A+    A-
(3,484) جار خوێندراوەتەوە

 

  ئوستورە و ئەفسانە و دین

 

 

زه‌رده‌شت نوره‌دين                                                               به‌ فايلى pdf بيخوێنه‌وه‌

 

 

 

بيرخستنه‌وه‌يه‌ك:

لە نوسینی کوردیدا تا ئێستاش جیاوازيی نێوان وشەی ئەفسانە(legend) و ئوستورە(myth) نەکراوە و هەردووکیان بەیەک شت زانراون یان ئەفسانەیان به‌لاوە ناوە و ئوستورەیان بە ئەفسانە وەرگێڕاوە و ئوستورەناسی(mythology) کە زانستێکی تاڕادەیەک تازە و فراوانە، بە ئەفسانە‌ناسی وەرگێڕدراوە. بۆیە بە پێویستی دەزانین جیاکاريی لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا بکرێت و ڕاستبکرێتەوە. ئەم نوسینەش هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ جیاکردنەوە و جیاوازیکردن لە نێوان وشەی ئەفسانە و ئوستورەدا و هەروەها پەیوەنديی ئوستورە بە ئەفسانە و بە دینەوە ڕووندەکاتەوە.

 

 

 

 

 

  • ئوستورە

سەرەتا لەسەر ئاستی ئێتیمۆلۆجی(ڕەگناسيی وشەکە)، وشەی ئوستورە کە بە ئینگلیزی(myth) و بە لاتینی(mythe)يه‌ لە وشەی یۆنانيی (mythus)ـەوە وەرگیراوە و میتۆس بە واتای گێڕانەوە، حیکمەت و داستان و هەندێ جاریش ئەفسانە بەکاربراوە. وشەیەکی‌ تر کە نابێت لەگەڵ وشەی "میت" تێکەڵبکرێت وشەى (historia )یە کە ئەویش بەواتای جۆراوجۆر تەنانەت دژیەکیش بەکارهاتووە وەک گەڕان، مێژوو و ئەفسانە. وشەی "میت" بەهۆی تەمەنی درێژیەوە لە ڕۆژئاوادا ماناگەلی جۆراوجۆری لەخۆگرتووە کە ئەمەش لە خۆیدا کێشە درووستدەکات. سەرەڕای ئەوەی دکتۆر "میهرداد بەهار" لێکۆڵەری بەتوانای ئوستورەی ئێران، لە کتێبی "ئوستورەکانی ئێران"دا لەبنەڕەتدا وشەی ئوستورە بە عەرەبی نازانێت و پێی وایە کە بەعەرەبیکراوە، واتە عەرەبەکان لە وشەی ئیستۆریا کە وشەیەکی یۆنانییە، وەریانگرتووە.

ئوستورە، کۆداستانی چنراوی پیرۆزی گەلێکە کە پێکەوە گوزارشت لە ڕۆحی ئەو گەلە دەکات. بە واتایەکی تر ئوستورە، ئەو بەسەرهاتە ئەبەدیيانەی هەناوی مرۆڤە، کە شاوڵیانە و هاوکاتیانە(synchronic) کرۆکی کەلتور و نەریت و خۆ و سروشتی گەل لەخۆیدا بە شێوەیەکی داینامیکی مانیفێست دەکات. واتە ئوستورە بە مانا فراوانەکەی دەبێتە مەکینەی فۆرمبەخشین بە گۆڕانکاريیە مەعنەویيەکانی مرۆڤ. بۆیە بە خوێندنەوەی کۆئوستورەی هەر گەلێک پەی بە قووڵترین لایەنە دەروونی و مەعنەوی و ڕۆحییەکانی ئەو گەلە دەبەین.

پێناسەی ئوستورە لای ئوستورەناسەکان بەگوێرەی توخمەکانی وەک؛ فۆرم و ناوەڕۆک و جێگەی باوەڕبوون و فەرمان و ئەرکەکان دەگۆڕێت. هەر ئوستورەناسێک لەسەر یەکێک لەو توخمانە جەخت دەکاته‌وه‌ یان ئەو توخمە دەکات بە سەرەکی. بۆنمونە ڕۆڵان بارت زیاتر بایەخ بە فۆرمی ئوستورە دەدات. ئوستورە بە سیستەمێکی نیشانەناسی(sémiologie) و بە جۆرە گوتارێک لە زمان دەزانێت و جەخت لە شێوەی گێڕانەوەی ئوستورە دەکاته‌وه‌. لەبەرامبەردا مێرسيا ئيلیادە پێداگری لەسەر ناوەرۆکی ئوستورە دەکات و ئوستورە بۆ چەند تێمایەکی ئەبەدی پیرۆز کورتدەکاتەوە. لەلایەکی تر جوزێف کەمپڵ زیاتر پێداگری لەسەر ستراکتۆری ئوستورە دەکات و تا ئەو ڕادەیەی کە بانگەشەی یەک‌ئوستورەيی (monomyth) دەکات و پێی وایە یەک ئوستورە هەیە، کە لە کرۆکی هەموو ئوستورەکاندا نوستووه‌ و دواجار لە ڕێگەی ئەو یەک ئوستورەوە، خوێندنەوە بۆ کۆئوستورەکان دەکات. بۆیە ناکرێت لە وتارێکدا باس لە هەموو جۆرە جیاوازەکانی ئوستورە بکرێت. لێرەدا تەنیا هێڵە گشتییە سەرەکیيەکان دەخەینەڕوو.

ئوگه‌ست کۆنت، مێژووی مرۆڤایەتی دابەشدەکات بۆ سێ سەردەم؛

١- سەردەمی ئوستورەیی

٢- سەردەمی فەلسەفی

٣- سەردەمی زانستی

درێژترین سەردەمی مرۆڤایەتی، سەردەمی ئوستورەیی بووە. کە لە سەرەتای ڕامانی مرۆڤەوە دەستپێدەکات و تا نزیکەی سێ هەزار ساڵ لەمەوپێش درێژەدەکێشێت. سەردەمی فەلسەفە لە نزیکەی سێ هەزار ساڵ بەرلەئێستاوە دەستی پێکردووە و زانست نزیکەی چوارسەد ساڵە بەمانا مۆدێرنەکەی دەستی پێکردووە. بۆیە سەردەمی زانست و فەلسەفە بەراورد بە سەردەمی ئوستورەيی مرۆڤ لە ڕووی کاتەوە هیچ نیە. بەدرێژایی زیاتر لە سەدهەزار ساڵ بیرکردنەوەی ئوستورەیی، سیستەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ بووە. لەگەڵ مرۆڤدا گۆرانکاريی بەسەردا هاتووە و پەرەی سەندووە. بۆیە گرنگیدان و شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە کۆئوستورەی گەلان لە گرنگترین ئەرکەکانی مرۆڤە بۆ ناسینی چۆنیەتيی بیرکردنەوەی مرۆڤ و تێگەشتن لە دەروون و ڕوانینی مرۆڤ لە دەوروبەری. بە دەربڕینێکی تر لێکۆڵینەوە لە کۆئوستورەی گەلان، کەشفکردن و هەڵماڵین و ڕووتکردنەوەی نەستی دەستەجەمعیی مرۆڤایەتییە و هەروها ئاشنابوون و تێگەشتنە لە چۆنیەتيی دروستبوونی سوبێکتی مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو و، هەروەها درووستبوونی هەنووکەیی سوبێکت لە چوارچێوەی نۆرمی کۆمەڵایتی و پانتایی ئایدۆلۆژیادا.

هیگڵ پێی وایە ئەگەر مرۆڤ بە سرووشتی بیربکاتەوە ئەوا میتافیزیکیانە بیردەکاتەوە. لە زانستی لۆژیکدا کار لە سەر کاتيگۆریيەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ دەکات کە سیستەمێکی میتافیزیکی و هەرێمی عەقڵی پەتییە. میتافیزیک، ئوستورەی بەعەقڵانیکراوە. واتە میتافیزیکی فەلسەفی، ئوستورەی ئەبستراکتە، ئوستورەیەکی داماڵراوە لە وێنە و داستانەکان، کە لە فۆرمی چەمک و کاتيگۆری و بیرکردنەوەی ئەبستراکتدا، تێما ئوستورەیەکان فەلسەفیانە دەخاتەڕوو. ئەو گەلانەی کە خاوەنی سیستەمی بیرکردنەوەی میتافیزیکی شیعریی خۆجێی‌ن، واتە خاوەنی ئوستورەی خۆیانن، ئەوا لە مێژووی هزری مرۆڤایەتیدا گەلی دێرینن.

ئوستورە سەرەتایترین سیستەمی ڕامانی مرۆڤ بووە بۆ دەوروبەری، و پێش فەلسەفە، گرنگترین پرسەکانی مرۆڤ لە ئوستورەدا خراوەتەڕوو. پرسی وەک؛

ــدروستبوونی جیهان و درووستکەر و دروستکراوەکان

ــزاگەی دیاردە و کارەساتە سرووشتییەکان

ــپێگە و دۆخ حەزەکانی مرۆڤ و پەیوەنديی لەگەڵ خواوەندەکاندا

ــپەیدابوونی گەل و نەتەوە و پەیوەندیيان لەگەڵ گەلانی تردا

فرۆيد بۆ ڕوونکردنەوەی تێزە دەروونشیکارییەکانی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ئوستورە و خەون. لەوێوە تێزە دەروونشیکارییەکانی خۆی فۆرمولە دەکات. بە مانایەکی تر خەون و ئوستورە بونیادێکی نەستیانەیان هەیە و دەریای بێ‌بنی نەستە(unconscious). بە هەمان شێوە نەریتی دەروونشیکاری پاش فرۆیدیش هەر بایەخیان بە ئوستورە داوە. دواجار ڕوانگەی فرۆیدیش بۆ ئوستورە دەبێتە یەکێک لەو ڕوانگە ئوستورەناسیانەی کە ئوستورە ڕووندەکەنەوە.

ئوستورە جیاوازی و لێکچوونی زۆری لەگەڵ ئەفسانە و دیندا هەیە. تا ئەو ڕادەیەی کە دەبن بەیەک و لە یەکیش جیادەبنەوە. لەم بارەشەوە ئوستورەناسەکان ڕای تەبا و ناتەبایان هەیە. ئوستورە زیاتر شێوە-داستانێکە کە سیستەمی بیرکردنەوە و ڕامانی گەلێک بۆ جیهان و پەیدابوون و مرۆڤ و ... هتد بەیاندەکات. ئوستورە هیچ بنەڕەتێکی مێژوویی نیە، وێڕای ئەوەی ئوستورە ڕەنگدانەوەی سەردەم و ژینگە ماتریاڵیيەکەی لەخۆیدا بە شێوەیەکی شاراوە هەڵگرتووە؛ بەڵام هێشتا لە دەرەوه‌ی کاتە لە مانا ڕاسته‌هێڵییەکەیدا. واتە لە شوێن و کاتێکی کۆنکرێتیدا ڕوونادات. کاراکتەرەکانی سەروو-مرۆڤن و زیاتر خوداکان و بوونەوەرە خوداییەکان و نیمچە-خواکانن.

گێڕانەوەی داستان، ئەکتێکی هاوبەشی نێوان هەموو کەلتورێکە. زۆربەی خەڵکی چێژ لە بیستنی داستان وەردەگرن. لە چاخی مرۆڤی ڕاوچیيەوە، مروڤ داستانی گێڕاوەتەوە. ئەگەر تەنانەت داستانی ڕاوکردنی خوشی بووبێت. زۆربەی خەڵکی داستانی دڵخوازی خۆیان هەیە، کە لە منداڵیەوە بیستوویانە و زۆربەی ئەو داستانانە هەم سەرنجڕاکێشن، هەم ترسێنەرن. گێڕانەوە، بنەڕەتیترین توخمی ئەفسانەیە و ڕیشەیەکی دێرینی لە گەڵ مرۆڤدا هەیە.

 

 

  • ئەفسانە

ئەفسانە بەئینگڵیزی (legend) و بە لاتینی (legenda) ، کە بە واتای "شت بۆ خویندنەوە" دێت. بەگشتی، سەرەڕای پیناسە جیاوازەکانی ئەفسانە، ئەفسانە بریتییە لە گێڕانەوەی ئەکتە پەسەندکراوەکانی کۆمەڵێك مرۆڤی ناوچەیەک، کە لەڕێگەی پاڵەوانی داستانی داینامیکیەوە، نەوە بە نەوە ئەو داستانە دەگێڕنەوە، لەسەر هەردوو ئاستی ئەفسانەی زارەکی یان ئەفسانەی نوسراو. نمونەی ئەفسانە وەک قەڵای دمدم و ڕۆستەم و زۆراب، و ئارسەر پاشا و ڕۆبین هود و ...

ئەفسانە لە كۆمەڵگای ئێمەدا چ لەسەر ئاستی نوسین و چ لەسەر ئاستی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکيش، لە واتاکەی خۆی ترازاوە و کۆمەڵی واتای تازە و دوور لە کرۆکی خۆی پێدراوە؛ واتای وەک خورافە و قسەی بێمانا و پروپوچ یان درۆ و دەلەسە. ئەفسانە لە ناواخنە دەوڵەمەندە گرنگەکەی خۆی، خاڵی کراوەتەوە، تاڕادەیەک کە فۆرمی ئەوپەڕی بێ‌بەهایی مەعریفی وەرگرتووە و بووە بە لەیبڵێک، بۆ بێ‌بەهاکردنی نووسین و دەق؛ بۆ نمونە ئەگەر بەڵگە هێنانەوەیەک یان بۆچوونێک ڕەت‌بکەنەوە ئەوا دەڵێن ئەو بۆچوونە یان ئەو قسە ئەفسانەیە. ڕەگی تێکدان و شێواندن و تیرۆرکردنی چەمکی ئەفسانە، لە حەقیقەتپەرستی و پیرۆزی و بۆنەی ئاینیدایە.

ئەفسانە زیاتر بایەخ بە مرۆڤ و بەسەرهاتی مرۆڤ دەدات. کارەکتەرە سەرەکیەکانی مرۆڤن، کە لە مێژویەکی دیاریکراو و لە ناوچەیەکی دیاریکراودا ژیاون. ئەفسانە گێڕانەوەی پاڵەوانێتی و جەنگە گەورەکانی مرۆڤە. گێڕانەوەی شانازی و دەسکەوتەکانی مرۆڤە. گێرانەوەی ئازایەتی و بوێريی مرۆڤە قارەمانەکانە. ئەو مرۆڤانەی کە ژیان و گیانی خۆیان بەختدەکەن لەپێناو بەها بەرزە پەسەندکراوەکانی مرۆڤدا. ئەم خۆبەخت‌کردنە دەبێتە دەروازەی بوون‌بەپێشەوا و و قارەمانی گەل، کە دواجار مرۆڤەکان خۆزگەیان پێ‌دەخوازن. کۆی ئەم گێڕانەوە و تێمایانە لە داستانێکی مەزندا ڕێکدەخرێت و دادەڕێژرێت لە فۆرمی ئەفسانەدا .

ئەوەی ئەفسانە لە مێژوو جیادەکاتەوە، ئەو توخمە موبالەغە (exaggeration) و زیادەڕۆیەیە کە لە ئەفسانەدا زاڵە و فۆرمی ئەفسانە دەچنێت. ئەفسانە بنەڕەتی لە مێژوودا هەیە، بەڵام مێژوو نییە. بە واتایەکی تر، ئەفسانە نوسخه‌ و ڤێرژنێکی دڵخواز و دەستکردی مێژووی مرۆڤە. ئەو بەشەی مێژووە کە بەهۆی حه‌تميه‌ت و دیتەرمینیزمی مێژووەوە بەدڵی مرۆڤ ڕووینەداوە. لەبەرامبەردا وەک زیادەیەک بۆ مێژوو، یان مێژووییەکی دڵخواز، فۆرمی ئەفسانەی وەرگرتووە. بەم پێیەش ئەفسانە لە مێژوو زیاتر نزیکترە لە سرووشتی مرۆڤەوە. ئەفسانە لە مێژوو بۆ مرۆڤ واقعیترە. بەو مانایەی کە زۆر لە مێژوو زیاتر حەزە مات و نوستووه‌كانى(potential) مرۆڤ، لە ئەفسانەدا كرده‌كى و ئه‌كچواڵ(actualize) بوون .

ئەفسانە هەڵگری ڕووە دەرەکییەکەی مرۆڤە. ئەو ڕووەی کە لە کردار و هەڵسوکەوت و ئاخاوتن و پەیوەندی لەگەڵ ئەویتردا دەردەکەوێت و نمایشدەکرێت. واتە ئەفسانە تۆمارکردن و گێڕانەوەی عادەت و نەریت و بۆنە پەسەندکراو و ئەنجامدراوەکانی مروڤە بەدرێژايی مێژوو .

لەبەرامبەردا، ئوستورە هەڵگری ڕووە ناوەکییەکەی مرۆڤە، ئەو ڕووەی کەدەبێتە بنەڕەت و سەرچاوەی عادەت و نەرێت و بۆنەکان. واتە ئوستورە لە زاگە و پەیدابوونی جیهان و مرۆڤ دەکۆڵێتەوە و دیاردە سرووشتییەکان، و میکانیزمی چۆنێتيی کارکردنی ئۆرگانیزمەکان بەگشتی ڕووندەکاتەوە. ئوستورە گێڕانەوەی ئەو بەشەی مرۆڤە، کە لە ئەفسانەدا جێگەی نابێتەوە، و دەبێتە زێادەیەک بۆ سەری، بەهۆی دیتەمینیزمی ئەخلاقی و زەروورەتی پێکەوەژیان و بەستنی گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە. بەمانایەکی تر ئوستورە جێگەی كرده‌‌كيبوونه‌وه‌ى ناوه‌كيترين لایەنەكانى مرۆڤە، کە لە مێژوو و ئەفسانەدا ڕوونادات، بەڵکو تەنیا دەکرێ لە ئوستورەدا كرده‌كى (بالفعل) بێت و دەربکەوێت و ڕووبدات. کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئوستورە ناکرێت مرۆڤ بێت، بەڵکو دەبێت خواکان و نیوەخواکان و بونەوەرە سەروو-مرۆڤەکان بن. دەتوانین بڵێین ئوستورە ئەو بەشەی مرۆڤە کە ناکرێت مرۆڤ بێت، واتە لە مرۆڤدا جێگەی نابێتەوە و دەبێتە زیادەیەک بۆ سەر مرۆڤ. لێرەوە ئوستورە، دەبێتە گێڕانەوەی شاوڵیانەی قووڵترین بەشی مرۆڤ کە هەرگیز لە فۆرمی مرۆڤدا پێ ناگات و بۆیە هەمیشە دەبێت ترانسێندێنتی بکات و هەوڵبدات لەڕێگەی میدیۆمەوە بیگاتێ، کە ئەنجامەکەی فەشەلە و تا فەشەل بێت ئوستورە هەیە. (فویرباخ لە کۆی نووسینەکانیدا هەوڵدەدات ئەم ڕووەى ئوستورە وەربگرێتەوە و بیداتەوە بە مرۆڤ، بەدەربڕینیکی تر ئەو بەشەی مرۆڤ کە لە خودادا بەرجەستە دەبێت و مرۆڤ لە بەرامبەریدا زەلیل دەبێت بیگێڕێتەوە بۆ مرۆڤ. بۆیە دەڵێت دەبێت تیۆلۆژیا و خواناسی بگۆردرێت بۆ مرۆڤناسی یان ئەنترۆپۆلۆژی) مێژوو هەرگیز ناتوانێت ئەفسانە بگێڕێتەوە و ئەفسانەش بە هەمان شێوە ناتوانێت ئوستورە بگێڕێتەوە و هەرکام لەوانە کار لەپانتاییەکی مرۆڤدا دەکەن و تەنیا دەتوانن ئەوپانتاییەی خۆیان بە زمانی خۆیان بگێرنەوە .

 

 

  • دین یان ئایین

ئایین جیهانبینییە، کۆمەڵە باوەڕێکە کە هەوڵدەدات ڕوونکردنەوە بۆ زنجیرە پرسیارێکی بنەڕەتيی وەک چۆنیەتيی پەیدابوونی شتەکان و گیانەوەران و سەرەتا و کۆتاییان بدات و چۆنیەتيی بەڕێکردنی ژیانيش. دین سەروو-عەقڵە، واتە چەند بەشێکی لەسەر بنەمای عەقڵ نیە، بەڵکو لەسەر بنەمای باوەڕە. دەشێت ئەمە پێناسەی ئوستورەش بێت. بە دەربڕێنێکی تر دین ئوستورەی گەشەسەندووە کە ئەفسانەشی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە.

بنەڕەتی دین، دەگەڕێتەوە بۆ ناو ئوستورە و ئەفسانە. لەبەرئەوەی لەبنەڕەتدا، دین نە تەنیا خاڵی نیە لە ئوستورە و ئەفسانە، بەڵکو لە ئوستورە و ئەفسانە پێکهاتووە. جۆزێف کەمپڵ پێى وایە دین ئوستورەی پەرەسەندووە. ئۆگوست کۆنت ئوستورە و ئەفسانە و دین، بە بەرهەمی یەک سەردەمی مێژووی مرۆڤ دەزانێت. مێرسيا ئيلیادە پێی وایە ئوستورە بنەچەی ئایین بووە.

پەیوەنديی نێوان ئوستورە و ئەفسانە و دین، پەیوەندیيەکی دیالەکتیکیە. لەسەرەتادا مرۆڤ ڕوانگەی ئوستورەیی هه‌بووە و ڕوانگەی ئوستورەیی، بێ-میدیۆم و سادە و هەستەکییە، کە مرۆڤی سەرەتایی بە واقیعی پیرۆزی زانیوە. ئانیمیزم(animism)، ڕۆحی ئوستورەیە. ئانیمیزم بریتييە لە پرۆسەی ڕۆحبەخشین بە هەموو شتێک و بەزیندووزانینی شتەکان و هەروەها تێڕوانینێکی مرۆڤ‌تەوەرانە(anthropomorphic) لەمەڕ شتەکان. ( ئانیمیزم رەگەزێکی جیانەبووەوه‌ی شیعریشە و شێرکۆ بێکەس لە "کورسی" و "ملوانکە"دا زۆر بەتۆخی سوودی لەمە بینیوە و بەختیار عەلیش لە قەسیدەی "عەشق"دا ئەم ڕەگەزەی تۆخکردۆتەوە و، لە ئاستە گەردوونییەکاشیدا ئانیمیزم لە ئەنیمە و ئەنیمەیشندا تەقیوەتەوە). بە واتایەکی تر سوبێکتی مرۆڤی سەرەتایی، بەڕەهایی مرۆڤ‌تەوەر بووە و هەموو شتێکی بە میکانیزمی ئانیمیزم لێکداوەتەوە. بنەڕەتی کارکردنی ئانیمیزم، کە ڕۆحی ئوستورەیە، بریتییە لە شێوەی هەستکردنی بێ‌میدیۆمی سوبێکتی سەرەتایی بە ئۆبێکت؛ بۆنمونە ڕوونکردنەوەی مرۆڤی سەرەتایی، بۆ "ڕۆژئاوابوون" و "ڕۆژهەڵاتن"، لە سادەترین شێوەیدا، بە جۆرێک بووە کە "ڕۆژ"يان بە زیندەوەر زانیوە، وەک مرۆڤ کە شەوان دەخەوێت و بەیانیان لە خەو هەڵدەستێت و ئيدى لەئەنجامدا "ڕۆژئاوابوون" و "ڕۆژهەڵاتن" درووستبووە. لێرەدا "ڕۆژ" سیفەتەکانی مرۆڤی وەرگرتووە و بە زیندوو زانراوە، ئەمە میکانیزمی کارکردنی ئانیمیزمە بۆ ڕوونکردنەوە.

ئوستورە، گێڕانەوەی جیهانبینی بێکاتی و بێ‌میدیۆمی، مرۆڤی سەرەتایی لە خۆیدا مانیفێست کردووە. هاوکات لەگەڵ گەشەی عەقلی مێژوویی مرۆڤدا، ئوستورە گەشەی کردووە و لەئەنجامدا مرۆڤ هاتۆتە نێو کاتەوە. کات، ڕۆحی مێژووە، و مێژوو به‌بێ کات بێمانایە. کات، درزێک دەکاتە نێو بێکاتيی ئوستورەوە و ئوستورە نەفی دەکات و لە بەرامبەریدا قوتدەبێتەوە وەک ئەنتی‌تێزێک. کەواتە ئەفسانە ئەنتی‌تێزە بۆ ئوستورە و دەبێتە بەرهەڵستکاری. ئوستورە ئەبەدیيەتی خواوەندییە و نایەوێت ئاستی خۆى نەوی بکات بۆ ساتی مرۆڤ‌بوون. ئەفسانە ساتێکی جۆری‌مرۆڤە، ئەو مرۆڤانەی هەوڵدەدەن لە کات دەربچن و بڕۆنە ڕیزی خواوەندەکانەوە. بەهۆی ئەوەی بنەڕەتی مێژوویان هەیە، ناکرێ برۆنە ڕیزی خوداکانەوە بە ڤێرژنی ئەفسانەییەوە.

قوناغی سێەم قۆناغی نەفيی نەفیە. لەم قوناغەدا ئەفسانە کە نەفی ئوستورەیە، خۆی نەفی دەبێتەوە و لەئەنجامدا دین وەک سه‌نتێزی ئوستورە و ئەفسانە دەردەکەوێت. بەم پێیەش ئوستورە و ئەفسانە سەرەڕای ئەوەی دژی یەکن، كه‌چى لە دیندا دەبن بەیەک. بەڵام ئەم یەک‌بوونە یەکبوونێک نییە کە ئوستورە و ئەفسانە لەناوبچن بەڵكو یەکبوونێکی دیالەکتیکییە کە تێيدا دین، ئوستورە و ئەفسانەی لە فۆرمی خۆیدا هەڵگرتووە. بە واتایەکی تر، ئایین گێڕانەوەی تێهەڵکێشی ئوستورە و ئەفسانەیە پێکەوە لە یەک فۆرمدا.

گەشەی ئەزموونی مێژووی مرۆڤایەتی، پشتڕاستکەرەوەی ئەم پەیوەنديیە دیالەکتیکییەی نێوان ئوستورە و ئەفسانە و دینە. لە مێژووی هێڵی گەشەی عەقڵی مرۆڤایەتیدا، یەکەم جار ئوستورە و دووەم جار ئەفسانە و سێیەم جار دین دەردەکەوێت. لەگەڵ ئەمەشدا، یەکەم سیستەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ، کە ئوستورەیی بوو، تایبەت بووە بە مێژووی بێکات و ده‌ره‌كاتى خوداکان، دووەم سیستەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ، ناکۆکيی نێوان ئەفسانە و ئوستورە بووە. لەبەر ئەوەی ئیدی مرۆڤ تەنیا بە بیستنی بەسەرهاتی خوداکان ڕازی نەبووە، بەڵکو دەبوو بەسەرهاتی مرۆڤە پاڵەوانەکانیشی ببیستایە. سێیەم سیستەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ، دەرەنجامی کۆک‌بوونی ناکۆکیيەکانی نێوان ئوستورە و ئەفسانە بووە لە دیندا. دین ئەو فۆرمە نوێیەی گێڕانەوەی مرۆڤە کە ڕێگە دەدات خودا و مرۆڤ لە تەنیشت یەکەوە، هاوسەرگوزەشت بن؛ و هەردوکیان بگێڕدرێنەوە. جوانترین نمونەش بۆ ئەمە بریتییە لە مانیفێستبوونی خودا لە مرۆڤدا، وەک لە پەیمانی کۆندا، خودا لەسەر شێوەی خۆی، مرۆڤ درووستدەکات. واتە مرۆڤ دەچێتە سەر شێوەی خودا و بەرجەستەبوونی مرۆڤ لە خودادا. وەک لە پەیمانی تازەدا، خودا لە عیسادا خۆی مانیفێستدەکات. واتە خودا دەچێتە سەر شێوەی مرۆڤ.