به‌ختیار عه‌لی و ئاره‌زووی نوسین
ڕوشدی جه‌عفه‌ر
ده‌ستپێك
ئه‌م وتاره لێكۆڵینه‌وه‌یه له زاراوه‌ی "نوسین" و "خوێنه‌ری كوشنده" و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تری په‌یوه‌ندیداره لای به‌ختیار عه‌لی. كۆمه‌ڵه‌وتاری خوێنه‌ری كوشنده ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له چاپێكی نوێ و زیادكراودا بڵاوبوویه‌وه[1]. زۆرینه‌ی وتاره‌كانی ئه‌م چاپه‌یان به ده‌وری پرسیاری تێكست و خوێندنه‌وه و ته‌وه‌ره په‌یوه‌سته‌كانیدا ده‌سوڕێنه‌وه. لێرەدا دەکرێت یان بەدیاریکراوی لەسەر تاک بە تاکی نوسین و چاوپێکەوتنەکان هەڵوەستە بکەین یاخود لینک و پەیوەندییە نێودەقییەکانی نێوانیان هەڵکۆڵین. هەر وتارێکی ئەم کۆمەڵەیە هاوکات خۆبەسه و هه‌روه‌تر بە کۆمەڵێک هێڵی ئاشکرا و شاراوەش لەگەڵ وتارەکانی تر لە دایالۆگدایە. وێرای ئه‌وه‌ی كه نوسه‌ر به‌درێژایی پرۆژه فیكری و تیۆرییه‌كه‌ی خۆی په‌رژاوه‌ته سه‌ر ئه‌م پرسیارانه، وتاره‌كانی ئه‌م كتێبه‌ش دیسانه‌وه ده‌كه‌ونه ڕیزی ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه. بۆیه هەوڵ دەدەین ماناكانی زاراوەی "خوێنەری کوشندە" لە کۆی کتێبەکەدا بپشکنین و بە تەوەرە جیا جیاکانی کتێبەکە و پرۆژه تیۆرییه‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لی بیبەستینەوە نەک تەنیا لە وتاری خوێنەری کوشندە خۆیدا قەتیسی بکەین. بە گوزارشتێکی تر، زاراوەی "خوێنەری کوشندە" دەکەینە خاڵی داکوتان و لێیه‌وه پرسگه‌لی وه‌كو نوسین و تێنه‌گه‌شتن و نوسه‌رسازی و ئه‌نتی‌تێكست و هتد تاوتوێ ده‌كه‌ین. دیاره دەکرێت لەبری خوێنه‌ری كوشنده، چه‌مكی تاک یان تێگەیشتن یان تێکست بكرێته خاڵی سەرەکی و له لینک و پاشهاتەکانی لای نوسه‌ر بكۆڵرێته‌وه، بەڵام لەسۆنگەی گرنگیی هەمیشە-هەنووکەیی "تێزی خوێنەری کوشندە" و هەژموونی هەڵکشاوی خوێنەرە کوشندەکان و ده‌ركه‌وته نوێیه‌كانی، ئەم هەڵبژاردنە مەبەستدارە کراوە. هه‌ر کۆکردنەوەی ئەم وتارانەش بەگوێرەی نزیکیی کەمتازۆری بابەتەکان بۆ ئەوەیە وێنایەکی گشتگیرتر و فراوانتر دەربارەی هەر کام لەو پرسانه بخاتەڕوو کە نوسه‌ر لە تاک‌تاکی وتارەکان به تایبه‌ت پەرژاوەتە سەریان. خۆم پێشتر زۆربەی ئەم وتارانەم بە جیا خوێندۆتەوە لە چاپی یەکەمی کتێبەکە و ئەو گۆڤار و سەرچاوانەی وتار و چاوپێكه‌وتنه‌کانی تریان تیا بڵاوبۆته‌وه، بەڵام ئێستا کە دیسان پێکڕا و پێکەوە دەیانخوێنمەوە، ڕوونتر پەیوەندییە نێوده‌قییه‌كان و هێڵە نێوبەینییەکان و بەردەوامیی ئایدیاکانیان دەبینم.
به‌ختیار عه‌لی و "ئاره‌زوو"ی نوسین
تێكسته ئه‌ده‌بی و فیكرییه‌كانی بەختیار عەلی خۆی قوربانییه‌كی خوێنەرە کوشندەکانن. ئه‌و هه‌ر له نه‌وه‌ده‌كانه‌وه هه‌تا ئێستا ده‌ستوپه‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رخوردی كوشنده‌دا نه‌رم كردووه. مێژووی نوسینی به‌ختیار عه‌لی، مێژووی شه‌ڕێكی به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر/ڕه‌خنه‌گره كوشنده‌كاندا[2]. شه‌ڕی وی له‌پێناو شیكردنه‌وه‌ی فه‌زایه‌كی ڕۆشنبیرییدا بووه كه له‌سه‌ر تێنه‌گه‌یشتن ڕۆنراوه، به‌ڵام په‌لاماری هیستریایی خوێنه‌ره كوشنده‌كان، په‌لامار بووه بۆ سه‌ر تارماییه‌ك، بۆ سه‌ر ناوێك كه نه‌یانتوانیوه یان نه‌یانویستووه لێی تێبگه‌ن. لێره‌دا قسه له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ی كوشنده‌یه له‌گه‌ڵ ده‌قدا نه‌ك ڕه‌خنه و شیكاری و دایالۆگ. به‌ساده‌یی له‌كاتێكدا نه‌كرێت و نه‌مانه‌وێت له‌و ده‌قه تێبگه‌ین وا ده‌یخوێنینه‌وه، ئیدی چۆن ده‌توانین ده‌رباره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بدوێین؟ خوێنه‌ری كوشنده چییه جگه له‌و فیگه‌ری ناتوانێت له ده‌ق نزیك ببێته‌وه و مه‌ودایه‌كی نه‌ناسراو له ئه‌ویتر جیای ده‌كاته‌وه. به گوزارشتێكی تر، كێشه‌ی خوێنه‌ری كوشنده سه‌ر به كێشه‌ی ئه‌ویتره. واته ئاخۆ ئه‌ویتر له زه‌ینی ئێمه‌دا چ مانا و پێگه‌یه‌كی هه‌یه؟ چۆن په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵیدا ده‌سازێنین؟ مه‌ودا و نزیكبوونه‌وه له ئه‌ویتر چۆنه؟ بۆچی ئه‌وه‌ی نوسه‌رێك ده‌یڵێت ته‌نیا به‌شێوه‌یه‌كی فۆرماڵ ده‌گات؟ وه‌ك بڵێی ده‌ق له بۆشاییه‌كی مێژوویدا ده‌نوسرێت، په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی به پێش و دوای خۆی دیار نیه، نه‌ریتی هزری درووست ناكات. دواتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌م پرسیارانه.
ئه‌وه چۆنه نوسه‌رێك كه هه‌ستێكی ته‌واوه‌تی به‌وه هه‌یه له كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌گشتی دژه-تێگه‌یشتن و "ئه‌نتی تێكست"دا ده‌نوسێت، كه‌چی هێشتا درێژه به نوسین ده‌دات؟ با سه‌ره‌تا ئه‌وه بخه‌ینه ڕوو كه جیاوازییه‌ك هه‌یه له‌نێوان ئاره‌زووی تێگه‌یشتن (له ده‌قه‌كه) و ئاره‌زووی نوسین (لای نوسه‌ر)دا. ئاره‌زووی تێگه‌یشتن، ئاره‌زووه ناونشینه‌كه‌ی ده‌قه، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه "بۆ تێكسی گه‌وره گرنگ نییه چۆن پێشوازی ده‌كه‌ین یاخود چۆن دژایه‌تی ده‌كه‌ین، به‌ڵكو گرنگه مانا و ده‌لاله‌ته‌كانی ببینرێن، گرنگه بانگه‌وازی خۆی له جیهاندا ببیستێته‌وه"[3]. ئاره‌زووی تێگه‌یشتن، ئاره‌زووی خۆده‌رخسته. به‌م پێیه، ئه‌و شته‌ی خوێنه‌ری كوشنده ده‌یكات بریتییه له كوشتنی ئاره‌زووی تێگه‌یشتن- نه‌ك ئاره‌زووی نوسین- و شاردنه‌وه‌ی مانای ده‌ق، داوه‌ریكردنێكی فۆرماڵ و ڕێگرتن له خۆبینینه‌وه‌ی ده‌ق له جیهاندا. به‌پێی كۆته‌یشنه‌كه‌ی سه‌ره‌وه، له سیاقێكی دژه-ده‌قی وه‌ك ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستده‌چێت خۆده‌رخستنی مانایه. له تاك مانایی ترسناكتر غیابی ته‌واوه‌تیی مانایه. پێم وایه ئه‌و دژایه‌تیكردنه‌ی مانا كه جاروبار لێره و له‌وێ ده‌یبینین شتێكی چه‌واشه‌كه‌ره، چونكه ئه‌و ڕاستییه زه‌قوزۆپه نادیده‌ده‌گرێت كه ئه‌وه‌ی له‌ڕاستییدا ونه مانا و تێگه‌یشتن و ڕاڤه‌یه. تێنه‌گه‌یشتن لای ئێمه وه‌ك بونیادی ڕۆشنبیرییه‌كه به‌رچاوده‌كه‌وێت. با سه‌رنجی ئه‌م دێڕه شیعره‌ی نالی بده‌ین: "كه‌س به ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆكوردییه خۆكردییه/ هه‌ر كه‌سێ نادان نه‌بێ خۆی تالیبی مەعنا ده‌كا". گه‌ر واز له‌وه بێنین شیعری سه‌ده‌ی نۆزده و به‌تایبه‌ت نالی خۆی چ سه‌روكارێكیان له‌گه‌ڵ فۆرمالیزمی وشه‌ئاراییدا هه‌یه، لێره‌دا به‌روه‌خته به‌ر گرفتی مانا وه‌ك تێگه‌یشتن ده‌كه‌وین. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌وترێت گوایه نالی سه‌ر به كه‌لتوری مه‌عنه‌ویه‌تگه‌رایی/مانا سه‌نته‌رییه، له‌ڕاستییدا نالی باسی غیابی ئه‌م مانا سه‌نته‌رییه ده‌كات. نوسین به كوردی له سه‌ره‌تاوه تێوه‌گلان بووه له ئیشكالیه‌تی مانا. گرنگه ئه‌وه‌ش بیربهێنینه‌وه كه گرفتی تێنه‌گه‌یشتن لای ئێمه له ئاڵۆزیی گریمانه‌كراوی ده‌قه‌كاندا كورت نابێته‌وه، سه‌ر به‌و قه‌یرانی تێگه‌یشتنه‌ش نیه كه هاوشانی مۆدێرنیزمی ئه‌ده‌بی هاته‌كایه‌وه، به‌ڵكو قه‌یرانێكی سه‌ره‌تاییتره.
كه‌واته گه‌رچی تێکست بانگێشتێكه بۆ تێگەیشتن، بەڵام پاڵهێزێكی سوبێكتیڤی به‌هێزتریش ده‌ستنیشانی ده‌كات: ئاره‌زووی نوسین، ئاره‌زوو به مانا لاكانییه‌كه‌ی. وێڕای نوسین، به‌ختیار عه‌لی خۆی له دوو باسه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی مامۆستا/ قوتابی، هه‌ریه‌كه له فێربوون و قوتابیبوونیش به‌م ئاره‌زووه ده‌به‌ستێته‌وه. نوسه‌ر له‌وێدا هه‌وڵده‌دات خاڵی هاوبه‌شی ئاره‌زوو له‌نێوان دۆلۆز و لاكانیشدا بدۆزێته‌وه. به‌ڵام بێگومان هه‌ر هه‌وڵێك بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ی دۆلۆز و لاكان له ناساندنی نا‌سازی و جیاوازییه ڕیشه‌ییه‌كه‌یانه‌وه ده‌ست پێده‌كات. سلاڤۆی ژیژه‌ك له كتێبه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی دۆلۆز، ئۆرگانه بێ جه‌سته‌كان: ده‌رباره‌ی دۆلۆز و پاشهاته‌كان، پێی وایه ئه‌و شته‌ی ده‌كرێت له‌كۆكردنه‌وه‌ی لاكان و دۆلۆزدا بیخه‌ینه به‌رباس "پێكگه‌یشتن" (encounter)ه نه‌ك "وتووێژ" (dialogue). ژیژه‌ك له‌جیاتیی هه‌وڵی نزیككردنه‌وه‌ی ئاره‌زووی لاكانی له ئاره‌زووه دۆلۆزییه‌كه، پێچێكی زاراوه‌یی تر لێ ده‌دات: "... ئاخۆ ئه‌م ڕه‌هه‌نده مه‌جازی (ڤێرچواڵ)ه كه ئه‌كچواڵیته ڕاده‌گرێت، ڕێگه‌مان پێ نادات لاكان و دۆلۆز له‌یه‌كتر نزیك بكه‌ینه‌وه؟ خاڵی ده‌ستپێكی خوێندنه‌وه‌یه‌كی لاكانی بۆ دۆلۆز، جێگۆڕكێیه‌كی ڕاسته‌وخۆ و زبره، واته له هه‌ر جێیه‌كدا دۆلۆز و گواتاری ده‌رباره‌ی "ماشێنه‌كانی ئاره‌زوو" ده‌دوێن، ده‌بێت له جیاتیی ئه‌م زاراوه‌یه، پاڵنه‌ر (drive) به‌كاربێنین."[4] ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌مكه لاكانییه‌كه‌ی پاڵنه‌ر پێشوه‌خته هه‌ڵگری دیوێكی "ماشێنی" و غه‌ریزه‌به‌زێنه. وێڕای ئه‌مه‌ش، هێشتا نه‌سازییه ئاشتی هه‌لنه‌گره‌كه‌ی نێوان ئاره‌زووی دۆلۆزی، كه ڕێك ڕه‌وت و جووڵه‌كه‌ی ئامانجه‌كه‌یه‌تی، و مه‌حاڵێتی و بنبه‌ستی پاڵنه‌ری لاكانیدا ده‌مێنێته‌وه. به‌هه‌رحاڵ، گرفته به‌رباسه‌كه ده‌رباره‌ی ئه‌م مشتومڕه نیه. به‌ساده‌یی له ڕووی زاراوه‌ییه‌وه ده‌كرێت ئاره‌زووی نوسین و پاڵنه‌ری نوسین لێك جیا بكه‌ینه‌وه. له په‌یوه‌ند به نوسینه‌وه، به‌ختیار عه‌لی ئاره‌زوو به مانا لاكانییه‌كه‌ی به‌كاردێنێت، نوسین "وه‌ك ئاره‌زوویه‌كی هه‌میشه تێرنه‌بوو، وه‌ك هه‌وڵی ئه‌به‌دیی مرۆڤ بۆ ئه‌و بابه‌ته خه‌یاڵییه‌ی ده‌ستی نایگاتێ، ئه‌و بابه‌ته‌ی لاكان به "بابه‌تی ئه‌لف" یان "ئه‌لفی بچوك"[5] ناوزه‌دیده‌كات. نوسه‌ر كه‌سێك نییه كه ده‌نوسێت، به‌ڵكو كه‌سێكه تینوێتی بۆ نوسین ناشكێت، ئه‌و نایه‌وێت به نوسین ئه‌وانی دی تێبگه‌ێنێت، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت له ڕێگای نوسینه‌وه شتێك بگرێت كه ناگیرێت".[6] به‌م پێودانه، ئاره‌زووی نوسین به جۆرێك له جۆره‌كان قه‌ره‌بووی ئاره‌زووی تێگه‌یشتن ده‌كاته‌وه. یان به ده‌بڕینێكی تر، نیشانی ده‌دات نوسین به‌ر له‌وه‌ی نزیكبوونه‌وه بێت له ئه‌وانیتر، "نزیكبوونه‌وه‌یه له خود"، درێژه‌دانه به پرۆژه‌یه‌كی هه‌میشه ناته‌واو، تێكڕای ئه‌مه‌ش به ده‌وری ژویسێنسی نوسه‌ر خۆیدا ده‌سوڕێته‌وه. گەرەکە بڵێم چەمکى ژویسێنس(Jouis-sense), هەموارکردنێکى ڕاڤەیی چەمکى ژویسانس(jouissance)ـە: گەر ژویسانس زێدەچێژ بێت ئەوا ژویسێنس زێدەمانایەکە کە لە ڕووبەرى زاتیی نوسەردا دەمێنیتەوە و هاوکات چێژێکى نەگیراویشە کە مانا و بەها و لاڵى و تەنانەت دەربڕینەکانى نوسەریش لەخۆدەگرێت. نەک هەر بۆ نوسەر, بەڵکو بۆ مرۆڤ لە سەرتاپاى ژیاندا ئەم زێدەمانا(ژویسنێس)ـە وەک پەڵەیەک دەمێنێتەوە و کۆى ماناى پێوە بەندە و هاوکات جێى بەدحاڵیبوون و لێڵییەکى هەمیشەییشە کە پەیوەندیی بە لێکدانەوە و مانا و تێگەیشتنە ئاساییە ڕۆژانەییەکەوە نامێنێت(دواتر بەدرێژى دێینەوە سەر ئەم چەمکە).
ئاره‌زووی نوسین، ئاره‌زووی زمانیشه. نوسین "له‌ده‌ست نه‌دانی ئه‌و هێزه‌یه كه هه‌میشه زمان و جیهان داگیربكه‌ین"[7]. پێم وایه لێره‌دا ده‌سته‌واژه‌ی "له‌ده‌ست نه‌دان" شتێكه له‌ده‌ست نه‌دانه باوه‌كه تێده‌په‌ڕێنێت، زاراوه‌یه‌كی پارادۆكسیكاڵه ڕێك وه‌ك پارادۆكسه‌كانی ئاره‌زوو خۆی، چونكه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه نوسه‌ر به ئاگاییه‌وه ده‌رهه‌ق به شكسته ناونشینه‌كه‌ی نوسین ده‌ست پێده‌كات- ئه‌و شكسته‌ی به‌ر له‌وه‌ی گرێ‌دراو بێت به پرۆسه‌ی وه‌رگرتن/تێگه‌یشتنه‌وه، سه‌ر به به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق خۆیه‌تی. له‌م پنته‌دا، ئه‌و شته‌ی خوێنه‌ری كوشنده ده‌یكات دووجاكردن و دووقاتكردنه‌وه‌ی ئه‌م شكسته‌یه. بۆیه ژێربنكه شاراوه‌كه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ختیار ده‌رباره‌ی زۆر نوسین یان با بڵێین نوسین به‌گشتی، واته ئه‌وه‌ی كه ده‌یبه‌ستێته‌وه به "داگیركردن/ه‌وه‌ی زمان و جیهان" ئه‌وه‌یه: مه‌حاڵبوونی داگیركردنی ته‌واوه‌تی، ناته‌واوییه بونیادییه‌كه‌ی تێكست، به‌ڵام ناته‌واوی و مه‌حاڵبوونێكی گوڕپێده‌ر و پێكهێن.
كوشنده‌یی وه‌ك ده‌رده‌نیشانه(سەمپتۆم)
كێشه‌ی كوشنده‌یی ته‌نیا له زاراوه‌ی خوێنه‌ردا كورت نابێته‌وه، به‌ڵكو ده‌رده‌نیشانه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی بێباكه. كه‌لتوری تێنه‌گه‌یشتن و كوشنده‌یی دیوه ڕه‌مزییه‌كه‌ی تێكست ده‌شێوێنێت، له‌كه‌داری ده‌كات یان نادیده‌ی ده‌گرێت. كێشه‌كه ته‌نیا "جیهانی ده‌ق" نیه به‌ڵكو "ده‌قی جیهان"یشه. غیابی تێگه‌یشتن له كایه ڕۆشنبیرییه‌كه‌دا دابڕاو نیه له كایه كه‌لتوری و سیاسییه‌كه. بۆنمونه پێداگریی به‌ختیار له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه ساده‌یه‌ی كه ماركسییه ته‌قلیدییه‌كان نه‌یانتوانیوه ماركسیزم وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی تیۆری بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیع به‌كاربێنن، پێداگرییه له‌سه‌ر عه‌قلی كوشنده (یان غه‌یبانی). ئاخۆ له پانتاییه‌كدا كێشه‌یه‌كی زه‌قی تێنه‌گه‌یشتن له واقیع هه‌بێت، ئیدی چۆن فیگه‌ری خوێنه‌ری كوشنده نابێته شافیگه‌ری كایه مه‌عریفییه‌كه؟ بنه‌مای كوشنده‌ییه ئایدیۆلۆژییه ته‌قلیدییه‌كه دابڕانی گۆڕینی دونیایه له تێگه‌یشتن لێی، كرۆنۆلۆژیای ئه‌م دابڕانه‌ش له ماركسیزمه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه تا ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌هلی و ئۆپۆزیسیۆنی پۆپۆلیستی و ڕۆشنبیره هه‌ڵوێستگه‌راكان.
خوێنه‌ری كوشنده وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك تێكست ده‌خوێنێته‌وه، ئاوێنه‌یه‌ك كه ئه‌و شتانه‌ی نیشان ده‌دا وا خۆی ده‌یه‌وێت بیبینێت نه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئاوێنه‌كه ده‌یخاته‌ڕوو. ئه‌م ئاوێنه‌سازییه هه‌ریه‌كه له زمان، كۆمه‌ڵگا و ڕۆشنبیرییش ده‌گرێته‌وه. "ئاوێنه‌ی زمان" ده‌لاله‌ته له دۆخی زمان له‌ژێر هه‌ژموونی "گوتاری مانه‌وه"دا، ئه‌و كاته‌ی خودی گۆكردنی زمان به‌ده‌ر له چیه‌تییه‌كه‌ی ده‌بێته ئامانجی زمانه‌كه: "دۆخی كورد و زمانی كوردی، وه‌ك زمانێكی لێدراو و قه‌ده‌غه‌كراو و بێنرخكراو واده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی مینبه‌ر و سه‌كۆ ئازاده‌كانی قسه‌كردندا، خودی قسه، خودی به‌كارهێنانی زمان، بێگوێدانه هۆ و سوود و مانای ئه‌م به‌كارهێنانه ببێته كارێكی گرنگ و بایه‌خدار. وه‌زیفه‌ی به‌كارهێنانی زمان لێره‌دا توند له مانا داده‌بڕێت، ئامانج له به‌كارهێنانی زمان ده‌بێته نیشاندانی خودی زمان."[8] به‌ختیار عه‌لی هه‌ژموونی بونیادیی سه‌فسه‌ته‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌م له‌ماناكه‌وتن و له‌بنهاتنه‌ی زمان. مادام ترس له نه‌مان جێگه به بیركردنه‌وه لێژ ده‌كات و گرنگییه فۆرماڵه‌كه‌ی زمان زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر مانا و ناوه‌ڕۆكدا، ئیدی سه‌یر نیه عه‌قلی كوشنده ده‌بێته داوه‌ر له به‌رهه‌مهێنان و تێگه‌یشتن و وه‌رگرتنی ده‌قدا. سه‌فسه‌ته له نوسیندا هاوتای كوشنده‌ییه له خوێندنه‌وه‌دا، هه‌ردوو فیگه‌ری خوێنه‌ری كوشنده و سه‌فسه‌ته‌چیش ڕۆڵێكی بنچینه‌یی له پانتاییه‌كه‌دا ده‌گێڕن؛ شتێك ده‌توانین به ده‌ستدرێژیی بۆ سه‌ر زمان ناوی بنێین. به‌ڵام جیاوازییه‌كی گرنگ له‌نێوان ئه‌م دوو فیگه‌ره هه‌یه له‌په‌یوه‌ست به پرسی مانا: گه‌ر سه‌فسه‌ته‌چی مانایه‌كی سواو و كڵێشه‌یی به‌رهه‌م بێنیت، ئه‌وا فیگه‌ری خوێنه‌ری كوشنده هه‌ندێكجار ده‌ستی به‌م چه‌شنه مانایه‌ش ڕاناگات. له دۆخی ئاوێنه‌ییدا، ته‌نانه‌ت ڕایكاڵیزمی فۆرمیش ده‌چێته‌وه خزمه‌تی ناوه‌ڕۆكه كڵێشه‌یی و كۆنه‌پارێزه‌كانه‌وه. بۆیه‌ش پرۆژه‌ی فیكریی به‌ختیار ئاوێته‌یه‌كی به‌رده‌وامی "ڕاڤه‌كردن" و "ڕه‌خنه" بووه.
ئاستی خه‌یاڵی[9]
به‌ختیار عه‌لی هاوكات زۆر خوێنراوترین و به‌د-خوێنراوترین نوسه‌ری هاوچه‌رخمانه. پێده‌چێت ئه‌م به‌د-خوێندنه‌وه‌یه‌ش لێكه‌وتێكی ئاسایی پانتاییه ڕۆشنبیرییه‌كه بێت. پرۆژه‌كه‌ی وی وه‌ك ناو ده‌مێكه جێكه‌وتووه و گه‌یشتووه، به‌ڵام ڕوون دیسانه‌وه ناوه‌ڕۆك هه‌ڵپه‌سێردراوه. مامه‌ڵه‌ی خوێنه‌ران له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانی وی‌دا عاده‌ته‌ن له ئاستی "خه‌یاڵی"، به مانا لاكانییه‌كه‌ی، ماوه‌ته‌وه: به‌سانایی تووشی هاوشوناسی هاتوون له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كانی، به شه‌ڕه‌نگێزییه‌كی مناڵانه‌وه ڕه‌تكراوه‌ته‌وه، گرفتێكی به‌رچاوی ده‌لاله‌ت هه‌یه، كینه‌ڤین یان جووتهه‌ستییه‌كی دایبابانه‌ی ئاراسته‌كراوه و هتد. ئه‌و شته‌ی له‌م ئاسته "خه‌یاڵی"یه‌دا له‌ده‌ستچووه، مانا و ده‌رگیربوونه. په‌یوه‌ندیی ئێمه له‌گه‌ڵ ده‌قدا به‌گشتی سه‌ر به‌م په‌یوه‌ندییه خه‌یاڵییه‌یه. ڕه‌نگه هه‌ر خوێنه‌رێك به‌م ئاسته خه‌یاڵییه‌دا بڕوات یان لێیه‌وه ده‌ست پێبكات و دواجار وه‌ك پاڵپشتێكی فه‌نتازیایی ئاره‌زووی خوێندنه‌وه بۆیشی بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام فیگه‌ری خوێنه‌ری كوشنده عاده‌ته‌ن به توندی تێی ده‌چه‌قێت، ته‌نانه‌ت جاروبار به‌دحاڵیبوونێكی یه‌كانگیری خه‌یاڵیش پێكه‌وه‌ده‌نێت. كێشه‌ی خوێنه‌ری كوشنده به‌و مانایه سه‌ر به كێشه‌ی ئه‌ویتره، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌راپا خه‌یاڵكرد له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا ده‌سازێنێت. زۆرجار ده‌وترێت نوسینی كوردی هێشتا به‌تۆخی زاره‌كی (شه‌فه‌وی)یه؛ گه‌رچی له فۆرمی نوسینه كه‌چی بونیاده ئاخاوتنه‌كه‌ی له‌ژێره‌وه وه‌ك خۆیه‌تی. به‌ڵام له‌م گۆشه‌نیگا به‌رباسه، پێگه‌ی نوسین لای ئێمه زیاتر پێگه‌ی وێنه‌یه. له مامه‌ڵه‌ی خه‌یاڵیدا وێنه چه‌قه. ئاخۆ ئه‌و زمانییه وه‌سفی و ئینشاییه‌ی هه‌یه خۆی شایه‌تحاڵی ڕه‌هه‌نده وێنایی/وێنه‌ییه‌كه‌ی نوسینی كوردی نیه؟ له‌لایه‌كی تریشه‌وه، خودی ئه‌و شته‌ی خوێنه‌ری كوشنده ده‌یكات، پێكه‌وه‌نانی وێنایه‌كی خه‌یاڵییه ده‌رهه‌ق به ده‌ق، جا ئاگایانه بێت یان نه‌سته‌كی. مانه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌م ئاسته خه‌یاڵییه، مانه‌وه‌یه له فریودا. وێنا خه‌یاڵییه یه‌كانگیره‌كه‌ی خوێنه‌ری كوشنده ده‌رهه‌ق به ده‌ق له‌ڕاستییدا پارچه‌پارچه‌بوونی تێگه‌یشتن یان ته‌نانه‌ت غیابی تێگه‌یشتن له ده‌قه‌كه ده‌شارێته‌وه. بۆیه سه‌یر نیه كاتێك ڕووبه‌ڕووی ده‌قێك ده‌بێته‌وه كه تێی ناگات، حاڵه‌تێكی شه‌ڕه‌نگێزانه به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت، چونكه ناتوانێت ئاره‌زووه‌كه‌ی بۆ وێنایه‌كی یه‌كانگیری باو به‌دیبهێنێت. خوێنه‌ری چه‌قیو له په‌یوه‌ندیی خه‌یاڵی به ده‌ق، شتگه‌لێك ده‌داته‌پاڵ ده‌قه‌كه‌وه، كه ته‌نیا له فه‌نتازیای خۆیدا هه‌ن. ئه‌مه‌ش بریتییه نیه له‌وه‌ی كه ته‌فسیرێكی جیاوازتر ده‌خاته‌ڕوو، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه لانیكه‌می ته‌فسیری شیاویش ده‌كاته كارێكی نه‌كرده. ئه‌و ڕكابه‌رییه شه‌ڕه‌نگێزانه‌یش له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتری نوسه‌ردا هه‌یه، به‌ره‌نجامێكی سرووشتی ئه‌م چه‌قینه‌یه.
پەراوێزەکان:
[1] خوێنه‌ری كوشنده، به‌ختیار عه‌لی، پڕۆژه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی كۆی به‌رهه‌مه تیورییه‌كان به‌رگی 11، ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌ند، 2021
[2] بۆ نمونه‌یه‌كی ئایدیاڵی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه كوشنده‌یه و به‌رخوردی به‌ختیار عه‌لیش له‌گه‌ڵیدا، بڕوانه وتاری "دڵنیابه... مه‌رگی تاقانه‌ی دووه‌مت نه‌خوێندۆته‌وه"، گۆڤاری ڕه‌هه‌ند، ژماره 8
[3] ه.س.پ. لا 179
[4] Zizek, Slavoj, Organs without Bodies, 2012, London and New York: Routledge, p. xi
[5] مه‌به‌ستی نوسه‌ر بریتییه له "ئۆبێكتی بچووكی a ".
[9] imaginary
تێبینی: ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه به‌شێكى بچوکه له نوسینێكی درێژ کە لە بەرگى داهاتووى "نێگەتیڤ"دا بڵاودەبێتەوە.