A+    A-
(933) جار خوێندراوەتەوە

                       سیاسەت و دەروونشیکارى

                     (سیاسەتى تیۆرێکى ناسیاسى)

                              (١)

 

 

 

 

تۆد مەک‌گوان

و. وەلید عومەر

 

 

ئەمەى لە خوارەوە دێت, تەوەرى یەکەمە لە پێشەکیی کتێبى «چێژوەرگرتن لەوەى کە نیمانە»(Enjoying What We Don’t Have) کە تۆد مەک‌گوان ساڵى ٢٠١٣ بڵاویکردووەتەوە. مەک‌گوان(١٩٦٧-...), نوسەرێکى چەپى ئەمریکییە کە کاریگەرە بە دەروونشیکارى. مەک‌گوان زنجیرەیەک کتێبى نوسیوە وەک: «سەرمایەدارى و ئارەزوو», «ڕزگارى لەپاش هیگڵ», «نیگاى سەر بە ڕیاڵ», «ئاخۆ فەلسەفە دەتوانێت خۆشەویستى‌بکات؟». ئەو لەسەر سینەما و تیۆرى فیلمیش کاردەکات و تێکڕاش گەڕانەوەى تیۆریی بەردەوامى هەیە بۆ نەریتى فرۆیدى-لاکانى و دواتریش بیرمەندەکانى وەک سلاڤۆى ژیژەک و ئالان بادیۆ و هتد. ناوەڕۆکى کتێبى "چێژوەرگرتن لەوەى کە نیمانە", بیرکردنەوەیە لە سیاسەتى دەروونشیکارى. ئەوەى کە دەروونشیکارى دەتوانێت چ جۆرە تێڕوانینێکى بۆ سیاسەت هەبێت. کتێبەکە ژمارەیەکى زۆر چەمک دەخاتەگەڕ بۆ پشکنینى پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ڕزگارى و واقیعى دەروونیی مرۆڤ. چەمکى پاڵنەرى مەرگ, لەم کتێبە و زۆربەى تەوەرەکانیدا ئامادەیە و چەشنى "نەفی"یەک لەناو ژیانى مرۆڤدا کارى خۆى دەکات. سیاسەتى دەروونشیکارى, سیاسەتێکى تەواو گەشبینانە و یۆتۆپى نیە, بەڵکو لەسەر بنەماى کۆمەڵێک ڕاستیی مرۆیی بنیاتدەنرێت کە لە هەر جۆرە فۆرمێکى کۆمەڵگادا لە ڕابردوو و داهاتووشدا ناچارین هەژمارى لەسەر بکەین. هاوکات ڕەتکردنەوەیەکى ناچالاکانەى سیاسەتیش نیە, بەڵکو وەرگرتنێتى پاش هەموو ڕاستى و دۆزینەوەکانى فرۆید.هەر لەڕێى پاڵنەرى مەرگیشەوەیە, وەک سەرەکییترین پاڵنەر لە ژیانى مرۆڤدا, کە دەتوانین ئارەزوومان بە ژیان و ئیرۆسەوە ڕێکبخەین. مارکسیزم کە نەریتێکە و تەواو پێداگرى لەسەر مێژووییبوون دەکات, کەچى دەروونشیکارى لەپشت هەموو پرۆسە مێژووییەکانەوە جەخت لەسەر ڕەهەندێکى نامێژوویی دەکاتەوە کە ملکەچى کات نابێت و جۆرێک لە جەبرى دەروونى و کۆمەڵایەتییە لە مرۆڤدا(چەمکەکانى وەک نەست, پاڵنەر, هتد سەرە-ئەرگۆمێنتن بۆ ئەم حوکمە). پێشەکییەکە لە شەش بەشدا بڵاودەکەینەوە[1].

(وەرگێڕ)

ـــــــــــــــــــــ

 

 

دەروونشیکارى, لە سوبێکتە تاکەکان و کۆژانی وان‌ەوە دەستپێدەکات. ڕێ بە سوبێکتە مرۆییەکان دەدات لە دانیشتنى شیکاری‌دا, ئازادانە بدوێن و خۆیشى دەستێوەردانێکى تەفسیری[2]، لەم ئاخاوتنەدا دەنوێنێت. ئامانجى دەروونشیکارى ئەوەیە ئەو لاوازییە کەمبکاتەوە کە تێکچوونى دەروونى[3] دەیخاتە ژیانی سوبێکتەوە. بەپێچەوانەوەى مارکسیزمەوە, کە هەوڵدەدات دەردى مرۆڤ تیماربکات, دەروونشیکارى هیچ بەرنامەیەکى سیاسیی دیاریکراوى بۆ کەمکردنەوەى بەدبەختى نیە, ئەو بەدبەختییەى کە فرۆید و شوێنکەوتووانى لە نەخۆشەکانى خۆیاندا دەیاندۆزییەوە. شتێکمان نیە بەناوى شۆڕشى نەخۆشەکانەوە[4] کە هاوتاى شۆڕشى پرۆلیتاریا بێت [لە مارکسیزمدا]. فرۆید هەرکە لێدوانێکى سیاسی دەدات, ئیدى لێدوانەکان بە بارى نەرێنى‌دا دەشکێنەوە, و شک و گومانەکانى لە هەموو ئەو بەرنامانە دەردەکەوێت کە بۆ باشبوونى کۆمەڵگا داڕێژراون. بەڵام خاڵى جێ‌مشتومڕى من ئەوەیە کە پرۆژەیەکى سیاسی لە هەناوى تیۆرى دەروونشیکارى‌دا هەیە کە دەکرێت پیادەبکرێت, و دەشکرێت ڕێخۆشکەر بێت بۆ سیاسەتی ڕزگاریی پاش کۆتاییهاتنی مارکسیزم لە سەدەی بیستەم یان پاش نسکۆی مارکسیزم. هەندێک خاڵ هەن سیاسەتى دەروونشیکارانەى تیا لە مارکسیزم نزیکدەبێتەوە, بەڵام ئەڵتەرناتیڤێکى ڕاستەقینەش دەخاتەڕوو کە ئەو فەزڵەى هەیە بتوانێت شکستەکانى ئەمەى دووەمیان [واتە هى سیاسەتى مارکسى] ڕوونبکاتەوە. ئیشى ئەم کتێبە دەرخستنى هێڵە سنورییەکانى ئەم پرۆژە سیاسییەیە, ئەوەى کە سەربارى زۆر هەوڵ بۆ پیادەکردنى فیکرى دەروونشیکارانە لە سیاسەتدا, کەچى شتەکە گەشەى تەواوەتیی نەبڕیوە.

بەپێچەوانەى زۆرێک لە فۆرمولەکانى پێشووى سیاسەتى دەروونشیکارییەوە, ئەوەى لەم کتێبەدا وەک خاڵى دەسپێک وەردەگیرێت فرۆیدە سەرەتاییەکەى سەر بە پاڵنەرى سێکسى نیە بەڵکو فرۆیدەکەى دواترى سەر بە پاڵنەرى مەرگە[5](پەرەسەندنیشى لە فیکرى ژاک لاکان و شوێنکەوتەکانیدا). من بەئاشکرا هەموو ئەو بیرکردنەوە دەرونشیکارییانە پشتگوێدەخەم کە لە فرۆید و تەفسیرە تایبەتەکەى وى دەربارەى پاڵنەرى مەرگ لادەدەن. واتە ناوە پرشنگدارەکانى دەروونشیکارى لە چەشنى ئالفرێد ئەدلەر, کارل یۆنگ, میلانى کلاین, دۆناڵد وینیکات, ویلفرێد بیۆن, و تەنانەت کچەکەى فرۆید خۆیشى(ئانا فرۆید),  هیچ ڕۆڵێک لەم تەفسیرەدا ناگێڕن سەبارەت بە پرۆژە سیاسییەکەى دەروونشیکاری. پاڵنەرى مەرگ لەڕووى مێژووییەوە, هەروەکو ڕێگرێکى گەورە وابووە بۆ سیاسەتى دەروونشیکارى, چونکە خۆ-وێرانکردن لەخۆدەگرێت. وادەکات بەشێوەیەکى ناخودئاگایانە دژى باشبوونى کۆمەڵایەتى بجووڵێینەوە. هەر لەبەر ئەمەشە پاش دۆزینەوەى ئەم چەمکە لە ساڵى ١٩٢٠, فرۆید وەک بیریارێک تادێت ڕەشبین و ڕەشبینتر دەبێت. بەڵام پاڵنەرى مەرگ وەکچۆن دەبێتەهۆى خۆلەناوبردنمان, وەک سەرچاوەى چێژوەرگرتنیشمان کاردەکات, بەهۆى گواستنەوەى پانتایی سیاسەتى ڕزگاریخوازانەشەوە بۆ پانتایی چێژ[6], دەروونشیکارى شتێکمان پێشکەشدەکات کە بەرنامە سیاسییەکەى مارکسیزم نەیتوانى بیکات. سیاسەتى دەروونشیکارى لەدواى مارکسیزم, پرۆژەیەکى ڕزگاریخوازانەیە کە لەسەر ئەو چێژە خۆقوربانیکەر[7]ـە بنیاتنراوە وا دەکەوێتە ناو پاڵنەرى مەرگەوە. مارکسیزم دەتوانێت خۆقوربانیکردن وەک زەروورەتێک لەپێناوى چێژى داهاتوودا تیۆریزەبکات, بەڵام ناتوانێت لە قوربانیکردن تێبگات وەک ئامانجێک لەخودى خۆیدا[8], وەک چاوگى چێژوەرگرتن. ئەمەش گوزارشت لە سنوردارى و کورتهێنانێکى بنەڕەتى دەکات. هەوڵدان بۆ بەستنەوەى دەروونشیکارى و بەرنامەیەکى سیاسى, هەوڵێک بووە هەر لە سەردەمى دۆزینەوەى نەست(ناخودئاگا)ـەوە لەلایەن فرۆیدەوە, لاى هەردوولا هەبووە. بیرمەندە مارکسییەکانى چەشنى تیۆدۆر ئەدۆرنۆ و لویی ئاڵتۆسێر, ڕوویانکردە دەروونشیکارى بۆ ئەوەى مارکسیزمى پێ کامڵ بکەن, ئەویش لەڕێى تەرزێکى بیرکردنەوەوە کە ئاوڕى لە ئاڵۆزییەکانى پرسى سوبێکتیڤیتە(سەبجێکتیڤیتى-subjectivity) دەدایەوە. لەکاتێکدا بیرمەندە دەروونشیکارەکانى وەک ئەریک فرۆم و ولیام ڕایش, ڕوویانکردە مارکسیزم, ئەویش وەک ڕێگایەک بۆ بەخشینى بایەخێکى کۆمەڵایەتى/مێژوویی بە تێگەیشتنەکەى خۆیان سەبارەت بەو ئازارەى کە لە پراکتیکى دەروونشیکارانەدا کەشفیانکردبوو. ئەمڕۆ ئەم یەکتربڕینە, فیکرى زۆرێک لە دەنگە کاریگەرەکانى ناو فیکرى سیاسیی هاوچەرخ زیندوودەکاتەوە: دەنگەکانى وەک ئالان بادیۆ, ئیتین بالیبار, ئێرنیستۆ لاکلاو, شانتاڵ مۆفە, ژاک ڕانسێر, و هەروا بێتەوە سلاڤۆى ژیژەک و هتد. بەڵام پەیوەندیی نێوان تیۆرى دەروونشیکارى و سیاسەت خۆى لەو دابڕانە بنەڕەتییە قوتارنەکرد کە گیانى بە بەردا دەکاتەوە. شتێک لە بیرکردنەوەى دەروونشیکارانەدا هەیە کە بە زاتى خۆى بەرهەڵستى دەنوێنێت بەڕووى هەر بەرنامەیەکدا کە بیەوێت "چاکەى گشتى" بکاتە ئامانجى خۆى و دەستى بەسەردا بگرێت. جا لەجیاتیی یارمەتیدانى بەرنامەیەکى لەم جۆرە, بەزۆرى بەڵگەیەکى حەتمییە لەسەر هۆکارەکانى شکستهێنانى. هەوڵدان بۆ درووستکردنى پەیوەندییەکى سیاسى بە دیدگا دەرونشیکارییەکانەوە, وەک شتێکى نائومێدکەرانە دەردەکەوێت, و وێڕاى ئەمەش ئامانجى ئەم کتێبە هەر ئەمەیە. بەبێ بچووککردنەوەى ڕەخنەى دەروونشیکارانەى پێشکەوتن و چاکەى گشتى, پێشەکییەک لە سنورەکانى تیۆرى سیاسى و پراکتیکى سیاسى دەکێشێت کە لە بیرکردنەوەى دەروونشیکارییەوە سەرچاوەیگرتووە. لەگەڵ کردنى ئەمەشدا, مێژووى خودى دەروونشیکارى ڕووبەڕووى ئاڵنگارى دەکاتەوە.

لەکاتێکدا فرۆید هاوسۆزیی خۆى بۆ شۆڕشى ڕووسى دەردەبڕێت, و پێى‌وایە وەک "پەیامى داهاتوویەکى باشتر" دێتەبەرچاو, بەڵام بەردەوام جەخت لەسەر ڕێگرە سەختەکانى بەردەم هەر پرۆژەیەکى سیاسەتى ڕزگارىیش دەکاتەوە. سەبارەت بە یەکێتیی سۆڤیەت ئەو هەر بە مەزەندەکارى, ترس‌وتۆقینە سەرەتاییەکانى ستالینیزم تێدەگات, ئەویش لە ساتێکدا کە کەس لە خۆرئاوا زانیارییەکى ڕاستەوخۆى لەبارەیانەوە نەبوو(خراپترین کارەساتەکانیش هێشتا ڕوویاننەدابوو). ئەو لە کتێبى "شارستانییەت و ناکامییەکانى"دا سەرنجێک تۆماردەکات و دەڵێت: «مرۆ بەنیگەرانییەوە لە خۆى دەپرسێت باشە هەرکات بۆرژواکان ڕیشەکێشکران, ئەوجا خەڵکى سۆڤیەت چى دەکەن[9]». ئەمە قووڵڕوانینێکى دەروونشیکارانەیە سەبارەت بەو پرۆژە سیاسییە ڕزگاریخوازەى کە بەدواى کۆمەڵگاى چاک(the good society)دا دەگەڕێت. لە چاوى فرۆیدەوە, هەوڵى سۆڤیەت بۆ خوڵقاندنی ئایندەیەکى باشتر, نەک هەر دواى ئامانجێکى مەحاڵ دەکەوێت بەڵکو کۆژانى مرۆڤیش خراپتر و خراپتر لێ دەکات. ئەمە داوەرى یاخۆ پێشداوەریی شەخسیی فرۆید خۆى نیە کە ئەم حوکمە دەردەکات و نەسازانێک دەخاتە نێوان فیکرى دەروونشیکارانە و بەرنامە سیاسییە پێشکەوتنخوازەکانەوە, بەڵکو ئەم نەسازانە لە تێڕوانینى دەروونشیکارى خۆیدا هەر هەیە بۆ جیهان.

لە نیگاى یەکەمدا, ئەم بانگەشە [تیۆرییە], وەک شتێکى چاوەڕواننەکراو دەردەکەوێت: بۆنمونە, دەتوانین وێناى ئەوە بکەین کە تێگەیشتنى دەروونشیکارانە بۆ ماهیەتى ئارەزوو(desire), یارمەتیی تیۆریستە سیاسییەکان دەدات لە هەوڵەکانیاندا ئارەزوو لە ئایدۆلۆژیا ڕزگاربکەن, ئەوەى کە گرفتى چەندبارەى سیاسەتى چەپیشە. تەنانەت کۆمەڵێک نمونەى مێژووییشمان لەبەردەستدایە بۆ ئەم هاوکارییە تیۆرییە. لویی ئاڵتۆسێر, ئەودەم پەرە بە تیۆرەکەى خۆى, واتە "بانگکردنى ئایدۆلۆژى[10]" دەدات کە ئاشناى ئایدیاکەى لاکان دەبێت دەربارەى داخڵبوونى سوبێکت بۆ ناو زمان؛ هەروەها جولێت میچڵ‌یش لەڕێى ئەزموونى خۆیەوە لەگەڵ چەمکە فرۆیدییەکانى وەک نێرێتى و مێیەتى‌دا, ڕەخنەى ئاسەوارە بونیادییەکانى باوکسالارى دەکات. هەر حاڵەتێک وەربگریت, دەروونشیکارى بوار دەبەخشێـتە کەسى تیۆریست لەوە تێبگات کە بونیادە کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکان چۆن کاردەکەن, و هەر ئەمەش زەمینەیەک دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەى وێناى ڕێچارێک بکرێت بۆ تەحەداکردنى ئەم بونیادانە. هەروەک ئەوەى میچڵ باسیدەکات: «دەروونشیکارى  ڕاسپاردەیەک[یان بەهانەیەک]نیە بۆ کۆمەڵگاى پیاوسالارى, بەڵکو شیکردنەوەیەکە لەسەر وى. گەر دەمانەوێت لە چەوسانەوەى ژن تێبگەین و ئاڵنگاریشى بکەین, ئەوا ناتوانین گوێى خۆمان لە ئاست دەروونشیکارى‌دا بخەوێنین[11]». ڕێک لەبەر ئەوەى کە دەروونشیکارى وەک کەرەستەیەکى بەکەڵک دەبینێت بۆ خەباتى سیاسى, ئیدى میچڵ شەڕەدەنوکە لەمێژینەکەى فیمینیزم لەگەڵ دەروونشیکارى وێڵدەکات کە گوایە دەستى لەگەڵ پیاوسالارى‌دا تێکەڵکردووە. ژێرخانى بۆچوونێکى وەک ئەوەى میچڵ(و زۆرینەى ئەو بیریارە سیاسییانەشى کە ڕوودەکەنە دەروونشیکارى) ئەو ئایدیایەیە کە سودی سیاسیی دەروونشیکاری، بەشێوەیەکی ئایرۆنی، لە غیابی پابەندبوون (ئیلتیزام)ـی سیاسییەوە بەدەستدێت تیایدا.

درووستتر وایە بڵێین, ئامانجى دەروونشیکارى دۆزینەوەى حەقیقەتى نەستەکیی سوبێکت و ئەو کۆمەڵگایەشە کە سوبێکتى تیا دەژى, نەک ئەوەى بێتو ئەم حەقیقەتە [نەستەکییە بنەڕەتییە] بگۆڕێت. بۆیە لە بنەڕەتییترین ئاستدا, دەروونشیکارى هونەرێکى وەسفی(descriptive)یە وەک لەوەى ڕەچەتەنووسى(prescriptive) بێت. تەنانەت چارەى دەروونشیکارانەش پێشوەخت وێناى گۆڕانێکى ڕیشەیی بۆ ئەو سوبێکتە ناکات کە خەریکە شیکردنەوەکە ئەزمووندەکات. بە وتەى ژاک لاکان, سوبێکت هەروا بەسادەیی دانى پیادەنێت و دەڵێت "ئەوە منم". چارەسەر(ـى دەروونشیکارانە), پتر دەستنیشانکردنى ئەوەیە کە کەسەکە کێیە نەک ئەوەى گۆڕان بەسەر سوبێکتیڤیتە(کارەکتەر)یدا بێنێت. گەرچى دەروونشیکارى ئەم دەستنیشانکردن و ناسینەوەیە بە ڕادیکاڵترین جۆرى شۆڕش دەزانێت, بەڵام مەبەستى لە شۆڕشێکە کە پەیوەندیی سوبێکت بە چالاکییەکەیەوە دەگۆڕێت نەک ئەوەى خودى چالاکییەکە بگۆڕێت [بە دەربڕینێکى تر, شیکردنەوەى دەروونى پەیوەندیی سوبێکت بەو شتەوە دەگۆڕێت کە دەیکەین, نەک ئەوەى ڕیشەى کردنەکە خۆى هەڵتەکێنێت. بە مانایەکى تریش, چارەسەرى دەروونى لە دەروونشیکاری‌دا, پەیوەندییمان بە مەحاڵى ئارەزووەوە دەگۆڕێت نەک ئەوەى خودى مەحاڵە بنەڕەتییەکە بگۆڕێت و  بیکاتە مومکین]. بەم مانایە بێت, دەروونشیکارى هیچ کەڵکەڵەیەکى سیاسیی نیە تا کاتى بۆ تەرخانبکات, کە ئەمەش ڕێی پێدەدات وزەی خۆی لە پرۆژەی ڕاڤە و تێگەیشتن‌دا خەرجبکات. ئەو تێگەیشتنەى بەرهەمیدێنێت دەتوانێت بنکێک بۆ جۆرەها کێبڕکێى سیاسیى چەپگەرا داڕێژێت, کە پێدەچێت بیقۆزنەوە.

  کێشەى ئەم قۆستنەوەیە لەو خاڵەدایە کە پرۆسە وەسفییەکەى تەفسیرى دەروونشیکارانە دەوەستێت. دەروونشیکارى بەتەنیا هەر بونیادى کەلتورێک یاخۆ فۆرماسیۆنێکى کۆمەڵایەتى و ئابورى(ـى وەک باوکسالارى یان سەرمایەدارى) وەسفناکات. لەبرى ئەوە پێداگرى لەسەر ئیعتیبارێکى بنچینەیی دەکات کە بەناو هەموو سنورە کەلتورى و سۆسیۆ-ئیکۆنۆمییەکاندا بڕوات. هەروەها پێداگرى لەسەر ئەم ئیعتیبارە, لە سەردەمە مێژووییە جیاجیاکاندا, دەکات. بەکورتییەکەى, تیۆرێکى گەردوونى و گشتگیرە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان سوبێکتى تاکەکەسى و کۆمەڵگا. دیارە فرۆید لە دۆخێکى مێژوویی دیاریکراودا دەروونشیکاریی دۆزییەوە کە فۆرمى بەخشییە تێڕوانینەکان و بگرە ئەو ئایدیایانەشى کە دەیتوانى فۆرمولەیانبکات. بەڵام دەتوانین کۆمەڵێک ڕەگەزى تایبەت و بەشەکى[12](لە چەشنى گرێى ئۆدیب, یان ناووناتۆرەى هۆمۆسێکسوالێتى وەک لادان) جیابکەینەوە لە هەندێک ڕەگەزى گشتى و گەردوونى[13](وەک ماهیەتە ئەنتاگۆنیستییەکەى کۆمەڵگا یانژى فاکتێکى وەک خەساندن کە مەرجى چوونەناو کۆمەڵگایە). تەحەداى بەردەم تیۆریستى دەروونشیکار, بریتییە لە دۆزینەوەى ڕەهەندى گەردوونى(یونیڤێرسالیتە) لە دۆزینەوەکانى فرۆیددا, بەڵام هەر ئەم ڕەهەندە گەردوونییەشە کۆسپ لەبەردەم هەر پرۆژەیەکى سیاسییدا قوتدەکاتەوە. گەر بێتو ئەنتاگۆنیزمى نێوان سوبێکت و نەزمە کۆمەڵایەتییەکە شتێک بێت [قەت لەناونەچێت] و کورتنەبێتەوە بۆ هیچى تر, ئەوا ئیتر ڕێگرییەکە تەنیا سەرمایەدارى یان باوکسالارى نیە بەڵکو کۆمەڵگاى مرۆیی خۆیەتى. گەر ڕوانینە دەروونشیکارییەکان لەکۆدا ڕەوایەتییەکیان هەبێت, نەک تەنیا دەرهەق بە ڕابردوو و ئێستا ڕاست‌دەردەچێت, بەڵکو بەنیسبەت هەر کۆمەڵگایەکى داهاتووشەوە دەخوات کە دەتوانین وێناى بکەین یان تەنانەت بیهێنینەدى. گەرچى فرۆید لە ڕەوشێکى مێژوویی تایبەتدا دیدگاکانى خۆى داڕشت, بەڵام ئەم ڕەوشە کۆمەکى بەو کرد بونیادە گەردوونییەکانى سوبێکتیڤیتە و نەزمى کۆمەڵایەتی بدۆزێتەوە, هەتا گەر بێتو شێوازى ئەو لە تیۆریزەکردن(چەمکاندن)[14]ـى ئەم بونیادانەدا, لەسەرەتاوە سنوردارییەکانى ڕەوشە مێژووییەکەى وى بنوێنێتەوە. ئەم ڕوانینانە نەک هەر سەبارەت بە کۆمەڵگاى باوکسالارى هاوچەرخ, بەڵکو سەبارەت بەو کۆمەڵگایەى پاشەڕۆژیش ڕاست‌دەردەچێت کە خۆى لە باوکسالارى ڕزگارکردووە(وەک ئەوەى میچڵیش ئاماژەى بۆ دەکات). ئەمە بەو واتایە نایەت کە هەمیشە هەر ئەم فۆرمانەى عوساب(نیورۆسیس) و دەروونپەشێوى(سایکۆسیس)مان هەیە کە ئێستاش هەمانە, بەڵکو بەسەر ئەنتاگۆنیزمە بنەڕەتییەکەى نێوان نەزمى کۆمەڵایەتى و سوبێکتى تاکدا زاڵ نابین- ئەو ئەنتاگۆنیزمەى کە ئەم تێکچوونە[15] تایبەتییانە بەرهەمدێنێت. وەک دەرەنجامێک دەتوانین بڵێین: لاى دەروونشیکارى, "کۆمەڵگاى باش" دەبێتە چیرۆکێکى خەیاڵیی دەستپیانەگەیشتوو. [ئەویش بەو مانایەى کە کۆمەڵگاى باش و تەواو نۆرماڵ تەنیا چیرۆکێکە و پتر سود لە کاریگەریی ئەم چیرۆکە وەردەگرین وەک لەوەى چیرۆکەکە هەمووى بێتەدى. لەپشت چیرۆکەکەوە پاڵنەرى مەرگ نوستووە کە هەموو چاکە و خراپەیەکى تیا وندەبێت].

      

 

 

 

 

 

 


[1] . سەرچاوەى هەموو بەشەکان: چاپى ئینگڵیزیی کتێبەکە, ل١-٢٢

[2] interpretative intervention

[3] psychic disorder

[4] revolt of the patients

[5] death drive

[6] Enjoyment

[7]  self-sacrificing

[8] end in itself

[9] . چاپى کوردیی کتێبەکە, بەشى پێنجەم, ل١٣٣

[10] ideological interpellation

[11] Juliet Mitchell, Psychoanalysis and Feminism: Freud, Reich, Laing and Women (New York: Random House, 1974)

[12] particular elements

[13] Universal

[14] Conceptualizing

[15] disorder