A+    A-
(842) جار خوێندراوەتەوە

لێک_تێگەیشتن

 

 

 

 

شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

 

هەمووان داوای لێک_تێگەیشتن[1] دەکەن؛ نەتەوەکان، ئایینەکان، هاوڕێکان و عاشقەکان. گوایە گەر لێک_تێبگەین ئاشتییەک بەرقەراردەبێت لەنێو نەتەوە و ئایینەکان؛ پەیوەندییەکی هاوڕێیانە و عاشقانەی تەندروستتر و پڕسۆزتر دێتەکایەوە. بەڵام مەگەر زەمینەیەک بۆ  لێک_تێگەیشتن دەدۆزینەوە، ئەرێ دابەشبوونی هێز و توانستی نێوان نەتەوەکان، بەرژوەندییە دژبەیەکەکان، سرووشتی خودی پەیوەندییە مرۆییەکان یان خودی سرووشتی مرۆڤ، هیچ ئیمکانێک بۆ ئەم خواستە دەهێڵێتەوە. نەتەوەکان و پارتە جیاوازەکان ڕۆژ بە ڕۆژ کۆدەبنەوە بۆ لێک_تێگەیشتن و سڕینەوەی تۆوی ناتەبایی، ئەدی بۆ جەنگی نەتەوەیی و ململانێی «ناتەندروستی» نێوان پارتەکان هەر بەردەوامە؛ ئایینەکان جار دوای جار کۆنفرانسی یەکتر قبوڵکردن و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان دەبەستن، کەچی تەکفیر و یەکتر پووچەڵکردنەوەی نێوان ئایینەکان هەر لە برەودایە. هاوڕێ و عاشقان دەڵێن، لێک_تێگەیشتن دەکەن بە بناغەی پەیوەندییەکانیان، لەڕێی ئەم لێک_تێگەیشتنەوە سەلامەتیی پەیوەندییەکان دەپارێزن و خۆ لە ناکۆکی لادەدەن، کەچی دابڕان و جیابوونەوە هەر درێژەی هەیە.

لێک_تێگەیشتن، هەوڵی ڕاڤەکردنی دوولایەنەیە؛ دەرخستنی نیازی بەرامبەرە، هەر دەبێ لەنێو دوو جەمسەری ئاگامەنددا ڕووبدات. بەڵام مەگەر دەکرێت جەمسەرێک بێباکانە و بێ هیچ بەربەستێک مەبەستی  خۆی بەدەر بخات بۆ بەرامبەر، ئایا هەر زمان ڕێگەی ئەم کارەمان دەدات و دەتوانین لەڕێی ئاماژە و وشەکانەوە گوزارشت لە مەبەستی ڕاستەقینەمان بکەین،  وە دەشێت جەمسەری بەرامبەر ڕاڤەیەکی نیازپاکانە بۆ ئەم مەبەستانە بکات؟ بێگومان ئەم پرۆسەیە سەخت و دژوارە و لێک_تێگەیشتن ئامانجێکی وەها سانا و بەردەست نییە. هەر خودی تێگەیشتن، وەک پرۆسەی ڕاڤە و لێکدانەوەی یەک لایەنەی مرۆڤ بۆ دیاردەکان و دەوروبەر سەخت و دژوارە، شتەکان لە_خۆیاندا وەک بابەتی تێگەیشتن پڕن لە ناڕوونی و نەگیراوی. وەک ئەوەی ئەنشتاین دەڵێت: «ئەوکاتەی خودا جیهانی خوڵقاند، بیری لای ئەوە نەبووە بەجۆرێک بیخوڵقێنێت ئێمە لێی تێبگەین». ئەمە دەپەڕێتەوە بۆ داهێنانی هەر داهێنەرێک، داهێنەر سەروەختی داهێنانی هەر شتێک [دەق، تابلۆ، فیلم]، لە هەموو چرکەیەکدا بیری لای تێگەیشتنی وەرگر نییە، بۆیەشە هەردەم شتگەلێک لە دەق و فیلم و تابلۆکاندا دەمێننەوە لێی تێناگەین، خۆ لەوانەشە هەر ئەمە مایەی چێژبردنمان بێت لەم بەرهەمانە.

 مادام نزیکبوونەوەی ئێمە لە هەر دیاردە و بابەتێک، ئیلا و بیلا لەڕێی میتۆدێکەوەیە، واتە هەمیشە ئێمە بەنێوانگرێکەوە هەوڵی پێگەیشتنیان دەدەین، هەرگیز دەقادەق و ڕاستەوخۆ بەر هیچ شتێک ناکەوین. ئەمەش وا دەکات بەشی زۆری ئەم شتانە بە نەزانراوی بمێننەوە، هیچ چارەیەکی دیکەشمان و دەبێت بەم نوقسانییەی نێو زانین ڕەزابین. ئەمە بێ لەوەی، هەمیشە پێش‌داوەری لە نزیکبوونەوەکانماندا هەن، ئەم پێش‌داوەرییانە خۆزگەی ئێمەیە بۆ ئەوەی شتەکان بەوجۆرە بن، واتە نیازمەندییەک هەمیشە لەپشت گەڕانەکانمانەوە وەستاون، ڕۆژهەڵاتناسان تەنها لە خەمی ناسینی کەلتوور و شێوەژیانی ڕۆژهەڵاتەوە نەبوون، بەڵکو ئەم ناسینە هەنگاوێک بووە بۆ زاڵبوون و ژێردەستەکردن. مرۆڤ وەختێک لەڕێی زانستەوە هەوڵی تێگەیشتن لە سرووشت و یاسا سرووشتییەکان دەدات، ئامانجەکە مەگەر کۆنتڕۆڵکردنی سرووشت نییە، ئەو وێرانکارییەی مرۆڤ لە سیستەمی سرووشتییدا خوڵقاندووییەتی، تێکدانی ژینگە و پیسبوونی دەریاکان و فەوتاندنی گیاندار و جۆرە جیاوازەکان؛ ئاخۆ هەنگاوەکانی سەرەتای هەر ناگەڕێتەوە بۆ تەقەلای مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە سرووشت؟ هەروەک نموونەیەک، هێندە بەسە بڕوانینە بەڵگەفیلمی «Extinction: The Facts, 2020»، تا بزانین ئەم دەستوەردان و فزوڵییەتەی مرۆڤ چەندێک بەڵآی خوڵقاندووە و چەند مانەوەی جۆرەکان و بایۆدایڤێرستی[2] [هەمەچەشنیی زیندەوەران] خستۆتە مەترسییەوە.  

خواست و داوای لێک_تێگەیشتن هەر دەبێ لەگەڵ ڕسکانی زماندا دەرکەوتبێت، ئەم لێکەوتەیەی زمان وەک خودی زمان و بونیادەکەی پێچەڵپێچ و فریودەرە. پەیوەندیگرتن[3]  دەبێت لەنێوان دوو جەمسەری هاوسەنگ و یەکسان بێتەئاراوە، بەڵام ئاخۆ دەشێت ئەم هاوسەنگی و یەکسانییە لەنێوان دوو نەتەوە و ئایین و مرۆڤدا بێتەکایەوە. ئەرێ نەتەوە و ئایینەکانی نێو هەر جێگەیەک دابەش نابن بۆ زۆرینە و کەمینە، کوا نەتەوە یان ئایینێکی کەمینەی چەوساوە دەتوانێت وەک نەتەوە یان ئایینێکی زاڵ و باڵادەست گوزارشت لە مەیل و خواستەکانی خۆی بکات، ئاخۆ نەتەوە یان ئایینی باڵادەست هەمیشە مەرج و شێوەژیانی خۆی نەسەپاندووە؟ کوا دوو مرۆڤ، دوو هاوڕێ، دوو کەس لە پەیوەندییەکانی عاشقانەدا؛ هاوتای یەک دەڕواننە پەیوەندییەکانی نێوانیان. لەکوێ دوو کەس دەبینینەوە بەڕادەی یەکسان یەکتریان خۆشبوێت و وەفاداربن بەرامبەر پەیوەندییەکەیان، هەمیشە کەسێک زیاتر لە خەمی پەیوەندییەکەدایە و زیاتر ئامادەگی سازش هەڵدەگرێت. ئاخۆ دەکرێت ئەمە ناوبنێین لێک_تێگەیشتن، یاخود پرۆسەی سەپاندن_سازشی نێوان دوو جەمسەرەکەیە.

هەم تۆ لێم تێناگەی چونکە مرۆڤ بەسرووشت پڕە لە دیوی تاریک و پەی پێ نەبراو، هەم ناتوانم تێت بگەیەنم چونکە زمان دەرەقەتی ئاڵۆزییەکانی نێو زەین نایەت، ئەوەی بە تۆی دەگەیەنم هەرگیز پڕاوپڕ مەبەستە ڕاستەقینەکەم نییە، وشە و دەربڕینەکان بەشێک لەم مەبەستە دەکوژن یان دایدەپاچن، دواتریش پرۆسەی لێکدانەوە و ڕاڤەی لای تۆ، جارێکی دی ئەم گوزارشتە دادەڕێژێتەوە، بەمەش چەندەها نوسخە لەم مەبەستە دەگیرێتەوە، ئەمەش وا دەکات تا دونیا دونیایە بەدحاڵیبوون هەر بمێنێت. هەر ناشمەوێت لێم تێبگەی، چونکە ئەم کرانەوە تەواوەتییە دەمخاتە بەر مەترسی؛ بۆیە لە هەریەکماندا هێزێکی دەروونی کارەکات بەناوی بەرهەڵستی[4]، لێ ناگەڕێ بەتەواوەتی بۆ یەکتری کەشف بین. لە دەروونشیکارییدا، ئەم چەمکە دەدرێتە پاڵ دیاردەیەکی نێو پرۆسەی شیکاری، وەختێک نەخۆش لە بەزەینداهێنانەوەی ئازاددا بۆ دەروونشیکار دەدوێت، هەرکات هاتەسەر ئەو بیرۆکە و زانیارییانەی دەبنە مایەی کەشفبوونی دەردەکەی لای دەروونشیکار، دەمودەست دەوەستێت و چیتر درێژە بەم خۆبەیانکردنە نادات، ئیگۆی نەخۆش هەستدەکات ئەمە دەبێتە مەترسی لەسەری. بۆیە هەمیشە شتگەلێک دەمێنێتەوە لە مەبەست و نیازەکانم نامەوێت تۆ درکیان پێ بکەیت. بەدگومانیی ئێمە بەرامبەر بەیەکتر، ترسی ڕووتبوونەوەمان بۆ یەکتر دەخوڵقێنێت، بە زانینی خاڵی لاوازیی یەکتر، دەشێت هەرکات ئەم شتانە دژ بەیەکتر بەکاربهێنینەوە. سەیر نییە هەمیشە باس لە زیانی گەورەتری نزیک و دۆستەکان دەکرێت بەراورد بە بێگانە و نەناسراوەکان، چونکە ئەوان زیاترمان لەبارەوە دەزانن. وێڕاى ئەمانەش نامەوێت بڵێم زەین یان دەروون یاخۆ کارەکتەرى مرۆڤ بەگشتى کارەکتەرێکى لێڵ و پڕ و پۆزەتیڤە, بەڵکو کێشەکان بۆ جۆرێک لە زێدەڕوونى و نێگەتیڤیتە دەگەڕێتەوە, بۆ درزێکى ڕوون لە ئێمەدا وەک مرۆڤ, درزێک کە بەبنەڕەت مرۆییە نەک هى من و تۆ یان ئەم مرۆڤ و ئەو مرۆڤى ڕۆژانەیی. درزەکە لە ئێمە دەخوات, لە تێگەیشتنمان, لە زمان و ئارەزوومان, لە پێوەندى و بەرکەوتنەکانمان- بەڵام ڕەچاوکردنى ئەم درزەش خۆى دەسپێکى جۆرێک لە تێگەیشتنى ڕەخسێنراو و پێشوەختەیە ئیدى لە پێوەندییە تاکەکەسییەکانەوە تا سیاسەت و هتد.

گریمان ئەگەر لێک_تێگەیشتنێک لەگۆڕێ بێت؛ ڕەنگە ئەوەندەش ئەرێنی نەبێت وا داوای دەکەین، بەتایبەت لە حاڵەتی پەیوەندییە ڕۆژانەیەکاندا، چونکە ڕووتبوونەوە بەرامبەر یەکدی، سەرسامی و تامەزۆرییمان تاحەدێک سفردەکاتەوە. هەرچەند_بەتایبەت لە حاڵەتی عەشقدا_ وا باس دەکرێت گوایە ئەم لێک_تێگەیشتنمان هەنگاوێکە بۆ پێک_گەیشتن، بەڵام  ئەوە چییە وا دەکات ساردییەک بکەوێتە نێو پەیوەندییە درێژخایەنەکانەوە، ئایا ناشێت هەر ئەو تێگەیشتنە پڕاوپڕە بێت لەیەکتر، ناکرێت ئێمە تاحەدێک تامەزرۆی پەیبردن بە دیوە تاریکەکانی یەکترمان کردبێ و ئەو گۆشە تاریکانەمان بە فەنتازیاکانی خۆمان پڕکردبێتەوە؛ واتە بەشێک لە خواست و حەزەکانی خۆمان دابێ بەسەر ئەویتری مەعشوقدا و ئەم بەشە خەیاڵییەی ئەومان خۆشبوێت، ئاواش پاش پێکگەیشتن و لێک_تێگەیشتن ئەم فەنتازیایانە کەوتبن. ئەگەر پەنا ببەینە بەر قەرزکردنێکی ئەدەبی، ڕەنگە بشێت ئەو دێڕەی نێو ڕۆمانی «کۆشکی باڵندە غەمگینەکانی»ـی بەختیار عەلی بهێنینەوە: «عەشق لە پێکگەیشتندا دەمرێت»، بەو مەرجەی بتوانین تۆزێک دەستکاری بکەین، دەتوانین بڵێین، «عەشق لە لێک_تێگەیشتندا، دەمرێت». چون ئەم خاڵە، خاڵی سفربوونەوە و خاڵیبوونەوەی هەموو تامەزرۆیی و  چاوەڕوانییەکانە، خاڵی کەوتن و داڕمانی فەنتازیایە.

خواستی لێک_تێگەیشتن بەرهەمی خەیاڵاتێکە لەمەڕ یەکسانی، مادام یەکسانییەک لەگۆڕێ نییە، ناکرێت چاوەڕێی بەدیهاتنی لێک_تێگەیشتن بکەین. لەم حاڵەتەدا، ململانێ وەک دیاردەیەکی ئەبەدی خۆی دەنوێنێت، هەر لە جەنگ و ئاژاوە گەورەکانەوە، تا دەگاتە جیابوونەوە و ناکۆکییە ڕۆژانەییەکان چیتر وەک حاڵەتی سرووشتی دەکەونەوە. ناچاردەبین بەم جەبرە قایلبین، لەگەڵ ئەم ناکامییەدا هەڵکەین. یاخود بە ژێستی لێک_تێگەیشتن قایلبین، بزانین مامەڵە لەگەڵ نوسخە کورتهێن و خەوشدارەکانی ئەم داخوازییە پڕ و گەورەیەدا دەکەین. بۆ هەڵکردن، هەر دەبێت جەمسەرەکان نمایشی ئەم لێک_تێگەیشتنە بکەن، لەگەڵ داننان بەوەی جیهان و ناواخنەکەی لە بەدحاڵیبوونێکی گەورە پێکهاتوون.

لەبری دیالۆگ ئەوەی هەیە مشتومڕ و ململانێیە. وەختێک وێنای بەڕێوەچوون و یەکلاکردنەوەکان دەکەین: دەبێت لەبری قاوەخانە و هەر شوێنێکی هێمن، وەختێ هەردوو جەمسەر ئاسوودە و قایل دێنە دەرێ، دەبێت وێنای گۆڕەپانی بۆکسێن یان گۆڕەپانی جەنگ بکەین، وەختێ براوە و دۆڕاو یان خۆسەپێن و سازشکارێک لێی دێنەدەر. لێرەدا لە حەقبوونی مارکس تێدەگەین کاتێک باس لە ئەنتاگۆنیزم دەکات وەک ململانێیەک هەردەبێ بەلایەکدا بکەوێت، لەنێوان بۆرژوازی و پرۆلیتاریا، پێشتریش لەنێوان کۆیلە و خاوەن کۆیلە یان دەربەگ و جووتیار. بۆیە جاروبار دەوترێت ماف دەسەندرێت و نابەخشرێت؛ تەنانەت گەر ببەخشرێت هێشتا ئەم ڕەهەندە ناهاوسەنگەی نێو پەیوەندییەکان دووپاتدەکاتەوە، چونکە هەر هەوڵێکە بۆ هێنانە ژێربار و جڵەوگیری.  

ئەگەر وەها لێی بڕوانین، ئەوا دەگەینە ئەو بڕوایەی «لێک_تێگەیشتن»ـێک لەئارادا نییە. بۆیە دەبێت وشەکە بگۆڕین بەجۆرێک گوزارشت لەم ناهاوسەنگییە بکات، ئەوەی هەیە «تێگەیاندن»ـە لەلایەن قسەکەر و «تێگەیشتن»ـە لەلایەن بەرگوێیەکەوە، ئەمە زیاتر ڕەهەندە زۆرەملێ و سەپێنراوەکەی ئەم پرۆسەیە دەردەخات وا ڕۆمانسییانە خوازیارین وەک پرۆسەیەکی هاوسەنگ و ڕەزامەندییەکی دوولایەنە یان وەک یەکێک لە دەرکەوتنی لێبوردەیی و تۆلێرانسی مرۆیی پیشانی بدەین.

لێک_تێگەیشتن ئەگەر هەبێت، ئەوا دەکەوێتە نێو پرەنسپی واقیعەوە، مناڵ زیاتر ملکەچی پرەنسیپی چێژە و کەمتر پرەنسیپی واقیع دەخوێنێتەوە، بۆیە پێداگریی زیاتر لەسەر داواکانی دەکات و کەمتر تێ دەگەیەنرێت، کەمتر سازش دەکات، هەر بۆیە لەنێو ژیانی ڕۆژانەدا دەڵێین «هەر دەڵێی مناڵە و تێناگا»، بەو مانایەی نایەتە ژێرباری سەپاندن و مەرجەکانی ئێمەوە، ڕەنگە مناڵ باشتر لە ناوەڕۆکی ئەم پرۆسەیە گەیشتبێ. خۆ هەمووشمان بە مناڵ و پێگەیشتووەوە دەمانەوێت لەنێو پرەنسیپی چێژی تەواوەتییدا بژین، ئەگەر بۆمان بڕەخسێت، سازش لە یەک تۆسقاڵی حەز و ئارەزووەکانمان ناکەین. بەڵام دیسان دەیڵێمەوە کە پرەنسیپى چێژ خۆى هەڵگرى درزێکە کە بریتییە لە پرەنسیپى واقیع, واقیع پێشوەخت وەک درزێک لە ئێمە دەخوات و چەشنى مشەخۆرێک کارمان تیا دەکات.

خۆ ڕەنگە هەر تێگەیشتن و زانین ئەوەندەش مایەی ئاسوودەیی نەبێت. ئەگەر حیرەت و سەرسامی ببەستینەوە بە تێنەگەیشتن و نەزانینەوە، چونکە ئەم حاڵەتە تەنها لەکاتی دەرکەوتنی شتگەلە چاوەڕواننەکراوەکاندا توشمان دەبێت و بەرامبەر شتە نەزانراوەکان هەمانە. ڕەنگە بەشێک لە ناڕەحەتییەکانی مرۆڤی مۆدێرن ئەوە بێت، ئەم سەردەمە، قۆناغی داڕمانی سەرسامی و حیرەتی مرۆڤ بێت. بەهۆی دۆزینەوە یەک لەدوای یەکەکانی زانستەوە، کاتێک هەموو شتێک لە ئەفسوون و تارمایی دادەماڵێت، خەریکە مرۆڤی مۆدێرن دەگاتە ئەو بڕوایەی چیتر شتێک نەماوە سەرسامی بکات، چیتر هیچ شتێک ناکەوێتە دەرەوەی چاوەڕوانییەکانییەوە. مرۆڤ پێشتر لەڕێی ئەفسانە و خەیاڵەوە، ئەودیوی ئاسمانی پڕکردبوو لە شوێن و بوونەوەری فەنتازیی، وەک کۆتادارکردن و وێناکردنێکی خەیاڵی بۆ دەرەوەی خۆمان؛ بەڵام زانست گوایە تێگەیشتن و زانینێکی کۆنکرێتی‌ترمان پێدەبەخشێت، پێمان دەڵێت، لەودیو ئاسمانەوە ناکۆتا «ئاسمان» درێژدەبێتەوە، ئەوەی لەودیوەوە هەیە هەر هەسارە و ئەستێرەکانی دیکەن، هاوشێوەی ئەوانەی بەچاو دەیابینین. ڕەنگە هەر ئەمەش هۆکاربێت بۆ ئەوەی ئەدەبمان لە زانست و شاعیرانمان لە زانایان خۆشتربوێت، چونکە ئەدەب هێشتا پەرەدەیەکی فەنتازیی بەسەر جیهان و شتەکانەوە دەهێڵێتەوە.

 

 

 

 


[1] . دانانى تەقەڵێک(-) لەنێوان بڕگەى لێک و تێگەیشتندا, خاڵبەندییەکى ئەنقەستە و ئاماژەیە بۆ مەحاڵبوونى تێگەیشتن لە واتا باوەکەیدا. جگە لەوەى ئاماژەیە بۆ هەبوونى مەوداش لەنێوان من و ئەویتردا.

[2] Biodiversity.

[3] Communication.

[4] Resistance.