كتێب وه‌ك تۆپەڵێک كاغه‌زی سپی
(ده‌رباره‌ی پێگه و وێنای كتێب لای ئێمە)
ڕوشدى جەعفەر
له چیرۆكی "مه‌سه‌له‌ی ویژدان"دا، زۆراب ئه‌فه‌ندی دوای ده‌ركرانی له "وەزیفەی ته‌حسیلداری (کۆکردنەوەی باج)" ماوه‌یه‌ك به بێ‌ئیشی ده‌سوڕێته‌وه، دواتر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی تێدەکەوێت ئه‌م جاره خۆی بكاته كه‌سێكی "وه‌ته‌نی"، تاكه نیازیشی ئه‌وه‌یه له‌م ڕێگه‌یه ناوێك بۆ خۆی په‌یدا بكات تاكو دووبارە "تەعین بکرێتەوە". لێره‌دا مه‌به‌ست له خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه نیه، به‌ڵكو کورتەڕامانێکە لە هه‌ریه‌كه له وشه‌كانی "كتێب" و "كاغه‌زی سپی"یه له‌م بڕگه‌یەی خوارەوە، کە لەسەر زمانی زۆراب دەوترێن: "له دڵی خۆمدا قه‌رارم دا كه مه‌سه‌له‌ی میلله‌ت بگرم به‌ده‌سته‌وه و خۆم بكه‌م به وه‌ته‌نی. ئه‌مجا ده‌ستێ لیباسی سویلی زۆر جوانم له‌به‌ركرد و وه‌كو پیاوێك كه له مه‌كته‌بێكی عالی نه‌شئه‌تی كردبێ، خۆم به لیباس ڕازانده‌وه و باستۆنێكی باشم گرت به‌ده‌سته‌وه، جانتایه‌كم پڕ كرد له كاغه‌زی سپی و كتێب كه ئه‌كسه‌ریانم نه‌ئه‌زانی خۆم بیخوێنمه‌وه، خستمه بن ده‌ستم و ده‌ستم كرد به گه‌ڕان به‌ناو بازاڕ و ماڵان وه قاوه‌خاناناندا، له هه‌ر كوێ دائه‌نیشتم ده‌ستم ئه‌كرد به باسی وه‌ته‌ن و ئیستیقلالییه‌ت وه له‌زه‌تی سه‌ربه‌ستی و ئازادی." (لا ٣٩) ئەوە چۆنە لەم ڕستەیەدا وشەی "كاغه‌زی سپی" و كتێب"، وادیارە وەک هاوماناش، بەدوای یەکداهاتوون؟ ئایا شتەکە ڕێکەوتێکی زمانەوانیی ڕووتە یان لەدەستدەرچوونێکی مانادارە؟ ئاخۆ کاتێک سەیری دۆخی گشتیی کتێب دەکەین لای خۆمان ئەو گومانەمان تێ ناکەوێت کە کتێب وەک تۆپەڵێک کاغەزی بەتاڵ سەیر دەکرێت؟ بە نیگایەکی پاشەوپاش و ڕیترۆئەکتیڤ، ئەحمەد موختار شتێکی وتووە کە خۆیشی لێی بێ ئاگا بووە (دیارە مەبەستمان ئەوە نیە کە چۆن ئەویش نەخوێندەواری بە دەرد زانیوە و لە چیرۆکە ڕیاڵیستییە ڕەخنەگرانەکەشیدا هەر ئەم دەردە دەبێتە بایسی بەرەوپێشچوونی چەند کەسێکی هەلپەرست و "بێ ویژدان"). بەکورتی، گریمانه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه كه ئه‌م بەدوای یەکداهاتنە زیاتره له ڕیزبه‌ندیی ئاسایی دوو وشه‌ی ناو ڕسته‌یه‌ك، هه‌روه‌ها وه‌كو به‌دوایه‌كداهاتنی وشه هاومانا‌كانی "سه‌ربه‌ستی" و "ئازادی"یش نیه له كۆتایی ڕسته‌كه‌دا، به‌ڵكو نیشانده‌ری پێگه‌ی كتێبه له زه‌ینی باوی ئێمه وه‌ك تۆپه‌ڵێك "كاغه‌زی سپی". پێگه‌ی كتێب وه‌ك كاغه‌زی سپی، پێگه‌یه‌تی وه‌ك شتێك كه بەس ده‌زانین هه‌یه و ته‌واو، دوور لە موتاڵاکردن و دەرگیربوون. ئەمەش وایکردوە کتێب هاوکات جۆرێك له ڕه‌مزوڕازی پێ ببەخشرێت و له كاریگه‌رییه واقیعییه‌كانیشی
بێبەش بکرێت. کتێب، غەریبەیەکی کەلتورییە.
بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كتێب وه‌ك كاغه‌زی سپی و بەتاڵ، با نمونه‌یه‌كی تر له ڕۆمانێك بهێنینه‌وه كه دوای زیاتر له هه‌شتا ساڵ له چیرۆكی "مه‌سه‌له‌ی ویژدان" نوسراوه، ئه‌ویش "كه‌شتی فریشته‌كان"ه. له فه‌سڵی "شاری كتێبه نه‌خوێندراوه‌كان"دا بڕگه‌یه‌كی قەشەنگ هه‌یه، هه‌ركات بیر له په‌یوه‌ندیی نێوان كتێب و واقیعی خۆمان بكه‌مه‌وه، دێته‌وه یادم: "كتێب شتێك بوو وه‌ك پاكه‌تێكی بۆش، ده‌فته‌رێكی سپی، بووكه‌شوشه‌یه‌كی پلاستیكی، كه ده‌كرا هه‌بێت و له هه‌موو جێگایه‌ك بێت، بێئه‌وه‌ی هه‌ڵگری شتێك بێت بۆ قسه و باس. حه‌رامێك هێدی هێدی به جۆرێكی ترسناك په‌ره ده‌ستێنێت. زۆری نه‌برد باس نه‌كردنی كتێب له ڕیواق و ژووره‌كانی ده‌زگاشدا بڵاوبووه‌وه، هه‌ر كات باسی كتێب ده‌كرا، وه‌ك تۆپه‌ڵه كاغه‌زێكی ڕه‌شكراوه باسده‌كرا و هیچی تر، هیچ كه‌س له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كان شتێكی ئه‌وتۆی نه‌ده‌زانی، كتێب به‌رده‌وام وه‌ك شتێكی گشتی نادیار، بێ ناونیشان، بێ مانا، بێ بابه‌ت باسده‌كرا. وه‌ك "كتێب"... وه‌ك ئاماژه بۆ شتێكی نه‌ناسراو و نه‌خوێندراوه... وه‌ك عه‌ده‌مێك كه له كاغه‌زه‌وه پێچرابێت (كتێبی دووه‌م لا 604-605)".
بۆ ئه‌وه‌ی له‌م بڕگه وه‌رگیراوه تێبگه‌ین، واته له‌وه‌ی كه چۆن ده‌زگاكه‌ی لیڤیتانت ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه كتێب بكاته "ده‌فته‌رێكی سپی" (كه به‌سوتفه ده‌سته‌واژه‌ی "كاغه‌زی سپی"ی ناو "مه‌سه‌له‌ی ویژدان"مان بیرده‌خاته‌وه، ئه‌ویش به‌و مانایه نا كه ڕه‌نگه ئه‌حمه‌د موختار مه‌به‌ستی بووبێت، به‌ڵكو به‌و مانا ڕووه‌ودوایه‌ی له سه‌ره‌وه دامانه‌پاڵی) ئه‌وا ده‌بێت چه‌ند شتێك ده‌رباره‌ی لیڤیتانت خۆی بڵێین.
لیڤیتانت له گه‌نجییه‌وه ڕقێكی زۆری له كتێب و ئه‌هلی كتێبه، چونكه پێی وایه ئه‌وان نوێنه‌ری شتێكن كه ئه‌و ناتوانێت ده‌ستی پێی بگات. گه‌ر توندوتیژیی وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ له باوه‌ڕییه‌وه به شۆڕش سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، واته توندوتیژییه‌كی ئایدیۆلۆژی بێت، ئه‌وا توندوتیژییه دڕه‌كه‌ی لیڤیتانت سادیزمێكی په‌تییه. ئه‌م بوغزه‌ش، ئاره‌زوویه‌كی بێ بڕانه‌وه‌ی تیا ده‌ورووژێنێت تاكو به هه‌موو شێوازێكی مومكین ئه‌م كه‌سانه ئازار بدات و ده‌سته‌مۆیان بكات؛ لیڤیتانت نوێنه‌ری توندوتیژییه‌كی سرووشتی و كێوی و پاڵفته‌نه‌كراوه. جگه له ئه‌هلی كتێب، هه‌ر كه‌سێكی تر هه‌ست به لاوازی تیا بچێنێت یان بۆی ببێته نه‌هێنییه‌ك هه‌وڵ ده‌دا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت، به‌ڵام دیاره هه‌میشه له‌م گه‌مه‌یه به سه‌ركه‌وتوویی نایه‌ته‌ده‌ر، بۆنمونه نزار ئیدریس شكستێكی هه‌میشه‌ییه لای لیڤیتانت، واته ڕه‌مزی ئازادییه‌كی داگیرنه‌كراوه. ده‌رهه‌ق به نه‌غه‌ده ماردینیش، ئه‌و ژنه‌شاعیره‌ی پۆلی پێچه‌وانه‌ی "غه‌زه‌لنوس"ه له ڕۆمانی "غه‌زه‌لنوس و باغه‌كانی خه‌یاڵ"، واته گه‌ر غه‌زه‌لنوس نمونه‌یه‌ك بێت بۆ مه‌رگی شیعر، ئه‌وا نه‌غه‌ده نمونه‌ی خیانه‌تی شاعیران و بێباكیی موتڵه‌قه، "شتێك پاڵی پێوه‌ده‌نا بیه‌وێت نه‌غه‌ده داگیربكات، ڕه‌نگه ڕقی بووبێت له نزار، له شۆڕش، له شیعر... وام هه‌ستده‌كرد له ڕێگای داگیركردنی نه‌غه‌ده‌وه ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌و شتانه بخاته ژێر ڕكێفی خۆی. وای هه‌ستده‌كرد گه‌ر له‌شی نه‌غه‌ده بكات به موڵكی خۆی، به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و دونیایانه كه بۆ ئه‌و نه‌گیر و داخراو بوون ده‌كه‌ونه بنده‌ستی ئه‌و (كتێبی یه‌كه‌م، لا 726-727)". به ده‌ربڕینێكی تر، بۆ ئه‌وه‌ی له بوغزی لیڤیتانت ده‌رهه‌ق به كتێب تێبگه‌ین، ده‌بێت بزانین لیڤیتانت خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكه كه گومانی له سنووری ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌یه، ده‌یه‌وێت جار له دوای جار بۆ خۆی بسه‌لمێنێت كه بێهێز نیه، په‌یوه‌ندی وی له‌گه‌ڵ ئه‌وانتیر بریتییه له په‌یوه‌ندیی هێز و بێهێزی.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رده‌مێكی تردا، لیڤیتانتیش ناچار ده‌بێت ده‌مامكێكی تر بپۆشێت. ده‌مامكێكی به‌ڕووكه‌ش نه‌رمتر و شارستانیتر و كراوه‌تر به‌ڵام به‌كرده‌یی كوشنده‌تر. "پسپۆڕ"ه ڕاسپێردراوه‌كه‌ی سه‌رۆك هه‌وڵ ده‌دات وا له لیڤیتانت بكات كه خولیا كۆنه دڕه‌كه‌ی بۆ دوژمنایه‌تیی كتێب بخاته قاڵبێكی نوێ كه هێنده كێوی نیشانی نه‌دات. دواجار له پێچێكی هه‌ڵگێڕه‌وه‌ی تری ژیانیدا، لیڤیتانتی دژه‌كتێب ده‌زگای "گه‌شه‌پێدان و پێشخستنی ئه‌ده‌بیات" داده‌مه‌زرێنێت. هۆكاره بنجییه‌كه‌ی ئه‌م كاره‌ش ئه‌وه‌یه به دیدی "پسپۆڕ" باشترین ڕێگه بۆ كوشتنی كتێب، هه‌ر له‌ڕێگه‌ی كتێب ده‌كرێت؛ چاپكردنی بێ‌شومار و هه‌ڕه‌مه‌كی هه‌موو كتێبێك دواجار به تێكه‌ڵوپێكه‌ڵكردن و بێ به‌هاكردنی كتێب ده‌شكێته‌وه. ئه‌م ده‌زگایه كوشنده‌ترین جۆری وێناكراوی "ئه‌لته‌رناتیڤه‌كانی خوێنه‌ر"ه. ده‌زگایه‌كی بێ سانسۆر (جگه له سانسۆری حیزبی) به‌ڵام هه‌ر كارمه‌ندێكی ئه‌وێ ده‌بێت بزانێت ئیش بۆ یان لای لیڤیتانت ده‌كات، ئازادیی نوسین له‌سه‌ر حسێبی له‌ده‌ستدانی ئازادیی خۆی ده‌گیرسێته‌وه. وه‌زیفه‌ی ئه‌م ده‌زگایه پچڕاندنی ڕه‌پتی نێوان كتێب و ژیان یان واقیعە، هەروەها له‌كاریگه‌ریخستن و له‌مه‌ترسیداماڵین و به‌د-ئاساییكردنه‌وه‌یەتی.
گەر بگەڕێینەوە بۆ "مەسەلەی ویژدان"، ئەوا تەوسێکی دیکەش بەدیدەکەین لەمەڕ کاغەزی سپی: ئەم چیرۆکە لە ساڵی ١٩٢٧-١٩٢٨دا نوسراوە بەڵام تا ساڵی ١٩٧٠ دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بۆ ناڕەخسێت. ئەمەش واتە لە ماوەی ئەم چل و شتێک ساڵەدا، چارەنوسی چیرۆکەکە وەک کاغەرێکی سپی بووە، وەک تۆپەڵێک کاغەزی ڕەشکراوە لەوێدا. لە ڕەهەندێکدا، ئەم چیرۆکە کێشمەکێشمی نێوان خوێندەواری و نەخوێندەواریدشە. لە لاپەڕەکانی سەرەتادا دەتوانین لە بەرهەڵستدی ئەوسای خەڵکەکە دەرهەق بە خوێندەواری و خوێندن وەک قسەی کافران تێبگەین. گەرچی ڕووداوەکان لە شاردا ڕوودەدەن، بەڵام شارێک کە هەست ناکات پێویستی بە خوێندەوارییە بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکان. زۆراب خۆی تەنیا بۆرەخوێندەوارییەک یان کوێرەخەتێکی هەیە، بەڵام بایی ئەوە لێزانییەکی خۆڕسکی کە چۆن "ئەهالی بڕوتێنێتەوە".
تا ئێرە باسی کتێبەکانمان کرد وەک کاغەزی سپی، ئێستا سەرنج لەسەر ئەو خاڵە چڕدەکەینەوە ئاخۆ "دەقی دامەزرێنەر"ی ئیسلام، کتێبە پیرۆزەکە لای موسڵمانی ناعەرەب هەمان پێگەی کاغەزی سپیی نیە؟ (هاوشان بە زیادەیەک کە لە خوارەوە باسی دەکەین):
ڕۆژێک زۆراب دەچێتە مزگەوت. مەلاکە خەریکی وتاردانە و ئایەت و فەرموودەش، هەر بە زمانی عەرەبی و بێ وەرگێڕان، وەک بەڵگە بۆ قسەکانی دێنێتەوە. کابرایەک لە تەنیشت زۆراب دانیشتووە و بەکوڵ دەگری، ئەمیش لێی دەپرسێت: "- تۆ کە ئەوەندە ئەگریت ئەڵبەتە لە هەموو کەس چاکتر لە مەعنای ئەم وەعزە و مەعنای ئایەت و حەدیسە تێ ئەگەیت. جا حەز ئەکەم منیش حاڵی بفەرموویت!
- نەوەڵڵا باوکم من نازانم مەعنای چییە، هەر ئەوەننە ئەزانم کە عارەبییە!
-ئەمجا کە تۆ مەعنای تێ ناگەیت بۆچی ئەگریت؟
-بیستوومە هەرچی بە عارەبی بێت بەحسی قەبر و قیامەتە!" (لا ٣٤)
لەم بڕگەیەدا دەتوانین بپرسین ئاخۆ قورئان لە زەینی دیندارێکی کوردزمان، کە عەرەبی نازانێت، هەمان پێگەی کاغەزگەلێکی سپیی نیە؟ واتە ئاخۆ لای وی قورئان تەنیا بریتی نیە لە کۆمەڵێک دەنگ(ی ئیلاهی) نەک ڕستێک مانا و مەدلول؟ بەڵام دەمودەست دەشێت بڵێین قورئان بۆ ئەم جۆرە دینداره زیادەیەکیشی تێدایە کە وادەکات نەکرێت بە تۆپەڵێک کاغەزی سپیی پەتی دابنرێت: لای ئەم دیندارە دالەکانی قورئان بە مەدلولگەلێکی فەنتازی پڕکراونەتەوە، بۆ نمونە لە حاڵەتەکەی سەرەوە، هەر وشەیەکی قورئان و عەرەبی باسی گۆڕ و ڕۆژی دواییە. ئایا هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هێزی ئیمان بەسەر مەعریفەدا؟ ئایا چی وادەکات تەفسیر یان با بڵێین وەرگێڕانە کوردییەکە هەمان کاریگەریی نەبێت لەسەر بەردەنگێکی کوردی موسڵماندا؟ ئاخۆ ئەمە لەبەر مۆسیقا یان سەجعە ناوەکییەکەیەتی کە لە وەرگێڕاندا لەدەستدەچێت یان پیرۆزیی گریمانکراوی زمانی پێغەمبەرە؟ ئەدۆنیس لە جێیەکدا سەرنجێکی گرنگ دەخاتەڕوو لەمەڕ ئەوەی کە چۆن توندترین ئایەتەکانی قورئان مۆسیقایەکی وشەیی دڵڕاکێشیان تێدایە، وەک‌بڵێی فۆرمی زمانەکە توندوتیژیی ناواخن دادەپۆشێت و نەرمی دەکاتەوە. جارێک برادەرێکی مەیلەودینی بۆی گێڕامەوە چۆن دوای ئەوەی کە تەفسیرێکی قورئانی بە کوردی خوێندۆتەوە، دەستی کردووە بە کوفرکردن. پێم وایە ئەو برادەرە، کە عەرەبیی نەدەزانی، لە زەینی خۆیدا وشە و ئایەتەکانی قورئانی بە مانا فەنتازیاییەکانی خۆی پڕکردبوویەوە، بەڵام کاتێک وەرگێڕانە دەقاودەقەکەی بینیوە، ئەم پەردەیەی دڕاوە. کوفرکردنیشی، توندوتیژی و تووڕەیی کەسێکە کە پەردەی فەنتازیای دڕێنراوە. بەکورتی، لە پەیوەند بە قورئانەوە لای ئەم کەسانە، کوردی وەک ژێربنکە "قێزەون"ەکەی زمانە عەرەبییە "باڵا"ەکەیە. بەڵێ، قورئان لای ئەوانیش کاغەزێکی سپییە، بەڵام تەنراو بە زیادەیەکی فەنتازیایی باڵا.
دەوترێت هەژار موکریانی بۆیە قورئانی بە کوردییەکی وەها ڕەوان و هاوتا وەرگێڕاوە تاکو لە ئاستی عەرەبییەکە دانەمێنێت بەڵام وێڕای وەستاکاری و کوردیزانیی هەژار، هێشتاش زیادەیەک وەک کەلێن دەمێنێتەوە. زیادەیەک کە ڕەپتی بە فەنتازیاوە هەیە نەک توانستی زمان. ئاشکرایە هاوکات بەرهەڵستی هەبووە بۆ وەرگێڕانی قورئان بە کوردی و بەتایبەتتریش بەرهەڵستیی لەبەرانبەر وەرگێڕانەکەی هەژاردا هەیە. وەرگێڕانەکەی وی وەرگێڕانێکی کوردێنراوە بەبێ شرۆڤەکاری و ڕازاندنەوە و درێژدادڕی. هەروەتر، بەسەرهاتێک هەیە کە گرنگ نیە ئاخۆ هەڵبەستراوە یان نا، وەک نوکتەیەکیش مامەڵەی لەگەڵ بکەین بۆ ئەم باسە دەستدەدات: جارێک هێمن موکریانی لە هەژار دەپرسێت: بۆچی قورئان وەردەگێڕیتە سەر زمانی کوردی، خۆ ئەتۆ باوەڕت پێ نیە و پێشتوایە هیچی ئەوتۆی تێدا نیە؟
هەژاریش وەڵامی دەداتەوە: منیش ڕێک لەبەر ئەوە دەیکەمە کوردی تاکو خەڵکیش بزانێت هیچی تێدا نیە.
پاشان زۆراب "گەمژەیی"یەک دەنوێنێت- گەمژەیی تێنەگەیشتن لە سیاق-: "زۆر تەعەجوبم کرد لەم ئەحواڵە. خۆم پێ نەگیرا و لە وەقتی وەعز خوێندنەوەدا کە مەلا ئایەتێکی خوێندەوە دەرحاڵ عەرزم کرد:
-قوربان چونکە من زمانم عارەبی نییە و مەعنای نازانم، ئەگەر مەعنای ئەو ئایەتە بە کوردی بفەرموون زۆر مەمنوون ئەبم!
هەرکە وەهام وت مەلا هاتە خوارەوە و بە چەپۆک دای گرتم.
وتی:
-کافر بوویت، قسە مەکە!
سائیری خەڵقەکەی تریش بە چەپۆک دایانگرتم و وتیان "بیکوژن ئەم کافرە! غەزایە" هەر چەندە هاوارم کرد "کوڕە خەڵکە بۆ خاتری خوا من هیچم نەوتووە" فائیدەی نەبوو، هەر کەس ئەهات بە چەپۆک پێیدا ئەماڵیم، بەبێ سوئال و تەحقیقات..." (لا ٣٤).
خۆ دەکرێت بوترێت ڕەنگە مەلاکە لەڕاستییدا کۆلکەمەلا بووبێت و خۆیشی عەرەبی باش نەبووبێت یان گرێ بدرێتەوە بە ڕێسای "سمعنا و ٲطعنا" (بیستمان و گوێڕایەڵ بووین) لە دین و هتد. بەڵام هێشتاش خاڵە باسکراوەکەی سەرەوە وەکخۆی دەمێنێتەوە: وەک‌بڵێی ئەم پرسیارەی زۆراب شوختێکە لە ئاسۆ فەنتازیاییەکەی ئەوان، قورئان بۆ وان سیستەمێکی دەلالیی پەتی نیە بەڵکو ئابورییە دەروونییەکەی ڕێکخستوون، هەڵگری کوێرەمانا و کوێرەچێژێکە کە تەنیا بۆ وان شیاوی تێگەیشتنە. دەستبردن بۆی، حوکمی دەستدرێژیی هەیە. بۆیە دواجار گەرچی زۆراب دەبەخشن بەڵام شایەتمانیشی پێ دەهێننەوە، وەک بڵێی بەڕاستی کافر بووبێت. کافربوونیش لێرەدا تەنیا شتێکی ناوەکی نیە، شاردنەوە و نکۆڵیکردن نیە، بەڵکو لێکەوتی پەیوەندییە لەگەڵ ئەوانیتر (بەر لە پەیوەندیی لەگەڵ خودا خۆیدا). ئەم باسە زۆرتر هەڵدەگرێت و بەهیوام لە دەرفەتێکی تردا بەوردی بگەڕێینەوە سەری.
دواجار پێگەی کتێب وەک کاغەزی سپی، وەک شتێکی گشتیی ناوەڕۆک تارێنراو، وەک نەناسراوێک لەوێدا، نیشاندەری تراژیدیای تێکستە لای ئێمە یان با بڵێین ئەو شتەی بەختیار عەلی پێی دەڵێت "چارەنوسە غەمگینەکانی تێکست". ئەم چارەنوسە غەمگینە ناوێکی تری پێگەی کتێبە وەک دەفتەرێکی سپی لەوێدا.