A+    A-
(750) جار خوێندراوەتەوە

بیۆپۆلەتیک

 

 

 

فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى ژیژەک):

فابیۆ فیگی

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

بە دیدی ژیژەک، گرنگە ڕەچاوی ئەوە بکەین کەوا تەنیا بە قبووڵکردنی فۆرمولە بەناوبانگەکەی ژاک لاکان "ئەویتری گەورە بوونی نیە"، دەتوانین بچینە نێو پانتایی سیاسییەوە. بە دەربڕینێکی تر، فەزای سیاسی لە بۆشاییەکی جەوهەرییدایە و کارکردەکەشی پچڕاندن و دڕاندنی وەهمی پۆزەتیڤیتەی هەر نەزمێکی کۆمەڵایەتییە. لە سیاسەتی ژیژەکی تێناگەیت گەر پارادۆکسە ناوەکییەکەی ڕەچاونەکەیت، چونکە خودی ئەو چەشنە سیاسەتە واتە درزی نێوان پانتاییە ئۆنتیکەکەی و بونیادە کۆمەڵایەتییەکەی و ئەو نوقسانی(lack)یە ئۆنتۆلۆژییەی کە بەردەوامیی پێ دەدات. ئەوەی گرنگە  لە دەرگیربوونە چەپگەراکەی ژیژەکدا، وەستانە لەسەر "دەرەکێتیی سیاسەت بەڕووی خۆیدا"، کە لە هەردوو دیالەکتیکی هیگڵی و دەروونشیکاریی لاکانەوە دایڕشتووە. بونیادی چەمکی سیاسەتی ژیژەکی، کەمێک پارالاکسی و خێچە: لە گۆشەیەکەوە وا دەردەکەوێت سەروکاری لەگەڵ ئەو ناکۆکی و سازشەدا هەبێت کەوا مەیدانە کۆمەڵایەتییەکەمان پێکدێنێت، بەڵام بە گۆڕانێکی بچوک لە گۆشەکەماندا دەردەکەوێت کەوا درز و بۆشاییەکی خەرەندئاسا لەبن چێوەی پانتاییە کۆمەڵایەتییەکەماندایە. دەقیقتر، هەموو ڕووداوێکی سیاسی "لە هیچەوە دەستپێدەکات...خۆی دەلکێنێت بە درز و پچڕان (نابەردەوامی) و/یان زیادە(excess)ی هەموو دۆخێکەوە"(ژیژەک). پەردە ناسکەکە لەبەردەمماندا دەپسێت و تەنیا ئەوکات بەڕاستی ئەزموونی سیاسەت دەکەین. لە گۆشەنیگا هیگڵی-لاکانییەکەی ژیژەکەوە، فەزای سیاسی، "پلەی سفر"ی سیاسەت و هەلومەرجی پێش-سیاسیی ترانسێندێنتاڵی ئیمانکانی سیاسەتە؛ بۆشاییەکە وا فەزایەک بۆ ئەکتی سیاسی دەکاتەوە تاکو دەستێوەردان بکات و تژییە لە هەوڵی سیاسی بۆ دامەزراندنی نەزمێکی نوێی سیاسی. هیچ سیاسەتێک بوونی نیە بەبێ ئاگایی دەرهەق بەوەی کە هەر کۆششێکی سیاسی لە بەرامبەر نێگەتیڤیتەی خودی سیاسەتدا سەرهەڵدەدات؛ [ئەم نێگەتیڤیتەیەیە] وا دەکات دڵی سیاسەت بکەوێتە لێدان. جەوهەری سیاسەت، "نوقسانی-بۆخۆ"یەکی پارادۆکسیکاڵە، لە هەمان بۆشی و بەتاڵیی فەزای سیاسییەوەیە وا [سیاسەت] ماناکانی خۆی دەخوڵقێنێت. تەنیا دوای تێگەیشتن لە دەرگیربوونە ڕادیکاڵەکەی ژیژەک بە سیاسەتەوە دەتوانین لە تێڕوانینە ڕەخنەگرانەکانی وی لە بیۆپۆلەتیک تێبگەین.  بە مانایەک، ئەم ئەرکەمان وەڵامدانەوەی پرسیارێکی قیتوقنجی گەرەکە: ئایا بیۆپۆلەتیک دەتوانێت بە شێوەیەکی دیالەکتییانە بیر لەو درزە جەوهەرییە بکاتەوە وا ئایدیا سیاسییەکانی ژیژەک پێناسەدەکات؟ پێشی خۆخەریککردن بەم پرسیارەوە، ژیژەک لەگەڵ پێناسە بەناوبانگەکەی میشێل فۆکۆدا هاوڕایە دەربارەی بیۆپۆلەتیک: مەشقی مۆدێرنی دەسەڵات لەڕێی بەڕێوەبردنی ژیانی مرۆڤەوە، کە بووە هۆی گۆڕانێکی مێژوویی گەورە  لە دەسەڵاتی ڕەهای سالارەکانەوە بەسەر ژین و مەرگی ژێردەستە و پلەدووەکانەوە. لەڕاستییدا، ژیژەک زۆرجار بیۆپۆلەتیک بە پۆست-سیاسەت ناوزەددەکات تاکو باس لە بەتاڵییە ئازارشکێنەکەی لیبراڵ-دیموکراسیی ئەمڕۆ بکات. ئەوەی بیۆپۆلەتیکی پۆست-سیاسی لێی بەرپرسە، ڕێک پشتگوێخستنی سیاسەتە. گەر ئەمە تێڕوانینە سەرەتاییەکەی ژیژەک بێت، ئەوا هێشتا پێچوپەنای زیاتر لە ئارگۆمێنتەکانی وی‌دا دەرهەق بە بیۆپۆلەتیک دەبینین. باشترین ڕێگە بۆ پوختکردنەوەیان، جیاکردنەوەی دوو تێڕوانینی ئەمڕۆییە بەڕووی بیۆپۆلەتیکدا. گەر لەگەڵ فۆکۆدا هێشتا بڕێک ناڕوونی و لێڵی هەبێت، ئەوا لە فەلسەفەی ئێستادا دەتوانین بەکارهێنانێکی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی چەمکەکە ببینینەوە. بیۆپۆلەتیکی نێگەتیڤ جەخت لە زیانەکانی بیۆدەسەڵات دەکاتەوە و دیارترین فیگەری ئەم ڕەوتەش جۆرجیۆ ئاگامبێنە. بیۆپۆلەتیکی پۆزەتیڤ، جەخت لە پێشکەوتنە سیاسییەکانی پۆتانشێڵی ئاسۆی بیۆپۆلەتیکییمان دەکاتەوە و، دیارترین بیریارانی ئەم ڕەوتەش مایکڵ هارت و ئەنتۆنیۆ نێگری‌ین. بێ‌گومان، ئەم دوو تێڕوانینە جیاوازە دەلالەت لە دوو جەمسەر دەکەن لە فەزای ئاڵۆزی فیکریی بیۆپۆلەتیکدا. بەڵام دواجار هەردوولا و لە ئاستێکی تیۆریدا کۆی فەزاکە دەنوێننەوە، لەبەر ئەمەشە زۆرجار ژیژەک ئاماژەیان پێ دەکات. وەک پێشتریش زانیومانە، فیکری ژیژەک لەسەر ئەمە بەندە، نێگەتیڤیتە، لە ڕۆڵە دیالەکتیکییەکەیدا، لەڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە لەپێش هەر نەزمێکی تری پۆزەتیڤی بوونەوەیە؛  بیۆپۆلەتیکی پۆزەتیڤ تا ئەو ئاستە لای ژیژەک بێزراوە، وا هەیکەلی تیۆری و سیاسیی هارت و نێگری کەوا ڕەخنە مارکسییە پۆست‌مۆدێرنەکەی خۆیانیان لە سەرمایەداری لەسەر بونیادناوە، ڕەتدەکاتەوە (کە ئەویش پەسنکردنی کرێکاریی ناماتریاڵی یان زانینەکییە، وا لە دینامیکییەتی چەوسێنەری سەرمایەدارییەوە هاتووە). ژیژەک ئەو تێڕوانینە ڕەتدەکاتەوە پێی وایە لە سەرمایەداریی ئەمڕۆدا، ڕۆڵی هەژموونیی کرێکاریی نامادییدا بەسەر کرێکاریی مادییدا فۆرمێکی نوێی ژیان، فرەییەکی ڕۆشنبیریی بیۆپۆلەتیکی یان هەر پەیوەندییەکی تری کۆمەڵایەتی کەوا لەودیو سەرمایەوە "دیموکراسیی موتڵەق" بێنێتەدی. ژیژەک پێی وایە هارت و نێگری بە دڵخۆشکردن بە پۆتانشێڵە گەنیوەکەی سەرمایەداری هەمان هەڵەی مارکس و زۆرێک لە شوێنکەوتەکانی دەکەنەوە، وا پێیان وابوو بەرهەمداریی سەرمایەداری تەنیا بە دابەشکردنی قازانج بەخۆڕایی ڕاستدەبێتەوە و ئاوها کۆمۆنیزم بەرقەراردەبێت؛ تێما فرەبیسراوەکەی ژیژەک "کۆمۆنیزم وەک فەنتازیایەکی سەرمایەداری"، هەر بۆ ئەمە گوتراوە. ژیژەک، فیگەری "پڕۆلیتاریای پەتی" ڕووبەڕووی باوەڕە ناوەکییەکەی چۆنایەتیی ڕزگارگەری بیۆپۆلەتیک دەکاتەوە: خەسڵەتی جەوهەریی کەسێکی دانەمەزراو دەبێتە هی کرێکار، بەڵام ئەو کرێکارە ناتوانێت ئەو [خەسڵەتە] کردەکی‌بکاتەوە یان وازی لێ بێنێت؛ بەڵکو لەو بەینەدا وەک کرێکارێک دەمێنێتەوە کەوا ناتوانێت کاربکات. ئەوەی لە خاڵەکەی ژیژەکدا سەرنجڕاکێشە، تاموبۆ ئاگامبێنییەکەیەتی. ئەو فیگەرە بیۆپۆلەتیکییەی لە تیۆرەکەی ژیژەکەوە نزیکە، هۆمۆساکەری ئاگامبێنە- ئەو تاکەی کەوا هەموو مافەکانی لێسەندراوەتەوە و ئەو ژیانەی تێیدایە "ژیانی ڕووت"ە- چونکە بەرجەستەکەری تێمای سەنتراڵی "سوبێکتیڤیتەی بێ‌جەوهەر"ی ژیژەکە (یان ئەوەی لە زاراوەکانی لاکاندا پێی دەگوترێت سوبێکتی کەرتبوو[1]، ئەو سوبێکتەی لە هەموو ناوەڕۆکێکی پاتۆلۆژیک بەتاڵکراوەتەوە). بە دیدی ژیژەک، ڕادیکاڵییەتی هۆمۆساکەری ئاگامبێن دەبێ لە بەرامبەر جێنتریفیکاسیۆنی[2] لیبراڵانەدا بەرگریی لێ بکرێت، ئەویش چونکە دەبێت لەوە بگەین لە کۆتاییدا هەموان هۆمۆساکەرین. ژیژەک لەوێدا لەگەڵ ئاگامبێن هاوڕایە کەوا یاسا بە مانای کەلیمە بیۆس (ژیانی سیاسی) وەدەردەنێت و زۆیی (ژیانی ڕووت) بەرهەمدێنێت. ژیژەک بەتەواوی پاڵپشتی ئەم دیالەکتیکی وەدەرنانە دەکات. لەڕاستییدا، ئەمە لە چەقی تێگەیشتنەکانی ژیژەک بۆ دیالەکتیکی هیگڵی وەک وەدەرنانی زیادەیەکی "هەزمنەکراو" و دووپەلبوونی نێوان ڕیاڵ و ڕەمزیی لاکاندا نووستووە. لە ئاستێکی گشتیتردا، ژیژەک تێڕوانینی ئاگامبێن وەک پێویستیی ژێستێکی دابڕێنەر دەبینێت نەک سەنتێزی و تێهەڵکێشکەر. لەڕاستییدا هەرکات ئاگامبێن بیەوێت لەڕێی پەیڕەوکردنی ڕزگاریی بنیامینی [پرسی] نێگەتیڤ تێپەڕێنێت، ژیژەک پرسیارگەلێ قیتدەکاتەوە. کاتێ ئاگامبێن ئیمکانی کردنەوەی گرێی نێوان یاسا و توندوتیژی (یان یاسا و وەدەرنان) دەخاتەڕوو، ژیژەک دەڵێت کەوا ئەم سیناریۆی ڕزگارییە یۆتۆپییە پێشوەخت لەلایەن ئایدۆلۆژیای سەرمایەدارییەوە کۆنترۆڵکراوە، ئەویش لە فۆڕمی ڕەنگدانەوەیەکی جیهانیدا وا ناتوانێت هیچ بگۆڕێت یان تەقینەوەی توندوتیژییەکی شێتانە (دەروونپەشێوانە-سایکۆتیک)وە لە ئاستی واقیعی ژیانی ڕۆژانەدا. هەر پەیوەست بە سیاسەتی نێگری و هارتەوە، ژیژەک لە ڕەخنەکردنی بیۆپۆلەتیکی واندا هەوڵدەدات بەردەوامیی فۆرمەکیی "سوبێکتیڤیتەی داشکێنراو" لە بەرامبەر فۆرمە جیاوازەکانی بیۆدەسەڵاتدا جێگیربکات. ژیژەک باوەڕ بە ئۆتۆنۆمیی داشکاندن لە ڕووی سیاسییەوە بە گەمژانە و لە ڕووی تیۆرییەوە بە ناڕاست دادەنێت.  ئەوەی فیکری بیۆپۆلەتیکی تێیناگات ئەمەیە: داشکاندن لە یەکی یاسا و ئاوارتەکانی، "ئێمە"یەکی تاقانەی بێ‌درز و شووناسێکی جڤاکیی بێ‌شادال[3] درووستناکات. ئاوها ژیژەک هەر پەیوەستە بە پارادۆکسەکەی دەروونشیکاریی لاکانەوە، کە دەشێت بەم چەشنە پوختیبکەینەوە: هەرچەندە ئەویتری گەورە بوونی نیە، بەڵام هەر دەبێ گریمانەبکرێت تاکو کارلێکی کۆمەڵایەتی و جڤاکی بڕەخسێن. هەوڵدان بۆ بیرکردنەوە لە بیۆپۆلەتیک لەودیو ژێستی نێگەتیڤی گرژبوونەوە، دواجار پێویستیی نامۆبوون لەناو ئەویتری گەورەدا فەرامۆشدەکات. ئەم گوومانگەراییە، دەرگیربوونە قووڵەکەی ژیژەکمان لەگەڵ بێتوانایی بیۆپۆلەتیک بۆ جێگیرکردنی قازانجخوازیی سەرمایەداری لە ناوجەرگەی پارادایمە تیۆرییەکەیدا بۆ دەخاتەڕوو. هەرچەندە ژیژەک دیدی ئاگامبێن دەرهەق بە وەدەرنان قبووڵدەکات، بەڵام هێشتا بیۆپۆلەتیکی بە هەردوو ڤێرژنی فۆکۆیی و ئاگامبێنی قبووڵ نیە، چونکە هەردوولا تێڕوانینی مارکسیی دەرهەق بە چەوساندنەوەی ئابوری ڕەچاوناکەن. ژیژەک ئەم خاڵە بەتەواوی لە کتێبی کەمتر لە هیچ‌دا دەخاتەڕوو (هەروەها شتێکیش لە فرێدریک جیمسۆن وەردەگرێت):

 "تیۆرەکانی فۆکۆ و ئاگامبێن بەس نین؛ ئەو ڕەتڵە ئایدیایەی دەیانخەنەڕوو، وەک میکانیزمەکانی زاڵبوونی دەسەڵات و ژیانی ڕووت (هۆمۆساکەر)، پێویستە لەلایەن چەوساندنەوەوە نێوانگیر بکرێن؛ گەرنا بەبێ گەڕانەوە بۆ پرسی ئابوری، شەڕ دژی زاڵبوون[ی دەسەڵات] دەبێتە شەڕێکی ئیتیکی و مۆراڵی وا سەردەکێشێت بۆ ئەکتی بەرەنگاری و یاخیبوونی کاتی نەک گواستنەوە و گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنان- پڕۆگرامی پۆزەتیڤی ئایدۆلۆژیای دەسەڵات جۆرێکە لە جۆرەکانی دیموکراسیی "ڕاستەوخۆ". دەرەنجامی تیشکخستنەسەر زاڵبوون پڕۆگرامێکی دیموکراسییانە دەبێت و دەرەنجامی تیشکخستنەسەر چەوساندنەوە (و قازانجخوازی) پڕۆگرامێکی کۆمۆنیستانە دەبێت. ئەوەی بیۆپۆلەتیک لێی تێناگات ئەوەیە تەنیا لە سەرمایەداریدا چەوساندنەوە دەبێتە شتێکی سرووشتی و دەخزێنرێتە نێو کارکردی ئابورییەوە" (سلاڤۆی ژیژەک، کەمتر لە هیچ).

ئاوها ژیژەک حەزی بە فیکری بێتامی بیۆپۆلەتیک نیە، چونکە هێندەی گرنگی بە دەسەڵاتی سالاری(یان سەروەرێتى)[4] دەدات هێندە گرنگی بە دەسەڵاتی سەرمایەداری نادات. وەک پێشبینیکراوە، ژیژەک لەگەڵ هەندێ لە بنەماکانی گوتاری بیۆپۆلەتیکی و ڕەخنەکانی لە لۆژیکی زاڵبوون، هاوڕایە. دەورانی ئایدۆلۆژیی ئەمڕۆ لای ژیژەک، بیۆپۆلەتیکییە. لەمڕۆدا پێمان دەگوترێت دەبێ باش و تەندروست بین، قەینا لە ڕای خوا هەنێ جار شۆکبوونیش هەر دەبێت، ئەمە تا ئاستێک چووە وا مامەڵە لەگەڵ خۆمان دەکەین کە ئۆبێکتی نەزمی بیۆپۆلەتیکی بیین و، ئەو سوبێکتە نارسیستی(خودئەڤین)یە بیین کەوا بەسەر ئامانجەکانی خۆ-بەدیهێناندا چەماوەتەوە. ژیژەک دەڵێت: ئەم لۆژیکە ژانووسییە بیۆپۆلەتیکییەی زاڵبوون، ڕوویەکە لە دوو ڕووەکەی گوتاری زانکۆ[5] وەک گوتاری هەژموونیی مۆدێرنە. گەر وەک ئەوەی ژیژەک باسیدەکات بیۆپۆلەتیک و گوتاری زانکۆی لاکان (کە لەدوای گوتاری ئاغاوە دێت و حوکمی ڕاستەوخۆی شارەزایانە وا لەلایەن زانینەوە شەرعییەتیان پێدراوە) یەک ببڕن، ئەوا لە هەمان کاتدا هاوکیشەکەى لاکانیش ڕێسای سەرمایە دەگرێتەخۆی. گەرەکە جیاوازی لەنێوان لۆژیکی زاڵبوونی بیۆپۆلەتیکی وەک تۆتالیتاریزمی بیرۆکراسیی حوکمی تەکنەلۆژیا و ئەقڵی ئامێریی حکومڕانی جیهان، لەگەڵ ماترێکسی سەرمایەداریدا بکەین؛ کەوا بەردەوام زێدەبەها (زێدەبایی)کەی بەرهەمدێنێتەوە. سەرەنجام ئەم دوو تێڕوانینە یەکناگرنەوە و مادەم ئاسۆ بیۆپۆلەتیکییەکەمان دەستی بە ماترێکسی سەرمایەداریدا ناگات، "ئەوا نابێ خۆمان بدەینە دەست ئەو فریوەی سەرمایەداری کورتدەکاتەوە بۆ فۆرمێکی ڕووتی دەرکەوتنی ڕەوشی ئۆنتۆلۆژیی تەکنەلۆژیای زاڵبوون " (ژیژەک). لەڕاستییدا، بەئاگابوون (هۆشیاربوون) کلیلى تێگەیشتنە لە ڕەخنەی ژیژەک لە سنوری گوتاری بیۆپۆلەتیکی. لە گۆشەنیگایەکی سیاسیی پەتییەوە، ژیژەک پێمان دەڵێت دەتوانین ئەو سنورە وەک بێتوانایی لە بەسیاسیکردنی زۆربوونی حەشاماتی سوبێکتی وەدەرنراو وەک جێ و مەکانی یونیڤێرسالییەت، پێناسەبکەین. ئەمە هەمان ئەو تێمایەیە عادەتەن ژیژەک لەڕێی "دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا"ی لینینەوە دەیخاتەڕوو؛ کە تێیدا پڕۆلیتاریا وەک ناوی جۆرەکیی چینی دەرە-نەزم وەسفدەکرێت، لەمڕۆشدا پێیان دەگووترێت پڕۆلیتاریای لۆمپەن. [ئەمانیش] تاکە ڕێگەن بۆ دەرچوون لە هەژموونی بیۆپۆلەتیکی. "بیۆپۆلەتیک چەندین فۆرمی کوشندەی بەڕژێمکردن لەخۆدەگرێت، لە هەمان کاتیشدا ئارەزووی نەهێشتنی ئازارەکانی مرۆڤی هەیە. پارادایمی خۆشگوزەرانیی چەپە کۆمۆنیست و سۆشیال-دیموکراتەکان بوونی نەماوە...گەرەکە ڕچەوئسلوبێکی تری ڕادیکاڵی چەپگەرایانە لەپێناو بیرکردنەوەدا بڕسکێنرێت. هەر دەبێ لەمڕۆدا کۆشش بۆ شتێکی لەم جۆرە بکەین" (ئایکمایەر، ٢٠٠٧). وەک دەیبینین، ئەم بۆچوونە لەگەڵ ئەوەی ژیژەکدا (کە لە هیگڵ و لاکانەوە دایڕشتووە) وێکدێنەوە، چونکە لەپێشتربوونی ئۆنتۆلۆژیی زیادە دەکاتە فەزای جێگیرکردنی نەزمی ڕەمزیی مانا.

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Barred subject، دەلالەتە لە سوبێکت بە مانا دەروونشیکارییەکەی. ئەم سوبێکتە بە یەکجار هەم خەسان وهەم نوقسانی و کەرتبوونیش لەخۆی دەگرێت. کاتێ لە نوسینیشدا ئاماژەی پێ دەدرێت هێڵ (باڕ)ێک دەهێنرێت بەسەریدا، تاکو دەلالەتەکە وەک خۆی بگات -و

[2] فرۆشتنی کاڵایە بە دەوڵەمەندەکان، تاکو لەو ڕێیەوە نرخی کاڵاکە لە ئاستی خۆی بەرزتر ببێتەوە -و

[3] ...not sustained by "master-signifier"

[4] sovereign

[5] University discourse، گوتاری زانکۆ یەکێکە لە چوار گوتارە بنەڕەتییەکەی ژاک لاکان (ئاغا، زانکۆ، هیستریا، گواستنەوە). ئەم گوتارانەی لاکان لە ١٩٦٩دا و لەپاش شۆڕشی ٦٨دا سەریان دەرهێنا. گوتاری زانکۆ هەژموونی مەعریفە (زانین) و زانست دەنوینێتەوە، بەتایبەت لە مۆدێرنەدا -و