A+    A-
(1,122) جار خوێندراوەتەوە

 

                                    

 

 

 

 

گریمانەى ئەم نوسینە, پێچەوانەى ڕوانینە باڵادەستەکەیە بۆ شەو و ڕۆژ. ئەو ڕوانینەى کە ڕۆژ بە شوێنى ئاشکرابوون و شەویش بە شوێنى شاردنەوە دادەنێت. بەم پێیە, ڕۆژ شوێنى شاردنەوە و چەپاندنە مرۆییەکانە چونکە ژیانى ڕۆژانە دەکەوێتەگەڕ, یاسا و کەلتور هەموو ئیمکانەکانى خۆیان دەخەنەکار, شەویش ساتى گەڕانەوەى چەپێنراوەکانە, ساتى هەڵماڵین و دەرخستن. وێڕاى ئەم کارکردەى ڕۆژ و شەو, هەردووکیشیان پێکەوە بریتیین لە باگراوەندە سرووشتى/ڕەمزییەکەى خەساندن و خۆدزینەوە لە خەساندن. خەسان بەو واتایەى کە  شتێکى بنەڕەتییمان کەمە: ژویسانسێک, فالوسێک, ماهیەت(زات)ێکى پڕ. ڕۆژ داپۆشینى ئەم خەسانەیە و شەو نزیکبوونەوەیەتى, بەڵام پێگەیشتنى نیە, بۆیە هەمیسان لە چاوەڕوانیی ڕۆژدا ژیانە سرووشتییە-ڕەمزییەکەمان تەنگەبەریی شەو دەبڕێتەوە بەرەو ڕۆژێکى تر: خۆرهەڵاتنێکى تر, ژویسانسێکى کۆن بەڵام مامەڵەیەکى نوێ.

گەر شەو و ڕۆژ بەپێى جوگرافیا, بەهۆى سووڕانەوەى زەوى لەسەر خولگەکەى خۆی و بە دەورى خۆی و بەرکەوتنى بە تیشکى خۆر درووست ببێت, ئەوا لە وێناى مرۆڤدا شەو و ڕۆژ کەمێک جیاوازتر جێگیر بوون: ڕۆژ وەک ڕاستەهێڵێکى کۆمەڵایەتى دەستپێدەکات و شەویش کۆتایی بەم ڕاستەهێڵە کۆمەڵایەتییە دێنێت و هەمیسان لە تەقەلایدایە ببێتەوە بە ڕۆژ. لە وێناى ئێمەدا وەک دوو بڕگەى سەربەخۆ دێن و دەچن, بڕگەیەکى ڕۆشن و بڕگەیەکى تاریک. لێرەوە داخلى ئەو خاڵە مانایی/ڕەمزى/کۆمەڵایەتییە دەبین کە چۆن ڕۆژ ساتى تێکەڵبوون و بەگەڕکەوتنى کۆمەڵگایە, شەویش بەگشتى ساتى تاکبوونەوە و پەرتبوون و کوژانەوەى کۆمەڵگایە. گەر ڕۆژ ساتى یەکگرتن و ئیرۆس بێت, ئەوا شەو ساتى پارچەبوون و تاناتۆسە. بە ڕۆژ مرۆڤەکان لە ماڵ دێنەدەر, یاسا کۆمەڵایەتییەکان دەستپێدەکات, سنورى ماڵ کۆتاییدێت کە سنورى خۆداڕنینە لە چەپاندن. بە مانایەکى تر, شەو ساتى خۆئازادکردنە, کەمتر شت دەچەپێنین چونکە لە ماڵەوەین و بە مەودایەک لەوانیترەوە دوورین. بە ڕۆژ, چەپاندن و سەرکوت زۆرە, چونکە لەگەڵ ئەوانیترداین, ڕێسا و یاساکان دەکەونەکار, جلى کۆمەڵگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەپۆشین و بەجۆرێک دەبینە ئەکتەرێکى کۆمەڵایەتى. گەر ئەمە بە سیفەتى سەرەکیی شەو و ڕۆژ بزانین لەڕووى فیکرییەوە, ئەوا بە ڕۆژ ناچارین خۆمان داپۆشین نەک شەو. ڕۆژ ساتى داپۆشینە و شەویش ساتى ڕووتبوونەوەمانە لە سانسۆرەکانى ڕۆژ. ڕۆژ گەرچى ڕووناکە, بەڵام ناتوانین هەموو تاریکییەکانى بوونمان بخەینەدەر, وەکچۆن شەویش گەرچى تاریکە بەڵام بە چەند مانایەک ساتى خۆدەرخستن و گەڕانەوەى چەپێنراوەکانە: ئیدى لە ساتى بێدەنگانەى شەوەوە بیگرە کە خۆدواندن هەیە, تا دەگاتە ناو ماڵ کە شوێنى شلکردنى سانسۆرەکانە, سەرەنجامیش تا دەگاتە خەوتن و خەونبینین کە ئارەزووە چەپێنراوەکانى ڕۆژى پێشوو و پاشتریش دەگەڕێنەوە و خۆیان دەنوێنن. هەر لە شەودا ئەوانیتر هەرکەس دەخزێتە نێو تەنیایی خۆى, خەونەکەى خۆى, خەون و سیناریۆکانى خۆى. بە مانایەکى تر, ڕاستە کۆمەڵێک مرۆڤ لە جێیەکدا هەموو خەوتوون, بەڵام لەوێدا هەرکەس خزاوەتە نێو «دەروونپەشێوییەکەى شەوانەى خۆى», ئەوێ کە ئارەزووەکانى ڕۆژ بە فۆرمێکى تایبەت گەڕاونەتەوە.

 

 لەم ڕووەوە, پێویست بەوە دەکات دیدى کلاسیک بۆ شەو و ڕۆژ کەمێک ڕاکێشین و بۆشاییە ناوەکییەکەى ئەم دیدگایە دەربخەین:

مەحوى لە یەکێک لە قەسیدە دیارەکانى خۆیدا لەسەر شەو, تێکڕا شەو وەک شوێنى شتە شاراوەکان دەخاتەڕوو, وەک ڕازپۆش و شوێنى هەڵگرتنى نهێنییەکان. خۆى دەڵێت: «نەبووە، نابینی لە شەو مەحرەمترێ تا ڕۆژی حەشر/ پەردەپۆشە، ھەمدەمە، ھەمدەردی عوششاقانە شەو». لەمەش پتر مەحوى کۆتا هۆى وجودى/ئەدەبیی شەو ڕادەکێشێت و دەڵێت:

 

«شەو، هەموو شەو چاوەڕێیە ڕۆژ هەڵێ، هەر ڕۆژهەڵات

مەحوە سەرتاپا لە بەر پێتا فیداکارانە شەو

خود [یان خۆر]پەرستینە! لە شەو فێری پەرستن بن، کە خۆر

هەر دیاری دا، بە دەوری سەریەدا قوربانە شەو».

 

بەپێى دیدى کلاسیک بەگشتى, شەو کە نائارامە و ئەوینى بۆ ڕۆژ هەیە هەڵبێت و خۆى بۆ بەختبکات, ئێمە خەریکین مامەڵە لەگەڵ دیاردەیەکدا دەکەین لە دەرەوەى ئێمەوەیە. بەڵام لەڕاستییدا هەموو وەسفە دەرەکییەکانى مرۆڤ بۆ دیاردە دەرەکییەکان, لە ڕەهەندێکى شەخسى و سوبێکتیڤ و مرۆیی ئاڵاوە و شتێکمان نیە ناوى دەرەکێتیی ڕووت بێت. بۆیە ڕاڤەکەمان لێرەدا ئەوەیە کە ئەوە نەستى مەحوى خۆیەتى لە شەو هەڵدێت, چونکە شەو شوێنى گەڕانەوەى چەپێنراوەکانە, شوێنى بێ‌ئۆقرەیی نەست. لەڕواڵەتدا وادەردەکەوێت مەحوى لەگەڵ دیاردەیەکى جوگرافی و سرووشتیی تایبەتدا مامەڵەدەکات کە شەو و ڕۆژە, بەڵام بە وردبوونەوە لە هاوشوناسیی شاراوەى دەقەکە, تێدەگەین لەبەردەم کێشەیەکى سوبێکتیڤداین نەک ئۆبێکتیڤ, زاتى و ناوەکى نەک عەینى و دەرەکى. لە زۆرێک لە بەیتە عاشقانە و تەنانەت دەروونناسییەکانیشدا کە ڕۆژنابێتەوە, کەسى عاشق و نەخۆش دەیانەوێت لە ئەشکەنجەى شەو ڕزگاریان ببێت, ئەو ئەشکەنجەیەى کە شەو کەناڵێکە بۆ گەڕانەوەى چەپێنراوەکان و ئەزموونکردنى ئەوەى بەڕۆژ خۆمان لێ لاداوە. ناڵێین بە ڕۆژبوونەوە ئیتر شەو کۆتاییدێت, بەڵکو شەو بە نێوانگریى ڕۆژ کاردەکات. شەو, بە پێچێک لە ڕۆژ دووردەکەوێتەوە. گەر شەو شوێنى گەڕانەوەى چەپێنراوەکان بێت, ئەوا ڕۆژیش هەمان ئەگەر هەیە, بەڵام مادام هەموان لەجووڵەدان و ڕۆژ وەک ئارکیتایپى پێکەوەبوونى لێهاتووە, ئەوا چەپاندن گەورەترین ژێستى مرۆیی ناو ڕۆژەکەیە.

 

بەپێى لۆژیکى دەروونشیکارى, شەو ساتى دەرکەوتنەوەى "خەسان"مانە. گەر ڕۆژ شاردنەوەى خەسان بێت, ڕەمزاندن و نکۆڵى بێت, ئەوا شەو لە هەردوو ئاستى واقیع و میتافۆردا دەمکردنەوەى خەسانەکەیە. خەسان خۆى بونیادێکى وەک شەوى هەیە, شەوێکى تارى بێ‌بن, بەڵام خۆیشى ناگاتە بنى خۆى. خەسان و شەو, هیچیان ناگەنە بنى خۆیان چونکە ڕیاڵێک لە بنیاندا نوستووە. بەر لەوەى هەمووکات بگەن بەم ناوکە مەحاڵە, دەڕەمزێن و بەرەو لایەکى تر دەکشێن. بۆنمونە شەو کاتێک دەیەوێت بگاتە بنى خۆى, ڕۆژدەبێتەوە. خەسانیش, کاتێک بیەوێت بگاتە بنى خۆی دەڕەمزێت. بنى هەردووکیان بریتییە لە ئەویترەى کە لەوێیە و نایگەینێ. شەو کە دەشچێتەوە سەر شەوە وجودییەکەى شەوى جیهان, شەوێکى خەسێنەریشە بۆ عەشق لە کەلتورى ئێمەدا: شەوان تراوماى شەو خۆى لە عەشقدا دەردەکەوێت. ئەو عەشقەى بە ڕۆژ لەگەڵیدا هەڵکراوە, شەو لە شێوەى خەم و بیرکردن و ژاندا گەڕاوەتەوە. بە مانایەکى تر, شەو بەتەواوى شەو نیە بۆیە چیرۆکە مرۆیی و ڕەمزییەکان لە هەناوى شەودا نیشتەجێکراون. شەو خۆى سرووشتییە, بەڵام بە چیرۆکى ڕەمزى شیرازەبەند دەکرێت: نالى لە شیعرى یەڵداکەى خۆیدا, شەو لە سەنتەر دادەماڵێت و ئەویترى مەعشوقى تیا نیشتەجێدەکات(لەکۆتا کارکردیشدا, شەو وەک ئاوەڵکارێکى کاتیی لێدێت و لە سوچێک دادەنرێت). پەلەى مرۆڤ لە زۆرینى دۆخەکاندا بۆ ڕۆژبوونەوە, هەوڵێکە بۆ خۆقوتارکردن لەوەى کە شەو شوێنى دڵۆپاندن و هاتنەدەرەوەى چەپێنراوە جۆراوجۆرەکانە. شوێنى هەڵوەستەیە لەسەر ئەو دۆخەى کە تێیدایت. لاى مسوڵمانێکى کورد, کە دەوترێت سەردەخەمە سەر سەرین و ویژدانم محاسەبەم لەگەڵ دەکات, نیشانەى هەموو ئەو ساتانەیە کە چەپێنراو دەگەڕێتەوە. کاتێک سەردەخەنە سەر سەرین, سوپەرئیگۆ دەرفەتدێنێت بەشێوەیەکى کەمتازۆر ئاگایانە محاسەبەى کەسەکە بکات. کارێکى باش یان خراپى کردبێت, لەسەرى دەیژمێرێت. دیالەکتیکى نوێبوونەوە و لەدایکبوونەوەى ڕۆژى ئاساییە لە هەناوى شەوانى درێژەوە(یەڵدا-یلدا- ڕیشەى دەچێتەوە سەر تولد و لەدایکبوون).

 لەژێر هەمان بیرۆکەدا و لە گۆشەیەکى تریەوە, بردنى پشکێک لە شەو بۆ درووستکردنى میتافۆر و وێنەسازى, بردنى بەشێکیشە لە خەسانە بونیادییەکەى ژیانى مرۆڤ. ڕەشماڵ و ڕەشمار و ڕەشپۆش و دڵڕەش و هتد, لەو پشکە خەسانەن کە مرۆڤ لە شەوە سرووشتییەکەوە بردوویەتییە ناو خەسانە مرۆییەکەى خۆیەوە. واتە, هەریەکە لەو سیفەتانە, ئاماژەن بۆ خەسانێک لەناو ژیانى مانای و بەهایی مرۆڤدا.  بۆنمونە, کە قژى ژنێک بە ڕەشمار چوێنراوە, ئەم قژە بە مانا فرۆیدییەکەى بیرخەرەوەى خەسانە, چونکە دادانەوەى پەردەیەکە بەسەر هیچییەکدا(نەبوونى زەرکەر و سەرەنجامیش فالووس). تا ئێرە نهێنییە قووڵەکەى خەسان نیە, بەڵکو لەوێدایە کە شەو خۆیشى لەدەست خەسان بێزارە: ئەویش دەیەوێت لە شەو ڕزگارى ببێت. شەویش بۆ پەردەیەکى تر دەگەڕێت بیشارێتەوە, پەردەیەک کە بەشێوەیەکى سەیر بریتییە لە ڕووناکیی ڕۆژ. ڕۆژ بۆیە ساتى چەپاندن و شاردنەوەى نەستى مرۆییە, ساتى شاردنەوەى کرۆکە خەسێنەرەکەى شەویشە. پاشەکشەى دەستەواژەگەلى وەک "بێدارانى شەو", پەیوەندیی بەو ڕووناکییە گڵۆباڵەى شەوەوە هەیە بەڵام زاتى شەو ناسڕێتەوە. چونکە دۆخێکى مرۆیی کە تەکنیکە وایکردووە شەو ڕووناکبێتەوە, بەڵام هەر دۆخە مرۆییەکە وادەکات شەو وەک شەو کۆتایی نەیەت. هەم تاریکییە سرووشتییەکە و هەم سکونە مرۆییەکەش وادەکەن شەو بەیەکجارى کۆتایی نەیەت. زاتى شەو یان تاریکییە یان درێژى. شەوى دەیجور و یەڵدا لە کەلتورەکانى ئێمەدا تەعبیرن لە تاریکى و درێژیی شەو- زاتى شەو. کاتێک ئەمە دەڵێین دەزانین زاتى شەو, جۆرێکە لە بێ ئۆقرەیی. زات شتێکى وەستاو و هەمیشەیی نیە. لەخۆڕا نیە درێژترین شەوى ساڵ, بەشێوەیەکى خۆکردن دەشکێتە ناوەوەى خۆى و ئیدى شەوەکان دەستدەکەن بە کورتبوونەوە. شەو لە لوتکەدا, گەشتى نزمبوونەوەى خۆى دەنوێنێت.

شەو و ڕۆژ دەبنە ئەویتر بۆ یەکتر, بەڵام لەم نێوانەدا جۆرێک لە ئەویترێتى بۆ مرۆڤەکان دەخوڵقێت. ئەوان لە شەودا ئەم ئەویترێتییە تۆخدەکەنەوە, بەشێک دەنوێت و بەشێک نانوێت. بێدارەکان دەبنە ئەویترى خەوتووەکان. لێرەوە بۆ تێگەیشتن نمونەیەکى کۆنکرێتى زەروورە: شەوى نوسەرێک و شەوى پاسەوانێک جیایە, لە ڕوویەکەوە دوو جۆرە شەوى پێچەوانەشن, بەڵام لە ماهیەتى شەودا و لە پەیوەندییدا بە مرۆڤەکانى ترەوە هەمان شتن: پاسەوانێک بۆیە پاسەوانە تاکو لە ساتى خەوتنى هەموان و کپیی شەودا فەزاى گشتى نەشێوێنرێت و دزى و تاوان و هێرش ڕوونەدات, نوسەرێک یان حەکیمێکیش بۆیە بێدارە تاکو لەژێر فشارى فیزیکى و نافیزیکیی ئەوانیتردا بێتەدەر و ساتى تاکینەى خۆى ئەزموونبکات. واتە شەوان ئەوانیتر خەوتوون, جۆرێک لە هەڵپەساردنى ئەوانیتر دێتەئاراوە. حزوورى خۆیان و ڕێسا قورس و تۆخەکانیان بۆ ماوەیەک سستدەبێت: بەڵام لە نەستى پاسەوانێک و حەکیمێکی بێدرایشدا, دراوسێى باش ئەو دراوسێیە کە خەوتووە. بێداریی ئەوانیتر, دۆخێکى وەک ڕۆژ دەخولقێنێتەوە کە ژویسانە کۆمەڵایەتییەکە دەکەوێتەوەکار و ئەم ساتە تاکینەیە دەشێوێت. 

 

لە گۆشەنیگاى مرۆڤەوە کە زۆرى لەسەر شەو وتووە لە کەلتورى ئێمەدا, شەو وەک چرکەیەکى نائارام دەردەکەوێت کە چاوەڕێیە ڕۆژ بێت و ئەم بکاتە بەشێک لە خۆى. وەکبڵێى جۆرێک لە هەڵبڕزکانى فۆرمە کاتێک ناوەڕۆکێک لە هاتندایە و دەبێت هەرچى زووە بێت. شەو وەک دەمامکێک وایە بەسەر ڕۆژەوە, دەبێت هەرچى زووە ئەم دەمامکە قڵیش ببات, سپێتییەک دەرکەوێت کە لەژێرەوە ترپەترپێتى: ئەوەى لێرەدا ناویدەنێم "بێ‌ئۆقرەیی شەو", نائارامییەکە بۆ گەیشتنى ڕۆژ, بۆ ڕووناکبوونەوەى ئەم تاریکییەکەى دەروونى شەو. ئەم پەڕینەوە ناوەکییە لە شەوەوە بۆ ڕۆژ, ساتێکى تایبەتە بۆ پانتایی ڕەمزى و کۆمەڵایەتییەکە: گەر نمونەیەک لە ڕابردووى خۆمانەوە وەربگرین ئەوا تێدەگەین لەژێر چەندێتییەکەوە, چۆنایەتییەک لە زەمەنیش دەگوزەرێت. کورد دەڵێت: "وەى لەو خوێنەى شەوێکى بەسەرا بچێت",  تەنیا وەک ئەوە وەرگیراوە کە بڕێکى زەمەنى بێت و هیچى تر, چەند سەعاتێک بێت و هیچى تر, بەڵام ڕەهەندێکى ژێرینە لە ماناى شەو لێرەدا هەیە و گەرەکە دەربخرێت: ساتێک کە شەو لە خۆى هەڵدێت و دەیەوێت لە هەناویەوە ڕۆژ بێتەدەر, ساتێکى ترازانە. ساتى گۆڕانى چەندێتی(کمیة)یە بۆ چۆنیەتی(کیفیة)یش, تێپەڕینى چەند سەعاتێک دەبێتە دەسپێکى زەمەنێکى نوێتر کە شەوەکە دەکاتە ڕابردوو. زنجیرەیەى شەومەندى دەپچڕێت و ساتى ڕۆژ دەستپێدەکات. ئەوانەى بۆ تۆڵەکە دەگەڕێن, دەیانەوێت لەناو هەمان زنجیرەدا خوێنە تازەکە بسەنرێتەوە و ئەم ساتانە نەبێتە ساتێکى کۆن. لەو ڕووەى تریشەوە کە شەو ساتى هەڵپەساردنى ڕێساکانى ڕۆژە, کە ڕێساى پێکەوەهەڵکردن و ناچارهەڵکردن و ئاشتیی ناچارى و کۆمەڵایەتییە. جا کاتێک ئەم وێنا زەینییە دەکەین, ڕەنگە بگوترێت شەو خۆ ڕۆحى نیە و عەقڵیشى نیە تا بەم جۆرە بجووڵێتەوە, بەڵام بەپێى باسەکەمان هەموو شتەکانى جیهان پاشکۆى سوبێکتن, بۆ ئەم خۆیان دەنوێنن, بایی ئەمیش خۆیان دەنوێنن و ئەوەى بکەوێتە دەرەوەى ئەم سنورەوە وەک مەحاڵێکى دەرەکیی لێ دێت کە گەڕانەوەکانى کۆمەڵێک ناوى تایبەتى هەیە بۆ مرۆڤ(وەک ڕیاڵ, ڕواڵەتى مەحاڵ, تراوما, بەڵا, موعجیزە و هتد).

 

سەرەنجام, گەر گشتێتى(کلیت)ـى ژیانى مرۆڤ وەربگرین, وادەردەکەوێت تەنیا ڕۆژەکان هەژماردەکرێن, شەو لە هەژمارەکەدا خەفەدەکرێت. واتە گەر کەسێک بیر لە ڕابردووى خۆى بکاتەوە و ساڵەکانى بژمێرێت, ئەوا "ڕۆژێتى" بەسەر "شەوێتى"دا دەکشێت و هەستدەکەین تەمەن وەک یەکەى ژماردن بەس لە ڕۆژ پێکدێت. گەر بگوترێت ڕۆژانى عومر, ئاساییترە وەک لەوەى بگوترێت شەوانى عومر. شەوانى عومر, دۆخێکى تاڕادەیەک ئاوارتەى هەیە و دەربڕینێکى زاڵ نیە بۆ ژماردنى تەمەن. ڕەنگە لەکۆدا مرۆڤ بیەوێت بەهۆى ژماردنى ساڵەوە لەڕێگەى ڕۆژەکانەوە, نکۆڵى لە خەسانە بنەڕەتییەکەى بن تەمەنمان بکات...

 

 

 

 

وەلید عومەر