسی ئەویش لەڕێی تیشکخستنەسەر تێربوونی تاک؛ ئەمیش بەرەنجامی وێناکردنیەتی وەک بەڵێنی ئۆبێکتەکە. مادەم فەنتازیا بەڵێنی تێرکردن دەدات وەک بەشێک لە ئۆبێکت، وا تێدەگەین وەکبڵێی ئۆبێکتەکە بەشێکە لە خۆمان. ئەو چێژەی لەم وێنە فەنتازییەوە وەدەستدەخرێت، دەهاوێژرێتە مل ئەویتر. وەک ڕێگایەک بۆ چەپاندنی ئایدیای سوبێکتی نانوقسان، ئەو سوبێکتەی فەنتازیای دەکەین و وەک ئیمکانێک وەریدەگرین، ئەو چێژەی کە نیمانە دەیهاوێژینە مل ئەویتر. ژیژەک پێی وایە ئەمە سوبێکت دەخاتە پێگەیەک وا لە ئەویتر تێبگات کە لەبری ئێمە چێژ وەردەگرێت. مادەم دەتوانین فەنتازیای چێژێکی مەحاڵ بکەین، ئەوا بەهەڵەش ئەم مەحاڵێتییە دەدەینە مل ئەویتر و پێمان وایە دەستی بە چێژێکدا دەگات وا ئێمە ناتوانین هەمانبێت؛ بەڵکو تەنیا دەتوانین وێنای بکەین. فەنتازیا توانامان دەداتێ تاکو ئارەزوو خۆمانە بکەینەوە، ئەویش لەپێناو پڕکردنەوەی ئەو نوقسانییەی کە بە دەگمەن پێمان وایە ئەزموونێک بێت لەودیو خۆمانەوە. جیاکاریی لەنێوان چێژی مەحاڵی خۆمان و دۆخی نانوقسانی ئەویتر، ڕێ بۆ توندوتیژییەک خۆشدەکات وا پشت بە وێرانکردنی ئەو چێژە دەبەستێت کە پێمان وایە ئەویتر لەسەر حسابی ئێـمە بردوویە. لۆژیکی فەنتازیا لە پەیوەند بە نوقسانییەوە بەم جۆرەیە، گەر من نوقسانم، ئەوە لەبەر ئەوەیە ئەویترێکی خراپ و بەد شتێکی لێم بردووە؛ ئا بەم جۆرەش نوقسانیی نوقسانی (نوقسان نەبوون)، دەبێتە ئۆبێکتی خاوەنداری لە سەرمایەداریدا. ئەم تێچێنە کۆک دەمێنێتەوە لەگەڵ ئەو ڕایەی ژیژەکدا کە پێی وایە فەنتازیا دەبێتەوهۆی هەر وەدەرنانێک: ڕاسیزم، سێکسیزم، گەنج‌پەرستی[6]، هۆمۆفۆبیا و ئەوانی تر. ئەم دۆخە قەوارە نانوقسانە فۆرمی کەسێک یان شتێک وەردەگرێت، دواجار ئێمەش لەڕێی ئوستورەیەکی کەلتوری یان ئایدۆلۆژیای سەرمایەدارییەوە لێی تێدەگەین. سەرەنجام، فەنتازیا ئەو وەهمەمان دەداتێ کە ئەو ئۆبێکتەی بەدوایەوەین ناڕەحەتییەکانی نوقسانی ناهێڵێت. لە فۆرمولەیەدا، ئارەزوو لە پاڵنەر جیاکراوەتەوە، چونکە ئۆبێکتی فەنتازیامان سەردەخات و خۆی وەک چارەسەری نوقسانی دەردەخات. لێرەدا، کارکردی ئارەزوو چوونەسەر ئۆبێکتی فەنتازیاکانمانە، بەڵام پاڵنەر "تێردەبێت" لەڕێی گەڕانی بەردەوام بەدوای ئۆبێکتەکەدا. واتە، پاڵنەر جووڵەیەکی بازنەیی دووبارەوەبووی هەیە بەڵام ئارەزوو پشت بە چۆنێتیی ئۆبێکتەکە دەبەستێت (واتە دەچیتە سەر ئۆبێکتەکە بەپێی چۆنێتییەکەی). ئۆبێكتی ئارەزوومان و ئەو فەنتازیایەشی پاڵپشتی دەکات، بە دوو ڕێگە کاردەکەن: (١) وەک ئەو جێیەی کە سوبێکتی مرۆیی تێیدا سەرمایەگوزاری دەکات لەپێناو بەدەستهێنانی ئەو چێژ (ژویسانس)ەدا وا دۆخی نانوقسانی بۆ سوبێکت دەگەڕێنێتەوە، ئەمەش دواجار سوبێکت لەگەڵ وەزعەدا ڕادێنێت. (٢) وەک بەڵێنێکی هەڕەمەکی و فەنتازیی دۆخی نانوقسانیی نەبوو، کە چێژێکی بەشەکی دەکاتە جێگرەوەی چێژێکی گشتەکی، دواجار ئەمیش هیچ گەرەنتی و بەرهەمێکی نیە. ئارەزوو بەردەوام لەم ئۆبێکت بەرەو ئەو ئۆبێکت دەڕوات، چونکە درووستبوونی هەر فەنتازیایەکی نوێ شکستدێنێت لە تێرکردنمان (ئەو تێرکردنەی کە چاوەڕێی بووین). بەم مانایە، فەنتازیا وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئارەزوو وامان لێ دەکات بەردەوام بەدوای ئەو قەرزە مەحاڵەدا بڕۆین کە هەر ئۆبێکتێک بۆمان دەنوێنێتەوە. مادەم سوبێکت نوقسانی لە ئۆبێکتێکی ئەزموونیدا نیە، بە هەڵە لێی تێگەیشتوون و وەک وایە بڵیی کاتەگۆرییەکی نێگەتیڤە وا دەشێت پڕکرێتەوە. سوبێکت نوقسانە، بەس ئەوەی تێیدا نوقسانە هیچە و هەموو ئۆبێکتێکیش شکستدێنێت لە تێرکردندا، چونکە هەر شتێک[ی بەسیت] تەرحدەکات.

 

 

 

 

 

ئەویتر/ئەویتری گەورە

سیندی زایهەر

 

 

هەردوو چەمکی ئەویتری گەورە یان ئەویتر لەلایەن لاکانەوە داتاشران تاکو داخڵبوونی سوبێکت بۆ ناو نەزمی ڕەمزی پیشانبدەنەوە. لە دیدی لاکاندا ئەویتر نوێنەرەوەی وێنەی ئایدیاڵ ئیگۆیە لای سوبێکت و ئەویتری گەورەش تایبەتمەندە بەوەی چۆن ئەویترێتی لە پانتایی ڕەمزیدا نێوانگیرکراوە (دیلان ئیڤانز). هاوشانی لاکان، ژیژەکیش ئەویتری گەورە وەک بەرجەستەکەری دژیەکییەکانە، ئەویش لەوەدا کە وەهمێکە بەڵام لە هەمان کاتدا وەهمێکی زەرووریشە چونکە پرۆسەی سوبێکتیڤیزاسیۆن (بەسوبێکت‌بوون) تێیدا ڕوودەدات. ژیژەک پێی وایە مادەم سوبێکتەکان پێداگرن لەسەر باوەڕهێنان بە ئەویتری گەورە، وان بەردەوام وا ڕەفتاردەکەن "وەکبڵێی" بوونی هەیە[1]. ژیژەک بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە، دەپەرژێتەوە سەر حەکایەتە کلاسیکەکەی "جلە نوێیەکانی پاشا"؛ لەوێدا هەموان وا ڕەفتاردەکەن وەکبڵێی پاشا ڕووت نیە، بەڵام لەڕاستییدا سووریش دەزانن ڕووتە[2]. ڕەفتارکردن "وەکبڵێی"، ئەکتی نکۆڵیکردنە کە پێکڤەژیانی سوبێکت لێل ئەوانی تردا لە جیهانی کۆمەڵایەتیدا دەڕەخسێنێت. ئایدۆلۆژیا دیمەنێک بە ئەویتری گەورە دەبەخشێت کە لەلایەن پڕاکتیس و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنوێنرێتەوە، ئەمە سەرەڕای پچڕان و دژیەکی و نوقسانی لە یەکگرتن[ی تەواوەتیدا]. ئەو هێزە ڕێکخەرانەی لەلایەن ئەویتری گەورەوە بەسەر ئێمەدا دەسەپێنرێن، هەمان ئەو ڕێسا و نەریت و مەعریفە و نەریتانەن وا کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەن. ئارەزوومان لەپێناو نیگای ئەویتری گەورەدا هێند بەهێزە، لە پرۆسەکانی بونیاتنانە ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکاندا هاوکارمان دەبێت لە درووستکردنی وەهمی ڕەمزیدا؛ هەر بۆنمونە، باوەڕهێنان بە خودا. بە تێڕوانینی ژیژەک، ئایدۆلۆژیا بە شێوەیەکی نەستەکی کاردەکات تاکو ڕێساکانی یاسا بڕسکێنێت. هێشتاش ئایدۆلۆژیا هەر واقیعێکی ساختە درووستدەکات، ئەویش لەبەر ئەوەی پێداگرە لەسەر ئەوەی سوبێکتەکان دەبێ باوەڕ بە وەهمەکانیان بکەن. ژیژەک ئازادی وەک نمونەیەکی ئاگایی ساختە تەرحدەکات، چونکە "ئەو زمانەمان نیە کە نائازادییەکەی خۆمانی پێ دەربڕین"(ژیژەک). لکانێکی بەم چەشنە بە ئەویتری گەورەوە جۆرێکە لە فریوخواردنی دەستەجەمعی یان فەرامۆشکردنێکی ساختە، لەمەشدا بۆ ئەوەی لەو نماییشە بەردەوام بین و پێمان وا بێت ئەویتری گەورە بوونی هەیە، داتاشینی فەنتازیا زەروورە. ژیژەک پێی وایە ئامڕازەکانی ئەویتری گەورە ئایدۆلۆژین، [بەڵام] وەک واقیعێکی ئیتیکی خۆیان دەردەخەن. ئێمە بەشدارین لەوەی بەردەوام نەهێڵین ئایدۆلۆژیا دەرکەوێت، چونکە خۆمان هەر بە بۆنەی ئەمەوەیە دەتوانین وا ڕەفتاربکەین وەکبڵێی ئەویتری گەورە بوونی هەیە تاکو لەگەڵ ئایدۆلۆژیاکاندا لەناو نەزمی کۆمەڵایەتیدا پاڵپشتمان بن. مادەم دەشزانین ئەویتری گەورە هیچ گەرەنتییەک ناخاتەڕوو، فەنتازیا دێت و کاتەگۆرییەکی یارمەتیدەری سیاسییمان دەداتێ، تێیدا دەتوانین بەدوای ئەو پێگانەی سوبێکتدا بگەڕێین کە ویردی "دەبێ گوێڕایەڵ بیت"ی ئەویتری گەورەی تێدا ڕووپۆشدەکرێن. سوبێكت بەدوای یاساکانی ئەویتری گەورەوەیە، چونکە پێی وایە ڕۆشنکەرەوەن بۆی، هێشتاش فەنتازیا بۆ ئەوەی ئیشکات، دەبێ جیهان لەو فەنتازیایە جیاکرێتەوە کە ڕایگرتووە. ژیژەک بەردەوامە لە شوێنکەوتنی لاکان لە جیاکردنەوەی ئەویتری گەورە لە ئەویتر تا ئەو جێیەی کە ئەویتر ناکرێ ببێتە ئیگۆ-ئایدیاڵی سوبێکت. ژیژەک دەڵێت، کاتێ سوبێکت بە دڵەڕاوکێوە هەوڵدەدات پەیوەندییەک لەگەڵ ئارەزووی ئەویتردا درووستکات، ڕاستەوخۆ ژویسانس دێتەناو. ئارەزوو بۆ ئەوەی ڕامانکێشێت و دڵەڕاوکێ(anxiety)ش بۆ ئەوەی بەشدار بێت، گەرەکە ئەویتر کۆی پانتایی ڕەمزی گرتبێت: "لەم بارودۆخە سەختەی دڵەڕاوکێی تەواوەتیدا و کاتێ دەزانم ئەویتر شتێکی لێم دەوێت و بەبێ ئەوەی بزانم ئەم ئارەزوو چیە، من فڕێدەدرێمەوە بۆ ناو خۆم، ناچار دەبم مەترسییەکانی ڕێکخستنێکی ئازادانەی ئارەزووەکانی خۆم ڕەچاوبکەم" (ئەکت و هەڵبەزودابەزەکانی). ئەویتر هەنێ خەسڵەتی ڕاستەقینەی هەیە، ئەمانەش دالەکانن کە قسە بۆ سوبێکت دەکەن. بەس بۆ ئەوەی ئەویتر ببێتە ئەویتری گەورە، دەبێ کارکردێکی ڕەمزی هەبێ کە سوبێکتیش لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە چالاک بکات. ئەویتری گەورە  لە پانتایی ڕیاڵدایە، ژیژەک وەک ئەویتری ئەویتر پێناسەی دەکات. ژیژەک دەگەڕێتەوە بۆ فۆرمولەکەی لاکان "ئەویتری ئەویتر بوونی نیە"، ئەویش بۆ خۆلادان لە ئەویتری گەورە. ئەویتری ئەویتر باوەڕە بە پلانگێڕێکی ڕاستەقینەی نادیار، ئەو کەسەی هەموو شتەکان بۆ خۆی دەقۆزێتەوە، ئەمە لە کاتێکیشدا بە ڕووی هەر دەزگایەکی کۆنترۆڵکردنی مەعریفە و سەرچاوەکان و هێزەکانی بازاڕدا سەگباوەڕانە ڕەفتاردەکات. بە دیدی ژیژەک، هەر کاتێک سوبێکت وێنای سیناریۆیەکی کرد کە دەشێت واقیعی ڕەمزی بێت، ڕەوش و پایەی ئەویتری گەورە دەستدەکات بە هەڵوەشانەوە. ژیژەک دەڵێت باوەڕ بە ئەویتری ئەویتر جۆرێکە لە پارانۆیای کەلتوری: "لە بەرامبەردا، بونیاتنانە پارانۆیدەکە هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی خۆمان، بۆ ئەوەی خۆمان لە نەخۆشییە ڕاستەقینەکە ڕزگارکەین، کۆتایی جیهان، تێکشکانی فەزای ڕەمزی" (ژیژەک). نەزمی ڕەمزی بۆ سوبێکت دەگۆڕێت چونکە ئەویتری گەورە پارچەپارچە دەبێت. ئەویتری ئەویتر تەرحی خۆپاراستن دەکات لە هەڵوەشانەوەی ئەویتری گەورە. لێرەدا، ئەویتری گەورە وەک تارماییەکی ئایدۆلۆژی دەگەڕێتەوە کە پچڕان و پارچەکانی خۆی بۆ سوبێکت دەردەخات. ژیژەک پێی وایە سوبێکت بە نزیکییەکی زیادلەڕادەی لە ڕیاڵ فریودەخوات، باوەڕی خۆی لەگەڵ سەگباوەڕیدا تێکهەڵکێش دەکات؛ بەمەش مەرگی ئەویتری گەورە دێنێتە ئاراوە. ئەمەش یەکێکە لە سەمپتۆمە هاوچەرخەکان کە لە وتەکانی ژیژەکدا ڕووندەبنەوە "دەشێت یەکێ باوەڕی بە خێو و تارمایی هەبێ بەبێ باوەڕێکی ئایینی". ژیژەک پێداگرە لەسەر ئەوەی سەگباوەڕە مۆدێرنەکان گەشاوەترین باوەڕدارەکانن. باوەڕ بەشێکە لە تارمایی ئایدۆلۆژی و لە ڕەوش و دۆخە کۆمەڵایەتییەکان، کارکردنی میدیا، تەکنەلۆژیا، پیشەسازیی چێژ، بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی مەعریفەدا خۆی بەیان دەکات. بە تێڕوانینی ژیژەک، هەرکات باوەڕ لە ئەویتری گەورە گلا، ئەوا سوبێکت ئیجازەی هەیە ئەو شتانە بەرجەستەبکات کە پێشتر نکۆڵییان لی کراوە، ئاواش دەتوانێت سیستەمێکی کەمتر ئایدۆلۆژیدا کاربکات. ژیژەک سوورە لەسەر ئەوەی بۆ ئەوەی سوبێکت بەرەنگاری ئایدۆلۆژیای فلتەر نەکراو ببێتەوە، ناچارە دەستێک لە سەمپتۆمەکانی وەردات. بەم کارە فریوەکانی ئایدۆلۆژیا دەردەکەوێت و دواتر وەک درۆیەک دەخرێتەڕوو. ژیژەک ئاگادارمان دەکاتەوە کارکردی دیمەنی ئایدۆلۆژی بناسینەوە، ئەو دیمەنەی هەموان بێئاگایانە تیایدا بەشدارین. بەتایبەت ئەمە کاتێک ڕوودەدات ڕووبەڕووی ئەویترێکی تراومایی دەبینەوە کە خەریکە ڕێکخستنە ئایدۆلۆژییەکانمان بۆ پێناسەدەکاتەوە. بۆ ئەوانەی کە بێ‌باوەڕن، ئەمە ڕووندەبێتەوە وەختێ وان خەریکن پێگەیەکی سەگباوەڕانە داگیردەکەن؛ ژیژەک تەحەدایەک دەخاتەڕوو: چ دۆخێکی کۆمەڵایەتی بوونی هەیە تا ڕێگە بە ڕاگەیاندنێکی وەها بدات؟

 

 کاتێ ئێمە بەو وتانە بۆمباران دەکرێین کە دەڵێن لە سەردەمە پۆست-ئایدۆلۆژییە سەگباوەڕەکەماندا هیچ کەس باوەڕی بە ئایدیاڵەکان نەماوە، کاتێ ڕووبەڕووی کەسێک دەبینەوە و دەڵێت خۆم لە هەموو باوەڕەکان پاککردۆتەوە و واقیعی کۆمەڵایەتیم بەو جۆرە وەرگرتووە کە هەیە؛ گەرەکە ئەم وتانە ڕووبەڕووی پرسیارێک بکرێنەوە: ئۆکەی، بەس ئەو فیتیشە لەکوێدایە وا وای لە تۆ کردووە وای دەرخەیت کە واقیعت بەو جۆرە وەرگرتووە "کە هەیە"؟ (ژیژەک)

 

ژیژەک واقیع وەک ئەو شتە دەبینێت کە پەردە لەسەر دۆخە ئایدۆلۆژییەکان هەڵدەماڵێت کە ئاگاییەکی هەڵە و ساختە پەرەپێدەدەن. ژیژەک "فیتیشی ڕۆحیی چاخی نوێ" وەک نمونەی ئەوە دێنێتەوە کە چۆنچۆنی باوەڕ بە ئەویتری گەورە و سوبێکتیڤیتە یەکتر دەبڕن لە پەیوەستگەی ئایدۆلۆژیی هەڵەناسینەوەدا. هەر لە سەرەتاوە ژیژەک ئەمە بە فیتیش ناوزەددەکات، ئەویش لەبەر ئەو نکۆڵییە ڕادیکاڵەی کەسی باوەڕدار دەبێ بەئاگاییەوە بەرجەستەی بکات. ئەو پێی وایە نکۆڵیکردن لەوەی کە ئەمە فیتیشە، دەبێتە بزوێنەری فەنتازیای باوەڕگەلی وەها و دواتریش دەبێتەهۆی بەردەوامی پێدانی. پێشی وایە کە فیتیشی ڕۆحیی چاخی نوێ، هەوڵدەدات لە کێشە ڕۆشنبیری و سیاسییەکان دابڕێت، بێئاگایانە ڕووپۆشی پۆتانشێڵی چەوسێنەری سەرمایەداری دەکات، کە دواتر ئەمە بەکاردێنێت تاکو درێژە بەو وەهمە بدات سوبێکت دەرگیر نیە لەگەڵ بەکێشەکردنی سەرمایەداریدا، بەڵکو [دەرگیرە لەگەڵ شتێکدا] کە پتر ئیتیکی و ئەخلاقی دێتە بەر چاو. بەم چەشنە، ڕۆحانییەتی چاخی نوێ، دوورە لە بەرەنگاری دژ بە سەرمایەداری؛ لە ڕاستیدا لەڕێی خۆراکی ئایدۆلۆژییە پەرەی پێ دەدات. ژیژەک پێی وایە پەیوەستیی سوبێکت بە گرووپێکەوە چێژێکی بۆ بەرهەمدێنێت کە لە هەمەچەشنی ئایدۆلۆژییەوە هەڵدەقوڵێت؛ ئەمەش لە پەیوەند بەوەوە کە خۆیان وەک سوبێکتی لەسەنتەرداماڵراو لە قەڵەمداوە:

 

واقیع لە بەرامبەر وێناکردنی مندایە- مەبەستی لاکان لەوەدا نیە لەپشت کۆڵێک لە شوناسی فەنتازییەوە، "خودێکی ڕاستەقینە"ی ڕەقوتەق هەبێ؛ سەروکارمان لەگەڵ حەکایەتێکی ڕەمزیدایە، حەکایەتێک- کە لەبەر بڕێ هۆکار هیچ ڕەپتێکی بە بونیادە ناوەکییەکەی خۆیەوە نیە- دەسەڵاتی جێبەجێکاری هەیە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کارایە، واقیعێکی ڕەمزی-کۆمەڵایەتی بونیاددەنێت کە من دەچمەناوی. دۆخی کەسێک، بە هەموو ڕەهەندە "ڕاستینە"کانیەوە، دەشێت لەگەڵ گۆڕانی پەیوەندیی ویدا بە ئەویتری گەورەوە، بگۆڕێت. (ژیژەک)

 

دەرهەق بە سوبێكتی ژیژەکی، ئەویتری گەورە بەردوام لە دەرکەوتن و ونبووندایە. ژیژەک پێی وایە، کشانەوەیەکی سادە بەرەو "خود"ێکی جیاواز، وەهمێکی بەفیتیش‌کراو دەخوڵقێنێت. پێشی وایە کە کشانەوەکی وا هیچ "حەقیقەت"ێک لەخۆناگرێت، حەقیقەتیش کاتێ ڕووندەبێتەوە کە شکڵە دووبارەوەبووەکانی ئایدۆلۆژیا بناسینەوە.

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:

[1] واتە ئەویتری گەورە لە بنەڕيتدا بوونی نیە و خۆیشی بەم نەبوونەی نەزانیوە، بەڵام ئێمە وا ڕەفاتردەکەین وەکبڵێی بوونی هەیە و ئەویش ئاوا درێژە بە خۆی دەدات- و

 

[2] جارێکیان پاشا بەڕووتی دەڕواتە دەرەوە، هەموو خەڵکەکە وا ڕەفتار دەنوێنن وکبڵێی پاشا پۆشراوە و جلی لەبەردایە؛ لەپڕ مناڵێک ڕاستدەبێتەوە و هاواردەکات "پاشا ڕووتە، پاشا ڕووتە!". بەپێی دەروونشیکاریی لاکانی، ئەکتی ئەم مناڵە ئەکتێکی گەمژانەیە. چونکە ئەگەرچی پۆشراویی پاشا وەهم بێت، کەچی وەهمێکی بونیادی و زەروورییە. بۆ ئەوەی شیرازە کۆمەڵایەتییەکە تێکنەچێت، ناچار ئەم وەهمە گەرەکە قبووڵکرێت. واتە ئەویتری گەورە ئەگەرچی مردووشە، خۆی نابێت بەم مردوویەی خۆی بزانێت، گەرنا ژیان ڕادەوەستێت- و

[1] assembled

 

[2] سادەتر، فەنتازیا لە دەروونشیکاریدا ڕۆڵی پەردەیەک دەبینێت کە درز و بۆشایی و نوقسانی (ڕیاڵ) دادەپۆشێت. نمونەیەکی سادە بۆ ئەمە سێکسە؛ کاتێ ژاک لاکان دەڵێت پەیوەندیی سێکسی بوونی نیە، بەسادەیی مەبەستی لەوەیە لە کاتی سێکسدا دوو سەرچاوەی جیاوازی چێژ (ژویسانس) بەر یەکتر دەکەون و هاوجووت نین. کەوابێ درزێک لەو نێوانەدا درووستدەبێت سێکس دەکاتە شتێکی مەحاڵ. واتە، بە قەولی ژیژەک، سێکس لەنێوان دوو کەس (ڕەهەند)دا پێویستی بە ڕەهەندی سێیەمە تاکو بەردەوام بێت و مەحاڵەکە داپۆشرێت. ئەو ڕەهەندە سێیەمینەی ئەم مەحاڵەش دادەپۆشێت فەنتازیایە- و

[3] Extrapolitical

[4]  لێرەدا پتر مەبەست لە بڕ و چەندێتیی چێژە، چونکە هەمیشە مەوداگرتنێک لەگەڵ ئۆبێکتدا زەروورە تاکو ئارەزوو بەردەوام بێت. بە دەستگەیشتن بە ئۆبێکتدا هەموو شتێک تەواو نابێت، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت هەمیشە لە جێیەکی ترە- و

[5] بە دەربڕینێکی تر، ناچار بۆ ئەوەی بەرگەی خەسان (لەدەستچوونی ژویسانس) بگرین، مەجبوورین فەنتازیا داتاشین- و

[6] Ageism