A+    A-
(600) جار خوێندراوەتەوە

                  سیاسەت و دەروونشیکارى

                    (پێشکەوتن بۆ دواوە)

                             (٥)

 

 

 

 

تۆد مەک‌گوان

و. وەلید عومەر

 

 

 

 

هێشتاش هەر بیرۆکەى پێشکەوتن, وەک زەروورەتێک دەردەکەوێت بۆ سیاسەت. گەر هیچ ئیمکانێکى پێشکەوتن لەئارادا نەبێت, ئەوا ئاشکرایە هیچ هۆ و بیانوویەکمان بەدەستەوە نامێنێت بۆ دەرگیربوون و هەڵپژان بە سیاسەتدا. ئەودەم چالاکییە سیاسییەکانیان هەموویان پووچ دەکەونەوە, و لەبەر ئەمەشە بڕکەیەک خەڵک هەن بەیەکجارى پشتى تێدەکەن. تەنانەت بیرمەندێکى وەک ژاک دێرێدا کە بەردەوام بەربەرەکانێى ئایدۆلۆژیاى پێشکەوتن دەکات, کەچى بەشێوەیەکى زیمنى شتێک لە تێگەى پێشکەوتنى ڕاستەقینە لە فیکرى خۆیدا دەهێڵێتەوە. گەر وا نەبێت, ئیدى هیچ پێگەیەکى بۆ نامێنێتەوە تا لێیەوە ڕەخنەى ئەم ئایدیایە بکات- لەکاتێکدا کە هێشتاش جەخت لەسەر چالاکیی سیاسى دەکاتەوە.

گرفتى ئایدیاى پێشکەوتن, بە وتەى کەسێکى وەک دێرێدا, ئەوەیە کە غایەتناسى(ئەنجامخوازى-تیلۆلۆژیا) بۆ جووڵەى مێژوو دەستنیشاندەکات و لەوێشەوە ڕەچەتەى داهاتوویەکى دیاریکراو دەنوسێت کە چالاکییە سیاسییەکانمان کۆتدەکات و لەقاڵبیاندەدات. ئایدیاى پێشکەوتن, لەجیاتیی ئەوەى کۆمەک بە ئازادییمان بکات, کەچى بەهۆى کڵۆمدانى ئەو دەروازەیەوە کە بەسەر ئایندەدا کراوەتەوە, کەمیدەکاتەوە. [بە دەربڕینێکى تر, ئایدیاى پێشکەوتن لاى بیرمەندێکى وەک دێرێدا ئەو کێشەیەى لەخۆیدا هەڵگرتووە کە ڕێڕەوى مێژوو دیاریدەکات و ناهێڵێت ئازاد بین لە گۆڕینى مێژوودا. ئەمەش هەر ئەو شتەیە کە دێرێدا بەدرێژایی ژیانى فیکریی خۆى لەژێر ناوى چەمکێکى وەک –تیلۆلۆژیا-دا ڕەخنەیدەکات]. دێرێدا, سەرەڕاى هەڵوەشانەوە[1]کەى دەربارەى ئایدیاى پێشکەوتن, کەچى هەڵوەشانەوەگەرایی دەکاتە هاوەڵى هیوا بە داهاتوویەکى باشتر(ئەویش بەهۆى ئەو شتەوە کە خۆى پێى‌دەڵێت"بەڵێنى ڕزگاریخوازانە"). ئەو لە تارماییەکانى مارکسدا ڕوونیدەکاتەوە: «...ئەوەى کورتنابێتەوە بۆ هەر جۆرە هەڵوەشانەوەیەک(لێکترازانێک), ئەوەى کە هێندەى ئیمکانى هەڵوەشاندنەوە بە هەڵنەوەشاوەیی دەمێنێتەوە, ڕەنگە ئەزموونێکى تایبەتى سەر بە بەڵێنى ڕزگاریخوازانە بێت. پێدەچێت فۆرمالیتەى میسیانیزمێکى بونیادى بێت, میسیانیزمێک بەبێ دین, تەنانەت میسیانیزمێک بەبێ میسیانیک(یان ڕزگاررییەک بەبێ ڕزگارکەر)[2]»(میسیانیزم- Messianism, ئاماژەیە بۆ ئەو بەڵێنى ڕزگارییەى کە لە مەسیحیەوە دەکەوێتەوە و لێرەدا پتر بارە میتافۆرییەکەى بەکارهاتووە کە دەکاتە بەڵێنى ڕزگارکردن-و). گەرچى دەبێت هەمیشە هەڵوەشانەوەگەرایی واز بەڵێنە ڕزگاریخوازەکەى خۆى دێنێت و ناهێڵێت بەتەواوى بێتەدى, بەڵام دێرێدا بەشێوەیەکى زیمنى جووڵان ڕووەو وى بە شتێکى پێشکەوتنخوازانە دادەنێت.

ڕەهەندە سیاسییەکەى هەڵوەشانەوەگەرایی لەسەر ئەو بڕوایە بەندە کە ئەگەرى دونیایەکى باشتر لەئارادایە: بەهۆى هەڵوەشانەوەى هیرارشییەت(پلەبەندییە هەرەمییەکان), پێداگرتن لەسەر عەدالەتێک کە بەڕێوەیە و لە داهاتوودا دێت, شەڕکردن لەگەڵ وەهمەکانى حزوور(ئامادەیی-presence)دا, دەتوانین کۆژانى مرۆڤ کەمبکەینەوە و دونیایەکى یەکسانتر بنیات‌بنێین. چاکە هەیە, هەتا گەر بێتو بەدیهاتنى ئەم چاکەیە سەربکێشێت بۆ دژەکەى(کە جێى جەدەلى دێرێدا بوو). دەبێت لەوە دڵنیابینەوە کۆمەڵگاى چاک شتێکە دەکەوێتە داهاتووەوە, بەڕێوەیە[3], وەک ئەوەى دێرێدا خۆى دەیوت؛ بەڵام بێ‌ئەوەى پێگەى چاکە بچوککرێتەوە یان نزم سەیربکرێت, بەخشینى پێگەیەکى داهاتوومەندانە پێى, بەرزیدەکاتەوە و ئایدیاى ئەو عەدالەتەشى کە دادێت, ناتوانین هەڵیوەشێنینەوە- چاکەى ئەوپەڕینە و باڵادەستە. تەنانەت لە هەڵوەشانەوەگەراییشدا پێویستدەکات ئایدیایەکى وەک پێشکەوتن هەبێت تاکو کەسى تیۆریست بتوانێت هەرچۆنێک بووە خواستێکى نۆرماتیڤى هەبێت.

بەڵام حەتمییەت و [زەروورەت]ـى ئایدیاى پێشکەوتن هێشتاش هەر لەمە زیاتر دەڕوات. ئەمە تەنیا خواستێکى نۆرماتیڤ نیە کە ئاماژە بەم ئایدیایە دەکات. هەر سیستەمێکى فیکرى, هەتا ئەو سیستەمانەشى کە خۆیان لە کۆمەڵێک وەسفى پەتى‌دا قەتیسدەکەن, بەناچارى ئاماژە بۆ جۆرێک لە ئیمکانى پێشکەوتن دەکەن.

هەر سیستەمێکى فیکرى جۆرێک لە کردەى دەربڕین و گەیاندنى لەئەستۆیە, کردەیەک کە هەڵگرى ئەو بڕوایەیە کە دونیایەکى باشتر مومکینە و مەعریفەى سیستەمەکە یاریدەى بەدیهاتنى ئەم دونیا باشترە دەدات. گەر بێتو من بڕوام بە ئیمکانى باشتربوون نەبێت, قەت ئەو سەرێشەیەم تووشى خۆم نەدەکرد سیستەمێک[ـى فیکرى] بخەمەڕوو. تەنانەت خستنەڕووى ڕەشبینانەترین سیستەمیش هەر گوزارشتە لە گەشبینى و هیوایەکى بنەڕەتى دەرهەق بە پێشکەوتن, پێشکەوتنێک ئەو دۆخە تێپەڕێنێت کە هەیە. ئەمە سەبارەت بە ڕەشبینێکى هەرەڕەشبینى وەک شۆپنهاوەریش ڕاست‌دەردەچێت, وەکچۆن دەرهەق بە یۆتۆپیستێکى وەک چارلز فۆرییەش ڕاست‌دەکەوێتەوە. ئەو پێگەیەى وا کەسەکە سیستەمە ڕەشبینانەکەى تیا دەخاتەڕوو, سیستەمێکە لەسەر ئایدیاى پێشکەوتن وەبەرهێنراوە, هەتا گەر بێتو ناوەڕۆکى سیستەمە ڕاگەیەنراوەکە سەرتاپا هەجووکردنی ئەم ئایدیایە بێت. خۆ ڕەنگە هاتنەدیی چاکە مەحاڵ بێت, بەڵام دەستبەرداربوونیشى هەر مەحاڵە. هەر بەرهەمهێنانى زانین خۆى, بە جیا لە خودى خۆیشى, ئاماژەیە بۆ ئایندەیەکى باشتر.

ئەم پێوەندییەى نێوان زانین و پێشکەوتن, ئایدیاى زاڵى سەردەمی ڕۆشنگەرى(Enlightenment)یە. ئیمانوێل کانت لە وتارەکەى خۆیدا, «ڕۆشنگەرى چیە؟», جەخت لەسەر ڕۆشنگەرى دەکاتەوە کە دۆخێک دەخوازێت هەرکەس ئازاد و دەستکراوەیە لە بەدەستهێنانى زانین‌دا, ئەویش بەو پێیەى کە مرۆڤ «ئازادیی بەکارهێنانى گشتیی عەقڵى خۆى هەیە لە هەموو کاروبارەکاندا[4]». لە سەروەختى بەدەستهێنانى زانیندا لەڕێى بەڵگاندنى عەقڵییەوە, سوبێکتەکان دەستیان بە پێشکەوتندا دەگات چونکە لە میانەى داڕشتنەوەى کۆمەڵگادا ئەم زانینە دەخەنەگەڕ. زانین, بۆ کانت و هەموو بیرمەندانى تری ڕۆشنگەرىیش, خۆى هەر بەزات هەڵگرى مەیلێکى پێشکەوتنخوازانەیە. لە ستەمى ڕابردوو و بارى پڕووکێنەرى دووبارەکردنەوەش ڕزگارماندەکات. هیچ نەبێت پێشکەوتن لەبەر یەک شت دەلوێت, ئەویش ئەوەیە ئێمە دەتوانین ڕابردوو بناسین و پەندیشى لێ وەربگرین. بڕواى ڕۆشنگەرى بە پێشکەوتن, لەو تێگەیشتنەیەوە سەرچاوەدەگرێت بۆ سوبێکتى مرۆیی وەک سوبێکتى زانین(subject of knowledge), ئەو سوبێکتەى کە لەبنەڕەتەوە دەیەوێت بزانێت.

بۆ دەروونشیکارى, پێوەندیی نێوان زانین و پێشکەوتن مەحکومە بە ئیمکانى بەرەوپێشچوون. لەجیاتیی ئەوەى سوبێکت ئارەزووى زانین بکات, کەچى ئارەزووناکات بزانێت و ژیانى خۆیشى بەهۆى خۆدوورگرتنەوە لە زانین ڕێکدەخات. لاکان لە سیمینارى “XXI”دا ئەمە بە ڕاشکاوى دەردەبڕێت: «ئەوەى هەبووە ئارەزوو نەبووە بۆ زانین...ترس بووە لە زانین[5]». ئەو زانینەى ئێمە خۆمانى لێ لادەدەین بریتییە لە زانینى سەر بە نەست, چونکە ئەم زانینە ڕووبەڕووى هێزى پاڵنەرى مەرگ و جەبرى دووبارەبوونەوەمان دەکاتەوە. ئەوەى ئێمە نایزانین-فۆرمە تایبەت و بەشەکییەکەى گەمژەیی- دەرفەتمان دەداتێ بەرەو پێش بجووڵێین, و بە هیواوە سەیرى داهاتوو بکەین. بەبێ ئەم ڕەتکردنەوە بنچینەییەى زانین, سوبێکت هەروا ئاسان ناتوانێت بەردەوام بێت[6].

شۆڕشە گەورەکەى فرۆید لە مێژووى بیرکردنەوەدا, بریتییە لە تێگەیشتنى وى بۆ سوبێکت وەک سوبێکتى ئارەزوو(subject of desire) نەک سوبێکتى زانین. [واتە فرۆید پاش چەندین سەدە لە بیرکردنەوەى مرۆیی, لە گۆشەیەکى ترەوە سەیرى مرۆڤى کرد و لە سوبێکتى زانینەوە گۆڕیی بۆ سوبێکتى ئارەزوو. مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە کە ئارەزوو هەڵیدەسوڕێنێت و زانین بیانوویەکى پلەدووە و دواتر دێت. لەژێر زانینەوە, ئارەزووگەلى ڕیشەییتر و نەستەکى هەن]. لەو جێیەدا کە بیرمەندان هەر لە ئەفلاتونەوە تا کانت زانین بە هەڵپەیەکى زاتى دادەنێن لە سوبێکتیڤیتەدا, فرۆید نەک هەر وێناى پاڵنەرێکى تر تەواو جیاواز دەکات, بەڵکو پێشى‌وایە سوبێکت دەیەوێت نەزانێت(not to know), ئەویش لەپێناوى ئەوەى درێژە بە ئارەزووى خۆى بدات. سوبێکت لەسەر بنەماى ئەو شتە ناجووڵێتەوە کە دەیزانێت, بەڵکو لەسەر ئەو بنەمایە دەجووڵێتەوە کە چۆناوچۆن ئارەزوودەکات. دەتوانین وێناى گرێدانى ئەم دوو ئایدیایە بکەین بە سوبێکتەوە, ئەگەر بێتو بمانتوانیایە کردەى زانین(act of knowing) و کردەى ئارەزووکردن(act of desiring) ببەستین بە یەکترەوە. بەڵام زانین و ئارەزوو خۆیان دژى یەکن: سوبێکت نایەوێت ئەو شتە بزانێت کە ئارەزوویدەکات یاخۆ چۆنچۆنى چێژى لێ وەردەگرێت. زانینەکەى سوبێکت بەناچارى وەک زانینێکى نیوەناچڵ دەمێنێتەوە, ئەو کەلێنەشى لە هەناوى زانیندایە میلى مەیلى سوبێکت دێنێتەوە(ئارەزووى سوبێکت دەبزوێنێت) و خاڵێکیشە چێژى لێوە وەردەگرێت. نەست لە بێ‌توانایی سوبێکتەوە سەرچاوەدەگرێت دەرهەق بە زانین(ناسین)ـى چێژەکەى خۆى. زانینى ئاگامەندانە[7] هەروا بەسادەیی نامانگەیەنێت بە ناسینى چێژ(زانین لەمەڕ چێژ) و ڕیشە تراوماییەکەى؛ بگرە بەشێوەیەکى چالاکانە ڕێگرى لەم زانین(ناسین)ـە دەکات. زانینى ئاگایانە, دەستڕاگەیشتن بە نەست(ناخودئاگا) پووچەڵدەکاتەوە, و سەرەنجامیش هەر هەوڵێکى ئاگایانە بۆ زانین بەردەوام شکست بە خۆى دێنێت.

دەروونشیکارى, هەوڵدەدات ئەم بۆشاییە بنەڕەتییەى پرۆژەى زانین پڕبکاتەوە, ئەویش بە داخوازى لە سوبێکت تا واز لە دەرکەوتە تەقلیدییەکەى زانین بێنێت. دەروونشیکارى فەزایەک دەخوڵقێنێت کە زانینى ئاگایانەى تیا هەڵدەپەسێرێت بۆ ئەوەى سوبێکت بتوانێت نەست بدۆزێتەوە. ڕێسا بنجییەکەى دەروونشیکارى(نەک هەر ئەو شتە ئاشکرابکات کە مرۆڤ دەیزانێت بەڵکو ئەو وشانەش هەڵماڵێت کە بە زەینیدا دێن), ڕووناکى دەخاتە سەر ئەو شتەى کە سوبێکت نایەوێت بیزانێت. کەلێنێک لەنێوان ئەو شتەدا هەیە کە سوبێکت دەیزانێت و ئەو شتەشى کە دەیڵێت. لە چالاکییەکی وەک قسەکردن‌دا, سوبێکت شتى لەوە زیاتر دەڵێت کە ئاگایانە دەیزانێت, ئەمەش زیادە و پاشماوەکەى نەستە: زانینێک ک سوبێکت هەیەتى بێ‌ئەوەى بیزانێت. پارادۆکسى ئەم زانینە ئەوەیە کە تەنیا ئەوکات دەستت پێى‌دەگات کە بەدوایەوە نیت و کاتێکیش هەتە کە لەدەستتداوە.

بە پێڕەویکردن لە ڕێسا بنەڕەتییەکەى دەروونشیکارى, تا ئەو جێیەى دەکرێت بوار بە سوبێکتەکان دەدرێت ئەو شتە بناسنەوە کە نایزانن, ئەویش کاتێک کە تووشى حەپەسانیاندەکات. بەڵام ئاخرییەکەى ڕێ بە سوبێکتەکان نادات لەڕێگەى بەدەستهێنانى زانینەوە پێشبکەون. ئەو ناسینەوانەى[8] کە مرۆڤ لە دەروونشیکارى(شیکردنەوەى دەروونى)دا دەینوێنێت, بە مانا تەقلیدییەکەى جاران پێگەى زانینى نیە. لەجیاتیی ئەوە, ئاماژەن بۆ کەلێنێکى کورتنەبووەوە لە پانتایی زانین‌دا. مرۆ خۆى لە ئارەزوویەکى نەستەکى(ناخودئاگایانە)دا دەناسێتەوە کە ئارەزوویەکى بێگانەیە, و سەربارى بێگانەبوونەکەشى بەرپرسیارێتییەکەى هەر هەڵدەگرێت. بەم کارەش, مرۆ وەک سوبێکت [لەقووڵاییدا] گۆڕانى بەسەردا نایەت یاخود بەرەوپێشناچێت, بەڵکو دەبێت بەوەى کە پێشریش هەر ئەوە بووە[9]. مرۆ پاڵنەرى مەرگ وەک حەقیقەتى سوبێکتیڤیتەى خۆى دەبینێت نەک وەک بەربەستێک کە هەوڵبدات بەرەوپێشبچێت تا تێى‌بپەڕێنێت و لەوێشەوە بگاتە سەر چاکە.                         

         

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Deconstruction

[2]. . Jacques Derrida, Specters of Marx: Th e State of Debt, the Work of Mourning, and the New International, trans. Peggy Kamuf (New York: Routledge, 1994), 59.

[3] Arrivant

[4] Immanuel Kant, “An Answer to the Question: ‘What Is Enlightenment?,’” in Practical Philosophy, trans. Mary J. Gregor (Cambridge: Cambridge University Press, 1996), 18.

[5] jacques Lacan, “Le séminaire XXI: Les non-dupes errent, 1973–1974,” manuscript, session of 23 April 1974, my translation.

[6] . وادیارە ئەو پرسیارە نەبڕاوانەی  مناڵ لە دایبابی دەیکات بەرپەرچی ئەو ئایدیا دەروونشیکارییه دەدەنەوە کە هیچ ئارەزوویەکی مەعریفی لەگەڕدا نیە، هیچ لاپرەسەنییەکی زگماکی. بەڵام ئەو پرسیارانە قەت هەر پرسیاری هەڕەمەکی نین دەربارەی ماهیەتی جیهان. مناڵ لە پەیوەست بە ئارەزووی دایبابی ئەم پرسیارانە قوتدەکاتەوه. بە وتەی لاکان "هەر شتێک کە [مناڵێک] دەیپرسێت، دواجار بەو مەرامە کراوە تا ئەو خواستە تێربکات کە دەیداتە پاڵ ئەویتر، واتە ئەوەی وای دادەنێت ئەویتر دەخوازێت ئەم پرسیارانە بکات!".

[7] Conscious knowledge

[8] . جێى بیرخستنەوەیە کە recognition هەم بە واتاى ناسینەوە و هەم بە واتاى "دانپیانان"یش دێت و بەپێى سیاق ماناکان دەگۆڕێن. ئەمە جگە لەوەى هەر دانپیانانێک بەڕەسمى ناسینى ئەویترە و ئەویتر دەخەیتە بەر ڕۆشنایی زانینى خۆت- و

[9] already was