A+    A-
(850) جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی دەقی ''سێ وتار لەبارەی تیۆری سێکسوالیتە''ـى فرۆیدەوە

 

 

 

 

 

 

 

"سێ وتار لەبارەی تیۆری سێکسوالیتەوە"، کارێکی فرۆیدە لە ساڵی 1905 نوسراوە، تیایدا پەرە بە تیۆرەکەی دەدات لەبارەی سێکسوالیتەوە، بەتایبەت پەیوەندیی سێکسوالیتە بە مناڵییەوە [زاراوەی سێکسوالیتە، دەکەوێتە ئەودیوی مانەوەی وەچە و وەچەخستنەوە و بەکۆی ئەو دیاردانە دەوترێت کە لە ژێر دەربڕینێکی وەک (کاتیگۆرییە سێکسی- دەروونییەکاندا هاتوون). بۆیە سێکسوالیتە، بەواتای کارکردنی سێکسیی ئارەزووە نەستەکیەکان دێت][1]. فرۆید ئەم ئەم "سێ وتارە" بە دووەم گرنگترین وتار دادەنێت. بەدیدی خۆی، گرنگترین کاری، "لێکدانەوەی خەونەکان(ڕاڤەى خەون)"ـە. فرۆید لەپاش کارکردنی لەگەل ژنە نەخۆشەکان، ئەم تیۆرانەی پەرە پێداوە. زۆربەی ئەم ژنانە، بەگشتی بەدەست هیستریاوە دەیانناڵاند. سەمپتۆمەکانی هستریا، هێجگار جۆراوجۆر بوون. بۆنمونە سەمپتۆمەکانی ئیفلیجی و تێکچوونی خەو وەک سەمپتۆمی هیستری تەشخیس[2] دەکرا. هەروابێتەوە، حاڵەتی دەروونپەشێوی[3] و تێکچوونی میزاجی توندیشی دەگرتەوە. بەشێوەیەکی سەیر و سەرنجڕاکێش، یەکێک لە ڕێگا باوەکانی چارەسەرکردنی هستریا ئەوە بوو: دەبووایە پزیشک نەخۆشەکە بخاتە دۆخی ئۆرگازمەوە. ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کارەکانی فرۆید هەبوو.

فرۆید لەلایەن ژان-مارتن شارکۆتەوە سەرپەرشتی دەکرا کە پزیشکێکی دەروونیی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بوو. یەکەم کەس بوو کە خەواندنی موگناتیسی بەکارهێنا بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشانەی بە دەست هیستریا گیرۆدەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا، دواتر فرۆید دەستبەرداری بەکارهێنانی خەواندنی موگناتیسی بوو، چونکە بۆی دەرکەت کە ناکارایە[لە هیپنۆتیزمدا، ئیگۆی نەخۆشەکە لاواز دەبێت، نەخۆش سەمپتۆمەکانی خۆی ناناسێت، ئیگۆ ناتوانێت کەناڵێک بدۆزێتەوە بۆ دەرکردنی چەپێنراوەکان]. سەرکەوتنەکانی خودی فرۆید لە خەریکبوونیەوە لەگەڵ نەخۆشییە دەروون-جەستەییەکانەوە دێن. ئەوەی دۆزییەوە کە ئەو سەمپتۆمانەی نەخۆشەکان ئەزموونیان دەکرد[مەبەستی لە هیستریایە] بەهۆی چەپاندنی ئارەزووە سێکسییەکان بوو. سەرەنجام، فرۆید گریمانەی ئەوەی کرد کە سەمپتۆمەکان بەوە چاک دەبنەوە کە چەپێنراوەکان بهێنرێنە نێو ئاگایی. کارەکانی فرۆید دژایەتییەکی زۆری نایەوە، بەتایبەت لە نێو گرووپە فێمێنیستییەکان. ئەوان کارەکانی فرۆید یان وەک سێکسیست[4] تەماشا دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، بە ئێستاشەوە، تیۆرە نوێیەکان لەبارەی سێکسوالیتەی مرۆڤەوە، سەرچاوەکەی دەگەرێتەوە بۆ تیۆرە بنەڕەتیەکانی فرۆید. نەیارەکانی وی، بەتایبەتی لەگەڵ زاراوەی ''نۆرماڵ'' هەست بە سوکایەتی دەکەن. ئەوان پێیان وایە ئەوەی نۆرماڵە پرسێکی سوبێکتیڤە و بۆیەش کارەکانی فرۆید ناتەواون. فرۆید سەرنجی ئەوەشی دابوو، ئەو کەسانەشی مەیلە سێکسییەکانیان ''نۆرماڵ''ـن، هێشتا نۆرماڵ نین. ئەو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هیچ رەفتارێکی سێکسی نۆرماڵ[ئاسایی] بوونی نییە[میکانیزمە لادەرەکانی سێکسوالیتە، تا ئەو جێیانەشی لەگەڵ شتانێکدا تێکهەڵکێشدەبن کە بە سێکسوالیتەی ئاسایی دادەنرێن، ئەوا بە لادان دانانرێن. تەنیا ئەو کات بە لادان دادەنرێن کە بەتەواوی لە ئۆبێکتە سێکسییەکە ئامانجە سێکسییە گریمانکراوەکە جیاببنەوە][5]. لەبارەی کێشەی پیدۆفیلیا[6]، فرۆید تێروانینێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. وا وەسفی ئەم هەستە لادەرانە دەکات کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ترسان. بۆ نموونە ئەو ئاژەڵانەی کە ناتوانن جووتبن لەگەڵ ئاژەڵەکانی تر، (بێبەشبوونە سێکسیی[7])ـەکەیان، لەسەر ئاژەڵە بچووکەکان خالیدەکەنەوە [مەبەستی فرۆید ئەوەیە کە ریشەی ترسان لە بێبەشبوونی سێکسی، لە پرۆسەی پەرەسەندنەوە بۆ مرۆڤ بەجێماوە، لێرە رەهەندە داروینییەکەی فرۆید دەردەکەوێت]. بەم جۆرە، فرۆید پێیوابوو کە پیدۆفیلیا، زگماکی نییە بەڵکو لە ترسەوە گەشەدەکات.

سەرباری کەموکوڕییەکانی، فرۆید هەندێ خاڵی گرنگی پێشکەشکردووە. ئەم کارەی بەپێی سێکسناسەکان[8]ـی سەردەمی خۆی داڕشتووە. فرۆید تیۆرییەکانیان دەخوێنێتەوە و دەیانپشکنێت، پێشئەوەی تیۆری خۆی ئامادەبکات [واتە فاکتە بایلۆژییەکان وەردەگرێت و دەیخاتە نێو سیستەمە میتاسایکۆلۆژیەکەی وماهیەتە تیۆرییەکانی سێکسوالیتە هەڵدەکۆڵیت]. یەکەم بەشی دەقەکەی تەرخانە بۆ لێکۆڵینەوەی ئەو ڕەفتارە سێکسیانەی ''نۆرماڵ'' نین. فرۆید تێبینی ژمارەیەک مەیلی سێکسی جیاوازی کردبوو، وەک مەیلی هاوڕەگەزخوازی و جووترەگەزخوازی. فرۆید پێیوابوو، هەندێ کەس لەوکاتەوەی لەدایکبوون ئەم مەیلەیان هەیە[فرۆید دەڵێت هەمووکەس وەک جووت رەگەزخواز لەدایکدەبێت، چونکە سێکس یەک سەرچاوەی ورووژانی نییە لە لەشدا، سێکس لە هەموو ناوچەکانی لەشدایە و بەسەر پاڵنەری جیاواز دابەشبووە وەک وەچەخستنەوە، (سەیرکردن، لەمس و دەستلێدان، لێسانەوە)[9]، مرۆڤخۆری. هەربۆیەشە بێشوومار بابەتی ئارەزووی هەیە. ئەوە لە گرێی ئۆدییپدایە کە ئارەزووی مناڵ بەر هەمووارکردنەوە و سانسۆر دەکەوێت. هەر ناوچەیەکی سێکسی لە لەشی مرۆڤ] هەندێکی تریش، ئەم حاڵەتەیان تیا پەرەدەسێنێت بەهۆی هۆکارێکی دیاریکراو[مەبەست لە ڕووداوی گرێی ئۆدیپە، تێیدا زنجیرەیەک هاوشووناسبوونی فەنتازی لە مناڵی کچ و کوڕ ڕوودەدات و دەبێتە هۆکاری ئاراستە جیاوازەکانی سێکسوالیتە، لە هاورەگەزخوازیدا، مناڵ هێندە لەگەڵ رەگەزی پێچەوانەی خۆی هاوشوناس دەبێت، هەمان بابەتی ئارەزووی ئەو دەکاتە بابەتی ئارەزووی].

فرۆید یەکەم کەس بووە، بە وردی وەسفی چۆنیەتی ئەزموونکردنی چێژوەرگرتنی سێکسی لە منداڵدا کردووە. وا وەسفیدەکات کە مناڵ ئەزموونی چێژوەرگرتن دەکات، بەهۆی پرۆسەیەکی میکانیکییەوە وەک فرێدانە هەوا[پرۆسە میکانیکییەکەی چێژوەرگرتن بەهۆی بەرکەوتن بە لینجە پەردەی ئەندامەکانی لەشەوە درووستدەبێت]. ئەو دەیوت: ئەو هەستکردن بە دامرکاندنەوەی کە لە پاش هەستکردن بەترسەوە درووستدەبێت، دەبێتە سەرچاوەیەکی بەهێزی چێژی سێکسی[ بەپێی فرۆید، چێژ بریتییە لە دامرکاندن و نەهێشتنی گرژی، ترسیش هۆکاری گرژییە]. هەر لەم دەقە، فرۆید پێشنیاری ئەوەیکرد کە مندال ناوچەی ورووژێنەری تایبەتی هەیە بۆ چێژوەرگرتنی سێکسی. بۆ نموونە پەنجە مژین لە پێناو چێژی سێکسی. هەروەها ئەو گریمانەی خستەڕوو، کە ناوچەی کۆم، دەکرێت بگۆڕێت بۆ ناوچەیەک بۆ چێژوەرگرتنی سێکسی، کاتێک مناڵ بە فشارخستنە سەری چێژی لێوەردەگرێت. لە لێکدانەوەکەی لەبارەی قۆناغەکانی گەشەکردنی سێکسی منداڵ، فرۆید بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە یەکەم قۆناغ[ قۆنا‌غی دەم] سەلمێنەری فزووڵیی مناڵە. مناڵی کوڕ پرسیار دەکات بۆچی بەشێوەیەکی جیاواز لە کچ درووستبووە. هەروەها گریمانەی ئەوەشی کرد، کاتێک کچ بۆی دەردەکەوێت کە زەکەری هەڵنەتۆقیوە، هەستێکی بۆ درووستدەبێت، فرۆید پێی دەڵێت ''ئیرەیی سێکسیی''[ پێدەچێت کاتێک هەر ژنێک ئەم قسەیە ببیستێت. یەکسەر بیر دەکاتەوە و دەڵێت ئەی بۆ بیرم نایەت کە هەستێکی وام هەبووبێ، دیارە کە بیرە چەپێنراوەکان وا بە ئاسانی نایەتەوە بیری مرۆڤ، نەست، لەرێی میکانیزمەکانی بەرگری وەک (چەپاندن، نکۆڵی) پێش ئەزموونکردنی ئاگایانەی شتەکان، دەکەوێت، بەڵام شوێنەوارەکانی بەشێوەیەکی سیمبولیانە و پێچەڵپێچ لە خەونەکان و رەفتارەکانی ژیانی رۆژانە دەردەکەوێت]. فرۆید پێی وابوو، ئەم گەشەکردنە سەرەتایانەی ژیانی منداڵ، کاریگەریەکی گەورە لە ژیانی داهاتووی جێدەهێلێت. بەوتەی فرۆید، مناڵی کوڕ، ترسی بۆ درووستدەبێت لەبەرامبەر باوکیدا، هەر بۆیە لەرێی لاسایکردنەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی رەزامەندی باوکی دەدات. ئەم ترسە، ترسە لە خەسان[10][لای فرۆید چەمکەکە گەڵێک تیۆرییتر و ئاڵۆزترە و گەرچی ئاماژە بۆ نەبوونی زەکەر دەکات وەک گرێیەک، کەچی لەسەرتاپای ژیانی مرۆڤدا دەبێتە میتافۆرێکی زیندوو بۆ هەموو لەدەستدان و نوقسانی و کورتهێنانێک][11]. بەپێی فرۆید، ئەم ترسە  بەهۆی ئارەزووی سێکسیانە بۆ دایک دێتەئاراوە. هەروابێتەوە، وایشی دادەنێت کە پەردەهەڵماڵینی لەسەر هەبوونی زەکەر، دەبێتە ڕەگوڕیشەی (ژنبێزی)[12]. بەوتەی فرۆید، کاتێک کوڕ بۆی دەردەکەوێت. رەگەزی بەرامبەر زەکەری نییە، لەمە بەدواوە، بەشێوەیەک لەژن دەڕوانێت، وەک ئەوەی لە ئاستی پیاودا کەمتر بن. فرۆید لەو باوەڕەدابوو، دواتر ئەم هەستکردنە نامێنێت، بەڵام هەمیسان لە دەمی باڵغبووندا دەردەکەوێتەوە. لەم قۆناغەدا، ئارەزووە سێکسییەکان و پەیوەندیە سۆزدارییەکانی مرۆڤ، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەی[سێکسی دەروونی] هەڵژەنراوە. یەکێک لە توندترین دەربرینەکانی فرۆید، ئەوەیە کە ئارەزووی عەقڵانییەت، سەرچاوەکەی پاڵنەرە سێکسییەکانە[مەبەست لە بڵندبوونەوەی لیبیدۆی مرۆڤە، عەقڵانییەتیش، خزمەت بە مانەوە و گەشەکردنی ئابووریە دەروونییەکەی مرۆڤ دەکات کە ڕیشەیەکی سێکسییانەی هەیە، ئەوەش لەرێی رێکخستنەوەی ئابوورییە دەروونییەکەی مرۆڤ لە نێو کەلتووردا فەراهەم دەبێت. مۆدێرنەش، فاکتێکە بۆ ئەم تێرونینە]. هەروابێتەوە، ئەم دەقە، پرسی سادۆماسۆشیزم، بەسەر دەکاتەوە. فرۆید  ڕوونی کردۆتەوە کە ڕەگوڕیشەی پاڵنەری شەڕەنگێزی لای پیاوان، لە ئارەزووی جووتبووندا قەتیس نابێت. هەروەها ڕوونیشیکردۆتەوە کە پیاوان ملکەچی پاڵنەرێکی سامناکن بۆ کۆنترۆڵکردنی ژنان، لە هەموو ڕوویەکەوە.  تێبینی ئەوەشی کردبوو، ئەم ڕەفتارە لای زۆربەی پیاوان باوە. بەڵام،  بەئاستی جیاواز لە پیاواندا کارایە[مەبەستی لە پاڵنەری باڵادەستییە کە لە هەردوو رەگەزدا کارایە، فرۆید لە چەند شوێنێک ئاماژەی پێکردووە و وەک بەشێک لە (پاڵنەری مەرگ)ـی داناوە].

 تیۆرە بنەڕەتییەکانی فرۆید، زیاد لە سەدەیەکە، خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.  پێشکەوتنی زۆری پێشکەش بە خەڵکی سەردەمەکەی کرد. بۆ نموونە، ئەوەی خەڵکی بە لادانی سێکسی دەیانبینی، ئەو بە ئارگومێنت، بۆی ڕوونکردینەوە کە سرووشتی سێکسوالیتە خۆی لادانە [سێکسوالیتەی مرۆی، لادان و چەوترەوییەکی پارادۆکسە لە نۆرمێک بوونی نییە. پاڵنەرەکان، هەر لە سەرەتاوە پارچە پارچە، بەشەکی، پارچەکی، بێ ئامانجن و جودان لە ئۆبێکتەکەیان][13]. لە جەوهەردا، فرۆید ئاڵنگاری ئەو بیرۆکەیەی دەکرد کە هەموو ئارەزووە سێکسییەکان، ئارەزوویەکی بایلۆژین بۆ جووتبوون[زۆرکەس پێیانوایە رادیکالیزمی دەروونشیکاری(بەتایبەتی هینەی فرۆید)، رادیکالیزمی سێکسە. بەڵام بەپێی زۆپانچیچ شتەکە بەو جۆرە نیە، بەڵکو رادیکاڵیزمی پاڵنەرە. ئەوە پاڵنەرە کە لە ڕیشەوە دەبزوێت نەک سێکس، سێکس خۆی خەسڵەتێکی دواتر و دووەمینی پاڵنەرە، ئیمکانێکە لە پاڵنەر دەکەوێتەوە. سێکس جۆرێک لە پینەکردنی دواتری پاڵنەرەکانە، بۆیە سێکس دەکەوێتە پێگەی دووەمەوە و نابێتە ڕیشە، ئەو بێ نۆرمیەی دەکەوێتە پێش سێکسەوە بریتییە لە پاڵنەر][14]. لێرەدا دژیەکیەک لە سروشتی کارەکانی فرۆید دەبینرێت. گەرچی بەڕوونی وەسفی گەشەی سێکسوالیتەی کردووە بەجۆرێک جودایە لە ئارەزووی جووتبوون، کەچی هێشتا هەر وەکو لادان دەیبینی. هەروابێتەوە، فرۆید سێکسوالیتەی وەک شلۆک دەبینی نەک وەک جێگیر، هەر بۆیە بەدرێژای ژیانی مرۆڤ گەشە دەکات [فرۆید سێکسوالیتەی مرۆڤی وەک کێشەیەک دۆزییەوە کە پێوەیستی بە ڕوونکردنەوەیە، نەک وەک شتێک کە سەرەنجام بەهۆیەوە هەر کێشەیەک(ـی تر) ڕوونکەینەوە][15]. لەم پوختە باسەدا، ئاشکرایە ئەم خاڵە زەینی فرۆیدی مژووڵ کردبوو: بەرەوپێشچوونی مرۆڤەکان بە لەبەرچاوگرتنی ڕیشە سێکسوالیتەکەی. سەرەرای ئەوەش کارەکانی گرنگیەکی بەرچاوی هەبوو. بۆ نموونە، داکۆکی دەکرد لە بەستنەوەی سەرهەڵدانی یەکتاپەرستی، و هەژموونە بەهێزەکەی ئەوسای، بە گەشەی سێکسیی دەروونی، [مەبەستی لە پێنج قۆناغەکەی گەشەی سێکسی دەروونیە کە لە لەدایکبوونەوە دەستپێدەکات تا هەرزەکاری]. سەرباری ئەمەش، فرۆید ئەو ئاسانییەی کە بەهۆیەوە پیاوە بەهێزەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەوسا بە ئۆتۆریتەی ڕەها حوکمیان دەکرد، دەداتە پاڵ پێشکەوتنی سێکسوالیتەی مرۆڤ. کارەکەی فرۆید  لەسەردەمی خۆی و تاوەکو ئەمرۆش هەر هەراسازە. لەگەڵ هەمو ئەوانەش، بەشداریی فرۆید لە دەروونشیکاریی مۆدێرندا، حاشاهەڵنەگرە.

 

 

و.  دانا محەمەد

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] فەرهەنگی شرۆڤەیی فرۆید، ئا و و. وەلید عومەر, ڕةهەند ٢٠٢١

[2] diagnose

[3] psychosis

[4] sexist

[5] دەروونشیکاری بۆ؟(ئەلێنکا زوپانچیچ) وەرگێرانی: وەلید عومەر, ڕەهەند ٢٠٢٠

[6] مناڵبازی

[7] frustration

[8] sexologist

[9] سەرچاوە: دەروونشیکاری بۆ، وەرگێرانی: وەلید عومەر

[10] Castration fear of

[11] هەمان (فەرهەنگی شرۆڤەیی فرۆید)

[12] misogyny

[13] هەمان (دەروونشیکاری بۆ؟)

[14] هەمان سەرچاوەی پێشوو

[15] هەمان سەرچاوەی پێشوو

 

 

سەرچاوە

https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&url=https://www.sigmundfreud.net/three-essays-on-the-theory-of-sexuality.jsp&ved=2ahUKEwjnreLR5rr1AhWkRvEDHbtqAxg4FBAWegQIARAB&usg=AOvVaw2rQ2o7gl70W30lSpOAoVnS