A+    A-
(708) جار خوێندراوەتەوە

چەمکى ئەکت (كرده-Act): لاى سلاڤۆى ژیژەک

فەرهەنگى نێگەتیڤ[1]

 

 

 

شیلا کەنکڵ

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

 

 

 

  ئەکت (هەندی جار دەشگوترێت ئەکتی ئیتیکی یان ڕەسەن)، یەکێکە لە بنەڕەتیترین چەمکەکانی فەلسەفەی ژیژەک و کلیلی تێگەیشتنە لە ڕەهەندە ئیتیکی و سیاسییەکانی فیکری وی. ئەم چەمکە بۆ هەوەڵین جار لە کتێبی ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیادا دەرکەوت، کە لەوێدا ژیژەک ئەکتی پڕاگماتی-سیاسی لە "ئەکتی پێش ئەکت" جیادەکاتەوە، [ئەکتی پێش ئەکتیش] دەبێتە بایسی دانانی بناغەی درک و تێگەیشتن لە جیهان و کرانەوە بەڕوویدا لەلایەن سوبێکتەوە، هەروابێتەوە وا دەکات سوبێکت ڕیترۆئەکتیڤانە پێشگریمانەی چالاکی(ئەکتیڤتی)یەکانی جێگیربکات. جێگیرکردنی پێشگریمانە[2]، هەمان ئەو چەمکە هیگڵییەیە کەوا ژیژەک لە کارەکانیدا بەسەریدا دەچێتەوە و لەگەڵ دەروونشیکاریی لاکان و فەلسەفەی فریدریش  ویلهێلم ڤۆن شیلینگدا هەڵیدەژەنێت؛ ئەویش لەپێناو تێگەیشتن لە ئەکت لەنێو بونیادی فۆرماڵی پارادۆکسدا. لەنێو فەزای ڕەمزی(سیمبولى)دا، ئەکت هەمان ئەو شتە وەدەستدێنێت کەوا مەحاڵ‌‌ە، بەڵام هەلومەرجی خۆیشی بە جۆرێک دەگۆڕێت کەوا ڕیترۆئەکتیڤانە مومکین‌بوونی خۆی بڕەخسێنێت. ئەکت شۆرت[3] لە پانتایی کتوپڕێتی و پێویستی، ناونشین و بڵندنشین، سیاسەت و ئیتیک و هۆ و ئەنجامدا درووستدەکات؛ بۆیە بەبێ حسابوکتابی دەرەنجام(واتە ئەوەی چی روودەدات)، ئەکت درووستدەبێت. ساتێک دەخوڵقێنێت تێیدا ئازادیی ڕەها لەگەڵ پێویستییەکی بێ‌قەیدوشەرتدا سەردەردێنن و سوبێکت لەنێوان بوونی خۆی و مانادا گیردەبێت.

ژیژەک بەدریژایی کارەکانی چەندین نمونەی ئەدەبی، فیلم، ئایینی، دەروونشیکاری و سیاسی بۆ ڕوونکردنەوەی ئەکت وەک دەرچەیەکی نۆرماڵ کە لێیەوە گۆڕان بەشێوەیەکی ڕیترۆئەکتیڤ درووستدەبێت، دەهێنێتەوە. ڕەتکردنەوەی ناشتنی براکەی لەلایەن ئەنتیگۆناوە بەبێ مەراسیمێکی گونجاو، پاشەوپاش و ڕیترۆئەکتیڤ چاکە لە سنوری یاساکانی کریۆن دەکاتەدەرێ؛ خوای مەسیحییەکان کوڕەکەی بەسەر خاچەوە کردە قوربانی، دواتر و بەشێوەیەکی ڕیترۆئەکتیڤ ڕێی بۆ باوەڕ خۆشکرد؛ هەڵوەشاندنەوەی قوتابخانەی فرۆیدی لە ساڵی ١٩٧٩دا و لەلایەن لاکانەوە ڕێی بۆ دەستپێکێکی نوێ خۆشکرد. لە ‌Fountainheadی ئەین ڕانددا، هاوارد ڕۆکی تەلارساز یەکێک لە بیناکانی خۆی دەڕووخێنێت، ئەمەش پێماندەڵێت کە چۆنچۆنی لەنێو پانتایی ڕەمزیدا گیربووین. سیت لە ماشووقە[4]ی تۆنی مۆریسۆندا مناڵەکانی خۆی دەکوژێت تاکو لە ژیانی کۆیلایەتیی ڕزگاریانبکات. ئەکتی کوشتنی خێزانەکەی لەلایەن کیسەر سوزی لە فیلمی گوومان‌لێ‌کراوە ئاساییەکان‌دا، کیسەر لە هاوەڵەکانی نەجاتدەدات و خۆیشی لەوە نەجاتدەدات چیتر بەدوای وان‌دا بڕوات؛ هەروابێتەوە کارەکتەری میل جیبسۆن لە فیلمی قوربانی[5]دا [هاوشێوەی فیلمی گوومان‌لێ‌کراوە ئاساییەکان‌]‌ە، ئەویش کاتێک لە تۆڵەی کوڕە ڕفێندراوەکەی وەزعەکە قڵپدەکاتەوە. هەموو ئەم ئەکتانە پێویستیان بە لۆژیکی "هیرشکردنە سەر خود" و بەقوربانی‌کردنی زەخیرەکانمانە تاکو لە سنوری یاسا دەرچین، یان با بێژین نواندنی ئەکت بەبێ ئەویترێکی گەرەنتیکەر. بۆیە دەبێت ئەکتی ڕەسەن[6]،  لە هەردوو ئەکتی هیستریایی (ئەکتی نماییشی و خۆوادەرخستن لەبەردەم ئەویتردا) و ئەکتی دەروونپەشێوانە[7](ئەکتی وێرانکردنێکی بێمانا کە ئەویتر هەڵدەپەسێرێت) جودابکەینەوە. لەبەر ئەوەی ئەکت تەنها لەخۆیدا دەڕەخسێت، [واتە] بەپێی نۆرمی نەزمە کۆمەڵایەتی-ڕەمزییەکان ئەکت شتێکی شێتانە و دەعبائاسایە؛ بەڵام هەر کە گرتمان، ئیتر ئەوەی پێشتر شێتانە، ئەخلاقی و تەنانەت ڕاستەقینەش بووە، پێناسەدەکرێنەوە. کەواتە:

"ئەکت خەرەندێک نیە بەو مانایەی ژێستێکی نائەقڵانی بێت و خۆی لە هەر بنەمایەکی ئەقڵانی بدزێتەوە، بەڵکو خۆی لەلایەن بنەمایەکی گشتەکی(کلی)ی ئەقڵانییەوە حوکمی لەسەر دەدرێت. مەسەلەکە تەنیا ئەمەیە؛ [ئەکت] هەمان ئەو بنەمایە دەگۆڕێت و درووستدەکاتەوە کە پێشتر حوکمی لەسەر ئەکت خۆی دابوو... ئەکت لە تەداخولێک زیاترە بۆ سەر واقیع(بەو واتایەی دەرەنجامی ڕاستەقینەی هەبێت)، بەڵکو هەموو ئەو شتانە پێناسەدەکاتەوە وا دەچنە نێو چێوەی واقیعەوە".

بەڵام ئەکت لەوەش زیاترە تەنیا گۆڕینی ئەو شتانە بێت وا بە واقیع حسێب دەکرێن، بگرە ئەوەشمان پێدەڵێت کەوا چۆن واقیع ئۆنتۆلۆژییانە پڕ و پێرفێکت و یەکانگیر نیە. لە بنچینەییترین ئاستی خۆیدا، ئەکت هەر ئەمەیە؛ پچڕان یان نابەردەوامییەک لە ناوکی نەزمی کۆمەڵایەتی-ڕەمزیدا. ئەوەمان پێدەڵێت کەوا چۆن لە ناواخندا واقیع درزیبردووە. یان بەو جۆرەی ژیژەک خۆی باسیدەکات:

"ئەکت پانتایی رەمزی لەڕێی تەداخولێکەوە تێکدەدات، بەڵام ئەم تەداخولە لە جێیەکەوە نایەت، بەڵکو ڕێک لە پنتی مەحاڵیتیی خۆیەوە دەردەچێت. ئەم پنتە مەحاڵە، بنەمایەکی بونیادیی شاراوە و وەدەرنراوە". ژیژەک نمونەی تیتۆ دێنێتەوە، کە لە ساڵی ١٩٤٨دا ڕایگەیاند یوگۆسلاڤیا وڵاتێکی سەربەخۆیە. [تیتۆ بەم کارە] مەحاڵی بەدیهێنا، و ئەم ئەکتە درزەکەی ناو جیهانی کۆمۆنیستیی ستالینی دەرخست. بە هەمان شێوە، ئەکتی شۆڕشی  ١٩١٧ ی ڕووسیا لەلایەن لینینەوە، پاشەوپاش و ڕیترۆئەکتیڤانە، مەودایەکی بۆ جووڵەی چینی کرێکار ڕەخساند تاکو لەژێر سایەی کۆمۆنیزمدا زۆرینەیەک بۆ خۆیان پێکبهێنن و چەوسانەوەی دەسەڵاتی پێشووی قەیسەری بە چاوی خۆیان ببینن.

ئەکتی ڕەسەن شوێن لۆژیکی پارادۆکسیکاڵی "نەفیی نەفی" هیگڵی و، سێکسواڵیتەی ژنانە"ی لاکانی دەکەوێت. ئەمەش واتە، ئەکت لە بەرامبەر شادال یان کارێک ناوەستێت کە پێچەوانەی نەزمی ڕەمزی بێت، چونکە [خودی ئەکت] لە هەناوی نەزمی ڕەمزیدایە و هەرکە درووست بوو، دەریدەخات کە ئەم نەزمە چەند نا-هەموو[8]  و ناتەواوە؛ ئەکت ئەو درز(void)ە دەردەخات کەوا پانتایی ڕەمزی لە چواردەوریدا دەڕسکێت. ژیژەک بۆ ئەوەی ئەکت وەک ژێستێکی ژنانە ڕوونبکاتەوە، ئاماژە بە ئەنتیگۆنای سۆفۆکڵ دەدات و دوو ڕێگەمان دەخاتە بەردەست تاکو لە ڕەتکردنەوەی ناشتنی براکەی ئەنتیگۆنا لەلایەن کریۆنەوە بەبێ مەراسیمێکی شایستە، تێبگەین. یەکەمین خوێندنەوە شوێنپێی لاکان لە سیمیناری ٧: ئیتیکی دەروونشیکاری هەڵدەگرێت، کەوا لاکان ئەم ئەکتەی ئەنتیگۆنا بە ڕەسەن دادەنێت چونکە ئەو دووبارە لەدەرەوەی یاسای کریۆنەوە پێناسەی چاکە دەکاتەوە.  هەرچەندە خوێندنەوە ئەلتەرناتیڤەکەی ژیژەک ئەکتەکەی ئەنتیگۆنا دەخاتەناو لۆژیکی ئیتیکی پیاوانە[9]ەوە(ئەویش چونکە ئەو شتانەی دەیانکاتە قوربانی، وەک؛ ژینی داهاتوو لەگەڵ هاوسەر و مناڵەکانی)، بەتەواوی هاوشووناسیان ناکات لەگەڵ ئامانجەکەی خۆیدا، بەڵکو لەجیاتیی ئەوەدا، ئەنتیگۆنا خۆی وەک ئاوارتە دەردەخات. بەدوای ئەو شتەدا دەڕوات کە کردوویەتی بە قوربانی(داهاتووی خێزانەکەی) و بەم شێوەیە دەبێتە فیگەرێکی باڵا. ژیژەک ئەنتیگۆنا دەخاتە بەرامبەر دوو ژنی تر لەنێو ئەدەبیاتدا، کە لەجیاتیی ئەوەی ئامانجەکەیان لەپێناو شتێکدا بکەنە قوربانی، ئامانجەکەیان لەپێناو هیچدا دەکەنە قوربانی. ئەو دووانەش میدیای تراژیدیای یۆنانی و سیتی کتێبی ماشووقەی تۆنی مۆریسۆنن. ئەم دوو فیگەرە ئەکتێکی ڕەسەن دەنوێنن کاتێ هەڵدەستن بە کوشتنی مناڵەکانیان. ئەوەی یەکەمیان لەپێناو لەناوبردنی شتە بەنرخەکەی جەیسنی مێردی، و ئەوەی دووەمیان لەپێناو رزگارکردنی مناڵەکانی لە کۆیلایەتی.

ژیژەک لە [هەردوو کتێبی] پاشماوەی دابەشنەبوو[10] و خەرەندی ئازادی[11]دا، لۆژیکی ژنانەی نا-هەموو لەڕێی فەلسەفەی ماتریالیستیی شیلینگەوە دەخوێنێتەوە تاکو ئەکتی سەرەتایی وەک دەستپێک بناسێنێت. بە پەیڕەوی لە میتافیزیکی "گرژبوون و فراوانبوون"، "فۆرم و ناوەڕۆک" و "جوڵەی بازنەیی پاڵنەرەکان"ی شیلینگ، ژیژەک دەڵێت کەوا ئەکت و شادال پەیوەستن پێکەوە.  لە کاتێکدا ئەکت درز و پچڕان دەخاتە پانتایی ڕەمزی، لۆچەکانی پانتایی ڕەمزیش دەکرێنەوە تاکو [کاریگەرییەکانی] ئەکتەکە ئاسایی‌ببنەوە. کەواتە ئەکت و شادال دوو دیاردەی دابڕاو نین لە یەکتر، بەڵکو دوو دیوی یەک دراون. بەپێی ژیژەک، هیچ ئەکتێکی سەرەتایی بوونی نیە کە ببێتە دەستپێکێکی کاتی، بەڵکو هەردوو شادال و ئەکت لە بازنە و ڕیزێکی لۆژیکی-نەک هۆمەند-دا دەسووڕێنەوە. جوڵەی بازنەیی پاڵنەرەکان ڕێ بۆ ئارەزوو خۆشدەکات و، جوڵە لە ڕیاڵەوە  ڕووەو ڕەمزی لەڕێی زنجیرەیەک دووقات‌بوونەوە دەستپێدەکات. دووبارە، ئەمە پێمان دەڵێت کەوا چۆنچۆنی پانتایی ڕەمزی لەناوەوە درزبردووە و ئەم درزەش ئەویتر ڕادیکالیزە دەکات و بناغەکانی دادەڕێژێتەوە.

 لە کۆتاییدا، ژیژەک لە مامەڵەکردن بە ئەکتەوە، بە شوێنپێی لاکاندا دەڕوات و ئیتیکی ئەنتیگۆنایی ڕووەو ئەکتێکی بێدەنگ تر(بەڵام بە هەمان تراوماوە)، کە ئەکتی کارەکتەری سین دو کوفۆنتێنە لە بارمتەی پۆل کلۆدێلدا. لە کاتێکدا ئەنتیگۆنا درێژەی بە ئارەزووەکەی خۆی دا و چارەنووسی خۆی لەڕێی ناڕەزایەتی‌دەربڕین دژی یاساکانی کریۆن قبووڵکرد، ئەکتی خۆدانە بەر فیشەکی سین کەوا بۆ مێردە تڕۆکراوەکەی هاتبوو، ئەکتێک بوو کەوا لە ناوەکییترین ئازادیی بوونیەوە سەرچاوەی گرتبوو. ئەم ئەکتەی سین، ئەکتێکی باڵای تراژیدیی نەبوو لەپێناو ئامانجێکی باڵاتردا، بەڵکو نا-وەڵامێکە[12] وا شۆرت دەخاتە ڕەهەندەکانی فۆرم و ناوەڕۆک، و بوون و ماناوە. کاتێک مێردەکەی لە سەرەمەرگدا پرسیاری لێ دەکات بۆچی ژیانی ئەوی ڕزگارکردووە، سین هیچ وەڵامێکی ناداتەوە، بەڵکو بە ددان‌جیڕکردنەوەیەک، کە هیچ ئاماژەیەکی عەشقی تێدا نەبوو، دەریدەخات کەوا ڕەتیدەکاتەوە هیچ وەڵامێکی هەبێت. بە تێڕوانینی ژیژەک، ئەم "نا"یەی سین، "نا"یەک نیە بە ڕووی ناوەڕۆکێکی دیاریکراودا، بەڵکو "نا"یەکی ڕووتە، فۆرمی "نا"یە کەوا هەموو ناوەڕۆکیشی لە خۆیدا هەڵگرتووە؛ واتە لەپشتیەوە هیچ شتێک بوونی نیە. کەواتە ئەم ددان‌جیڕکردنەوەیەی سین، بە مانا لاکانییەکەی، لە دەرەوەی پانتایی ڕەمزییەوەیە چونکە نوێنەرەوەی بەشێکی بچوکی ڕیاڵە؛ یان با بڵێین زیادەی پیسی ددان‌جیڕکردنەوەیەکی پاتۆلۆژیی قێزەونە کەوا لکاوە بە فۆرمی ڕەمزییەوە.

کاتێ لەمڕۆدا سەرمایەداریی هەموو لەسنووردەرچوونێک لە خۆیدا گلدەداتەوە و بووەتە سیستەمێک کەوا چیتر زیادەکەی فڕنادات بەڵکو دەیکاتەوە بە پاڵهێزی خۆی، ژیژەک ئەم "نا"یە وەک ئەکتێکی سیاسی تەرحدەکات. لێرەدا ژیژەک پەیڕەویی لە ئایدیای داشکاندن[13]ی ئالان بادیۆ دەکات، ئەم ئایدیایە هەر وەک ئاوفهیبۆنگی هیگڵ، ڕێگەی پاشەکشە و کشانەوە لە نقوومبوون لە دۆخێکدا دەکاتەوە و ئەم پاشەکشەیەش وا دەکات بچوکترین جیاوازی ببینین کەوا فرەیی دۆخ دەپارێزێت؛ هەر ئەمە [لە کۆتاییدا] دەبێتەهۆی هەڵوەشانەوەشی. لەمڕۆدا بزووتنەوەیەکی نوێ بە تەرحی ئەجێندایەکی پۆزەتیڤەوە بۆ گۆڕان نابێتە ئەکتی سیاسی، بەڵکو ئەوە درووستکردنی پچڕانێکە لە نەزمی ڕەمزیدا [وا دەبێتە ئەکتی سیاسی]. هەر لێرەشدایە تیبینیی بنەڕەتیترین جیاوازیی نێوان ئەکتی ژیژەکی و ڕووداوی بادیۆیی دەکەین. ژیژەک لە کتێبی سوبێکتی ختوکاویدا دەنووسێت:

لاکان پێداگریی لەسەر لەپێشتربوونی ئەکتی نێگەتیڤ دەکردەوە تاکو بونیادنانێکی پۆزەتیڤانەی هارمۆنیەتێکی نوێ لەڕێی هەندێ شادالەوە، لە کاتێکدا لای بادیۆ، ڕووە جیاوازەکانی نێگەتیڤیتە(کارەساتە ئیتیکییەکان) کورتکراونەتەوە بۆ هەندێ نوسخەی خیانەت (نادڵسۆزی، نکۆڵی) لە حەقیقەت-ڕووداو.

بە لای ژیژەکەوە، بێگومان لاکانیش، پاڵنەری مەرگ لە ئەکتی ڕەسەندا کارایە، کەواتە بە لای ئەم دوو بیریارەوە ئەکت کاتیگۆرییەکی نێگەتیڤی پەتییە. [ئەکت] دەلاقەیەک دەکاتەوە تاکو سوبێکت لە سنووری بوونی خۆی دەرچێت و، چاڵی نێگەتیڤیتە و درزی پڕنەکراوە بە بوون واڵادەکات.  ژیژەک بۆ ئەم جۆرە ئەکتە، لە کتێبی "دیدی پارالاکسی[14]"دا نمونەی کارەکتەری بارتلبی (بارتلبی کۆپیکەر)ی هێرمان مێلڤیل دەهێنێتەوە؛ [بارتلبی] سوبێکتیکە کەوا لەڕێی وەڵامە دەمکوتکەر و فرەماناکەیەوە "پێم باشترە نەیکەم[15]"، پچڕانێک دەخاتە بزووتنەوەی سیاسیی ئەو دەمە. ئەم "نا"یە هیچ ڕاناگەیەنێت و شتێکیش دژی ئەویترێک ناکات، بەڵکو بۆشاییەک لەودیو هەژمونی باڵادەستیی نەزمەکە و نەفییەکەیەوە درووستدەکات. بە تێڕوانینی ژیژەک، ئەوەی ئەم ئەکتە بێدەنگە درووستیدەکات، بۆشایی بچوکترین جیاوازییەکانە لەنێوان کۆمەڵەی ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان و درزی غیابەکەیاندا. بە دەربڕینێکی تر، ئەم ژێستەی بارتلبی (وتنی "نا")، "هەمان ئەو زیادەیەی یاسایە کاتێک لە ناوەڕۆکە قێزەونە سوپەرئیگۆییەکەی بەتاڵدەکرێتەوە"(ژیژەک). لە کارەکانی دواتریدا (لە داکۆکى لە ئایدیاڵە لەدەستچووەکاندا، ژیان لە کۆتا ساتەکاندا، کەمتر لە هیچ)، ژیژەک جێگیرکردنی پێشگریمانەی هیگڵ لەگەڵ "کارەساتگەریی ڕۆشنگەر"ی ژان-پیەر دوپوی لەیەک‌دەدات، ئەویش بۆ ئەوەی پێمان بڵێت چۆنچۆنی ئەکت مومکینبوون(یان مەحاڵبوون)ی گۆڕانی ڕیترۆئەکتیڤانەی "ڕابردووی داهاتوومان" دەڕەخسێنێت. لۆژیکەکە بەم چەشنەیە: دۆخێ مە (بۆنمونە مانەوەی فیزیکیمان) تازە قووڕی بەسەردا کراوە، ئێمە پێشوەخت تیاچووین، تاکە ڕێگە بۆ خۆپاراستنمان ئەوەیە وا ئەکت بنوێنین وەکبڵێی پێشوەخت کۆتایی دنیا هاتووە و ڕوویداوە. واتە، دەبێ بچینە ئەودیو نکۆڵییە فیتیشیستییەکانمان و ئەو شێتییەی کەپیتالیزم کەوا ڕووەو پاڵنەری مەرگ[16](نەوەک مەرگ خۆی) ئاڕاستەمان دەکات(ئەمەش واتە داوامان لێ دەکات ڕیاڵ بۆ داڕشتنەوەی نەزمی ڕەمزی بەکاربهێنین).  گەر وای دانێین خراپترین شت ڕوویداوە، ئەوا ئەوکات ئازاددەبین بۆ ئەوەی ڕیترۆئەکتیڤانە هەلومەرجێک بۆ دۆخێکی نوێ بخوڵقێنین، یانژی ڕێگایەک دەگرینەبەر کەوا پێشتر نەگیراوەتەبەر، هۆکارێک دەگرینە دەستمانەوە کەوا پێشتر وەک لەدەستچوو تەماشاکراوە. هەمان ڕووداو بە چەشنێکی تر دووبارەناکەینەوە، بەڵکو شتێکی نوێ (لەڕێی دووبارەکردنەوەی بازنەی ئەکتی خەرەندئاسا و شادالەوە) دەخوڵقێنین. هەر هەیکەلێکی ئیتیکی، بناغەکەی لە ئەکتێکی خەرەندئاسادایە و، تەنیا دەروونشیکاریش لەگەڵ پلەی سفری سیاسەت و هەلومەرجی ترانسێندێنتاڵی پێش‌سیاسیی مومکینبوونی سیاسەتدا ڕووبەڕووماندەکاتەوە؛[ئەم هەلومەرجە] ئەو بۆشاییەیە کەوا ئەکتی سیاسیی تێدا دەخولقێت. گۆڕانی ڕاستەقینە تەنیا ئەوکات ڕوودەدات کە قبووڵیکەین هیچ ئەویترێک بوونی نیە و ئەم کرانەوە فۆرماڵەش، وا دەکات ئازادی لە ئەکتێکی سیاسیی ڕەسەنەوە فیچقەبکات کەوا لە کۆتاییشدا دەبێتەهۆی درووستبوونی گۆڕان لە پانتایی ئیمکان‌دا. بە تیۆریزەکردنی ئەکت، ژیژەک دەیەوێت پێمان بڵێت کەوا دەتوانین مەحاڵ بکەینە مومکین، واقیع لە ناوەوەڕا درزبردوو و شەقبردووە و، دەتوانین دنیایەکی تر بۆ خۆمان درووستکەین ئەگەرچی لە ئیستاشدا نەبێت.

 


[1] . سەرچاوە: فەرهەنگى چەمکەکانى ژیژەک- ئیدیتى ڕێکس باتلەر: ئەم فەرهەنگە بەردەوام دەبێت و بە نۆرە چەمکە دیارەکانى سلاڤۆى ژیژەک شیدەکاتەوە- و

[2]  Positing presupposition

[3] Short-circuit

[4] beloved

[5] ransom

[6] Authentic act

[7] Psychotic act

[8] Not-all

[9] Masculine ethics

[10] Indivisible remainder

[11] Abyss of freedom

[12] Non-response، غیابی وەڵام

[13] Subtraction

[14] Parallax view

[15] “I would prefer not to”

[16] Death-Drive