A+    A-
(691) جار خوێندراوەتەوە

                                        کەمێک لەولاى بازنە داخراوەکانەوە

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

بازنەى داخراو, عادەتەن ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک دۆخ وەک: خوولانەوە لە بنبەستێکدا, دووبارەبوونەوەى هەمان شت بەبێ گۆڕانێکى ئەوتۆ, تووشبوون بە وەسواسێکى پووچ کە لەلاوە جۆرێک لە چێژ بۆ خاوەنەکەى درووستدەکات, چالاکبوونێکى زۆر کە ناچالاکییەک لە هەناوى خۆیدا دادەپۆشێت و هتد. هەموو ئەم دۆخانەش پتر لەو پانتاییەدا ڕوودەدات کە ناوى کۆمۆن سێنس(عەقڵى باو)ـە. کۆمۆن سێس, خۆى لە کرۆکدا لەسەر دووبارەبوونەوەیەکى ناکۆتا ئیشدەکات, لەسەر شەیدابوون بە وەسواسێکى کەمتازۆر ڕێکخراو, چەشنى ئەو کەسەى شەیداى گۆرانییەکە و تا دەمى مەرگ هەر دووبارە و چەندبارە گوێى لێ دەگرێتەوە. بازنەى داخراو لێرەدا بۆیە داخراو دەرناکەوێت چونکە هەمیشە لەڕێى چێژێکەوە ئاوەڵایی خۆى بۆ خاوەنەکەى دەنوێنێت, ئەوە کەسى دەرەوەى پانتاییەکە و بازنەکەیە ناو لەو بازنەیە دەنێت داخراو. کەلتور خۆى لە هەندێ ڕێسادا بوونێکى وەسواسانەى هەیە, لەسەر دووبارەیەکى ناچارى بەندە, بەڵام هەموو یاساکانى هەمیشە بەو جۆرە نین: سڵاوکردن, یەک لەو وەسواسانەیە کە گەر بێتو ڕۆژێک کەلتورێک بەڕێژەیەک پیادەى نەکات ئەوا هەڵدەوەشێتەوە و نامۆییەکى چاوەڕێنەکراوى تووشدەبێت. سڵاوى مرۆڤ لە مرۆڤ, لەو دووبارە وەسواسییانەیە کە کەلتور ڕادەگرێت و ئەویترى مرۆڤ و لەڕیشەشدا ئەویترى گەورە ڕادەگرێت. مرۆڤ بۆیە سڵاو لەوانیتر دەکات, تاکو پەیامێک بۆ ئەویترى گەورە بنێرێت ئێمە دەتوانین پێکەوە بین و لینکە ڕەمزییەکان نەقرتاوە. بەڵام گەر واز لەو بنەڕةتە بێنین و بێینەوە ناو پانتایی ڕەمزى و کۆمەڵایەتى, ئەوا بازنە داخراوەکان دەرکەوتەى جۆراوجۆریان هەیە:

دین و زانست لاى ئێمە, دەتوانن بەردەوام بەرهەمهێنەرى بازنەى داخراو بن, بازنە لەناو بازنە بەبێ ئەوەى باگراوەندێک دابهێنن جاروبار بازنەکان تێکبداتەوە و بازنەى نوێ و فراوان و لانیکەم نیوەکراوە درووستبکات. بۆنمونە لە دین و مشتومڕى دینییدا, بازنەى داخراو بەتۆخى ئیشدەکات. ئەم دیندار دژ بەو دیندارى تر, فۆرمێک لە دین(کە هەمان دینە) دژ بە فۆرمێکى ترى دین(کە هەمان دینە) قوتدەکاتەوە. زۆرجار فیگەرێکى ئایینى, دژ بە فیگەرێکى ئاینیی تر قوتدەکرێتەوە کە لە بنخاندا هەردووک هەر یەکن و گوزارشت لە بازنەیەکى ئاسنین و داخراو دەکەن. هەتا زۆرجار بێدینان, لەبرى ئەوەى لە بازنەکە دەربچن, کەچى بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ داکۆکیی لێدەکەن و لەبرى ئەوەى دیندارەکە بەرەو دەرێ بازنەکە ڕێنوێنى بکەن, گەمارۆى دەدەن بمێنێتەوە. نمونەیەکى کۆنکرێتى: دیندار و بێدین ناتوانن لە ئایدیاى خالق دەربچن, چونکە لەبنەڕەتدا ناتوانن دیدیان بۆ مرۆڤ فەلسەفی‌بکەنەوە, هەردووک بڕوایان بە بکەرێکى پێشینەیە: دیندارەکە بکەرێکى پڕ و پۆزەتیڤ و پێشین و باڵادەست بە گریمانە(یەقین) وەردەگرێت و دووەمیشیان نەفییەکى ئەبستراکت و دژاودژى ئە بکەرە دەکات و تەنیا شوێنى بکەرەکە و ناوەکەى و ئەرکەکانى بەجۆرێک دەگۆڕێت. دیندارەکە داکۆکى لە بکەرێکى ڕەها دەکات, بێدینەکەش ڕەهایەتى لەم بکەرە دەسێنێتەوە و نکۆڵیی دەکات. واتە هەردووک لە بازنەى داخراوى بکەرێتى دا دەسووڕێنەوە. یەک لە ئەگەرەکانى دەرچوون لەم بازنەیە ئەوەیە دیدمان بۆ بکەر, خودا و هتد بگۆڕین: بۆنمونە, خودا تەنیا بەشێوەى پاشەوپاش و ڕیترۆئەکتیڤ دەبێتە خودا و خۆى وەک بەشێک لە گەشەى زەینى پیشاندەدات ئەگینا بکەرێکى پێشوەخت نیە. واتە خودا جۆرێکە لە مۆنتاژ, مۆنتاژى زەینى, مۆنتاژ وەک یەکخستن و ڕێکخستن و ئارایشت(مارکسى گەنج خوداى بە فەوزایەکى زەینى دادەنا, بەڵام دەکرێت بە ڕێکخەرى فەوزاکەش سەیربکرێت). دیندارەکە بە لایەک كە یەک وێناى میکانیکیی هەیە, بەڵام بێدینەکە گەر دیدى خۆى بۆ بکەرێتیی خودا نەگۆڕێت ئەوا لە هەمان بازنەدا دەخوولێتەوە و بەبێ ئاگاداریی خۆیشى هەمان بونیادى زەینى و عەقڵى بەرهەمدێنێـەوە بۆ دیاردەکانى تریش لە چەشنى کەلتور, ئەخلاق, ژیانى ڕۆژانە و هتد. لێرەدا وێنا(imagination), یەک وێنایە. دەرچوون لە بازنەکە, واتە ئەوەى وێنایەکى ترت هەیە بۆ خودا و دین و بەهۆى ئەو وێنایەشەوە لە بونیادى وانت داوە. زۆرجار جیاوازیی نێوان دوو کەس, دوو دین, دوو شارستانییەت بریتییە لە جیاوازیی وێنا. یان لەناو یەک کەلتوردا, دوو وێنا وادەکەن دوو کەس و دوو شەبەنگى کەلتورى لێکجودا بن. بۆ نمونە, جیاوازیی سوبێکتى ئەدەبى و فەلسەفى لە دۆخى باودا هەر لە وێنادایە: مرۆى ئەدەبى, هەڵگرى وێنایەکە کە مانیفێستبوونى ئایدیا بە ئەولەوییەت وەردەگرێت, یەکێ: لە دەرکەوتەکانى ئایدیا لە وێنەیەکى واقییعدا, لە لێکچواندنێکدا, لە مەجازێکى ناڕاستەوخۆدا, بەڵام مرۆى فەلسەفى خودى ئایدیا وەردەگرێت؛ هەر شتێک دەباتەوە سەر ئایدیا, سەر بیرى پەتى. ڕەنگە ئەدەبییات بۆ کۆمۆن سێنس, وێنایەک بێت بە نێوانگرى(mediation)ـەوە, بەهۆى ناوەندێکى ترەوە, بەڵام فەلسەفە هەوڵبدات نێوانگرییەکان بپچڕێنێت و لە ئایدیا خۆى نزیکبێتەوە و بنەچە بۆ ئەو ببێتە ئایدیا, وێنایەکى بێ‌نێوانگر(هەڵبەت لە واقیعى ئێمەدا هێشتا جیاوازییەکە ناڕوونترە و مشتومڕێکى ڕوون و عەقڵانى لەسەر ماهیەت و سنورى کایەکان لەگۆڕێدا نیە و جار هەیە یەکێک وێناى کایەیەکى تر هەڵدەگرێت). پرسى بازنەى داخراو, کۆمەکماندەکات بیر لەوە بکەینەوە کە هیچ کایەیەکیش نەبێتە خاوەنى یەک وێناى داخراو, بەڵکو بە پێداگرى لەسەر وێناکەى خۆى, دوورونزیکیی خۆى لە وێناى ناو کایەکانى تریش دامەزرێنێت. دۆخى ئێمە بەجۆرێکە کە بازنە داخراوەکە نەک هەر وێنایەکى کامڵیش درووستناکات, بەڵکو لە بێ‌وێناییەوە نزیکترە.

بێدینێکى کورد, زۆرجار بەهۆى بەرکەوتن بە کایەیەکى ماتریالیستییەوە بونیادە زەینى و عەقڵییەکەى خۆى ناگۆڕێت: بۆنمونە دەشێت تۆ کوانتۆمى بیت یان داروینى یان هتد, بەڵام تەنیا وەک فۆرم وەرتگرتبێت و لەگەڵ ناوەڕۆکە کەلتورى و عەقڵى و کۆمەڵایەتییەکەى خۆماندا گونجاندبێتت. گەر کەسێک داروین بە مۆدێلى فیکریی خۆى هەڵبژێرێت, ئەوا لاى کەمییەکەى پێویستى بەوەیە شتەکان ماتریاڵى بکاتەوە و ڕەچەڵەک وەک پلێتێکى سادە وەربگرێت ک تووشى ئاڵۆزبوون هاتووە. واتە داروین تەنیا لەناو زانستدا قەتیس نەبێت, بەڵکو ببێتە ئاسۆى زۆر دیاردەى مرۆیی و کۆمەڵایەتییش. دیارە میتۆدى زانستى هەندێک جیاوازیی لە میتۆدى کۆمەڵایەتى هەیە, بەڵام ئەو فشارەشى بۆ سەر یەکتریان هەیە بە کەم وەرناگیرێت: داروینیزم بەر لە هەر شت کێشەى "بنەچە و ڕەچەڵەک" پێناسەدەکاتەوە نەک ئەوەى تیۆرێکى بەشەکى(جزئى) بێت سەبارەت بە گەشەى مرۆڤ. کێشەى ڕەچەڵەک, کێشەیەکى زەینى و عەقڵییە و بۆ هەموو دیاردەکانى تریش قابیلى بیرلێکردنەوە و دەرگیربوونە. بۆنمونە, دەکرێت بەهۆى بیرکردنەوە لە ئایدیاى ڕەچەڵەکى داروینى, بیر لە ڕەچەڵەکى دەق یان نۆرمێک بکرێتەوە. گەر ئەمە بکرێت, ئەگەرى دەرچوون لە بازنەى ئاسنین و داخراو دەڕەخسێت. کاتێک ئەمە دەڵێین, ئەوەمان بیرنەچووە کە فریوێکى ئایدیلۆژییش هەیە و وێنا جیاجیاکان و بازنە جیاجیاکان هەوڵدەدەن یەکتریی پێ فریوبدەن تاکو جیاوازییە پاتۆلۆژیکەکەى خۆیانى پێ بشارنەوە. هاوتاکردنى هەندێک ئایەتى ناو قورئان بە هەندێک دیدى داروینى, یەکێکە لەم فریوە ئایدۆلۆژیییانەى کە پتر بازنەکەى خۆى قایمدەکات:

 تیۆرى پەرەسەندن گەرچى لەناو سنورى بایۆلۆژیا و زانستە سرووشتییەکاندایە, بەڵام کایەکانى تریش تووشى هەڵاوسان دەکات و کێشەى مانا و بەها و هتد دەخوڵقێنێت. کاتێک هەوڵدەدرێت قورئان و داروینیزم هاوتابکرێت و بگوترێت: داروین لەگەڵ قورئاندا ناکۆک نیە و قورئانیش بە زمانى "سیمبوڵى" باسى ئەوەى کردووە, لەڕاستییدا مەسەلەکە هەروا بەئاسانى بریتى نیە لە هەوڵدان بۆ هاوتاکردنى دوو شتى ناهاوتا. بەڵکو کەمێک ئاڵۆزترە: قورئان و داروینیزم دوو جەمسەرى ناهاوتان, کاتێکیش زانایەکى دینى هەوڵدەدات یەکیانبخات ئەوا هاوتا نەبن, بەڵکو ناهاوتابوونەکەیان دادەپۆشێت, یان بە زمانێکى تایبەتتر بیڵێین: جەمسەرەکەى تر کە وەک نامۆیەک وایە, دەڕەمزێنرێت(واتە سیمبوڵیزەدەکرێت, بۆیەشە هاتنى وشەى سیمبوڵ لە بیانووەکانى واندا جێى سەرنجە). جێکردنەوەى تیۆرى پەرەسەندن لە قورئاندا, جێکردنەوەى نیە لە هاوتا زانستییەکەیدا, بەڵکو جێکردنەوەیەتى لە فەنتازیاى دینداراندا. واتە دەستەمۆکردنى داروینە تاکو چیدى خەیاڵیان عەزێت نەدات و پەردەیەکى فەنتازیی بەسەردا بدەن. گەرنا عەقڵ جێى خۆیەتى بپرسێت: گەر داروین لە قورئاندا هاتووە, ئەوا بۆچى بەر هەمان شۆکى بنەڕەتیی نەخستین؟ دەتوانین زۆر درێژە بەم مشتومڕە عەقڵییە بدەین, بەڵام پتر ڕووى فۆرماڵى ئەرگۆمێنتەکەم بۆ گرنگ بوو کە چۆن زۆرجار زەینمان بەر ئەو فریوە دەکەوێت وادەزانین ئایدۆلۆژیایەک دەیەوێت بەجدییەوە شتێک هاوتاى ناو ئایدۆلۆژیاکەى خۆى بکاتەوە, بەڵام بە ڕوانینێکى قووڵتر بۆمان دەردەکەوێت کێشەکە هاوتاکردن نیە بەڵکو داپۆشینى ناهاوتابوونە. مەسەلەکە ئەوە نیە دوو بازنە بکەینە یەکێک و بتوێنەوە, بەڵکو دەرچوونێکى ڕاڤەیی و سەرکێشکارە بۆ ئەوەى بزانیت بازنەکەى تۆش وەک گۆى زەوى تەنیا یەکێکە لە هەسارەکان و بنکەکەشى هەردەم جێگیر و مسۆگەر نیە.

دیارە سوبێکت ناتوانێت هەمیشە لە دەرەوەى بازنەیەکەوە بژى, بەڵام دەتوانێت هەمیشە دەسکاریی بازنەکەى خۆى بکات. دەرچوون لە هەر بازنەیەک, بۆ ماوەیەک تراومایەک یان هەستێکى سارد و کەوتنى فەنتازیایەکى لێ دەکەوێتەوە, بەڵام پاش ماوەیەک بەبێ ئەوەى بڕیارى تەواو ئاگایانە بدات, بازنەیەکى ترى بە دەورى خۆیدا هەڵچنیوە: بازنەیەکى ڕەمزى و مانایی و بەهایی. واتە لەبازنەدابوون, چارەنووسى سوبێکتە. بازنەى داخراو, بەپێچەوانەى ناوەکەیەوە جەبرى ڕووت نیە, بەڵکو بەپێى لۆژیکى ناوەکیی خۆى, ئازادیی خۆیشى تیایە کە لە دەرەوەى بازنەکەوە و بەپێى پێوەرێکى تر دەتوانین بڕەکەى بپێوین, چونکە نیشتەجێیانى نێو بازنەکە نوقمى ئەو دۆخەن و خۆیان نابینن. ئاخۆ ئەو بازنەیەى ئەمڕۆ وەک تاک یان کۆ تێیداین, چ جۆرە بازنەیەکە؟ ژیانى ڕۆژانەمان, چ جۆرە بازنەیەکمان پێشکەشدەکات؟ دەکرێت کەمەکێک لەسەر چالاکى و بازنەى پڕجووڵەى ئەمڕۆى مرۆڤ بوەستین: لایک وەک سیمبوڵى بازنەیەکى داخراو؟

 لایک(وەک ناوێک بۆ هەموو چالاکییەکانى ترى ناو سۆشیاڵ میدیا- یان فەزاى مەجازى) تەنیا بەشدارییەکى بچوک نیە لە پۆستێک و مادەیەکى ناو دونیاى مەجازدا, بەڵکو شتێکە دەچێتەوە سەر چەمکێکى وەک هەڵبژاردنى ناچارى(the forced choice). ئەم چەمکە لە واتا سادەکەیدا واتە ناچار بیت شتێک هەڵبژێریت, واتە ناکۆکییەکمان پیشاندەدات, لەلایەک خەریکیت هەڵدەبژێریت و ئازادیت, بەڵام ناچاریشیت چى هەڵبژێریت. تۆ لە بەشدا ئازاد و لە کۆدا ناچاریت. ڕەنگە ئەم چەمکە سرووشتى دونیاى ئەمڕۆمان لە زۆر ڕووەوە پیشانبدات. زۆر چالاکیی ترمان هەن, وادەزانین خەریکى هەڵبژاردنێکى ئازادانەین بەڵام لەبنچینەدا ناچارکراوین. بەم پێیە, ئازادى هەمیشە لە جێیەکى ترەوە بۆ تۆ دیاریکراوە. وێڕاى ئەمەش, ماناى ئەوە نیە ئێمە هیچ ئازاد نین: ئێمە دەتوانین ئەو بڕە ئازادییە بەشەکییەى هەمانە لە شوێنکاتى درووستدا بەکاربێنین. ئازادى خۆى قەت بەتەواوى ئازاد نەبووە, بۆیە ئێمە لەو بەشە نامومکینەى ناو ئازادى خۆیدا دەتوانین ئازاد بین. هەر ئەوەى کە ئازادى وەک چەمکێکى ئەبستراکت(پەتى), سەرتاپاى بریتى نیە لە ئازادێتى و بێسنورى, ئەوا ئیدى دەستى ئێمە ئاوەڵادەکات ئازاد بین- ئازادییەک کە بەرەنجامى شکستى چەمکە ئەبستراکتەکەى ئازادى خۆیەتى. ئەمە دوائاسۆى چەمکایەتیی ئەو گفتوگۆیەشە کە دەپرسێت ژیان ئازادییە یان ناچارى؟ گەرچى پرسیارەکە گشتییە, بەڵام زەین لەلاوە وەڵامى خۆى هەڵدێنێت: ئازادى وەک تێگەیەک, لە سنورداریی خۆى هەڵدێت. ڕەنگە هەر ئەم سنوردارییەى ئازادى خۆى, بریتى بێت لە ئازادى. نمونەیەکى کۆنکرێتى: کەسێک کە دەیەوێت هەموو شت بکات, گەر بشتوانێت «هەموو شت» بکات, ئەوا لەبنەڕەتدا لەم "کردنەى هەموو شت" هەڵهاتووە. بەدەست سنورداریی ناو ئازادییە ناکۆتاکەى خۆیەوە دەناڵێنێت کە پێشوەخت جەبر تێکەڵ بە ئازادى دەکات. هەر لێرەوە دەتوانین سەرنجێک بخەینەوە سەر چەمکى خەیاڵ کە زۆرجار وەک تێگەیەکى تەواو ئازاد سەیردەکرێت: ئێمە لە خەیاڵیشدا سەرتاپا ئازاد نین, چونکە خەیاڵ(یان فەنتازیا بەپێى ناوە تەواو تیۆرییەکەى) خۆى لەدەست سنوردارێتییەکەى خۆى هەڵهاتووە کە واقیعە, چونکە واقیع ڕاستەوخۆ خۆى ناداتەدەستەوە و ناچارین ئەم سنوردارییە بەهۆى خەیاڵەوە بشارینەوە. بە مانایەکى تیۆرى, ئازادى دەبێتە کاردانەوە بە ڕووى جەبر و سنوردارێتییەکى ناوەکى‌دا کە پتر بونیادییە وەک لەوەى ئەزموونى بێت. واتە هەر هەیە نەک ئەوەى هەبێت و ڕووبدات. جەبر دەبێتە داینەمۆى ئازادى, ئەمە شتێکە دەتوانین ناوىبنێین جەبرى سەرەتایی. ژیان دواتر ڕیزێک یان تۆڕێک جەبرى ترى تیایە کە پێناسەى ئازادى دەکەنەوە و سنورەکانى ئازادى دیاریدەکەنەوە, بەڵام هەموویان شوێنەوارى ئەم جەبرە سەرەتاییەن. کەمێک تیۆرییتر: جەبر بریتییە لەو ئەویترەى ئازادى کە دەستى پێى ناگات بەڵام ناشهێڵێت ئازادى وەرگەڕێت بۆ کایۆسى ڕووت, شێتى, دەروونپەشێوى, ناکۆتاى بەد, جۆشى بەتاڵ و هتد. لە مانا فرۆیدییەکەشیدا, ئەم جەبرە جۆرێکە لە چەپاندنى سەرەتایی: بەبێ چەپاندنى سەرەتایی, ڕەنگە نەتوانین وێناى هیچ شتێک بکەین. دەبێت خاڵى دەسپێکمان چەپاندنێکى سەرەتایی بێت تا بتوانین بەر جیهان و واقیع بکەوین. هەتا دونیاى فیزیک بەبێ ئەم چەپاندنە سەرەتاییە وێناناکرێت- بیگ بانگ یان تەقینەوە گەورەکە و بەر لەوە(کە بۆ ئێمەى سوبێکت بوونى نیە) چیە جگە لەم چەپاندنە سەرەتاییە؟

  لایک فۆرمێکى بەتاڵە, بەڵام کۆمەڵگا جیاجیاکان ناوەڕۆکى تایبەت بە خۆیانى تێ دەئاخنن. لایکێکى کوردى, تایبەتمەندیی کوردییانەى پێوەیە. دەشێت لایکێک لەناو کەلتورێکى تردا, کەمتر پاتۆلۆژیک(نەخۆشانە) بێت, بەڵام لە کەلتورێکى تردا پاتۆلۆژیکتر بێت. هەر لایکێک پەیوەندیی ئێمە و چێژیش دیاریدەکات. مەبەستمان لە چێژ, چێژە وەک پرسێکى فراوانترى دەروونى-کۆمەڵایەتى. واتە پەیوەندییمان بە ژویسانسەوە, دواسنورى چێژ کە پێماندەڵێت چەندە چێژمان هەیە و چەندمان نیە و چۆن شوناسمان وەرگرتووە و چالاکییەکانمان چین و هتد. لایک, وەک چەندین دیاردەى ترى ناو ژیانى مرۆڤ, بەشدارە لە درووستکردنى پەیوەندییماندا بە چێژ(enjoyment[←ژویسانس])ـەوە. لایک هەر چالاکییەکى دەست نیە, بەڵکو سەر بە بینین-یشە. چونکە دەچێتەوە سەر پانتایی بینین, سەر کۆمەڵگاى نمایشى, سەر پاڵنەرى نیگا. لێرەدا ئۆرگانى جەستەیی, واتە دەست, حسێبناکرێت, بەڵکو کۆى پاڵنەرەکە دەژمێردرێت کە بینین(نیگاى زەق)ـە. نیگا(gaze) لەپاڵ دەنگ(voice)دا, لە ئاڵۆزترین پاڵنەرەکانن لە مرۆڤدا. هەردووک لە ئۆرگانێک ئاڵۆزترن, سەربەخۆترن, دەشتوانن لە مرۆڤ جیا ببنەوە و ڕۆڵ بگێڕن(هەر خوێنەرێکى ناو نەریتى دەروونشیکاریی لاکانى, چەمکێکى وەک ئۆرگانە بێ‌جەستەکانى بیستووە). بەم پێیە, لایککردن و چالاکیی لەم چەشنە, چێژبینین(یان چێژنەبینین و گرژى)یە لەڕێى چاوەوە. لەمەش سەرنجڕاکێشتر, ئۆرگانەکانى ترى ئێمە لەبەر خاترى چاو ناوەستن, بەڵکو هەموو دەچنە سەر ئەم پاڵنەرى بینینە. لەشى ئێمە, دەلکێت بە پاڵنەرى بینینەوە. ئێمە جەستە دەنوسێنین بە ئۆبێکتە بنیراوەکانەوە و لەڕێى لایککردن و تەنانەت نەکردنیشیەوە, پەیوەندییەکە دادەمەزرێنین. ئەمە وەک گشت, وەک ڕووە چەمکایەتییە گشتییەکەى؛ بەڵام وەک ئاستى بەش و کۆنکرێت, لایک بۆ دنیا ڕەمزییەکەى ئێمە, لکاوە بە دۆخى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ماناییمانەوە. ئەمەش دەمانباتەوە سەر ئەو ڕاستییەى کە هەر بازنەیەک چێژى خۆى هەیە, بۆیە دەسبەرداربوون و نەبوونى گرێدراوە بە چێژ و پرسى چێژمەندى(زێدەچێژ و ژویسانس)ـەوە. پرسیارێکی ڕەواش لێرەدا ڕەنگە ئەوە بێت کە ئاخۆ ئەم زێدەچالاکبوونەى مرۆڤەکان لەڕێى فەزاى مەجازییەوە, پەلەقاژەیە بۆ دەرچوون لە بازنەیەکى داخراو یان شکانى بازنەکانى پێشووە و بەرەو بازنەیەکى ترى نادیار دەڕۆین کە هێشتا درووستنەبووە؟ یاخود هەریەکەمان بازنەى داخراوى خۆى هەیە و لە بازنەیەکى گشتى و فۆرماڵ و لێکچوودا, هەمان کار لە هەمان بازنەدا دووبارەدەکەینەوە؟