A+    A-
(1,103) جار خوێندراوەتەوە

 

هەردەم دواى هەڵبژاردن...

 

 

 

 

 

 

 

 

هەڵبژاردن لەبنەڕەتدا پرۆسەیەکە بۆ هەڵبژاردنی کەس یان گرووپەکان بۆ پلە و پێگە گشتییەکان، یاخود پەسەندکردن و ڕەتکردنەوەی پێشنیارە سیاسییەکان لەڕێی دەنگدانەوە. هەڵبژاردن دڵ و جەوهەری سیستەمی دیموکراسی پێکدەهێنێت. پاش مێژووییەک لە ڕەوایەتی ئیلاهی، ڕەوایەتی لەڕێی هێز و خۆسەپاندنەوە؛ زۆرینەی گەلان پرۆسەی هەڵبژاردن وەک پرۆسەیەک پەسەند دەکەن بۆ وەرگرتنی ڕەوایەتی و شەرعییەتی حوکم و بڕیارەکان. هەڵبژاردن ڕێگەیەکە بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک لە کایەی سیاسییدا؛ لێرەوە، جەماوەر ڕۆڵی ڕاستەوخۆ دەگێڕێ بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە سیاسی و ئابوورییەکان لەڕێی نوێنەرەکانییەوە. بەڵام ئایا چ لۆژیکێک لەپشت ویستی گشتییەوە کاردەکات، پێوەر و هەڵسەنگاندنەکان کامانەن وا دەکەن دەنگدەر کەسی شیاو هەڵبژێرێت یان بڕیاری شیاو بدات؟ مەگەر جەماوەر دەزانێت ڕاست و ناڕاست؟ ڕەوا و ناڕەوا لێک جودا بکاتەوە؟ ئایا ویستی زۆرینە هەمیشە لەگەڵ ڕاستی و چاکەخوازییدایە؟ ڕەنگە گەشبینتریین کەس بەم شتە، فەیلەسووفی فەرەنسی ژان ژاک ڕۆسۆ بێت، وەختێک پێی وایە: لە هەلومەرجی شیاودا، خواست و ویستی گشتی هەردەم ڕاستە و بەلای بەرژەوەندیی گشتییدا دەشکێتەوە. هەڵبژاردن چارەیەکی ناوەندییە تاوەکو هێز و گرووپ و ڕەوتە جیاوازەکان پێکەوە هەڵبکەن، چەشنە گرێبەستێکە لەپێناو پێکدانەدانی ئەم لایەنە جیاوازانە. هاوکات دەگوترێ دەنگدان و بەشداریی سیاسی، ڕۆڵی هەیە لە گەشەی تاکەکەسیی دەنگدەردا. چون هەڵبژاردن ڕێگەیەکە بۆ چارەی خۆنوسین و پیادەکردنی پرەنسیپی هاوڵاتیبوون. بەڵام بەلای ئەفلاتوونەوە، سیاسەت بەهرەیەکی تایبەت و دەستەبژێرییە، نەشیاوە بخرێتە بەردەستی زۆرینە و عەوام، ئەوە دانا و فەیلەسووفانن باشتر لە کاروباری دەسەڵات و بەڕێوەبردن تێدەگەن، باشتر بەرژەوەندییەکان دەخوێننەوە. لای ئەفلاتوون، هەوڵی بەشداریکردنی هەموان لە پرۆسەی بڕیاردان، هاوشێوەی سەندنەوەی کەشتییە لە کەشتیەوانە پسپۆڕەکان بۆ زۆرینەی سەرنشینە نەزانەکان، ئاکامی ئەمەش نقومبوونی کەشتی و سەرنشینانە.

بە چ پێوەرێک زۆرینە لەگەڵ ئازادی و فرەییدایە، لەو کۆمەڵگانەی لە نەتەوە و ڕەگەز و ئایینی جودا پێکهاتوون، زۆرینە دەشێت مافی کەمینە پێشێل بکات، بەدەگمەن نەتەوە و ئایینە باڵادەستەکان بڕوایان بە پێکەوەژیانی یەکسان و ئاشتییانەیە لەگەڵ هاوشانە کەمینەکاندا. هەر هێزێکی نەتەوەپەرست و توندڕەویی ئایینی دەتوانێ سۆزی خەڵک بجووڵێنێ و زۆرینە بباتەوە، ببێتە مەترسی بۆ سەر کەمینەکان. چونکە زۆرینە لەگەڵ حەقدا نین، بەڵکو زیاتر هاوشوناسدەبن لەگەڵ ئایدیاڵە نەتەوەیی و ئایینییەکانی خۆیاندا. خەڵک کارتێکراو و ئاراستەکراون، هەر کەس و هێزێکی پۆپۆلیست دەتوانێ ئاراستەی ویست و خواستی جەماوەر ئاراستە بکات. هەڵبژاردنی کەس و هێزەکان لەلایەن جەماوەرە، چەندێک لەسەر بنەمای سود و قازانجە فیعلییەکانە، یاخود زیادبوونی دەسکەوتەکان، واتە چەندێک ئەم کەس و هێزە گوزراشت لە ویستراوەکانیان دەکات؛ ئەوەندەش خەڵک لەگەڵ ئەو هێزانەن وا گوزارشت لە ڕق و کینەیان بەرامبەر گرووپ و لایەنە جیاوازەکان دەکەن، یاخود گوزارشت لە نەویستراوەکانی خەڵک دەکەن. ڕق و کینە و جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکان هەمیشە کەرەستەی کارای بانگەشەکانی هەڵبژاردن بوون، هەر لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن گوتارە توندە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان زیاتر تۆخدەبنەوە؛ ئەگەر نموونەی عێراق وەرگرین، هەر هێزێکی عەرەبی زیاتر بەرامبەر کورد و قەوارەی هەرێم توندبێت جەماوەری زیاتر دەباتەوە؛ گوتاری هێزە کوردییەکانیش بەشی زۆری لەسەر ململانێی نەتەوەیی وەستاوە؛ ئەم حاڵەتە لە ململانێی شیعە_سوننە ـدا زیاتر تۆخدەبێتەوە. چەشنێکی دی لەو هێزانەی بەتایبەت لە هەرێمدا زاڵن، گرووپی پۆپۆلیست و عەوامگەران، ئەمانە بەبێ ئەوەی بانگەشە بۆ کردنی هیچ شتێک بکەن، دەسکەوتیان نەکردنی شتەکانە (نەوتمان نەدزیوە، خاکمان نەفرۆشتووە، کەسمان نەکوشتووە)؛ ئەم هێزانە تەنها گوزارشتن لە ڕقی ڕووت و پەتی خەڵک بەرامبەر هێزەکانی دەسەڵات و هیچی تر، وەک دەگوترێ: قسەی دڵی جەماوەر دەکەن. واتە پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ بڕیاردان ترسە لە «ئەویتر» و هەڕەشەکانی بۆ سەر «خود»، هەڵبژاردنی گرووپی دڵخوازی خۆت هەوڵێکە بۆ پاراستنی خۆت و ژێردەستەکردنی ئەویتر، لەبری ئەوەی گوتارەکە چەترێکی گشتگیر بێت بۆ لەخۆگرتنی هەمووان. دروشمی بەناوبانگی «ترەمپ» و لایەنگرانی لە دوو هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشووی ئەمریکا بریتی بوو لە «ئەمریکا پێش هەموان»[1]، واتە «خۆم و گرووپەکەم، پێش هەموان»، ئەمەش وەک نارسیسزمێکی پاتۆلۆژی[2] لێکدرایەوە. ئەمریکا دووبارە پاشەکشەی کردەوە بەرەو سیاسەتی شوناس[3] و بەریەککەوتنی شوناسە جیاوازەکان. لەبری ئەوەی سیاسەتەکە بەرژەوەندییە گشتی و گەردوونییەکان ڕەچاوبکات، بەرەنگاربوونەوەی گەرمبوونی زەوی، پاراستنی ژینگە، ڕێگریی لە جەنگ و کوشتار، تەندروستی جیهانی و لەناوبردنی هەژاری و برسێتیی لە وڵاتانی جیهاندا. ئەوکات سیاسەت ئەمریکییە سپی‌پێستەکان و بەرژوەندییەکانی لەبەرچاودەگرت، ڕەش‌پێست و مەکسیکی و موسڵمان و شوناسە جیاوازەکانی دیکە لەژێر مەترسییدا بوون. بەڵام مەگەر خواستی هەر کەس و دەستە و گرووپێک وەها نییە؛ هەر ئەمەش سەرچاوەی ڕەشبینییە بەرامبەر ویستی چاکەخوازانەی خەڵک و جەماوەر. بەتایبەت وەختێک لە ڕۆژهەڵاتدا سیاسەتی شوناس هەمیشە باڵادەستبووە. تەنانەت هێزەکان بە شوناسە جیاوازەکاندا دەناسرێنەوە، نەوەک بە بەرنامە و ڕێبازە سیاسییەکانیان (هێزە شیعی و سوننی و کوردی تورکمانی و هتد.). زۆرجار ڕاستی دژە لەگەڵ خواستی زۆرینە، ئەگەر کاندیدەکان بانگەواز بۆ کرانەوە و ئازادییە تاکەکەسییەکان بکەن، ئاشکرایە زۆرینە دژی ئەم خواستە دەوەستنەوە؛ لەم حاڵەتەدا، دەبینین لەپێناو فرەییدا ناچاریین دژی زۆرینە و گوتاری زۆرینە بوەستینەوە. ئەوەی هەیە تەنها ستایشکردنی جەماوەر و نەفرینکردنی دەسەڵاتە، بەڵام ئەو گوتارەی لە هەناوی خەڵک و زۆرینەدا خۆی مەڵاسداوە زۆرجار ترسناکتر و داپڵۆسێنەرترە لە دەسەڵاتی فیعلیی [دەسەڵاتی حکومەت و کاربەدەستان]. ئەو گوتارەی لای هێز و کەسە ئۆپۆزیسیۆنەکان باڵادەستە، ئەوەیە جەماوەر ئازادیخواز و ژیاندۆستن، ئەوە دەسەڵات و هێزەکانی دەسەڵاتن سەرچاوەی نادادی و سەرکوتکاریین. بەڵام ناتوانین گریمانەی ئەوە بکەین، ماتەوزەیەک لە جەماوەردا هەیە بۆ کرانەوە و دادپەروەریی و و ئازادیی هەمەلایەنە، چونکە ئەو کەلتوورە زاڵەی بەرهەمی یاسا نەنوسراوەکانی زۆرینەیە ترسناک و داپڵۆسێنەرە بەرامبەر ئازادییە تاکەکەسییەکان و کرانەوەی کۆمەڵایەتی. مەترسییەکە ئەوەیە، زۆرینە خاوەنی عەقڵێکی شیکاریی ئەوتۆ نییە بۆ یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندییە گشتییە درێژخایەنەکان، ئەو بەرژەوەندییانەی بەرز و بڵندترن لە دەسکەوتە مادییە بچوک و نزمەکان [لە حاڵەتی ئێمەدا: مووچە و ئاو و کارەبا]. عەقڵییەتی ڕۆژهەڵاتی دژە بە بەهاکانی هاوڵاتیبوون، چەندەها کۆتوبەند خراوەتە پێش بڕیاری ئازادانە و تاکگەرایی، هەمان ئەو شتەی پێوەری ڕاستەقینەی هەڵبژاردنی دروستە لەنێو سیستەمی دیموکراسییدا. بۆیە دەبینین ئەوەی لە ڕۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامییدا هەیە، هەڵبژاردن ئەوەندەی میکانیزمی درێژەدان بووە بە دەسەڵات ئەوەندە میکانیزمی گۆڕینی نەبووە.

یەک لەو ڕەخنانەی لە دیموکراسیی نوێنەرایەتی، یان دیموکراسییەتی ناڕاستەوخۆ و پەرلەمانی دەگیرێت، ئەوەیە خەڵک بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان نییە لە بڕیارەکاندا، نوێنەرەکان ناتوانن فیتاوفیت گوزارشت لە خواست و ئارەزوی جەماوەر بکەن؛ گوایە لێرەدا بەشداریی جەماوەر بەشدارییەکی ناچالاکانەیە، یاخود «بەشدارییەکە بەبێ بەشداربوون». بەڵام وەختێک خەڵک ڕاستەوخۆ گوزارشت لەخۆی دەکات، لە حاڵەتی خۆپیشاندان و مانگرتن و ڕاپەڕینەکاندا، دەبینین هێشتاش جیاوازییەکە هێند گەورە نییە؛ دەشێت داواکاریی خۆپیشاندەران بێتەدی، بەڵام شتەکان بەبێ گۆڕانێکی ڕیشەیی دەگوزەرێن. ڕەنگە بابەتەکە ئەوە بێت خەڵک خۆیشی نەزانێت چی دەوێت. یەک لەو چەمکانە لە پرسی هەڵبژاردن ڕووبەڕووی دەبینەوە بریتییە لە «ڕەفتاری هەڵبژاردن» یان «ڕەفتاری دەنگدان»، ڕەفتاری هەڵبژاردن و دەنگدان بریتییە لە هۆکاری هاوسۆزبوونی دەنگدەر لەگەڵ کاندید یان بزووتنەوە و پارتەکاندا، ناسینەوەی ئەو فاکتانەیە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری دەنگدەران دەبێت. ئەو فاکتەرانە بەزۆریی بریتیین لە: ئایین، چین، ڕەگەز. فاکتەری ئایینی لە کۆی وڵاتانی جیهاندا هاوبەشە و ڕۆڵی هەیە لە یەکلاکردنەوەی هاوسۆزیی دەنگدەردا، ئەم ڕۆڵی فاکتەرە بە زیادەوە لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەتتر عێراقدا ڕوونتر دەردەکەوێت. فاکتەری چین، هاوسۆزبوونی چینە جیاوازەکانە لەگەڵ ئەو هێزانەی زیاتر گوزارشت لە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان دەکەن، بۆ نموونە، چینی کرێکار زیاتر ڕوو لەو کەس و هێزانە دەکات کە گوتاریان لە چەپەوە نزیکترە؛ یەکێک لەو خاڵانەی لە زۆرینەی کەمپینەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا و  وڵاتانی ئەوروپییدا قسەی لەسەر دەکرێت مەسەلەی باج و ژیانی چینی مامناوەندە، چونکە چینی مامناوەند زۆرینە و یەکلاکەرەوەن، هەر هێز و کاندیدێک خوازیارە سۆزی ئەم زۆرینەیە بەلای خۆیدا ڕاکێشێت؛ ڕەنگە ئەم فاکتەرە لای ئێمە کەمتر کاریگەر بێت، چون ئەو دابەشکارییە چینایەتییە هەم وەها ڕوون نییە هەم گوتاری پارتەکان ئەوەندە کۆنکرێتی نین. فاکتەری سێیەم ڕەگەزە، لەوێ ژن و هاوڕەگەزخوازان، بەزۆری لەگەڵ پارتە چەپەکانن دژ بە کۆنزەڤاتیڤەکان؛ دەتوانین بڵێین، ئەم فاکتەرەش ڕۆڵی نابەرچاو دەگێڕێت لە هەڵبژاردنەکانی ئێرەدا، چونکە گوتارە دژییەکەکان بەدەگمەن پرسی ڕەگەز و یەکسانیی جێندەری دەوروژێنن، تەنانەت لە حاڵەتی وروژاندنیدا لەلایەن هێز و کەسێکەوە، بە ئەگەری زۆر کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر ڕێژەی دەنگەکانی. لێرە لەپاڵ ئەم فاکتەرانەدا، فاکتەری کاریگەرتر هەن: فاکتەری ناوچەیی و جوگرافی، فاکتەری شار و گوند، فاکتەری خێڵ و عەشیرەت؛ هاوکات دەشێت هۆکارێکی سایکۆلۆژیی ئەم کەسە گرێبداتەوە بە گرووپ و هێزێکەوە، هۆکارێک بەبێ ئەوەی گوزارشت بێت لە بەرژەوەندییەکی فیعلی و بەرجەستە. یەک لە نموونەکان، شیکاریی ستراتیژییە، لەم مۆدێلەدا کەمتر پێشینە نەتەوەیی و ئایینیی و ناوچەییەکان زاڵن، دەنگدەر دەڕوانێتە بازاڕی هەڵبژاردن، کامە هێز و لایەن هەلومەرجە ئابووریی و بژێویی بەرەوپێش دەبات، ئەم چەشنە لە دەنگدەر زیاد لە هەمووان دەنگدەکانی بەگوێرەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەگۆڕێت، ئەمان زیاد لە هەمووان ڕەچاوی پرۆگرامی هەڵبژاردنی لایەنەکان دەکەن. بەڵام لای ئێمە لەبەرئەوەی پرۆگرامی گرووپ و لایەنەکان لە شتگەلی گشتی و پرۆپاگەندەی ناکۆنکرێتی پێکدێن، بۆیە ئەم چەشنە لە دەنگدەر کەمتر دەردەکەون؛ هێزەکانی ئێمە نایەنەوێت بەڵێنی کۆنکرێتی ببەخشن تاوەکو نەکەونە ژێر بەرپرسیارێتییەوە، هەڵهاتن لە بەڵێنی کۆنکرێتی دژوارترە تاوەکو دروشمی گشتی و ناوەڕۆک بەتاڵ [یەک لە بەڵێنەکانی سەرەتای بزووتنەوەی گۆڕان، بڕینەوەی مووچە بوو بۆ کابانی ماڵ، بە ئێستەشەوە بەدی نەهێنانی ئەم بەڵێنە دژی بەکاردێتەوە، چونکە بەڵێنێکی کۆنکرێتی و بەرجەستە بوو].

 لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردن بەجۆرێک بەدیلی جەنگ و کوشتارە لەپێناو دەسەڵاتدا، یان میکانیزمێکە بۆ چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی؛ کەچی لە ڕۆژهەڵات بانگەشەکان پڕن لە چەمکی سەر بە جەنگ: فیداکاری، دەنگدان بە خوێن و هتد. لێرەدا هەڵبژاردن هاوشێوەی جەنگی فیعلی میکانیزمی خاڵیکردنەوەی شەڕانگێزیمانە بەرامبەر بە یەکدی.

یەک لەو خاڵانەی دەربارەی هەڵبژاردن لە ڕۆژهەڵاتدا دێتە بەرباس، دووبارە سەرهەڵدانەوەی کێشەی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە. هەندێکجار ئەو بڕوایە زاڵدەبێت هەڵبژاردن لێرە وەک هەر میتۆد و کەرەستەیەکی ڕۆژئاوایی، وەختێک دێتە ڕۆژهەڵاتەوە وێنەیەکی کاریکاتۆری لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە نوسخەیەکی کۆمیدی. چونکە ئەم شتانە لە ژینگەی خۆیان هەڵکەنراون وەک لە ژینگەیەکی تەواو نەشیاو و جیاوازدا چێنراون، ئەم هەنگاوە زیاتر لە هاوردەکردن و گونجاندنی دەستکرد دەچێت تاوەکو گوزراشت بێت لە گەشەیەکی سروشتی گەل و نەتەوە ڕۆژهەڵاتییەکان، گەشەیەک لە ئاگایی ڕۆژهەڵاتییدا بە ئاراستەی دیموکراسی و پێکەوە هەڵکردن و یەکلاکردنەوەی ئاشتییانە. سەرباری ئەوەش، وەک گوتمان، هەلومەرجە ئابوورییەکان و دابەشبوونە چینایەتی و نەتەوەییەکان و بازاڕ و مەسەلەی تاک، لێرەوە و لەوێ جیاوازی گەورە لەخۆدەگرن. هەڵبژاردن بەزۆریی خواستی چینی ناوەندە بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕ، گونجاندنی هەل و دەرفەتی شیاو، پەرەپێدانی کواڵیتی کاڵاکان، مەسەلەی بژێویی و شێوازی ژیانی بەکاربەران؛ لێرەوە، دەگەینە ئەو بڕوایەی بەبێ چینێکی ناوەندی کارا و جووڵاو، هەڵبژاردن وەک میکانیزمێکی سەرکەوتووانە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە ئابوورییەکان و بەرژەوەندییە ڕاستەقینەکان شکستدەهێنێت.

یەکێک لەو حاڵەتە گرنگانەی لە هەڵبژارندا بەدی دەکرێت، مەسەلەی بایکۆتە. بایکۆت هەڵوێستێکی ناتوندوتیژ و مەبەستدارە، ناڕەزایەتییەکە بەرامبەر کۆی پرۆسەی سیاسی و گەمەی سیاسی لە وێنە گشتییەکەدا. خاڵی ئەرێنی لە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئێمەدا، ئەوەیە بایکۆت هەموو نەتەوە و ئایین و ڕەگەزە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە، هەڵوێستێکی هاوبەشی هەمووانە دژ بە هەموو هێزە بەشدارەکان. بەڵام وەک لە پێناسەی بایکۆتدا دەردەکەوێت، ئەم هەڵوێستە نیازمەند و مەبەستدارە، واتە هەڵوێستێکی ئاگاییانەیە و بایکۆتکاران بە ئاگاییەکی سیاسییەوە ئەم هەڵوێستە دەگرنەبەر، واتە پێشوەختە بڕوایان بە بەشداریی سیاسییە و ئەم هەڵوێستە ڕەنگدانەوەی بەشدارییە سیاسییەکەیانە. ڕەنگە کێشەکە ئەوە بێت لێرەدا زۆرینەی بایکۆتکاران، لەپشت هەڵوێستەکەیانەوە نیازێکی سیاسی و هۆشیارییەکی سیاسی نەوەستاوە، بەڵکو زۆرینەیەکی ناسیاسیین و باوەڕیان بە بەشداریی سیاسی نییە، بەکورتییەکەی پرسە سیاسییەکان بەلایانەوە پرسێکی ئەوتۆ نییە و هەڵوێستەکەیان تەنها گوزارشتە لە بێباکییەکی بەتاڵ و ڕووت.  

 

 

 

 

شێروان ئیبراهیم

 

 

 


[1] America first.

[2]  pathological narcissism.

[3] Identity politics.