A+    A-
(903) جار خوێندراوەتەوە

«ژن» و نەستى کۆمەڵایەتى

 

 

 

 

 

شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

 

 

لە کۆمەڵگەیەکی ڕاڤەنەکراودا[1]، خەباتکردن بۆ مافە مەعنەوی و بەهاییەکان تا دوا ڕادە سەختن. ئەم خەباتە دەبێتە جەنگان لەگەڵ دەعبایەکی بێ‌سەر یان فرەسەر. هەر وەخت ئەم پرسانە دەورووژێت، ئایین ڕەوانەی خێزان، خێزان ڕەوانەی دەسەڵاتمان دەکات، بەمەش ڕووگەی ڕەخنە بزردەبێت. ئەم چەشنە لە کۆمەڵگە ترسی لە کرانەوە هەیە، کرانەوە بەو مانایەی ڕێگە بدات دەرد و نەخۆشییەکانی بێنە سەرێ و مایەی شیکاریی و دیاگنۆس بێت، واتە گەورەترین ترسی بریتییە لە بینینەوەی وێنەی خۆی. وەک نەخۆشێک، هەمیشە بەرهەڵستی دەنوێنێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ خۆبەیانکردن، بەرهەڵستییش هیچ نییە جگە لە بەربەستێک لەپێش چارەسەردا. وەک پارانۆییایەک هەردەم وا دەزانێت موئامەرەیەکی لەسەرە و سەرچاوەی کێشەکانی دەخاتە ئەستۆی ئەوانیتر [تەنانەت دەشێت وەک ئەوەی ئێستا و لێرەدا هەیە، تاوانی کوشتنی ژن بخاتە ئەستۆی تارماییەکی بێ‌کاریگەری وەک ڕێکخراوی ژنان، ئەو ڕێکخراوانەی بەداخەوە پێناچێت هێندەی مەلایەک ڕۆڵیان لەنێو کۆمەڵگدا هەبێت چوون فەزاکە پێشوەخت هى مەلاکەیە].کامەیە ئەم باوکەی هەمووان خۆ لە پێناسەکردنی دەدزنەوە و وەک موقەدەسێک، لە لەمس و بەرکەوتن دەیپارێزن؛ هەر ئەو باوکەی هەر یەکە و بەڕێگەیەک وەک پەنایەکی ڕەمزی ئاسوودەییەکی دەروونی لێیەوە وەردەگرێت. هەر ئەم نەناسینەوەیە، وا دەکات بێزارییەکان نەبنە مایەی سەرهەڵدانی بزووتنەوە و گرووپەکان، هەر هەوڵێک بۆ دەرچوون لەم نەزمە لە هەوڵی تاکەکەسی تێپەڕ ناکات، هەر تاکە و وەک پاڵەوان دەیەوێت خۆی لەم کۆتوبەندانە ڕاپسکێنێت. ئەم هەوڵانەش زۆرجار بە مەرگی  پاڵەوان، یان پاشگەزبوونەوەی لە بەرئەنجامی هەستکردن‌بە گوناهێکی نەستەکییدا بەکۆتا دێت. لە حاڵەتی مەرگیش، پاش دەنگدانەوەیەکی کورتخایەن، قوربانیدانەکە فەرامۆش دەکرێت.

ژن لەم کۆمەڵگەیانەدا، هەر لە بنەڕەتەوە گوناهبارە. لە ئایین هۆکاری گوناهی یەکەم، لە نوکتە و پەندەکاندا فێڵباز و لەخشتەبەر، لە ئەدەبدا سەرچاوەی سەرگەردانیی پیاوە. هەر لەمەدا ناوەستێت، لەنێو ڕۆشنبیرانیش ژنان و بزووتنەوەکانی گوناهبارن بەوەی نەیانتوانیووە زمان و گوتارێکی ڕوون سەرپێ بخەن، بەجۆرێک گوزارشت بێت لە داخوازییەکانیان؛ یەک نەڵێت، ئەم هەژارییە تیۆرییە و ئەم لاڵبوونە بەتەنها بەرۆکی ژن و بزووتنەوەکانی گرتووە. کورد لە گشت ـدا وەک نەتەوە، لە بەش‌یشدا وەک بزووتنەوە و ڕەوتەکانی، بێبەشە لەم زمانە، ئەوەی هەیە کردەی ڕووتە و خاڵییە لە ڕەمزاندن و فۆرمەلەیەکی یەکانگیر. حیزبەکان و میدیاکان و سەرپاکی ڕێکخراو و بزووتنەوەکان، لەنێو ئەم کڵۆڵییەدان، دەست و پێی خۆیان ناناسنەوە. حیزبەکان هەر ڕۆژە و بەرگێک دەپۆشن و وەک نوێنەری جیهانبینییەک خۆیان دەنوێنن؛ لەم لاوە، وەک سۆسیال دیموکرات و چەپ و مەدەنی خۆیان پیشاندەدەن، لەولاشەوە لە چەندین بەستەر و ڕایەڵەوە گرێدراون بە ئایین و عەشیرەت و خێڵەوە. ئەم بێ‌شوناسی و بێ‌ڕوخسارییە، وا دەکات سنووری نێوان دژەکان زۆر ڕوون نەبێت، ئەم ناڕوونییەش بەربەستە لەپێش یەکلابوونەوەی ململانێیەکاندا. ئەم دژییەکەییانەی وا ناکرێت لە هیچ جێگەیەکی دونیادا بەبێ ململانێی توند پێکەوە هەڵبکەن، لێرەدا لەژێر چەتری پێکەوەسازانێکی سەیروسەمەرە، بە تەنیشت یەکەوە دەڕۆن بەبێ بەریەککەوتن و شۆرتێکی ڕاستەقینە. مادام هەمووان، بە خودی ڕۆشنبیرانیشەوە، لەنێو گێژاو و بێسەروبەرییەکی وەهادان، بۆ دەبێت ئەو چاوەڕوانییە لە ژن و بزووتنەوەکانی هەبێت تا خاوەنی زمان و گوتارێکی یەکانگیر و کاریگەر بن. ڕەنگە خودی ئەم گێژاوەیەی هەمووان تێی کەوتوون، هۆکارەکەی سروشتی کۆمەڵگەی کوردی بێت. دەگوترێت ئەم کۆمەڵگەیە خاوەنی ناوکێکی ڕەق و چەسپاو نییە، چەندەها شوناس و کەلتووری بێگانەی بەسەردا سەپێنراوە، بەهۆی ناجێگرییەکەیەوە هەموویانی لەخۆیدا هەرسکردووە، دۆخی ئێستەشی بەرئەنجامی ئەم ئاوێتەبوونەیە. بەڵام ئەگەر ناجێگرییە گوزارشت بێت لە سروشتی کۆمەڵگەی کوردی، ئەرێ ئیدی سەرچاوەی ئەم دەقگرتن و نەگۆڕانە چییە؟ چۆنە ئەم کۆمەڵگەیە هەر لە جێگەی خۆیدایە و هەستدەکەین خاوەنی بونیادگەلێکە شیاوی دەستکاری و نەرمکردنەوە نین؟ چۆنە چەنەهای چەن ساڵە نۆرم و یاسا نەنوسراوەکانی درێژە بەخۆیان دەدەن، تۆسقاڵێک سازش ناکات بەرامبەر بەها و مۆدێلە مۆدێرنەکان؟ ئاخۆ ناکرێت هەر ئەم وەسفە، هەر ئەوەی گوایە ئەم کۆمەڵگەیە خاوەنی بنک و ناوکێکی لەو چەشنە نییە، سەرچاوەی دەربازبوون و هەڵهاتنی ئەم کەلتوورە بێت؟

کوشتنی «ماریا»، بۆ چەند ڕۆژێک دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە، وێنە و ڤیدیۆکانی سۆشیال میدیایان تەنییەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە سەرچاوەی ئەم کاردانەوانە چین، ئاخۆ هەر هاوسۆزییە بەرامبەر قوربانییەکی بێتاوان، یان دەلالەتە لە بەئاگاهاتنەوەیەکی ویژدانی و عەقڵانی، واتە لە هاوسۆزیی ڕووتەوە دەگۆڕێت بۆ سەرهەڵدانی پرسیاری گەورە و پیاچوونەوە بە کۆی ئەو بەها ئەخلاقی و کەلتوورییانەی ژیانی کۆمەڵایەتیمانی لەسەر دامەزراوە. بە چاوپۆشی لەوەی هەرچییەک بێت، ئەم ژێستە هەر گرنگە. لە وتارێکدا، بەناونیشانی «لە جەنگی وێنە و واقیعدا»، بەختیار عەلی باس لەو فاکتەرە دەکات وا کوشتنی «دوعا»ـی جیاکردەوە لە تاوانەکانی دیکەی ژنکوژی، ئەوەیە ڕووداوەکە بۆتە وێنە؛ ئەوەی بوو بە سەرچاوەی هەڵچوون خودی ڕووداوە واقیعییەکە نەبوو، بەڵکو وێنەی ڕووداوەکەیە، وەک خۆی دەڵێت قارەمانی سەرەکیی لەو ڕووداوەدا، ئەو وێنەگرەیە لەنێو خرۆشان و هیستیریای خەڵکدا وێنەی ڕووداوەکەی گرتووە. واتە لەم سەردەمەدا وەختێک وێنە و مەجاز زاڵن، چیتر وێنەی ڕووداو لە خودی ڕووداوی واقیعی زیاتر مایەی کاردانەوە و هەڵچوونە. هاوسۆزییەکە لەگەڵ قوربانییەکدایە لە وێنەکەدا، نەگوازراوەتەوە بۆ هاوسۆزییەک لەگەڵ قوربانییەکانی نێو واقیع؛ ڕق و هەڵچوونەکان بەرامبەر تاوانبارانی نێو وێنەکەیە، کەچی لە واقیعدا ڕۆژانە لەگەڵ بکوژ و چەوسێنەرانی ژندا مامەڵە دەکەین بەبێ کاردانەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئاخۆ بۆچی لە واقیعدا شوێنەواری ئەم ڕق و هەڵچوونە بەرامبەر تاوانەکە نابینین، یان هەر ئەوەیە وەک هەریەک لە ڕەگەزەکانی نێو ئەم کۆمەڵگەیە هەمووان دەمانەوێت تەنها و تەنها ئەستۆپاکیی خۆمان لە دونیای مەجازدا پیشاندەین و ئەم خوێنە لە دەستی خۆمان پاککەینەوە. هاوتەریب بەم بابەتەوە، ئەگەر وێنە گوزارشتە لە گواستنەوەی ئەزموون، ئەوا زمانی حاڵی ئەم کەلتوورە پێمان دەڵێت ئەگەر ئازادییەکانی خۆشتان ئەزموون مەکەن، هیچ نەبێ مەیکەن بە وێنە. نوێنەرانی کەلتوور دەڵێن، باشە باوەڕت هەرچۆنە و چ دەپۆشیت و چ دەکەیت کەیفی خۆتە، بەڵام با هەر بۆ خۆت و مەیهێنە نێو فەزای گشتییەوە، واتە ئەگەر هەشبێت با نەزانین. بێگومان لەم بانگەوازەشدا ڕاستگۆییەک نییە، ئەگەر گوزارشت لە ئازادییەکانیش نەکرێت و پیشانی ئەوانیتریش نەدرێت، هێشتاکە هەر جێی قبووڵ نییە و مرۆڤ تەنها بە ئەزموونکردنی باجی خۆی دەدات.  نهێنی پشت ئەم داخوازییە ئەوەیە، لەکارکەوتنی کەلتوورەکەمان بۆ کەشف نەبێ تەنانەت ئەگەر لەنێو خێزانێک و لە ئاستی یەک کەسیشدا بێت.

ئایین لەم کۆمەڵگەیانەدا، بە هەموو جۆرێک هەوڵی نەفرەتکردن و شاردنەوەی جەستە دەدات، وە نەبێ ئەم ڕوانینە جۆرێک لە ئیمانداری خوڵقاند بێت تەواو ڕۆحانی و زاهیدانە و بێباک بژین، ئیمانداری ئێمە  بەردەوام چاوی لەویتری جیاوازە، ئیرەییەکی نەستەکی بەرامبەر ئەویتر هەیە و پێی وایە خاوەنی شتێکە ئەم لێی بێبەشە. بۆیە لە هەوڵی داگیرکردنی ئەوانیتردایە، بەو ئامانجەی ئەو شتە وێران بکات وا لە ئەواندا مایەی ئیرەیی پێ بردنە.جەستەى ژن ئۆبێکتى ئەوپەڕینەیەى ئیرەییە لاى ئێمە, سیمبوڵى هەموو ئیرەییەکانى تریش, نوێنەرى ئیرەیی پەتی کە بەر وێرانکردن دەکەوێت.

ئەوەی وا دەکات ئەم پرسانە بە شوێنێک نەگەن، نەڕسکانی ڕای گشتییە. پەیدابوونی ڕای گشتی، بەرئەنجامی پێکەوەگرێدانی خواستی توێژە جیاوازەکانە، ئەو توێژانەی خۆیان بە مافخوراو و بێبەش دەزانن. بەڵام لێرەدا نابینین ئەم خواستانە پێکەوە گرێبدرێن و هەمووان پێکەوە دژ بە ستەم و بوەستنەوە و هەوڵی ژیانێکی یەکسانتر و ئازادانەتر بدەن. لێرەدا، ئەوەی هەیە، پارچەکردنی جۆرەکانی ستەم و ئازادییە، وەک ئەوەی کاتی بەرەنگاربوونەوەی جۆرێک لە ستەمە و بەرەنگاربوونەوەی جۆرێکی تر لە ستەم دەبێت دوابخرێت تا یەکلابوونەوەی ئەوەی پێشوو. دەگوترێت جارێ با ستەمی دەسەڵاتی سیاسی بسڕێتەوە، موچە و ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان فەراهەم بکرێن، دواتر دێینە سەر باسی ئەو ستەمەی لە ژن دەکرێت، یاخود ئەوجار دێینە سەر باسی ئازادییە تاکەکەسییەکان. بەڵام بەم پارچەکردنە ستەمی یەکەمیش هەر بەردەوام دەبێت، ئەوکات دەسەڵاتی سیاسی دەڵێت با دەوڵەت و قەوارەی سەربەخۆ هەبێت و لە چەوسانەوەی نەتەوەیی دەرباز بین، دواتر دێینە سەر ماف و داواکانی خەڵک. ئەم بەردەوامییەی ستەم و ئەم نەبوونی ئازادییە، بەرهەمی ڕەتکردنەوەی چەشنێک لە ستەم و قبووڵکردنی چەشنێک لە ئازادییە، بەبێ ڕوانین لە ستەم و ئازادی لە مانا قووڵ و فراوانەکانیاندا.

دژایەتیی ژن، لە هونەر و نوکتە و گوفتاری ڕۆژانەدا ڕەنگدەداتەوە، چونکە دژایەتیی ژن لە نەستی زۆرینەدا نوستووە. کەوایە دەستوەردانی ئاگاییانە  و هەڵوێستی ئاگاییانە گرنگن، بەڵام بەبێ دەستکاریی ئەم نەستە دژەژنە دژوارە(کە زۆرجار ژنان خۆیشیان پێشوەخت و ناڕاستەوخۆ دەچنەوە پێگەى دژەنێتى). نەست لێکەوتەیەکی دەروون_کۆمەڵایەتییە، بەپێی لاکان «نەست گوتاری ئەویتر [ـی گەورە]ـیە» یاخود «نەست وەک زمان ڕسکاوە»؛ واتە بۆ ئەوەی ئەم دژایەتییەی ژن کاڵبکەینەوە دەبێت باس لە نەستی دژەژن بکەین و دەستوەردانێک بکەین لەسەر ئاستی گوتاری ئەویتر [ـی گەورە]، بەمانایەک ئێمە ناتوانین لایەنگری دۆزی ژن بین، وەختێک ئەویتر [ـی گەورە] دژە ژنە. ڕەخساندنى پێچەوانەکەى, ڕەنگە پێویستى بە دڵڕەقییەکى تیۆرى بێت کە کڵێشە نێرینە-مێینەکان تا سنورێکى دوورتر ڕاکێشرێت و «ژن» لە تاریکییەوە بخاتە بەر ڕاڤە- دواتریش کۆى مرۆڤ و ژیانى.

 


[1] . دیارە مەبەستێکى حەرفییم لە ڕاڤەنەکراو نیە, ئەوەى کە هیچ نەوترابێت, بەڵکو ڕاڤە وەرناگیرێت, ناوکێکى ڕەق و غەیرەتیۆرى ئیشدەکات.