A+    A-
(827) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى سلاڤۆى ژیژەک)

و. بۆتان بەختیار

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

ئاڵتۆسێر

 

 

جیۆفری پیفایفەر

 

 

 

کارەکانی لویی ئاڵتۆسێر(١٩١٨-١٩٩٠)، فەیلەسووفی مارکسیی فەڕەنسی، لە چەندین گۆشەوە بۆ ژیژەک گرنگن. ئەم گرنگییە بەتایبەت لە چەمکی ئایدۆلۆژیادا دەردەکەوێت، هەرچەندە ئەو چەمکی ئایدۆلۆژیایەی ژیژەک بونیادیدەنێت کەمەکێک لەوەی ئاڵتۆسێر جیاوازە و دژە. بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییە ببینین، دەبێ سەرەتا بڕێک لەسەر چەمکی ئایدۆلۆژیا لای ئاڵتۆسێر بدوێین. ئاڵتۆسێر پێناسە مارکسییە تەقلیدییەکەی ئایدۆلۆژیا وەک ئاگاییەکی ساختە و هەڵە- کە [بە تێڕوانینی مارکسییەکان] دەکرێت لەڕێی شیکاریی مارکسییەوە ڕاستبکرێتەوە- ڕەتدەکاتەوە. لای ئاڵتۆسێر، ئایدۆلۆژیا هەمیشە لە ئاستی ئاگایی سوبێکتیڤدا کاردەکات. هەروەک ئاڵتۆسێر لە کتێبی "لەمەڕ مارکس"‌دا دەڵێت: "سەرتاپای ئاگایی، ئایدۆلۆژییە". بەپێی ئاڵتۆسێر هەرچەندە کۆمەڵێ فۆرمی بەشەکیی ئایدۆلۆژیی مێژوویی لەدایکدەبن و دەشمرن، هەروەک چەمکی ڕەمزیی ژاک لاکان، بەڵام بونیاد و ستراکتۆری ئایدۆلۆژیا بۆ هەمیشە وەک ڕەهەندێکی ئاگایی دەمێنێتەوە. تیۆریی بانگهێشت(Interpellation)ەکەی وی، کە لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی "ئایدۆلۆژیا و دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی دەوڵەت" دەیخاتەڕوو، بەو ئامانجە نوسراوە کەوا ئاسۆکانی ئەم تیڕوانینە فراوانتر بکات.

 لەم وتارەدا، ئاڵتۆسێر جیاوازی دەخاتە نێوان "دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت RSA" و "دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی دەوڵەت ISA"، [ئەم دووانە] هەمان کارکرد و ئاماجیان هەیە (ئەویش بەزۆر زاڵکردنی چینی حاکمە)، بەڵام هەریەکە و بە ڕێگای خۆی کاردەکات. دەزگا ئایدۆلۆژییەکان لەڕێی توندوتیژییەوە کارناکەن، بەڵکو کۆمەڵێ ئایدۆلۆژیای مێژوویی بەرهەمدەهێننەوە. نمونەی ئەو دەزگایانەش کە ئاڵتۆسێر دەیانهێنێتەوە، ئەمانەن: قوتابخانەکان، کڵێساکان، یەکێتییە بازرگانییەکان، پێکهاتە خێزانییەکان و دەزگا کەلتوری و پڕاکتیکی و نەریتییەکان. لەم دەزگایانەدا، ئایدۆلۆژیا فۆرمێکی ماتریاڵی وەردەگرێت. بە دیدی ئاڵتۆسێر، ئێمە لەناو ئایدۆلۆژیادا نقومبووین چونکە ئایدۆلۆژیا بە شێوەیەکی ماتریاڵی لە دەزگاکان و ئەو کردارانەی دەیاننوێنین و بەسەرماندا نوینراوە، سەردەردێنێت. دەزگا ئایدۆلۆژییەکان چۆنجۆنی بونیادە ئایدۆلۆژییەکان بەهێز دەکەن؟ وەڵامەکەی ئاڵتۆسێر ئەمەیە: لەڕێی بانگهێشتەوە. بە تێڕوانینی ئاڵتۆسێر، هەرکات یەکێک لە وەڵامی بانگهێشتێکدا خۆی وەک "سوبێکت" ناسییەوە یان وای دانا ئەوەی بانگکراوە ئەوە، ئەوا کردەی بانگهێشتکردن ڕوویداوە. وی نمونەی پۆلیسێک دەهێنێتەوە کەوا کەسێک بانگدەکات و پێی دەڵێت "هێی، تۆ لەوێ"، وەرچەرخان بە ڕووی ئەم بانگکردنەدا ئەو کەسە دەکات بە سوبێکت. هەروەک ئاڵتۆسێریش ئاماژەی پێ دەدات، ئەو کەسە پێی وایە ئەوەی بانگکراوە "هەر بەڕاست" ئەوە و کەسی تر نیە.  ئاڵتۆسێر دەڵێت کەوا ئێمە هەمیشە بەم چەشنە لە دۆخی بانگهێشتکرانداین. کاتێ یەکێک دەچێتە کڵێسا، لەڕێی کۆمەڵێک کرداری ئایینییەوە بانگهێشتدەکرێت تاکو ببێتە سوبێکتی ئەو کردارە؛ کاتێ یەکێک دەچێتە بازاڕکردن، لەڕێی کۆمەڵێ کرداری بازاڕکردەنەوە بانگهێشتدەکرێت تاکو ببێتە سوبێکتی بازاڕکردن. کاتێ یەکێک خۆی دەکات بە کەمپی زانکۆدا، ئەوا لەڕێی زانکۆوە بانگهێشتدەکرێت تا ببێتە جۆرە سوبێکتێکی تایبەت بە زانکۆ(قوتابی، مامۆستا، بەڕێوبەر، هتد...). بە دەرگیربوونمان لەگەڵ هەر پڕاکتیسێکی کۆمەڵایەتیی ماتریاڵی یان هەر دەزگایەکی ماتریاڵی، ئەوا بە شێوەیەکی نەستەکی قبووڵیدەکەین کەوا بووینەتە سوبێکتی ئەو پڕاکتیسە و پێشمان وایە چیتر ئەو سوبێکتەین کە دەرگیری ئەو پڕاکتیسانە دەبێت. لەوەش زیاتر، ناسینەوەی خود وەک سوبێکتی ئایدۆلۆژیا، ناسینەوەیەک نیە تەنیا لەو چرکەساتەدا، بەڵکو ئەو کەسە لەڕێی ئەو ناسینەوە (یان هەڵەناسینەوە)وەیە پێی وایە هەمیشە ئەو سوبێکتە بووە؛ ئەمە خاڵێکی گرنگە. کاتێک من بانگدەکرێم و خۆم وەک ئەو کەسە دەبینم کەوا بانگکراوە، ئەم ناسینەوەیە هەڵەناسینەوەیەکە [چونکە] هەمیشە و پێشوەخت من ئەو سوبێکتە بووم کەوا ملکەچی ئەو پڕاکتیسانە کراوم و [هێشتاش] قەرزارباری وان کراوم. ئاڵتۆسێر لێرەدا دبێژێت: "ئایدۆلۆژیا هەمیشە و پێشوەخت[1] تاکەکانی وەک سوبێکت بانگکردووە، کەواتە ئەم خاڵە ڕووەو ئەم تەرحە پەلکێشماندەکات: تاکەکان هەمیشە و پێشوەخت سوبێکتن".  گەر بگەڕێینەوە بۆ خاڵەکەی سەرەوە (هەمیشەیی‌بوونی بونیادی ئایدۆلۆژیا)، ئەوا تاکە پرس ئەوە نابێت مادەم ئێمە بەردەوام لەنێو پرۆسەی بانگکردنداین ئەوا پێشوەخت سوبێکتین، ئاڵتۆسێر دەشڵێت هەرچەندە کارکردی ئایدۆلۆژیا بەپێی شوێن‌کاتی مێژوویی جیاواز دەگۆڕێت، بەڵام بونیادی بانگکردن(بانگهێشتی ئایدۆلۆژیی) هەمیشەییە. کاتێ ئاڵتۆسێر دەڵێت "ئایدۆلۆژیا هیچ مێژوویەکی نیە"، واتاکەی هەر ئەمەیە. ئێمە هەمیشە خۆمان وەک سوبێکتی بانگکراو لەلایەن دەزگا ماتریاڵییەکان، نەریتەکان و پڕاکتیسەکان دەناسینەوە و ئەمانەش لە کات و شوێنی دیاریکراودا هەن؛ هەر کاتێکیش ئەمانە بگۆڕێن، هێشتا بونیادنانی ئێمە [وەک سوبێکت] بەجێگیری دەمێنێتەوە. هەرچەندە ژیژەک زۆر لە ئاڵتۆسێر وەردەگرێت و بە جۆرێکیش لەم بانگەشەی دواییدا (بونیادنانی سوبێکتیڤیتە لە ماتریاڵی کۆمەڵایەتیی کۆمۆناڵ و دەزگا ئایدۆلۆژییەکان و بانگهێشتی ئایدۆلۆژی) هاوڕایەتی، بەڵام ژیژەک پێی وایە دەزگا ئایدۆلۆژییەکان ئەو جۆرە ماتریاڵەش نین وا ئاڵتۆسێر دەیانخاتەڕوو. ژیژەک پێی وایە سوبێکتیڤیتەی بانگکراو وەک شوێنی بەرهەمهێنانەوەی دابەشکارییە چینایەتییەکان و بونیادی دەسەڵات کاردەکات، نەک تەنیا شوێن لۆژیکی ئەو بکەوێت؛ وەک ئاڵتۆسێر ئاماژەی پێ دەدات. بەپێی دیدی ژیژەک بۆ دیدە ئاڵتۆسێرییەکە، ئەوە تەنیا بۆ خودی سوبێکتەکانە وا دەردەکەوێت وەکبڵێی لەو نێوەندەدا گیربوون. لە شەرحی ئەم بابەتەدا، ژیژەک پەنا بۆ چەمکی ئەویتری گەورەی ژاک لاکان دەبات (لەم سیاقەدا پێمان باشە ئەو دەزگا ئایدۆلۆژییانە وەرگرین وا لە ئێستادا هەن):

 "لەڕێی ئەویتری گەورەی لاکانەوە، گۆشەنیگاکەمان تەواو جیاوازە؛ جێگیرکردنی ئەویتری گەورە ژێستێکی سوبێکتیڤە، واتە ئەویتری گەورە قەوارەیەکی گریمانکردە و تەنیا [تا ئەو جێیە] بوونی هەیە کە سوبێکت گریمانەی بکات (ئەم خاڵە لە ئایدیای دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی ئاڵتۆسێردا ونە و جەختکردنەوەی لەسەر ماتریاڵیتەی ئەویتری گەورە و بوونی ماتریاڵیی دەزگا ئایدۆلۆژییەکان و پڕاکتیسە ڕیتواڵییەکان، پێچەوانەی ئەویتری گەورەی لاکانییە؛ ئەویتری گەورەی لاکانی، لە بنجدا مەجازی و ناماتریاڵییە). ئەو تێڕوانینەی پێی وایە کۆیەتیی دەزگا ئایدۆلۆژییەکان لەدەرەوەی سوبێکتەوە بوونی هەیە و سوبێکت ناتوانێت لێی هەڵبێت، دەرەنجامی پڕۆسەی بانگهێشتە و ئەم پڕۆسەیەش لەلایەن ئاگایی بانگهێشتکراوەوە لە جیهاندا چەقێنراوە. بە دیدی ژیژەک، ئاڵتۆسێر ئەم خاڵەی ونکردووە ئەویش لەبەر ئەوەی باوەڕی بە سرووشتە دەرەکییە ماتریاڵییەکەی دەزگا ئایدۆلۆژییەکان و دەسەڵاتی بانگهێشتکردنیان هەیە. ئەوەی ژیژەک وەک دووقاتبوونەوەی دیالەکتیکیی ناوەکیی پڕۆسەی بانگهێشتکردن و بوونی ماتریاڵیی دەزگا ئایدۆلۆژییەکان دەیبینێت، ئاڵتۆسێر نایبینێت و لێی بێ‌خەبەرە. باسێک لە خوێندنەوەکانی ژیژەک بۆ فیکری هیگڵ لەمەڕ خووپێوەگرتن(habituation)، خراپ نابێت بۆ ئەوەی مانایەک بەم باسەمان ببەخشین(ئەمە سەنگێکی تری مەحەکە بۆ ڕۆشنبیریی ژیژەک). وەک ژیژەک دەیڵێت، خووپێوەگرتن لای هیگڵ واتە ناواخنکردنەوەی شتە دەرەکییەکان(بۆنمونە دەزگا ئایدۆلۆژییەکان لای ئاڵتۆسێر) لەپێناو بیناکردنی ئاگایی تاک(لە کردەی بانگهێشتکردندا)، و پاشان بیناکردنەوەی شتە دەرەکییەکان لەڕێی تێگەیشتن و ڕێکخستنەکانی تاکەوە. جیهان لە بەرەنجامی چالاکییەکی وەهادا خۆی بۆ ئێمە دەردەخات، ئەم دەرخستنەوەش دووقاتبوونەوەی هەمان ئەو شتەیە کەوا چالاکییەکەی وەگەڕخستبوو:

"ئەو دەرەنجامەی لەمەوە دەیچنین ئەمەیە: تاکە ڕێگە بۆ جیاکردنەوەی "ناوەوە" و "دەرەوە"ی ژیانی ئۆرگانیزمێک، تەرحکردنی ئاوەژووبوونەوەیەکی خۆڕەنگدەرەوەیە، ئەمەش واتە؛ -گەر هیگڵییانە بیڵێین- یەک[2]ی هەر ئۆرگانیزمێک وەک گشت(کل) بە شێوەیەکی ڕیترۆئەکتیڤانە دەبێتە ئەنجام و پاشان هۆکارەکانی خۆی ڕێک و قاییم دەکات" (ژیژەک).

بە پێچەوانەی دیدی ئاڵتۆسێرەوە، لە بانگهێشتکردندا، من ملکەچی بونیاد و پڕاکتیسی ماتریاڵیی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاکەمم، ئەم [ملکەچبوونە] دواتر لە بونیادی ناوەکیی سوبێکتیڤیتەمدا دووقاتدەبێتەوە (لە خووپێوەگرتندا، من ئەم پڕاکتیسانە ناواخندەکەمەوە و پاشان هەر خۆیشم دەبمە ئەوان)، دواتر لە هەمان کاتدا ئەم دیوە ناوەکییە فڕێدەدرێتەوە ناو جیهان و وەک سنوری مەجازی و ناماتریاڵیی خودی جیهان کاردەکات. بە دەربڕینێکی تر، من ئەم سنورە وەک سنورێک ئەزمووندەکەن وەکبڵێی لەدەرەوەڕا جێگیرکراوە- ئەم سنورە لە بنجدا بەرهەمی گریمانەی سوبێکتیڤی خۆمە و هەر ئەم گریمانەش بوونی ئەویتری گەورە دەچەسپێنێت. هەر بەم چەشنە، بەبێ ئەوەی خۆیشم بزانم، چالاکییەکانم دەبنە سنوری خۆم و تیگەیشتنم لە جیهان. ژیژەک بەردەوام دەبێت و دەڵێت :"بەم چەشنە-تەنیا بەم چەشنە- هەلومەرجە دەرەکییەکان ئۆرگانیزم سنوردارناکەن، بەڵکو هەر لە بنەڕەتدا [ئۆرگانیزم] خۆسنوردارکەرە. دووبارە، گەر هیگڵ بووبا بەم شێوەیە دەیگووت، ژیان کاتێک درووستدەبێت کە سنورە دەرەکییەکان ببنە خۆسنوردارکردن". بەکورتی و وەک ژیژەک دەیڵێت، دەزگای ئایدۆلۆژیی ئاڵتۆسێری، شتێکی دەرەکی نیە سوبێکتیڤیتەمان سنورداربکات، بەڵکو دەرەکێتییەکە کەوا ناواخنیدەکەینەوە و دەبێتە گریمانیەکی سوبێکتیڤی مەجازی و پاشان لەڕێی ئەو گریمانەیەوە، خۆمان و جیهانەکەمان سنورداردەکەین. لەم دووقاتبوونەوەیەدا، خۆم سنورداردەکەم، بەڵام وەک شتێکی دەرەکی و بەرهەمی جیهان ئەزموونیدەکەم (بۆنمونە، بە ئەزموونی من، دەزگا ئایدۆلۆژییەکان دەرەکیین). وا تێیانناگەم لە خۆمەوە فیچقەبکەن، یان دەقیقتر، بەرهەمی ناسینەوەی خۆم بن وەک سوبێکت لە پڕۆسەی بانهێشتکردندا. لە کۆتاییدا، بۆ ژیژەکیش دەزگا ئایدۆلۆژییەکان بەو شێوەیە کاردەکەن کەوا ئاڵتۆسێر باسیاندەکات، بەڵام بوونی ماتریاڵیی وان بەندە بەو سوبێکتانەوە کەوا بانگهێشتیاندەکەن و ئەو سوبێکتانەش ئەوان وەک پاڵپشتی خۆیان ببینن.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

   بادیۆ

 

لوسی بێڵ

 

ئالان بادیۆ، فەیلەسووفی فەڕەنسی (١٩٣٧-...)، ڕۆڵێکی گرنگی لە کارەکانی ژیژەکدا هەبووە، بەتایبەت لە پاش ساڵی ١٩٩٩ەوە، ئەویش کاتێک ژیژەک یەک فەسڵی ڕەبەقی کتێبی سوبێکتی ختوکاويی تەرخانکرد بە کتێبی قەدیس پۆڵس: بنچینەی یونیڤێرسالیزم[3]ی ئالان بادیۆ. بەم ساڵانەی دوایی، دیالۆگەکانی ژیژەک و بادیۆ چالاکتر بوون و لە هەردوو کتێبی "دیدی پارالاکسی" و "لە داکۆکی لە ئایدیاڵە لەدەستچووەکاندا" دەگاتە ترۆپکى خۆی؛ [ئەم دوو کتێبەی ژیژەک] بەرسڤی وردودرشتن بە ڕووی لۆژیکەکانی جیهانەکان[4]ی ئالان بادیۆدا. بۆچی بادیۆ هێند گرنگە بۆ ژیژەک؟ لە ئاستێکی فراواندا، دیدە فەلسەفی و سیاسییەکانی بادیۆ وەک چەپێکی شۆڕشگێڕ، کاریگەرییان هەبووە لەسەر هەوڵەکانی ژیژەک بۆ بیرکردنەوە لە پڕۆژەیەکی سیاسی و درووستکردنی ئەڵتەرناتیڤێک بۆ سەرمایەداری و خۆراکە ئایدۆلۆژییەکانی (فرەکەلتورگەرایی لیبراڵ-دیموکرات). بادیۆش هەروەک ژیژەک، گوتار(discourse)ی فرەکەلتورگەرایی وەک کۆسپێک لەبەردەم فۆرمە ڕەسەنەکانی بەرەنگاریدا دەبینێت. هەمیسان، بادیۆ وەک ژیژەک یونیڤێرسالیتە و بەرگری لە ئیمکانی گشت (یونیڤێرسال) و حەقیقەتی نەمر دەکات. سەرەڕای ئەم خاڵانە، پەیوەندیی بادیۆ و ژیژەک پچڕانی [فیکری]شی تێدایە، بەتایبەت کاتێ ژیژەک ڕەخنەی ئایدیالیزمی کانت و وەلانانی مارکسیزم لە دیدە کۆمۆنیستییەکانی و نوقسانیی لە پۆتانشێڵی ڕادیکاڵ لە فەلسەفەکەی بادیۆدا دەکات.

 ئەم پەیوەندییە دوودیوە چۆناهی لە بەرهەمەکانی ژیژەکدا کاردەکەن؟ ژیژەک لە سوبێکتی ختوکاویدا، پەسنی سیاسەتی حەقیقەتی بادیۆ و خوێندنەوە ناوازەکانی بۆ قەدیس پۆڵس دەکات، کاتێ دەیانهێنێتەوە نێو چێوەی دەروونشیکاریی لاکانەوە. وەک ژیژەک دەیبێژێت، ناواخنی فەلسەفەی بادیۆ بەرامبەرکێی نێوان بوون و ڕووداوە، بادیۆ لەڕێی بەکارهێنانی تیۆریی کۆمەڵەی کانتۆری[5]ی ماتماتیکییەوە تیۆریزەیان دەکات.  بوون، یان بوون-وەک-بوون، بۆ بادیۆ "فرەییەکی کورتنەکراوە" و کۆمەڵێ ڕەگەزی بێ‌بونیاد و پچڕاوە. ئەم ڕەگەزە هەبووانە، دۆخ (situation)، نەزمێکی پۆزەتیڤی ئۆنتۆلۆژی بۆ مەعریفە(زانین) و فرەییەکی ڕێکخراوی بەردەست دەخوڵقێنن؛ یان ئەوەی ژیژەک بە مانا لاکانییەکە پێی دەڵێت نەزمی ڕەمزی. کاتێ ئەم ڕەگەزانە لەبن یەک زاراوەدا کۆدەکرێنەوە (بۆنمونە کۆمەڵگای ڤیکتۆریایی، هونەر یان سەرمایەداریی مۆدێرن)، ئەوا بە مانا بادیۆییەکەی دەبنە یەک (The One). لەم یەکەوە، نواندنەوەی فرەیی بەردەست و (ئەوەی بادیۆ پێی دەڵێت) میتابونیادی "دەوڵەت (دۆخ)‌ی دۆخ" –کە لە یەک کاتدا ئاماژەیە بە دۆخی سیاسی و دۆخی هەنوکەیی بەگشتی- ڕوودەدات. مادامەکێ مەحاڵە لە ئاستێکی فۆرماڵدا هەمووشت لە هەموو کۆمەڵەیەک بچێتەوە ناو دۆخ، ئەوا هەمیشە نواندنەوە زیادەیەکی بەسەر نواندندا هەیە و دەوڵەتیش بەسەر دۆخدا. ئەم زیادەیە لە سیستەمە زراوەییە فرۆیدی-مارکسییەکەی ژیژەکدا دەبێتە "سەمپتۆم" و نمونەی قەیرانە ئابورییەکانی سیستەمی سەرمایەداری. ئەم زیادەیە بۆشاییەک بۆ ڕووداو دەکاتەوە، یان بە دەربڕینە ژیژەکییەکە "ڕووبەڕووبوونەوەی تراومایی لەگەڵ ڕیاڵدا"؛ ئۆبێکتی بچوکی aی لاکانی.  ڕووداو، واتە ئەوەی سەر بە پانتایی نا-بوونە، ئەوەی پێشتر چەپێنراو بووە یان لەلایەن دەوڵەتەوە وای لێ کراوە نەبینرێت، دەردەخات.  لە بەرامبەردا، حەقیقەت لەڕێی دەستێوەردانی چالاکانەی سوبێکتەوە درووستدەبێت، ئەو سوبێکتەی بڕیاردەدات پۆتانشێڵی خۆی بۆ تێکدانی مەعریفەی نەویستراو بخاتەگەڕ و نەزمێکی نوێی بوون بێنێتەبار. لە پارادایمە مەسیحییەکەی بادیۆدا، زیندووبوونەوەی مەسیح ڕووداوێکە وا لە درزی بنچینەیی بوون-وەک-بوونەوە سەرهەڵدەدات و قەدیس پۆڵسیش سوبێکتی ڕووداو-حەقیقەتە. هەرچەندە حەقیقەتی بادیۆیی دەستێوەردانێکی سوبێکتیڤە، بەڵام بەو مانایە نایەت کەسی(شەخسی) بێت و پەیوەست بێت بە یەک کەسەوە. بەپێی زاراوەکانی بادیۆ خۆی، "ئەوەی سەربازی حەقیقەتە، خۆی لەسەر بنەمای یونیڤێرسال دەناسێنێت"(بادیۆ). ژیژەک دەرهەق بەم خاڵە دەڵێت: هەرچەندە حەقیقەت کتوپڕە چونکە لە دۆخێکی مێژوویی کۆنکرێتیدا سەرهەڵدەدات، بەڵام هێشتاش لە هەر دۆخێکی کۆنکرێتی و کتوپڕدا تاکەحەقیقەتێک بوونی هەیە. بە دیدی ژیژەک، ئایدیای یونیڤێرسال و حەقیقەتی ناکۆتای بادیۆ، وەڵامێکی خێران بەرامبەر هەڵوەشانەوەگەرایی و دەمڕاستەکانی پۆستمۆدێرنیزمی دژە-جەوهەرگەرا. تێڕوانینەکانی بادیۆ وایان لە ژیژەک کردووە جیاوازی بخاتە نێوان مێژووگەرایی و مێژوویی بوون؛ لە کاتێکدا یەکەمیان ئاماژە بە کۆمەڵێک هەلومەرجی مێژوویی دەکات کەوا سەریانکێشاوە بۆ ڕووداو، ئەوەی دووەمیان باس لە کاتیبوونی ڕووداو و بەرەنجامەکانی و سوڕی نێوان ڕووداو و کۆتاییەکەی دەکات- نێوانی مەرگی مەسیح و ڕۆژی دوایی، شۆڕش و کۆمۆنیزم و هتد. ئەوەی مێخێک لەنێوان ژیژەک و بادیۆدا دادەکوتێت، پەیوەندیی ڕووداو و فانی‌بوون(مرۆکبوون)ـە[6]. تیۆرەکەی بادیۆ لەسەر بنچینەیەکی نادیالەکتیکی و (ئەوەی ژیژەک پێی دەڵێت) کانتی دژبەربوونی نێوان دوو نەزم، بوون و ڕووداو، فانی‌بوون و نەمربوون دامەزراوە. ڕووداوی بادیۆیی، بەقووڵی لە پاڵنەری مەرگ جیابۆتەوە، پەیوەست بووە بە نەمری و ناکۆتا و بنیاتنانی سوبێکتیڤەوە. لە بەرامبەردا ئەکتی لاکانی ئاڵۆسکاوە بە فانی‌بوون و پاڵنەری مەرگەوە، بە دەربڕینە لاکانییەکە "وێرانکردن لەودیو گەنینەوە[7]". لەجیاتیی دژبەریی نێوان بوون و ڕووداو، لاکان جەختی لە "نێوان" دەکردەوە-نێوان هەردوو مەرگەکە، دۆخی دەعبائاسای لامێلا. بە دیدی لاکان و پاشان ژیژەک، نەمریی سوبێکت تەنیا لە فانی‌بوونیەوە دێت. بە ڕای ژیژەک دووربوونی بادیۆ لە لاکان لەم خاڵەدا، خاڵی لاوازی فەلسەفەکەی بادیۆیە. "ئەوەی لەودیو تێگەیشتنەکانی بادیۆوە پێی دەگەین، پانتایی ئەودیو چاکەیە، کە تێیدا مرۆڤ ڕووبەڕووی پاڵنەری مەرگ لەوپەڕیدا دەبێتەوە، باجەکەشی ئەوەیە بە تڕۆبوون و هەژارکەوتنێکی سوبێکتیڤدا تێدەپەڕێت و دەبێتە گەنوگوویەکی زیادە(ژیژەک). بە تێڕوانینی ژیژەک، "ئەزموونکردنی سنور" لای سوبێکتی لاکانی، خۆی و بادیۆ لە یەک جیادەکاتەوە.  مادەم پاڵنەری مەرگ دەستی لە هەموو پچڕانێکی نەزمی ڕەمزیدا هەیە، ئەوا ئەکتی لاکانی بناغەیەکی باشترە بۆ ئایدیای پڕاکتیسی سیاسەتی نوێ نەک ڕووداو. لە "دیدی پارالاکسی"دا، ژیژەک لە موناقەشەی بەینی تیۆرەکەی لاکان و بادیۆ دووردەکەوێتەوە و، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی خۆی بە لۆژیکی جیهانەکانی بادیۆوە (کە هێشتا ئەودەم بڵاونەبووبوویەوە) دادەمەزرێنێت. تیشکی سەرەکیی ژیژەک لەسەر سیاسەتی فرمانیی بادیۆیە، کە بە نێوەندگیریی وتارەکەی پیتەر هۆڵوارد دەربارەی سوبێکت کۆمەککراوە. وەک ئەویش باسیدەکات، حەقیقەت-ڕووداو لە تیۆرەکەی بادیۆدا وەک خاڵی دابڕان باسکراوە، وا لێیەوە کرداری نوێ سەردەردێنن. بەم مانایە، حەقیقەتی بادیۆیی بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت وەکبڵێی پێشوەخت درکیپێکراوە؛ دەسەڵاتی داهاتووی لەلایەن سوبێکتەوە پێشبینیکراوە. مادەم نمونەی سوبێکت ی/ڕووەو حەقیقەتی بادیۆ پۆڵسە، حەوارییەک تاکو پێغەمبەرێک، ئەوا پێمان دەڵێت: ڕووداو پێشوەخت ڕوویداوە، نەک لە داهاتوودا ڕووبدات. ژیژەک لە چەند ئاستێکدا ئەم چەشنە سیاسەتە بە بەسوود دەزانێت. یەکەم، ڕێ بۆ جیاکردنەوەی سیاسەتی ڕزگاریی ڕادیکاڵ لە سیاسەتی دۆخی هەنووکەیی جیادەکاتەوە. لە کاتێکدا ئەوەی پێشتر ڕووداوێکە لە حەقیقەتێکی یونیڤێرسالەوە سەرچاوەدەگرێت و ئەویش دەخوڵقێنێتەوە، ئەوەی پاشتر دەوڵەتە، وا بەپێی ژیژەک لەڕێی ترسەوە، ئیتر ترس لە پەنابەران، تاوان یان کارەساتە ئیکۆلۆژییەکان بێت، دەجووڵێن و دەکەونە خۆیان. دووەم، ئیمکانی حەقیقەتێکی یونیڤێرسال و نەمر، خزمەتی وی دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ ئەو شتەی خۆی بە بڕێک تەوسەوە ناویدەنێت "چەتە گومانلێکراوەکانی ڕێزگرتن-لە-ئەویترێتیی-لیڤیناسیی-پۆست سیکۆلاری-هەڵوەشانەوەگەرای-دیموکراسیی-داهاتوو"[ژیژەک ڕەخنەى ڕیشەیی ئەو درووشمە تیۆرییانەى ناو کەوانەکە دەکات وەک: دیموکراسیی داهاتوو(دیموکراسیی دادێ)ـى دێریداییەکان و ئەویترێتییەکەى ناو فیکرى لیڤیناس کە لە جەوهەرە ترسناکەکەى دراوسێ خاڵیکراوەتەوە-و]. ژیژەک نمونەی دوو نوێنەری سەرکەوتووی ئەکتی سیاسی دێنێتەوە: جۆن بڕاون لە سیاقی دژەکۆیلەگەریی سەدەی نۆزدەی ئەمریکادا، و خۆسێ لویز ڕۆدریگێز زاپاتێرۆ لە سیاقی یەکسانیی سیاسیی ژنان لە سەدەی بیستویەکی ئیسپانیادا.

  لە "سوبێکتی ختوکاوی"دا، ژیژەک چەندین خاڵی تری پڕناکۆکی دێنێتەدەر. بە فراوانکردنی ڕەخنەکەی پێشووی دەرهەق بە کانتیزمی بادیۆ، ژیژەک ڕەخنەی سووربوونی بادیۆ لەسەر بەرامبەرکێی نێوان ڕیاڵ و سوبێکت، بوون و حەقیقەت و ئۆنتۆلۆژیزەکردنی سوبێکت دەکات. لە لایەک، ژیژەک لەوەدا هاوڕایە کەوا زیادەی ناولێنەنراوەکە-کە خۆی پێی‌دەڵێت دەبەنگیی ڕیاڵ- نابێت بکرێتە شتێکی جەوهەری. لە لایەکی دیکەوە، ئەو ئەم درز و بۆشاییە نەگەیەنەرەی پێ کێشەدارە، چونکە لەگەڵ سیاسەتی فرمانیی بادیۆدا نایەتەوە. مادەم حەقیقەت ناخرێتەوە پانتایی ئۆنتۆلۆژیی بوونەوە، ئەوا ژیژەک پێی وایە [حەقیقەت] نابێتە شتێکی کرداری و ئەگەرێکە وا لە داهاتوودا دێت، ئیمکانی ڕەخسانەکەی دواکەتووە و لە داهاتوودایە نەک لە واقیعییەتی ئێستادا. بە دەربڕینێکی تر، ئایدیای ڕووداو زۆر ئایدیالیستییە، لەبەر ئەوەی  نەزمی ناماتریاڵیی ناکۆتای حەقیقەت-ڕووداو خراوەتە ئەودیو نەزمی کۆتادار و ماتریاڵیی بوونەوە. کێشەی دووەمی ژیژەک لەگەڵ سیاسەتی فرمانیی بادیۆدا ئەوەیە وا لەناو چەمکی یەکسانییدا درووستبووە و داچەقیوە. بە دیدی ژیژەک، پەڕگیریی سیاسیی یەکسانیخوازانەی بادیۆ (یان ئەوەی پێی دەڵێت "یەکسانیی تیرۆرستیی بەزۆر")، دیاردەی جێگۆرکێیەکی ئایدۆلۆژیی-سیاسییە: هاوکۆلکەی دژەکەی خۆیەتی لە سنورداری و ڕەتکردنەوەی گەیشتن بە کۆتاییدا. ئاوها دەگەڕێینەوە بۆ سەرنجەی پێشتر، فەلسەفەی بادیۆ هێندەش ڕادیکاڵ نیە. لێرەدا ژیژەک پێی وایە ڕادیکاڵ نەبوونی بادیۆ دەگەڕێتەوە بۆ جێهێشتنی مارکس نەک لاکان. دژ بە داخڵکردنی سیاسەتی ڕزگاریخوازانەی مارکس بۆ ناو بازنەی ئابوری، بادیۆ ڕەتیدەکاتەوە ئابوری وەک بەشێکی گرنگی ڕووداو ببینێت. وەک ژیژەک دەیڵێت، چوار پرۆسیجەرە ڕەگەزییەکەی بادیۆ- چوار کاتەگۆرییە بنەڕەتییەکەی پرۆسەی حەقیقەت (هونەر، عەشق، ماتماتیک، سیاسەت)، ئابوریی لێ دەرکراوە و وەلانراوە.

 

 

 


[1] Always-already

[2] The One

[3] Saint Paul: The Foundation of Universalism (1997)

[4] Logics of Worlds (2006)

[5] Cantorian set theory

[6] Mortality

[7] destruction beyond putrefaction