A+    A-
(775) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى ژیژەک):

ئا. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

ئارەزوو(desire)/پاڵنەر(drive)

هێنریک جۆکەر بیەر

 

 

  ئارەزوو و پاڵنەر دوو چەمکی گرێدراوی یەکترن بە درێژایی کارەکانی ژیژەک، پەیوەستکراونەتەوە بە کایە گرنگەکانەوە: دەروونشیکاری، فەلسەفە، سیاسەت. بێ‌گومان ئەم دوو چەمکە بەزۆری پەیوەستن بە دەروونشیکارییەوە و زۆربەی شەرحەکانی ژیژەکیش، دەشێت بێ‌کێشە بڵێین تەئویل و ڕاڤەکردنی کارەکانی لاکانن لەو بارەوە. بەس بێ‌گومان بە ڕەپتکردنەوەی چەمکەیلی وەک ئارەزوو و پاڵنەری دەروونشیکاری بە کێشە بنەڕەتییەکانی فەلسەفە و سیاسەتەوە، دەتوانین هێز و ڕەسەنیی تیۆریی وی دەربخەین. هەر بەو چەشنەی خۆیشی (ژیژەک) بە گلین دالی دەڵێت "وەسوەسەی گەورەی کارەکانم خوێندنەوەی پاڵنەری مەرگی فرۆیدییە لەڕێی ئەو شتەوە وا لە ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا پێی دەگوترێت نەفی (نێگەتیڤیتە)ی خۆنشین".

 

 

 

ئارەزوو

  بەگوێرەی لاکان، ئارەزوو هەمیشە ئارەزووی ئەویترە، واتە ئارەزوو لەبنەڕەتدا دیاردەیەکی نێوسوبێکتی[1]یە و خەسڵەتێکی فریودەرانەی هەیە. جیایە لە پێویستییەکی بایۆلۆژیی ڕووت (تینوێتی، برسێتی، سەرما...)، ئەویش چونکە بەئاسانی تێر و قاییل ناکرێت؛ لەڕاستییدا گەر ڕەقتر بدوێین، هەر تێرناکرێت. ئەوەی ئێمە ئارەزووی دەکەین کۆمەڵێ ئۆبێکتی وەک خواردنەوەکان، جلوبەرگ یان جەستە نیە، بەڵکو ئۆبێکتی aیە، کە ئەمیش لەڕاستییدا هەر ئۆبێکت نیە (بەو مانایەی فەلسەفەی شیکاریی ئەنگلۆسەکسۆنی بەکاریدێنێت) بەڵکو ئۆبێکت-هۆکاری ئارەزووە[2]؛ واتە ئەو شتەیە وامان لێ دەکات ئارەزووی کۆمەڵێ ئۆبێکتی دەبەنگی وەک خواردنەوەکان، جلوبەرگ یان جەستە بکەین. ئۆبێکتی a ئۆبێکتێکە پێشوەخت لەدەستچووە، ئێمە لە هەموو شتێک و کەسێکی چواردەورماندا بۆی دەگەڕێین: ئەمیش دوای چوونەناو زمان و دنیای شتی چاوەڕواننەکراوەوە دەمکاتەوە بە "گشت[3]"ێک، لەمیشدا دیسان تێربوون مومکین نیە.

 ئەوەی من ئارەزووی دەکەم ئارەزووی ئەویترە، واتە دەمەوێت ئەویتر ئارەزووم بکات و جا بزانم ئەویتر چیی لێم دەوێت- دەتوانم چ شتێک بکەم تا ئەویتر ئارەزووم بکات. ئەوەی من ئارەزووی دەکەم (حەزەکانم، هەڵبژاردەکانم، ئاواتەکانم)، لەلایەن خەیاڵی خۆمەوە دەبزوێن؛ ئەو خەیاڵەی تێیدا تەسەوری ئارەزووی ئەویتر دەکەم. فڵان نەوع پێڵاو لەپێدەکەم، چونکە پێم وایە ئەویتر حەزدەکات من حەزیان لێ بکەم. لە تاعوونی فەنتازیاکاندا[4] ژیژەک حەکایەتێکی فرۆید بەکاردێنێت تاکو خەسڵەتی نێوسوبێکتیی ئارەزوو ڕوونبکاتەوە. شەوێکیان، فرۆید دیقەتی ئانای کچەبچوکی دەدا، لە کاتی خەودا وڕێنەی بە کێکی شلیک دەکرد. گەر ئارەزوو پێویستییەکی ڕووتی بایۆلۆژیی بووبا، ئەوا دەشیا بڵێین لە خەونیدا برسی بووە یان حەزی بە تامی شیرینی شلیک کردووە. تەفسیرەکەی ژیژەک بەتەواوی جیاوازە: ئەو ڕۆژەی کە ئەو کچەچکۆلەیە بە بەرچاو دایە و بابەوە نانی دەخوارد، بێ‌گومان سەرنجی ئەوەی دەدا کە دایک‌وباوکی دڵخۆشن بە بینینی چێژوەرگرتنی کچەکەیان. کەوابێ حەقیقەتی فەنتازیای خواردنی کێکی شلیک بەم شێوەیەیە: هەوڵە بۆ درووستکردنی شووناس (ی کەسێک کە چێژ لە خواردنەکانی دایک‌وباوکی وەردەگرێت) و ئەوانیش قاییلدەکات و ئەمیش دەکاتە ئۆبێکتی ئارەزووی وان.

  بوون‌بە سوبێکت فێریشتدەکات چۆن ئارەزوو بکەیت، بەدەقیقیش لەبەر ئەوەی ئۆبێکتی a خۆیمان لێ وندەکات، ئاوا فێردەبین چۆنچۆنی بەدرێژایی ژیانمان ئارەزوو بکەین. (کە چێژ لە شلیک دەبینم ڕەنگە خۆشیانبوێم، بەڵام بۆ ئەم جارەی تریشیان هەر وا دەبێت؟ دەکرێت لەوە دڵنیا بم لە خۆشویستنم بەهۆی ئەو کارەوە بەردەوام دەبن؟) ئابوریی سەرمایەداری بەهۆی ئەم لۆژیکە میتۆنۆمییەی ئارەزووەوە بەهێزتر دەبێت، کۆتا مانا بوونی نیە و هەموو تێربوونێکیش کاتییە. بازرگانەکان فێرماندەکەن چۆناهی ئارەزوو بکەین، و هەر کاتێک کاڵایەک دەکڕین، پێمان وایە ئەوە ئەو شتە نیە [کە دەمانویست]- دەی کەواتە گەرەکە شتی تر بکڕین.

 

 

پاڵنەر

 

  گەر ئاوا بێت، بوون‌ بە سوبێکت شتێکی هێندەش تراومایی نیە. ڕەنگە گەیشتن بە دۆخی فەنتازیاکراوی پێش خەسان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبێت، بەڵام دەتوانین لێرەولەوێ بڕێک چێژ لە ئۆبێکتەکان و عەشق بەدەستبێنین؛ هەرچەندە بە شێوەیەکی عوسابییانە(نیورۆتیک) بە شوێن فۆرمی ددان پێدانانی نوێدا دەگەڕێین، لەپاڵیشیدا دەتوانین بە ئاستێک فێربین چۆن ژیانێکی جێگیر دەستەبەربکەین لەناو سنورە سەلامەتەکانی فەنتازیادا. گەیشتن بەم وێنە و تەسەورە شتێکی هێندەش ئاڵۆز نیە. ئەمە ڤێرژنێکی خاوێنی ئارەزوو و ئۆبێکتی aیە- ئەوەشی لێرەدا کەم و نوقسانە، ڕەهەندی پاڵنەرە. بەپێچەوانەی زۆرینەی تیۆرە فەلسەفییەکانەوە لەمەڕ فۆرماسیۆی ئیتیکی و بەدەستهێنانی زمان، ژیژەک سەرنجی خۆی ناخاتەسەر گواستنەوەی هێواش لە ساوایەکی بێتواناوە بەرەو بریکارێکی مۆراڵیی بەهێز، بەڵکو باس لە مەحاڵیتیی بنەڕەتیی ئەم گواستنەوەیە دەکات؛  ئەویش لە غیابی مانادا کە هەمیشە لەودیوەوە دەمێنێتەوە. چەسپینی نەزمی ڕەمزی بەتەنیا پرسیاری ئەبەدیی "چییان لێم دەوێت؟" ناڕسکێنێت، بەڵکو پرسیارگەلی تری وەک "چۆن هاتینە نێو ئەم پشێوییەوە؟ ئەی چۆن دووبارە لێی دەرچم؟"یش درووستدەکات. نەزمی ڕەمزی هیچ پاساوێکی بۆ بوونی خۆی نیە (دالی لێ دەرچێت لە پەتیترین فۆرمی خۆیدا)، ئەم غیاب[ی پاساوە]، بە مانایەک لە ماناکان، هەر دەرنابڕدرێت- چونکە بۆ باسکردنی ئەم بابەتە هەمان ئەو زمانەمان هەیە کە نەزمی ڕەمزی پێی بەخشیوین. پاڵنەر، وەڵامی سوبێکتە بەڕووی ئەم بنبەستەدا. ئەمە "داوایەکی سرووشتی"ی چەپێنراو نیە کە پێویستی بە "ماڵیکردنەوە" [و ناسینەوە] بێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕادیکاڵترین بەرەنجامی ئەم ماڵیکردنەوەیەیە. بۆیە زۆربەی فەلسەفەی هاوچەرخی نۆرماتیڤیتەی درووستبوون و زمان (ئیتیکی چاکە، پراگماتیزمی هیگڵی و هتد) شکستدێنن لە ناسینەوەی ئەم ڕەگەزەی ناو تێڕوانینەکانی ژیژەک دەرهەق بە سوبێکتیڤیتەی مرۆڤ، شەوی جیهان و شێتیی[5] گواستنەوە لە بایۆلۆژیاوە ڕووەو کەلتور (شارستانیەت). مرۆڤ ئاژەڵێکی بەڕەوشت نیە وردەوردە فێربووبێت چۆن غەریزە حەیوانییەکانی سەرکوتکات، بەڵکو حەیوانێکی سێکسوالیزەکراوە بە خاتر ئەوەی بچێتە نێو دووەمین سرووشتەوە.  کەواتە وانەی بنەڕەتیی دەروونشیکاری ئەوەیە ژیانی مرۆڤ بە تەنیا ژیان نیە، مرۆڤ بەس ئەوە نیە زیندوو بێت، بەڵکو لەڕێی پاڵنەرێکی نامۆوە خاوەنداری دەکرێت تاکو چێژێکی زیاد لە ژیان ببینێت، لکاوە بە زیادەیەکدا کە نەزمی ئاسایی شتەکان تێکوپێک دەدات.

 

 

ئارەزوو و پاڵنەر

 

وای دانێن پاشای ئەنگوستیلەکانی ج.ڕ.ڕ تۆڵکین ڕوونکەرەوەی جیاوازیی نێوان پاڵنەر و ئارەزووە: گوندە سەلامەتەکەی هەرێمەکە، نوێنەرەوەی پانتایی باشی فەنتازیایی ئارەزووە بەبێ پاڵنەر. هۆبیتەکان چەشنێکن وا خاڵیین لە شێتی و سێکسواڵیتە، هەرچەندە خاوەن زمان و گاڵتەوگەپ و ئارەزوو بوون لەودیو پانتایی غەریزە بایۆلۆژییەکانەوە؛ چێژیان لە وردەچێژەکانی ژیانی ڕۆژانە وەردەگرت و ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دەکرد. ڕەنگە چێژیان لە بیرە وەرگرتبێت، گاڵتەیان لەگەڵ یەکتر دەکرد، ساموایز گامی‌ش بڕێک بێ‌چاووڕوو بوو لە کارە ڕۆمانسییەکانیدا، بەڵام بەگشتی وا دیارە هیچ تراومایەکی ڕاستەقینە و بنبەستێکی بنەڕەتی بوونی نەبێت لە ژیانی هۆبیتەکاندا. (هۆبیتەکان لە دوای هەبوونی قاوەڵتیدا، لەجیاتی خوێندنەوەی سارتەر، دەچوون قاوەڵتیی دووەمیان دەخوارد). کۆی پشێوییەکان لە دەرەوەڕا هێنرابوونە نێوەوە لە شێوەی ئەنگوستیلەکەدا، و کارەکتەری تراژیدیی گۆڵوم بوو کەوا پاڵنەری کۆی جڤاتەکەی بەرجەستەدەکرد. لە وەسوەسەکەیدا دەرهەق بە ئەنگوستیلەکە، وا دیارە وەکبڵێی کۆی ئەو تووڕەیی و ناڕەحەتییانە کە لەو ماوە کەمەدا موعجیزەئاسا لە ناوچەکەیان نەمابوو، دەخستە ئەستۆی خۆی. ئەم خاڵەش لە خۆقوربانیکردنە نائەنقەستەکەی کۆتایی حەکایەتەکەدا ڕووندەبێتەوە، ئەویش کاتێک ئەنگوستیلەکە لە دەستی فرۆدۆدا دەردێنێت و دەخزێتە نێو چاڵە بۆگەنەکەی ماونت‌دووم.

  گەر ئارەزوو گەڕان بێت بەدوای ئۆبێکتی لەدەستچوودا، ئەوا پاڵنەر ناوی پێداگرییەکی شێتانەیە لەسەر خودی لەدەستچوونەکە. پاڵنەرەکان بەشەکی(جزئی)ن، بەو واتایەی دەشێت بلکێن بە هەر ئۆبێکتێکی تایبەتەوە؛ بەڵام بە جۆرێکیش موتڵەق و ڕەهان، پێداگرییەکی بێ قەید و شەرتیان هەیە لەودیو ژیان و مەرگەوە. بۆنمونە، جگەرەکێشان خەسڵەتی شتێکی زیادە و کۆنتڕۆڵنەکراوی هەیە دواجار دەتکوژێت، بەڵام لە هەمان کاتدا-یان تەنانەت هەر بەم هۆیەشەوە- چۆنییەتییەکیشی هەیە کە ناتوانیت نەیکێشیت. ڕاتدەکێشێت، هەر ڕێک لەبەر بێماناییە زەقەکەی: "گۆڕین لە ئارەزووەوە بەرەو پاڵنەر، [هاوکات] گواستنەوەیە لە ئۆبێکتە لەدەستچووەکەوە ڕووەو خودی لەدەستچوونەکە وەک ئۆبێکت. بە دەربڕینێکی تر، ئەو بزووتنە نامۆیەی ناوی پاڵنەرە، لە مەحاڵێکەوە دەرناچێت تاکو بەدوای ئۆبێکتە لەدەستچووەکەدا بگەڕێت؛ بەڵکو بۆ ئەوە کاردەکات ڕاستەوخۆ لەدەستچوون (درز، پچڕان، مەودا)ەکە بەرجەستەبکات و بیخاتەئیش" (ژیژەک).

 

 

پاڵنەر و پاڵنەر

  کەلتورەکان وەک ناوەڕاستە-زەوی نین. پێشوەخت لە پاڵنەر هەڵژەنراون. نەک تەنیا لە جگەرەکێشان، زۆرخواردن، ڕاهێنانی قورس و هتدا، بەڵکو لە DNA کەلتوردا. پڕۆفیسۆر مارک سێجویکی زانکۆی ئارهوس لە دانیمارک، چەند ساڵێک لەمەوبەر تێبینییەکی وردی کردبوو (هەرچەند ئەو ڕەپتیناکاتەوە بە پاڵنەرەوە):

 

"تیۆرەیەکم هەیە و دەڵێم کاتێ بە شەقامی هەر وڵاتێکدا گوزەردەکەیت، دەبینی شتێکی زیادلەڕادەی هەیە. ئیسپانیا بانکی زۆرە، نەرویج سەرتاش، میسڕ دووکانی پێڵاو، ئینگلتەرا مەیخانە...بیرم لەوە دەکردەوە دانیمارک ناوەندی مەساجی تایلەندی زۆری تێدایە، دەقیقیش دڵنیا نیم ئەوە بە چ مانایەک دێت".

 

زیادە شتێکی سرووشتیی ڕووت نیە لە کەلتوردا، بەڵکو خودی کەلتورە لە زێدەچێژەکەیدا [ژویسانس]. هەر ئەم زیادەیەیە تیۆرەکانی سرووشتی دووەمی سوبێکتیڤیتەی مرۆیی ناتوانن باسیبکەن، گرەوەکەی ژیژەکیش ئەوەیە ئەمە ڕێک بەردی بناغەی کەلتورە. ئەمە تەنیا ئەوە نیە پێمان بڵێت شێتی لە کەلتورێکدا بەرەو کوێ دەڕوات، بەڵکو لەبەر ئەم زیادە پێشبینی‌نەکراو و نائەقڵانییەیە وا دەشێت کەلتور ڕێ بۆ شتێکی نوێ خۆش بکات. کەواتە پاڵنەر تەنیا شت تێکناشکێنێت و وێرانناکات، ئیهمالکردنێکی توندوتیژانەی ژیان و مەرگ نیە، بەڵکو وەک لاکانیش دەڵێت "ویستە بۆ درووستکردن لە سفرەوە، دووبارە دەستپێکردنەوە". ژیژەک لەنێو ئەم زیادە کەلتورییەدا مەجالێک بۆ کرانەوەی سیاسی دەدۆزێتەوە، ئەویش لە ناوەڕاستی ئابورییەکی داخراوی ئارەزووی بەکاڵاکراودا و مەیل بۆ بەڕێوبەرایەتیی پۆست-سیاسی. گەر ئارەزوو کاتی و سەرەتایی بێت، ئەوا پاڵنەر پێداگرییە لەسەر خاڵێکی تایبەت، تەنانەت لەودیو سنورە ئەقڵانییەکانی پاساویشەوە. کەواتە، هەر گۆڕانێکی ڕاستەقینەی سیاسی گەرەکە پشت بەو زیادەیەی کەلتور ببەستێت- دڕانی توندوتیژانەی چوارچێوەی فەنتازیی ئارەزوو. لە fight club 1999ی دەیڤد فینچەردا، ئەمە بەباشی لەلایەن جاکەوە ڕوونکراوەتەوە (دەقیقتر بڵێین لەلایەن دەستی جاکەوە)، ئەویش کاتێک لەبەردەم سەرۆکەکەیدا لە خۆی دەدات، و بەم هۆیەوە بتوانێت سەرانەیەک لە کۆمپانیاکەی بسەنێت و ژیانێکی نوێ لە دەرەوەی ئەو دەزگایە بۆ خۆی دابینبکات. پاڵنەر ئەم دوو جەمسەرە سەیر و ترسناکەی وێرانکردن و ئازادکردنی هەیە. ڕەنگە یەکێک وا بخوازێت وەک ڕەچەتەیەک بینوسێت و بڵی بە وریاییەوە بەکاریبێنە، بەڵام هەر خۆی [واتە پاڵنەر] ڕێگە بەمە نادات.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

سەرمایەداری (کەپیتاڵیزم)

کریس مەک‌میلان

 

 گەر بەشی هەرەزۆری کارە جددی و فەلسەفییەکانی ژیژەک بەیەک‌گەیاندن و پەردەلادان بن لەسەر مەتەڵەکانی هیگڵ و لاکان،  ئەوە ڕوونە کەوا ئامانجی سیاسیی ئەم کردانە ڕەخنەکردنی سەرمایەداریی جیهانییە. ژیژەک لە بەرهەمهێنانی خوێندنەوەیەکی هیگڵی-لاکانییدا بۆ مارکسیزم، نە ڕاستەوخۆ دەچێتەوە سەر ڕەخنە تەقلیدییەکان لە بەرهەمهێنانەوەی ماتریاڵی و، نە بەدوای تێگەیشتنێکی ئیمپریکیی سەرمایەداریشدا وێڵە.  لەجیاتیدا، خوێندنەوە ڕەخنەییەکانی وی بۆ دیالەکتیکی ئایدۆلۆژیا و چێژ، بەرهەمهێنانەوەی بونیادیی سەرمایە (capital) و ململانێی چینایەتی، ڕووەو هەمیسان بیرکردنەوەن لەو میتۆدانەی وا سەرمایەداری لەڕێیانەوە دووبارە خۆی دەگەشێنێتەوە و ئەو هەلانەش کە وادەکەن بێ‌سنور بەرهەمبهێنێتەوە. هەرچەندە ڕەخنەکردنی سەرمایەداری کاری بنەڕەتیی ژیژەکە لە لێکۆڵینەوە سیاسییەکانیدا، [بەڵام ئەم ڕەهەندە] زیاتر لەم کارانەی دواییدا دەردەکەون. سەرمایە پنتی سەرەکیی ژیژەک بووە لە کارە سەرەتاییەکانیدا، بەڵام ئەمە زیاتر وەک سەرمەشق و بەهانەیەک بووە بۆ دەستوەردانە مارکسیزم. شیکارییەکی وردتری دۆخی سەرمایە  لە دیبەیتەکەیدا لەگەڵ جودیت باتلەر و ئێرنێستۆ لاکلاودا لە کتێبەیلی وەک کتوپڕێتی، هەژموون، گشتێتی‌  و دیدی پاڕالاکسی‌دا دەرکەوت، جا ئەوە لە کتێبی "لە داکۆکی لە ئایدیاڵە لەدەستچووەکان"دا بوو کە سەرمایەداریی جیهانی بووە بابەتی جێسەرنجی ڕەخنە سیاسییەکانی ژیژەک؛ ئەم هێڵە ڕەخنەییە بە کتێبەکانی تری وەک ژیان لە کۆتا ساتەکاندا و کەمتر لە هیچ و بڕێ چکۆلەکتێبی تردا درێژدەبێتەوە. سێ ڕەگەزی سەرەکی لە ڕەخنەکانی ژیژەکدا هەن: (ئەلف) لۆژیکی ڕەمزیی شۆڕشگێڕانەی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایە، (بێ) هاوەڵیی ئارەزوو و چێژ، (پێ) گرژییەکانی ڕیاڵی ململانێی چینایەتی.

 

سنوردارییە ڕەمزییەکان

 

بە دیدی ژیژەک، سەرمایە ئۆبێکت نیە وەک هەر ئۆبێکتێکی تر. لەبری ئەوە، کارکردنی سەرمایەداری لەو غیابەوەیە کە هەموو کۆمەڵایەتیبوونێک دەبێتە وەڵام بۆی، و سنورێکی ڕیاڵئاسا بە ڕووی ئیمکانەکانی ئەکتی سیاسیدا دادەنێت. ئەم خاڵە کەوتۆتە بەر ڕەخنەی زۆرەوە، ئەویش چونکە ژیژەک بەم چەشنە پێناسەکردنەی سەرمایەداری، سیاسەت کورتدەکاتەوە بۆ ڕادیکاڵییەتێکی مەحاڵ. لە کاتێکدا بە دیدی ژیژەک، ئەم ڕادیکاڵییەتە (کە زۆرجار پێی دەڵێت ئەکتی لاکانی) وەڵامێکی گرنگە بۆ ئەو دۆخەی تێیدا "ئاسانترە وێنای کۆتایی دونیا بکەیت تاکو گۆڕانێکی بچوک لە شێوازی بەرهەمهێناندا، وەکبڵێی سەرمایەداریی لیبراڵ ئەو ڕیاڵەیە کە هەرچۆنێک بێت لەپاش کارەساتێکی ئیکۆلۆژیی جیهانیدا دەمێنێتەوە" (ژیژەک). ناساندنی سەرمایە وەک ڕیاڵ لەلایەن ژیژەکەوە، هاوتای دیدەکانی وییە دەرهەق بە بەرهەمهێنانەوەی بێ‌کۆتای سەرمایەداری. ئەوەڵین لینکەکانی نێوان سەرمایە و ڕیاڵ لە "ئایدۆلۆژیای لێکدەر" و "سوبێکتی ختوکاوی"دا دەرکەوتن، لەوێدا (بە ئاماژەکردن بۆ گۆڕانی کەشوهەوای جیهان)، ژیژەک دەڵێت: "ئا بەم جۆرە، کارەسات جەستە بە ڕیاڵی ئەم سەردەمەی ئێمە دەبەخشێت؛ پاڵهێزی سەرمایە بێ‌ڕەحمانە ژین‌جیهانی تایبەت و بەشەکییمان وێراندەکات و دەبێتە هەڕەشە لەسەر مانەوەی مرۆڤایەتی". ژیژەک بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "خودی سەرمایە، ڕیاڵی سەردەمەکەمانە". لە دیبەیتە سێ ڕەهەندییەکەیدا لەگەڵ باتلەر و لاکلاو (کتوپڕێتی، هەژموون، گشتێتی)، ژیژەک سەرمایە وەک ئەو بنکە دەبینێت کە هەموو کردارێکی بەڕەمزیکردنی پێوە بەندە، و سنورێکە بە ڕووی دەلالەتکردنەوەدا، [دواجار ئەم سنورەش] بونیادی ئەو جێیە دادەنێت وا کۆمەڵێ توخم و ڕەگەزی جیاجیا تێیدا لەسەر هەژموون دەجەنگن. ژیژەک جیاکارییەکی ڕوون دەکات لەنێوان ئابوری/سەرمایە (وەک سنوری جەوهەری و ناوەکیی دەلالەت و هەژموون) و وەک (هەلومەرجێکی [پڕ] و پۆزەتیڤ کە تێیدا زەمینەیەکی ڕەمزی دژ بە کۆششی هەژموونی دەڕسکێت). ئەم تێگەیشتنە درێژدەبێتەوە بۆ ئەو جیاکارییەی ژیژەک لە ڕەهەندە سیانی[6]یەکەی ڕیاڵدا دەیکات: ڕیاڵی خەیاڵی، ڕیاڵی ڕەمزی، خەسڵەتەکانی ڕیاڵ خۆیشی [ڕیاڵی ڕیاڵ!]. ڕیاڵی ڕەمزی، کە ژیژەک وەک "ڕیاڵ وەک هاوئاهەنگی" ناوزەدیدەکات، ئەو زەمینە سیستەماتیکە دەڕەخسێنێت وا تێیدا ژیانی کۆمەڵایەتی دەڕسکێت. سەرەنجام دەکارین بڵێین، بەرهەمهێنانەوەی سووڕی سەرمایە پەیوەندیی بە هیچ داوا[7]یەکی "واقیع"ەوە نیە. ئەمە تیۆریزەکردنێکی نامێژوویی نیە، بەڵکو نوێنەرەوەی سەرمایەیەکی دارایی خۆبەدیهێن و شۆڕشگێڕانەیە:

"ئەمە لە ئاست دیاریکردنی بونیادی پرۆسێسە کۆمەڵایەتییە ماتریاڵییەکاندا ڕاستە: چارەنووسی گشت هێڵەکانی دانیشتوان و تەنانەت هەندێ جار کۆی وڵاتێکیش، دەشێت لەلایەن سەمایەکی "منگەرایانە"ی سەرمایەوە بڕیاری لەسەر بدرێت؛ ئەمیش بەدوای ئامانجی قازانجخوازی خۆیدا دەڕوات بەبی جیاوازی، تاکو بزانیت جووڵەکانی چ کاریگەرییەک لەسەر واقیعی کۆمەڵایەتی دادەنێن. توندوتیژیی بنەڕەتیی سیستەماتیکی سەرمایەداریش هەر لەوێدایە...[ئەم توندوتیژییە] چیتر پەیوەست نیە بە تاکێکی کۆنکرێتی و نێتە خراپەکانییەوە، بەڵکو هەر بەڕووتیی ئۆبێکتیڤ و سیستەماتیک و نادیارە" (ژیژەک).

بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژیی سیستەماتیک لەناو سەرمایەدا، فۆرمی پاڵنەری لاکانی وەردەگرێت، بەو مانایەی سووڕ و فراوانبوونی سەرمایە دەبێتە کۆتایی خۆی. پتر لەوەش، ژیژەک پێی وایە سەرمایەداریی بووە بە هێزێکی شۆڕشگێر وا لەلایەن پنتی مەحاڵێتیی ناو خۆیەوە دەبزوێنرێت، بەم چەشنە هەر شتێک وەک بەربەست دەرکەوێت لەبەردەم سووڕی سەرمایەدا، دەبێتەوە بە ئامرازی قازانج‌لێ‌کردن. بێ‌گومان بە دیدی ژیژەک هەر ئەم پنتی مەحاڵێتییەیە کە پاڵ بە سەرمایەوە دەنێت، پێشی وایە هەر ئەم خاڵەیە مارکس پشتگوێی دەخات؛ بێ‌گومان لەپاڵ گرنگیی ئایدیای چێژ و سوپەرئیگۆی لاکاندا.

 

چێژوەرگرتن لە سەرمایەداری

 

ژیژەک پێی وایە لەودیو "توندوتیژیی بونیادی"ی ڕیاڵی ڕەمزییەوە، بڕێک لە سوبێکتیڤیتە لەڕێی دنەدانی چێژەوە دەمێنێتەوە، کە لە سەرمایەداریی دواییندا نەک قەدەغەنەکراوە بەڵکو داواکراویشە. ئەم داوایانە لەسەر جەستە فۆرمێکن لە چێژی سوپەرئیگۆ، وا ژیژەک پێی وایە فۆرمی باڵا و زاڵی چێژە لە سەرمایەداریی دواییندا. سوپەرئیگۆی لاکانی هەمان سوپەرئیگۆ ویژدانیی-ئەخلاقییەکەی فرۆید نیە، بەڵکو داوایەکی زیادلەڕادەی چێژە. وەدووی ئەم ئایدیایەدا، ژیژەک پێی وایە چێژ لەمڕۆدا لەلایەن نۆرمە ئەخلاقییەکانەوە قەدەغەناکرێت، بەڵکو بەڕوونی داوادەکرێت و ڕیکیشدەخرێت، ئەویش لەڕێی مەسرەفی کاڵا[8]وە کە وەک بەرجەستەکەری ئۆبێکتی بچوکی a کاردەکات و داوای چێژی تەواوەتی دەکات. ئاوها، ڕادیکاڵترین ئارەزوو دەهێنرێتەناوەوە، چونکە دەشێت قازانجی لێ بکرێت. فەنتازیا مەسرفگەراکان، بە تەنیشت فەنتازیا ئایدۆلۆژییە لیبراڵ‌دیموکراسییەکانەوە، سەرمایەداری وەک جیهانی ئازادی دەخەنەڕوو. لە بەرامبەردا، ژیژەک پێی وایە ئەم ئازادییە تەنیا وەک "چالاکی" –کە پێچەوانەی ئەکتی لاکانییە-کاردەکات، [ئەم چالاکییەش] نوێنەرەوەی وەهمی ئیختیار و هەڵبژاردنە، لە کاتێکدا خەریکی بەرهەمهێنانەوەی سیستەماتیکی سەرمایەدارییە. سەرەنجام، تەنیا لەڕێی ئەکتی لاکانییەوە ئیمکانی درز و پچڕان هەیە. ئیمکانی ئەم ئەکتە ڕادیکاڵانە بەندە بە ئامادەیی پەکخەری ڕیاڵەوە لەناو سەرمایەداریدا.

 

سەرمایە و درزەهێڵەکانی ڕیاڵ

لەگەڵ ئەوەدا کە زۆربەی کارەکانی ژیژەک ئاگادارکردنەوەی خوێنەرن لە هەیمەنەی سەرمایەداری و نەبوونی خواستی وی لەسەر تەنگژەکانی ژیانی ئاسایی، ژیژەک ئاماژە بە درزەهێڵ[9]ەکانی ناو سەرمایەداریش دەدات. ئەم درزەهێڵانە –بەتایبەت مەحاڵێتیی ململانێی چینایەتی و بەرهەمهێنانی فۆرمی نوێی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی- هەڕەشەن بەسەر کارکردنی سەرمایەوە. باسکردنی چین (class) لە نوسینەکانی ژیژەکدا، دەربارەی سەرمایە و مارکسیزم، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم قۆناغانەی دوایی کارەکانی، بەڵام گرنگن بۆ تێگەیشتن لە خوێندنەوەکانی ژیژەک دەرهەق بە سەرمایەداری و لێکچوونی ڕوونیشیان هەیە لەگەڵ خوێندنەوەی وی بۆ "سەرمایە وەک ڕیاڵ". ژیژەک بۆ یەکەم جار لە ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیادا باسی ململانێی چینایەتی دەکات، (بە ئاماژەدان بە ڕیاڵ) دەڵێت: "دەشێت بەم جۆرە هەمیسان خوێندنەوەمان بۆ ئایدیا کلاسیکەکەی ململانێی چینایەتی هەبێت: [ململانێی چینایەتی] کۆتا دال نیە مانا بە هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بدات (پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆتا شیکردنەوەی ململانێی چینایەتیدان)، بەڵکو ڕێک بەپێچەوانەوە، سنورێکی دیاریکراوی تراومایی و نێگەتیڤیتەیەکی پەتی ڕێ لە یەکخستنی فەزایەکی ئایدۆلۆژیی-کۆمەڵایەتی دەگرن". دوابەدوای ئەوە ژیژەک بەردەوام دەبێت لە خوێندنەوەکانی و پێی وایە، هەرچەندە چین وەک ساتی یەکخستنی کۆمەڵگا کاردەکات، بەڵام وەک هەمان گەرەنتییە مارکسییە کلاسیکەکەی ژیانی کۆمەڵایەتی کارناکات. یانی با بڵێین، چین (وەک سەرمایە نیە) و نابێتە خاڵی داکوتانی پێگە کۆمەڵایەتییەکانی دی، بەڵکو وەک ئەنتاگۆنیزمێکی یەکخەر کاردەکات وا ڕێ لە کۆتا ڕەخسان و ڕوودان[10]ی کۆمەڵگا دەگرێت. سەرەنجام، ئەگەر سەرمایە وەک فۆرمێکی توندوتیژیی سیستەماتیک کاربکات، ئەو "برین"ە ڕیشەییەی ئەم بەرهەمهێنانەوەیە دەوەستێنێت، ململانێی چینایەتییە. لە ئاکامدا ژیژەک پێی وایە ئەم بێ‌خەسڵەتییەی ململانێی چینایەتی، دڵنیایی دەدات کە ئابوری هەمیشە ئابورییەکی سیاسییە. لێرەدا هەروەک چۆن لاکان جیاوازیی ڕەگەزی وەک ئەو ئەنتاگۆنیزمە پێناسەدەکات وا سێکسواڵیتە و کۆمەڵایەتیبوونیش دەدڕێت، ژیژەکیش پێی وایە کە چین لە ئابوریدا ڕۆڵ دەگێڕێت. کەوابێ ناگونجێت سەرمایەداری تەنیا وەک ڕیاڵی ڕەمزی وەرگرین، بەڵکو خودی ئەم لۆژیکە وەڵامێکە بە ڕووی مەحاڵێتیی ململانێی چینایەتیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، مادەم "ململانێی چینایەتی وەک ڕیاڵ" ئەو پنتە ئەنتاگۆنیستییەیە کە ڕاستەوخۆ دەستمان پێی ناگات و هەر خۆشی هۆکاری ئەم دەستپیانەگەیشتنەیە، ئەوا ژیژەک پێی وایە ناکرێت وەک بابەتی "توێژینەوەیەکی پۆزەتیڤ" وەریگرین؛ ژیژەک لەودیو ڕیاڵیەشەوە زیاتری پێیە بۆ گووتن، ئەویش بە ڕووی ڕەخنەگرە واق‌وڕماوەکانیدا. لە بەرامبەردا، کارەکانی ئەم دواییەی ژیژەک پتر بە ڕووی ناساندنی ئەو توخمانەی سەرمایەداریدان وا دەبنەهۆی وێرانکردنی [خودی سەرمایەداری]. ئەم کارانە پتر تیشکیان خستۆتەسەر پنتی دژیەکی ناو سەرمایەداری و دانیشتوانی بن چەتری جیهانی پێشکەوتوو، کە ژیژەک پێی وایە فۆرمێکی نوێی سیاسەتی ڕەگەزپەرستییە و ڕووداوی گرنگی جوگرافی-سیاسیی سەردەمی خۆمانە. لێرەدا و بەپێچەوانەی تێگەیشتنەکانی وی دەرهەق بە سەرمایەداری وەک دەعبایەکی دڕندە، ژیژەک چوار لەو پنتە ئەنتاگۆنیستییانە جیادەکاتەوە وا هەڕەشەن بۆ سەرمایەداری: (١) ئیمکانی داڕمانی ئیکۆلۆژییانە، (٢) دژیەکیی نێوان کرێکاریی ناماتریاڵی و خاوەنداریی ڕۆشنبیری و خاوەنداریی تایبەت، (٣) گەشەسەندنی تەکنەلۆژیای زانستیی نوێ کە سرووشتی ژیان لە پەتیترین فۆرمی خۆیدا دەگۆڕن، (٤) فۆرمە نوێیەکانی وەدەرنانی سیاسی. لەم تێزەدا، کۆتا دانە پێناسەی هەموو ئەوانیتر دەکات، ئەویش بە زیادکردنی ڕەهەندی یونیڤێرسال؛ ژیژەک ئەمە بە چارەنووسساز دەزانێت: هەر سێ توخمە ئەنتاگۆنیستییەکەی تر دەشێت لەناو سنورەکانی سەرمایەداریدا جێبکرێنەوە، ئەوە تەنیا "بەشی نابەش"[11]ی زیادەی وەدەرنراوی مرۆییە کە سێ ئەنتاگۆنیزمەکەی دی دەکاتە وێرانکەر و ئەمانیش دەبنە "جێرم و میکرۆبەکانی داهاتوو". ژیژەک پێی وایە ئەم ڕەهەندە ڕیاڵئاسایەی یونیڤێرسالیتییە دەتوانێت بەرهەمهێنانەوەی ڕەمزی و خەیاڵیی سەرمایەداری بووەستێنێت. بە دیدی ژیژەک، ئیمکانە تراوماییە شارەوەکانی نێو تێگەیشتنەکانی ئێمە بۆ سەرمایەداری دەشێت پچڕانێک [لە سەرمایەداریدا] درووستکەن، و وەبیرهاتنەوەی ئەم ئەگەرانەشە وادەکات ژیژەک بەو چەشنە لە سەرمایەداری بدوێت.

 

 

 

 

 

 

 

 


[1] Intersubjective

[2] Object-cause of desire

[3] Whole-کۆ

[4] Plague of Fantasies

[5] Madness

[6] triadic

[7] demand

[8] Consumption of commodity

[9] Fault line

[10] Occurrence

[11] Part of no part