A+    A-
(1,056) جار خوێندراوەتەوە

                                    سواڵ و فەلسەفە و ...

 

 

 

 

 

 

لە کۆمەڵگاى کوردی‌دا, لەڕووى چۆنیەتى و چەندایەتییشەوە(وەک ژمارە و جۆرەیش) سواڵ زۆرتر بووە بۆیە بەجۆرێکیش سواڵکردن ئاسایی بووەتەوە. لە هەموو شوێنە گشتییەکاندا, لە گەورەوە بۆ بچوک, سواڵکەر دەبینیت (بەکارهێنانى ئەم وشەیە "سواڵکەر", تەنیا بۆ گەیاندنى پرسەکەیە و هیچ بارێکى نەرێنیی نیە). هەردوو ڕەهەندەکە لەوەدا یەکدەگرن کە سواڵ ببێتە پیشە بۆ هەندێک و ڕوویەکى پیشەیی (پرۆفیشناڵ) وەربگرێت. لەم کورتە نوسینەدا, دوو بیرۆکەى سەرەکى لەمەڕ پەیوەندیی "موحتاج" و "ئیحتیاج", باسدەکەین؛ نمونەیەکیش بۆ موحتاج کە فەلسەفەیە لە ئێستاى کۆمەڵگاى ئێمەدا. لێرەدا سواڵ, تەنیا بیانوو و نێوانگرێکە بۆ باسەکە, گەرنا مەبەستەکە لە سواڵ گەورەترە:

 

 

بیرۆکەى یەکەم: پەیوەندیی موحتاج و ئیحتیاج:

 ئەمڕۆ سواڵکردن لە هەردوو جۆرەکەى تیایە, ئەوەى بەڕاست موحتاجە و ئەوەشى کەمتر موحتاجە. ئەمڕۆ هەردووکى, تێکەڵبووە. بۆیە لەکۆدا بەنۆرە هەردوو هەستەکەمان هەیە کە سواڵکردنى خەڵک, فێربوونە نەک موحتاجبوون. ئەو هەستەى تریش کە مادام دۆخى ئابورى و کۆمەڵایەتى بەگشتى باش نیە, ئیتر هەموو سواڵێک پەیوەندییەکى بە موحتاجبوونەوە هەیە. ئەمە دۆخە ڕۆژانەیی و کۆنکرێتییەکەیە, بەڵام بەپێى دۆخى مرۆڤبوونیش بەگشتى دیسان سواڵکردن هەر دەلکێت بە موحتاجبوونەوە: مادام ئەویترى مرۆڤ دێتە بەردەممان و سواڵدەکات, ئەوا ئیشەکە بەزاتى خۆى موحتاجانەیە. واتە گرنگ نیە بەناوەڕۆک ئەویتر چیی دەوێت, پێویستیەتى یان نا, بەڵکو ئەو کردەیەى دەینوێنێت خۆى دەچێتە خانەى موحتاجبوونەوە: ئەویتر دەکەوێتەوە ناو جام و چوارچێوەى موحتاجانەوە. بەم پێیە, شتەکە ڕەپتى بە ناوەڕۆکى دۆخ و ناوەڕۆکى مێژووییەوە نیە و شتەکە ڕووکارێکى لۆژیکى وەردەگرێت و بەم جۆرەى لێدێت:

 سواڵکەر, موحتاجە. (= بابەت(موضوع)+ بار(محمول)+ پەیوەندیی بابەت و بار(نسبت)). واتە: خودى سواڵکردن خۆى لەخۆیدا موحتاجبوونە و بەپێى لۆژیکزانانى سەدەکانى ناوەڕاست «بار, هەر فۆرمى بابەتەکە خۆیەتى و لێى جیانابێتەوە. واتە ماهیەتى سواڵکەر هەرچۆنێک بێت هەر موحتاجبوونە هەتا گەر بێتو قۆڵبرێک بێت و لە هەمووشمان دەوڵەمەندتر بێت».

لەم حاڵەتەدا گەر کەسێکى پارەداریش بێت سواڵبکات, ئەوا هەر موحتاجە و ئێمە دەخاتە بەردەم خواست و پرسیار: ئەمە لە ڕیشەى وشەکەشدا هەیە, سواڵ لە "سؤال"ـەوە هاتووە و داواى شتێکمان لێ دەکرێت. بەپێى ئەم خاڵە, گرنگ نیە سواڵکەر داواى چى دەکات, چونکە سواڵکەربوون وەک ناواخنى خۆى هەڵدەبژێرێت(ئەمە لە وشە ئینگڵیزییەکەشدا هەر هەیە کە دەکاتە beg, کە داوا و سواڵە و هاوماناى askیشە کە دیسان داوا و پرسیارە). دۆخە ئایدیاڵەکەش سەرەنجام واى لێ دێت: سواڵکەر سواڵدەکات, چونکە سواڵدەکات. یان: سواڵکەر, داواى داوا دەکات (ئەم ڕەهەندەى نێو زمان بەنیسبەت ژیانى ڕۆژانەوە کەمێک نامۆیە, بەڵام بەشێکى گرنگى فیکرى هاوچەرخ داگیردەکات). بەپێى ئەم دۆزە بنەڕەتییە, کەواتە سوئال, یان سواڵ, داوا و پرسیاریکى ڕەوایە هەتا گەر بێتو دەست بە ڕووشیانەوە بنێین. سواڵکەر مافى داواى هەیە, و ئەوانیتریش مافى ڕەتکردنەوە.

 

 

بیرۆکەى دووەم: پەیوەندیی موحتاج و موحتاج

گەر لە خاڵى یەکەمدا, پەیوەندیی مرۆڤ و حاڵەتەکەمان هەبووبێت ئەوا لەم خاڵەى تریاندا پەیوەندیی مرۆڤەکەمان هەیە بە مرۆڤەکانى ترەوە. گەر لە یەکەمیاندا پرسیارێکى کەمتازۆر لاوەکییمان هەبێت, ئەوا لە دووەمیاندا پرسیارەکە گەورەدەبێتەوە. بەپێى دەروونشیکارى, ژیانى مرۆڤ لەسەر سێ تا چوار پرسیارى سەرەکى بنیاتنراوە و بەو هۆیەشەوە پێکەوەبوونى خەڵک لەگەڵ یەکتر ڕەخساوە. بۆنمونە, هەموومان بەشێک لە شوناسمان دەکەوێتە ناو پێگە و پرسیارى کەسى "هیستریایی"یەوە: پێگەى کەسى هیستریایی لەسەر پرسیارێکى سەرەکى وەستاوە: «ئەویتر چیی لێم دەوێت؟» ئەم "ئەویتر"ـە, لێرەدا بۆ ئاسانکارییەک بە واتاى مرۆڤەکانى تر بەکاریدەهێنین کە سواڵکەرەکانیش بەشێکن لێى. کاتێک سواڵکەرێک دێتە بەردەممان, جارێک و هەزارجارى تر, ئەوا بەشێوەى نەستەکى سوبێکتیڤیتەمان دەلەرێتەوە کە "ئەویتر چیی لێمان دەوێت"؟ وەڵامەکە لەو ئاستەدا کورتنابێتەوە کە پارە یان کۆمەکێکى ترى لەو جۆرەى دەوێت, بەڵکو لێرەدا پەیوەندیی مرۆڤ و "مرۆڤ"مان هەیە و هەمیشە لەپشت داواکانەوە شتێکى زیاتر دەمێنێتەوە. ئەرگۆمێنتەکەش سادەیە: ئەو کاتەى شتێکیان دەدەینێ هەستەکەمان لەو شتە زیاترە پێمان داون و ئەوکاتەشى نائومێدیاندەکەین هەستێکى قووڵتر لە نائومێدییەکەمان تیا جێدەمێنێت (ڕستەگەلى وەک "لێیانگەڕێ درۆدەکەن"يش دادمان نادات و تەناقوزێک لەدواى خۆیان جێدەهێڵن). واتە زرینگانەوەیەکى هیستریایی دەکەوێتەپێش داواى واقیعیی سواڵکەرەکەوە کە ڕەنگە شتێکى بچوکمان لێ داوا بکات. لەجێى تردا باسى ئەوەمان کردووە کە یارمەتیدانى سواڵکەر جۆرێکە لە تێپەڕاندنى هاوشوناسییەکە شیمانەییەکەى خۆت, واتە خۆت دەخەیتە جێى سواڵکەرەکە و کەفارەى ئەو دۆخە گریمانەییە دەدەیت ڕۆژێک لە ڕۆژان نەبیتەوە بەو یان لە فەنتاویاى خۆتدا نەبیت بەو. بەڵام ئەم خاڵەى لێرەدا مەبەستمە فراوانترە: ئێمە وەک مرۆڤ کاتێک دەکەوینە بەرامبەر هەموو جۆرە داواکانى ئەوانیترەوە, ئەوا تووشى نەرمە هیستریاییەکى شاراوە دەبین: ئیتر لە عەشقەوە بیگرە تا مادە و هاوگفتوگۆیی و بانگهێشت و بەشدارى و هتد. بۆ خوێنەرانى دەروونشیکارى ئاشکرایە کە مناڵ کاتێک "داوا"ـى شیر لە دایک دەکات, هاوکات داواى عەشقیش دەکات, کە داواى عەشقیش دەکات ئیتر هەردوو وەڵامەکەى دایک ناتوانن پڕکەرەوە و مسۆگەر بن و لەگەڵ گەورەبوونى مناڵاندا فڕێدەدرێنە کۆمەڵگاوە و ناچارن داواکەیان ئاراستەى ئەوانیتر بکەن. واتە داوا و پێویستى دادى مرۆڤ نادەن و "ئارەزوو"(desire) دێتەناوەوە, ئارەزووش شتێکە قەت ناگاتە دوا سوکنایی خۆى. پەیوەندیی ئێمە و سواڵکەرەکانیش, بۆیە لە داوا و پێویستى دەردەچێت, چونکە "ئارەزوو" لەگۆڕێدایە. کۆمەڵگا, سەکۆى ئارەزووەکانە, پێکداچوونى ئارەزووەکان, نسکۆى ئارەزووەکان, تازەبوونەوەى هۆکارى ئارەزووەکان. کاتێک کەسێک دەکەوێتە پێگەى پرسیارلێکراو و سواڵ‌لێکراوەوە, ئەوا بەشێوەیەکى مات و ژێرنشین, دەکەوێتە پێگەى کەسێکى "هیستريایی"شەوە؛ پێگەى کەسێکەوە کە بەشێوەى نەستەکى ئەم پرسیارەى پیا تێدەپەڕێت: ئەویتر چیی لێم دەوێت؟ بۆ من جەخاتە پێگەى کەسێکى داوالێکراوەوە(گەر پارەیەکیشى دەدەمێ, کەچى پرسیارەکە وەک بنک و بونیاد لەجێى خۆى دەمێنێتەوە). دیارە ئەم پرسیارە, پرسیارێکى ڕۆژانەیی نیە, وەڵامێکى ڕۆژانەییشى نیە, بەڵکو بونیادەپرسیارێکى دەروونییە و لەگەڵ پێکەوەبوونى مرۆڤەکاندا هاتووەتەئاراوە. پرسیارەکە بۆیە وەڵامى نیە, چونکە "ئارەزووکردن" لە مرۆڤدا خۆى هیچ وەڵامێکى نیە, هیچ وەڵامێک.

 

 

ئێمە و فەلسەفە, نمونەیەک بۆ موحتاج

بەشى فەلسەفە لە زانکۆکانى ئێمە (خوێندنى باڵا), بەر چارەنووسى چاوەڕوانکراوى خۆى کەوتووە. کەس موحتاجى فەلسەفە نیە. ئەوەشى دنەیەکى بچوکى تیا بێت بۆ خوێندن لەو بەشە, فەزاکە ساردیدەکاتەوە. بۆیە فەزاکە خۆى موحتاجى فەلسەفە نیە. جارێک وەک ئەوەى فەلسەفە ڕیشەى لە مێژوو و ستایلى ژیانماندا نیە, و جارێکى تریش وەک ئەوەى بازاڕ لەمڕۆدا موحتاجى بە فەلسەفە نیە. ئەم دوو هۆکارە, پێکەوە یەکدەگرن. دەتوانین بڵێین هۆکارى دووەم, بێباکیی بازاڕ, ئەو هۆکارە بنچینەییە تۆخدەکاتەوە کە لە کۆمەڵگاکەدا هەیە و ناتوانێت فەلسەفە بگرێتەخۆى. فەلسەفە جۆرێکى تایبەتە لە زانین. ناوەڕۆکێکى تایبەتە کە پێویستى بە فۆرمى تایبەت بە خۆیەتى. ئەم ناوەڕۆکە لە کۆمەڵگاى ئێمەدا بەئاسانى خۆنشین نابێتەوە. لە کێشەى نەبوونى شارەوە تا شارستانییەت, لە دین و خێڵەوە تا حیزبە تێکەڵوپێکەڵەکان, لە سایکۆلۆژیاى پەلەپەلەوە بۆ دژەئاڵۆزی تێکڕا کەشێک دەخوڵقێنن فەلسەفە نەگرێتەخۆى. لە هەناوى ئەم کەشە فرەهۆکارەوە, فەلسەفە دەبێتە ئەو "عەیبە"یەى کە نزیکبوونەوە لێى جوان نیە. فەلسەفە هەم شێوازى ئاخاوتن دەگۆڕێت و هەم جووڵەش. ئەمە خۆى لەگەڵ فۆرمى کۆمەڵایەتى و زەینیی ئێمەدا وێکنایەتەوە (بەڵام هێشتاش مادام بەر دونیاى مۆدێرن کەوتووین ئەوا مەیلێکى کاڵ و ڕاگوزەر بۆ فەلسەفە بەپچڕپچرى هاتووەتە ناوەوە, بەبێ ئەوەى زەمینەى وەرگرتن و ناونشینبوونەوەى هەبێت- لە هەندێ ساتەوەختیشدا لەڕێى جۆرێک هەستى گوناهەوە ئەم ئارەزووە ناکۆکە پیشاندەدەینەوە). ئەم عەیبەیە, ڕیشەى لە ماناى "قوربانیدان"یشدایە کە لاى ئێمە. قوربانیدان بۆ ئێمە یان بۆ شتانێکى دیارە, وەک کەس, کەسانى چواردەور, یان بۆ شتانى نادیارە لە چەشنى خودا. قەلسەفە سەر بە هیچکامیان نیە, جۆرە "نادیار"ێکى تایبەتە کە نە ڕیشەى لەناوماندا هەیە و نە سودە بەرجەستەکانیشى دیارن. قوربانیدان بۆ فەلسەفە, قوربانیدانە بۆ جۆرێک لە "کەمهۆشى" نەک هۆشیارى. قوربانیدان بۆ شتێک, واتە بەخشینى کات بەو شتە, "کات"ێک کە ڕەنگە کۆى ژیان بگرێتەوە. لە زیمنى ئەم قوربانیدانەدا, جۆرێک لە تەنیایی پێویستە کە دیسان بۆ عەقڵى کۆمەڵایەتى نامۆیە. فەلسەفە جۆرێک تاکایەتیی ئێستاتیکى لەگەڵ خۆیدا دێنێت کە پێچەوانەى ئەو ئێستاتیکا دەستەجەمعییە ڕۆتینییە وا هەیە. دەرچوونە لە ڕێسا و یاساکانى. وەرگرتنى سیمایەکى لاڵە بەنیسبەت ئەوانیترەوە. هەر شتێک نەیەتە ناو ئاگایی کۆمەڵایەتییەوە و زەروورەت پەیدانەکات ئەوا بۆ ئەوانیتر لاڵ و لێڵە. فەلسەفە لەو شتە لاڵانەیە کە بەناچارى کۆمەڵێک ناوى بەسەردا دابڕاوە وەک قسەى پووچ, شێتى, گۆشەگیریی ختوخۆڕایی و هتد. وێڕاى ئەمانەش, ڕوونە کە فەلسەفە خۆرى غەریبییەکى تایبەت بە خۆى هەیە, کورتنابێتەوە بۆ هیوایەتێکى سادە, بەڵام ئەو غەریبییەش خۆى پێویستى بە فەزایەکى تایبەتە. هەر فەزایەکى غەریب, پێویستى بە فەزایەکى فراوانترە ڕایگرێت.

خوێندنى فەلسەفە بە هەموو کەموکورتییەکانیەوە, بۆ ئێمە بایەخى خۆى هەیە. گەنجێک کە ئەو بەشە تەواودەکات, لەڕووى زەینییەوە, ئەو ئەگەرەى زۆرتر تیایە بەر گۆڕانى کەسایەتى بکەوێت (شتێک لە بەسوبێکتبوونى سەرەتایی ئەزموونبکات). ئەمە وێڕاى ئەوەى مرۆى کورد پێویستى بە نەرمکردنەوەشە, ئیدى لە سیاسەتەوە بۆ کەلتور و هتد. هاندەرە غەریزییە دڕەکان و ئەنێگزە نەپاڵێوراوەکان, پێویستیان بە دواخستن و شلکردنەوەیە. تەوزیع و مەسرەفى ڕێژەیەک لە مەعریفەى فەلسەفى بۆ کایەکانى تر و گشتینەى خەڵکیش, ڕۆڵێکى هەر لەم نەرمکردنەوەیەدا دەبێت. لە ئاستێکى فراوانتریشدا, "فەلسەفە" ناوێکە بۆ کۆى ئەو بەشانەى تریش کە ڕۆحێکى ڕەخنەییان هەیە. ئەمڕۆ لە چەندین وڵات ئەو بەشانە کزبوون, بەڵام هەر ئەو وڵاتە ڕیشەیەکى درێژخایەنى هەیە و پانتاییە ڕۆشنبیرى و ئەکادیمییەکەشى جۆرێک لە بەرەنگاریی تیایە. لاى ئێمە بەهەندوەرنەگرتنى فەلسەفە, بەهەندوەرنەگرتنى ئەو بەش و ڕووبەرانەى تریشە. گەر بۆ هەندێک وڵات نیولیبراڵیزم قازانج لە فەلسەفە نەکات, ئەو بۆ ئێمە هۆکارەکە تەنیا نیولیبراڵیزم نیە: زانکۆ خۆى وەک دەزگایەک لە زۆر ڕووەوە ئیفلیج بووە. وێڕاى ئەوەى, «کۆنەپارێزییەکى نوێباو»ـى دینى و کۆمەڵایەتى لەئارادایە و ڕێ بە هیچ ڕوانین و تەفسیرێکى تر نادات بۆ ژیان. فەلسەفە وەک ڕوانین و تەفسیر, بێ ئەوەى تەواو ناسرابێت, قوربانیی ئەم کۆنەپارێزییە نوێباوەیە کە هەر کۆنەپارێزییە دێرینەکانە و کەمێک شێوەى خۆى لە جیلە تازەکاندا گۆڕیوە.

فەلسەفە, خۆى پێویستییەکى شارستانییە. هەر دەبێت ئێمە موحتاجى ئەو بین. بەپێى بیرۆکەى یەکەم, ئێمە و فەلسەفە وەک مرۆڤ لە پەیوەندیی موحتاج و ئیحتیاجدا دەژین. بێ ئەوەى هیچ بەرژەوەندییەکى وەک بازاڕ بمانبەستێت بە یەکترەوە, پێویستییەکى زاتى هەیە لەنێوانماندا, چونکە فەلسەفە زاتى بیرکردنەوەیە و بیرکردنەوەش بەشێکە لە زاتى مرۆڤ. بەپێى بیرۆکەى دووەمیش, مرۆڤ و مرۆڤ مادام پێکەوەدەژین, ناچارن ئارەزووى شتانێکى هاوبەش بکەن. فەلسەفە, جۆرێکە لە ئارەزووکردنى ناو شارستانییەت. درەنگ یان زوو, دەبێت بزانین شارستانییەت وەک ئەویتر چیی لێماندەوێت. مەرامەکە دەسکەوتنى وەڵام نیە لەڕێى فەلسەفەوە, بەڵکو خودى ئارەزووەکەیە. ئێمە ناچارین ئارەزووى شارستانییەت وەک گشت و فەلسەفە وەک بەش بکەین: لاقرتێ و خۆبواردن لەم ڕووبەڕووبوونەوەیە, جۆرێک لاقرتێى تر لە چارەنووسى کۆمەڵگادا بەرهەمدێنێتەوە.

گەر کەلتور, دەسەڵاتێکى سیمبوڵی و پەرشی هەبێت, ئەوا دەسەڵاتى سیاسى خۆى واقیعییە و دەتوانێت بڕیاربدات و هەژموونى بەرجەستە بنوێنێت[1]. دەکرا لەڕێى خوێندنى باڵا و پاشانیش حکومەتەوە پێگەیەک بۆ ئەم جۆرە مەعریفەیە دابنرێت و لەو نادیارییە دەربکرێت. عەقڵى باو, زۆرجار هەر لەڕێى پێوەرەکانى عەقڵى باوەوە گۆڕانى بەسەردا دێت نەک نوخبە. دەسەڵات, بەرچاوترین جۆرى هەژموونە بۆ عەقڵى باو. بۆیە دەکرا نمونەیەک لە بایەخى فەلسەفە لەڕێى حکومەتەوە پیشانى گشتینەى خەڵک بدرێت. فەلسەفە لە نادیارێکەوە, بکرێت بە شتێک کە لە زۆر ڕووەوە موحتاجین پێى. موحتاج لەسەر هیچ بنەمایەک و بەرژەوەندییەکى تایبەت نا, بەڵکو تەنیا لەبەر خۆى وەک فەلسەفە.

 

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 


[1] کاتیک سواڵ مانایەکى میتافۆرى وەردەگرێت و میلەتێک دەکەونە سواڵ و سەدەقە لە دەسەڵات, ئەوەیان چیدى سواڵ نیە بە مانا واقیعییەکەى. بەڵکو بەکارهێنانى سواڵە لە مانا ناواقیعییەکەیدا, بەکارهێنانیەتى بۆ پەیوەندیی خەڵک و دەسەڵات کە داواکردنەوەى مافە. سواڵە ڕۆژانەییەکە, پەیوەندییەکى زاتیی بە مافەوە نیە و سواڵکەر هیچ مافێکى بنچینەیی بەسەر سواڵلێکراوەکەوە نیە (بەتایبەت لە کۆمەڵگاى مۆدێرندا). ئەم دەسەڵاتە کوردییە بە نیەتى سواڵ زۆرجار شت دەبەخشێتە خەڵک, بەڵام ئەمەش دیسان پەیوەندیی بە سواڵە ڕۆژانەییەکەوە نیە و خۆلادانە لە "مسؤل"بوونە مۆدێرنەکە کە گەرەکە دەسەڵاتدار بەرپرس بێت بە هەموو مانا ئیدارى و مەعنەوییەکانیەوە ("مسؤل" کە هاوڕیشەى سوئالە, لاى ئێمە تووشى لادانێکى ناوەکى و نکۆڵیکارانە هاتووە). لەبنەڕەتدا دەبێت چاکەى گشتى, جێى سواڵى و حکومى و گرووپى و حیزبى بگرێتەوە. نوکتەیەکى باو هەیە لەسەر سواڵ کە گەرچى وەک هەڤدژى (تناقض)ێک بۆ سواڵکەرە شەخسییەکان وتراوە, بەڵام پتر بۆ ماهیەتى دەسەڵاتى کوردى دەگونجێت کە خەڵک ناچارن داواى سواڵى لێ بکەن. نوکتەكە دەڵێت: سواڵکەر بۆیە سواڵدەکات تا موحتاجى دەستى کەس نەبێت. خەڵکیش گەر سواڵ لەم دەسەڵاتە بکەن, هەر لەو پێناوەدایە موحتاجى دەستى "کەس" نەبن.