A+    A-
(737) جار خوێندراوەتەوە

                      سیاسەت و دەروونشیکارى

                                 (سێکسى بێ‌پارێز)

                              (٣)

 

 

 

تۆد مەک‌گوان

و. وەلید عومەر

 

 

 

 

بەر لەوەى فرۆید لە ساڵى ١٩٢٠ لەودیو پرەنسیپى چێژەوە بنوسێت, هێشتا بەم شێوەیە سەیرى "ئەنتاگۆنیزم"ـى نەدەکرد. ئەو گەرچى هەرگیز بڕواى بە یۆتۆپیایەک نەهێنا کە دەشێت ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆمەڵگا تێکڕا بەسەر پێویستبوونى بە چەپاندندا سەربکەوێت, کەچى هەر لە سەرەتاکانى پەرەسەندنى دەروونشیکارییەوە دژى ئەو زیادەڕۆییەى سنوردارییە ئەخلاقییە هاوچەرخەکانە کە دەرهەق بە چالاکیی سێکسى دەینوێنن. لەکاتێکدا لێدوانەکەى خۆى بەو دانپیانانە دەخاتەڕوو «بێگومان ئیشى پزیشک نیە کە پرۆپۆزەڵى بۆ ڕیفۆرم هەبێت», وێڕاى ئەمەش بانگەشەى ئەوە دەکات کە: «وام دێتەپێشچاو  کە داکۆکی لە زەروورەتی ئەم پێشنیارانە دەکەم، ئەمەش بەو مەرجەی پەرەی بە وەسفەکەی [کریستیان] ڤۆن ئێهرێنفێل بدەم لەمەڕ کاریگەرییە زیانبەخشەکانی ئەحلاقیاتی سێکسواڵی "شارستانی"، ئەمەش لەڕێی ئاماژە کردن بە جێکەوتە گرنگەکەی ئەم ئەخلاقە لەسەر تەشەنەسەندنی نەخۆشییە عوسابییە(نیورۆسی) مۆدێرنەکان[1]». فرۆید لە ساڵى ١٩٠٨ ئەم بانگەشەیەى خۆى خستەڕوو, ئەویش ئەودەم کە تاڕادەیەکى زۆر سەرنجى خۆى لەسەر پاڵنەرە سێکسییەکان چڕکردبووەوە. لەم ساتەوە ململانێى نێوان ئەم پاڵنەرە [سێکسییانە] و خولیاکانى ئیگۆى بەدیکرد, چونکە "ئیگۆ" هەست بە هەڕەشە دەکات لەلایەن خواستى پاڵنەرە سێکسییەکانەوە و بەهۆى چەپاندنەوە دووریاندەخاتەوە[2]. گەرچى کەس ناتوانێت بەشێوەیەکى بنجبڕ بەسەر ئەم ململانێیەدا زاڵ ببێت, کەچى فرۆید وەک شتێکى قابیلى باشکردن دەیبینى, ئەوەى کە بوارى پێدەدا پاڵپشتى لە بەرنامەیەک بکات بۆ ڕیفۆرمکردنى سنوردارێتییەکانى چالاکیی سێکسى. ئەو بڕە کەمەى کە لە ئاستى کۆمەڵایەتییدا ئیگۆ لە پاڵنەرە سێکسییەکانى وەردەگرێت, کەمکەینەوە و سەرەنجامیش ڕەزامەندى(تێربوون)ـى ڕێژەیی سوبێکتەکانى ناو کۆمەڵگاش بەرەو باشتر ببەین.

ئەو دەمەى لە ساڵى ١٩٢٠, فرۆید پاڵنەرى مەرگى دۆزییەوە, ئیدى ئەم گەشبینییەى باسمانکرد, لەڕووى تیۆرییەوە گۆڕا بۆ شتێک کە چیدى قابیلى بەرگریکردن نەبوو و دواییش لە نوسینەکانى فرۆیددا ئاوابوو. لەکاتێکدا دۆزینەوەى نەست هزرى ئەوانیترى شڵەژاند, کەچى دۆزینەوەى پاڵنەرى مەرگ خۆى و شوێنکەوتەکانیشى شڵەژاند- ئەم شڵەژانەش لە ستایلى "لەودیو پرەنسیپى چێژەوە"دا خۆى زەقدەکاتەوە کە تایبەتمەندییەکانى بریتییە لە وەستان و پاشەکشە. فرۆید وێڕاى ئەوەى هەر بەردەوام بوو لەسەر وەرگرتنى پاڵنەرە سێکسییەکان و دوالیزمە دەروونییەکەشى وەک خۆى هێشتبووەوە(دیارە بەشێوەیەکى هەموارکراو), کەچى پاڵنەرى مەرگ یان دووبارەکردنەوەى ناچارى(ناچار بە دووبارەکردنەوە[3]) بە هێزى باڵادەستى پشت دەروونى مرۆڤ و کۆى کۆمەڵگاش دەبینێت. فرۆید پێى‌وایە پاڵنەرى مەرگ لە پاڵنەرە سێکسییەکانیش بەهێزترە, ڕێک هەروەکو پێشوو کە پاڵنەرە سێکسییەکانى بە بەهێزتر دەزانى لە پاڵنەرەکانى ئیگۆ. سەرەڕاى بەردەوامبوونى ئەم دوالیزمە, دۆزینەوەى پاڵنەرى مەرگ لەڕیشەوە توانستى فرۆید دەگۆڕێت لەهەمبەر ئەوەى ئیمکانى ڕیفۆرم یان هەر جۆرە گۆڕانێکى سیاسیی پێشکەوتنخوازانە قبوڵبکات. وەختێک پاڵنەرە سێکسییەکان لە بنکى هزرى فرۆیددا مانەوە, گۆڕانی پۆزەتیڤ وەک ئیمکانێک مایەوە، چونکە تێرنەبوون لە هەناوی پاڵنەرە سێکسییەکان خۆیاندا نەبووە. نەخۆشیی دەروونیى وەک عوساب(نیورۆسیس), لەڕێگەى ململانێى نێوان پاڵنەرە سێکسییەکان و ئەو هێزانەى ترەوە نەشونمادەکات کە دەکەونە بەرى ئیگۆوە(بەرجەستەکەرى ئەخلاقێکى سنوردارکەریش بووە کە کۆمەڵگا بەسەر سوبێکتدا سەپاندوویەتى). ئێمە تەنانەت گەر نەشتمانتوانیایە پاڵنەرە سێکسییەکان لە چەپاندنى ئیگۆ تەواو ئازادبکەین, ئەوا خۆ دەمانتوانى بارەکە سووککەین و ڕێژەیەک لە ئازادى بڕەخسێنین. ئا بەم شێوەیە, دەتوانین وێناى سیاسەتێکى فرۆیدى بکەین لەمەڕ ئازادیی سێکسى. ئەمە پرۆژەى هەریەکە لە بیرمەندە دەروونشیکارە چەپەکانى وەک ئۆتۆ گرۆس, ولیام ڕایش, و ئەریک فرۆمە کە بەتوندى ڕەخنەى کۆمەڵگاى سەرکوتکەر(چەپێنەر) دەکەن و جەخت لەسەر ئازادیی سێکسى دەکەنەوە.

بە لاى ئەم تیۆریستانەوە, فرۆیدى بەر لە دۆزینەوەى پاڵنەرى مەرگ, فرۆیدێکى سیاسییترە. گرۆس و ڕایش و فرۆم هەریەکە بەجیا پەرەى بە ڕوانگەیەک دا, بەڵام ڕایش و فرۆم چەمکى پاڵنەرى مەرگیان بە لادانێکى شووم لاى فرۆید دانا(گەرچى گرۆس لە ١٩٢٠ کۆچى دوایی کرد و گەر بشمایە بێگومان ناهاوڕابوونەکەى ئەوانى قبوڵکردبوو). هەریەکەیان هەوڵدەدەن دەروونشیکارى لەگەڵ فۆرمێکى مارکسیزم یان سۆسیالیزمدا گرێبدەن و بەهۆى ئەمەشەوە قەناعەت بە باوەڕى مارکس بێنن کە کۆمەڵگا دەتوانێت بەسەر ئەنتاگۆنیزمدا زاڵ ببێت و ئازادیی سێکسی‌یش لە هەناوى نەزمە کۆمەڵایەتییەکەدا مومکینە. چەپاندن(Repression), بۆ ئەم بیریارە دەروونشیکارانە تێچوونێکى ناچارى نیە لە هەقى ژیانە کۆمەڵایەتییەکەدا بیدەین, بەڵکو فاکتێکە بۆ ئەو شتەى کە ڕایش ناویدەنێت حوکمى دەسەڵاتگەر(ئۆتۆریتەدار).           

تەنانەت بەر لەوەش کە فرۆید پاڵنەرى مەرگ بورووژێنێت, پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد پاڵنەرى سێکسى بە نەرمونیانى ناجووڵێتەوە, بەڵکو لەجیاتیی ئەوە بەردەوام لە دژایەتیدایە لەگەڵ خۆیشیدا. ئەو تێڕوانینە دوالیستییەى کە بۆ پاڵنەرەکان هەیەتى-سەرەتا پاڵنەرى سێکسى و پاڵنەرى خۆپاراستن, پاشانیش پاڵنەرى ژیان و پاڵنەرى مەرگ- لەڕاستییدا تێگەیەکى دیالەکتیکییە کە تێیدا تاکە پاڵنەرێک ململانێیەکى ئەنتاگۆنیستى بەرهەمدێنێت.

چەپە دەروونشیکارەکان شتەکان بەم جۆرە نابینن. لەم ڕوانگەیەوە, پاڵنەرى سێکسى خۆى بۆخۆى تیاناچێت بەڵکو بەر هێزێکى دژ دەکەوێت: سنوردارکردنى کۆمەڵایەتى[ئەوەى کە کۆمەڵگا وەک بەربەستێک ناهێڵێت پاڵنەرى سێکس زۆر بەرەو پێش بچێت]. لەئاکامدا, پرۆژە سیاسییەکەى دەروونشیکارى ڕووندەبێتەوە: بەربەست و سنوردارییە سێکسییەکان لاببەن و لێگەڕێن با پاڵنەرى سێکسى ئازادانە وازیی خۆى بکات. ولیام ڕایش وردترین فۆرمولەبەندی بەرایی بەم سیاسەتە دەبەخشێت. ڕایش, چ وەک مارکسییەکى مولتەزیم و چ وەک دەروونشیکارێکیش, شۆڕشى پرۆلیتارى دەبەستێت بە ئازادیی سێکسییەوە. ڕایش لە ساڵى ١٩٢٧ سەرێکى لە یەکێتی سۆڤیەت دا و دیقەتى بەدیهاتنى ئەم پێکەوەبەستنەى دا, گەرچى دواتر سۆڤیەت پاشەکشەى لە ئازادیی سێکسى کرد و گەڕایەوە سەر ئایدۆلۆژیا کۆنەپارێزەکەى خێزان. گەر هاتو سوبێکت لە بەربەستە چەپێنەرەکانى بەردەم سێکسوالیتە ئازادکرا, ئیدى نەزمى کۆمەڵایەتى بواردەدات لیبیدۆ سرووشتییەکەى سوبێکت بپشکوێت. ململانێکە, وەکئەوەى ڕایشیش هەرواى دەبینێت, ململانێیەکى تەواو سادە و ڕاستەوڕاستە. حوکمێکى دەسەڵاتگەر کۆمەڵێک ڕێگرى و سنوردارى بەسەر سێکسوالیتە سرووشتییەکەدا دەسەپێنێت و ئەم ڕێگرییانەش دەبنەهۆى تێکچوونە عوسابییەکان, ئەوەى کە دەروونشیکارى چارەیدەکات. ڕایش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە فرۆید شکستیهێناوە لەوەى هەڵوێستێکى ڕەخنەیی بەرامبەر کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان بگرێتەبەر, پاشانیش لەسەر ئەو سنوردارییانەى کە بونیادە دەسەڵاتگەرە سەرکوتکارەکە خوڵقاندوویەتى, دێت لۆمەى قوربانییانى کۆمەڵگا دەکات[4].    

ئەریک فرۆمیش هەڵوێستێکى هاوشێوەى وەک ئەوەى ڕایش دەگرێتەبەر, گەرچى ڕاستەوخۆ ناچێتەپاڵ شۆڕشى کۆمۆنیستی. بەپێچەوانەى ڕایشەوە, فرۆم نوسخەیەک(ـى تایبەت) لە پاڵنەرى مەرگ پەسەنددەکات. بڕواى‌وایە دەکرێت پاڵنەرێکى وەک مەرگ بڕسکێت, بەڵام هیچ پێگەیەکى جودا و سەربەخۆى پێ‌نابەخشێت. پاڵنەرى مەرگ, کە پاڵنەرێکى بۆ وێرانکردنى خۆت و ئەوانیتر, لە چەپاندنى پاڵنەرى ژیانەوە سەردەردێنێت. ئەگەر ژیان سەرکەوتووانە خۆى بەیان‌بکات, ئەوا سوبێکت دژى خۆى هەڵناگەڕێتەوە و لەبرى ئەوە گەشە بە پەیوەندییە مەحەبەتئامێزەکانى دەدات لەگەڵ ئەوانیتر و خۆیشیدا. وێڕاى ئەم هەموار و دەسکارییەى ڕایش, پرۆژە سیاسییەکەى دەروونشیکارى هەر لەبنەڕەتەوە بۆ ڕایش و فرۆم یەک شتن. دەروونشیکارى لایەنگرى لە لیبیدۆ(وزەى سێکسى)ـى سرووشتى یان پاڵنەرى سێکسى دەکات و ئەرگۆمێنت بۆ ئازادبوونى ئەم وزە سێکسییە دێنێتەوە. لەجیاتیی ئەوەى ڕەخنەکەى دەروونشیکارى لە چەمکى چاکە قبوڵبکەن, ئەو کۆمەڵگایە بە کۆمەڵگایەکى چاک دەزانن کە سێکسى تیا ئازادکرابێت, کۆمەڵگایەک کە فیکرى دەروونشیکارانە و چارەسەرى دەروونى دەتوانێت کۆمەک بە بەرهەمهێنانى بکات. گەرچى هەریەکە لە گرۆس و ڕایش و فرۆم پەرە بە ڕەهەندە سیاسییەکەى دەروونشیکارى دەدەن, بەڵام وەک دەروونناسێکى پیشەیی و پراکتیکى لەم کارە دەنەون. ئەم سەرمایەگوزارییەى وان لە چارەى دەروونشیکارانەدا, دەستوپێیان دەگرێت لەوەى بتوانن تیۆرێکى سیاسى پێکەوە بنێن. ئەوان بە پلەى یەکەم دەروونشیکارن, دواتر وەک بیرمەندى سیاسى‌ دێن. پێکڕاش لێکدانەوەکەى فرۆیدى دوایین لەمەڕ پاڵنەرى مەرگ ڕەتدەکەنەوە, تەنانەت گەر وەک ڕێگرێکى پێویستیش بیبینێت بۆ ئەوەى خەباتى سیاسى ڕووبەڕووى ببێتەوە[5]. هێربەرت مارکۆزە, گوێ بە هیچکام لەم ڕێگرى و سنوردارییانە نادات. ئەو فەیلەسوف و تیۆریستێکى کەلتورییە کە کۆمەک لە دەروونشیکارى وەردەگرێت بۆ بیرکردنەوە لە گیروگرفتە سیاسییەکان, دەشزانێت پێویستدەکات هەموو پرۆژەیەکى سیاسى جێى پاڵنەرى مەرگ لە خۆیدا بکاتەوە. مارکۆزە لە کتێبى "ئیرۆس و شارستانییەت"دا, پێکەوەبەستنە تاقانەکەى خۆى لەمەڕ مارکس و فرۆید دەخاتەڕوو, واتە لە یەکێک لەو دوو هەوڵە گەورەى کە بۆ بنیاتنانى سیاسەتێک دراوە لەسەر بنەماى دەروونشیکارى. ئەمە هەر ئەو کتێبەیە وا ناونیشانێکى لاوەکییش هەیە بەناوى لێکۆڵینەوەیەکى فەلسەفى لەبارەى فرۆیدەوە[6].

مارکۆزە وێناى کۆمەڵگایەک دەکات کە کێماسى[7]ـى تیا نەهێڵرابێت, ئەویش تا جێیەک کە چیدى پێویستمان بە چەپاندنى پاڵنەرە سێکسییەکانمان یان با بڵێین ئیرۆس نەبێت. لەم چەشنە کۆمەڵگایەدا, پێویستبوون بە کار کۆتاییدێت و زاڵبوونى پرەنسیپى واقیع(یان با بڵێین دواخستنى تێربوون) جێى خۆى چۆڵدەکات بۆ بەرئاوەڵابوونى پرەنسیپى چێژ(یان تێربوونى ڕاستەوڕاست). گەرچى مارکۆزە دانى پیادەنێت تا ئەم قۆناغەى مێژوو, پێشکەوتن بڕى چەپاندنى زیادکردووە, بەڵام هەر خۆى بڕواى‌وایە کۆتایی کار-شۆڕشێکى سۆسیالیستیی پێویست بۆ ئەوەى ئەمە بێنێتەدى- دەبێتەهۆى ئاوەژووبوونەوەیەکى دیالەکتیکى کە پێشکەوتن کتوپڕ ئیرۆس ئازاددەکات وەک لەوەى بڕى چەپاندن زیادبکات. ئەم ڕوانینە دەرفەتمان دەداتێ وێناى دونیایەک بکەین کە هەتا مردنیش تێیدا ڕەهەندە تراومایی و شۆکهێنەکەى خۆى لەدەستدەدات چونکە سوبێکتە تاکەکان لەگەڵ ئەو کۆ کۆمەڵایەتییەدا[8] ئاشتدەبنەوە کە لەدواى وانیش هەر دەمێنێتەوە. مارکۆزە کاتێک ڕوئیاى خۆى بۆ داهاتوویەکى باشتر بنیاتدەنێت, ئەو پرەنسیپە لەبیرناکات کە پێچەوانەى ئیرۆسە- مەبەستم پاڵنەرى مەرگ یان ئەو شتەیە کە پێى‌دەڵێن تاناتۆس. مارکۆزە, تاناتۆس بە غەریزەیەکى شەڕەنگێزانە دادەنێت, غەریزەیەکى ڕووەو وێرانکردن کە بەپێچەوانەى ئیرۆسەوە داواى چەپاندن دەکات بۆ ئەوەى کۆمەڵگا ئیشبکات[9]. بەڵام خۆ ڕێیەکیش هەیە تا هێزى ئەم غەریزەیە کەمکرێتەوە: بەهۆى لابردنى چەپاندنەکەى سەر ئیرۆسەوە, کۆمەڵگا ئەو شەڕەنگێزییە کەمدەکاتەوە کە سوبێکتەکان ئەزموونیدەکەن چونکە زۆرینەى ئەم شەڕەنگێزییە لەو کاردانەوەیەوە درووستدەبێت کە بەڕووى تێرنەبوونى ئیرۆتیکی‌دا هەیە؛ گەرچى ئەم شەڕەنگێزییە بەتەواوەتى لەناوناچێت. وادەردەکەوێت کۆمەڵگا ئایدیاڵەکەى مارکۆزە دەروازەیەک دەکاتەوە بۆ دەرچوون لەو ئەنتاگۆنیزمەى کە لاى فرۆید بزوێنەرى پەیوەندیی نێوان سوبێکتى تاک و نەزمە کۆمەڵایەتییەکەیە. وێڕاى قەرز لە زاراوەکانى فرۆیدى دواتر, ئەم کارە بە جەختکردنەوە لەسەر ئازادکردنى پاڵنەرە سێکسییەکان ئەنجامدەدات, ئەویش بە شێوەیەک کە فرۆیدى یەکەم و فرۆیدییە چەپەکانیش بەرگریی لێ دەکەن.

بەڵام بەرنامەیەکى لەم جۆرە ناتوانێت ئایدیاکەى پاڵنەرى مەرگ بە هەموو هێزە تیۆرییەکەى خۆیەوە قبوڵبکات. مارکۆزە دان بە پاڵنەرى مەرگدا دەنێت تا ئەوە دەربخات کە چۆن دەشێت کۆمەڵگایەکى ئایدیاڵ دەسەڵاتى خۆى تەواو بچوک‌بکاتەوە, بەڵام هەبوونى پاڵنەرى مەرگ, بەرنامەیەکى سیاسیی لەم جۆرە تێکدەدات. فرۆید لە کۆتاییەکانى "شارستانییەت و ناکامییەکانى"یەوە دەڵێت: «...شەهامەتى ئەوەم نیە وەک پەیامبەرێک ڕووەو هاوتوخمەکانم خۆم دەربخەم, خۆیشم ڕادەستى ئەو سەرزەنشتە دەکەم کە ناتوانم هیچ سوکناییەکیان پێ ببەخشم...[10]». پاڵنەرى مەرگ, ئەگەرى ئەوەى کە لە فۆرمى بەرنامەیەکى سیاسیی تەقلیدىدا سوکناییەک بخەیتەڕوو لەناودەبات, چونکە ڕێگرێکى بنەڕەتى لەبەردەم پێشکەوتندا قوتدەکاتەوە. تا ڕادەیەکی وەها کە مارکۆزە لەسۆنگەی ئیلتیزامە سیاسییە مارکسییەکەیەوە ناتوانێت بەتەواوەتی بیناسێنێت.

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Sigmund Freud, “‘Civilized’ Sexual Morality and Modern Nervous Illness,” in Th e Standard Edition of the Complete Psychological Works of Sigmund Freud, vol. 9, trans. and ed. James Strachey (London: Hogarth Press, 1959), 204.

[2] igmund Freud, “Th e Psycho-analytic View of Psychogenic Disturbance of Vision,” in Th e Standard Edition of the Complete Psychological Works of Sigmund Freud, vol. 11, trans. and ed. James Strachey (London: Hogarth Press, 1957), 215.

[3] compulsion to repeat

[4] (Wilhelm Reich, Th e Sexual Revolution: Toward  a Self-Governing Character Structure, rev. ed., trans. Th eodore P.Wolfe [New York: Farrar, Straus and Giroux, 1945], 259).

[5] . لێرەدا ڤێرژنێکی پاڵنەری مەرگ لە هزری ئێریک فرۆمدا هەیە کە خۆی بە "مردووبازی" ناودێری دەکا، بەڵام "مردووبازی (نیکرۆفیلیا)" تەنیا لە شکستی "بایۆفیلیا" سەرچاوە دەگرێت. مردووبازی [لای فرۆم] پاڵنەرێکی سەربەخۆ نیە، وەکئەوەی پاڵنەری مەرگ لە هزری فرۆیددا پاڵنەرێکی سەربەخۆیە.

 

[6] . پوختەى پەراوێز: مارکۆزە ئەو واقیعبینییە تیۆرى و هاوکات پراکتیکییەشى تیایە کە بزانێت چەپاند خۆى بونیادە و ناتوانین بەتەواوى بیسڕینەوە, بەڵام ئەو کاتەى کە لەناو کۆمەڵگا و دۆخى ئەزموونى و مێژووییداین, چەپاندن لە زیادە زۆر پاتۆلۆژیک و نەۆخشخەرەکەى کەمکەینەوە. بە پشتبەستن بە فرۆیدى یەکەم, کە جیایە لە فرۆیدى دووەم و سەر بە پاڵنەرى مەرگ, شارستانییەت دەتوانێت بەرەو ئیرۆسى زیاتر بڕوات و خۆى لە کۆتە قورسەکانى زێدەچەپاندن(surplus repression) ڕزگاربکات-و

[7] Scarcity

[8] the social whole

[9] کورتکردنەوەی پاڵنەری مەرگ بۆ شەڕەنگێزی لەسەر دەستی مارکۆزە خۆی شتێکی تابڵێی بەربڵاوە لە سەراپای مێژووی هزری دەروونشیکارییدا، ڕاستییەکەی میلانی کلاین و شوێنکەوتووەکانی بە ڕێخۆشکەری سەرەکی ئەم کورتکردنەوەیە دادەنرێن. ژاک لاکان هەوەڵ کەس بوو ئەستۆی خۆی لەم شێوە هزرینە پاککردەوە و پاڵنەری مەرگی لە شەڕەنگێزی جیا کردەوە، بەجۆرێک ئەم پاڵنەرەی بە پارادایمی سەرلەبەری پاڵنەرەکانی دیکە دانا. لاکان لەجیاتیی جەختکردنەوە لەسەر وێرانکاریی شەڕەنگێزانە، بەگوێرەى جووڵەی بازنەیی دووبارەبوووەوە بیر لە پاڵنەری مەرگ دەکاتەوە.

[10] چاپى کوردى, ڕەهەند, ٢٠٢١,  ل١٣٦