A+    A-
(879) جار خوێندراوەتەوە

بۆچی ڕاست و چەپ لەسەر پرسی ئۆکرانیا بە هەڵەدا چوون؟

 

 

 

 

سلاڤۆی ژیژەک

و. شاڵاو یاسین

 

 

 

 

 

 

ئەو کاتەی ئۆکرانیەکان پەیکەرەکەی لینین دەڕوخێنن وەک نیشانەیەک بۆ ئیرادەی وڵاتێک کە دەیەوێت لەژێر هەژموونی سۆڤیەت بێتە دەرێ، دووڕووییی یان گاڵتەیەکی مێژوویی هەیە لە تەماشاکردنی.

دووبارە و سەرلەنوێ لە ڕوماڵکردنی ڕاستەخۆی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کیێڤ دژ بە حوکمەتی یانۆکۆڤیچ، وێنەی ئەو خۆپیشاندەرانەمان دەبینی کە خەریکی ڕووخاندن و تێکشکاندنی پەیکەری لینین بوون. هەرچەند ئەمە ڕێگەیەکی ئاسان بوو بۆ هەڵڕشتنی تووڕەیی خەڵک، بەڵام پەیکەرەکان هەمیشە وەک هێمایەک بینراوە بۆ چەوساندنەوە و سەرکوتکارییەکانی سۆڤیەت، ڕوسیای ڤلادمێر پوتینیش هەمیشە وەک درێژەپێدەری سیاسەتی هەژموونخوازانەی سۆڤیەت بۆ سەر دراوسێکانی بینراوە.

لە بیرتان بێت، ئەوە تەنها لە ساڵانی ١٩٥٦دا بوو پەیکەرەکانی لینین لە سەرتاسەری خاکی یەکێتیی سۆڤیەتدا زۆربوون و دەستیان بە بڵاوبوونەوە کرد. هەتا ئەو کاتە، پەیکەرەکانی ستالین زۆر باوتر بوون لە پەیکەرەکانی لینین، بەڵام دوای داماڵین و ئاشکراکردنی "نهێنی"ەکان لە لایەن خرۆشۆفەوە لە کۆنگرەی بیستەمی حیزبی کۆمۆنیست سەبارەت بە ستالین، پاشان پەیکەرەکانی ستالین لادران و لەشوێنیان پەیکەرەکانی لینین دانران، لینین بە مانای وشەکە، جێگرەوەی ستالین بوو.

ئەم بێنەوبەردەیە بە شێوەیەکی ڕوون لە ماوەی  گۆڕانکارییەکدا بوو کە لە ساڵی ١٩٦٢دا لە تایتڵی ڕۆژنامەی پراڤدادا بە دەرکەوت. دوای ئەوە، لە گۆشەی چەپی سەرەوەی لاپەڕەی پێشەوەی، وێنەی دوو کەسایەتی و دوو پرۆفایلی لینین و ستالین شان بە شانی یەک دانرابوو. دوای ماوەیەکی کورت لە ڕەتکردنەوەی ئاشکرای پرۆفایلی ستالین لە کۆنگرەی بیست و دوودا، بە پرۆفایلێکی دیکە شوێنی پڕکرایەوە کە ئەویش لینین بوو. ئێستا دەکرێت بڵێین دوو لینینی هاوتەریب و چوون یەک شان بە شانی یەک لە ڕۆژنامەکە چاپ دەکران. بە جۆرێک ئەم دووبارەکردنەوە سەیروسەمەرەیە وای کرد ستالین لە غیابییدا زیاتر لە هەر کاتێک ئامادەیی هەبێت.

لە گەڵ ئەوەشدا، تەوس و توانجێکی مێژووی بوو لە تەماشاکردنی ئۆکرانییەکان کە پەیکەرەکانی لینینیان دەڕووخاند وەک نیشانە و هێمای ئیرادەیان بۆ پچڕانی هەژموون و باڵادەستیی سۆڤیەت و جەختکردنەوەی سەروەری و سەربەخۆیی نەتەوەییان. سەردەمی زێڕینی ناسنامەی نەتەوەیی ئۆکرانیا قەیسەرییەتی ڕوسیا نەبوو-کە تێیدا جەختاندنی نەتەوەییی خود پوچەڵکرابوەوە-بەڵکو دەیەی یەکەمی سەردەمەی یەکێتیی سۆڤیەت، کاتێکی سیاسەتی یەکێتیی سۆڤیەت لە ئۆکرانیا بە هۆی جەنگ و برسێتیەوە ماندووبوو بە جۆرێک کۆنترۆڵکرابوو. هەروەها زمان و کەلتوری ئۆکرانیا بە جۆرێکی بوژابونەوەوە، مافی چاودێری تەندروستی و پەروەودە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرەو پێش چووبوون.

پرۆسەی ڕەسەناندن¹[1] بە شوێن ئەو پەرەنسیپانەوە بوو کە لەلایەن لینینەوە داڕێژرابوون بە زاراوەیەکی زۆر لێڵ و نادیار:

"پرۆلیتاریا ناتوانێت دژ بە هێشتنەوەی زۆرەملێی نەتەوە چەوساوەکان لە سنوری دەوڵەتێکی دیاریکراو تێکۆشێت، ئەمە ڕێک مانای خەبات و تێکۆشان بۆ مافی چارەی خۆنوسین دەگەیەنێت، پرۆلیتاریا دەبێت داوای مافی جودابوونەوەی سیاسی لە کۆڵەنیەکان بکات، جودابوونەوە لەو نەتەوانەی کە خودی نەتەوەکەی خۆیان لە ناو ستەم و چەوساندنەوەدان. تاکو ئەم کارە ئەنجام نەدرێت، ئەوە ئەنتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاری وەک دەستەواژەیەکی بێ مانا دەمێنێتەوە، و ئەو کاتیش متمانەی دولایەنە و هاودەنگی چینایەتی لە نێوان کرێکارانی گەلانی چەوساوە و چەوساوەدا مەحاڵ و ئەستەم دەبێت".

لینین تاکو کۆتایی بە وەفا و بە ئەمەک مایەوە بۆ ئەم پرسە. ڕاستەوخۆ دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، کاتیک ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ باسی ئەوەی دەکرد کە نەتەوە بچوکەکان پێویستە سەروەریی تەواویان پێبدرێت تەنیا ئەگەر هێزە پێشکەوتنخوازەکان لە دەوڵەتی نوێدا زاڵ بن، بەڵام لینین باوەڕی بە پێدانی مافی بێمەرج بوو بۆ جودابوونەوە و سەرەوەری.

لینین لە دوا خەباتیدا دژ بە پرۆژەکەی ستالین کە دەیوست یەکێتیی سۆڤیەت بە مەرکەزی بکاتەوە، دیسانەوە داکۆکی لە مافی بێ_مەرجی نەتەوە بچوکەکان کرد بۆ جودابونەوە بە تایبەت لە(کەیسی جۆرجیادا) بۆیە لینین سوور بوو لە سەر سەروەریی تەواوی قەوارە نەتەوەییەکان کە لەو کاتەدا یەکێتی سۆڤیەتی پێکدەهێنا-سەیر نیە کە-لە ٢٧ی ئەیلولی ساڵی ١٩٢٢دا لە نامەیەکدا بۆ مەکتەبی سیاسی، ستالین لینینی بە "لیبراڵیزمی نەتەوەیی" تۆمەتبار کرد. ئەو خەت و ئاراستەیەی کە ستالین پێی دەڕۆیشت بە دڵنیاییەوە ڕوون بوو کە پرۆژە و پێشنیارەکەی بۆ ئەوە بوو حوکمەتی یەکێتی سۆڤیەت دەبێت حوکمەتی هەر پێنج کۆمارەکانی دیکەش بێت (ئۆکرەین، بیلاڕووس، ئازەربایجان، ئەرمینیا و جۆرجیا):

"گەر ئەو بڕیارەی ئێستا لە لایەن کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ڕوسییەوە پەسەندبکرێت، ئەوە نابێت ئاشکرابکرێت، بەڵکو پەیوەندی بە لیژنەی ناوەندی کۆمارەکانەوە دەکرێت بۆ گشتاندن و دەستا و دەستپێکردن لە نێو ئۆرگانەکانی سۆڤیەت یان کۆمیەتی جێبەجێکاریی ناوەندی یان کۆنگرێسی کۆمارە سۆڤیەتیەکان، پێش ئەوەی کۆنگرێسی هەموو ڕوسیای سۆڤیەت ببەسترێت، لەوێدا ڕادەگەینرێت کە ئاواتی ئەم کۆماریانە چیە"

بەم شێوەیە کارلێککردنی دەسەڵاتی باڵا، بووبە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە گەڵ بنکەکەیدا، دەسەڵاتی باڵا ئێستا بە سادەیی ئیرادەی خۆی سەپاند. بۆ خراپکردنی دۆخەکە، کۆمیتەی ناوەندی بڕیاریدا کە بنکە لە دەسەڵاتی باڵا چی داوا دەکات بۆ جێبەجێکردن، وەک ئەوەی خواستی خۆی بێت.

لە ترسناکترین حاڵەتدا، لە ساڵی ١٩٣٩هەر سێ دەوڵەتی بەڵتیک داوایان کرد، بچنە ناو یەکێتی سۆڤیەتەوە-کە خواستەکانیان ببەخشن. لە ناو هەموو ئەم بگرە و بەردەدا ستالین دەگەڕایەوە بۆ سیاسەتی تزاریستی پێش شۆڕش، کۆڵۆنیزەکردنی سیربیا لە لایەن ڕوسیاوە لە سەدەی حەڤدەیەمدا و هەروەها کۆڵۆنیکردنی ئاسیای موسڵمان لە سەدەی نۆزدەیەمدا چیدی وەک بەرفراوانکردنی ئیمپریالیزم مەحکوم نەدەکرا و نەدەبینرا بەڵکو ئاهەنگیان دەگێڕا بۆ دانانی ئەم کۆمەڵگا نەریتی و سونەتیانە لە سەر ڕێڕەوەی مۆدێرنیزەکردن و پێشخستندا.

سیاسەتی دەرەوەی پوتینیش بە جۆرێک درێژە پێدەری ئاشکرای خەتی تزاریست-ستالینیستە. لە دوای شۆڕشی ڕوسیاوە بە وتەی پۆتین خۆی، بەڵشەفیکەکان زەرەر و زیانی گەورەیان بە بەرژەوەندی روسیا گەیاندووە:

" بەڵشەفیکەکان لە بەر چەند هۆکارێک -خودا حوکمیان لە سەر بدات- بەشێکی زۆری باشووری مێژوویی ڕووسیایان بۆ کۆماری ئۆکرانیا جێهێشت و زیاد کرد. ئەمەش بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پێکهاتێکی ڕەگەزیی دانیشتوانەکەی ئەنجامدرا و، ئەمڕۆ ئەو ناوچانە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێکدەهێنن"

هیچ سەیر نیە وێنەکانی ستالین دوبارە لە نمایشە سەربازییەکان و ئاهەنگە گشتیەکاندا نمایش دەکرێت و لینین پشتگوێ خراوە. لە ڕاپرسییەکی ڕاوبۆچووندا کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە لایەن تەلەفزیۆنێکی ڕوسییەوە ئەنجامدرا، ستالین بە نیو ملیۆن دەنگ، دەنگی سێیەمی هێنا وەک مەزنترین سەرکردەی ڕوسی لە هەموو زەمەنەکاندا، لینینش بە دوورییەکی زۆر لە دوای ستالین لە ڕیزبەندیی شەشەمیندا بوو. ستالین وەک کۆمۆنیست نا بەڵکو وەک گەڕێنەرەوەی ڕوسیای مەزن پیرۆز دەکرێت، پاش ئەوەی لینین وەک دژە-نیشتمانپەروەری تۆمەتبار دەکرێت. بە "لادەر و لەڕێدەرچوو". پوتین بەم دواییە زاراوەی نۆڤۆڕوسیا(ڕوسیای نوێ)ی بە کارهێنا وەک ئاماژەیەک بۆ حەوت هەرێمی جیاوازی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، زیندووکردنەوەی زاراوەیەک کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩١٧ بەکارهاتووە.

بەڵام تەوژمە ژێرزەمینیە لینینیستەکان، هەرچەند سەرکوتکرابوون، هەر پێداگر بوون لە سەر چالاکی ژێرزەمینیی کۆمۆنیستی دژ بە ستالین. هەروەک کریستۆفەر هیچنس لە ٢٠١١دا نوسیبووی:

"ئۆپۆزسیۆنە چەپەکان پرسی گرنگیان دەربارەی گۆلاک وروژاند، لە بۆریس سۆڤارینەوە بۆ ڤیکتۆر سێرج لەوێشەوە بۆ CLR. جەیمس، لە کاتی خۆیدا و لە مەترسیەکی گەورەدا. ئەو دلێری و چاوقایمیی و داهاتوو بینیە تا ڕادەیک لە دەرەوەی مێژوو نوسراون(ئەوان پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە دۆخەکە زۆر لەوە خراپتر بێت، زۆرجاریش پێی گەشتبوون)".

ئەم دژایەتی و بەرهەڵستیە ناوەکیە بەشێک بوو لە سروشتی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، بە پێچەوانەی ئاشکرای فاشیزمەوە. هیچ بەرهەڵستکارییەک لە حیزبی نازیدا نەبوو، کریستۆفەر بەردەوام دەبێت و دەڵێ، "ڕیسکیان بە ژیانی خۆیانەوە دەکرد گەر پێسنیاریان بکردایە و بیانوتایە فوهرەر (سەرۆک) خیانەتی لە جەوهەری ڕاستەقینەی ناسیۆنال سۆسیالیزم کردووە".

بە دەقیقی بە هۆی ئەو گرژیەی کە لە دڵی تەوژم و بزوتنەوە کۆمۆنیستیەکاندا هەیە، ترسناکترین شوێن لە زەمەنی پاکتاوکردن و لە بێژەنگدان(تەسفیە)ی ساڵانی ١٩٣٠دا بریتی بوو لە نوکی نۆمینکلاتورا[2] " لە ماوەی چەند ساڵێکدا، ٨٠%ی کۆمیتەی ناوەندی و سەرکردایەتی سوپای سور گولەباران کران.

دەکرێت نیشانەیەکی تری ناڕەزاییەکانی دوایین ڕۆژانی "بوونی سۆشیالیزمی ڕاستەقینە" تێبینی بکرێت، کاتێک جەماوەری ناڕازی گۆرانیە فەرمیەکانیان دەگوتەوە، بە سرودی نیشتمانیشەوە، بۆ وەبیرهێنانەوەی بەڵێنە وەدینەهێنراوەکانی دەسەڵات. بە پێچەوانەشەوە، لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتدا (کۆماری ئەڵمانییی دیموکرات)، لە نێوان سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ١٩٨٩دا، وتنەوەی سرودی نیشتمانی لە فەزای گشتیدا وەک تاوانێکی ترسناک وا بوو: وشەکانی وەک(Deutschland einig Vaterland-ئەڵمانیای باوکانی یەکگرتوو) لە گەڵ ئایدیای ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا وەک نەتەوەیەکی نوێی سۆشیالیست نەدەگونجا.

سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی ڕوسی بوو بە هۆی ئەوەی کە چەند ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی دوبارە بنوسرێتەوە. بەم دواییانە ئەفسەری پلەبەرز، ئەندری کراڤچوک، یادی ژیانی ئەلێکساندەر کۆڵچاکی کردەوە، کە ناسراوە بە فەرماندەی سپی و لە نێوان ساڵانی ١٩١٨ بۆ ١٩٢٠ حوکمی ناوچەی سیبیریای کردووە و بەڕێوەی بردووە. بەڵام ماتەوزەی دیکتاتۆرییەت و دڕندایەتی هێزە سپییەکانی سەر بە شۆڕشی پێچەوانە، جێی بیرخستنەوەیە. 

هیتچنس دەنوسێتی، گەر سپیەکان لە شەڕی ناوخۆدا براوە بوونایە، ئەو کات وشەی فاشیزم بە ڕوسی دەنوسرا نەک بە ئیتالی. لیوا ویلیام گرەیڤس، کە فەرمانی بە هێزی هێرشبەری ئەمریکیا کرد لە فەترەی داگیرکردنی سیبیریای ساڵی ١٩١٨دا( ڕوداوێک کە بە گشتی لە تەواوی کتێبەکانی خوێندن لە ئەمریکا بڵاوبۆتەوە)، لە بیرەوەریەکانیدا دەربارەی بەربڵاوی دژە-سامیەتی کوشندە کە بە سەر باڵی ڕاستڕەوەی ڕوسایادا زاڵ بوو دەنوسێت، من گومانم هەیە ئەگەر مێژوو لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا هەر وڵاتێکی ئەم جیهانە پیشان بدات بەوەی کوشت و کوشتار بە سەلامەتی ئەنجام بدرێت و مەترسی کەمتر لە سزادان وەک لە سیبیریای سەردەمی حوکمی ئەدمیراڵ کوڵچاک.

تەواوی  باڵی ڕاستڕەوی نیۆ-فاشیستی ئەوروپی لە (هەنگاریا، فەرەنسا، ئیتالیا، سیربیا) لە قەیرانی بەردەوامی ئۆکرانیادا بە توندی پشتگیری و داکۆکی لە ڕوسیا دەکەن، نمایشێکی درۆزنانەی ڕووسی لە شێوەی ڕیفراندۆمی کریمیا وەک بژاردەیەک لە نێوان دیموکراسیەتی ڕووسی و فاشیەتی ئۆکرانی پیشان دەدەن. دەبێت لە ڕوداوەکانی ئۆکرانیا تێبگەین -ئەوخۆپیشاندانە گەورەیەی کە یانۆکۆڤیچ و باندەکەی هەڵگێڕایەوە- بیکەین بە بەرگریەک دژ بەو میراتە تاریکەی کە پوتین زیندوی کردۆتەوە.

خۆپیشاندانەکان لە سەر بڕیاری حوکمەتی ئۆکرانیا دروست بوون بۆ ئەوەی ئەولەویەت بدات بە پەیوەندیەکانیان لە گەڵ ڕوسیا دژ بە یەکگرتن و پێکەوەلکان و تێکهەڵکێشانی لە گەڵ یەکێتی ئەوروپا. وەک پێشبینی دەکرا، کە زۆرێک لە چەپە ئەنتی ئیمپریالیستیەکان کاردانەوەیان بۆ هەواڵەکە بە چاودێریکردنی دۆخی ئۆکرانیا: کە چۆن فێڵیان لێکراوە بەوەی هێشتا ئەوروپا بە ئایدیاڵیزە و نمونەیی دەکەن، بۆ ئەوەی نەتوانن ئەوە ببینن کە چوونە نێو یەکێتیی ئەوروپا دەبێتە کۆڵۆنییەکی ئابوریی ئەوروپای ڕۆژئاوا، درەنگ یان زوو بۆ ئەوەی وەک ئەو ڕێگەیەی کە یۆنان پێیدا ڕۆیشت بڕوات.

لە ڕاستیدا، ئۆکرانییەکان دوورن نین  یان کوێرنین لەوەی حەقیقەتی یەکێتیی ئەوروپا نەبینن و تێینەگەن. ئەوان بەتەواوی ئاگاداری کێشە و جیاوازی و نایەکسانییەکانیان، پەیامەکەیان بەسادەیی ئەوەیە کە دۆخی خۆیان زۆر خراپترە لە ئەوروپییەکان. ڕەنگە ئەوروپا کێشەی خۆی هەر هەبێت، بەڵام کێشەکانیی کێشەی پیاوێکی دەوڵەمەندە.

ئایا دەکرێت ئێمە بە سادەیی پشتیوانی بەرەی ئۆکرانیا بین لە ململانێکەدا؟ لە راستیدا هۆکارێکی "لینینیستی" هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەوکارە. لە دوایین نوسینەکانی لینیندا، مودەیەکی زۆر دوای دەست هەڵگرتنی لە یۆتۆپیای شۆڕش و دەوڵەت، پرۆژەی ئایدیایەکی خاکەڕایانە و(واقعیی) بۆ بەڵشەفیزم گەڕاندەوە و پێشنیارکرد. بە هۆی دواکەوتوویی ئابوری و دواکەوتوویی  کەلتووریی جەماوەری ڕوسییەوە، باسی ئەوەی دەکرد کە هیچ ڕێگەیەک نیە بەوەی ڕوسیا "ڕاستەوخۆ بەرەو سۆشیالیزم تێپەڕێت". هەموو ئەوەی کە دەسەڵات و هێزی سۆڤیەت دەتوانێت بیکات ئەوەیە کە  سیاسەتی میانڕەوی "سەرمایەداری دەوڵەتیی" لە گەڵ پەروەردەیەکی چڕیی کەلتوری جەماوەری جوتیاردا تێهەڵکێش بکات-نەوەکو برەو مێشکشۆرینێکی پڕوپاگەندەئاسا بدەین، پاشان سەپاندنی هەنگاو بە هەنگاوی ستانداردە شارستانییەکان.

ڕاستیەکان و ژمارەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە "چ کاریگەر بەوەی بەشێکی زۆری کارە خێراکان کە هێشتا پێویستە ئەنجامی بدەین بۆ ئەوەی بگەین بە ستانداردی وڵاتێکی ئاسایی شارستانیەتی ڕۆژئاوای ئەوروپا...دەنوسێت، دەبێت ئەو نەزانیە نیمچە-ئاسیاییەمان لە بیردا بێت کە تاکو ئێستا خۆمانمان لێ قووتار نەکردووە.

ئایا دەتوانی وا بیر بکەینەوە کە خۆپیشاندەرانی ئۆکرانیا لە پێناو ئەوروپادا، وەک ئاماژەیەک بیبینین کە ئامانجیان گەشتنە بە ستانداردی وڵاتێکی ئاسایی ڕۆژئاوای ئەوروپا یان شارستانیەتی ئەوروپا. بەڵام شتەکان لێرەدا زۆر بە خێرایی ئاڵۆز دەبن، بەڵام ئایا خۆپیشاندەرانی ئۆکرانی بە دەقیقی ئاماژە بە چی دەکەن؟ ناکرێت یان ناتوانرێت ئاماژەکانی خۆپیشاندەران کورتبکرێتەوە بۆ تاکە بیرۆکە و ئایدیایەک: بەڵکو دەکرێت پەل ناسیۆنالیست و تەنانەت توخمی فاشیستیش بهاوێت و بە نیو ئەو توخمە جیاوازانەدا بڕوات، بەڵام لە هەمان کات درێژیش دەبێتەوە بۆ ئایدیای کە ئیتین بالیبار پێی دەڵێت égaliberté، واتا ئازادی لە ناو یەکسانیدا، بەشداری بێهاوتای ئەوروپا بۆ خەیاڵی سیاسیی جیهان، تەنانەت ئەمڕۆ لە ئاستی پراکتیکیشدا بێت، دامەزراوە ئەوروپییەکان و خودی هاوڵاتیانیش خیانەتی لێکراوە.

لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا، متمانەیەکی ساویلکانەش هەیە سەبارەت بەهای لیبراڵ-دیموکراتی سەرمایەداری ئەوروپی. یەکێتیی ئەوروپا دەتوانێت لە ناڕەزاییەتیەکانی ئۆکرانیا باشترین یان خراپترین ڕۆڵی خۆی ببینێت، لە لایەکەوە دەتوانێت ڕۆڵی جیهانگەراییە ڕزگاریخوازانەکەی ببینێت هەروەها لە لایەکی دیشەوە دەتوانێت ڕۆڵی زینۆفۆبیا(تۆقین لە بێگانە) تاریکخوازنەکەی ببینێت. با لە زینۆفۆبیا تاریکخوازەنەکەوە دەستپێ بکەین. ناسیۆنالیستی ڕاستڕەوی ئۆکرانی یەکێکە لەو نمونانەی کە ئەمڕۆ لە باڵکانەوە تاکو سکاندەنافیا، لە ئەمریکاوە تا ئیسرائیل، لە ناوەندی ئەفریقاوە بۆ هیند لە برودایە و کڵپەدەسێنێت، بە تەنیشت ئەوەشەوە سۆزە ئیتنیکی و دینیەکان لە هەموو شوێنەکان دەتەقنەوە و بەهاکانی ڕۆشەنگەریش لە پاشەکشەی بەردەوامدایە. ئەم سۆزانە هەمیشە لەوێدا بوون، بە نهێنی لە بۆسەدا بوون، ئەوەی تازەیە بێ شەرمی ئاشکرای پیشاندان و خۆ-دەبڕینەکەیانە.وێنای کۆمەڵگەیەک بکەن کە بە تەواوی خۆی لە خۆیدا یەکخستبێتە سەرمەزنترین تەوەرە مۆدێرنەکانی وەک ئازادی، یەکسانی، مافی پەروەردە و خوێندن و مافی تەندروستی بۆ هەموو ئەندامەکانیی و تێیدا ڕەگەزپەرەستی و سێکسیزم نا-پەسەند و گاڵتەجاڕکراوە. وێنای ئەوەش بکە و بیهێنە پێش چاوی خۆت کە هەرچەندە کۆمەڵگە هەنگاو بە هەنگاو بەردەوامە لە سەر ئەو تەوەر و بەدیهیانە، بەڵام بە شێوەیەکی دیفاکتۆ لە جەوهەریان بێبەشن. لێرەدا نمونەیەک لە مێژووی نوێی ئەوروپادا هاتووە: لە هاوینی ساڵی ٢٠١٢دا ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی کە سەر بە باڵی ڕاستڕەوی هەنگاریایە، ڕایگەیاند کە سیستەمێکی ئابوری نوێ بۆ ناوەندی ئەوروپا پێویستە.

دەڵێت"با ئومێد بکەین کە خودا یارمەتیمان بدات و پێویستیش ناکات لەجیاتیی دیموکراسی تایپێکی نوێی سیستەمی سیاسی داهێنین کە لازم بێت لەپێناو ڕزگاریی ئابوری.. هاوکاری و هاوپشتی بریتیە لە پرسی هێز نەک مەبەست. ڕەنگە هەندێک وڵات هەبن شتەکان بەو شێوەیە تێیدا کار نەکەن کە هەیە، بۆ نمونە وڵاتانی سکاندینافیا، بەڵام ئەو جۆرە خەڵکە نیمچە ئاسیاییەی کە وەک ئێمەن ناتوان یەکبخرێن تا ئەو کاتەی هێزێک نەبێت".

تەنز و گاڵتەجاڕیی ئەم قسانە لە سەر هەندێک بەرهەڵستکارە کۆنەکانی هەنگاریا بزر نەبوو: کاتێک سوپای سۆڤیەت بۆ تێکشکاندنی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٥٦ ڕۆشتنە نێو بوداپستەوە، لەو چرکەساتەدا پەیامی سەرکردە هەنگاریە بێسەروبەرەکان کە پەیتا پەیتا بۆ ڕۆژئاوایان ناردبوو ئەوە بوو کە ئەوان بەرگری لە ئەوروپا دەکەن دژ بە کۆمۆنیستە ئاسیاییەکان. ئێستا دوای ڕوخانی کۆمۆنیزم حوکمەتی کۆنەپەرەستی مەسیحی وەک دوژمنی سەرەکی خۆی وێنای دیموکراسیەتی لیبڕاڵی فرەکەتوری بەکاربەر دەکات، کە ئەمڕۆ زۆرینەی ڕۆژئاوای ئەوروپا پێکدەهێنن. ئۆربان پێشتر هاوخەمی خۆی بۆ "کاپیتاڵیزم بە بەها ئاسیاییەکان" دەربڕیوە، گەر فشارەکانی ئەوروپا بۆ سەر ئۆربان بەردەوام بێت ئەوە ئەوکات بە ئاسانی دەتوانین وێنای ئەوە بکەین ئۆربان پەیامێک بۆ ڕۆژهەڵات بنێرێت و بڵێت "ئێمە لێرەدا بەرگری لە ئاسیا دەکەین".

پۆپۆلیزمی دژە کۆچبەرانی ئەمڕۆ گۆڕاون بە بەربەریزمێکی ڕاستەوخۆ، بەربەریەک کە ڕوخساریکی ئینسانیانەیان هەیە. ئەمە یاسایەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئیتیکیی مەسیحی کە دەڵێت "دراوسێکەی خۆتت خۆش بوێت" لە بنەماشدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بتپەرستی کە ئەولەویەتی خێڵ و هۆز دەدات بە سەر ئەوانیتری بەربەری. تەنانەت وەک بەرگری لە بەها مەسیحیەکان خۆی دەنوێنێت، لە ڕاستیدا ئەمە خۆی لە بنەمادا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر میراتی مەسیحی... "ئەو مرۆڤانە کە لە پێناو ئازادی و مرۆڤایەتیدا دەستیان بە شەڕکردن لە گەڵ کەنیسەدا کرد، وەک جی کەی چێستەرتۆن سەد ساڵ پێش ئێستا نوسیبوویی: "کۆتایی بە مرۆڤ و ئازادیی بهێنن گەر تەنها شەڕ لە گەڵ کەنیسەدا بکەن"... سیکولاریستەکان شتگەلی پیرۆز و ئیلاهییان نەشکاند، بەڵکو سیکولاریستەکان شتە سیکولارەکانیان شکاند و تەفروتونا کرد، گەر ئەوە ئاسوودەیی بۆیان هەبووبێت.

ئایا هەمان شت بۆ داکۆکیکاری دینیش ڕاست نیە؟ بەرگریکارە توندڕەوەکانی دینیش دەستیان بە هێرش بۆ سەر کەلتوری سیکولاری هاوچەرخ کرد، هیچیش سەیر نیە کاتیک کۆتاییان هێنا بە هاتنە بوونی هەر ئەزمونێکی ئاینیی مانادار. بە هەمان شێوە، زۆرێک لە جەنگاوەرە لیبراڵەکانیش ئەوەندە پەرۆشن بۆ بە گژداچوونەوەی فەندمێنتاڵیزمی دژە-دیموکراسی گەر بەو شێوە بێت ئەوە کۆتایی دێنن بە ئازادی و دیموکراسی گەر بە تەنیا شەڕی تیرۆر بکەن. ڕەنگە "تیرۆریستەکان" لە پێناو خۆشەویستی جیهانێکی تردا ئەم جیهانە تێکوپێک بشکێنن و وێرانی بکەن، بەڵام جەنگاوەرانی دژە تیرۆریش، ئامادەن لە ڕق و کینەیان دژ بە ئەویتری موسڵمان جیهانە دیموکراتەکەی خۆیان تێکبشکێنن. هەندێکیان ئەوەندە کەرامەت و شکۆی مرۆڤیان خۆشدەوێت ئامادەن شەرعیەت بدەن بە ئەشکەنجەدان، و بە یاسایی بکەن بۆ ئەوەی بەرگریی لێبکەن. بەرگریکارانی یەکێتی ئەوروپا دژ بە مەترسی کۆچبەران هەمان شت دوبارە دەکەنەوە. لە تاو پەرۆشیان بۆ پاراستنی میراتی یەهودی – مەسیحی، ئامادەن دەستبەرداری هەر شتێکی گرنگ ببن لەو میراتەدا. بەرگریکارانی دژە-کۆچەبرانی ئەوروپا، هەڕەشەی جدیی و ڕاستەقینەن لە سەر ئەوروپا نەک ئەو جەماوەرە نەزەریەی کۆچەبران کە وای دەبینن ئەوروپا داگیر دەکات.

یەکێک لە نیشانەکانی ئەم پاشەکشێیە داواکاریەکە کە زۆرجار لە سەر مافی نوێی ئەوروپا وەک باڵانس لە نێوان دوو دیدگای "ڕاستڕەو و چەپڕەو"ی توندڕەو تەرح دەکرێت . ئێمە بە شێوەیەکی بەردەوام وتومانە کە دەبێت بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ چەپی توندڕەو و "کۆمۆنیزم" بکرێت وەک چۆن ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بەو جۆرە مامەڵەی لە گەڵ ڕاستی توندڕەو "فاشیستە تێکشکاوەکان" کرد. بەڵام لە ڕاستیدا لێرەدا هیچ باڵانسێک لە ئارادا نیە: هاوکێشەی فاشیزم و کۆمۆنیزم بە نهێنی ئەولەویەت و ئۆکەی دەدات بە فاشیزم. بەم شێوەیە گوێمان لەوە دەبێت کە دەڵێن فاشیزم کۆپی ڕەسەنی کۆمۆنیزمە، مۆسۆلۆنی پێش ئەوەی ببێت بە فاشیست، کۆمۆنیست بوو، هیتلەر پیش ئەوەی ببێت بە نازی سۆشیالیست ناسیۆنالیست بوو، بەم جۆرە کامپی زۆرەملێ و توندووتیژی دەیەیەک پێش ئەوەی نازیەکان پەنایان بۆ بەرێت بەشێک بوون لە تایبەتمەندیەکانی یەکێتیی سۆڤیەت، یان دەڵێن لە ناوچوون و قەڵاچۆبوونی جولەکەکان پێشینەیەکی روونی هەیە کە ئاوی لە بیرۆکەی قەڵاچۆکردنی دوژمنی چینایەتی خواردووە، هتد.

خاڵی سەرەکی ئەم مشتومڕانە بۆ تەئکیدکردن بوو لە سەر فاشیزمی میانڕەو وەک وڵامێکی پاساوهێن بۆ هەڕەشەی کۆمۆنیزم (خاڵێک کە لە مێژ بوو لەلایەن ئێرنست نۆڵتەوە تەئکیدی لە سەر ئەکرایەوە لە بەرگریکردنی بۆ تێوەگلانی هایدگەر لە نازیەتدا). لە سلۆڤینا، بەرەی ڕاستەکان لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا داکۆکیان لە  دووبارە نۆژەنکردنەوەی ماڵی پاسەوانە دژە-کۆمۆنیستەکانیان دەکرد کە شەڕیان لەگەڵ پارتیزانەکان کردبوو. ئەوان بۆ هاوکاریکردنی نازیەکان بژاردەیەکی قورسیان گرتەبەر بۆ ئەوەی خراپەیەکی گەورەتر هەڵوەشێننەوە کە ئەویش کۆمۆنیزم بوو. لیبراڵەکان پێمان دەڵێن، کاتێک بەها بنچینەییە دیموکراتیەکان لە ژێر هەڕەشەی فەندەمێتاڵیزمە ئیتنیکی و دینیەکاندا بێت ئەوکات پێویستە خۆمان لە پشت ئەژێندا لیبراڵ-دیموکراتەکاندا یەکبخەین، ئەو شتە ڕزگار بکەین کە دەتوانین، هەروەها خەونی گۆڕانە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکان بخەینە لاوە. بەڵام هەڵە و ناتەواویەکی کوشندە لەم بانگەوازەدا هەیە بۆ هاودەنگی، ئەویش پشتگوێخستن و لە بیرکردنی ئەو شێوازەیە کە لیبراڵیزم و فێندەمێنتاڵیزم پێکەوە لە ناو یەک بازنەی خراپدا دەخولێنەوە. ئەم هەوڵە هەوڵێکی شەڕانگێزانەیە بۆ ناردنە دەرەوەی بێسەروبەریەکانی لیبراڵیزم کە دەبێتە هۆی ئەوەی فێندامێنتاڵیزم بە توندی بجەنگێت و خۆی بسەپێنێت.

کاتێک ئەمڕۆ گوێبیستی سیاسەتمەداران  دەبین ئەوان بە گشتی بژاردەیەکمان دەخەنە بەردەست لە نێوان  هەڵبژاردنی ئازادی لیبراڵ و سەرکوتگەریی فێندەمێنتاڵیست، و پرسیارێکی ڕیتۆریکی و بەلاغی دەکەن، "ئایا دەتەوێت ژنان لە ژیانی گشتی دورخرێنەوە و لە مافەکانیان بێبەشبکرێن؟ ئایا دەتەوێت هەموو ڕەخنەگرێکی ئاینیی بکوژرێت یان بخرێتە بەردەم مردن؟"، ئەوەی وادەکات گومانمان لێی هەبێت بەڵگەی خودی خودی وڵامەکەیە: کێ ئەوەی دەوێت؟. کێشەکە ئەوەیە کە جیهانگەرایی لیبراڵیزم لە مێژە بێتاوانی خۆی لە دەستداوە. هەر ئەوەی کە ماکس هۆرکهایمەر لە ساڵانی ١٩٣٠دا دەربارەی کەپیتاڵیزم و فاشیزم وتی، ئەمڕۆ لە کۆنتێکستێکی جیاوازتردا خۆی دەردەخات و کاری پێدەکرێت: ئەوانەی نایانەوێت ڕەخنە لە دیموکراسی لیبراڵ بگیرێت دەبێت بێدەنگیش بن دەربارەی فێندەمێتاڵیزمی ئاینیی..(ئەوانەی ئامادە نین قسە لە سەر کاپیتاڵیزم بکەن دەبێت بێدەنگ بن بەرامبەر فاشیزم: ماکس هۆرکهایمەر)..

ئەی چارەنووسی خەونە ئەوروپیە لیبراڵ-دیموکراسیە سەرمایەدارییەکان لە ئۆکرانیا چی لێدێت؟ ئەوە ڕوون نیە کە چی چاوەڕێی ئۆکرانیا دەکات لە ناو یەکێتی ئەوروپادا. من زۆرجار لە دەیەیەی ڕابردووی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا ئاماژەم بە نوکتەیەکی تا ڕادەیەک ناسراو کردووە، بەڵام هەمیشە نەتوانراوە جێی پەسەندکردن بێت:

ڕابینۆڤیتشی جولەکە، دەیەوێت کۆچ بکات. کەسێکی بیرۆکرات لە ئۆفیسی کۆچبەران پرسیاری لێدەکات، بۆچی دەتەوێت کۆچ بکەیت، ڕابینۆڤیتش وەڵام دەداتەوە: لەبەر دوو هۆکار. یەکەم هۆکار ئەوەیە، ئەترسم کۆمۆنیزم لە یەکێتی سۆڤیەت دەسەڵاتی خۆی لە دەست بدات و پاشان دەسەڵاتی نوێش هەموو لۆمەی تاوانەکانی کۆمۆنیستەکان بخاتە ئەستۆی ئێمەی جولەکەکان، بیرۆکراتەکە پێێ دەبڕێت و دەڵێت ئەمە قسەیەکی بێمانایە، هیچ شتێک لە یەکێتی سۆڤیەتدا ناگۆڕێت و دەسەڵاتی کۆمۆنیزم بۆ ئەبەد دەمێنێتەوە!. ڕابینۆڤیتشیش وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: دەی ئەمە هۆکاری دووەمی منە...

وێنای ئەو ئاڵوگۆڕە یەکسانە بکە لە نێوان سەرۆک و بەڕێوبەرێکی ئۆکرانی و یەکێتی ئەوروپا. ئۆکرانیەکان گلەیی دەکەن و دەڵێن. "دوو هۆکار هەن کە ئێمە لە ئۆکرانیا لێی دەترسین. یەکەم، دەترسین لە ژێر فشاری ڕوسیادا یەکیتی ئەوروپا  پشتگوێمان بخەن و وازمان لێبێنن ئابوریمان داڕوخێت." بەڕێوبەر و سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا قسەکەی پێ دەبڕێت و دەڵێت: "بەڵام تۆ دەتوانیت متمانەمان پێ بکەیت، ئێمە هەرگیز پشت گوێت ناخەین و بە جێتناهێڵین. لە ڕاستیدا، ئێمە دڵنیایی دەدەین بە خۆمان بەوەی بەرپرسیارێتی وڵاتەکەت بگرینە ئەستۆو پێتیش دەڵێین کە چی بکەیت". ئۆکرانیەکانیش وڵام دەدەنەوە و دەڵێن باشە "ئەمە هۆکاری دووەمی ئێمەیە". کێشەکە ئەوە نیە کە ئایا ئۆکرانیا شایەنی یەکێتی ئەوروپان یان نا، و یان ئەوەندە باشە بچنە نێو یەکێتی ئەوروپا، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە ئایا ئەوروپای ئەمڕۆ دەتوانێت خەون و خۆزگەی ئۆکرانیەکان بێنێتە دی. گەر ئۆکرانیا کۆتایی بە تێکەڵەی فێندەمێنتاڵیزمی نەژادی و سەرمایەداری لیبراڵی بهێنێت، لە گەڵ ئۆلیگارشی کە پەتەکەی بە دەستەوەیە، ئەوە دەبێت بە ئەوروپی هەر وەک روسییەکان(یان هەنگاریەکان)ی ئەمڕۆ. لە ڕاستیدا سەرنجێکی زۆر کەمیش لە سەر ڕۆڵی یاریکردنی گروپە هەمەچەشنەکانی ئۆلیگاشی دراوە، کە لە ڕوداواکانی ئۆکرایندا وەک –پرۆ-ڕوسیەکان و پرۆ-خۆرئاواییەکان- دەستیان هەبووە.

هەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وابووە کە یەکێتی ئەوروپا پشتگیرییەکی ئەوتۆی بۆ ئۆکرانیا نەبووە لە ململانێیدا لە گەڵ ڕوسیا، بۆ نمونە وەڵامی یەکێتی ئەوروپا بۆ دەستبەسەرداگرتن و داگیرکردنی کریمیا لە لایەن ڕوسیاوە وڵامێکی نابەدڵانە و قایلکەر نەبوو. بەڵام جۆرێکی تری پشگیری هەیە کە ئەویش بە شێوەیەکی بەرچاو غایب بوو: پێشنیار و تەرحکردنی هەر ستراتیژێکی گونجاو بۆ شکاندنی بنبەستەکە. ئەوروپا لە پێگەیەکی وەها نابێت بتوانێت ستراتیژێکی لەو شێوەیە پێشکەش بکات هەتاکو پەیمانەکەی لەگەڵ ناوکە ئازادیخوازانە مێژووەکەیدا دوبارە نوێ بکاتەوە. تەنها دەتوانێت بە جێهشتنی جەستە ڕزیوە کۆنەکەی ئەوروپا خۆی میراتی ڕزگاریخوازانەی ئەوروپا بە زیندووی بهێڵێتەوە. ئەوە ئۆکرانیەکان نین کە دەبێت لە ئەروپاوە فێربن، بەڵکو خودی ئەوروپایە کە دەبێت فێربێت و هانی خۆپیشاندەرانی مەیدانەکانی ئۆکراین بدات و خەونەکانیان ژیانیان بپارێزێت. ئەو وانانەی کە لیبراڵەکانی ترساندووە دەبێت فێربن و بزانن کە تەنها چەپێکی ڕادیکاڵترە دەتوانێت میراتی لیبراڵ لەمڕۆدا ڕزگار بکات.

خۆپیشاندانی مەیدان لە ڕاستیدا پاڵەوان بوون، بەڵام شەڕی ڕاستەقینە، شەڕێک بۆ ئەوەی ئۆکرانیای نوێ چۆن بێت و چی بێت، کە خەریکە ڕوودەدات زۆر قورستر دەبێت لە شەڕی دژ بە دەستێوەردانی پوتین. قارەمانیتیەکی نوێ و مەترسیدارتر پێویستە. قارەمانێتیەک کە پێشتر لە لایەن ئەو ڕوسانەوە نیشاندراوە کە دژایەتی عاتیفەی ناسیۆنالیستی وڵاتەکەی خۆیان دەکەن و وەک ئامرازێکی دەسەڵات ئیدانەی دەکەن. کاتی ئەوە هاتووە کە هاوپشتی و هاودەنگی بنەڕەتی ئۆکرانیەکان و ڕووسەکان دوپاتبکرێتەوە و دۆخ و مەرجی ململانێ و ناکۆکیەکان ڕەتبکرێنەوە. هەنگاوی داهاتوو نمایشێکی گشتیی برایەتییە، لە گەڵ دامەزراندنی تۆڕی ڕێکخراوەکان کە لە نێوان چالاکوانانی سیاسیی ئۆکرانیا و ئۆپۆزیسیۆنی ڕوسیای ڕژێمی پۆتین. ڕەنگە ئەمە وەک جۆرێک یۆتۆپیا ببینرێت، بەڵام تەنیا بیرکردنەوەیەکی لەو شێوەیەیە کە دەتوانێت ڕەهەندێکی ڕاستەقینەی ئازادیخوازانە ببەخشێت بە خۆپیشاندانەکان. گەرنا، ئەوە لە نێو ئەو ململانێیەی سۆزی ناسیۆنالیستی جێدەمێنین کە لەلایەن ئۆلیگاشیەوە مۆنۆپۆڵ و کۆنترۆڵکراوە. ئەم جۆرە یاریە جیۆپۆلیتیکیانە هیچ سودێکی ئەوتۆی نیە بۆ سیاسەتی ڕەسەنی ڕزگاریخوازنە.

 

سەرچاوە: گاردیان

 

 


[1] Indigenisation: پرۆسەی بە ڕەسەنکردنی شتێکە، جا خەڵک، کەلتور، زمان، ئایدیا، بەرهەم..هتد بێت یان هەر شتێکی تر. بە جۆرێکی تر توانا بۆ دروستکردنی بەرهەمێک، یان دابینکردنی خزمەتگوزاری بە شێوەکی سەربەخۆ لە ناو وڵاتێکدا بەبێ پشتبەستن بە پیشەسازی بیانی.

 

[2] Nomenklatura بریتی بوون لە ژمارەیەک خەڵک لەلایەن پارتی کۆمۆنیستەوە وەک کاندید دیاریدەکران بۆ شوێن و پێگە چۆڵە باڵاکانی دەوڵەت.