A+    A-
(896) جار خوێندراوەتەوە

 

                            زمان و پۆپۆلیزمى بێ‌ڕیشە

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

ئاشکرایە خەڵکى ئێمە هێشتا شەڕ لەسەر «هەق»ـە سەرەتاییەکانى خۆى دەکات, بۆە وتمان «هەق» چونکە بەکارهێنانى چەمکى ماف(Right), پەیوەندییەکى قووڵى بە سیاسەتى مۆدێرن و یاساى مۆدێرن و هاوڵاتیبوون و تەنانەت دەزگاى مۆدێرنەوە هەیە. هەڵبژاردن هێشتا پەیوەندییەکى بە کۆمەڵێک «هەق»ـى سەرەتاییەوە هەیە کە کۆمەڵێک سیفەى هەیە وەک: ڕاستەوخۆ داوادەکرێت, گەرەنتى نیە سبەى و پاشەڕۆژ چیی لێ دێت, هەبێت باشترە و نەشبێت شتێکى چاوەڕێکراوە, پێوەرى تر هەیە بۆ دەسکەوتنیان و هەڵبژاردن تەنیا بژاردەیەکى خۆوبەختە. لە دۆخێکى وادا, جۆرێکى تایبەت لە پۆپۆلیزم یان نیمچەپۆپۆلیزم دێتەکایەوە کە دەتوانێت گەمەیەکى حەماسى لەسەر پێوەرى «ڕەنگە قازانج لە دەسمایە زیاتر بێت» بکات, چونکە ئەگەرى هەیە لە فەزایەکى بۆشدا شتێک لەو «هەق»ـە بگەڕێنرێتەوە. «هەق»ێک کە پتر غەریزى و بەراییە و لە نان و ئاودا کورتدەبێتەوە. چەمکى ماف, پتر لە فەزایەکدا دەڕسکێت کە سیاسەت بووبێتە نەریتێکى کەمتازۆر عەقڵانى و مێژوویی و ڕیشەدار. ئەم سیفەتەى کۆتایی(واتە ڕیشەدار), وایکردووە چەمکى "خەڵک(people)" لێرەش زۆر ڕوون نەبێت. لەوەش زیاتر, پۆپۆلیزم زۆر ڕوون نەبێت و سەرەنجام ناچاربیت بە تۆپزى لە جێیەکدا سنورێکى چەمکایەتیی بۆ بکێشیت. کاتێک چەمکى هاوڵاتى بەجێگیرى هەبێت, ئەوا چەمکى خەڵکیش بەئاسانى وەرناگەڕێت بۆ پۆپۆلیزمێکى باهاوردە و پاشانیش بابردەڵە. مەبەستمان ئەوە نیە سیاسەت ڕیسکى تیا نەبێت, بەڵام ڕیسکیش لە چوارچێوەى هەلومەرجەکاندا ماناى جیاجیاى هەیە. سنورى خەڵک و پۆپۆلیزم تاڵەموویەکە, بگرە پێشوەخت لەناو یەکتردان, بەڵام کێشەى سیاسەت لە کۆمەڵگاکانى ئێمەدا ئەوەیە خۆیشى لەڕووى بەرهەمهێنانى چەمکى خەڵکەوە بابردەڵە و بێ‌ڕیشەیە.  

سیاسەت وەک جۆرە چالاکییەکى گشتى, ڕووى لە گشتینەى خەڵکە, هەتا گەر بێتو سەدا بیستى خەڵکەکەش بەشدار نەبن. ئەوانەى بەشدارنابن, لە فەزاکە نەکراونەتە دەرەوە, بەڵکو بە شێوەى تر کاریگەرى دەنوێنن و پێناسەى سیاسەت لە قۆناغێکدا دادەڕێژنەوە. بەڵام بەکارهێنانى خەڵک لە هەندێ جێدا, و بەهۆى پێچلێدانى خۆیانەوە, ئەگەرى هەیە پۆپۆلیزم بڕەخسێنێت. واتە هەوڵدان بۆ ڕامکردنى هەموو خەڵک, و هاوشوناسبوونى بێمەرج لەگەڵیاندا, زەمینە بۆ پۆپۆلیزم لە سیاقێکدا خۆشدەکات. پۆپۆلیزم یەکسان نیە بە هەموو خەڵک, بەڵکو میقاتکردنى ڕەهاى بکەرێکى سیاسییە لەگەڵ هەموو چرکەکانى خەڵکدا کە خۆى لەخۆیدا زۆر یەکانگیر نیە. بۆیە گەر لە دۆخێکى بابەتى و ستاندارددا بیر لە خەڵک بکەینەوە ئەوا خەڵک هێشتا ناوەڕۆکێکى زیاترى پێوەیە تا ئەوەى فۆرمالیزمێکى ڕووت و ڕاستەوخۆ بێت. پۆپۆلیزم لە ئاستێکى سەرەتاییدا, هەوڵدەدات چەمکى ناوەڕۆکدارى خەڵک بگۆڕێت بۆ فۆرمالیزمێکى پەتى. واتە هەموو ئەو ناواخنە ناکۆک و گرژانەش حەلبکات کە چەمکى خەڵک خۆى بە نەساز هێشتوویەتیەوە. خەڵک چەمکێکى کەمێک ئالودەترە, بێگەرد نیە, هێشتا شتێکى تیا دەمێنێت ببێتە پۆپۆلیزمى بێگەرد. خەڵک, هەمووى هى ئێمە نیە, هەتا گەر براوەى ڕەهاش بین نابێت پێمانوابێت خەڵک هەمووى هى ئێمەیە. خەڵک خۆى چەمکێکە لە گۆڕاندایە, خواستەکانى کەم و زیاد دەکات, بەر لەوەى ڕوو لە لایەنێکى سیاسى بکەن لەناو خۆیاندا کۆمەڵێک هەڤدژییان تیایە. خەڵک تەنیا ژمارەى ڕووت نیە, چەندێتى نیە, بەڵکو چۆنیەتییشە: دەکرێت بردنەوەى زۆرینە, کە هەڵکشانى ژمارەیە, سەربکێشێت بۆ پووکانەوەى براوەکە. پێموایە لاى ئێمە چەمکى خەڵک سەر بە ڕووبەرى نەفییە, واتە ماهیەتێکى نێگەتیڤانەى لەخۆگرتووە, شتێکى پۆزەتیڤ نیە بڵێین ئەوەتان لەوێ. بۆنمونە, بایکۆت, بەدیلى چەمکى خەڵکە. خەڵک ئەوانە نەبوون دەنگیاندا, بەڵکو ئەوانە بوون بایکۆتیانکرد. دیارە مەبەستەکە ئەوە نیە دانەبەدانەى بایکۆتکاران بژمێرین و بڵێین ئەمەیە خەڵک, بەڵکو ئەو هێزە نەفیکارەى وا هەڵبژاردنى ڕەتکردەوە شتێک لە وێنەى خەڵکمان پێ دەگەیەنێت. بایکۆت, شوێنى نیشتن و نیشتەجێبوونى خەڵکە, بەو مەرجەى ئەم پرۆسەیە گەشەى سرووشتیی خۆى ببڕێت و پێچەوانەبوونەوەى ناسرووشتى ڕوونەدات. بایکۆت, ئەو بۆشاییەیە کە چەمکى خەڵکى تیا دەڕسکێت. بایکۆت, ئەو نەفییەى ناو کۆى چەمکى خەڵکە کە لایداوە و پرۆسەیەک ڕەتدەکاتەوە. هاوکات ئەمە ماناى ئەوەش نیە کە ئەوەى دەنگیداوە, بەڕەهایی سەر بە چەمکى خەڵک نیە. بەڵکو باسەکەمان پشکنینى چەمکى خەڵکە لە واقیعێکدا کە زۆربەى چەمکەکانى گەشەى سرووشتییان نەبڕیوە. ئەوانەى بەشدارییانکردووە, هێزى چەمکایەتییان هێندەى ئەوانە نیە کە بایکۆتیانکردووە. چونکە بایکۆت, شتێک لە کاردانەوەى سرووشتیی تیایە بەڵام بەشدارییەکان ڕوون نیە چەندە سرووشتى بووە(وێڕاى هەموو ئەو دەنگۆیانەى لەسەر دەستکاریی ئەنجامەکان هەیە). هێزى چەمکایەتى, مەبەست لەو فاکت و میسداقانەیە کە دەچێتە سەر دیاردەیەک. بایکۆت پتر فاکتێکە لەسەر ئەوەى بیر لە خەڵک بکەینەوە نەک بەشدارى. پەیوەندیی بەشدارى و بایکۆت, پەیوەندییەکى گرژە: بەشدارى ئەو وێنەیە درووستدەکات کە هێشتاش هیوایەکى بەشەکى(جزئى) بە واقیعەکە هەیە, بەڵام بایکۆت سەر بەو وێنە گشتەکى(کلى)یەیە کە ڕەتکردنەوەیەک لەلایەن خەڵکەوە هەیە. بۆیە لێرەدا مەبەستمان تاکەکەتاکەى ئەو خەڵکە و ناسنامە و کارتەکانیان نیە کە بایکۆتیانکردووە, بەڵکو ئەو ڕووبەرە چەمکایەتییەیە وا کەوتوونەتەناوى و پێى‌دەڵێین بایکۆت. بەشداریکردن, سەربارى هەر جۆرە ئیجابییەتێکى لاوەکى, شتێک لە ماناکانى چەمکى "خەڵک"يش لاوازدەکات. لەم کەلتورانەدا تەنیا بە بارە نێگەتیڤەکەیدا دەتوانین وێنە و پێناسەى چەمکى خەڵک ببینین. واتە لەو جێیانەدا کە خەڵک هێزە نەفیکارەکەى خۆى دەردەخات و جۆرە دژیەکییەکى سیاسى درووستدەکات. بەڵام هێشتاش ئەوە جێى تێبینییە ئاخۆ ئەم بایکۆتە بێمەیلییە بەرامبەر بە کۆى ژیان یاخۆ زیزبوونێکى دەروونیی کاتییە. ئاخۆ تۆپیک و جێیەکى بۆشە و خەسڵەتى وەرنەگرتووە, یاخۆ تێکچوونێکى بونیادیی هەموو تۆپۆلۆژیا سیاسییەکەیە و بایکۆت نیە بە مانا بابەتى و ستانداردەکەى. واتە فەزاى درووستبوونى خەڵکە یان فەزاى دواکەوتن و لەبارچوونى چەمکى خەڵکە. گەر لەم گومانانە بگەڕێین ئەوا لە واتا بابەتییەکەیدا بایکۆت نەفیکارترین دەرکەوتەى چەمکى خەڵکە. دیارە ئەمە بۆ قۆناغێک تەواو ڕاست دەگەڕێت و دەشێت لە سەردەمانێکى تردا بەشدارى جێى بایکۆت بگرێتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ قەت دەگەینە سەردەمێکى ئاواهى؟

لە دۆخێکى وادا, ئاخۆ دەتوانین باسى پۆپۆلیزم بکەین؟ پێدەچێت بتوانین, بەڵام بە کۆمەڵێک مەرجەوە. ئەو لایەنانەى کە وێنایەکى تەواو ڕاستەوخۆ و سەرڕاستیان بۆ خەڵک هەیە, ڕوویان لە کۆى خەڵکە. ئەوان بەر لە هەڵبژاردن ڕوویان لە هەموو خەڵکە تێکڕا, چ ئەوانەى بەشداردەبن و چ ئەوانەشى ڕەنگە بەشدار نەبن. بۆیە هەر لایەنێک, جۆرە پۆپۆلیزمێکى پێشوەختەش دەکاتە دەسمایەى خۆى. پۆپۆلیزم لە سادەترین وێنەدا هەر ئەوەیە کە تەواوى خەڵک دەکەیتە بەردەنگى خۆت و دەیانگۆڕیتە سەر "بەرامبەر"ێکى نادیار و سەرەنجامیش پڕژاوەژاو. واتە هیچ نێوانگر(میدیۆم)ێکى ئایدیایی پێچەڵپێچ نامێنێت و مامەڵەکە بە ژمارە و ئەنجامەوەیە. ڕەنگە پۆپۆلیزم لە کوردستان جیا بێت لە پۆپۆلیزم لە ئەورووپا یان ئەمریکاى لاتین, بەڵام ڕیشەکانى پۆپۆلیزم زۆر نوێ نین و لە کرۆکدا لە "عەوامخەڵەتێنى"دا کۆتاییدێت. خەڵەتاندن بەو مانایە نا کە خەڵک هەروا سادە بە درۆیەک فریوبخۆن, بەڵکو بەو واتایەى کە بەرامبەر بە مانا سەپێنراوەکانى چەمکى "خەڵک" خۆى فریودەخۆن. واتە خەڵک لەڕێى خەڵک, لەڕێى چەمکى خەڵک خۆیەوە فریودەدرێت. فریوەکە درۆى ڕووت نیە, مرۆڤەکان هەروا سادە نین, بەڵکو ئەودەم فریودەدرێن کە خۆیان دەکرێن بە ناوەندگیرى خۆیان. خەڵەتاندن لەڕێگەى خۆت و شوناسى خۆتەوە, یەک لە سەرنجڕاکێشترین جۆرەکانى خەڵەتاندنە. پۆپۆلیزم گەر لاى ئێمە قوڕگى زوڵاڵ بووبێت, هەر لەم ڕێگەیەوە بووە. ویستوویەتى بە خەڵک بڵێت: ئێمە هیچ نین, بەس ئەوەتان بیردەخەینەوە ئێوە وەک خەڵک, شیاوى باشترن. بایکۆت بۆیە کەمێک لە سرووشتى خەڵکمان تێدەگەیەنێت, چونکە کشانەوەیەک لە ناوەڕۆکى چەمکى خەڵکدا ڕوودەدات و فریوەکە خاوتردەبێتەوە. دیارە هەموو سیاسییەکانى دونیا سەرەنجام ڕوویان لە خەڵکە و درووشمەکانیان بۆ وان دەڵێنەوە, بەڵام بە کۆمەڵێک چوارچێوە و پێوەرى جێگیر و سەلماندنى پێشوەختەوە. گەر لەمە بترازێت, ئەگەرەکانى پۆپۆلیزم گەشەدەکات. لە کوردستان هێشتا لە سەرەتاى ئەم دیاردەداین و ناوەڕۆکە چەمکایەتییەکەى پۆپۆلیزمیش بەتەواوى دەرنەکەوتووە, چونکە خاڵێکى هاوبەش لەنێوان بەشداران و بایکۆتکاراندا هەیە و دەبێتە خاڵى یەکتربڕینیان. مەبەستمان لەو نائومێدییە کە دەشێت کەسێک بەرەو بەشداریکردن ببات و کەسێکیش بەرەو بایکۆت. بۆیە پۆپۆلیزم تەنیا لە مەسەلەى ئاراستەکردن و ژمارە و بردنەوەدا نامێنێتەوە. نائومێدیە سیاسییەکە هێشتا لەسەر بنەماى کۆمەڵێک هەق و مافى بنەڕەتییە کە نەهاتوونەتەدى. بۆیەشە بایکۆت وەک پێشگریمانەیەکى سەر بە چەمکى خەڵک وەردەگرین تاکو جۆرە پشتتێکردنێکى ڕوون دەرهەق بە نائومێدییە سیاسییەکە ببینینەوە. نائومێدیی سیاسى و پەیوەندیی بە پۆپۆلیزمەوە لاى ئێمە, کەمێک جیاوازترە بەراورد بە پۆپۆلیزمى وڵاتێکى تر. هەر لێرەشدا پارادۆکسێک درووستدەبێت کە باسکردن و باسنەکردنیشى کێشەى خۆى هەیە, بەڵام زۆرجار لە نوسین و فیکردا باسکردن پێشى واقیع دەداتەوە و ناوەستێت. دیارە مەبەستم ئەو پارادۆکسەیە کە کاتێک مافە جێگیرەکان لەئارادا نەبن و بێین باسى کۆمەڵێک دیوى هەستیارى سیاسەتکردن بکەین وەک بەکارهێنانى زمان و دەربڕین و ئەتەکێتى سیاسى...

ئەو کەشە مەیلەو پۆپۆلیستییەى لاى ئێمە زاڵ بوو, مامەڵەیەکى عەوامانەش بوو بە زمانەوە. بۆنمونە لەجیاتیی ئەوەى سەرنجى خەڵک بەرەو ئاستێکى ترى بەکارهێنانى زمان ببات, خۆى بەئاسانى دابەزییە ناو زمانى شەقام و کۆڵان. دیارە مەسەلەکە ئەوە نیە سیاسەت لە شەقام دووربکەوێتەوە, بەڵام هەمیشە سنورێکى ڕەمزى لەنێوان زمانى شەقام و زمانى فەزاى گشتییدا هەیە هەیە. ئەوەى لەسەرجادە دەوترێت, هەمان ئەو شتەیە نیە بەبێ پاڵاوتن بخرێتە ناو میدیا و پانتایی گشتییەوە. کەسێک لە یەک کاتدا دەتوانێت لە کۆڵانێکدا جۆرێک بدوێت و کە چووە ناو سنورە ڕەسمییەکانى فەزاى گشتییەوە, ئەوا زمانى خۆى بگۆڕێت. هەرکات ئەم سنورە نەما, جۆرە پۆپۆلیزمێک دێتەئاراوە. پۆپۆلیزم زۆرجار هەڵگرتنى ئەم سنورە بەو ئاراستەیەدا دەقۆزێتەوە کە درەیبخات ئەو سادەیە و زیندووە, فەرقى خۆى و خەڵک ناکات, بەڵام ئەمە دیسان فریودانى خەڵکە لەڕێگەى خەڵکەوە. گەرنا ئێمە لە مێژوودا زۆر ئەزموونى سیاسییمان هەیە کە ڕووەو خەڵک قسەکراوە, بەبێ ئەوەى شوێنە چەپێنراوەکان و زمانە چەپێنراوەکانى کۆڵان بهێنرێتەوە بەردەم خەڵک. واتە سیاسەتمان هەبووە لە مێژووى مرۆڤدا, کە هاوکات بەوەى ڕووى لە خەڵک بووە, جۆرێک لە سانسۆر و شەرمى ڕەمزییشى بەرهەمهێناوەتەوە. پۆپۆلیزم, بەرهەمى ئەو ساتانەیە کە شەرمە ڕەمزییەکە دەبەزێنرێت. لەڕوویەکى تریشەوە کاتێک هاودەنگ و هاوڕەنگ بە گشتینەى خەڵک دەدوێیت و هەمان زمانى ڕووتەڵە بەکاردێنیت, ئەوا لە مانا بنەڕەتییەکانى "خەڵک" دورودەکەوینەوە و ڕوو لە پۆپۆلیزم دەکەین کە بەتەواوى یەکسان نیە بە خەڵک. پۆپۆلیزم, وەرگرتن و بەپێشگریمانەگرتنى ئەو ڕەهەندانەى چەمکى خەڵکە کە لە ساتێکى سیاسییدا نێوانگرە کەلتورییەکانى تیا دەکەوێت. کەلتور ئەو کاتەش کە بەر چرکەیەکى سیاسى دەکەوێت, کۆمەڵێک سەوابتى بنەڕەتیی هەیە کە بەهۆى نیشتنى زەمەنەوە درووستبووە و گەر بەشێکى بێکەڵک بێت, ئەوا بەشێکى بۆ بەردەوامبوونى ژیان پێویستە. کەلتور, ئەو ناوەندە ڕەمزییەیە کە بەهۆى زمانەوە, چەمکى ژیان بۆ "خەڵک" ئامادەدەکرێت. سیاسەت, لە کەلتور هەڵژەنراوە و هەرکات هەوڵبدرێت ئەم پەیوەندییە ڕەچاونەکرێت ئەوا پۆپۆلیزم دەپشکوێت- لانیکەم ئەگەرەکانى پۆپۆلیزم. ئەم زمانەى ساڵانى دوایی ئێمە کە ڕووەو کۆمەڵگا بەکاردەهێنرێت, وەرگرتنى حەرفییانەى عەقڵى باو(کۆمۆن سێنس)ـە تاکو هەژارییەکەى ناو هۆشیاریی خۆى بشارێتەوە. ئەو هەژارییەى وا هیچ ئاست و ئەتەکێتێکى سیاسیی نیە, بارگاوى نیە بە ڕاوێژ و ڕاوەستان, هیچ ڕۆژنامە و گۆڤار و پرۆژەیەکى فیکرییت نەبێت(لەوەش زیاتر بڕوات پێى نەبێت), سەرەنجامیش هیچ «هیچ»ێکى ڕیشەییت بەدەستەوە نەمێنێت تا خۆت لە عەقڵى باو جیابکەیتەوە. بەڵکو هەموو هەوڵەکە بۆ داپۆشینى ئەو سنورەى نێوان سیاسەت و عاممەى خەڵک بێت. ئەمەش گوناهى کەسێک و لایەنێک نیە, بەڵکو بۆ بێ‌ڕیشەییمان دەگەڕێتەوە لە سیاسەت و فیکر و یاسا و سەرەنجامیش نەبوونى پێناسەیەکى زۆر ڕووندا بۆ حەڵک. ئەوەى بۆ خەڵک بەکاردێت, پتر کارتێکردنێکى فیزیاییە, نەک کاریگەریی سیاسى بەو واتایەى کە ڕیشەیەکى لەبندا هەبێت. پۆپۆلیزم و بارە ئەخلاقییەکەى, بەشێوەیەکى سەیر پێکداچوون. زمان کە دەرهاویشتەى خەڵکە لە مانا سیاسى و ناسیاسییەکەشیدا, لاى ئێمە پتر لکاوە بە ئەخلاق و ڕەهەندە چەقیوەکانیەوە.