A+    A-
(952) جار خوێندراوەتەوە

   

                               "ئەخلاق" و زمانى زارەکى

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

 

عادەتەن لەبەرامبەر زارەکیبووندا, زەینى نوسین و ڕاڤە هەیە. دەکرێت جەمسەرى تریش بۆ زارەکیبوون بدۆزرێتەوە, بەڵام نزیکترین جەمسەر لێیەوە هەر نوسین و ڕاوەستانە. ئەوەى کە لەسەر هەنگاو(ختوە)کانى هەڵوێستێک دەوەستیت تا بگاتە هەنگاوى دووەم و سێیەم و دواتر, دەیانلکێنیت بەیەکترەوە, هۆ و ئەنجامەکان بەڕێژەیەک دەپشکنیت, ئەو پێچانە دەخوێنیتەوە کە خۆیان دەدزنەوە, سەرەنجامیش ئەو حوکمانەى دەیدەیت جۆرێک لە پارێز(ئیحتیات)ـ لەخۆیدا هەڵگرتووە و کۆتاحوکم نیە. ئەم بەرامبەرکێ سادەیەى نێوان زارەکیبوون و نوسین بۆ هەر کەلتورێک بایەخى خۆى هەیە. لە خۆرئاوادا, لە یۆنانى سەردەمى ئەفلاتونەوە تا هێرمینۆتیکى سەردەمى گادامێر جۆرە بیرکردنەوە و خودئاگاییەک لەمەڕ زارەکیبوون و نوسین هەبووە. بەشێک لە بیرمەندان داکۆکى لە قسە و گفتوگۆ دەکەن و بەشێکى تریشیان داکۆکى لە نوسین و دواخستنى مانا دەکەن. دیارە ئەوانەى وا داکۆکى لە قسە و ئاخاوتن(speech) دەکەن, هەمیسان بەهۆى عەقڵى نوسینکارییەوە داکۆکییەکە دەکەن. واتە لەڕێگەى نوسینەوە دێن ئاخاوتن شیدەکەنەوە و هۆیەکانى بەرگرییەکە دەخەنەڕوو. دۆخێک کە لاى ئێمە بەجۆرێک پێچەوانەیە, کە بۆ داکۆکى لە نوسین خۆیشى ناچار بە قسەى زارەکى دەبین. واتە نوسین لەڕێگەى زارەکیبوونەوە تەرحدەکرێت(نەبوونى شیکردنەوە و ڕاڤە و ڕانانى دەرگیرانە, لە لێکەوتەکانى ئەم دۆخەن). لە مێژووى بیرکردنەوەدا, بۆنمونە, ئەفلاتون کە داکۆکى لە قسەى ڕووبەڕوو دەکات, یەک لە بیانووەکانى ئەوەیە کە قسە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ مانا دەگەیەنێت و پەنا بۆ زاکیرە و یادەوەرى نابات و هیچ خۆدزینەوەیەکى مناڵانەشى وەک نوسین تیا نیە. دیوە ئاکارییەکەى ئەم بەرگرییە ڕوونە, بەتایبەت لەوێوە کە دەبێت قسەکەر قسەکە لە جەستە و زارى خۆیەوە دەربچێت و خاوەندارێتییەکى ڕاستەوخۆى لێ بکات و نەیسپێرێتە پیتە مردووەکان. هەندێک پێانوایە ئەم داکۆکییە لە زارەکیبوون لە سوقراتەوە درێژدەبێتەوە و لە دێرێدادا کۆتاییدێت کە بەرگرى لە نوسین بە مانا پەتییەکەى دەکات. دێرێدا, مێژووى بیرکردنەوەى خۆرئاوا ناودەنێت میتافیزیکى حزوور(ئامادەیی- presence), ئەوەى هەمیشە بەردەنگ و گوێگرێکى حازرى ویستووە, دەبوو مەدلول خێراتر بگات لەوەى کە پێویستە, هەمیشە دوالیزمى قسەکەر و گوێگر ڕێخۆشکەر بوون ڕیزێک دوالیزمى تر کە لە ڕەش و سپییدا کۆتاییانهاتووە. لاى دێرێدا نوسین شوێنى غیاب و دواخستن و جیاوازییە, بکەرێکى ڕەق و ڕوونمان نیە بەتەنیا کە لە یەک جێدا هەمووشت بڵێت و غایەتى خێراى خۆى وەربگرێتەوە, بەڵکو کەلتور خۆى دیاردەیەکە بەناو مێژوودا دەڕوات و ئەگەرەکانى دەلالەت و مانا بەکراوەیی جێدێڵێت و لەبرى تاکەنوسەر پرۆسەیەک لە نوسینمان هەیە کە یەک کەس خاوەنى نیە. دیارە مەبەستى دێرێدا ڕووە فیزیکییەکەى نوسین و قسەکردن نیە, بەڵکو پشکنینى ماهیەتى میتافیزیکە لە ڕەهەندە زمانەوانییەکەیدا کە ئاخۆ لە پنتێکدا زەین چاوەڕێى چ مانایەک دەکات و ئەم چاوەڕوانییەش چ پەیوەندییەکى بە کەلتور و ژیانەوە هەیە(گەرنا, دەکرێت لەڕووى فیزیکییەوە کەسێک کاغەز و قەڵەم هەڵگرێت و عەقڵەکەشى زارەکى بێت). بە دیوێکى تردا, لە شیکردنەوەى دەروونییدا لاى فرۆید کە نەخۆشێک و دەروونشیکارێک دەچنە دایالۆگێکى نەستەکى و نیمچەشاراوەوە, هێشتا لە ڕووبەرى نوسینەوە نزیکین کە قسەکانى نەخۆشەکە دەلکێنرێت بەیەکترەوە و ڕاڤەیەکى کەمتازۆر یەکانگیرى لێ درووستدەکرێت. دێرێدا دژى ئەوە دەوەستێتەوە کە نوسین دیاردەیەکى مەنگ و مردوو بێت و ئاخاوتن شتێکى زیندوو بێت. لەوەش زیاتر, نوسین ببێتە کۆتاڕووبەر کە ئاخاوتنیش ڕاکێشێتە نێو خۆى و هەندێک لە یاسا ڕەقەکانى تێکبشکێنێت. ئەم ستراتیژە وا لە دێرێدا دەکات سنورى نێوان فەلسەفە و ئەدەب تەنکبکاتەوە, کە بۆ مێژووى مەعریفەى خۆرئاوا پرسێکى مانادارە و لاى ئێمە بە جۆرى تر دەکەوێتەوە. بۆنمونە لاى ئێمە کە لە زۆر ڕووەوە ئەدەب درێژکراوەى عەقڵى زارەکییە, و لە فەزایەکى زارەکییدا دەپشکوێت, ئیدى کێشەکە ئاڵۆزتر دەبێت. لێرەدا بەشێوەیەکى ڕاگوزەر, ئاماژە بەو دیوە ئەخلاقییەى کەلتورى ئاخاوتن دەکەین کە لاى ئێمە هەیە:

بەشێکى زۆرى کەلتورى ئێمە ڕوویەکى زارەکى(شەفەوى)ـى هەیە. کەلتورەکە لە ژمارەیەکى زۆر دیاردە پێکدێت کە لەناواخندا لەسەر قسەى ڕاستەوخۆ, کاردانەوەى ڕووت, وەڵامى بێ‌نێوانگر(immediate) ڕۆنراون. هەتا ئەو کاتانەشى وەڵامێک دوادەخرێت, هەڵوێستێک دەشاردرێتەوە, ئەوا لە جێى تردا بە گوژمێکى زیاترەوە دەگەڕێتەوە. وەک‌بڵێى دواخستنەکە, تەنیا کاتى و کاتەکى بووە, نەک بونیادى و ناکاتى. واتە, سەرکوتێکى ناچارى بووە, نەک سەرکوتێک کە لە بونیادى کەلتورەکەدا ڕێکخرابێت و ڕێسامەندکرابێت و پەیوەندیی بە کەسەکانەوە نەمابێت. زارەکیبوون خۆى بونیادێکى زەینیی ئێمەیە, حاڵەت و ڕووداوەکانى ناو ئەم بونیادەش بەئاسانى ئەم زارەکیبوونە دەردەخەنەوە. زارەکیبوون لەڕووى دەروونییەوە, بەرهەمى جۆرە خودئەڤینی(نارسیسیزم)ێکى سەرەتاییە کە هەر چالاکییەکى دەرەکى, بکەرەکە دەبزوێنێت و دەبێت وەڵامى ڕوون هەبێت: لە کوشتنەکانى شەرەفەوە تا غیابى گفتوگۆ, نمونەى ئەم وەڵامە ڕوون و خێرایەن. غایەتگەرى و گەیشتن بە غایەتى ڕوون, یەکێکە لە خوڕەفتارەکانى ئەم خودئەڤینییە. ئەو جنێوبارانەى ئەنتەرنێتیش لە دەیەى پێشوودا, جیا لە ڕەوایی و ناڕەواییەکەى, دەچێتەوە سەر ئەم غایەتە نارسیستییە.  لە نراسیسیزمدا, عادەتەن دونیا دەبێتە پاشکۆى کەسەکە. هەر لەرزینێک لە دونیادا, ڕیشەى ئەویش دەلەرزێنێت. مناڵ کە هەڵگرى خودئەڤینییەکى سەرەتاییە, وەڵامى شتەکانى دەرەوەى خۆى بە گڕوگاڵێک دەداتەوە. بە کۆمەڵێک دەنگ کە شادى و مانا و ناڕەزایەتى و زۆر دەلالەتى تریشى لەخۆیدا هەڵگرتووە. مناڵ ناتوانێت بنوسێت, چونکە جیا لە قودرەتى فیزیکى, خاوەنى ئەو زەروورەتەش نیە کە شتەکان دوابخات و لێکیانبداتەوە. نوسین بەدیلێکە بۆ شتەکانى ناو دونیاش, وەرگرتنەوەى شتەکانى لە پلەى دووەمدا, بەڵام مناڵ پێویستى بەمە نیە و جیهان لە نوسخەى یەکەمینى خۆیدا وەردەگرێت. ئەخلاق لەم ساتانەدا بۆ مناڵ تێگەیەکى شکڵنەگرتوو, وشەیەکە هێشتا درووستنەبووە, بەڵام دەبێت وەک هەر مرۆڤێکى تر بێتە ئەم قۆناغەوە و لەو نارسیسیزمە بەراییە دەربچێت و جۆرێکى ترى نارسیسیزمى ناچارى قبوڵبکات. دەنگ و ڕاستەوخۆیی, دەبنە پێشزەمینەیەک تا مناڵ فێرى "ئەخلاق" بکرێت. ئەخلاق سەرەتایەکە بۆ دواخستن و سەبر, بەڵام زۆرجار لە ئاستێکى سەرەتاییدا دەمێنێتەوە و لەوە زیاتر گەشەناکات. بۆیە دەشێت ئەخلاقێکیشمان هەبێت کە لە دەنگ و ڕاستەوخۆییەوە نزیک بێت و کەمتر چووبێتە ئاستى خۆشیکردنەوە و لەخۆڕامان و خۆڕەخنەکردن. دەشێت ئەخلاقێک بێت کە لەسەر پرسیار و وەڵامى خێرا بنیاتنرابێت و "ئەویترى گەورە"ش وا داڕێژرابێت کە وەڵامێکى زارەکى و خێراى بوێت.

ئەخلاق(Ethics), و زارەکیبوون دەتوانن شتێک لە ناوەڕۆک بە یەکدى ببەخشن. واتە ئەخلاق دەتوانێت شتێک لە ناوەڕۆکى بداتە زارەکیبوون, و زارەکیبوونیش شتێک لە ناوەڕۆکى خۆى بلکێنێت بە ئەخلاق و ڕێساکانیەوە. ئاشکرایە لەپشت زارەکیبوونەوە, بکەرێکى ئامادە هەیە کە قسەکە و قسەکەر پێکداچوون. قسە هێشتا دەقێک نیە لە قسەکەرەکە جیابێتەوە, هیچ جۆرە کەلێن و نامۆبوونێکى تەئویلى ڕووینەداوە. زاتێتیی قسەکەر, بەچڕى تێکەڵ بە قسە دەبێت. قسە وەک جۆرە داراییەکى لێ دێت, هەتا ئەو کاتەشى کە حسێبى جدیی لەسەر ناکرێت, هەر بەشێکە لە ناوەڕۆکى قسەکەرەکە. قسە دەبێتە ئەو ئیمکانەى کە مرۆڤ دەخاتەگەڕ و ڕوونێتى بە قسەکەرەکە دەبەخشێت(لەبەر ئەمەشە کەسانى بێدەنگ و کەمدوو, لە کەلتورى زارەکییدا شتێکى زاتى و شەخسییان کەمترە لە کەسانى ئاساییتر. هەروەها قسە و حوکمى ئەخلاقى لەم حاڵەتەدا یەکتر دەبڕن). ئەویترى گەروەى کەلتورى, هەمیشە چاوەڕێیەک قسەکان وەربگرێت و کۆیانبکاتەوە و چەشنى شایەتییەک تۆماریبکات. ئەم تۆمارکردنە خۆیشى دیاردەیەکى نوسینکارى نیە لاى ئەویترى گەورە, بەڵکو هەمیسان پێویستى بەوەیە کۆمەڵێک شایەتى قسەکەرڕواڵەتەکەى ڕابگرن. نەبوونى نەریتێکى درێژخایەنى نوسین (و بێدەنگى کە ئەویش هەر بەشێکە لە ناوەڕۆکى نوسین), گەواهییە لەسەر ئەم شەفەویبوونەى ئەویترى گەورەى کەلتورى. کاتێک کەلتور وەڵامى ڕاستەوخۆ و قسەى زیندووى دەوێت, ئەوا بۆ دیوێکى ئەخلاقى دەگەڕێت کە شایەتیدانە. شایەتیدان, چەمکێکە لە یەک کردەى یاساییدا کورتنابێتەوە و جۆرە نیگایەکى هەمەگیرە کە لەپشت هەموو ڕێسا ئاکارییەکانەوەیە. هەر ئەم شایەتیدانە, لە قسە و زارەکیبوون پێکهاتووە و دەنگى بەرزتر باشتر دەبیسرێت. ئەخلاق هەر ئەوە نیە شتێک بکرێت یان نەکرێت(ئەمر و نەهى - بکە و مەکە), بەڵکو دەبێت لەڕێگەى قسە و شایەتییەکى دەنگسەنتەرانەوە ئەم باشە و خراپەیە بگاتەوە بە ئەویتر. هەر بێدەنگییەک بەنیسبەت ئەویترى گەورەوە, وەک کەتنێکى ئەخلاقى سەیردەکرێت. ئەویترى گەورەى کەلتورى لاى ئێمە, لە چنراوێک قسە و دەنگ پێکهاتووە کە نیگاکانیشى داواى قسە و گوفتار دەکەن. نیگا خۆى کە بیرخەرەوەى بێدەنگییەکى فشارهێنە, دەبێتەوە بە گوێیەک کە قسەیەکى لە نیشتەجێبووانى ناو کەلتورەکە دەوێت. ئەمە دەروون و سەلیقەى زۆرینە و بگرە هەموان دادەڕێژێت و ئەو کاتانەشى بەر تێکستێک دەکەوین بۆ وەڵامى خێرا و کورتکراوە دەگەڕێین. یان هەمیشە ئەو شتانە دەبینین کە بەئاسانى لەگەڵ پێشداوەرییە خێراکانماندا جووتدێنەوە و دەگونجێن. ئەو چینانەى دەقى نوسراو نابینین کە شاراوەترن و دەچنەوە سەر ماهیەتى نوسین. واتە مامەڵەمان بە شتەکان و دەقەکان و ئەوانیترەوە, دەبێتە مامەڵەى سەلماندنێکى خێرا. گەر شتێک خێرا نەسەلمێنرێت, ئەوا شایەتییەکە کورتیهێناوە و دەبێتە دواخستن و خۆدزینەوەیەکى ئەخلاقى.

لە مۆدێرنەدا مەرگى خوا, پاشان مەرگى دانەر(نوسەر) پەیوەندییەکى بە کەلتورى نوسینیشەوە هەیە کە بەردەنگێکى حازر بە ژوور سەرتەوە نیە. لانیکەم مەرگى خوا, مەرگى ئەو جەمسەرەى زارەکیبوونە کە لە دەرووندا نیشتەجێبووە و ڕۆڵەکەشى بۆ ناو کەلتور شۆڕدەبێتەوە. لۆتەر کە لە خۆرئاوا ژمارەیەک مادەى نوسراو بە دەرگاى کڵێسەدا هەڵدەواسێت, هەوڵدەدات خەسڵەتێک لە نوسین بخاتە نێو ئەم پەیوەندییەوە و خودا ڕاستەوخۆترین بەردەنگ نەبێت. لەڕاستییدا جێکردنەوەى نوسین لە کۆدەروونى خەڵکدا بە واتا ئاڵۆزەکەى, کردەیەکى قورسە. بەتایبەت گەر ئەم بەردەنگە ئاسمانییە لاوازنەکرابێت و سەرچاوەى فەرمانە ئەخلاقییەکان و جێگرى ڕاستەوخۆى باوک بێت, ئەوا کەلتورى دەنگ هەروا ئاسان پەخشناکرێتەوە. دەنگ و زارەکیبوون, جۆرە دەروونێک درووستدەکات ترسى هەبێت لە نقومبوون لەناو بێدەنگیی نوسیندا. نوسین هەر نوسینەوەى تێکست نیە, بەڵکو فەزایەکى دەروونى و کۆمەڵایەتییشە کە تاکەکەسى تیا دەڕسکێت. نوسین ناوە بۆ چوارچێوەیەکى بەرفراوانى کەلتورییش کە کایەکان ڕوویەکى کەمتازۆر ئۆبێکتیڤ و بابەتى وەردەگرن و دەسەڵاتى شەخس لاوازدەبێت. بەڵام حزوورى خواوەند, ڕەنگدانەوەى لەسەر حزوورى باوکەکان هەیە و باوکەکانیش وا بارهێنراون کە مامەڵە بە فەرمانى ڕاستەوخۆ و شەفەوییەوە بکەن. دەزگا خۆیشى سەر بە کەلتورى نوسینە کە نوسین تێیدا کرابێتە بەشێک لە خەسڵەتى دەروونى و ئۆنتۆلۆژى. دەزگا بە هەموو ڕووە جێڕەخنەکانیەوە درووستکردنى قڵیشە لە دەنگدا. بەڵام هەتا قورئان کە کتێبێکە و جێگرەوەى هەموو کتێبە دنیاییەکانە, فۆرمى دەنگێک لەخۆدەگرێت, دەنگێک و فەرمانێک کە ئەخلاق دیاریدەکەن. گرنگ نیە خودا چیی وتووە, ناوەڕۆکى گوتەکانى چین, بەڵکو ئەوەى هەیە بارکردنى ئەخلاقە لەم کتێبە. خودا و قورئان, ئەو دانەر و دەقەن کە تەنیا وەک باوکێک و فەرمانێک دەگەنە ئێمە و لە هەڵسوکەوتى پێچەڵپێچى کەلتورییدا لە کایە جیاوازەکاندا بەرهەمدێنەوە. هەتا زۆرجار نوسینى کارنامە و پرۆگرام کە لاى ئێمە فەرامۆشدەکرێت و تۆز دەیخوات, پەیوەندییەکى بەم دەنگسەنتەرییە ئەخلاقییەوە هەیە کە بکەرە قسەکەرەکان دەبنەوە بە دەستنیشانکەر. پرۆگرام و پەیڕەو, لە فەزایەکدا دەپشکوێت کە قسەى ڕاستەوخۆى قسەکەر لاوازکرابێت و لە بارە ئەخلاقییە پاتۆلۆژییەکەشى داشکێنرابێت. لە کۆنیشدا و بە فۆرمێکى تر لە ئێستدا, دەربڕینێکى وەک «وتى‌وتیی ژنان, کوشت‌کوشت پیاوان» لاى کورد گرێخواردنى قسە و ئەخلاق دەردەخات, گرێخواردنێک کە بەئاگاهاتنەوەى ئەویترى گەورە لە حاڵەتێک, پیاوەکان تووشى کارەسات دەکات. ئەویترى گەورەى کورد, لەو فۆرمە سەرەتاییەى خۆیدا, هەستیار و گوێشل و بێ‌سەبرە بۆ وەرگرتنەوەى وەڵام. لەو جێیانەى وەڵامێکى خێرا و شەفەوى دوادەکەوێت, ئیدى یان کارەساتێک دەقەومێت یان تابۆیەک دەردەکەوێت, یان هەستێکى گوناهـ چەکەرەدەکات. بۆیە وتمان "سەرەتایی", چونکە ئەویترى گەورە هاوشان بە گەشەى مرۆڤەکانى ناو کەلتورێک گەشەدەکات و سرووشتى خۆى دادەڕێژێت. خۆى بوونى نیە, بەڵکو ئەو نەخشە گریمانەییەیە کە مرۆڤەکانى ناو جڤاتێک بەسەر خۆیانەوە دەیخولقێنن. ڕەنگیشە ەم فشارە زۆرەى ئەویترى گەورە بۆ سەر مرۆڤى ئێمە, پەیوەندیی بەو خودئەڤینییە سەرەتاییەوە هەبێت کە گڕوگاڵى ئەو و کەلتور هەر یەکێکن. دەبێت بەسەختى خۆى فیداى ئەو وەڵامە بکات وا ئەویترى گەورە داواى دەکات. خودئەڤینییەکە هێندەى لەخۆنامۆبوونە, هێندە پێداگرتن و نیشتەجێبوون نیە لە ئیگۆى خۆتدا. کردەیەکى دووقاتە بەڵام لە یەک کاتدا ڕوودەدات. دەنگ و زارەکیبوون دەتوانێت ئەم هاوکاتییە بپارێزێت و هیچ دواخستنێک لێکى نەترازێنێت, بەتایبەت ئەو دواخستنەى ناو کەلتورى "نوسین" کە وادەکات ئەویترى گەورە بەردەوام لە درووستکردنەوە و داڕشتنەوە و داهێنانەوەدا بێت نەک ئەوەى یەکجار بەشێوەیەکى مناڵانە درووستکرابێت و داواى وەڵامى مناڵانەش لە شوێنکەوتە کەلتورییەکانى بکات. سەرەنجامیش مرۆڤەخوا لاى مە, وێنەى ئەو خوا-باوک-ئەویترە گەورەیەیە وا درز و هەڤدژى قبوڵناکات و خودابوونەکەشى بەرەنجامى خودئەڤینییەکى مناڵانەیە کە ناتوانێت یان نایەوێت بزانێت خۆیشى وەک هەر دیاردەیەکى دەرەکى, ڕێکەوتێکە و هیچى تر.