A+    A-
(1,273) جار خوێندراوەتەوە

    دەروونشیکاریی لاکانی: قۆناغی ئاوێنە و زامی کەرتبوونی سوبێکتڤیتە

 

 

 

 

و: دەشتی مەحمود

 

 

 

 

"من هەمیشە حەقیقەت دەڵێم. هەموو هەقیقەت نا، چونکە هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ گوتنی هەمووی. لەڕاستییدا گوتنی هەمووی نەکردەیە: وشەکان شکست دێنن. کەچی ئەوە لە ڕێگەی خودی ئەم نەکردەییەوەیە کە هەقیقەت خۆی بە ڕیالەوە دەگرێتەوە."ـــ ژاک لاکان-

 

 

 

دەروونشیکاری بە تێوەگلان لە بونیادی نەست "ئەوی‌تری گەورە" (سوپەرئیگۆ) کە کاریگەری لەسەر ئاگاییمان دادەنێت، هەوڵدەدات لە شێوازی پەیبردنمان بە واقیع بکۆڵێتەوە. هەروەها، دەروونشیکاری لە بنەڕەتی ئارەزووەکانمان دەکۆڵێتەوە کە لەناو نەستماندا چەپێنراون. بەشە دژوارەکە ئەمەیە کە تێبگەین لێکۆڵینەوە لە ئارەزوو بە نزیکی پەیوەندی بە زمانەوە هەیە، وەک ئارەزووی نوسین و خوێندنەوەی ئەم وتارە. قورسترین لایەنی تێگەیشتن لە نوسینە دەروونشیکارییەکانی لاکان، بەتایبەتی سیمینارەکانی، ئەوەیە کە دەق ئیمتیاز بە خۆی نابەخشێت. بە واتایەکی تر، لاکان بیرۆکە دەروونشیکارییەکانی خۆی لەناو نوسینەکانی خۆیدا جێبەجێ دەکات وەک ئەوەی هەوڵی ڕوونکردنەوەیان دەدات. چونکە خوێنەر (تۆ) مرۆڤێکە خاوەنی زەینی ناخودئاگا(واتە نەست)، لاکان دەیهەوێت وا لە خوێنەرەکان بکات ئەزموونی گوتاری دەروونشیکاری بکەن ئەوکاتەی بونیادى زمانی ڕەمزی لێکدەدەنەوە.

بەم شێوەیە، خوێنەر (تۆى گریمانەیی خوێنەرى ئەم بابەتە)، کە دەستدەکات بە ناسینەوەی ئارەزووی خۆی، لەڕاستییدا حەزی (تۆ) بۆ ناسینەوەی ئارەزوویە بەم شێوەیە. بەبێ ئارەزوو، مرۆڤ ناتوانێت ئەو ئارەزووە بناسێتەوە کە ڕێگە بە ڕەخسانى شیکردنەوەى دەروونى دەدات، یان هەر فۆڕمی گوتارێکی تر (بە نمونە، زانست و فەلسەفە و ئارەزووی "حەقیقەت"). بۆیە دەتوانین بڵێین دەروونشیکارکردن بریتییە لە "ئارەزووکردنی ئارەزووی ئارەزوو": بۆ ئارەزووکردن لە ئاڵۆزییەکانی ئارەزوو و چۆنیەتیی ئارەزووکردن بە ئۆبێکتێکەوە. کرداری قسەکردن و نووسین فۆڕمێکە لە ئارەزوو (بە نمونە، گفتوگۆکردن، گواستنەوەی مەعریفە و تێگەیشتن لە "ئەوانیتر"). ئەو پارادۆکسەی دەیبینین ئەوەیە کە ئارەزووی قسەکردن و نووسین ـ ئارەزووی دەربڕینی زمانی ڕەمزی ـ بریتییە لە چەپاندنی ئارەزوو، بەم شێوەیە، سەمپتۆمێکى نەستەکییە.

لێرەدا، من نموونەی ڕۆژانە بەکار دەهێنم بۆ قسەکردن لەسەر بابەتی کەرتبوونی سوبێکتڤیتە و هەندێک لە پەیوەندییەکانی نێوان "ئایدیاڵ-ئیگۆ" و "ئیگۆ-ئایدیاڵ" کە لە "قۆناغی ئاوێنەیی" لاکان جێگیربووە. هەروەها هێڵکاری بەناوبانگی "هێڵکاری L"ـی لاکان دەناسێنم و هەندێک لە ناواخنەکانى باسدەکەم.

 

 

بازنەی بۆرۆمەیی

ئەوکاتەی منداڵ لەدایکدەبێت، یەکەم شت کە ڕووبەڕووی دەبنەوە "ڕیاڵ"ـە کە لە کۆمەڵێک پارچەى ناڕێک[1] پێکدێت و دەوریان دەدات. دایک یەکەم کەسە کە پێگەی "ئەوی‌تری گەورە" (سوپەرئیگۆ) وەردەگرێت، کاتێک منداڵ هەوڵدەدات بزانێت دایک بە هەموو ئەو ئاماژانەی کە دەیکات چیی دەوێت (ئەوی‌تری گەورە چیی دەوێت؟"[2]). کاتێک ساوا دەگاتە ١٨ مانگی، دەستدەکەن بەوەی نەک هەر خۆیان لە ئاوێنەدا وەک "من"ێک بناسنەوە، بەڵکو وەک "ئەوی‌تر"یش خۆیان دەناسنەوە ("کەسەکەى تری ناو ئاوێنەکە منم!").  لەم ماوەیەدا، ساواکە لەڕێگەی ناسینەوەی خۆیەوە لە ئاوێنەدا پەرە بە "خەیاڵى[3]" دەدات کە "ئایدیاڵ-ئیگۆ" (ئیگۆ= من) پێکدێنێت. بەڵام، لەگەڵ گەشەکردنی منداڵەکەدا، نەک هەر خۆیان لە پەیوەند بە ئایدیاڵ ـ ئیگۆی خەیاڵی خۆیانەوە درووست دەکات (ئەم وێنەیەی من لە ئاوێنەدا دەیبینم منم، وەک ئایدیاڵ)، بەڵکو لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تریشدا، بە نمونە، پەیوەندییەکەی لەگەڵ دایک و باوکیدا. ئەم پەیوەندییە"ڕەمزی"ـییە لەگەڵ ئەوانی تردا کە پێکدێت لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و یاسا و زمان ،ئەو شتەیە وا "ئیگۆ ـ ئایدیاڵ" پێکدێنێت.

ئەوە لە ڕێگەی پەیوەندی منداڵ لەگەڵ ئەوانی تردایە کە تێیدا پەرە بە ئیگۆـــــــ ئایدیاڵی ڕەمزی دەدەن. هەروەکی پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ئەوانی تردا درووستدەکەن، دەستدەکەن بە فێربوونی ئەوەی کە دەتوانن و ناتوانن بیکەن (بە نمونە، باوانیان دەڵێن ناتوانن ئەمە یان ئەوە بخۆن، دەبێت پەیڕەوی یاساکانی ماڵ بکەن و هتد). دەبێت منداڵ دەستبەرداری لە بەشە دیاریکراوەکان بکات لەوەی کە بە ئایدیاڵ ـ ئیگۆی خەیاڵی خۆیان دەیانبینی بۆ ئەوەی بچێتە ناو جیهانی ڕەمزییەوە، کە بە دەوری پەیوەندیەکان لەگەڵ کەسانی تردا دەخولێتەوە. ئەم "دەستبەرداربوونە" لە خود ئەوەیە کە لاکان بە "کەرتبوونی سوبێکت" (یان "سوبێکتی هێڵپیاهێنراو(درزبردوو)"  کە زۆرجار وەک "S" نیشان دەدرێت کە هێڵێکی بەسەردا هاتووە) ناودەبات. ئەمە وەک ئەوە وایە کاتێک دەست بەکارێکی نوێ دەکەیت و فێری هەموو ڕێساکانی کۆمپانیاکە بیت کە سوبێکت ناچاردەکرێت بچێتە ناو چەند پەیوەندییەکی بونیادییەوە لەگەڵ ئەوانی ترا (هاوپیشە، بەڕێوەبەر، هتد) لە کاتی چەپاندنی ئارەزووە نەهاتووەدییەکانیان بۆ ناو نەست (بە نمونە، جێبەجێکردنی ئەتەکیەتی کار؛ ناتوانن ئەمە و ئەوە لەکاتی کارکردندا بکەن، هتد). نموونەیەکی تر لەوانەیە ئەمە بێت کە بیر لە کاتێک بکەینەوە کە ئارەزووی گوتنی شتێکمان هەبووبێت کە سوکایەتی بە کەسێکی تر بکات، بەڵام لە کۆتاییدا نایڵێین لەبەرئەوەی  لەلایەن ئەتەکێتی کۆمەڵایەتی و ئەوانی ترەوە ناپەسەندە.

جیهانی ڕەمزی وەک پاڵێوگەیەک وایە کە دەبێت ئایدیاڵ ــ‌ ئیگۆ بەناویدا تێبپەڕێت بۆ ئەوەی سوبێکتی کەرتبوو بئافرێنێت. ئەم پاڵێوگەیە "هەڵبژاردن"ـەکە ئەنجامدەدات و ئەو بەشە پەسەندکراوە هەڵدەبژێرێت کاتێک سوبێکت لەگەڵ کەسانی تری کۆمەڵگا دەکەوێتە پەیوەندییەوە. ئەوەی ڕاستی بێت، جیهانی ڕەمزی، وەک ئەوەی دواتر دەیبینین، ئەوەیە کە سوبێکت دەئافرێنێت. بۆ ئەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسانی تردا درووست بکرێت، ساوا ناچار دەکرێت دەستبەرداری ئەو چێژە دیاریکراوانە بێت کە هەمیشە بەردەست بووە بۆی، وەک پەیوەندیی دیاریکراو لەگەڵ دایکیدا (بۆ نمونە، مژینی مەمکی دایک و هتد). بە "وازهێنان" لەئەم جۆرە پەیوەندیانە، ئەو بیر(thought)ـانەیان بۆ ناو نەست دەچەپێنن. لەبەر ئەوەیە کە ئەوی تری گەورە، هەمیشە ژنە، چونکە ئارەزوو بۆ دایک یەکەم شتە کە بۆ ناو نەست دەچەپێندرێت. پەیوەندییە ڕەمزییەکانی سوبێکت لەگەڵ کەسانی تر پەیوەندییە لەگەڵ ئەوی تری (ئارەزووە چەپێندراوە نەستییەکانی) خۆیان، ـــــــــــ ئەگەر کەسێک بە تەواوی بە شوێن ئارەزووەکاندا بڕوات ـــــــــــ  هەموو ڕێگاکە بۆ دایک دەگەڕێتەوە. لەگەڵ گەورەبوونی منداڵدا، لە ئایدیاڵ ــــــــ‌ ئیگۆ ـە بۆ ئیگۆ ــــــــ‌ ئایدیاڵ دەگۆڕێن، منداڵ دەستبەرداری چەند بەشێک لە خۆیان دەبن بۆ ئەوەی بچێتە ناو ئەو جیهانە ڕەمزییەی کە سوبێکتی کەرتبوو پێکدەهێنێت (واتە، دەچنە ناو و بەشداری یاساکانی کۆمەڵگا دەکەن). ئەم ڕوودانە بە گۆڕین لە ئایدیاڵ ــــــــ‌ ئیگۆی خەیاڵییەوە: ئایدیاڵی خودم کە لە ئاوێنەدا بە کامڵی دەیبینم؛ بۆ ئیگۆ ـــــــ ئایدیاڵی ڕەمزی دەستپێدەکات: کاتێک پەیوەندیی خۆم لەگەڵ ئەوانی تر لەبەرچاودەگرم، من ئەو مرۆڤە ئایدیاڵە نیم کە خۆم خەیاڵم دەکرد، چونکە ئەم جۆرە ئایدیاڵییە تەنیا دەتوانرێت لەڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەوانی تردا دیاری بکرێت.

ئێمە دەتوانین لە "سیمینار دەربارەی نامەی دزراو" سوبێکتی کەرتبوو بناسینەوە، کە لەوێدا لاکان  یەکجار باش چیرۆکە پۆلیسییە کورتەکەی ئێدگار ئالان پۆ، بەناونیشانی "نامە دزراوەکە" شیدەکاتەوە. لە گێڕانەوەکەدا، نامەیەکی نهێنی لەلایەن وەزیرەوە لە شاژن دزراوە ،کە دواتریش لەلایەن لێکۆڵەر دەدزرێت. ئەو نامەیە کە دوو جار دزراوە بە سێ کاراکتەردا تێدەپەڕێت کە پێشتر پەیوەندیان لەگەڵ یەکتردا دروست کردبوو و سوبێکتیڤیتەی کەرتبووی خۆیان ڕسکاندووە. ئەم نامەیە ئەو کاتە دەدزرێت کە ئەوی تر چاوی لێ نییە. کاتێک شاژن پشت وەردەگێڕێت، وەزیر دەیدزێت، ئینجا کاتێک وەزیرە پشتی وەردەگێڕێت، لێکۆڵەر دەیدزێت. خاڵەکە ئەوەیە کە جەخت لەسەر شێوازی درووستبوونى پەیوەندیی سوبێکت / کارەکتەرەکانە لەگەڵ ئەوانی تر کاتێک خۆیان بەدوور دەگرن لە چاوی ئەوی تری ڕەمزی کاتێک نامەکە دەدزن (شکاندنی یاسا).

بەهۆی تێگەیشتن لە هەموو ئەو نموونە فێرکارییانە، ئێستا لە بنەڕەتەکانی سوبێکتی کەرتبوو تێدەگەین. هاوشێوەی پەیوەندیمان لەگەڵ کەسانی تردا، بونیادی زمانیش لە یاسا و ڕێسا پێکدێت (واتە، ڕێزمان، ڕستەسازی و وشەدان و هتد) کە تێیدا سوبێکت ناچاردەکرێت بچێتە ناو سیستەمەکەی بۆ دروستکردنی ئیگۆ ــ ئایدیاڵ. لەبری بونیادە کۆمەڵایەتییەکان یان پەیوەندییمان لەگەڵ ئەوانی تردا، هەروەها سیستەمی زمانمان هەیە کە وەک پاڵێوگەیەک کار دەکات. لەبەر ئەوە، چونکە واز لە هەندێک لایەنی ئایدیاڵ ـــــــ ئیگۆی دەهێنین لە کاتی ئاخاوتنی زماندا، ئەو شتەی کە وازمان لێهێناوە لەناو زماندا دەبێتە "کێماسی(نوقسانى)[4]". ئەوە لە ڕێگەی کەرتبوونی سوبێکتەوەیە (یان وازهێنان) کە زمان فۆرم دەگرێت. بەم شێوەیە، لەو جێگایەی زمان هەیە، هەروەها کێماسی و نوقسانیی زمانیش هەیە- واتە ، خستنەسەری نیشانەی "کەم"بۆ سەر زمان، بەم شێوەیە a "١ـــــــــ". شتێک لە زماندا هەیە بزرە/ لەلایەن سوبێکتی کەرتبووەوە وازی لێهێنراوە. کاتێک سوبێکت قسەدەکات، بەشێک لە ئیگۆی وەک زمان دەردەکەوێت و بەشە چەپێنراوەکە بزردەبێت. هەموو ئەمانە بەبێ ئاگایی سوبێکت نەستیانە ڕوودەدەن. بە واتایەکی تر، ئەو ئیگۆیەی کە دەکرێت لە ڕێگەی زمانەوە بناسرێتەوە، سەمپتۆمی سوبێکتی کەرتبووە چونکە بەم شێوەیە پاڵێوگەی ئایدیاڵ ــــــــ ئیگۆیە  لەسەر ئیگۆ. بەم واتایە، مرۆڤ دەتوانێت بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن تەواوی کۆمەڵگاکەمان وەک سەمپتۆم کاردەکات. شارستانییەت لەڕێگەی کەرتبوونی سوبێکتەوە بنیادنراوە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت گەورەترین سەمپتۆمی خودی کۆمەڵگایە (ئێمە هەموومان کۆمەڵێک ئاژەڵی قسەکەرین).

ئەم پاڵاوتنە، کەرتکردنە، یان "وازلێهێنانە" کە ئێمە باسی دەکەین بەگشتی بە "گرێی خەسان" ناسراوە، (یان لە زاراوەکانی فرۆیدی بە "گرێی ئۆدیب" ناسراوە، ـــــــــــــــ جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لەنێوان چەمکی خەسان لای لاکان و فرۆید). هەروەها، ئەویش ئەم پەیوەندییەی لە نێوان سوبێکتی کەرتبوو و شێوەکانی نەستەوە لە کارلێک لەگەڵ کێماسیاندایە کە ئەزموونی نیگەرانی پێکدێنێت. بۆ لاکان، خەسان کێماسی ڕەمزی دالی خەیاڵییە. بۆ دڵنیابوون، قۆناغی ئاوێنە تەنیا لە منداڵیدا ڕوونادات، بەڵکو هەتا مردن بەردەوام دەبێت. لەبەرئەوە، خەسان هیچ کات تەواو نابێت. هەمیشە و هەر کاتێک سوبێکت لەگەڵ زمانی ڕەمزی یان کۆمەڵگاوە تێوەدەگلێت، کەرتبوونی سوبێکت ڕوو دەدات، کە ئەمەش هەموو ساتێکی ژیانمان ڕۆژانە لەناویدا دەژین. زمانی ڕەمزی دەبێتە سەمپتۆمی خەسان چونکە شوێنەی کێماسی/جەپێنراو دەگرێتەوە. زمان سەمپتۆمی  ئارەزووی ئەوی تری گەورەیە، لەناو سیستەمی زمانەوە لە ڕێگەی (نوسین/قسەکردن) ئەم کێماسییە دەشارینەوە کە بە تاسەوە ئارەزوویدەکەین. هەروەها، بەدڵنیاییەوە ئەگەر لە فرۆید بپرسین سوبێکتی کەرتبوو بە تاسەوە ئارەزووی چی دەکات، لە وەڵامدا پێمان دەڵێت، نەستیانە هەموومان ئارەزووی دایکمان دەکەین. لە نێو گوتاری فرۆیدیدا، قەدەغەکردنی مەحرەم یەکەمین یاسای ڕەمزییە کە بەسەرماندا سەپێنراوە.

لاکان دەڵێت: "ئەوە مرۆڤ نییە زمان دەخوڵقێنێت، بەڵکو ئەوە زمانە کە مرۆڤ دەخوڵقێنێت". ئەم خوڵقاندنە لەڕێگەی ئەوەی لەنێو زماندا چەپێندراوە/ وازی لێ هێنراوە، بواری ئەوی تری گەورە (نەست) نیشانە دەکات، هەروەها هەر لەم ڕێگەیەشەوەیە کە بڕیاردەدات چۆن سوبێکتی کەرتبوو لەبەردەم ئەوانی تردا خۆی لەناو زماندا ڕاڤەدەکات و  جێگیردەکات ـــــــــــــــــ هەروەک ئەوەی تۆ چۆن ئێستا ئەم دەقە دەخوێنیتەوە. لاکان ئاماژە بە ئەوە دەکات کە "من خۆم لەناو زماندا دەناسمەوە، بەڵام تەنیا بە لەدەستدانی خۆم وەک ئۆبێکتێک لە ناویدا". بە واتایەکی تر، پەیوەندیمان بە کێماسی / ئارەزووە چەپێنراوەکانی خۆمانەوە کاریگەری لەسەر شێوازی ڕاڤەکردنی گوتار و نوسراوەکان دادەنێت ــــــــــــ هەروەک بەرانبەر بە شتەکان و کەسانی دەوروبەرمان لە واقیعدا. سوبێکتی کەرتبوو (تۆ) کاتێک ئەم دەقە دەخوێنێتەوە ناچار دەکرێیت بۆ ناو دەقەکە (گوتار)، لە کاتی خوێندنەوەی ئەم دەقەدا، تۆ (لەڕێگەی دەقەکەوە پاڵاوتە و کەرت دەکرێیت). ئەوەی لە نەستدا دەچەپێنرێت، پێنەزانراوانە لەڕێگەی زمانەوە خۆی ئاشکرادەکات کە وەک سەمپتۆمی چەپاندن کاردەکات (واتە، ئەو واتایەی لەم دەقەدا دەریدەهێنیت). کاتێک کەسێک قسەدەکات/ دەنوسێت، ئەوا قسە لەسەر چەپاندنەکانی خۆی دەکات. کێماسی ئەو شتەیە کە سوبێکتی کەرتبوو پێکدەهێنێت، بۆنمونە، سوبێکتیڤیتە (یان ئیگۆ).

پەشۆکێنەرترین بەش ئەوەیە کە، هەرکاتێک سوبێکت لە ڕێگەی جیهانی ڕەمزییەوە کەرت و پاڵاوتە دەکرێت، پەیوەندیی سوبێکت بە کێماسی و ئارەزووە چەپێنراوەکانیانی خۆیەوە تەنیا لە ڕێگەی ئیگۆوە خەیاڵ دەکرێت و دەناسرێنەوە، کە وەک زمان دەردەکەوێت دوای ئەوەی سوبێکت پێشتر کەرتبووە. لەبەر ئەوەیە لاکان گوتە بەناوبانگەکەی "نەست وەک زمان ڕسکاوە و بونیادى وەرگرتووە" دەردەبڕێت. ئیگۆ (واتە، سوبێکتیڤیتە) سەمپتۆمی نەستە کە لەڕێگەی زمانەوە خۆی دەردەخات. ئەو ئارەزووانەی کە لە نەستی ئەوی تری گەورەدا چەپێندراون تەنیا دەتوانرێت خەیاڵبکرێن(وێنابکرێن)، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت لەڕێگەی نەستەوە پێیان‌ڕابگەین (بۆیە پێیدەگوترێت "نەست" چونکە ئێمە هەرگیز ئاگاییمان پێی نییە). وەک لە هێڵکاری "هێڵکاری L"ـــــــی لاکاندا دەبینرێت، پەیوەندییەکانی سوبێکت (S) لەگەڵ کەسانی "تر"دا (لەبیرت بێت: "کەسانی تر،me/منە!") لە پەیوەندیەکی نزیکدایە لەگەڵ ئیگۆی خەیاڵی خۆی ("me/من!"؛ "I/من") کە بەهۆی کاریگەریی ئەویتری گەورەوە کەرتبووە (کێماسی / ئارەزووە چەپێندراوەکان).نموونەیەکی سادە ئەوەیە کە بیر لەوە بکەینەوە لە کاتى گفتوگۆدا پەیوەندییمان بە "ئەوانی تر"ــــەوە چۆنە. ئەگەر بمەوێت پەیوەندی لەگەڵ کەسێک ببەستم، دەبێت ڕێگەیەک بدۆزمەوە بۆئەوەی لەڕێگەی هاوئەزموونییەوە ئەم پەیوەندییە درووستبکەم. لەڕاستییدا، ئەم پەیوەندییەی کە سوبێکت لەگەڵ ئەویتردا دەیبەستێت، پەیوەندییە لەگەڵ ئیگۆی خەیاڵی خۆی (واتە، ئەزموونەکانی خۆیان) کە وەک سەمپتۆمێک کاردەکەن کە بە ئەویتری گەورەوە پەیوەستە.

 

 

 

 

هێڵکاریی L

لەبەرئەوەی ئەمەی سوبێکت پێکدەهێنێت، کێماسییە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دەروونشیکاریی لاکانی ئەوەیە کە ئەم بەشە ونبووە لەڕێگەی پەیوەندیی سوبێکت بە جیهانی ڕەمزییەوە بدۆزێتەوە. ئێمە دەتوانین ئەمە لە ڕێگەی نمونە بەناوبانگەکەی نوکتەی سلاڤۆی ژیژەک دەربارەی پیاوێک کە دەچێتە چێشتخانەوە و داوا دەکات: "تکایە، قاوەی بەبێ کرێم"، گارسۆنەکە وەڵامی دەداتەوە: "ببورە بەڕێزم، کرێممان نەماوە، دەکرێت بەبێ شیر بێت؟" ژێستی نوکتە سەرنج خستنە سەر وشەی، "بەبێ"ـیە. لێرەدا، دالی ڕەمزی "بەبێ"ـمان هەیە (وەکوو دەیخوێنیتەوە)، کە بە شێوەیەکی ڕەمزی دەلالەت لە "بەبێ"ـی خەیاڵی دەکات کە لە دەلالەتکردنەکەدا ونبووە. ئەوەی لە قاوەکەدا ونبووە (شیر یان کرێم) قاوە پێکدێنێت و ڕوانگەی سوبێکتیش دەگۆڕێت کە چۆن [قاوەکە] دەیبینێت. وەک خواردنەوەی ئاوی دڵۆپێنراو وایە بەبێ ئەوەی بزانین کەسێک تفی تێکردووە. بەڵام کاتێک زانیت کەسێک تفی لە ئاوەکە کردووە، تەواوی تێگەیشتنت بەرانبەر بە جامە ئاوەکە دەگۆڕێت. لە لایەکەوە، دەربڕینی وشەی "بەبێ" ئاماژەدانە بە شتێکی ونبوو. لە لایەکی ترەوە، ئەو ساتەی وشەی "بەبێ" لە ڕێگەی زمانەوە دەردەبڕدرێت، هیچیتر "بەبێ" نییە، چونکە، دەبێتە دالی ڕەمزی کە نوێنەرایەتیی شتێک دەکات کە "بەبێ"ـیە. وشەی "بەبێ" وەک کینایە بۆ دالێکی ونبووی تر کاردەکات. لەبەرئەوەیە لە کتێبی سێکس چییە؟ـی  ئەلێنکا زوپانچیچدا، ئەو ئەلێنکا ئاماژە بە "بەبێ" بە "لەگەڵ-بەبێ" دەکات: قاوەی بێ کرێم/ شیر، هەمیشە "بەبێ"یەکی تێدا دەبێت، واتە، کێماسییەک کە پێکیدهێنێت. ئەوە تفە ونبووەکەی ناو ئاوەکەیە کە ئاوەکە پێکدێنێت، نەک پاکژی ئاوی دڵۆپێنراو.

بەهەمان شێوە، سوبێکتی کەرتبوو و دەربڕینی ئاخافتنیان هەمیشە کێماسییەکی تێدایە کە پێکیاندێنێت. ئەم کێماسییە نەستەکییە (ئارەزووە چەپێنراوەکان، بڵندکردنەوە(بڵندبوونەوە)[5] و هتد) "دیوەکەی تر"ـی سوبێکتی کەرتبوو پێکدێنێت و ئەم دیوەش بەشێوەیەکی بەناوبانگ پەیوەستکراوە بەئەوەی لاکان پێی دەڵێت، " objet petit a" (ئۆبێکتی a ـی بچوک)، یان "ئۆبێکتی هۆی ئارەزوو"، تا ئەوجێیەی، کە سوبێکت ئارەزووی ئەم کێماسییە دەکات، ئینجا ئەم کێماسییە هەرشتێک بێت (واتە، ئەوکاتەی سوبێکت ئارەزووی ئەوە دەکات کە لە نەستیدا چەپاندوویەتی). ئۆبێکتی "a" ئۆبێکتی ئارەزوو نییە، بەڵکو ئۆبیکتێکی تارماییئاسا کە بەشێوەیەکى نەستەکى دەبێتەهۆی ئەوەی سوبێکتی بەئاگا ئارەزوو بۆ ئۆبێکتەکە بکات(ی, لە پاش ئۆبێکت هاتووە و گوزارشتە لەوەى کە ئۆبێکتى بچوکى a, هەروا بەسادەیی ئۆبێکتێکى ئارەزوو نیە بەڵکو زیادەى ئۆبێکتەکەیە کە کاتى خۆى لە مناڵییدا لەدەستمانچووە و بەشوێن زیادەکەدا عەوداڵین. زیادەکە خۆى مانیفێستبوونى لەدەستچوون و نوقسانییەکى بونیادییە). بۆنمونە، پیاوێک لەگەڵ ژنێکدا ژوان دەبەستێت کە وەک ئۆبێکتی ئارەزووی کاردەکات، تەنانەت کاتێک ئەوەی کە نەستیانە دەبێتەهۆی ئارەزووکردنی ئەو ژنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە چۆن خۆی نەستیانە ئاشقی خۆیەتی و بێ ئاگایانە چەندین نیشانە جۆراوجۆری ژنەکە پەیوەست دەکاتەوە بە خۆی (خودئەڤینی) [یان، دەتوانین نموونە کلاسیکییە فرۆیدییەکە بەکار بهێنین کە هەموومان لە نەستماندا ئارەزووى دایکمان دەکەین]. خاڵەکە ئەوەیە ئارەزووی سوبێکتی کەرتبوو ئارەزووی ئەویترە— ئارەزووەکەی، ئارەزووی نەستەکیی سوپەرئیگۆیە. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەروونشیکار لە کاتی دانیشتنی چارەسەریدا لە پشت/دوورلەچاو نەخۆشەکە دادەنیشێت. دەروونشیکار وەک ئۆبێکتی a ـی کار دەکات، کاتێک نەخۆش بەزەینداهێنانەوە(بیرهێنانەوە)ـى ئازاد و ئارەزووی (a) دەکات بۆ زانینی ئیگۆی خۆى کە وەک سەمپتۆمەکەى دەردەکەوێت (لە هێڵکاری L، سەرنج بدە چۆن ئیگۆ لە ناو کەوانەیەک لە تەنیشت ئۆبێکتی a دانراوە).

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە ئەو کێماسییەیە کە ڕێگە بە ئەگەری هاتنەگۆی ئەم دێڕە بەناوبانگەکی رێنێ دێکارت دەدات: "من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم". بەڵام، لەبەرئەوەی کە بە پارادۆکسیکاڵی جیهانی ڕەمزی لەڕێگەی کەرتکردنی سوبێکتەوە، ئارەزووی چەپێنراوی سوبێکت دەشارێتەوە، لاکان بە دەربڕینێکی ناوبانگ پێچەوانەی دیکارت دەڵێت:

"من بیردەکەمەوە لەو شوێنەی کە لێی نیم، کەواتە من لەو شوێنەم کە بیر ناکەمەوە... من لەو شوێنە نیم وا دەستکەلای بیرەکانمم؛ من بیر لەوە دەکەمەوە کە من چیم لەو شوێنەی کە بیرناکەمەوە وا من بیردەکەمەوە." (ئێکریتس، ٤٣٠).

زمانی ڕەمزی ئایدیاڵ-ئیگۆی سوبێکت لە ڕێگەی کەرتکردنیەوە دەپاڵێوێت لەکاتێکدا سوبێکتیڤیتەیشی بەڕێوەدەبات (واتە، ئەوەی ڕێگەپێدراوە بەناو زمان و یاسادا تێبپەڕێت). لەبەر ئەوە، ئەو سوبێکتەی کە لە ڕێگەی زمانی ڕەمزییەوە دەردەکەوێت، سوبێکتە هەقیقییەکە نییە. لە بری ئەوە، لەڕێگەی ئەوەی کە لەناو زماندا ونبووە (ئارەزووە چەپێنراوەکانی ناو نەست، یان ئەو ئارەزووانەی کە بڵندبوونەتەوە/ لادراون) سوبێکت دەئافرێنێت. کاتێک کە ئاشنای هەموو ئەو ڕێسایانە بوویت کە لە ئیشە نوێیەکەتدا هەیە، تۆ لە لایەن کۆمپانیا یان دامەزراوە (ڕەمزی)ـی کە کاری بۆ دەکەیت، پێناسەدەکرێیت ـــــــــ کە هەموومان دەزانین تۆ بەڕاستی ئەو کەسە نیت. یاخود، کاتێک دیمانەکارى کار داوات لێ دەکات، "دەربارەی خۆت پێم بڵێ"، تۆ وەڵام دەدەیتەوە، "من XYZم و پێم وایە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو پێگەیەی ئێستا من بەدوایدا دەگەڕێم". زۆرمان ئاگاداری ئەوەین کە ئەم چاوپێکەوتنانە چۆن "ساختە"دەبن چونکە ئێمە زمانەکەمان لە پاڵێوگە دەدەین و بە چەند شێوەیەکی دیاریکراو قسە دەکەین بۆ ئەوەی کارەکە بەدەست بهێنین. تەنیا ئەوەی کە لە ژیانی دەروونیماندا، ئێمە بە نائاگاییانە هەموو کات ئەم کارە لەڕێگەی پەیوەندییمان لەگەڵ ڕەمزی (واتە، یاساکانی زمان و یاساکانی کۆمەڵگا) ئەنجامدەدەین.

بەهەمان شێوە، سوبێکتیڤیتەی تۆ لەڕێگەی بونیادی زمانەوە وەک ئەوەی کە هەیت، نیشان نوێنەرایەتی دەکرێت ("من Y")ـم—کە لە ڕاستیدا تۆ هەقیقیەکە نییە. هێشتا بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال، زمان تاکە ڕێگایە بۆ دەربڕینی ئەوەی تۆ کێیت. لەبەر ئەوەیە، ژان لوک‌ـ‌نانسی و فیلیپ لاکاوـ‌لابارتی، لەکتێبی ناونیشانی نامەکەدا، سوبێکتی لاکانی بە "سوبێکتى مەحاڵ[6]" ناودەبەن. سوبێکت ناچارکراوەتە ناو جیهانی ڕەمزی لەناو پانتایی ئەویتردا. لە لایەکەوە، دەربڕینی زمان بۆ بەرهەمهێنانی سوبێکتیڤیتە و دانانی گوتارێکی پەیوەندیکردن و پەیوەندیبەستنە لەگەڵ ئەوانیتردا (بۆنمونە، بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێت تۆ کێیت، هەروەها ملکەچکردنی یاساکان وەک هەموو کەسێکی تر، هتد). لە لایەکی ترەوە، سوبێکتیڤیتە/ ئیگۆ کە لەڕێگەی زمانەوە بەرهەمهاتووە، تۆ ڕاستەقینەکە نییە، بەڵکو بەرهەمی سوبێکتیڤیتەیەکە کە "هەمووـــــــ ‌نییە(نە-هەموو)"[7]. بە تەشەرەوە، تەنانەت دەتوانین ئەمە ئەو کاتە ببینین کە سوبێکت دەچێت بۆ بینینی دەروونناسێک کە لەڕێگەی پشکنینەوە دەستدەکات بە پۆلێنکردنی سوبێکتەکان و دەرمانی XYZـیان بۆ دەنوسێت، چونکە سوبێکتەکە لەگەڵ پێوەرەکانی A, B یان C دا دەگونجێن. بە ئەنجامدانی ئەمە، سوبێکت بۆ ناو چەندین بونیادی ڕەمزی جۆراوجۆر ناچاردەکەن.

ئەم شاردنەوەی کێماسییە لەناو زمان‌ـدا لە "نامەی دزراو"ی ئالان پۆدا دەبینرێت، کە ناوەڕۆکی نامەی دزراو هەرگیز ئاشکرانابێت. تەواوی گێڕانەوەکە (وەکو، وشە نوسراوە دەلالەتکارەکان) بەدەوری زانیارییە ونبووەکانی نامەکەدا دەسوڕێتەوە، واتە کێماسییەکەی. نامە دزراوەکە وەک دالی کێماسیی دال کاردەکات، هاوشێوەی (قاوە بەبێ کرێم).  بۆ لاکان، ئەزموونی خوێنەر وەک سوبێکتی کەرتبوو بە خوێندنەوەی چیرۆکی ئالان پۆ بە نمونە نیشاندەدرێت. لەکاتی خوێندنەوەی ئەم چیرۆکەدا خوێنەر (سەرنج دەدات کە، ئاگایی خوێنەر بە گێڕانەوەکە بە دەوری ئەم نامەیە وەک دالی بەتاڵ وەک گێژاوێک دەسوڕێتەوە). لەڕاستییدا، "سیمیناری لاکان دەربارەی نامەی دزراو" ئەوەندە گرنگ بوو کە لە ڕیزبەندیی بەڕیزدانراو وەک یەکەم وتار لە تەنیا کتێبی بڵاوکراوەی لاکاندا بە ناونیشانی ئێکریتس ("نوسراوەکان") دانراوە. لەئەنجامدا، ئەم لە دەرەوە بەڕیزدانراوە بووەهۆی وەڵامدانەوەیەکی توند لە لایەن ژاک دێرێدا لە وتارێک/وانەیەکی بەناوبانگدا بە ناونیشانی "بۆ خۆشەویستیی لاکان!"، کە لە کتێبی کۆمەڵە وتاری بەرهەڵستییەکانى دەروونشیکاری‌دا بڵاوکرایەوە.

وەک ئەوەی ئێستا دەزانین، ئایدیاڵ-ئیگۆ واز لە چەند بەشێکی خۆی دەهێنێت بۆ ئەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەوانیتردا درووستبکات و ئارەزووە بەدینەهاتووەکانی بچەپێنێت، کە لەڕێگەی زمانەوە دەبێتە سەمپتۆم. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ئارەزوو هەرگیز تێرنابێت. ئەو "شتەی" ("das Ding"؛ کێماسی)ــیەی ئێمە ئارەزووی دەکەین هەمیشە ون دەبێت، چونکە لەڕێگەی زمانی ڕەمزی و/یان لە ناو هەر ئوبێکتێکدا کە وەک ئارەزووی نەستەکیی سوبێکت جێدەگرێت، دەشاردرێتەوە. ئەم شتە ون بووە (کێماسی) کە وەک "ئوبێکتی بچوکی  a" کاردەکات، دەگەڕێتەوە بۆ ئارەزوو بۆ ئەو دایکەی کە دەبێت دەستبەرداری ببین بۆ ئەوەی بچینە ناو جیهانی ڕەمزی (وەک ئەوەی فرۆید دەیگووت). زمان کە شوێنی تارمایی ئۆبێکتی بچوکی a دەگرێتەوە، دەبێتە سەمپتۆمی ئەم کێماسییە. ئێمە دەتوانین ئەمە لە ڕێگەی دەربڕینی هەموو وشەیەکی ئەم ڕستەیەدا ببینین (واتە، هۆکارێکی نەستەکی هەیە لە پشت ئەوەی بۆچی من ئارەزوودەکەم دەروونشیکاری لاکانی بۆ تۆ ڕوونبکەمەوە). لە سیمیناری بیستەمدا: لەسەر سێکسواڵێتەی مێینە، سنووری عەشق و مەعریفە، لاکان بازنەی بۆرۆمیەیی خۆی بۆ "ئەڵقەی دەزوو" فرە زیاددەکات، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە چۆن ساتی کێماسی (واتە، ئارەزووە چەپێنراوەکان، بڵندبوونەوەکان، و هتد) خۆی لە ناو مەدلولی وشەیەکدا دەردەخات، یەکسەر دالێکی تر لەڕێگەی دەربڕینی وشەی دواتر لە ڕستەدا کێماسییەکە دەشارێتەوە. لە ئاکامدا، ئەمە وادەکات کێماسییەکەی پێشووتر هیچىتر کێماسیی نەبێت.  هەر وشە دالێکی "ئەرێنی" کێماسییەکی "نەرێنی" (-١) کۆتاییدێت کە لەسەرەتاوە تا کۆتایی هەموو ڕستەیەک بە وشەیەکی "ئەرێنی"تر بەستراوەتەوە. ئەمە ئەو شوێنەیە کە لاکان لە ڕێبازی نەریتی بۆ شێوازی چارەسەری دەروونشیکاری کلینیکی لادەدات، کە هەمیشە بە دەوری نەخۆشەکە دەخولێتەوە کە لەسەر قەنەفەکە ڕادەکشێت بۆ ئازادانە بیرکردنەوەکانیان لەڕێگەی قسەکردنەوە بۆ ماوەی ٥٠ خولەک دەردەبڕن. لاکان بە شێوەیەکی بەدناو "دانیشتنی لەگۆڕان‌هاتوو"ـی داهێنا کە هەندێک جار بە شێوەیەکی کتوپڕ کۆتایی بە دانیشتنەکانی لەگەڵ نەخۆشەکەی دەهێنا، لە هەوڵێکدا بۆ درووستکردنی "پچڕان" و بچڕاندنی زنجیرەی دەلالەتکار[8] وەک شێوازێک بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە. ئەمە یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکیەکان کە بۆچی لاکان بە نادناوانە لە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی دەروونشیکاری (IPA)"دەرکرا" (یاساخکرا).

لەگەڵ هەموو ئەوەی لەبەرچاوگیرا، ئێستا لەو هۆکارە تێدەگەین کە بۆچی لاکان دژی ئیگۆى سەر بە دەروونناسى[9] بوو لەو شوێنەی کە ئەم جۆری دەروونناسییە تیشکۆیان دەخستە سەر بەهێزکردنی ئیگۆیەک کە "هەموو-نییە" (من بە مەبەست زاراوەی "هەموو-نییە(نە-هەموو)"م بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ئاماژە بە بیرۆکەکانی لاکان بدەم لەسەر جیاوازیی سێکسواڵی کە بە شێوازی پەیوەندیی سوبێکت لەگەڵ زماندا دانراوە؛ چۆن سوبێکت بەشێوەیەکى نەستەکى کەرت ببێت/ بخەسێت، جیاوازیی سێکسواڵی دیاریدەکات. تاوەکو زیاتر دەروونناسان ئیگۆ بەهێزبکەن کە بە ئارەزووەکانی ئەوی تر نامۆبووە، ئەم نامۆییە بەهێزتر دەبێت. سوبێکتیڤیتە ئەو زامە/سەمپتۆمەیە کە لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی ڕەمزیی ئەویتر درووستبووە (واتە، پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو شتەی کە سوبێکت دەستبەرداری بووە/چەپێندراوە). ئەوە لەڕێگەی ئەم زامەوەیە کە زەینى نەستەى(نائاگایانە) و سوبێکتیڤیتەی بوونی خۆمانی تێدا دەناسینەوە. هەرگیز ناتوانیت ئەم زامە ساڕێژبکەیت.

"... ئارەزوو، کە چالاکییەکی بنچینەیی هەموو ئەزموونی مرۆڤە، بریتییە لە ئارەزوو بۆ هیچ شتێک کە ناوترێت. لە هەمان کاتدا ئەم ئارەزووە لە ژێدەری هەموو جۆرە زیندوویەکدا هەیە. ئەگەر بوون تەنیا ئەوە بوایە کە هەیە، ئەوا بۆشاییەک نەدەبوو بۆ ئەوەی تەنانەت دەربارەی بدوێین. بوون وەک تەنیا  کراداری تەواوی ئەم کێماسییە دێتە هەبوون." ــ ژاک لاکان-

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] chaotic fragments

[2] . نوسەر لێرەدا (m)Otherـى بەکارهێناوە کە لە یەک کاتدا دوو ئاماژە دەگەیەنێت: دایک(mOther) و ئەویترى گەورە(Other), کە سەرەنجام بەپیى نوسەرى بابەتەکە دایک بۆ مناڵ دەبێتە ئەویترى گەورە- و

[3] Imaginary

[4] lack

[5] Sublimation

[6] the impossible subject

[7] (not-whole)

[8] signifying chain

[9] Ego Psychology(مەبەست لەو لقانەى دەروونناسییە کە ئیگۆ بە سەنتەرێکى کەمتازۆر ئاگامەند دادەنێن, لەکاتێکدا لە نەریتى لاکانییدا ئیگۆ شیرازەیەکى تەنکتر و خەیاڵیی هەیە و تەنانەت جۆرێکە لە ئۆبێکت کە بەدەستى دونیاى دەرەوەیە)- و

 

سەرچاوە:

https://iambobbyy.com/2019/08/04/lacanian-psychoanalysis-the-mirror-stage-and-the-wound-of-split-subjectivity/amp/?fbclid=IwAR0YzUI2MIL1xewDUxFXbpjisXaE-ayVcwlrUPkTdB4-9GMqQPWHzFxSj0w