A+    A-
(1,274) جار خوێندراوەتەوە

 

                گفتوگۆ: پۆڵ ڕیکۆرى فەیلەسوفى فەڕەنسى له‌باره‌ی دیکارته‌وه‌      

 

 

 

                    و. شکار وه‌فا

 

 

 

 

 

پ. هیگڵ دەڵێت بیر و هزری نوێ لەگەڵ دیکارتدا لەدایکبوو. بۆچی؟

 

ڕیکۆر: چونکە سوبێکتیڤیتە (Subjectivity) بوو بە بەهایەکی نوێ لە بیر و هزردا. دەتوانین فراوانتر لە هیگڵ لەم بابەتە بڕوانین، جیهانی گریک کە تا سەدەکانی ناوەڕاستیش درێژەی کێشا، ئایدیای "بوون" تێیدا سەروەر و سەرەکی بوو، هەروەها بە هەمان شێوە مادە و ناوەڕۆکیش، ئەوەی کە شتەکان چین.

بەڵام لەگەڵ دیکارتدا پرسیارەکە بوو بە:

ئەم سوبێکت(subject)ـە بیرکەرەوە کێیە کە ڕووبەڕووی شتەکان دەبێتەوە؟

بۆیە لێرەوە گۆڕانێک لە سەرنج و چڕبوونەوە فەلسەفیدا ڕوویدا، لە بابەتی پەیوەست بە بوون، بوونی جیهان و بوونی شتەکانەوە گۆڕا بۆ بیرکردنەوە لە سوبێکت، بۆ تاکی بیرکەرەوە.

 

 

پ. پڕۆفیسۆر، دیکارت وەک دامەزرێنەری عەقڵگەرایی (ڕەشناڵیزم) دەناسێنرێت، کە قوتابخانەیەکە عەقڵ وەک ئامڕاز و هۆکارێک بۆ گەیشتن بە حەقیقەت دەبینێت. بۆچی دەبێت دەستەواژەی عەقڵگەرایی بەکاربهێنرێت؟ بۆ مەگەر فەلسەفە پێش دیکارتیش بنەماکەی عەقڵ نەبووە؟

 

ڕیکۆر: وایە، لێرەدا کێشەیەک هەیە لە نێوان بەردەوامێتی و وەستانیدا، ئەمە بەراورد بە فۆڕمە ناعەقڵانییەکانی بیر و هزر کە مۆدێرنەکان لەگەڵ ڕۆمانتیزم و لەگەڵ نیچەدا پێی گەیشتن و کەشفیانکرد، هەروەها بە هەمان شێوە لەگەڵ بیری تەفکیک و هەڵوەشاندنەوە و هتد...

دیکارت زیاتر پشتی بە عەقڵی کلاسیکی دەبەست، پشتی بە عەقڵی گریک دەبەست. بەڵام خۆی وەک بەردەوامیدەر و درێژەپێدەرێکی ئەو عەقڵە کلاسیکییە نەدەبینی. ئەم جیاوازییەی بەهۆی سەدەکانی ناوەڕاستەوە درک پێکرد، کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا عەقڵ بە شێوازێکی جیاواز بەکارهێنراوە، کە بەکارهێنانی عەقڵ لەلایەن مەعریفەی زانستییەوە ئاڕاستە کرا. ئەمەش ئەو لینک و پەیوەندییە نوێیە بوو لە نێوان عەقڵ و زانستدا درووست بوو، بەتایبەت لە زانستەکانی بیرکاری و فیزیا، کە بەرگ و ڕووخسارێکی نوێیان بە بەری عەقڵدا کرد. بۆیە، دەتوانین بڵێین فەلسەفەی پێش ئەو فەلسەفەی عەقڵ بووە، بەڵام بە سودوەرگرتن لە زانست وەک سەرچاوەیەک، پێناسەیەکی نوێی عەقڵ کرایەوە.

 

 

پ. دیکارت دەڵێت: "Cogito, ergo sum" کە بە واتای "من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم" دێت. ئەم گوتەیە، کە ئەگەر بەبێ تێفکرین لێی بڕوانین سادە دەردەکەوێت، بەڵام مشتومڕ و جەدەلێکی نەبڕاوەی لێکەوتەوە. ئەو ستوون و کۆڵەکەیە چییە کە لەپشت ئەم ڕستەوەیە؟

 

ڕیکۆر: کۆڵەکە سەرەکییەکەی درککردنە بەوەی کە ئەمە ڕاستی و حەقیقەتی یەکەم، حەقیقەتی بنچینەییە. تۆ لەسەر هەقیت ئەگەر بڵێیت "من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم" گوتەیەکی زۆر سادە و کەمبایەخە. بەڵام ئەوەی سادە و کەمبایەخ نییە ئەوەیە کە فەلسەفە لەگەڵ ئەم گوتەیە دەستپێدەکات.

ئەوەی گرنگە پێگەی ئەم گوتەیە وەک یەکەم ڕاستی و حەقیقەت. دووەمین شت، ئەوەی دەبێتە دژێک بۆ ئەو تێڕوانینەی کە بە سادەیی و کەمبایەخانە لەم گوتەزایە دەڕوانێت، ئەوەیە کە [دیکارت] هەروا بە ئاسانی بەمە نەگەیشتووە، لەناوخۆیدا تووشی ململانێ و بەربەستی زۆر و گەورە بووە و بە سنوورەکانی گوماندا تێپەڕیوە.

بە کورتی، ئەوە گومانە کە بەجێهێنەری هەموو شتێکە، لە ڕێگەیەوە دەگات بە دەرکەوتەی شتەکان.

ڕەنگە کەسێک بڵێت و وا دابنێت هەموو ئەم شتانە تەنها خەونێکن، بڵێت بیرکاری هەڵەیە، بڵێت حەقیقەتە باوەکانی میتافیزیک هەڵەن. کەواتە چی دەمێنێتەوە؟

ئەگەر هەموو شتەکانیش هەڵەبن ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە، من بیر دەکەمەوە، چونکە بۆ ئەوەی گومان بکەیت پێویستە بیربکەیتەوە.

پێش ئەوەی بڵێیت، "من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم" دەبێت بگوترێت "من گومان دەکەم، کەواتە من بیردەکەمەوە". ئەمە هێزێکی زۆر ناوازە دەدات بەم ڕستەیە.

 

 

پ: بیر و هزری زانستییانەی دیکارت خراوەتە بازنەی میکانیکەوە. کە تێیدا گەردوون کاتژمێرێکی گەورەیە، جەستەی مرۆڤ کاتژمێرێکی بچووکە، ماتریاڵەکانی تریش "تەنی کشاو - res extensa"ن.

بۆچی ئەم تێڕانینە میکانیکییە هێندە جیاوازە لە ئازادی هۆش و ڕۆح؟ بۆچوونی تۆ چییە؟

 

ڕیکۆر: بەڵێ. ئەمە دەمانگەیەنێت بە کێشەیەک کە زۆرێک لەوانە تووشی شپرزەیی و شەرمەزاری دەکات کە دوای دیکارت دێن، ئەوەی کە پێی‌دەوترێت "دوالیزم". شتەکە بەو شێوەیە، لە لایەکەوە، جیهانی مادی تەواو بچووکدەبێتەوە بۆ ئەو شتەی پێوانەدەکرێت، ئەمەش ئەو شتە ناهێڵێت و لایدەبات کە پێی‌دەڵێین چۆنیەتییە مەعقولەکان.

بێگومان وەک گوتت، جیهان ئامێرێکی گەورەیە، بەڵام ئەوە ئێمەی مرۆڤین بەو شێوەیە و وەک ئامێرێک بیری لێ ناکەینەوە. ئێمە بیرکەرەوەیەکین کە لەناو ئامێرێکدا بیردەکەینەوە. بەڵام ئەو بیرکەرەوەی کە لەناو ئەم ئامێرەدا بیردەکاتەوە خۆی ئامێر نییە، بەڵکوو ڕۆحێکە.

 

پێم خۆشە شتێک بڵێم کە زۆر گرنگە و وەک خۆی ڕووننەکراوەتەوە، کاتێک دیکارت دەخوێنرێتەوە، بە گشتی خەڵکی لە دوالیزمەکەیدا دەوەستن. بەڵام بەلای خودی دیکارتەوە، زنجیرەی "شەش ڕامانەکه"، پێکهێنەر و دامەزرێنەری کارە سەرەکی و گرنگەکەیەتی، کە بریتییە لە ڕامان لە حەقیقەتە بنچینەییەکان، کۆتاییەکەیشی سەرکەوتنە بەسەر دوالیزمدا، چونکە ئەوەی پێی‌دەڵێین مرۆڤ بریتییە لە یەکێتیی ڕۆح و جەستە. بەم شێوەیە، ئێمە لە هەمان کاتدا بیرکەرەوەیەکی پەتیین، کە ماتریاڵی نییە. لە لایەکەی تریشەوە، ئێمە جەستەیەکین کە بەشێکە لە بۆشایی و ئەم سیستەمە میکانیکییە. ئەمەیە کێشە گەورەکە - ئەمە ئەو خاڵەیە کە زۆرێک لەوانەی دوای دیکارت هاتوون هاوڕا و هاوبۆچوونی ئەو لێکدانەوە و شیکارییە نەبوون کە بۆ یەکێتی مرۆڤ کردوویەتی.

دیکارت بەباشی دەیزانی کە ئێمە یەکێکین و، لە هۆش و مادە پێکهاتووین، جەستەی مرۆڤیش ئەو شوێنەیە کە هۆش و مادە تێیدا بە یەکتری دەگەن. دیکارت چارەسەرێکی بۆ ئەوە داهێنا، دەڵێت ڕۆح لەناو جەستەدا دەژی، بەڵام دەگات بە خاڵێکی مێشک کە پێی‌وایە توانیویەتی بیناسێت.

لەبەر ئەوەیە، ئەوەمان هەیە کە پێی‌دەگوترێت (هاوتەریبیی هۆش و جەستە -Psychophysical Parallelism)، ئەمەش دەبێتە کۆسپێک، هۆکارێک بۆ ئابڕووچوونی ئەوانەی دوای خۆی.

 

 

پ: باسمان لە سیستەمە میکانیکییەکەی دونیاکەی دیکارت کرد، زانیمان سیستەمە میکانیکییەکەی وی بێ‌ئامانجە. دەمەوێت بزانم تێلیۆلۆجیای دیکارت چییە، کۆتا ئامانجی ئەخلاقی و مێتافیزیکی لە فەلسەفەکەی دیکارتدا چییە؟ ئایا تیلیۆلۆجیای تێدایە؟

 

ڕیکۆر: بێگومان، باڵادەست بوون بەسەر سرووشتدا، لەو گۆشەنیگایەوە، دەکرێت دیکارت ستایش بکرێت یان ڕەخنەی لێ بگیرێت لەسەر ئەوەی بوویە هۆکارێک بۆ دەستپێکردنی چەرخی تەکنەلۆژیا، چونکە پڕۆژەکەی دەستڕاگەیشتن بوو بە مەعریفەیەکی پێرفێکت لەبارەی سرووشتەوە، مەعریفەیەکی زانستیی پێرفێکت لەبارەی سرووشتەوە، کە بتوانیت لە ڕێگەیەوە دەست بەسەر سرووشتدا بگرین و باڵادەست بین. ئەمە ئەو خەونی زاڵبوونەیە کە بیرمەندێکی مۆدێرنی وەک هایدێگەر بە توندی ڕەخنەی لێ گرتووە، بەوەی سوبێکت بخرێتە سەروو هەموو شتێکەوە، سەرەتا سوبێکت لەم جیهانە نەفی دەکرێت، بەڵام جیهانەکەش قایلە بەم سوبێکتە.

دەی ئەمەش خەونی خەونی گەیشتنە بە توانا و دەسەڵاتی ڕەها، ڕەنگە پێکهێنەر و بەرهەمهێنەری خەونی شێتانەی زاڵبوون لەڕێگەی تەکنۆلۆژیاوە بووبێت. دیکارت خۆی پێی‌وابووە ئەم پڕۆژەیە لەناو خۆیدا سنوورێکی هەیە، کە سنووربەندکردنی حیکمەت و دانایی بووە لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی سۆز و هەڵچوونەکانمانەوە.

بۆیە پێم‌وایە نابێتە خۆمان لە کارەکەی دیکارت دابڕێنین، ئەو کتێبەی کە من خۆم زۆرم بەدڵە کتێبی (دەربارەی هەڵچوونەکان)ە، چونکە (دەربارەی هەڵچوونەکان) سەربارێکی گرنگە بۆ کتێبی (ڕامانەکان)، لەم کتێبەدا چارەسەری پڕاکتیکی کێشەی هۆش-جەستە دەبینین، تێدەگەین هەڵچوونە بەهێزەکانی وەک توڕەیی، ترس و خۆشەویستی، لایەنێکی فیزیکی و هۆشەکییان هەیە.

لەناو ئەم هەڵچوونانەدا دەبینین کە چۆن مێشک و ئاوەز پێکەوە کاردەکەن و زمانی ڕابردوو بەکاردەهێنن، بەڵام دەشبینین کە چۆن لە ڕێگەی عەقڵەوە حوکمڕانی و جڵەوی هەڵچوونەکانمان دەکەن و سنوورێک دادەنێن بۆ ئەم ویستانە شێتانەی زاڵبوون.

لێرەدا ڕەنگە ڕەگێکی ستۆیکی لە دیکارتدا بدۆزینەوە.

دیکارتە مۆراڵیستەکە دیکارتە زانستییەکە هاوسەنگ دەکات.

 

دیکارت پیاوی سەدەکەی خۆی بوو کە سەدەی حەڤدەیەمە، سەدەیەک کە ئایدیای ناخودئاگایی و نائاگایی بەڕەهایی نامۆ بووە. دیکارت پێی‌وایە بە پەرچکردنەوە و بیرکردنەوە مرۆڤ دەتوانێت یارییە ئاڵۆزەکەی هەڵچوونی زمان کەشفبکات، بەڵام هیچ شتێکی ناڕۆشن و تاریکی تێدا نییە.

پێم وایە ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە دەستپێکی دیکارت لە کۆجیتۆوەیە، ئەو دڵنیاییەی کە لە "من بیردەکەمەوە" دەیدات بۆ خۆی ڕۆشنکەرەوە و ڕوونکەرەوەیە. ئەمە ئەو خاڵەیە کە بیرمەندانی مۆدێرنی وەک نیچە، مارکس و فرۆید، هەوڵیانداوە گومان بخەنە ناو ئەو شتەوەی کە دیکارت لێی دڵنیابووە. دیکار گومانی لە شتەکان و ئایدیاکان کردووە، بەڵام گومانی لە بیرکردنەوەی خۆی نەبووە.

بۆیە کتێبی (دەربارەی هەڵچوونەکان) وێنەدانەوەی ئەم دڵنیاییەیە لە خود-ئاگاییدا. هەروەها دەتوانین بەبێ ناخودئاگایی ئەم خود-ئاگاییە بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنین. بەم شێوەیە پرسی کتێبەکەی دەبێت بە (دەربارەی ئاگایی) نەک نائاگایی.

نابێت چاوەڕێی هەمان ئەو شتە لە دیکارت بکەین کە بیرمەندە مۆدێرنەکان پێی گەیشتوون و دۆزیویانەتەوە، شتەکە بەم جۆرەیە، هەر خۆی جۆرێک لە گومان بەرامبەر "کۆجیتۆ" هەیە.

 

 

پ: ئەگەر خاوەنی ئەم عەقڵانییەتە بین و هەمیشە بتوانین دەستی پێوە بگرین، ئەی کەواتە سەرچاوەی هەڵەکانمان چین؟

 

ڕیکۆر: پێم بۆ وایە بۆ ئەمە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ خاڵی دەستپێکی دیکارت، کە هۆکارەکانی خۆیەتی بۆ گومانکردن. هەمیشە دوو عەواتیفی فەندەمێنتاڵ دەکاتە سەرچاوەی هەڵە. یەکێکیان خووە، بۆ باوەڕهێنان بەوەی کە شتێک ڕاستە، چونکە ئەمە هەمیشە نەریتێکی ئامادەیە.

لەلایەکی ترەوە، پەلەکردن هەیە، بۆ نموونە، ناوەستین و بەرگە ناگرین تا کاردانەوەمان بۆ شتەکە هەبێت.

زۆر خێرا بیر دەکەینەوە، تاکە چەکیش دژ بەمە هەڵپەساردنی حوکمدانە. لێرەوە دەگەین بە کرۆکی گومانی دیکارتی (Cartesian doubt).

لەم ڕووەوە گومانی دیکارتی مۆدێلێکە بۆ هەمووان، بەتایبەت لەو ڕووەوەی کە حوکمدانەکانمان هەڵپەسێرین. کەمێک لەمەوبەریش گوتمان کە ئەخلاقی کاتی (Provisional morality) شتێکی پێچەوانەی کێشەکە مەتروح دەکات، کە پەلەکردن و ئیلحاح و پێویستییە بۆ بڕیاردان. بەڵام بیرکردنەوە دەقیقەن بەبێ پێویستی و ئیلحاحە، بۆیە هەمیشە خێرا بیردەکەینەوە. هەروەها لە هەمان کاتیشدا زۆر گرنگی بەوە دەدەین کە پێش خۆمان گوتراوە.

 

 

پ: خودا لەناو فەلسەفەی دیکارتدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە. ئەو بووە وەسیلەیەک کە کەسێک دەتوانێت لە ڕێگەیەوە بگاتە دڵنیایی و درک و فەهم بە پێرفێکتییە بکات. بەڵام لە فیزیادا، دەڵێت، وجود و حزوری خودا سنووردارە بۆ ڕێکخستن و بەجوڵەخستنی گەردوون، پاش ئەنجامدانی ئەوە، خودا چیتر ئارەزووی بۆ جیهان نەماوە.

 

ڕیکۆر: بەڵێ،‌ ئەمەی گوتت لێکدانەوەی ڤۆڵتێرە بۆ دیکارت. بەڵام لەبەر دوو هۆکار نابێت شتەکە بەو شێوەیە بێت کە ڤۆڵتێر گوتوویەتی. یەکەمیان، لەبەرئەوەیە کە هەمیشە پێی وابووە کە خەلق ڕووداوێک نییە کە سەرەتای هەبێت و لە سەرەتاوە ڕوویدابێت، بەڵکوو باوەڕی وایە ڕووداوێکی بەردەوامە. دیکارت ئەمەی زۆر بە ڕوونی لەو شوێنەدا باس کردووە کە ئەو ناویناوە بەردەوامی خەلق و پەیوەندی ئەمە بە کۆنسێپتی کات'ەکەیەوە.

لە کاتێکدا کات لەلای ئەو بەردەوامی نییە، بەڵکوو بەرەنجامی زنجیرەیەک سات و لەحزەیە (Moments).

لە ئەنجامدا، بەم واتایە بێت جیهان لەدایکبووە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا بمرێت. بۆیە، لە سەدەی 17 دەگوترا دەبێت بەردەوامی و بوونی جیهان بەهۆی خەلقێکی بەردەوامەوە بێت. هۆکاری دووەم، پەیوەندی بەو ئایدیاوە هەیە لە سەرەتاوە باسمان کرد: دڵنیایی لەوەی "من بیردەکەمەوە" یەقینێکی یەکسەری و ڕاستەوخۆیە، هەروەها هەر لێرەدایە دەگەین به سەرچاوەی کۆنسێپتی کاتەکەی. لە لەحزەیەکدا بیردەکەمەوە، بەڵام بەردەوامی ئەم بوونەم دەبێت دەقیقەن لە ڕێگەی خەلقێکی بەردەوامەوە بەدی بێت. بۆیە لێرەدا جۆرێک لە دووالیتی بەردەوامی خەلق هەیە لە جیهانی مادی و مندا. ڕەنگە لێکدانەوەی هۆکاری یەکەم لەناو دووەمدا بێت. ئەگەر دیکارت خەلقی وەک ئەکت(کردە)یەکی بەردەوام بینیبێت، بەهۆی ئەوەوەیە کە بوونی کەسێک بوونێکە کە پێویستە بەردەوامی هەبێت، چونکە کەسەکە لەناو خۆیدا ئەو هێز و توانایەی نییە کە بەردەوام بێت. من هێزم هەیە لە لەحزە و ساتێکی دیاریکراودا، بەڵام نەک لە ماوە و زەمەنێکی دیاریکراو یان درێژدا.

 

 

پ: میراتەکەی دیکارت لەناو فەلسەفەی هاوچەرخدا حزووری هەیە، تەنانەت کاریگەریشی بەسەر زانستە سرووشتییەکانەوە هەبووە. بوونگەراییەکەی سارتەر، فینۆمینۆڵۆجییەکەی هووسرڵ، بە جۆر و شێوازی جیاواز میراتی کۆجیتۆکەی دیکارتیان قبووڵ کردووە. دیکارت چی گرنگی و پێگەیەکی هەیە لەناو فەلسەفەی هاوچەرخدا؟

 

ڕیکۆر: تۆ خۆت ئاماژەت بەوەدا کە دیکارت دوو میراتی هەیە. یەکێکیان میراتی شێوازی کارکردن و بیرکردنەوەیەتی. ناشبێت بەوە تووشی سەرسوڕمان ببین کە دیکارت دوو میراتی هەیە، چونکە ئەو بیرمەندێکی دووالیستە. لەلایەکی ترەوە، کۆجیتۆکەی دیکارتمان هەیە. هەرجارێک کە هەوڵ دەدەین بڕۆینە ناو زانستە سرووشتییەکانەوە، کۆمەڵێک مۆدێلمان لەو زانستە سرووشتییانەوە دەست دەکەوێت، لە کۆتایشدا لەمەوە دەگەینەوە خاڵی بیرکردنەوە دیکارتییەکە، بەو واتایەی ئەو فکرە بەشێک نییە لە شتەکان،جا ئەگەر چارەسەرێکیش بێت بۆ کێشەی دوالیزم. فیکر - لە مڕۆدا لەبری فکر دەبێت بڵێین زمان، جیهانی نیشانەکان، کە یاسای خۆیی هەیە، کە وەک ئەو شتانە نییە و بەشێک نییە لێیان.

ئەم دوو ڕێگا جیاوازەی میکانیزممان هەیە لەناو سرووشتە فیزیکییەکەدا، هەروەها بیرکردنەوەیەک کە بیر لە خۆی دەکاتەوە و قانوونەکانی لێکدانەوە و شیکاری خۆی بەکاردەهێنێت و بڵاودەکاتەوە لەپێناو ئەم نیشانانەدا، جا ئەگەر ئەم نیشانانە نیشانەی زمانی، یان ئەدەبی بن. دوو شانشین هەن کە پێکەوە گەشە دەکەن و پێش دەکەون و هەمیشەش ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاریدان، هەندێک جار دژی یەکترین، هەندێکجار کۆک و نزیکن: بۆ نموونە، زانستە مرۆڤایەتییەکان و زانستە سرووشتییەکان.

بە بۆچوونی من گرنگترین و پرس و دیبەیتی ئێمە هەمیشە ئەوەیە: پەیوەندی چییە لەنێوان زانستە مرۆڤایەتییەکان و زانستە سرووشتییەکان؟

نە دەتوانین تێکەڵیان بکەین و نە دەتوانین لە یەکتریان جیا بکەینەوە.

 

 

 

 

 

 

 

سه‌رچاوه‌:

https://www.youtube.com/watch?v=3OhlYSknpPU