A+    A-
(776) جار خوێندراوەتەوە

 

                    سیاسەت و دەروونشیکارى

                         (تۆ چاک نیت)

                             (٢)

 

 

 

تۆد مەک‌گوان

و. وەلید عومەر

 

 

 

 

ئەو ئاڵنگارییە گەورەى کە دەروونشیکارى دەیخاتە بەردەم سیاسەتى ڕزگارى-و خودى سیاسەت-, ڕەتکردنەوە ڕەهاکەیەتى بۆ چاکە یان کۆمەڵگاى چاک. ئەرستۆ لە دەروازەى سیاسەتەکەى خۆیدا, چاکە(the good) وەک ئامانجى بنچینەیی چالاکیی سیاسى وەسفدەکات, و ئەم ئامانجەش لە ماوەى ٢٥٠٠ ساڵدا وەک خۆى ماوەتەوە[1]. ئەرستۆ هەوڵنادات ئەم لێدوانە بنچینەییەى ناو تێزەکەى خۆى بسەلمێنێت, بەڵکو وەک حوکمێکى حاشاهەڵنەگرى ناو بیرکردنەوەى سیاسى وەریدەگرێت. پرسیارەکە بۆ بیرکەرەوە سیاسییەکانى دواتر, چیدى پەیوەندیی بە بانگەشەکەى ئەرستۆوە نامێنێت بۆ "چاکە", بەڵکو دەبەسترێتەوە بەوەوە کە چاکە لە چى پێکدێت. جۆرێک لە کۆڕایی دەرهەق بە شوێنکەوتنى چاکە هەیە لە سیاسەتدا, ئەویش نەک هەر لەناو تیۆریستە سیاسییەکاندا بەڵکو لاى هەموو ئەوانەشى کە تێکڕا بیر لە سیاسەت دەکەنەوە. وێڕاى ئەمەش, لەڕوانگەى دەروونشیکارییەوە, هیچ چاکەیەک [بە واتا کۆن و پەتییەکەى] لەئارادا نیە. کۆمەڵگاى باش(چاک) خۆى هەر ناڕەخسێت, نەک ئەوەى مەسەلەکە کۆمەڵێک ئارەزووى پێکناکۆک و کێبڕکێکارانەى تاکەکان بێت لە کۆمەڵگادا. ئەو تیۆرەى ململانێى کۆمەڵایەتى لەگەڵ پێکەوەهەڵکردنى ئارەزووە تاکەکەسییە کێبڕکێکارەکاندا بکاتە یەکێک, ئەوا ناتوانێت بەپێى پێویست وێناى سرووشتە ئەنتاگۆنیستییەکەى نەزمى کۆمەڵایەتى[2] بکات. ئەوە گرنگ نیە ئارەزووە فەردییەکان چەنێ لێک جیاوازن, دەتوانین وێناى ئەوە بکەین کە لەڕێى جۆرێک سازشەوە هەریەکەیان لەگەڵ ئەویتریان ئاشتدەکرێنەوە. بیرمەندێکى وەک جۆن ڕاوڵز دەتوانێت وێناى کۆمەڵگایەکى دادپەروەر بکات, بە چاوپۆشى لەوەى کە کۆمەڵگا لەسەر ئاستى تاک بەهۆى بێشومار ئارەزووى کێبڕکێکارانەوە دابەشبووە. دادپەروەرى لێرەدا بیرۆکەى ئینساف(fairness) لەخۆدەگرێت- ئەوەى مرۆ وێناى خۆى بۆ کۆمەڵگا بخاتەگەڕ لەڕێى ئەو شتەوە کە ڕاوڵز ناویدەنێت "پەردەى نەزانی(بێ‌ئاگایی)", ئەوەى کە بوار بە هەرکەس دەدات بڕیار لەبارەى عەدالەتەوە بدات بەبێ ئەوەى بەرژەوەندى یان ئارەزوو یانژى پێگەى کۆمەڵایەتیی خۆى لەبەرچاوبگرێت. ئەمە ڕێخۆشدەکات بۆ ئەوەى کە پاساوى نایەکسانى لە کۆمەڵگایەکى باشدا بدرێتەوە و سەرەنجامیش ئارەزووە ناکۆک و کێبڕکێکارەکانى هەرکەس لەگەڵ ئەویتر بسازێنرێت. بەڵام ئەوەى ڕێگرە لەبەردەم درووستبوونى کۆمەڵگایەکى باش‌دا, شتێکە لەمە قووڵتر دەڕوات. ئەمە هەر لەو ئایدیاى "چاکە"یەوە سەرچاوەدەگرێت کە فرۆید لەبنڕا بە دژى خۆى [واتە ماهیەتە پێکناکۆکەی چاکە خۆی] سەیریدەکات. گرفتەکە لە "چاکە" خۆیدایە, نەک ئەوەى ئێمە دەستمان پێى نەگات. ئەمە ئەو تێڕوانینە سیاسییە بنەڕەتییەیە کە دەروونشیکارى دەیخاتە سەر مێز(ـى گفتوگۆ). ئەمەش ئەو یەکتابازی(تەحەدا)یەیە کە دەیخاتە بەردەم سیاسەتى ڕزگاریخوازانە و بنکى پرۆژە زیمنییەکەشى لەمەڕ ڕزگارى. ئێمە تا لە ئایدیاڵى کۆمەڵگایەکى باش نزیکبینەوە, هاوکات لەو پووچى و بەتاڵییەش نزیکدەبینەوە کە لە هەناوى ئایدیاڵەکەدا نوستووە. چەمکى "چاکە" تەنیا لە بەڵگاندنى ئەخلاقى و خەمڵاندنى تیۆرییەوە دەربارەى ڕێکخستنى کۆمەڵگا نایەتەبوون. ئێمە تەنیا لەڕێى ئەزموونکردنى قەدەغەکەیەوە دەتوانین پەرە بەم چەمکە بدەین. یان با بڵێین, قەدەغەبوونى "چاکە" ڕێگرێک بۆ ئایدیاڵێک درووستناکات کە پێشتر هەبووبێت, بەڵکو خودی ئایدیاڵەکە درووستدەکات. چاکە, لە دەرەوەى ئەو بەربەستانەوە بوونى نیە کە ئێمە بۆ بەدیهێنانى پێکەوەىدەنێین. وەک ئەوەى ژاک لاکانیش لە یەکێک لە گرنگترین دەربڕینە سیاسییەکانى خۆیدا ئاماژەى بۆ دەکات:

 «ئەو هەنگاوەى کە لە ئاستى "پرەنسیپى چێژ"دا لەلایەن فرۆیدەوە نراوە ئەوەیە کە پیشانمانبدات هیچ چاکەیەکى باڵادەست بوونى نیە- چاکەى باڵادەست بریتییە لە شت(das Ding), واتە دایک, ئۆبێکتى زیناى مەحرەم, چاکەیەکى قەدەغەکراو, لەوە بترازێت چاکەیەکى تر بوونى نیە. ئەمە کۆڵەکەى ئەو یاسا ئەخلاقییەشە وا فرۆید هێنایەئاراوە[3]».

لینکە بنەڕەتییەکەى نێوان چاکە و قەدەغە, وا دەکات هەوڵی گەیشتن پێی, هەردەم دژیەک و ناکۆک بێت. هەر هەنگاوێک لە چاکە نزیکبینەوە, بە هەمان شێوە هەنگاوێکیش لێى دووردەکەوینەوە. تا لێى نزیکتربینەوە, ئەو سەقامگیرییە کۆمەڵایەتییە لاوازدەکەین کە هیوامان دەخواست پێى‌بگەین. ئەمە نەک هەر بەنیسبەت پرۆژە یۆتۆپییە سۆسیالیستییە شکستخواردووەکانەوە ڕوودەدات, بەڵکو سەبارەت بە هەموو تایپەکانى بونیادە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕاست‌دەردەچێت. بە لاى دەروونشیکارىیەوە, چاکە تەنیا ئایدیاڵێکى بەدینەهاتوو نیە, بەڵکو فریوێکە ناتوانێت سیاسەتێکى یەکانگیر و جێگیر ئاراستەبکات. ئەم ڕەخنەیە بیرۆکەى هەر پرۆژەیەکى سیاسى سستدەکات, چونکە تیۆریستە سیاسییەکان لەو پێناوەدا دەنوسن شتێک بگۆڕن, ئەوەى کە کۆمەڵگا بەرەو چاکە ببرێت(هەتا گەر بێتو خۆیشیان دانى پیابنێن کە ئایدیاڵەکە خۆى نایەتەدى). وادیارە تیۆریستانى کۆنزەرڤاتیڤ بەر ئەم ڕەخنەیە ناکەون, بەڵام هەر ئەوانن وێناى گەڕانەوەیەک دەکەن بۆ "چاکە", یاخود وێناى ئەفراندنى سەقامگیرییەکى کۆمەڵایەتى دەکەن کە بەشاراوەیی ڕیشەى دەچێتەوە سەر چاکە. تیۆریستە سیاسییەکان لە هەموو بوارەکاندا دەنوسن تاکو دونیا بگۆڕن و کۆمەک بە پێشکەوتنى دونیا بکەن(یان بیگەڕێننەوە بۆ دۆخێکى باشتر لەوەى کە هەیە), لەکاتێکدا دەروونشیکارى دونیا تەفسیردەکات و ئەو دووبارەبوونەوە[4]یە لەو جێیەدا ئاشکرادەکات کە وادەردەکەوێت بەرەوپێشچوونە. [بە دەربڕینێکى تر, دەروونشیکارى ئەو بونیادە دووبارانە هەڵدەماڵێت کە زۆرجار پێمانوایە تازەیی تەواوەتییە و جۆرێک لە بەرەوپێشچوون لەئارادایە].

هەر لەبەر ئەم هۆیەش, ژولیا کریستیڤا ئەو پرۆژە سیاسییەى هەناوى دەروونشیکارى تیۆریزەدەکات کە یەکێکە لە یاخیبوونە هەمیشەییەکان. لەبرى ئەوەشى بەرنامەیەکى پۆزەتیڤ و [ئەزموونکراو] ڕۆبنێت, دەروونشیکارى هەروەکو ئەدەبیاتى مۆدێرنیستى, تەنیا وەک نەفیکردنى شوناس و دەسەڵات بوونى هەیە. ئەو لە کتێبى "مانا و بێ‌مانایی یاخیبوون"دا باسى ئەوە دەکات کە: «پێدەچێت دەروونشیکارى لەلایەکەوە و هەندێک ئەدەبیاتى دیاریکراویش لەلایەکى ترەوە, لە نمونەکانى کەلتورى یاخیبوون بن[5]». لە ڕوانگەى کریستیڤاوە, دەروونشیکارى کایەیەکى سەرتاپا سیاسییە تا ئەو جێیەى کە داواى یاخیبوون دەکات, بەڵام ئەم یاخیبوون(revolt)ـە قەت سەرناکێشێت بۆ شۆڕش(revolution). یاخیبوونى دەروونشیکارانە, مەحکومە بەوەى یاخیبوون بێت دژ بەو بونیادە باڵادەستانەی دژ بە هەندێ لە بونیادە باڵادەستەکانی دەسەڵات و هەمیشەش هەر بەرهەڵستییان بەرامبەر دەنوێنێت. کریستیڤا, فیکرى دەروونشیکارانە وەک نزگەرەیەک دەبینێت لە قوڕگى هەژموونى عەقڵانیەتى زانستى و پێشکەوتندا. [چونکە ناهێڵێت بەتەواوى بگەنە خەونە ساف و خۆشەکانى خۆیان کە خۆیشى هەر فەنتازیایەکە و هیچى تر]. هەر هەوڵێک بۆ هێنانەئاراى سیاسەتێکى دەروونشیکارانەى پۆزەتیڤ [و ئەزموونکراو], ئیدى ڕۆڵى وى وەک بەشێکى گرنگى کەلتورى یاخیبوون لەباردەبات. ڕەتکردنەوەکەی کریستیڤا بۆ ڕەخسانی سیاسەتێکی دەروونشیکارانەی پۆزەتیڤ و [ئەزموونکراو]، ناتوانێت درک بەو بەرنامە پۆزەتیڤە  ژێرەوانکێیە بکات وا  لە هەناوی هەموو یاخیبوونێکدا هەیە. کاتێک یەکێک یاخیدەبێت, پشت‌دەبەستێت بەو سیستەمەى کە یاخیبووە لێى و سەقامگیرییشى بۆ دابیندەکات. ئەمە دەرهەق بە سیستەمى سەرمایەدارى لە هەر شتێکى تر ڕاستتر دەردەچێت, سیستەمێک کە فۆرمەکانى یاخیبوون تێیدا وەک هەناسەدان بۆ ژیان گرنگە. گەر دەروونشیکارى جگە لە یاخیبوون هیچى تر نەبێت, ئەوا لەڕووى سیاسییەوە پووچ و بێهودەیە. [گرنگە سەرنج لەوە بدرێت یاخیبوون (revolt) و شۆڕش(revolution) لەم دیدەوە لێک جیان؛ بەجۆرێک یاخیبوون وەک نەفییەکی ڕووت دەردەکەوێت، لەکاتێکدا شۆڕش جۆرێک ئیمکانی پۆزەتیڤ و ئەرێنیش تەرح دەکات. بۆیە یاخیبوونی دەروونشیکاری، بە مانا کریستیڤاییەکەی، شۆڕش نیە...]. بەڵام هێشتاش هەر کریستیڤا بەدرووستى ئەو دوژمنایەتییە بەڕواڵەت زاتییەى ناو دەروونشیکارى دەستنیشاندەکات دەرهەق بە گۆڕانکاریی پێشکەوتنخوازانە. لەجیاتیی دەستگیرۆیی ئەم پرۆسەیە, دەروونشیکارى چرکەساتەکانى پچڕان و هەڵپەساردنى [گۆڕانکارى] زەقدەکاتەوە.

ئەم هەڵوێستە, ڕاستەوخۆ دەروونشیکارى دەکاتە دژبەرى مارکسیزم کە ئەمیان جەخت لەسەر رۆڵی سەنتراڵی پراکسیس دەکاتەوە. تیۆریزەکەى مارکس دەچێتە خزمەتى گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییەوە, هەر پرۆژەیەکى سیاسییش بگریت بە سرووشتى خۆى پشکێک لەم ئامانجەى مارکسیزمى بەردەکەوێت. ئەوەى مارکس و فرۆید وەک بیرمەند لەوانیتر جیادەکاتەوە, تێگەیشتنیانە بۆ ئەنتاگۆنیزمى کۆمەڵایەتى. [ئەنتاگۆنیزم واتە دژایەتییەکى هەرەبنچینەیی لەنێوان دوو پێگە و شوناسى کۆمەڵایەتییدا کە زۆرجار مەحاڵێک دەکەوێتە نێوانیان]. ئەویش لەو جێیەدا کە فرۆید ئەنتاگۆنیزم لە ئازارى لەڕادەبەدەرى سوبێکتى تاکدا دەبینێتەوە و مارکسیش لە ململانێى چینایەتی‌دا دەیبینێت. سەربارى ئەو جیاوازییەى کە ئەوان لە بابەتى سەرنجدانەکەدا هەیانە, هەردووک بڕوایان بە پێگەى بنەڕەتیی ئەنتاگۆنیزمەکە هەیە؛ کە هەر ئەمەش لە بیرمەندانى سیاسیی وەک(جۆن ستیوارت میڵ و جۆن ڕاوڵز) جیایاندەکاتەوە کە نەزمى کۆمەڵایەتى وەک کۆیەک(پاکێجێک) دەبینن کە بەهۆى ململانێوە دابەشدەبێت نەک لە ئەنجامى ئەنتاگۆنیزمێکى بنەڕەتییەوە. خۆ دەتوانین ململانێکان لەڕێگەى نێوانگرى و دانوستانەوە حەلبکەین, بەڵام ئەنتاگۆنیزم هەڵگرى مەحاڵێتییەکى حەلکردنە. [واتە گەر ململانێ لەڕێى دانوستانى مرۆڤ و مرۆڤ و گرووپ و گرووپەوە چارە ببێت و سازشى تیا بەکاربێت, ئەوا ئەنتاگۆنیزم پێگەیەکى بەجۆرێک ئۆنتۆلۆژیی هەیە و لە ویستى تاکەکان و گرووپەکان بەدەر و جۆرێکە لە نەسازانى بنچینەیی. مەحاڵ و مەحاڵێتییەک لەبەردەم حەلکردنەکەدا هەیە کە وادەکات فۆرمێکى تایبەت لە هەڵکردن بخوڵقێنرێت]. جا ئەنتاگۆنیزم هەر دوو پێگەى دژبەیەک ناگرێتەوە-بۆنمونە پیگەى بۆرژوا و پرۆلیتار-, بەڵکو دژیەکى بە شتێکى ناوەکیى هەر پێگەیەک دەزانێت. ئەو ئایدیایەى کە هەر پێگەیەک لەناوەوە دژى خۆیەتى ئەو شتەیە وا بیریارە سیاسییە لیبراڵەکان ناتوانن قبوڵى‌بکەن(هەڵبەت گەر بیانەوێت وەک بیریارى سیاسیی لیبراڵ بمێننەوە). ئەوان کە کۆمەڵگا وەک کۆیەک دەبینن, هەر ئەوانیش پێگەیەکى پڕململانێ لە هەناوى کۆمەڵگادا وەک شتێکى یەکپارچە و هاوشوناس لەگەڵ پێگەکە خۆیدا دەبینن. شتەکە بۆ مارکس و فرۆید بەم جۆرە نیە. لاى مارکس, ململانێى نێوان بۆرژوا و پرۆلیتار لە هەمان کاتدا ئاماژەیە بۆ ململانێى ناوەکیی بۆرژوازىیش لەگەڵ خۆیدا. لەڕاستییدا, بۆرژوازى, پرۆلیتاریا هەر لەناو خۆیەوە بەرهەمدێنێت, ئەویش لەڕێگەى ناکۆکییەکانى ناو شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارییەوە. لاى فرۆید, ململانێى نێوان تاک و نەزمى کۆمەڵایەتى, هەر ململانێى ناو تاکەکە و ململانێیەکى ناوەکیی نەزمە کۆمەڵایەتییەکەشە. هەتا ئەو کۆمەڵگایانەشى کە چەمکى تاکیان تیا نەپشکوتووە, ئەوا هەر دەبێت هەژمار لەسەر ئەم ئەنتاگۆنیزمە گشتى و گەردوونییە بکەن. واتە گەرەکە تێکۆشن بەردەوامیی نەزمە کۆمەڵایەتییەکە لەگەڵ هاتنەناوەوەى سوبێکتە تازەکاندا بگونجێنن بۆ ناو ئەو نەزمە. خۆ ڕەنگە تاکەکەس ئایدیایەکى خۆرئاوایی بێت, بەڵام ئەو ئەنتاگۆنیزمە کۆمەڵایەتییەى لە ئەنجامى داخڵبوونى سوبێکتەوە بۆ ناو نەزمە کۆمەڵایەتییەکە درووستبووە, بەم شێوەیە نیە [چونکە گەردوونییە]. ئەو ڕێسایانەى هاوسەرگیرى کە کلۆد لیڤى-شتراوس لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا دۆزییەوە, بەڵگەیەکە بۆ ئەم ئەنتاگۆنیزمە گشتى و گەردوونییە[6]. تاک وەک بوونێکى جودا سەرهەڵدەدات, چونکە نەزمە کۆمەڵایەتییەکە ناتوانێت بەبێ بەرهەمهێنانى پاشماوە(remainder)یەک خۆى بەرهەمبێنێتەوە, هەتا گەر بێتو ئەم پاشماوەیە لەو فۆرمەى تاکیش نەچێت کە ئاشنایە بە دونیاى خۆرئاوایی.

ئایدیاى ئەنتاگۆنیزم دەرفەت دەبەخشێتە مارکس و فرۆید تاکو ڕەخنە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکانى خۆیان بنوسنەوە. دەرفەتیان پێ دەدات ئەوە ببینن کە چۆنچۆنى پرۆلیتار یان تاکەکەس لەسەر چەوسانەوەى خۆیان سەرمایەگوزارى لەسەر خۆیشیان دەکەن, یان ئەوەى کە چۆن بۆرژوازى یا نەزمى کۆمەڵایەتى بەشدارى لە لەناوبردنى خۆیدا دەکات. ئەنتاگۆنیزم, هەم فاکتەرى پشت نەجووڵانى کۆمەڵایەتییە و هەم ئیمکانێکیشە بۆ گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە. بە لاى مارکس و فرۆیدەوە, پێویستە ڕاڤەولێکدانەوە[7], پرسى ئەنتاگۆنیزم بکاتە خاڵى دەسپێکى خۆى؛ گەرچى دواجار مارکس ئەگەرى زاڵبوون بەسەر ئەنتاگۆنیزدا لەوەدا دەبینێتەوە کە پرۆلیتاریا سەربکەوێت و سەرەنجامیش ململانێى چینایەتى دواییدێت.

مارکس, وێناى کۆمەڵگایەکى دەکرد کە لەجیاتیی کەڵەکەکردنى سەرمایە, بەرهەمهێنان دەچێتە خزمەتى چاکەى گشتییەوە(کۆمەڵگا), گۆڕانکارییەک کە کە بوارى بە بەرهەمهێنان دەدا بەشێوەیەکى بێ‌سنور گەشەبکات. بەپێى مارکس خۆى لە هەناوى شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارى=:

ڕێگرە ڕاستەقینەکەى بەردەم بەرهەمهێنانى سەرمایەدارى, خودى سەرمایەیە. ئەوەى کە سەرمایە و بەهاى خۆئافرێنى‌یەتى کە وەک خاڵى دەسپێک و کۆتایی, وەک مۆتیڤ و مەبەستى بەرهەمهێنان دەردەکەوێت. بەرهەمهێنان تەنیا بەرهەمهێنانە بۆ سەرمایە, لەجیاتیی ئەوەى بەپێچەوانەوە کە ئامرازەکانى بەرهەمهێنان تەنیا ئامرازێک بن بۆ نەخشەهێڵى هەردەم کشاوى پرۆسەى ژیانى کۆمەڵى بەرهەمهێنەران...ئەم ئامرازانە-گەشەى بێ‌جڵەوى هێزە کۆمەڵایەتییەکانى بەرهەمهێنان-دەکەوێتە ململانێیەکى نەگۆڕەوە بە ئامانجى سنوردارى بەهاى خۆئافرێنى سەرمایەى هەبوو. بۆیە گەر شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارى, ئامرازێکى مێژوویی بێت بۆ گەشەى هێزە ماتریاڵییەکانى بەرهەمهێنان و ئەفراندنى بازاڕێکى جیهانیی هاوشان بەو, ئەوا هاوکات ناکۆکى(هەڤدژى)یەکى بەردەوامە لەنێوان ئەم ئەرکە مێژووییە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى بەرهەمهێنانى هاوشان بەودا[8].

   ئا لەم ڕەخنەیەى شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارىدا, بیرۆکەى کۆمەڵگایەکمان هەیە کە چیدى ئامراز(mean) و ئامانج(End) دژى یەکدى ناوەستنەوە. بە لاى مارکسەوە, «گەشەى بێ‌سنورى هێزە کۆمەڵایەتییەکانى بەرهەمهێنان»-کۆمەڵگایەکى بێ‌ئەنتاگۆنیزم- ئیمکانێکى ڕاستەقینەى مێژوویی دەنوێنێتەوە. ئەمەش هەر ئەو ئیمکانەیە وا فرۆید ڕەتیدەکاتەوە چونکە ئەنتاگۆنیزم بە پێکهێنەرى خودى بونیادە کۆمەڵایەتییە دەزانێت.

                           

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:

 


[1] Aristotle, Politics, trans. B. Jowett , in Th e Complete Works of Aristotle, ed. Jonathan Barnes (Princeton nj: Princeton University Press, 1984), 2:1986–2129. 8. See John Rawls, A Th eory of Justice, rev. ed. (Cambridge ma: Harvard University Press, 1999).

[2] social order

[3] Jacques Lacan, Th e Seminar of Jacques Lacan, Book VII: Th e Ethics of Psychoanalysis, 1959–1960, trans. Dennis Porter (New York: Norton, 1992), 70.

[4] Repetition

[5] Julia Kristeva, Th e Sense and Non-sense of Revolt: Th e Powers and Limits of Psychoanalysis, trans. Jeanine Herman (New York: Columbia University Press, 2000), 29...

[6] Claude Lévi-Strauss, Th e Elementary Structures of Kinship, trans. James Harle Bell, John Richard von Sturmer, and Rodney Needham (Boston: Beacon Press, 1969).

[7] Interpretation

[8] Karl Marx, Capital: A Critique of Political Economy, Volume Th ree, trans. David Fernbach (New York: Penguin, 1981), 358–59.