A+    A-
(766) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى ژیژەک)

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

بیرۆکراسی(بیرۆکراسییەت)

ئیرۆ لەین

 

 

 

 

 

زاراوەی بیرۆکراسی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن ژیژەکەوە پێناسەکراوە: "دەزگای بەڕێوەبردنی چالاک و لەسیاسەت‌داماڵراو". گەر هەروا بەسادەیی ئەم پێناسەیە وەرگرین، ئەوا ئیمکانە سیاسی و فەلسەفییەکانی چەمکەکە وندەکەین، بەتایبەت لە ئاست ئەدەبیات و مێژوودا. لە نوسینەکانی ژیژەکدا، ئایدیای بیرۆکراسی دەرگیرە لەگەڵ بەرگرییەکانی هیگڵ لە سیستەمی پاشایەتی. بە شێوەیەکی تەوسئامێزانە، بۆ ئەوەی دەوڵەت ئەقڵانییانە کاربکات، ڕابەرایەتیی پاشایەکی نائەقڵانیی گەرەکە. لە خوێندنەوەکانی ژیژەکدا بۆ هیگڵ، پاشا تەنێ بۆ ئەوە بوونی هەیە دەسەڵات بە شتەکان بدات و ئاوهاش پلانەکانی دەوڵەتی بیرۆکراسی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پەیوەندییە بە چەندین ڕێگە باسدەکرێت. یەکەمین شت، ژیژەک دەسەڵاتی جێبەجێکاریی پاشا و دەسەڵاتی گوفتاریی کاروباری بیرۆکراسیی دەوڵەت جیادەکاتەوە. پاشا و بیرۆکراسییەت پێکڤە و هاوجووت کاردەکەن- بیرۆکراتەکان فرمان و ئایدیا و پلانە گوفتارییەکان ئامادەدەکەن، تەنیا دەسەڵاتی جێبەجێکاریی پاشا دەتوانێت بیانخاتە بواری جێبەجێکردن یان نەکردنەوە (بۆنمونە [پاشا دەڵێت]: "دەڵێم ڕاستە، کەواتە ڕاستە [و با بڕوات]" و هتد...). ڕێگایەکی تر بۆ خوێندنەوەی پەیوەندیی نێوان پاشا و بیرۆکراسییەت، جیاوازیی نێوان ڕۆڵی بیرۆکراسییەتە وەک وەک کارکردی ئۆبێکتیڤ(بابەتییانە)ـی دەوڵەت کە خزمەت بە خواست و داوای هاوڵاتییان دەکات و، ڕۆڵی سوبێکتیڤی پاشا کە کاروباری دەوڵەت دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەڵام ئەمەیان تەنیا ڕەپتی بە کاروباری سوبێکتیڤەوە هەیە. لە کۆتاییدا، ژیژەک شوێنپێی زاراوەناسیی "زنجیرەی زانین"ی لاکان هەڵدەگرێت یان بەشوێن کارکردی بیرۆکراسییەت و شادالدا دەڕوات، وا لێرەدا خۆی لە پاشادا بەرجەستەدەکات. پاشا و بیرۆکراسییەت چەندێ لە بەرجەستەکردنی ڕۆڵیاندا جیاوازن، هێندەش لە کارکردەکەیاندا. لە کاتێکدا بیرۆکراتەکان بە پاڵاوتندا تێدەپەڕن تاکو ڕۆڵی خۆیان وەرگرن، کەچی پاشا  دەسەڵاتێکی هەیە وا بە هیچ پاڵاوگەیەکدا تێناپەڕێت...پاشا ڕەوایەتیی پێدراوە چونکە پاشایە. گەر بگەڕێینەوە بۆ گوتاری لاکانی، ئەوا پاشا دالێکی ڕووت و  پەتییە[1]، شادالێکە بەبێ مەدلوول. کۆی دەسەڵات و واقیعییەتی پاشا بەندە بە ناوەکەیەوە، هەر لەبەر ئەمەشە کاریگەریی پاشا لە واقیعدا هەڕەمەکی و لەخۆوەیە؛ [بۆنمونە] دەکرێت بۆماوەیەکی بیۆلۆژی بێت. ژیژەک دەڵێت ئاغا بە دیدی هیگڵ قۆڵبڕە. ئاغا ئاغایە چونکە پێگەی ئاغای گرتووە و سوبێکتەکانی وەک ئاغا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. لە ڕاستیدا کۆی کارکردی پاشایەتی و بیرۆکراسییەت لەسەر تۆتۆلۆژیا (هەمانبێژی)یەک وەستاوە: گوێڕایەڵی پاشا دەبم، چونکە ئەو پاشایە. ژیژەک دەپرسێت ئاخۆ هیگڵ لە "وەهمی پەتێتی"[2]دا تیانەماوە- ئەویش پەتێتیی مەعریفەی دەوڵەتی بیرۆکراسییە کەوا ئەقڵانییانە لەپێناو چاکەی گشتیدا دەکۆشێت. هەر بەدەقیقیش ئەم گرەوە وەهمئامێز و ئاوارتەیەیە-کە تێیدا ساتی ناپەتی لە پاشا جیادەکرێتەوە- وا کۆی جەستەی دەوڵەتی بیرۆکراسی دەکاتە شتێکی ئەقڵانی و خولیا بەشەکییە پڕناکۆکییەکان وەلادەنێت. بۆ هیگڵ، ئەمە هەڵگری ئیمکانی ڕاستەقینەیە و گرەوەکەش دەکاتە گرەوێکی جێبایەخ. ڕەوتی هەڕەمەکیی بیۆلۆژی وا تێیدا پاشا هەڵدەبژێردرێت، پاشا دەخاتە سەروو هەموو نمایشێکی ڕۆژانەی بیرۆکراسییەتەوە. ژیژەک پێی وایە کۆمەڵگا پێش‌مۆدێرنەکان پشتیان بە سەرچاوەیەکی بڵندنشین (ترانسێندێنتاڵ) دەبەست (خودا، پاشا)، کە ببوون بە "خاڵی داکوتان" و سەرچاوەی دەسەڵات. کێشەکە لە مۆدێرنەدا ئەوەیە کە "کۆمەڵگا مۆدێرنەکان پێیان وایە سەربەخۆ و خۆ-ڕێکخەرن، کەواتە چیتر ناتوانن پشت بە سەرچاوەیەکی بڵندنشین ببەستن وەک سەرچاوەی دەسەڵات" (ژیژەک). بەهەرحاڵ، سەرەڕای ئەم سەرنجەش، گەر میکانیزمە مۆدێرنەکانمان بەتەواوی میکانیزەکرابن و لە کارەکتەری جێبەجێکاریی خۆیان خرابن، ئەوا سیستەمەکە بێ‌پاڵپشت دەمێنێتەوە. لە غیابی پاشادا، گەرەکە بیرۆکراسییەت بچیتە پێگەی شادالەوە. ژیژەک نمونەیەکی لاکان دێنێتەوە سەبارەت بە شادال، پێی وایە [شادال] درزێکی بچوک یان دواکەوتنێکە لە زانینی ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکدا. تەنانەت ئەگەر قوتابییەک هەموو وەڵامەکانی ڕاست بن، هێشتاش دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەی دەمێنێت تاکو مامۆستاکەی یان دەسەڵاتێک وەڵامەکانی قبوڵدەکەن و بە ڕاستی دادەنێن. ژیژەک دەڵێت ئەوە فەزای ڕازئامێزی بیرۆکراسییەتە وا بەردەوامی دەداتە ئەو درزە. وی دەنوسێت: "ڕاستییەکان دەزانیت، بەڵام هەر ناتوانیت هێند دڵنیا بیت چۆنچۆنی ئەم ڕاستییانە لەلایەن بیرۆکراسییەتەوە قبوڵدەکرێن" (ژیژەک). ڕازئامێزیی بیرۆکراسیی، یان ئەوەی ژیژەک پێی دەڵێت کارامەیی(بەسبوون)ـى ڕەمزی، سەروکاری لەگەڵ بچوکترین بەشت‌بوون[3]دا هەیە، ئەویش لەسەر ئەو حسێبەی ئەوە بەس نیە بۆ ئێمە و هەموو تاکەکانی تریش کە هەنێ ڕاستی بزانین و بمانەوێت بکەوینەگەڕ. گەر دەرەنجامە کردارییەکانی ئەم ڕاستییە شتێک بهێننەبەرهەم، ئەوا دەزگای ڕەمزی دەبێ ئەم ڕاستییەی ناسیبێت یان قبوڵیکردبێت. کارامەیی ڕەمزیی بیرۆکراسییانە، توانای هەیە شکڵوشێوە بە واقیع و درککردن ببەخشێت: "کەواتە کارامەیی ڕەمزی سەروکاری لەگەڵ ئەم خاڵەدا هەیە؛ کاتێک ئەویتری گەورەی دەزگای ڕەمزی لەگەڵ بژاردەی (باوەڕ بە وشەکانم بکەم یان چاوەکانم؟)دا ڕووبەڕوومدەکاتەوە، ئەوا دەمودەست و بێ دوودڵی وشەکانی ئەویتر هەڵدەبژێرم و شایەتیی چاوەکانم پشتگوێدەخەم" (ژیژەک). ژیژەک بۆ ڕوونکردنەوەی کارامەیی(بەسبوون)ـى ڕەمزی لە بیرۆکراسییەتدا، نوکتەی ئەو پیاوە گەنجە دێنێتەوە وا پێی وایە دەنکەگەنمەشامییەکە. پاش ئەوەی ئەم کابرا بۆ ماوەیەک چارەسەر لە دکتۆرەکان وەردەگرێت، ئیتر دەگاتە ئەو بڕوایەی کە چیتر دەنکەگەنمەشامی نیە بەڵکو مرۆڤە. هەرکە ئۆفیسی دکتۆرەکە جێدێڵێت، لە ڕێدا مریشکێک دەبینێت و بە ترسولەرزەوە دەگەڕێتەوە لای دکتۆرەکە. دکتۆرەکە سەرسامیی خۆی دەردەبڕێت کە کابرا پاش ئەوەشی باوەڕیهێنا کە مرۆڤە کەچی هەر دەترسێت، وەڵامی کابراش بەڕووی ئەم سەرسامییەدا ئەمەیە: ئێ باشە من دەزانم دەنکەگەنمەشامی نیم، ئەی مریشکەکەش دەزانێت؟ ژیژەک دەنوسێت: "ئەم هەقایەتە- کە لە ئاستی واقیعدا شتێکی بێ‌مانایە- کە تێیدا دەنکەگەنمەشامییەکیت یان نیت، ئەوکات مانای هەیە کە دەنکەگەنمەشامییەکە لەگەڵ هەندێ خەسڵەتدا بگۆڕدرێن وا شوناسی ڕەمزییم دیاریدەکەن".  بۆنمونە، ژیژەک دەڵێت لەناو بیرۆکراسییەتدا دەگونجێت پلەی یەکێک بەرزکرێتەوە و پاشان بکرێتەوە بە ئەندامێکی پلەنزمی بیرۆکراسییەت وا دەسەڵاتی پێشووی بەهۆی پێگە نوێیەکەیەوە نابینێتەوە، ئەویش چونکە نەخراوەتەناو تۆماری ڕەمزیی کارکردی بیرۆکراسییانەوە. ئایا ئەمە هەروەک ئەوە نیە پێت بڵێن "ببوورە، تۆ لای ئێمە هەر دەنکەگەنمەشامییەکی نەک مرۆڤ". کورتوپوخت، ساتێکی ڕازئامێز هەیە تێیدا پێوەر یان پلەیەک کارادەبن و لای ئەویتری گەورە تۆماردەبن. ڕەنگە بە هۆکاری هەبوونی پۆتانشێڵی ئەوەی جێی شادال و کارامەیی(بەسبوون)ـى ڕەمزی بگرێت، ژیژەک لە بیرۆکراسییەت و ئیمکانی سەرکردە بەهێزەکانی ئاگادارە. ژیژەک بەم چەشنە ئامۆژگاریی سەرکردەیەکی بەهێز دەکات: "نابێ بترسین لەوەی ئەنجامگیرییەکانمان لەم تێڕوانینەوە دەرکێشین، و پاساوی هیگڵ بۆ پاشایەتی قبووڵکەین و بێ‌ڕەحمانە لە ڕێماندا چەندین مانگای پیرۆزی لیبراڵ سەربڕین". جیاکردنەوەی ڕۆڵی بیرۆکراسییەت و پاشا، مەودایەک دەخاتە نێوان بیرۆکرات و پاشاوە. ئەم مەودایەیە دژ بە تۆتالیتاریزم دەوەستێتەوە، کە بە لای ژیژەکەوە ئاغایەک نیە "دەسەڵاتە نادروستەکەی بچەسپێنێت و هەموو مەعریفەیەکی ئەقلانی پشتگوێبخات". بەڵکو تۆتالیتاریزم ڕژێمەکە وا تێیدا مەعریفە دەسەڵاتی جێبەجێکردن وەردەگرێت. بە ڕای ژیژەک، ئەمە هەمان کێشەیە لە تێگەیشتن لە ستالینیزم: "ستالین ئاغا نەبوو (یان خۆی وەک ئاغا نەدەنواند)، وی باڵاترین خزمەتکاری خەڵک بوو وا لە مەعریفە و توانای خۆیەوە شەرعییەتی وەرگرتبوو" (ژیژەک). ستالینیزم بەدەست زیادەی پەرستنی کەسایەتییەوە نەیدەناڵاند، بەڵکو ڕێك بە پێچەوانەوە؛ ستالین خۆی نەببووە ئاغا بەڵکو وەک بەشێک لە زانین (مەعریفە-knowledge)ی حیزبی بیرۆکرات مایەوە، ببووە ئەو سوبێکتەی وای دادەنێین دەزانێت. هەمیسان ژیژەک بە گژ ئەوەشدا دەچێتەوە بە ستالینیزم بگوترێت سۆسیالیزمی بیرۆکراسی- کێشەی ژیژەک ئەوە نەبوو ستالینیزم لەناو بیرۆکراسییەتدا چەقیبوو (وەک ستالینیش خووی بە گوتنییەوە گرتبوو)، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە، ئەوەی ڕژێمە ستالینییەکان نەیانبوو، بیرۆکراسییەتێکی کارامە بوو. بە دیسان پێناسەی چەمکەکە بڵێینەوە "دەزگای بەڕێوەبردنی چالاک و لەسیاسەت‌داماڵراو"؛ ستالین ڕێک لەمە دووربوو. بە دیدی ژیژەک، ڕۆمانەکانی کافکا نمونەیەکی چاکن دەرهەق بە مەترسییەکانی تێهەڵکێشکردنی ڕابەر (ruler) و بیرۆکراسییەت. ژیژەک دژی ئەو تێڕوانینانەیە وا دەڵێن جیهانی ڕۆمانەکانی کافکا نائەقڵانی یان زیاد لە ڕادە گەورەکراون و ڤێرژنێکی نوێی "بیرۆکراسییەتی مۆدێرن و چارەنووسی تاک تێیدا"ن وا لە ڕوویەکی سوبێکتیڤەوە شێواون. بە پێچەوانەوە، ژیژەک پێی وایە ئەم بۆچوون و خوێندنەوانە ئەو ڕاستییەیان ونکردووە کە خودی ئەم گەورەکردنە فەنتازیای ڕێکخەری کارکردی لیبیدۆیی ڕیاڵی خودی بیرۆکراسییەت، ڕووندەکاتەوە. ژیژەک بەم چەشنە ڕوونیدەکاتەوە: جیهانی کافکایی وێنەیەکی فەنتازی نیە لە واقیعی کۆمەڵایەتیدا، بەڵکو وێنەی فەنتازیایەکە وا لە ناوجەرگەی واقیعی کۆمەڵایەتیدا کارایە. فەنتازیا لەڕێی "وەک‌بڵێێ"[4] یەکی بەهێزەوە کاردەکات؛ وا ڕەفتاردەکەین وەک‌بڵێی باوەڕمان بە باڵایی بیرۆکراسییەت هەیە، وەک‌بڵێی سەرۆک بەرجەستەکەری ویستەکانی خەڵکە، وەک‌بڵێی حیزب نوێنەری خواستەکانی چینی کرێکارە. لە نوسینەکانی ژیژەکدا، بیرۆکراسییەت بەسراوەتەوە بە تێڕوانینە هیگڵییەکان دەرهەق بە پاشا. بیرۆکراسییەت خاوەن کارامەیی ڕەمزیی خۆیەتی، لەمڕۆدا و لە نەبونی پاشادا، دەتوانێت بچێتەجێی شادالەوە. فەزای بیرۆکراسی هێند دەسەڵاتی هەیە چێوە بە واقیعی کۆمەڵایەتی و فەنتازیاکانی ناویشی بدات.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

باتلەر

کریستن کلیمێنت

 

 

جۆدێت باتلەر (١٩٥٦-...) فەیلەسوف و تیۆریستی سیاسیی ئەمریکییە، کە بەهۆی ڕۆڵە بنچینەییەکانی لە پێکنانی تیۆریی ڕەگەزکوێرەکان و پێناسەکردنی دژە-شوناسگەرایی لە فیکری فیمینیستیدا، بەباشی ناسراوە. گفتوگۆ ڕۆشنبیرییەکانی باتلەر و ژیژەک بۆ ماوەی دوو دەیەیە بەردەوامن و ئێرنێستۆ لاکلاویش هاوکاریانە لە کتێبی "کتوپڕێتی، هەژموون، گشتێتی: دیالۆگە هاوچەرخەکان لەمەڕ چەپ". باتلەر لە زانکۆی کالیفۆرنیا وانەی ڕیتۆریک و ئەدەبیاتی بەراورد[5] دەڵێتەوە. کتێبی "کێشەی جێندەر: فیمینیزم و بەزاندنی شوناس"ی باتلەر، بە یەکێک لە کاریگەرترین کتێبەکانی نەوەدەکان دادەنرێت.  لەو کتێبەدا تیۆریی جێبەجێکاری[6] دەخاتەڕوو، تاکو بەشدار بێت لە دیبەیتە فیمینیستییەکانی ئەوکات دەربارەی ئەوەی ئایا شوناسە جێندەری و سێکسییەکان پێدراوی بایۆلۆژین یان ڕەمزی. باتلەر دەڵێت سێکس و جێندەر جێبەجێکارن- واتە، ئەنجامی پاتەبوونەوەی کۆمەڵێ نۆرمی ڕەمزیین. بە پەیڕەوی لەوەی فۆکۆ دەیگووت دەسەڵات بەرگریی خۆی بەرهەمدێنێت، باتلەریش جەخت لە پۆتانشێڵی ئەو کردارانە دەکاتەوە وا لە سنوری نەزمە بەرهەمهێنەرەکەی خۆیان دەردەچن؛ بۆنمونە، ئەکتی پارۆدی و ئەکتی سێکسیی هاوڕەگەزخوازانە. بە دیدی باتلەر، شۆڕشی سیاسی لازمە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەم زیادبوونی سوبێکتیڤیتانە قبوڵبکات، ئەوانەی وا لەو یاسا ڕەمزییە دەردەچن کە لێوەی درووستبوون. ئەوە دەربارەی پرسی شکستی یاسای ڕەمزییە لە پێناسەکردنی شوناسی سوبێکتدا، وا ژیژەک و باتلەر دەکەونە گفتوگۆوە. بەڵگە بۆ ئەمەش لە کتێبەکانی " کێشەی جێندەر، ئەو جەستانەی گرنگن: دەربارەی سنورە گوتارییەکانی ڕەگەز"ی باتلەردا و لە "سوبێکتی ختوکاوی: چەقی غایبی ئۆنتۆلۆژیای سیاسی"ی ژیژەکدا و لە کتێبە هاوبەشەکەیاندا "کتوپڕێتی، هەژموون، گشتێتی: دیالۆگە هاوچەرخەکان لەمەڕ چەپ"دا دەردەکەوێت. دیبەیتەکە بەندە لەسەر تێگەیشتنی هەردووکیان بۆ "نێگەتیڤیتەی ناو شوناس" و پەیوەندیی ئەم نێگەتیڤیتە (درز)یە بە هەژموون و کێبڕکێی سیاسییەوە. ئەمە لە کاتێکدایە هەردوو ژیژەک و باتلەر سوبێکت بە مانا دەروونشیکارییەکەی وەردەگرن و [پێیان وایە] لەناوەوەڕا بەهۆی سنورێکەوە ناتەواوە، دژبوونی ئەو دووەش لەسەر مانای ئەو سنورە ناوەکییەیە؛ ئەمەش ژیژەک پێی دەڵێت ڕیاڵی لاکانی. ئەم جیاوازییە، هاوڕانەبوونی ئەو دووە لەسەر پرسی بارودۆخی سوبێکت لەناو نۆرمە ڕەمزییەکان، جیاوازیی ڕەگەزی و کردەی سیاسیدا دەردەخات. باتلەر باس لە ئیمکانی ڕادیکاڵی مێژوو دەکات بە گەڕانەوە بۆ نەستی فرۆیدی و سوبێکتی سێکسواڵیزەکراو، کە هاوشێوەی سوبێکتی فۆکۆیی، بەرهەمی پەستانە سنوردارکەرەکانی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام هەروەک سوبێکتی هیگڵی، لکاون بە قنگی ملکەچبوونەکەی خۆیەوە. باتلەر پێی وایە هەڕەشەی خەسانی ئۆدیپی سوبێکتی سێکسوالیزەکراو درووستدەکات، سوبێکتێک کە هەرگیز دەستی ناگات بەو ئایدیاڵەی کەلتور بۆی داناوە و پێی وایە پێگەی سێکسیی وی، شکستێکی دووبارەوەبووە و هەمیشە لەو پێگەیەدایە. باتلەر یاسای ڕەمزی کورتدەکاتەوە بۆ "ئەکتی گوفتاریی جێبەجێکار" یان "نۆرمی هەژموونی"، کە [ئەم نۆرم و ئەکتانە] ملکەچی تۆمارکردنەوەیەکی وێرانکەرن. کەوایە بە دیدی باتلەر، ئیمکانی دەستێوەردانی سیاسی نە لە ڕیاڵدایە نە ڕەمزی، بەڵکو لە خەیاڵیدایە- کە تێیدا نۆرمە دووبارەوەبووە ڕەمزییەکان توانایان هەیە جێگۆڕکێ بە خۆیان بکەن. لە سوبێکتی ختوکاویدا، ژیژەک ڕێک لەسەر ئەم خاڵە هێرشدەکاتە سەر باتلەر و، پێی وایە وی لە هەمان کاتدا هەم زۆر گەشبینە و هەم ڕەشبینیش. زۆر گەشبینە چونکە پێی وایە پڕاکتیسە جیبەجیکارییەکان دەسەڵاتی گۆڕینی نۆرمە چەوسێنەرە کۆمەڵایەتی-ڕەمزییەکانیان هەیە، بەبێ ئەوەی ببینێت وا ئەم دووبارەبوونەوانە لەناو ئەو پانتاییەدا دەمێننەوە وا ئەویتری گەورە پێناسەیکردووە. ڕەشبینیشە چونکە بە خۆقەتیسکردنی لە ڕەخنەکردنی ئەم پانتاییەدا، شکستی هێناوە لەوەدا ئیمکانی چاککردنی کۆی سیستەمەکە لەڕێی هەڵوەشانەوەی خاڵی داکوتان (quilting point)ەوە ببینێت. ژیژەک ڕەخنە لە "بەخەیاڵیکردنی ڕەمزی و ڕیاڵ" لەلایەن باتلەرەوە دەگرێت، چونکە ئەمە سوبێکتێکمان پێ پیشاندەدات کە دایمە گیربووە- تەنیا کاتێک ئازادە کە مەودایەکی ئایرۆنی لەگەڵ ملکەچبوونەکە بەحەماسەکەی خۆیدا بپارێزێت. ژیژەک ڕیاڵی لاکانی دەکات بەگژ ئەم بنبەستەی باتلەردا. ژیژەک بە پەیڕەوی لە لاکان، بەردەوام گووتویە تەنیا بە تێگەیشتن لە یاسای ڕەمزی وەک شتێک وا لەناوەوەڕا نوقسان و ناتەواوە (ڕیاڵ)، دەتوانین لەو یاسایە تێبگەین وەک سوبێکتی گۆڕانکاریی مێژوویی. ژیژەک ناڵێت ئەم یاسایە هەنێ ئەکت یان شوناس دەکاتەدەرەوە، بەڵکو کردنەدەرەوە مەحاڵێتی و درزی ناو یاساکە خۆیەتی. ژیژەک لۆژیکی ڕیاڵ بەکاردێنێت تاکو ڕەخنەی تێگەیشتنەکانی باتلەر دەرهەق بە پەیوەستبوونی نەست بە ملکەچبوونەوە بکات. لە کتێبی "ژیانی دەروونیی دەسەڵات"دا، نەست وەک جێگەی پەیوەستبوونی عاتفی بەو یاسایانەوە دەردەخات وا ئارەزوو پاتۆلۆژیزە دەکەن و فۆرمەکانیشی سنورداردەکەن. لە بەرامبەر ئەم مۆدێلەی نەستدا، ژیژەک فەنتازیای بنەڕەتیی لاکانی دێنێتەوە و دەڵێت [ئەم فەنتازیایە] لە بنەڕەتدا پڕکەرەوە و فۆرماسیۆنێکە کە درز دادەپۆشێت. بە دەربڕینێکی تر، ڕیاڵی ئارەزووی سوبێکت بەرهەمی پەیوەستبوون نیە بە هەندێ ئارەزووەوە وا لەلایەن یاسای ڕەمزییەوە چەپێنرابن یان وەدەرنرابن، بەڵکو بەرهەمی فەنتازیایەکە وا مەحاڵێتیی ناو ئارەزوو دادەپۆشێت. جیاوازیی تێگەیشتنەکان لە سوبێکت، دەبێتە بناغەی هاوڕانەبوونی باتلەر لەگەڵ ژیژەک دەرهەق بە پرسی جیاوازیی ڕەگەزی. لە کتێبی "ئەو جەستانەی گرنگن"، باتلەر ڕەخنەی ئەوە لە ژیژەک دەگرێت کە ئەو ڕیاڵەی ژیژەک باسیدەکات بەرهەمی ئەو وەدەرنانەیە وا بەهۆی هەڕەشەی خەسانەوە دێتەکایەوە، ئاوهاش تیۆرەکەی ژیژەک "کتوپڕێتیی کتوپڕێتی"ی خۆی لەدەستدەدات چونکە خۆی بەستۆتەوە بەو ئایدیایەوە کە هەمیشە و پێشوەخت خەسان لەلایەن گرێی ئۆدیپەوە خەسڵەتی پێ دراوە. باتلەر بەردەوام دەبێت و دەڵێت ئەوەی لە فۆرمولەکەی ژیژەکدا دەبارەی "ناوکی تراومایی ڕیاڵ" کەم و نوقسانە، تایبەتمەندیی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ئەو نمونانەیە وا دەربارەی تراوما دەیانهێنێتەوە (بۆنمونە خێزان، کەمپە زۆرەملێکان، گولاگ). بەسادەیی بیڵێین، کێشەی ڕاستەقینەی باتلەر لەگەڵ ڕیاڵدا ئەوەیە کە پێی وایە ئەم چەمکە لە مێژوو و سیاسەت هەڵدێت. وی دەنوسێت: "کێشەکە ئەوەیە لەم چێوەیەدا هیچ ڕێگەیەک نیە پەیوەندیی نێوان زمان و ڕیاڵ بەسیاسیبکاتەوە". وەک فەیلەسوفێکی فیمینیست و تیۆریستێکی سیاسی، باتلەر کار لەناو کایەی سیاسیدا دەکات و بەهۆی ئەمەشەوە خۆی بەستۆتەوە بە مێژووەوە، بۆیە ڕەتیدەکاتەوە چەمکێک قبووڵبکات-کە بە دیدی وی- لەدەرەوەی مێژووەوەیە. باتلەر هەر بەم لۆژیکەوە تێزی "ژن بوونی نیە"ی لاکان وەردەگرێت؛ ئەو پێی وایە تێڕوانین لە ژن وەک "مەرجەعێکی هەمیشە و پێشوەخت لەدەستچوو"، فڕێدانی ئیمکانی دووبارە دەلالەتکردنی ژنە لە خۆی. لە سوبێکتی ختوکاویدا، ژیژەک دووبارە دەڵێتەوە جیاوازیی ڕەگەزی و خەسانی ڕەمزی و ژن هیچ بوونێکی پۆزەتیڤیان نیە، بەڵکو پاشماوەی تراومایی شکستی ڕەمزیین لە گرتن یان پێناسەکردنی ئێمەدا. هەروەک خۆیشی لە کتێبی کتوپڕیتی، هەژموون، گشتێتی‌دا دەڵێت: "هەر پاچڤەکردنێکی جیاوازیی ڕەگەزی بۆ سەر بەرامبەرکێی ڕەمزی مەحکومە بە شکست، هەر ئەم مەحاڵێتییەشە فەزایەک بۆ هەوڵی هەژموونخوازانە بۆ دیاریکردنی مانای جیاوازیی ڕەگەزی دەکاتەوە. ئەو ڕاستییەیی کە دەگوترێت جیاوازیی ڕەگەزیی ڕیاڵە، بەو مانایە دێت هەموو دالەکانی شوناسی ڕەگەزی سەروومێژوویی نین، بەڵکو تەواو مێژوویی و کەلتوریین و ئاوهاش دەشێت دووبارە دەلالەت وەرگرنەوە. ژیژەک دەڵێت چەمکی هەژموونی لاکلاو-کە بەرهەمی ئەنتاگۆنیزمێکی ناوەکییە- بۆشایی نێوان پێداگریی باتلەر لەسەر بەرهەمهێنانی مێژوویی سوبێکتی ڕەگەزپێدراو و، تێڕوانینە نیۆ-لاکانییەکەی خۆی دەرهەق بەو "سوبێکتەی ڕیاڵ نوقسانییەکەی ناویەتی"، پڕدەکاتەوە. لەم وێنەیەدا، هەژموون ئەو دەرەنجامە حەتمییەیە وا بەرهەمی درزبردنی سوبێکتە لەلایەن زمان و ئەو بونیادە ڕەمزییەی دواتر کەلتور لەڕێی شادالەوە دایدەنێت. ئەو غیابە ڕادیکاڵەی لاکان بە ناوکی یونیڤێرسالی سوبێکتیڤیتە ناوزەدیدەکات (ڕیاڵ)، مەرجی سەرەکیی کارکردی شادالە بۆ داکوتینی ئارەزووەکانی سوبێکت بە ویستە کۆمەڵایەتییەکانەوە و مەرجی کۆتایی ئەم داکوتانەشە. بە دەربڕینێکی تر، پێویستیی فۆرمە کەلتورییەکانی سێکسوالیتە، پێویستییەکی کتوپڕە وا بەندە بەو دالە فالوسییەوە کە ئارەزووی سوبێکت بە نەزمی کۆمەڵایەتییدا دادەکوتێت. بەدوای ئەمەدا لاکلاو دەڵێت هەژموونی شادال پێناسەی ئەو فەزایە دەکات وا پەیوەندیی سیاسی تێدا دەخوڵقێت. کەواتە بە دیدی ژیژەک ڕیاڵ سنوری ناوەکیی خودی سیاسەت درووستدەکات و دەسەڵاتی دەداتێ، پەیوەستبوونی ئێمەش بە سیاسەتەوە هەمیشە نوقسانە و [پەیوەندییەکە هەمیشە ئەگەری هەیە دابڕێژرێتەوە]. سیاسەتی فیمینیستیی باتلەر سەروکاری لەگەڵ ئەو شتەدا هەیە وا لاکلاو پێی دەڵێت "کۆششی هەژموونی"[7] لەگەڵ مانای کۆمەڵایەتیی ڕیاڵی جیاوازیی ڕەگەزی. هیچ جێی سەرسوڕمان نیە لە کۆتاییدا باتلەر تیۆرەکەی لاکان ڕەتدەکاتەوە، چونکە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێ ڕیاڵی جیاوازیی ڕەگەزی وەک بابەتێکی مێژووی وەرگیرێت تاکو هەردوو یونیڤێرسالیتی و جیاوازی وەک ئەنجامی هەژموون وەرگیرێن. ژیژەک لە بەرامبەر تاوانبارکردنی تیۆریی جیاوازیی ڕەگەزیی لاکان بە هەبوونی بونیادێکی جووت‌ڕەگەزخوازانە لەلایەن باتلەرەوە دەوەستێتەوە، چونکە دواجار ژیژەک دەتوانێت هەموو فۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەتمەندیی مێژوویی فڕدات، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ ڕیاڵ وەک سنوری ناوەکی یان زیادە.

 

 


[1] Pure signifier

[2] Purity illusion

[3] reification

[4] As if

[5] Comparative literature

[6] Theory of performativity

[7] Hegemonic struggle