A+    A-
(646) جار خوێندراوەتەوە

                        سیاسەت و دەروونشیکارى

                     (دووبارەبوونەوەى کۆتانەهاتوو)

                                (٦)

 

 

 

تۆد مەک‌گوان

و. وەلید عومەر

 

 

 

 

 

ئەگەر ئەو دەرەنجامە ناکۆکە پەسەندبکەین کە جؤرێک لە ئایدیاى پێشکەوتن لە هەموو سیستەمێکى فیکرى دا هەیە, و چەمکە دەروونشیکارییەکەى پاڵنەرى مەرگیش مەحاڵبوونى پێشکەوتن پیشاندەدات, ئەوا دەروونشیکارى(و بەتایبەتییش پرۆژە سیاسییە دەروونشیکارییەکە) لەبەردەم تەحەدایەکى سەختدا دەمێنێتەوە. ڕەنگە ئەمە ڕەشبینییە بەڕواڵەت ڕەهاکەى فرۆیدى دواتر, فرۆیدى پاش ساڵى ١٩٢٠, ڕوونبکاتەوە, ئەو فرۆیدەى کە وادەردەکەوێت بڕواى بە کارایی چارەى دەروونشیکارانە نەمابێت. یەکێک لە دوا وتارەکانى خۆى بە نێوى «شیکردنەوەى کۆتاهاتوو و کۆتانەهاتوو»(کە ساڵى ١٩٣٧, و تەنیا دوو ساڵێک بەر لە مردنى نوسیى), شک‌ودوودڵیى فرۆید بەرامبەر بە تواناى ئێمەى مرۆڤ دەردەخات کە بتوانین خۆمان لە هێزى دووبارەکردنەوە قوتاربکەین. لەم دەقەدا, فرۆید کە دەبینێت سوبێکتە مرۆییەکان واز لە دڵەڕاوکێى خەساندن(castration anxiety) و ئیرەییبردن بە زەکەر(penis envy) ناهێنن, ئیدى ئەمە بە ئاماژەیەک دەزانێت کە دووبارەکردنەوە دەردێکى هێند گەوجانەیە, دەرمانى نیە. خۆى دەنوسێت: «لە هیچکوێى ترى کارى شیکردنەوەدا مرۆ بەدەست ئەو هەستە چەوسێنەرەوەیەى کە هەموو هەوڵە چەندبارەکانى بێهوودە بووە ناناڵێنێت کاتێک دەیەوێت قەناعەت بە ژنێک بێنێت واز لە ئارەزووەکەى بێنێت لەمەڕ زەکەر(کە کارى نەکردەیە), و گومانى تێدەگەڕێت هەردەڵێى ئاسنى سارد دەکوتێت؛ یان قەناعەت بە پیاوێک بکات هەبوونى دیدى پاسیڤانە بۆ پیاوان هەمیشە بە واتاى خەسان نایەت و لە زۆرێک لە پاژەکانى ژیاندا شتێکى حەتمییە». ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەو دووبارەبوونەوەیەى وا چەقى خۆى بە دەورى لەدەستدانێکى تراومایی(traumatic loss)دا درووستدەکات, وەک ڕێگرێک کاردەکات کە ناهێڵێت پێشبکەوین بۆ ئەودیوى و تێى‌پەڕێنین.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕێگرەدا, داڕشتنى پرۆژەیەکى سیاسیی دەروونشیکارانە پێویستى بەوەیە سیاسەت لە پێشکەوتن جیابکەینەوە, پێشکەوتن بەو واتا باوەى کە هەیە. ئێمە ناتوانین لە پێشکەوتن هەڵبێین, بەڵام وێڕاى ئەمەش تێگەیشتنە تەقلیدییەکە بۆ پێشکەوتن کۆتاییدێت. گەرەکە ئەم پارادۆکسە ببێتە بنخانى هەر سیاسەتێکى ڕاستەقینەى دەروونشیکارانە. شتەکە وادەخوازێت لەجیاتیی ئەوەى هەوڵى پێشکەوتن بدەین بۆ ئەوەى بەسەر ئەو ڕێگرەدا زاڵ بین کە لە کۆمەڵگاى چاکمان جیادەکاتەوە, دەستبکەین بە هاوشوناسبوون (و خۆهاوشوناسکردن) لەگەڵ ڕێگرەکەدا, ئەویش وەک ئامانجە پێکناکۆک و پارادۆکسانەکەى پێشکەوتن. ڕێگرەکەى بەردەم کۆمەڵگاى چاک-سەمپتۆمە کۆمەڵایەتییەکە-, هاوکات ڕێگرێکە کە هەمووکات بەسەریەوە بەم‌دیواودیوا دەلەنجێین, و سەرچاوەى چێژوەرگرتنیشمانە.

سیاسەتە سەرچەشنەکەى سەر بە چاکە, ئایندەیەک دەکاتە ئامانجى خۆى کە سنور(ڕادە[1])ـى دەمى ئێستا ناتوانێت بیبەستێتەوە. دەشێت ئەم ئایندەیە دیموکراسییەکى ڕاستەقینەى نوێنەرایەتى بێت, یۆتۆپیایەکى سۆسیالیستى بێت, کۆمەڵگایەک بێت دابەشکردنى دەسەڵات و سامان تێیدا دادپەروەرانە بێت, یان بگرە سیستەمێکى فاشیستى بێت کە هەموو ئەو کەسانە وەدەرنێت وا سنورەکە بەرجەستەدەکەن. بەڵام چاکە, سەربارى ئەو هەمووە هەوڵە جۆراوجۆرەى بۆ گرتنى دەدرێت, هەر ناگیرێت و نایگەنێ. ئەو سنورەى کە ئێمە لە کۆمەڵگاى چاک جیادەکاتەوە, هەر خۆیشى ئەو شتەیە وا کۆمەڵگاى چاک پێکدێنێت. [بە دەربڕینێکى تر, ئەم سنورە بونیادییە, سنورێکى خۆنشینە لە کۆمەڵگادا, هەم چاکەمان لێ دووردەخاتەوە و هەم هەوڵەکانیشمان بۆ گەیشتن بە چاکە زیندوو دەهێڵێتەوە. چاکە خۆى گەمەیەکى خزە لەگەڵ ئەم سنور و سنوردارێتییەدا]. تێپەڕاندنى سنور و سنورەکە, ئایدیاى چاکە لەو ساتەدا تەفروتونادەکات کە خەریکین دەیگەینێ. لەجێى ئەم ڕاکەڕاکە, سیاسەتى دەروونشیکارانە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت خۆمان لەگەڵ سنورەکەدا هاوشوناسبکەین نەک ئەوەى هەوڵبدەین بچینە ئەودیوى یاخۆ بیسڕینەوە. گەر لەم تایپە سیاسەتەدا وێنایەکمان بۆ پێشکەوتن هەبێت ئەوا ئەو وێنایەیە کە تێیدا پێشکەوتن ڕووەو ڕێگرەکە دەڕوات کە ناهێڵێت بەر چاکە بکەوین نەک بەرەو خودى چاکە بڕۆین. [چاکە خۆى هەڵگرى شۆک و تراومایە و بیرخەرەوەى دایکە کە ئەویش لە ڕووبەرێکى تراومایی و شۆکهێنەرە و بەرمەبناى زیناى مەحرەم سنورێک لەنێوان ئێمە و ئەودا هەیە].

پێویستە هاوشوناسبوون لەگەڵ سنورەکە دووبارەبوونەوەى پاڵنەر لەخۆبگرێت, چونکە هەر ئەم ڕێگرە یان ئەم سنورە خۆى خاڵێکە بەردەوام پاڵنەر دەگەڕێتەوە سەرى. کەس ناتوانێت ببێتە سوبێکتى پڕاوپڕى پاڵنەر, چونکە پاڵنەر خۆى ئەو شتەیە کە هەر جۆرە پڕى و کامڵبوونێک سست و بنکۆڵ‌دەکات. بەڵام هێشتاش هەر گۆڕانى تیا ئەزمووندەکرێت. گرەوە بنەڕەتییەکەى دەروونشیکارى(گرەوێک کە وادەکات پرۆژە سیاسییە دەروونشیکارییەکە جێى بیرلێکردنەوە بێت), ئەوەیە هەرکات مرۆ ڕوانگەیەکى جیاوازى لەبەرامبەردا گرتەبەر, ئەوا دووبارەبوونەوە گۆڕانێکى ڕیشەیی بەسەردا دێت. ڕەنگە ئێمە مەحکوم بین بە دووبارەبوونەوە, بەڵام مەحکوم نین بەوەى هەمان پێگە و ڕوانگە دووبارەبکەینەوە دەرهەق بە دووبارەبوونەوەکەمان. هەرکە لەجیاتیی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانى چاکە لەڕێى تێپەڕاندنى ئەم ڕێگرەوە گۆڕا بۆ هاوشوناسبوون لەگەڵ ڕێگرەکەى پێشکەوتن تا دووبارەبوونەوە قبوڵبکەین, ئیدى سوبێکت یان نەزمە کۆمەڵایەتییەکە سرووشتى خۆى دەگۆڕێت. لەجیاتیی ئەوەى دووبارەبوونەوە ببێتە ئەو بارە قورسەى وا مرۆڤ لێى هەڵدێت, دەبێتە ماهیەتى و ڕچەوڕێیەکیش کە تێربوونى لێوە بەدەستدێنێت. گەر سیاسەت بەپێى دووبارەبوونەوە وەربگرین نەک ڕۆنانى کۆمەڵگایەکى چاک, ئیدى ڕێڕەوێک دەگرێتەبەر کە پرۆژە سیاسییە تەقلیدییەکان هەڵدەتەکێنێت و توانستەکەشى پێچەوانەدەکاتەوە.  ئەم ئایدیاى سیاسەتە, ئەو هیوایەى تیا نیە کە بۆنمونە مارکسیزم دەتوانێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەنتاگۆنیزم و لەدەستدان(loss)دا بەردەستیخات. لەگەڵیدا ئێمە تەنیا ئایدیاڵێکى یۆتۆپى لەدەستنادەین بەڵکو ئایدیاى ئەڵتەرناتیڤێکیش لەمەڕ داهاتوو بەیەکجارى لەدەستدەدەین(ئایدیاى داهاتوویەک کە چیدى بە سنورگەلى ڕەق نەتەنراوە), گومانیشى تیا نیە ئەم ئایدیایە وزەیەکى سیاسیی زۆرتر دەخوازێت بۆ بەگەڕکەوتن. جا ئەوەى ئێمە بەدەستیدێنین فۆرمێکى سیاسییە کە ئاوڕ لەو ڕچەوڕێگەیە دەداتەوە وا سوبێکتەکان چێژى خۆیانى پێ بنیاتدەنێن. هەرکات سیاسەتى  ڕزگارى وازى لە پانتایی چاکە هێنا و پاڵنەرى مەرگیشى وەک قیبلەنوماى خۆى وەرگرت, ئیدى لەبرى ئەوەى خۆوبەختەکى ڕێى نوێ بۆ گەشەسەندنى خۆى بئافرێنێت, دەتوانێت بەدیلێکى ڕاستەقینە بۆ هەیمەنەی سەرمایەداریی جیهانى گەڵاڵەبکات. پاڵنەرى مەرگ بەشدارییەکى شۆڕشگێڕانەیە کە دەروونشیکارى دەگۆڕێتە سەر فیکرێکى سیاسى. بەڵام بەحوکمى ئەوەى چەمکەکە چەمکێکى تاڕادەیەک نامۆیە بە بیرکردنەوەى سیاسى, بۆیە من هەوڵدەدەم کۆمەڵێک نمونەى جۆراوجۆر لە مێژوو, ئەدەبیات, و فیلم بێنمەوە تاکو مەبەستى فرۆید لە پاڵنەرى مەرگ ڕوونبکەمەوە و دەریشیخەم ئاخۆ سیاسەتى پاڵنەرى مەرگ چۆنچۆنییە.

ئەو چاپتەرانەى وا دێن, شوێنپێى ئاکامەکانى پاڵنەرى مەرگ هەڵدەگرن بەنیسبەت بیرکردنەوەوە لە سوبێکت وەک بوونێکى سیاسى و تێگەیشتن لە بونیادى سیاسیی کۆمەڵگاش. بەشى یەکەم سەرنجى خۆى لەسەر سوبێکتى تاک(تاکەتاکەى سوبێکتەکان) چڕدەکاتەوە, و بەو تەفسیرەش دەستپێدەکات کە پاڵنەرى مەرگ چۆنچۆنى فۆرم بە سوبێکتیڤیتە دەبەخشێت. تەوەرە جیاجیاکانى سەر بە بەشى یەکەم, پاشهاتەکانى پاڵنەرى مەرگ دەخوێنێتەوە تا تێبگات سوبێکت چۆناهى چێژوەردەگرێت, ئەم پاڵنەرەش چۆناهى دەلکێت بە چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە, و چۆنیش کاریگەرى لەسەر سوبێکت وەک بوونەوەرێکى ئەخلاقى دادەنێت و سوبێکتیش چلۆن سیاسى‌دەبێتەوە. مشتومڕ دەربارەى کاریگەریی پاڵنەرى مەرگ لەسەر سوبێکت, هەروەکو زەمینەیەکیش کاردەکات بۆ ئەوەى کاریگەرییەکەشى لەسەر کۆمەڵگا دەربخات, ئەوەى کە بەشى دووەمى کتێبەکە لەسەرى دەوەستێت و بە کاریگەریی پاڵنەرى مەرگ لەسەر ڕسکانى کۆمەڵگا دەستپێدەکات. پاشان بەشى دووەم لەوە دەکۆڵێتەوە کە تێگەى پاڵنەرى مەرگ چۆن کۆمەک بە پشکنینى ئەو ڕێگایە دەکات کە بەناو کێشە سیاسییە سەرەکییەکانى ئەمڕۆدا تێدەپەڕێت: ناکارایی و بەسنەبوونى بەرزکردنەوەى وشیارى, دەسەڵاتە لەخشتەبەرەکەى فەنتازیا, مەترسیی بەرەبەرەى کورتکردنەوەگەرایی(reductionism) و فەندەمێنتاڵیزم, فریو و تەماح‌وەبەرنانی باوەڕە دینییەکان, هەروا بێتەوە شکستى هەوڵ و تەقەلاکانیش کە بۆ نەهێشتنى سەرکوت دەدرێن. هەردوو بەشى سەرەکیی کتێبەکە(بەناوى سوبێکتیڤیتە و کۆمەڵگا), هەوڵنادەن ئامانجێکى سیاسى بکێشن بۆ ئەوەى سوبێکت یان کۆمەڵگاى تیا بڕەخسێت, بەڵکو لەبرى ئەوە هەوڵدەدەن ئەو بونیادانە بناسنەوە کە خۆیان پێشوەخت هەن و بەکڕوکپى خەسڵەت بە هەردووکیان دەبەخشن. گرەوى ئەوەى لە کتێبەکەدا دێت ئەوەیە کە ئاشکرابوونى پاڵنەرى مەرگ و درێژبوونەوەى بۆ سەر سوبێکت و نەزمى کۆمەڵایەتى دەتوانێت بنەمایەک بێت بۆ بیرکردنەوەى سەرلەنوێ لە ئازادى.

ناسینەوە و داننان بە پاڵنەى مەرگدا وەک کۆڵەکەى ڕاگرتنى سوبێکتیڤیتە, ئەو شتەیە کە لە چارەسەرى دەروونشیکارانەدا ڕوودەدات. لەڕێى ئەم چارەسەرەوە, سوبێکت دەست لەو قەناعەتە هەڵدەگرێت ئەگەرى ڕێچارێک بۆ کێشەى سوبێکتیڤیتە بدۆزێتەوە: کێشەى لەدەستدان کە مرۆڤ بەدواى بەدەستهێنانەوە و قەرەبووکردنەوەیدا وێڵە, وەردەگەڕێت بۆ لەدەستدانێکى بنیاتنەر- هەروەها دەشبێتە ڕێنوێنێک بۆ چێژوەرگرتنى مرۆڤ نەک ئەوەى ڕێ لە چێژوەرگرتنى بگرێت. ئەو پرۆژە سیاسییەى کە لە هزرى دەروونشیکارییەوە سەرچاوەدەگرێت, دەتوانێت ئەم چارەسەرە ڕابکێشێت, لە کلینیک بیهێنێتەدەر و بەسەر کۆمەڵگا خۆیدا پیادەىبکات. دیارە مەبەستەکە ئەوە نیە هەمووکەس بخرێتە ژێر شیکردنەوەى دەروونییەوە, بەڵکو باسەکەمان تیۆرى دەروونشیکارانەیە کە وەک تیۆرێکى سیاسى کاردەکات و [لۆژیکى فەردییانەى ناو کلینیک, بەسەر کۆى کۆمەڵگادا دەگشتێنێت کە ڕێکخستنەوەى ئارەزوومانە بە مەحاڵە بنەڕەتییەکەى ژیانمانەوە کە لەڕووى سیاسییەوە بریتییە لە چاکە]. لەڕووى سیاسییەوە, گرنگیی دەروونشیکارى پتر تیۆرییە وەک لەوەى پراکتیکى بێت. لە ڕووە سیاسییەکەوە, گرنگ نیە خەڵک بەناو چارەسەرى دەروونشیکارانە‌دا تێدەپەڕن یان نا. ئەم تیۆرە گۆڕانکاریی سیاسى بەوە دەستپێناکات کە ساڕێژبوون(چاکبوونەوەى تەواو) دەڕەخسێت و لەوێشەوە ئەوپەڕى چێژوخۆشى بەدەستدێت, بەڵکو جەخت لەسەر لینکە توندوتۆڵەکەى نێوان چێژوەرگرتنمان و لەدەستدان دەکاتەوە. ئێمە تەنیا ئەودەم دەستاوەڵا دەبین چێژوەربگرین کە سرووشتە جڵەوبڕەکەى لەدەستدانمان ناسیبێتەوە.

ئەگەرچى فیکرى دەروونشیکارى جەخت لەسەر ئازادییمان دەکاتەوە بۆ چێژوەرگرتن, بەڵام تێگەیشتنێکى دژەباوى بۆ ئازادى هەیە. سوبێکت لەڕێى پاڵنەرى مەرگەوە بە ئازادییەکەى خۆى دەگات. ئەو لەدەستدانەى کە ئەم پاڵنەرە دادەڕێژێت, سوبێکت لە پاشکۆیەتیی ناو ژینگە کۆمەڵایەتییەکەى ئازاددەکات, و دووبارەبوونەوەى لەدەستدانە سەرەتاییەکەش[2]ئەم ئازادییە ڕادەگرێت و دەیپارێزێت. هەرکە مرۆڤ حەتمییەتى ئەم لەدەستدانە تراوماییەى قبوڵکرد, ئیدى ئامێز بۆ ئازادییەکەى خۆى دەکاتەوە و قبوڵیدەکات, هەر پرۆژەیەکى سیاسییش ڕاستگۆیانە ئازادى بکاتە خەمى خۆى ئەوا پێویستە پەیوەندیی خۆى بەم لەدەستدانەوە ڕێکبخات. لەباتیی ئەوەى پرۆژە سیاسییەکانمان چاوببڕنە داگیرکردنى لەدەستدانەکە, گەرەکە تێکۆشن وەفا و [مەودا]ـى خۆیان لەگەڵیدا بپارێزن و پەیوەندییمان پێیەوە باشتربکەن. تەنیا لەم ڕێگەشەوەیە کە سیاسەت دەبێتە خاوەنى ئەو هەلەى فەزایەک بۆ ئازادیى چێژوەرگرتن بکاتەوە, نەک ئەوەى لەژێر درووشمى چاکەدا سنوردارىبکات.                    

            

          

 

 


[1] Limit

[2] initial loss