A+    A-
(1,552) جار خوێندراوەتەوە

           

                                      مالیخۆلیا و خۆکوشتن لای فرۆید

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمرۆ لە پۆدکاستێکدا ڕۆڵێکی گرنگم هەبوو لەگەڵ هاوڕێکەم (ڕێبیکا ۆنگ)، لەوێدا، بەدەم گفتوگۆ قەشەنگ و فراوانەکەمانەوە لەبارەی سیاسەت، دایک و باوکی باش، تراوما کەلتوری و مێژووییەکان، لەدەستدان، سەرەتاکانی ئینتەرنێتەوە، پێکەوە گەشتێکمان سازکرد. لەمیانەی قسە و باسەکانمان، هەستم بە مورتاحی دەکرد، کاتێک لەسەر کورسییەک دانیشتووم، لەگەڵ هاورێ کۆنەکەم گفتوگۆ دەکەین کە پەرداخێکی گەورەی ویسکی بەدەستەوەیە لە پێشەوەی ئاگرێکی گەرم کە قرچەقرچ دەکات. زۆربەی جار دووبارە گوێمان دەگرتەوە لەو گفتوگۆیانەی کە تۆمارکرابوون، کاتێک ئەمرۆ پرۆگرامەکەیان پەخشدەکرد، ئەو چانسەم هەبوو گوێ لەو کەسە بگرمەوە کە مانگێک پێش ئێستا لەلای بووم: بیرمان لە چی دەکردەوە کاتێک خۆمان دابووە دەست عەقڵمان ، چی ڕووی دەدا لە ناوەندی رۆشنبیری و ئەو ئایدیانە چی بوون وا پێکەوە گەلاڵەمان دەکرد لە ئۆرگانێکی شوێنکاتدا. بەڵام، بەدڵنیاییەوە ئێستا کەسێکی جیاوازم، بە ئەزموونی نوێدا تێپەریوم، بیرم لە بیرۆکەی نوێ کردۆتەوە؛ لینکی نوێم دۆزیوەتەوە و کاتم هەیە تا ڕۆبچەمە نێو گفتوکانمان. ئەو کاتە و ئێستاش، گفتوگۆکەمان لەبارەی خۆکوشتن، هەستێکی نامۆی بۆ درووستکردووم. هەوڵدەدەم ئەمڕۆ و لێرەدا، بەباشی ئەو هەستەم دەربڕم. من دەڵێم خۆکوشتن، شتێکی ئاڵۆزە. بۆ ئەوەی لێی‌تێبگەم، دەگەڕێمەوە بۆ دەقە قەشەنگەکەی ''ماتەم و مالیخۆلیا''ـی فرۆید.

لەم دەقەدا، فرۆید وەسفی مالیخۆلیای کردووە وەک کەسێک کە ناتوانێت دەستبەرداری «ئۆبێکتی لەدەستچوو» ببێت[مەعشوق یان کەسی نزیک یان ئایدیاڵێک یان نیشتیمان]. لە لای فرۆید «ئۆبێکت[1]» بە زەروورەت، شتـێکی هاوشێوەی کۆمپیوتەرێک نییە، ئەم وتارەی پێ‌بخوێنیتەوە.«ئۆبێکت[2]» لە دەروونشیکاریدا، بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ کەسێک کە جێگایەکی گرنگ داگیردەکات لە گەشەی مرۆڤ. دایکت ئۆبێکتە، هاوشێوەی باوکت(یان دایكێکی تر، داپیرە و باپیرە، یان ئەوەی تۆی بەخێوکردووە). ئەم ئۆبێکتەت لە نێوخۆت‌دا هەڵگرتووە کاتێک گەورەدەبیت، گەشەدەکەیت و دەبیت بە خود[ لاکان دەڵێت: گەورەترین دۆزینەوەی فرۆید بریتییە لەو دۆزینەوەی کە مرۆڤ، ئەویتری لە نێو خۆیدا هەڵگرتووە]. هەستکردنمان بە خود[3]، لەسەر بنەمای ئەو ئۆبێکتانەی دەورووبەرمان بنیاتدەنێین وا دەتوانین ناواخنی بکەینەوە بۆ نێو خۆمان. ئەم ئۆبێکتانە، هاوشێوەی هەموو خەڵک، دەمرن. ئۆبێکتەکان دەگۆرێن. بەشێوەیەک خۆیان پیشاندەدەن کە دەبنە ئەو شتە(یان ئەو کەسە)ـی، بیرت لێ‌نەکردۆتەوە[لەپاش لەدەستدانی مەعشوق،  کەسی مالیخۆلی هەستدەکات شتێکی گەورەتری لەدەستداوە، ئینجا کەسی مالیخۆلی، درک بە پێگە و بەها مەعشوق دەکات] . کاتێک ناتوانین ماتەمین یان خەمبار ببین بۆ لەدەستدانی کەسێک یان لەدەستدانی کەسێک کە پێمانوابوو بەو جۆرەیە[کەسەکە جیگایەکی هەستیارتری داگیرکردووە لە دەروونی مرۆڤدا]، ئیتر بەهۆی ئەوەوە بێت کە مردووە یان بەهۆی گۆڕانی کەسەکە بێت لە ئاگایی ئێمەدا یان بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە بێت، دواتر دەبینە مالیخۆلی[4] و خەمۆک. ئێمە کاتێک دەست بە شتێکەوە دەگرین، هیواخوازین هێشتا بوونی هەبێت، چونکە ئازاری دەستبەرداربوونی زۆر تێکشکێنەرە بۆ ئەو ئایدیانەی لەبارەی خۆمان و جیهانەکەمان هەمانە. بەزۆری کەسی مالیخۆلی یان بە چەمکە باوەکەی ئێستا، کەسی خەمۆک مەیلی خۆکوژی بۆ درووست دەبێت.[ پزیشکی دەروونی و دەروونناسیی ئەمرۆ، ناوی چەمکەکانی فرۆیدیان گۆڕیوە و لە ناوەرۆکە دەوڵەمەندەکەیان داماڵیوە، مالیخۆلیا‌یان گۆریوە بۆ خەمۆکیی قووڵ. دەیان جۆری خەمۆکی قووڵ هەن، بەبێ لەچاوکردنی خەسڵەتە تیۆرییەکەی مالیخۆلیا کە تایبەتمەندە بە «لەدەستدانی ئۆبێکتی ئارەزوو»، ئەم ئۆبێکتە جیایە لە ئۆبێکتەکانی تر، ئۆبێکتێکی زۆر هەستیارە و تەقەڵرێژی سەمپتۆمەکانی مرۆڤی کردووە.«لاکان بەهۆی خوێندنەوەی دەقی ماتەم و مالیخۆلیای فرۆید، چەمکی ئۆبێکتی بچووکی a دادەهێنێت[5]] .

فرۆید، کەسی نارسیست(خودئەڤین)[6] بەراورددەکات بە کەسی مالیخۆلی، بەو وتەیەی کە هەردوو جۆرە کەسەکە، حەزێکی قووڵ و توندیان دەبێت بۆ بە-خۆ-داڕۆچوونێکی خۆپەرستانە. ئەمە حوکم نییە، ئەمە زیاترە لە وەسف، لە هەردوو حاڵەتدا، کەسەکە ناتوانێت دەرگیری جیهانی دەرەوە ببێت. جیاوازی نێوان کەسی نارسیست و مالیخۆلی، پەیوەندی بەو ئۆبێکتەوە هەیە وا ناوهاوێژی دەکاتەوە. بۆ کەسی مالیخۆلی، ئۆبێکت[ـی لەدەستچوو] هێندە گرنگە کە هاوتا دەبێتەوە بە خودی کەسەکە[لە هەردوو حاڵاتدا لیبیدۆی سوبێکت شکستدەهێنێت لەپەیوەستبوون و خالیکردنەوەی وزە لەسەر ئۆبێکت، ئۆبێتەکتەکە دەبێتە مایەی ژان و ئازار. لە نارسیستدا سوبێکت بە ئاسانی دەتوانێت لیبیدۆ لە ئۆبێکت بکێشێتەوە و ئاراستەی بەرەو ئیگۆ بگۆرێت و زاڵبێت بەسەر ئۆبێکتدا. بەڵام لە مالیخۆلیادا، سوبێکت تەنیا بەهۆی پاشڤەچوونێکی نارسیتانە و شەڕانگێزانە دەتوانێت ئۆبێکتی لەدەستچوو ناوهاوێژ دەکاتەوە بۆ نێو ئیگۆ واتە ناتوانێت دەستبەرداری ئۆبێکتی لەدەستچوو بێت، ئیگۆی خۆی وەک ئۆبێکت لەدەستدەچێت و هەژار دەکەوێت. هەر بۆیەشە نزیک دەبێتەوە لە خۆکوشتن]. شتەکە بەجۆرێک خراپە کە کەسی [مالیخۆلی] نایەوێت (ناتوانێت) دەست لە ئۆبێکتی [لەدەستچوو] هەڵگرێت و دەیەوێت بە توندی لەخۆی بگرێت: ئەوان خۆیان بە ئۆبێکتدا دادەپۆشن وەک ئەوەی لە واقیعدا، هەر خودی ئۆبێکتەکە بن. بەم شێوەیە، لە فەنتازیایەکی نەستەکییەکانی‌دا، ئۆبێکت(کەس)ـی لەدەستچوو، هەرگیز نامرێت.(بیخە مێشکتەوە کە نابێت ئۆبێکتی لەدەستچوو لە واقعدا بمرێت، بەسادەیی پێویستە خیانەتت لێ‌بکات) [ کەسی مالیخۆلی دەبێت فەنتازیا بەوەوە بکات، ئۆبێکتی لەدەستچوو خیانەتی کردووە، تا رێگای پێ‌بدات لە فەنتازیاکانی‌دا، پەیوەندییەکەی بە ئۆبێکتی لەدەستچووەوە، بپارێزێت]. بە تایبەت کاتێک ئۆبێکتی لەدەستچوو، کەسێکە ئازاری پێگەیاندووی و تاکو ئێستا واتداناوە، وەک ئەوەی بەراستی ئەم ئۆبێکتە خۆت‌ بیت. ئەمە دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر لە بۆت. لەبەرئەوەی گەر ئەم ئۆبێکتە زیانمەند بێت و تاکو ئێستا، خۆت هاوشووناس[7] کردبێت لەگەڵی، دواتر چۆن خۆت ڕزگار دەکەیت لە ئۆبێکتی خراپ؟ فرۆید پێشنیاریکردووە کە کەسی مالیخۆلی، رەنگە پێیوابێت بۆئەوەی بەیەکجار و بۆ هەتایە ئۆبێکتی لەدەستچوو، بکوژێت، دەبێت خۆی بکوژێت. دواتر، دەکرێت خۆکوشتن ڕووبدات، کاتێک ئەو ئۆبێکتەی کە کەسی مالیخۆلی ناتوانێت دەستبەرداری ببێت، ببێتە ئامانجی کینە، شەڕانگێزی، تووڕەی، بێزاری. خۆکوشتن کردەیەکی شەڕانگێزانەیە[8].

بیرکردنەوە لە خۆکوشتن، خۆی فەنتازیایەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی پرۆسەیەکی دژوار یان تا ئەوڕادەیەی وا لە کەسێک بکەیت، باجی ئەو شتە بدات کە کردوویەتی(گەر بمرم، پەشیمان دەبنەوە لەو شتەی کە پێشتر پێیانوتووم). پێم وایە لەم جۆرە بیرکردنەوەدا، شەرانگێزی و بێزارییەکی قووڵ دەبینین. کاتێک کەسێک تێوەگلاوە، لەم بیرکردنەوە خۆ-سزادەرانەی کە لەسەرەوە باسم کردووە، بەهەڵە خۆیان لێدەبێتە ئەو کەسەی کە رقیان لێیەتی. کاتێک کەسی مالیخۆلی دەیەوێت خۆی بکوژێت، لەراستیدا دەیەوێت ئۆبێکتی لەدەستچوو بکوژێت(ئەو ئۆبێکتەی رقی لێدەبێتەوە)، هەتا گەر بێتو زانینێکی ئاگاییانەشی نەبێت، لەبارەی ئەو شەڕانگێزی و بێزارییەی، دەرهەق بە کەسەکە هەیەتی. ڕوونیشە ئەم کینەیە ناتوانرێت ئاراستەی ئۆبێکت، بکرێت، بەپێچەوانەوە بەرەو ئەو جێگایە دەروات کە مەبەستییەتی. لەجیاتی ئەوە، کینە وێرانکەرەکەرییەکەی، هەڵدەگەرێتەوە بۆ سەر خۆی[دواتر فرۆید، مالیخۆلیا وەک بەشێک لە کارکردی شاراوەی سەر بە پاڵنەری مەرگ، دەبینێت. ئامانجی راستەقینەی پاڵنەری مەرگیش، کۆتایهێنان و سفرکردنەوەی گرژیی دەروونییە، هەژار کەوتنی ئیگۆش، بێجگە لەوەی رەپتی بە لەدەستچوونی ئۆبێکتی عەشق هەیە، رەبتێکی شاراوەی بە پاڵنەری مەرگەوە هەیە، لە (خۆکوشتن)ـدا، راستەوخۆ ئامانجی پاڵنەری مەرگە، بەدیدێت. تکایە بیری لێبکەوە، گەر هەرکاتێک بیری خۆکوژیت هەبوو: ئەوە خۆی نیت کە دەیەوێت. ئەی بیرە خۆکوژییەکەت دەهەق بە کێیە؟ کێ خیانەتی لێکردووی؟ دەتوانێت چارەسەرکارێک بدۆزیتەوە تا لە بارەیەوە لەگەڵی بدوێیت، تا (لەرێی کردەوە، دەریپەرێنێت[9])[ چەمکێکی فرۆیدە، مەبەستی ئەوەیە، نەخۆش لای دەروونشیکار، بیر و هەستە چەپێنراوەکانی دەردەبرێت و بەجۆرێک، لێی ئازاد دەبێت و ئارەزووەکەی لەڕێی وشەوە، تێر دەبێت. دەبێتە جێگرەوە و بڵندبوونەوەی هەستە چەپێنراوەکان] لە جیاتی ئەوەی ببێتە نمایشەکردار[10]؟[چەمکێکی فرۆیدە، واتا، بیرە چەپێنراوەکانی نەست، سیمبوولیانە خۆیان نمایشدەکەنەوە.

ژنێک دەچێتە لای بەرگدوورێک، بەرگدوورەکە، بەدەم دوورینەوەی کراسی ژنەکەوە، دەستی بەرز دەکاتەوە، دەستبەجێ ژنەکە لەهۆش خۆی دەچێتەوە، کردەکە، دەست بەرزکردنەوەی پیاوێکی بیرهێنایەوە، کاتێک دەستدرێژی کردبوویە سەری. لەم وتارە مەبەست لە نواندنەوەی بیری خۆکوژییە]. هاوشێوەی کەسێک کە لەو دۆخەدا خۆی ببینێتەوە کە لەمسی مەرگ و نزیکبوونەوەکانی بکات لە ژیانی رۆژانەدا، بیر لەخۆم دەکەمەوە و دەبینم چەند دلخۆشم بەوەی هەموو رۆژێک قایلم بەوەی چاوەرواننەکراوە[مەرگ] و هەر دەژیم. ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە، قەت بەریان نەکەوتووم لە مارکێتدا و لەگەڵیان پێنەکەنیوم. هەرگیز لە نێو شەمەندەفەر، لەتەنیشت ئەو کەسانە دانەنیشتووم، هەرگیز شتی نوێ لە بارەیانەوە نازانم، لە ترافیکدا بەریان نەکەوتووم، هەرگیز ئەو ئیمتیازەم نەبووە، پێیان کاریگەر بم. دڵتەنگم بۆ ئەو کەسانە[مالیخۆلی] کە ناتوانم شتێکیان لە بارەوە بزانم، چونکە ناتوانن لەو ئۆبێکتە داببرێن کە لە نێو خۆیاندا، رقیان لێیەتی. هەروەها هەست بە هاوسۆزی دەکەم بۆ خەم و کۆژانەکانی ئەو کەسانەی دەیانناسم و بەزۆری دەجەنگن لەگەڵ ئەمەدا. بگەرێمەوە سەر گفتوگۆکەم لەگەڵ رێبیکا، پێمخۆشدەبوو، چانسی ئەوەم هەبووایە، زیاتر قووڵبینەوە لەم بارەیەوە. قسەمان کرد لەبارەی کۆتاییهێنان بەژیان، لەرێی (کوشتن بۆ نەمانی ئازار)[11] و یارمەتیدان بۆ خۆکوشتنی ئەو کەسانەی کە ئازارێکی زۆریان هەیە و خۆیان، خۆکوشتنیان، وەک باشترین چارەسەر، هەڵبژاردووە. بەڵام لە حاڵەتی مالیخۆلیا یان خەمۆکی دا، کەسەکە چۆن بتوانێت  بژاردەی درووست، هەڵبژێرێت، لەکاتێکدا کەسەکە چانسی ئەوەی نییە، واقیعیانە بیر لە کەسەکەی تر بکاتەوە تا جیاوازی بکات لە نێوان خود و ئۆبێکتدا؟ ئێوە ئەو کەسانە نین، ئازاری خۆتان بدەن، ئێوە بەرپرسیار نین لە ئازاری ئەوان. بەڵام لە پێناو مانەوەی خۆت، رەنگە پێویست بێت، قەناعەت بە خۆت بێنیت، یان بەپێچەوانەوە، ئەوانی تر قەناعەتت پێ‌بهێنن. هیوادارم گەر بەم شێوەیە، بیر دەکەیتەوە، ئەوا دەستبەرداری بە و بۆ ئەوانەشی تا ئێستا نەتبینیون، چانسی ئەوەی یارمەتیدەرت بن، جیاوازییەک درووستدەکات لەنێوان هەلومەرجەکان و ئەو کەسانەی بوونە مایەی ئازار بۆت و بیرە جوان و باشەکەت.

 

 

 

 

مۆڵى مۆریسن

و. دانا محەمەد

 

 

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


) object[1]ئۆبێکت): گەر سوبێکت بکەر بێت، ئەوا ئۆبێکت جۆرێکە لە بەرکار. دونیای دەرەوەی سوبێکتە، جیهانی بابەتییە، بەڵام نەک بەو مانا میکانیکانییکەی کە بەتەواوی لە سوبێکت دابڕابێت. بەڵکو ئۆبێکت هەم مادە رەق و تەقەکان و هەم ئەو شوێنەوارە ناسکە و وێنایی و دەلالییانەش دەگرێتەوە کە سوبێکت مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و زۆرجار بەناو سوبێکتدا شۆڕدەبنەوە و یەکانگیری سوبێکت دەپارێزن. کاتێکیش بەر ئۆبێکتیڤ دەکەوین ئەوە بەمانای بابەتی/دەرەکی/نا-سوبێکتیڤ دێت. «سەرچاوە: فەرهەنگۆکی ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا، وەرگێرانی: وەلید عومەر»

[2] مەرجیش نیە ئۆبێکت هەر شتانی بێگیان بن، یان شتانی دەرەکی ناو دنیا، بەڵکو ئەو بەشەی دونیا کە دەبێتە جیی ئارەزووکردنی سوبێکت، رۆڵی ئۆبێکی دەگێڕێت. زاراوەی ئۆبێکت، چەندینجار لە بەرهەمەکانی فرۆیددا هاتووە. یەکێکە لە فاکتەرە بەرچاوەکانی ناو ڕامانە مێتاسایکۆلۆژییەکان. تێگەیشتنی فرۆید بۆ ئۆبێکتی دەرەکی و ئۆبێکتیڤی ئارەزوو، شتێکە تەواو جیایە لە ئۆبێکتیڤیتە لە مانا باوەکەی، چونکە ئەوەی مەبەستێتی، ڕۆڵ و کارکردی هەڤدژی ئۆبێکتە لە دەرووندا، بەم مانایە، پەیوەندی مرۆڤ بە تێربوونەوە، بەستراوەتەوە بە لەدەستچوونی ئۆبێکت و دوورکەوتنەوە لێیەوە. «سەرچاوە: فەرهەنگی شرۆڤەیی فرۆید- دەروونشیکاری بۆ، وەرگێرانیان: وەلید عومەر»

 

[3] self

[4] دەتوانن بگەرێنەوە بۆ وەرگێرانی پێشووترم: لەبارەی دەقی ماتەم و مالیخۆلیای فرۆید

[5] (عەلی ئەحمەد), نێگەتیڤ.

[6] فرۆید دێت و سەر لە نوێ پێناسەی نارسیسیزم(خودئەڤینی)دەکاتەوە و بە پانتاییەکی بنچینەی دادەنێت لە بینای دەروونیی مرۆڤدا کە تەواوکەری سێکسیی غەریزەی خۆپاراستنە. لەراستیدا نارسیسیزم(خودئەڤینی)، بریتییە لە لیبیدۆیەک کە لەسەر ئیگۆ کەڵەکە و کۆبووەتەوە. «سەرچاوە: فەرهەنگی شرۆڤەیی فرۆید، وەرگێرانی: وەلید عومەر»

[7] هاوشووناسبوون(identification): تا ڕادەیەک زاراوەیەکە لە فیکری نوێدا دەگەرێتەوە بۆ فرۆید و دواتریش لای لاکان کاری گرنگی پێدەکرێت. واتە سوبێکتێک لەگەڵ سوبێکتێکی تر و وێنەیەکی تر و دیاردەیەکی لە خۆی گەورەتردا ببێتە  یەکێک. وەک بڵێی شتێک لە ناسنامە و شوناسی ئەویتر دەبات بۆ خۆی و بەپێی رێساکانی ئەو دەجووڵێتەوە. مرۆڤ هەر لە مناڵییەوە یەکەمین قۆناغی هاوشووناسبوون و یەکبوون لەگەڵ دایکی دا ئەزمووندەکات و پاشان کە گەورەدەبێت لە کۆمەڵگادا پرۆسەی هاوشووماسبوونی دیکە ئەزمووندەکات. هەندێجار لە دەقە کوردییەکاندا، هاوتای (بە-ئەو-بوون) بۆ هاوشووناسبوون دانراوە و ئەو وێنەیەمان بیردەخاتەوە کە کەسێک لەگەڵ ''ئەو''دا دەبێتە یەکێک و تیایدا دەتوێتەوە. رەهەندێکی تری هاوشووناسی، ناسینەوەی خۆتە لەرێگەی ئەویترەوە. ئەم ناسینەوەیەش بارگاوییە بە وەرگرتنی شکۆ و نرخ لەوانیترەوە و لەرێگەی ئەم پرۆسەیەوە سوبێکت کەلێن و لاوازییەکانی خۆی دەشارێتەوە. هاوشووناسبوون جۆرێکە لە میکانیزمی بەرگری و تەحەمولی دەروونی. «سەرچاوە: فەرهەنگۆکی ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا، وەرگێرانی: وەلید عومەر»

[8] Aggression: جۆرە ئەنگێزەیەکە لە دەروونی مرۆڤدا کە داوای تێربوون و ئەزموونکردنی ئەو شتانە دەکات لە ئیددا هەن. شەڕەنگێزی ئەنگێزەیەکی خۆڕسکی نێو دەروونی مرۆڤە و رێگاکانی هاتنەدەرەوەی، جۆراوجۆر و پارچەپارجە و پێچاو پێچن.«فەرهەنگۆکی نەست لە دەرووبشیکاری فرۆید و لاکان، وەرگێرانی: وەلید عومەر»

[9] Worked through

[10] Acting Out

[11] Euthanasia

 

 

 

سەرچاوە:

The problems of suicide, and how Freud helps us think about depression: https://www.mollymerson.com