A+    A-
(630) جار خوێندراوەتەوە

                       سیاسەت و دەروونشیکارى                                

                     (مەرگ لە بن هەموو شتێکدا)                              

                              (٤)                                     

 

 

 

تۆد مەک‌گوان

و. وەلید عومەر

 

 

 

 

 

پاڵنەرى مەرگ, نە شەڕەنگێزییە(پێچەوانەى ئەوەى مارکۆزە دەیوت), نە هاندەر و ئەنگێزەیەکیشە بۆ گەڕانەوە بەرەو دۆخى بێ‌گیانى و بێ‌ژیانى[1](کە ڕەنگە میتافۆرەکەى فرۆید لە لەودیوى پرەنسیپى چێژەوەدا هێمایەکى بۆ بکات), بەڵکو هاندەر و بزوێنەرێکە بۆ گەڕانەوە بەرەو تراومایەکى سەرەتایی و لەدەستدانێکى بنیاتنەر[2]. پاڵنەرى مەرگ هەر لەگەڵ [دەسپێکى]  سوبێکتیڤیتە(سەبجێکتیڤیتى) خۆیدا دەردەکەوێت, ئەویش لەو جێیەوە کە سوبێکت دێتە ناو نەزمى کۆمەڵایەتییەوە, و بەهۆى قوربانیکردنى بەشێک لە خۆیەوە دەبێتە بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتى و قسەکەر. ئەم قوربانیکردنە, کردەیەکى ئەفراندنە کە ئۆبێکتێک بەرهەمدێنێت, و تەنیا تا ئەو جێیەش بوونى هەیە لەدەستچووبێت. [چونکە لەدەستدانە بنەڕەتییەکە کە خاڵى دەسپێکى سوبێکت و ئارەزووکردنى سوبێکتە, وادەکات هەموو ئۆبێکتەکانى دواترى ناو ژیانیش هەر هەوڵێک بن بۆ گەڕانەوە بۆ ئەم ئۆبێکتە لەدەستچووە سەرەتاییە]. ئەمە لەدەستدانى ئەو شتەیە کە سوبێکت نیەتى و بنکى پاڵنەرى مەرگیش دادەڕێژێت, ئەوەى کە لەڕێگەى دووبارەکردنەوەى لەدەستدانە بەراییەکەوە چێژوەرگرتن بەرهەمدێنێت. [جێى باسە کە چێژوەرگرتن(enjoyment), ئاڵۆزترە لە چێژوخۆشی(pleasure)یە ڕۆژانەییەکە, چونکە بونیادى چێژوەرگرتنە لە مرۆڤدا کە فراوانتر و ڕیشەییترە و نەستەکییە و کۆتاسنوریشى دەگات بە گرژى و ژان کە لە زاراوە لاکانییەکاندا بە ژویسانس ناودەبرێت]. سوبێکتەکان دەرگیرى هەریەکە لە چالاکییەکانى خۆ-قوربانیکردن و خۆ-وێرانکردن دەبن, چونکە ئەو لەدەستدانەى کە پیادەبووە, ئۆبێکتە لەدەستچووەکەى سوبێکت بەرهەمدێنێتەوە و توانا بە سوبێکت دەبەخشێت چێژ لەم ئۆبێکتە وەربگرێت. هەرکە جارێک بەدەستهێنرا, ئیدى ئۆبێکتەکە دەست لەوە هەڵدەگرێت ئۆبێکت بێت. سەرەنجام, پێویستە سوبێکت بەبەردەوامى ئەو کردانەى قوربانیدان دووبارەبکاتەوە کە ئۆبێکت بەرهەمدێنێت, ئەویش سەربارى ئەو زەبر و زیانەى کە دەرهەق بە بەرژەوەندیی خودیی سوبێکت دەیخاتەوە. لەم ڕوانگەیەى پاڵنەرى مەرگەوە, ئێمە کە دەگەڕێینەوە بۆ زەبروزەنگ لەو پێناوەدا نیە هێز بەدەستبێنینەوە, بەڵکو لەپێناوى بەرهەمهێنانى لەدەستداندایە[3], کە هەر ئەویش دوا سەرچاوەى چێژوەرگرتنمانە. بەبێ ئۆبێکتى لەدەستچوو, ژیان خاڵیدەبێتەوە لە هەر جۆرە خۆشنودى و تێربوونێک. جا چەندبارەکردنەوەى قوربانیدان, وادەکات ژیان ئەوە بێنێت تیا بژیت, ژیانێک کە سوبێکت دەتوانێت لەڕێى ئۆبێکتە لەدەستچووەکەوە چێژ لە خۆى وەربگرێت. ئەو دووبارەبوونەوەیەى کە لە پاڵنەرى مەرگ ئاڵاوە, هەروا بەسادەیی دووبارەبوونەوەى ئەزموونێکى تایبەت نیە. دووبارەکردنەوەى ناچارى, سوبێکت هاندەدات بەشێوەیەکى تایبەت ئەو ئەزموونانە دووبارەبکاتەوە کە تووشى تراوماى کردووە و کارکردە جێگیرەکەى ئەوى شڵەژاندووە. تا کاروبارى سوبێکتیش باشتر بڕواتەپێشێ, ئەوا ئەو ئەگەرە هەڵدەکشێت پاڵنەرى مەرگ چالاکییەکانى سوبێکت لەسکەبترازێنێت. بەپێى تیۆرى پاڵنەرى مەرگ, هەر جووڵەیەک ڕووەو چاکە-بۆنمونە هەر پێشکەوتنێک- کەڵکەڵەى تێدەگەڕێت پەرچەکردارێک بنوێنێت و سستى‌بکات. ئەمە لە هەردوو ئاستى تاک و کۆمەڵگاشدا هەر ڕوودەدات. لە چارەى دەروونشیکارانەدا, فۆرمى پەرچەکردارێکى نەرێنیی دەرمانى دەگرێتەخۆى, فۆرمى هەوڵێک کە لە دەمەدەمى چارەسەرەکەدا تێکچوونەکەى خۆى بپارێزێت و [نەهێڵێت چارەببێت]. دەشتوانین بیر لەو کەسانە بکەینەوە کە پەیوەندییەکى ڕۆمانسی هەڵدەبژێرن بەڵام بەپێى نەخشەیەکى تایبەت شکستى تیا دێنن. گەر ئەمە بخەینە خانەى سیاسییەوە, بەو واتایە دێت پێشکەوتن خۆى دەبێتەوە بە بایسى کۆمەڵێک فۆرمى چەوساندنەوە کە هیواخواز بوو دژى بوەستێتەوە, و بەردەوام خۆى سست و فشۆڵدەکات. هەموو بەرنامەیەکى پێشکەتنخوازانە [ـى سیاسى], پێشوەخت دژکردەوە[4]یەکى توندى لەخۆیدا هەڵگرتووە. پاڵنەرى مەرگ, بونیادێکى بەبنەڕەت ماسۆشى لە دەرووندا دادەڕێژێت. پرەنسیپێک بۆ ڕێکخستنى ژیانى سوبێکت دەستەبەردەکات و سوبێکتیش ڕووەو چێژەکەى ئاراستەدەکات, و ئەم چێژەش هەمیشە لینکێکى بە تراوماوە دەمێنێتەوە. [جارێکى تر دەبێت ئەوەمان بیرنەچێت کە چێژ(enjoyment) پتر مەبەست لە ژویسانس(jouissance)ـە کە لەڕووى بونیادییەوە ڕووى پشتەوەى لە گرژییەکى ڕەها پێکهاتووە, بەڵام گەر بێتو پەیوەندییەمان بەم گرژییە ئەوپەڕینەیەوە بپارێزین, ئیدى دەتوانین بایی ژیانکردن چێژوخۆشى وەربگرین و مانا و بەها بە ژیانمان بدەین]. ئەم بونیادە [ماسۆشییەى کە لکاوە بە پاڵنەرى مەرگەوە], هەموو ئەو هەوڵانە قورسدەکات کە پاڵ بە سوبێکتەکانەوە دەنێن خەریکى بەرژەوەندییە خودییەکانى خۆیان و چاکەى خۆیان بن. پاڵنەرى مەرگ سوبێکتەکان ناچاردەکات بە پێچەوانەى بەرژەوەندیی خۆیانەوە بجووڵێنەوە و ئەو پرۆژانە وێرانبکەن کە [خێر] و چاکەى وانى تیایە.

عەقڵى باو پێماندەڵێت سادیزم لە ماسۆشیزم ئاسانترە بۆ تێگەیشتن, ئەویش بەو واتایەى کە مەیلى سادیستى بۆ ئەوەى دەسەڵاتى خۆى بەسەر ئۆبێکتێکدا بسەپێنێت ڕێیەک دەگرێتەبەر کە لە خۆ-وێرانکردنى ماسۆشیستى‌دا نایبینین. [واتە لە سادیزمدا ئۆبێکتەکەى دەرەوە ڕەنگە تووشى پارچەبوون و هەڵدڕین یان لەناوچوون ببێت کە گوایە لە ماسۆشیزمدا بەم جۆرە نیە]. بەڵام لاى دەروونشیکارى, ماسۆشیزم وەک فۆرمە پارادایمییەکەى سوبێکتیڤیتە کاردەکات. [دیارە مەبەست لەم فۆرمە پارادایمییە, ئەو مۆدێل و پارادایمەى ئیشکردنى ژیانى مرۆڤە کە ناچارە چێژ لە ونبوونى ئۆبێکتێک وەربگرێت کە بەشێوەیەکى بونیادى لەڕابردوودا ونیکردووە و لەدەستیداوە و لێرەشەوە لە ماسۆشیزم دەچێت]. گەر سەرنجى بونیادى پاڵنەرى مەرگ بدەین, ئەوا ماسۆشیزم بەئاسانى ڕووندەبێتەوە چیە, و ئەوە سادیزمە تادێت تەمومژاوىدەبێت.  ماسۆشیزم, چێژى لەدەستدان بۆ سوبێکت دەڕەخسێنێت, لەکاتێکدا وادەردەکەوێت سادیزم ئەم چێژە دەبەخشێتە ئەویتر. [مەبەست لە ئەویتر لێرەدا ئەو کەسە یان ئەو ئۆبێکتەیە کە سادیزمەکەى بەسەردا پیادەدەکرێت و ئەویش پشکێک لە چێژ بۆ خۆى دەدزێتەوە و لە کارلێکەکەدا ڕێژەیەک بۆ خۆى دەبات- هەتا گەر ئەمە بەشێوەیەکى نەستەکییش ڕووبدات].

ئەمە ڕێک بانگەشەکەى ژاک لاکانە بۆ سادیزم, ئەویش لە تەفسیرە شۆڕشگێڕانەکەى خۆیدا لە وتارە بەناوبانگەکەى کانت لەگەڵ ساد(Kant with Sade)دا. هەرچەند زۆرێک لە خوێنەران سەرنجى خۆیان لەسەر جفتە فەلسەفییەکەى مۆراڵى کانتى و لادانى سادى چڕدەکەنەوە, بەڵام گاڤى گرنگتر لێرەدا کە لاکان دەینێت لێکدانەوەکەیەتى بۆ خواستى سادیزم.

عادەت وایە, زۆرینەى خەڵک سەرکۆنەى سادیستەکان دەکەن چونکە دەیانەوێت قوربانییەکانیان بگۆڕن بۆ کۆمەڵێک ئۆبێکت تا خۆیانى پێ تێربکەن. بەڵام لاکان ئاڵنگارى دەنوێنێت و ڕایدەگەیەنێت: لەڕاستییدا ئەوان(سادیستەکان) خۆیان دەکەنە ئۆبێکت بۆ چێژى ئەویتر. ئەو سەرنجێک تۆماردەکات و دەنوسێت: «سادیست, ژانى ژیانى خۆى لە ئەویتردا خاڵیدەکاتەوە, بەڵام بیریدەچێت بەم هۆیەوە خۆیشى دەبێتە "ئۆبێکتێکى ئەبەدى"[5]». گەرچى ئەویتر ئازاردەچێژێت, بەڵام دەبێتە ئەو تاکە فیگەرەش کە چێژوەردەگرێت. ئەوەى کەسى سادیست لە کردە سادیستییەکەى خۆیدا چێژى لێ وەردەگرێت ئەو چێژەیە وا دەدرێتەپاڵ ئەویتر, و کردە سادیستییەکەش هەوڵێکە بۆ ڕەخساندنى ئەم چێژە. بەم مانایە, سادیزم هیچ نیە بێجگە لە فۆرمێکى ئاوەژووى ماسۆشیزم, فۆرمێک کە بونیادە بنجییەکەى سوبێکتیڤیتەى تیا دەمێنێتەوە. خۆ-وێرانکردن ڕۆڵێکى هەمیشەیی لە چالاکییەکانى مرۆڤدا دەگێڕێت چونکە پاڵنەرى مەرگ ئەو پاڵنەرەیە کە ئێمەى سوبێکت دەبزوێنێت.

بەپێچەوانەى هێربەرت مارکۆزەوە, نۆرمان. ئۆ. براون, کە یەکێکى ترە لە لایەنگرە ناودارەکانى فیکرى سیاسیی دەروونشیکارى, هەوڵدەدات پرۆژەیەکى سیاسیی دەروونشیکارانە بنیات‌بنێت کە پاڵنەرى مەرگ چەقەکەى بێت. ئەو هەروا بەسادەیی پاڵنەرى مەرگ بە ئاکامێکى شوومى چەپاندنى ئیرۆس نازانێت, بەڵکو وەک کاتیگۆرییەکى بەهێز سەیریدەکات کە سەر بە خۆیەتى و [لەخۆیەوە سەرچاوەدەگرێت]. براون لە کتێبى ژیان دژ بە مەرگدا, پاڵنەرى مەرگ بە ئەنگێزەیەکى خۆ-لەناوبەر دادەنێت کە لە بێ‌توانایی مرۆڤەوە سەرچاوەدەگرێت دەرهەق بە قبوڵکردنى مەرگ و لەدەستدان. خۆیشى دەنوسێت: «غەریزەى مەرگ[6], کرۆکى عوساب(نیورۆسیس)ـى مرۆڤە. ئەو کاتەش دەستپێدەکات کە مناڵى ساوا ناتوانێت جیابوونەوە لە دایکى قبوڵبکات, ئەو جیابوونەوەیەى کە ژیان پێشکەشى هەموو زیندەوەر(ئۆرگانیزمى زیندوو)ێک دەکات, و لە هەموو زیندەوەرێکیشدا بە شێوەى هاوکات سەردەکێشێت بۆ مەرگ[7]». لاى براون, ئێمە بەشێوەیەکى پارادۆکسانە عەوداڵى مەرگ و وێرانکارىین, چونکە ناتوانین مەرگ قبوڵکەین. بەپێى تێڕوانینەکەى براون, گەر تواناى قبوڵکردنى مەرگى خۆمانمان هەبێت, ئەوا خۆمان دوور دەگرت لەوەى بخزێینە نێو پاڵنەرى مەرگەوە و بەو هۆیەشەوە خۆمان لە زەبروزەنگ و وێرانکاریی مرۆیی قوتاردەکرد. ئایدیاڵە کۆمەڵایەتییەکەى براونیش هەروەکى ئەوەى مارکۆزە بەرئاوەڵاکردنى پاڵنەرە سێکسییەکان و هەروابێتەوە کەمکردنەوە یان سڕینەوەى پاڵنەرى مەرگ لەخۆدەگرێت. ئەو هاوزەمان مەترسییەکانیش دەخاتەڕوو, و جەخت لەسەر ئەو ئەرگۆمێنتە دەکاتەوە کە تا ئەو دەمەى ئەم ئایدیاڵە نەهێنینەدى ئەوا توخمى مرۆڤ لەژێر کاریگەریی پاڵنەرى مەرگدا هەروەکو دایناسۆرەکان تۆویان دەبڕێتەوە. وێڕاى ئەوەى براون, بەراورد بە مارکۆزە, هەژمارێکى زۆرتر لەسەر پاڵنەرى مەرگ(و مەرگ خۆیشى) دەکات, کەچى ئەویش ناتوانێت خۆى لە هەڵەیەکى هاوشێوە لابدات: ئەویش باوەڕبوونە بەوەى کە پاڵنەرى مەرگ هێزێکە سوبێکتە مرۆییەکان دەتوانن بەسەریدا زاڵ بن. بەپێچەوانەوە, لاى فرۆید, پاڵنەرى مەرگ هێزێکە تۆڵەى خۆى لە هەر زاڵبوونێک دەکاتەوە, جۆرێکە لە دووبارەبوونەوە کە هیچ یۆتۆپیایەک ناتوانێت تێى‌بپەڕێنێت. دانپیانانى ڕاستەقینە بە پاڵنەرى مەرگ و لەپێشتربوونەکەىدا, وادەکات سەرلەبەر بە ئایدیاى پێشکەوتندا بچینەوە.

 

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Inorganic state

[2] constitutive loss

[3] produce loss

[4] Backlash

[5] Jacques Lacan, “Kant with Sade,” in Écrits: Th e First Complete Edition in English, trans. Bruce Fink (New York: Norton, 2006), 656.

[6] . death instinct, کە هەر مەبەست لە پاڵنەرى مەرگە- و

[7] Norman O. Brown, Life against Death: Th e Psychoanalytical Meaning of History, 2nd ed. (Middletown ct: Wesleyan University Press, 1985), 284