A+    A-
(1,026) جار خوێندراوەتەوە

نیچە، هەرەسی ئوستوورەی تراژیدیای یۆنانی و دەرکەوتنی سوکرات

 

 

 

 

 

 

 

 

نها ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات داخۆ مەبەستی نیچە لە تراژیدیا چییە؟ بۆ ئەوەی مەبەستی نیچە لە تراژیدیا باشتر تێبگەین، دەبێت سەرەتا بنەچەی ئەم چەمکە لە نووسراوەکانی شۆپنهاوەردا کێوماڵ بکەین. لە دیدی شۆپنهاوەردا، تراژیدیا دەرکەوتەی دادگەریی ئەخلاقی نییە. بەڵکوو ئەو ناسازی و هەڤدژییانەی لە تراژیدیاوە سەرهەڵدەدەن، ئاماژەن بۆ بێهوودەیی و ئازار و دژوارییی ژیانی مرۆڤ. سەربار، هەستی ترس و دڵەڕاوکێی هەڵقوڵاو لە تراژیادیاوە، جۆرە نیگایەکی بەدبینانە بۆ ئاکام و سەرئەنجامی "بوون" لە کن مرۆڤدا بەبار دێنێت. تاقانە ڕێگەی قوتاربوون لە ئازار و بارگارانی، ڕەتکردنەوەی "بوون"ـە. ڕەنگە مۆژیارییەکەی سیلینووس[1] بەرجەستەترین جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ تراژیادیای "بوون"دا بنوێنێتەوە. شۆپنهاوەر بەڕوونی ڕایدەگەینێت، تراژیدیا بریتییە لە ڕەهەندی سامناک و ترسێنەری ژیان. لەم ڕووەوە ئازار و مەینەتیی ئادەمیزاد، باڵادەستیی ڕێککەوت و هەڵەکان، بەقوربانیکردنی "حەق" لە بەرپێی "هێز"دا، باڵادەستیی ئەهریمەن بەسەر هێزە دادخوازەکان و بەگشتی زاڵبوونی ئەو لایەنانەی "بوون" وا ڕاستەوخۆ لەگەڵ خواست و ئیرادەی ئێمەدا دژ و پێچەوانە دێنەوە، هەموویان بەسەریەکەوە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی تراژیادیا پێک دەهێنن[2].

هەرچەند شۆپنهاوەر وێنەیەکی ڕوون بۆ مانای تراژیدیا دەکێشێت، بەڵام نیچە لە چێوەی بەرخورد لەگەڵ ئەم مامەڵەکردنەدا دەڵێت، تێگەیشتنی شۆپنهاوەر لە تراژیدیا لەگەڵ باوەڕی یۆنانییەکاندا ناسازگارە. بە گوتەی وی، هەڤدژیی سەرەکیی تراژیدیای یۆنان لە دووتوێی چەمکی "جەبرگەراییی ئەرێنی[3]"ـدا پەنهانە. یۆنانییەکان وێڕای ڕەچاوکردنی "لەناوچوون" و "کەوتن"ی بێ چەندوچوون، بەگشتی هیوایان بە ژیان هەبوو و دەستی ئەرێیاندنیان بۆ ژیان درێژ دەکرد. هەرچەند شۆپنهاوەر لەم ڕەهەندەی تراژیدیا تێ گەیشتووە، بەڵام پاساوی وی تاڕادەیەک کورتبینانە و نادروستە. ئاخر یۆنانییەکان هیچکات دەستبەرداری "ویستی ژیان" نەدەبوون، هەرچەند تراژیدیا ناواخنی ژیانی دەخستە ژێر هەڕەشەوە. شۆپنهاوەر لەبەر ئەم هۆکارە ئاوها ئەنجامگیری دەکات، گوایە یۆنانییەکان هێشتا بە دوندی تراژیادیا نەگەیشتبوون. ڕەنگە لەبەر ئەم هۆکارە بووبێت وی، تراژیدیا تازەکان لە تراژیدیاکانی یۆنان بە باشتر دەزانێت، چونکە لە دووتوێی تراژیدیا تازەکاندا ڕەگەزی بەدبینی باڵادەستە. بە دەربڕینێکی تر، بە گوتەی وی، تراژیدیا دێرینەکان لەچاو تراژیدیا تازەکاندا، کرچوکاڵن. نیچە ئەم ڕاڤەیەی شۆپنهاوەر دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەوە و ئاماژە بەوە دەکات، یۆنانییەکان کە خۆیان ئافرێنەری تراژیدیا بوون، چۆن تێگەیشتنێکی کرچوکاڵیان بۆی هەبووە؟ ئەگەر یۆنانییەکان کەمتر بەدبین بوون، هۆکارەکەی ئەوە بووە ناواخنی تراژیدیای ڕاستەقینە لە بەدبینییەوە دوورە. وی لە بەرسڤی پرسیار لە چیەتیی تراژیدیادا دێژێت، ئەزموونی تراژیدیای یۆنان لە کانیاوی کرۆکە ئاکاری و زەینییەکان ئاو ناخواتەوە. لە سۆنگەی یۆنانییەکانەوە، تراژیدیا خودانی مانای نەرێنیی نەبوو، بەڵکوو وەک ئەزموونێکی ئەرێنیی لەبەرچاو دەگیرا. نیچە دەڵێت، ڕاستیی بابەتەکە ئەوەیە تراژیدیا دیاردەیەکی یۆنانیی پەتییە و چەکەرەکردنی تراژیدیا لە دەرەوەی کەوشەنی کولتووری یۆنانیدا، تاڕادەیەک ئاستمە[4].

بە دیدی نیچە، تراژیدیا وێنەنوێنی لوتکەی باڵادەستیی کولتووری ئوستوورەییی یۆنان بووە و دەتوانرێت ڕۆڵی تراژیدیا بە کارکردی فەلسەفە لە ڕۆژگاری ئەفلاتووندا بەراورد بکرێت. واتا وەک چۆن فەلسەفە تێگەیشتن لە "مانای بوون"ی بە ئامانجی خۆی دەزانی، تراژیدیاش "ئەزموونکردنی بوون"ی بە ئامانجی باڵای خۆی هەژمار دەکرد. لەم سۆنگەوە، بۆ ڕوونکردنەوەی مانای تراژیدیا، هەردوو پاڵەوانی ئوستوورەیی، "ئاپۆلۆن[5] و دیۆنیسیۆس[6]"ـی بەرباس داوە و وای بۆ دەچێت ئامێتەی ئەم دوو ئوستوورەیە، ناواخنی سەرەکیی تراژیدیای یۆنان ڕۆشن دەکاتەوە.

دەگوترێت دەبێت لە بەزمەسات و شانۆ ساتێرەکاندا[7] بۆ بنەچەی شانۆ تراژیدییەکان بگەڕێین. هەرتک ئوستوورەی بەزمەسات و شانۆی ساتێری، ڕایەڵن بە سروودە دیۆنیسیۆسییەکانەوە. ساتێرەکان بوونەوەرانێکی ئوستوورەیین، نیوەی لەشیان لەسەر شێوەی بزن و نیوەکەی تر، بیچمی مرۆڤە. یۆنانییەکان، ساتێرەکانیان بە هۆکاری پیت و فەڕ و زایین هەژمار دەکرد. بەگشتی لە یۆنانی جاراندا، بزن وێنەنوێنی دیۆنیسیۆس بوو، لە جەژن و بۆنە دیۆنیسیۆسییەکاندا دەکرایە قوربانی. وشەی یۆنانیی "تراژیدیا"، لە تراگۆدیا (tragodia)وە داتاشراوە کە بە مانای "ئاوازەکانی بزن" دێت. لەم سۆنگەوە دەتوانرێت تراژیدیا وەک بەرسڤێکی شاعیرانە و ئوستوورەیانە بۆ پەسندانی دیۆنیسیۆس دابنرێت. نیچە پێی وایە لە تراژیدییەکانی یۆناندا، چەندان ڕەگەزی تری ناو سرووتە هۆمیرۆسییەکان[8] ئامێتەی چەمکی تراژیدیا بوون و لەم سۆنگەوە، ئاپۆلۆن خودایەکە، دەبێتە هاوڕێگە و جمکی دیۆنیسیۆس و پێکەوە تراژیدیا دەئافرێنن.

بە دیدی وی، دیۆنیسیۆس و ئاپۆلۆن دوو ڕووی سەرەکیی گیانی یۆنانین. دیۆنیسیۆس خودایەکی زەمینییە، لە دووتوێی سرووتە زەمینییەکانی وەکوو سەما و هەڵپەڕین و بادەنۆشی و بەزمەوە خۆی دەنوێنێتەوە. ئاپۆلۆن، بەپێچەوانەوە، یەکێکە لە خودایانی "ئۆڵۆمپیۆس"[9]، واتا خودایەکی ئاسمانییە، لەم سۆنگەوە وێنەنوێنی ڕووناکی، جوانی، میانەڕۆیی، شیعر و مینەوییەتە. نیچە ئەم دوو هێزە دەخاتەڕوو و لە هەرتک شێوازی "سەرمەستی" و "ڕوانگە"دا بەرجەستەیان دەکات. ڕاستییەکەی وەک پێشتریش گوترا، دیۆنیسیۆس وێنەنوێنی دۆخێکە، مرۆڤ مەست و بێدەربەست دەکات و گشت سنوورەکانی نێوان ئادەمیزاد و جیهان هەڵدەوەشێنێتەوە، لەکاتێکدا ئاپۆلۆن بنەچەی شوناس، کەسێتی و سنووردارێتی دەنوێنێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە وی دەبێت بە هێمای شیعر و هونەری بینراو و بەرجەستە[10]. ڕاستییەکەی، هێزی ئاپۆلۆن، زێدەڕۆییەکانی دیۆنیسیۆس لغاو دەکات و لە قاڵب و چێوەیان دەگرێت. لەم سۆنگەوە دەبێت ئاپۆلۆن بە خودای ئەندازە، قەڵەمڕۆ، سنوور و شێوە دابنرێت. دەتوانرێت ئاپۆلۆن بە وێنەنوێنی شێوە و دیۆنسیۆس بە ڕەوتێکی بێ بیچم و شێوە هەژمار بکرێت. ڕەوت و سرووتی دیۆنیسۆسی لە یۆنانی جاراندا، دەرخەری ویستی وانە بۆ تێگەیشتن لە هێزە تاریکەکانی "بوون". هەر ئەم ڕەهەندەی "بوون" لە نەزم و سیستەم لەپێشترە و، بە جۆرێک دەشێت بگوترێت زاڵبوونی دیۆنیسۆس بەسەر "بوون"دا وەک دەستەبەری فەرمانڕەواییی کایۆس[11] لەبەرچاو گیراوە. هەر ئەم ڕەگەزەیە، مامەڵەی یۆنانییەکانی جاران لەگەڵ پرسی "جەبر" و "چارەنووس"دا ڕوون دەکاتەوە. هەرچەند جەبر و چارەنووس زەمینەڕەخسێنی دەرکەوتنی هێزەگەلی نەناسراو و سامناکن، بەڵام بەهیچ کلۆجێک مایەی هەستی بەدبینی و بێهیوایی نین. لەگەڵ ئەوەی زۆرترین کات هێزەکانی دیۆنیسیۆس زاڵ دەبوون و پاڵەوانی تراژیدیا دەگلا، بەڵام یۆنانییەکان لەسایەی باوەڕیان بە ئاپۆلۆن، وێڕای پێشهاتی نەخوازراو، هەرگیز لە ژیان بێهیوا نەدەبوون و لەم ڕێگەیەوە دڵیان بۆ ژیان لێی دەدا. ڕاستییەکەی هونەری ئاپۆلۆنی لە یۆناندا، هێمای ڕەتکردنەوەی مەرگ و "نەبوون"ە و وێنەنوێنی ئەرێیاندنی هێزە هیوابەخشەکانی ژیان و پشتبەستنە پێیان. ئاپۆلۆن "ویستی ژیان" لە کولتووری یۆناندا تۆکمە دەکات و مانایەکی قووڵ و کردەیی بە هۆشیاریی مەرگ کە هەڵقوڵاوی هێزی دیۆنیسۆسییە، دەبەخشێت. ئاپۆلۆن پەسنی جوانی و شێوە دەدات، بەڵام دیۆنیسۆس ئادەمیزادەکان لەئاست مەرگدا بێدار دەکاتەوە؛ بە دەربڕینێکی تر، دیۆنیسیۆس مانای سنووردارێتی و سنوورمەندی دەئاخنێتە گوێی مرۆڤەکانەوە. کەواتە بەپێچەوانەی بۆچوونی شۆپنهاوەرەوە، نابێت تراژیدیای یۆنان بە دیاردەیەکی نەرێنی و دژەژیان هەژمار بکەین. لە ڕوانگەی یۆنانییەکانەوە، دەستوپەنجەنەرمکردن لەگەڵ شانۆ و نمایشنامە تراژیدییەکاندا، بەشێوازێکی قووڵ بە مانای ژیانی ئاشنا دەکردن، هەروەتر لەئاست "بوون"ی ڕوو لە مەرگ بە ئاگای دەهێنانەوە و "هۆشیاریی مەرگ"ی لە دووتوێی کردەی مامەڵەکردن لەگەڵ مانای پڕبایەخی ژیاندا دەچاند. دەبێت بگوترێت، تراژیدیا لوتکەی بەرخوردی کولتووری ئوستوورەییە لەگەڵ مانای "بوون"دا.

نیچە لێرەدا بەبیری دەهێنێتەوە، ڕیشەی سەرەکیی لادان و خزانی تراژیدیا و شانۆنامە ئوستوورەییەکان دەگەڕێتەوە بۆ لەناوچوونی رەگەزەی دیۆنیسیۆسی؛ ئاخر بە لەناوچوونی هێزی دیۆنیسیۆسی، ئەوین و سەرمەستی و سەما و هەڵپەڕکێ و خۆشمەشرەبی سەکۆیان بۆ مامەڵەکردنێکی ستوونی لەگەڵ هێزەکانی سروشتدا چۆڵ کرد و لەم ڕێگوزەرەوە فەلسەفەی سوکرات چەکەرەی کرد.

هەوەڵینجار ئووریپیدس[12] ڕەگەزی تراژیدیای لە نمایشنامەدا لابرد و سوکراتیش ئەم هێزەی لە قەڵەمڕۆی فەلسەفەدا سڕییەوە. سوکرات مامەڵەی تراژیدییانەی لەگەڵ "بوون"دا خستە لاوە، جۆرە گەشبینییەکی تازەی فەلسەفیی لەبری دانا، لەژێر تیرۆژی ڕووناکیی ئەم بەرخوردە فەلسەفییەدا، بەرسڤی مەتەڵی "بوون"ی دایەوە. بە بۆچوونی وی، دەتوانرێت گشت نهێنییەکانی "بوون" بە کۆمەکی فەلسەفە و زانینی تیۆری، چارە بکرێن. لەم سۆنگەوە، وەک نیچە دەڵێت، سوکرات بەشێوازێکی فەلسەفییانە پاڵەوانی تراژیدیای یۆنانی کوشت. وی پاڵەوانێکی نوێی کردە دیاری بۆ شارستانیەتی ڕۆژاوا، پاڵەوانێک، بە کۆمەکی بەڵگەی عەقڵی، پرسەکانی پەیوەست بە "بوون"ی وەڵام دەدایەوە.

ئووریپیدس، بە دەرکەوتنی سوکرات لە پانتاییی کولتووری ئوستوورەییی ئەسینادا، دەستبەرداری چەمکی ئوستوورەییانەی تراژیدی بوو، ڕێگەی بۆ بەرپەرچدانەوەی مامەڵەی ئوستوورەییانە لەگەڵ "بوون"دا، هەموار کرد. ئەریستۆفانس[13] باوەڕی وابوو ئووریپیدس لە نمایشنامەکانی خۆیدا هەرەسی تراژیدیا و ئوستوورەی بەڕوونی نواندووەتەوە. بە بۆچوونی ئەریستۆفانس، تراژیدیای کۆن ناواخنێکی ئایینیی هەبوو و ڕەدووی ئامانجێکی کولتووریی دەکەوت، بەڵام ئووریپیدس، پاشان سۆفیستەکان و دواتر سوکرات، بە بانگەشەکردن بۆ تاکگەرایی و بە ڕەخنەی عەقڵی لە نەریتە ئوستوورەیی و تراژیدییەکان، باڵادەستیی کولتووری ئوستوورەییان کۆتایی پێ هێنا. نیچە وای بۆ دەچێت، ئووریپیدس، سوکرات و ئەفلاتوون، لەدژی کولتووری ئوستوورەیی_تراژیدیایی وەستانەوە و بەهایەکی تازەیان، کە پشتئەستوور بووە بە تاکگەراییی عەقڵی، کرد بە جێگرەوەی.

بە گوتەی نیچە، هەرچەند ئووریپیدس هۆزانڤان بوو و هیچ بەرهەمێکی فەلەسەفیی نەئافراند، بەڵام لە ڕووبەڕووبوونەوەی کولتووری تراژیدیا و ئوستوورەکانی یۆناندا، ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگری وازی کرد. وی بە نووسینەوەی پێشەکی، ڕەوتێکی لۆژیکییانەی بەخشیە نمایشنامەکانی خۆی و ڕەگەزی نهێنیئامێز و پێواری تراژیدیانەی سڕییەوە. ڕاستییەکەی، وی ناواخنێکی لۆژیکییانەی بەخشیە چێوە و نەخشەی نمایشنامەکانی. نیچە دێژێت ئەم تەکنیک و شێوازە وێژەییە، خودانی مانایەکی فەلسەفیی بوو. وی، کردە و کەسێتییەکی عەقڵانی و لۆژیکیی بەخشییە تاک بە تاکی پاڵەوانەکانی خۆی. پاڵەوانەکانی ئووریپیدس لەئاست چارەنووسدا دەستەوەستان نەبوون، بەسەر چارەنووسدا شۆڕشیان بەرپا کرد و، بە شرۆڤەی دۆخی باڵادەست، پرۆسێسی عەقڵانییەتیان بۆ ئەزموونێکی گرنگ گۆڕی. بۆ نموونە لە نمایشنامەی "مێدیا[14]"دا، پاڵنەر و کەڵکەڵە کەسییەکان جێگەی هێزە مینەوییەکان دەگرنەوە و، بەگشتی کەسێتی ئەم نمایشنامەیە بۆ هەوڵینجار ڕووبەڕووی چارەنووسی داسەپاوی خۆی دەبێتەوە. بە دەربڕینێکی تر، دەتوانرێت بگوترێت، هەریەک لە پاڵەوانەکانی ئووریپیدس بەرجەستەکەری کەسێتیی فەلسەفیی سوکراتن.

 

 

 

 

دکتۆر محەمەد زەیمەران

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

پەراوێزەکان:

 

[1]   (Σειληνοί).

[2]  Schopenhauer, The World as Will and Representation. New York: Dover Press. 1966. P. 433.

[3]  Positive fatalism.

[4] M. Silk and J. P. Stern, Nietzsche on Tragedy, Cambridge University Press.

[5]  Ἀπόλλων.

[6] Διόνυσος.

[7] Σάτυρος.

[8] Σάτυρος.

[9]  Όλυμπος.

[10]  Visual Arts.

[11] Χαεος (chaos).

[12]  Εὐριπίδης.

[13]   Ἀριστοφάνης.

[14] Medea.