A+    A-
(697) جار خوێندراوەتەوە

پەیوەندییەک لەنێوان سیمبولێک و سەمپتۆمێک (١٩١٦)

 

 

 

 

زیگمۆند فرۆید

و.ڕاڤین کامەران

 

 

 

 

ئەزموونی شیکردنەوەى خەونەکان زۆر بەباشی ئەوەی دەرخستووە کە کڵاو و شەپقە بریتین لە سیمبولی ئەندام[ـی سێکسی]، بەتایبەتی ئەندامی زاوزێی نێرینە. هەرچۆنێک بێت ناکرێت بگوترێت سیمبولەکە سیمبولێکی ئاشکرایە [لەناو خەونەکاندا]. لە فەنتازیاکان و زۆرێک سەمپتۆم(نیشانەى نەخۆشى)یەکاندا سەریش وەک سیمبولی ئەندامی زاوزێی نێرینە دەردەکەویت، یاخود ئەگەر یەکێک وەک ئەو ئەندامەی دابنێت. زۆرجار سەرنجی ئەوە دراوە کە نەخۆشەکان بەدەست کەڵکەڵەی بڕێک لە ڕق و کینەی سەربڕینەوە دەناڵێنن کە زۆر لە حاڵەتەکانی دیکەی شێوەی مەرگی ناو خەونەکان جیاوازە؛ و لەم کەیسانەدا دەروونشیکار سەربڕین وەک جێگرەوەی خەساندن ڕووندەکاتەوە[1]. زۆربەی ئەو نموونانەی ئەم خەونانە کە شیکراونەتەوە و بڵاوکراونەتەوە (و پەیوەندیی بە بابەتی خەساندنەوە هەیە) لەلایەن گەنجانەوە بینراوە یاخود باس لەوە کراوە لە گەنجێتیدا ئەم جۆرە خەونانە بینراوە، کە تێیدا ئاماژە بۆ تۆپێکی خڕ دەکرێت و دەشێت وەک سەری باوکی خەونبینەکە لێکبدرێتەوە. بەم دواییانە توانیم نواندنێکی مەراسیمییانەی ژنێک چارەسەربکەم کە بەرلەوەی خەوی لێبکەوێت دەبوایە سەری سەرینە بچووکەکانی لەباری پانی و شێوەئەڵماسیدا لەسەر سەرینەکانی دیکە دابنابایە و سەریشی ڕێک لەسەر تیرەی شێوە ئەڵماسییەکە دابنایە. لە وێنەی سەر دیوارەکانەوە[2] واتای ئەڵماسەکەمان بۆ ئاشنایە؛ "سەر" نواندنەوەی ئەندامی زاوزێی نێرینەیە.

لەوانەیە واتا سیمبولییەکەی "شەپقە" لەوەوە هاتبێت کە لە "سەر" جیادەبێتەوە، تا ئەو کاتەی شەپقە وەک درێژکراوە[ـی سەر] دابنرێت. لەم پەیوەندییەدا بیری سەمپتۆمێکم کەوتەوە کە بەهۆی نیرۆس(عوساب)ـی وەسواسییەوە دروستبووبوو و نەخۆشییە نیرۆسییەکان ئەشکەنجەیەکی بەردەوامی خۆیان دەدا. کاتێک ئەم کەسە نیرۆسییانە بە شەقامەکاندا دەڕۆن بەردوام تەماشای ئەوە دەکەن ناسیاوێکیان ببینن و بزانن بە داکەندنی شەپقەکانیان ئەم دۆست و ناسیاوانەیان یەکەمجار سڵاو دەکەن، یاخود وا دەردەکەوێت چاوەڕیی سڵاوکردن بن؛ و واز لە دۆستايەتیی زۆرێک لە ناسیاوەکانیان دەهێنن پاش ئەوەی دەزانن چیتر سڵاویان لێناکرێت یاخود بەشێوەیەکی جوان سڵاویان لێنەکراوە. لەم بابەتەدا دەردیسەریی ئەم کەسانە کۆتایینایەت؛ لە هەمووشوێنێک وەک کەسانێکی میزاجی و خەیاڵی تەماشادەکرێن. هیچ جیاوازییەک درووستناکات کاتێک سەبارەت بەم هەڵسوکەوتەیان پێیان دەڵێین (کە خۆیشیان دەیزانن) سڵاوکردن لەڕێی شەپقەداکەندنەوە لەبەردەم ئەو کەسەی سڵاوی لێدەکەیت سووکایەتییە – بۆ نموونە، خانەدانێکی ئیسپانی[3] ئەو مافەی هەبوو لەبەردەم پاشادا کڵاوەکەی لەسەردا بێت[4] - کەواتە ئیحساسیشیان بەرامبەر ئەو کەسانەی سڵاوی لێدەکەن بەو واتایە دێت نایانەوێت خۆیان بە ناگرنگتر پیشان بدەن وەک لەوەی ئەو کەسەی دی [بەهۆی ئەوەی هەر زوو شەپقەکەی دادەکەنێت] بیری لێدەکاتەوە. بەرهەڵستیی هەستەکانیشیان لە بەرامبەر ئەم شیکردنەوەیە بریتییە لەوەی لەم کارەدا کەمتر مۆتیڤی ئاگایی لەئارادایە؛ و دەشێت بەئاسانی سەرچاوەی ئەم هەستوسۆزە زیادەیە لە پەیوەندیی بە گرێی خەساندن[5]ەوە بەدی بکرێت.[6]

 

[پێویستە ئەوەى بۆ زیادبکەین کە سەر یان هەر سیمبوڵێکى تر کە دەێتە جێگرەوەى زەکەر و ئەندامى نێرینە, ئەوا هەڵگڕى ڕەهەندێکى فیکرییە کە لە عەقڵى باودا تووشى کورتکردنەوە دێت و چەشنى لێکچواندنێکى گاڵتەجاڕ وەردەگیرێت, بەڵام فرۆید مەبەستێکى دوورترى هەیە لە سیستەمە فیکرى و دەروونشیکارییەکەى خۆیدا: زەکەر یان فالووس لە واتا ئەبستراکتەکەیدا, خۆى نوقسان و ناکامڵە, بۆیە ژمارەیەکى زۆر سیمبوڵ بەرهەمدێت کە هەم دەچنەوە سەر ئەو ئەندامە و هەم دەشیشارنەوە و دەیڕەمزێنن. هەر سیمبوڵێکى سێکسى, جۆرێکە لە سیمبولیزەیشن و ڕەمزاندن, ڕەمزاندنى فالووس کە خۆیشى پێشوەخت خەسێنراوە و نوخسانە. سیمبوڵەکان هەوڵێکن بۆ ئەو نوسخە بنەڕەتییەى کە وێڕاى بنەڕەتیبوونەکەى, کەچى نوقسانییەکى بنەڕەتییشە. گەر جیهانى مرۆڤ جیهانێکى پڕ و پێرفێکت بووایە, و تەنیا نوسخە لە زەکەر و فالووس هەبایە, ئەوا سێکسوالیتە نەدەبووە کێشەى مرۆڤ. بەڵام دیالەکتیکێک لەنێوان نوقسانى و پڕییدا هەیە لە سیمبوڵە سێکسییەکاندا کە هەر سیمبوڵێک ئەنتى تێزى ئەندامى نێرینەیە بەڵام تێزەکە جودا و سەربەخۆ نیە, بەڵکو بەهۆى ئەنتى تێز و سیمبوڵە جێگرەوەکانەوە خەسڵەت و دەوڵەمەندێتى وەردەگرێت و هەژارییە بونیادییەکەى خۆى دەشارێتەوە. بەم پێیە سێکسوالیتە لاى فرۆید, پەپێى پێویست سێکسى نیە. ئەمە وێڕاى ئەو خاڵەشى کە سیمبوڵەکان شوێنەوارى ڕووداوە بەراییەکانى مناڵیین و ئەو نیگا بارکراوەى تەمەنى گەورەیی هەڵناگرن, بۆیە ئەندامى نێرینە هاوکات و هاوشوناس نیە بە خۆى و لەڕێى سیمبوڵەکانیەوە هەوڵى هاوکاتبوون دەدات-و].

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1]  بڕواننە وتاری 'سەری میدۆسا'ـی فرۆید, پاشکۆى نامیلکەى هەڵوەشاندنەوەى گرێى ئۆدیب, و. وەلید عومەر, ڕەهەند ٢٠٢١- و.

[2] graffiti

[3] Spanish Grandee

[4]  بەپێچەوانەی زۆربەی شوێنەکان کە بەرزکردنەوە و داکەندنی کڵاو ئێتیکێک بوو وەک ژێستی ڕێز دەبیندرا، بەڵام لە ئیسپانیادا خانەدانەکان بەوە جیادەکرانەوە لەبەردەم پاشادا دەیانتوانی کڵاوەکانیان دانەکەنن- و.

[5] Castration complex (Kastrationskomplex).

[6] سەرچاوە:

Freud, S (1957/2001) 'A Connection Between a Symbol and a Symptom' in The Complete Psychological Works of Sigmund Freud Vol. XIV (Strachey, J. trans.), Vintage, London.